"an independent online kurdish website

شەھید بوونی کاک ئەحمەد جاوید فەر ( کاک ھەژار)  وکۆمەڵێک  بیرەوەری تاڵی ھەرگیز لەبیر نەکراوم .
قەتم لە بیر ناچێ و ھەموو جارێک لە گەڵ یادی کاک ھەژار کۆمەڵێک بیرەوەری تاڵیتری ئاوێتەدار بەو رۆژەوە دەبنەوە میوانم و پێکەوە بۆ ئەو سەردەمە دەگەرێینەوە و باس لەو رۆژانە دەکەین .
داگیرکردنی وڵاتەکەم و بەتایبەت زێدی لەدایک بوونم کە تا پاییزی ساڵی ١٣٦٠ ھەتاوی مەکۆیی بەرزەفری ھەڵۆ تیژ باڵەکانی کوردستان بوو وshe_id12

دواتر بە ھێزی نامۆ و دڵ رەق و مرۆڤ کوژی کۆماری ئیسلامی وەک  سنی بە رەشەباوە ھاتوو ھەر قوژبن و سوچێکی ولاتەکەمی تەنیەوە و گەڕای  وەیشوومەی خستەوە  و ویستی دەماری کوردسان لە ریشەوە دەربێنێ لە بەژانترین بیرەوەری منداڵیمن ، لەگەڵ ئەوەشدا  کوا لە زێدی بەرزەفڕاندا داگیرکەر دەتوانێ بە ئاواتی ژەنگاوی خۆیی بگات ، بەڵام کۆمەڵێ خەمی بە ژانی بۆ بەجێ ھێشتووم و بەرۆژانە دەیانلاوێنمەوە  .
لە مێژووی  پڕ لە فیداکاری و قارەمانەتی کوردایەتی و لەگەڵ ھەر نسکۆ و سەرکەوتنێکدا ، ناوی بەرزە فڕانێک ئەدرەوشێتەوە کە بە فیداکردنی گیانی پاکیان بە رێبازی سەرفرازی و بەختەوەری کورد بوونە پەیجەی سەرکەوتن و بوون بە قوتابخانە و بوون بە مێژووی ھەرمان و نەتەوەکەیان بۆ ھەتا ھەتایە ناوی ئەوان وەک شۆرەسوارانی رێچکەی ژین ناو دەبا و ھزر و بیر و ئەندیشەیان بەرز دەنرخێنێ و بە گوێی منداڵانی دوارۆژدا  ئەداتەوە بۆ فێر بوونی ژیانی سەرفرازی  .
ئەگەرچی لە رێگەی خەباتی سەخت و دژواری گەلی کورد بۆ دەرباز بوون لە کۆیلەتی و ژێردەستی  زۆر مرۆڤی بەتوانا و خۆنەویست و ماندوو نەناس ، زۆر رێبەر و سەرکردە و کچ و کوری تازە پێگەیشتوو کە ھومێد و سەرمایەی دوارۆژی نەتەوە بوون گیانیان بەخت کرد و بە لەدەستدانیان بزووتنەوە ڕەواکەی گەلی کورد خەساری قورسی لە پەیکەری دراوە بەڵام جاریواش بووە ھاوکات لەگەڵ لەدەست دانی ئەوان کەسانێکیش راستەوخۆ چارەنووسیان بەیەکەوە بەستراوەتەوە بە بێ ئەوەی خۆیان لەی ئاگادار بن یان رۆڵیان گێرا بێ .
زۆر جار ماڵائاوایی سەرکردە قارەمانەکانی کورد وێرایی ئەوەی بۆ حیزب و نەتەوەی کورد  خەمێکی لە بیر نەکراون بەڵام جاری واش بووە کە بۆ کەسانێکی تایبەت خەمێکی جیاواز لە خەمە گشتیەکەش لە خۆ دەگرێ و  دەبێتە بەشێک لە ژیانی و لەگەل ھەر یادێکدا روخساری درەوشاوەیان خۆ دەخزێنتە ناو بیرەوەریەکانی .
یەکێک لەو سەرکردە قارەمانانەی گەلی کورد کە بە دڵ فڕاوانییەوە  گیانی بەخشی بە رێبازی سەرفرازی و ھاوکات رۆژی شەھید بوونەکەشی بۆ من وەبیر ھێنەرەوەی کۆمەڵێک بیەروەری تاڵی تایبەتی خۆم و بنەماڵەیین  ، شەھیدی فەرماندە شەھید کاک ئەحمەد جاویدفەڕە .
بە ناو و یادی شەھید کاک ھەژار کۆمەڵێک بیرەوەری زۆر تاڵ دێنەوە یادم کە ھەر کام لەو بیرەوەریانە پێویستیان بە ھێزی ئەفسانەیی ھەیە تا بتوانم خۆیان لەبەردا بگرم  و بە کورتی ئیشارە بە چەند دانەیان دەکەم . یەکەم شەھید بوونی کاک ئەحمەد جاوید فەر ( کاک ھەژار ) ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و فەرماندەی ھێزی شەھید پێشەوایە لە گوندەکەم ( بە شەری کەندەڵ ناسراوە )  و بیستنی ئەو ھەواڵە بۆ من کە پێشمەرگە رەمزی نەمری و پالەوانەتی بوو خۆی لە خۆیدا و بە تایبەت کە بە بنەماڵەش بەشمان لە شۆرشدا ھەبوو ، خەمێکی قورسی ھزری کوردانەم بوو .
یەکێکیتر لەو بیرەوەریە تاڵانە گیرانی رێگای گەرانەوەم بۆ ئاوایی و ئاوارە بوونی خۆم و دوو سەر مەر کەم( تەنیا ٦ ساڵ بووم و قوتابخانە داخرابوون و شوانی دوو سەر مەر بووم )  بوو بۆ ماوەی مانگێک لە کیو و کەژەکان و گوندی سیچیان و قایبەرد و بێ خەبەری لە کەس و کار و سەرئەنجام لە زمانی دایکی کاک سەید ئیبراھیم ھاشمییەوە گوێم لێ بوو کە وتی براکەی ئەم کورەیە شەھید بووە و منیش دەستم کردە گریان وبە گریانەوە بە بەرێزیانم  گوت کە پێشمەرگە شەھید نابێ  . لەو کاتەدا باوک و دایکم چووبوونە سلێمانی بۆ سەردانی ماڵی پوورم ( ماڵی حاجی شێخ رئووفی سیرە کە مێردی خوشکی باوکمە ) و دایکیشم لەو کاتەدا بە بێ رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران نەدەژیا و بەتایبەت لەو سەردەمەدا کە شەر لە ھەژدەدۆلانی زەرواو و دەور و بەر گەرم بوو و دوژمن وردە وردە دەستی بە سەر ناوچە ئازادکراوەکاندا دەگرت و ئێوارەیەک گوێچکەی بە دەنگی رادیۆ دەنگی کوردستانەوە دەگرێ و لە ھەواڵەکاندا ، ھەواڵی شەھید بوونی جگەر گۆشەکەی دەبیسێ و سەردان و دیدەنی پاش جەندین ساڵەیان لێ  دەبێتە شین و گریان و لە سنگ وبەرۆکدا و گێرانەوەی ئەو دیمەنە بۆ ئێمە منداڵەکان  بۆتە مێژوویەکی تاڵ و بەتایبەت کە پاش ماوەیەکی دوور و درێژ من لەو ھەواڵە ئاگادار کرام  .

hejar_alyar

بەراستی نامھەوێ زۆر درێژی کەمەوە و ئامانجم لەم نووسینە
ھەم بۆ دامڕکانەوەی خەمەکانم لە دوورە وڵاتی و ھەم گێرانەوەی بیرەوەریەکی خۆش لە شەھید رەحمانی برام بوو کە زۆر جار بیری لێ دەکەمەوە و دەلێم ئەگەر تاکی کورد و لاوی کورد بەو جۆرە لە ھەست و کەوتەکانی رۆژانەی خۆیی بروانێ بە دڵنیایەوە کۆمەڵگاکەمان لە زۆر کێشە و گیر و گرفت بەدوور دەبێ ، بەڵام بەر لە ھەر شتێک  لە بەرانبەر قەڵافەتی بەرزی شەھیدانی کوردستان بە گشی و شەھیدی ھەرگیز نەمر کاک ئەحمەد جاوید فەڕ ( کاک ھەژار )  و ھەردوو برای شەھیدم رەحمان و حامید سەری کڕنۆش دادەنوێنم و یادیان بەرز دەنرخێنم .

ھەموو بەرێزان دەزانن کە لە زۆربەی دێھاتەکان ، ئاوداشتنی مووچە و مەزرا بە نۆبەیە و بە تایبەت لە دێھاتە گەورەکان . بەھارانیش تا رۆژگارێکی دیاریکراو بەفر و باران دەبرێتەوە ئاوی ئاویاری نابێتە نۆبە و پەی دەڵێن نۆبە ئازادە ، لەو حاڵەتەشدا ھەر کەس ئێوارە توانی ئەستێرە ئاو بگرێتەوە تا بۆ بەیانی پڕ ئاو بێ ، ئەوا نۆبەکە دەبێتە ھی ئەو ” لە نۆبە ئازاد دا ”
ئێوارە رۆژێکی بەھار ، باوکم دەچێتە ئەستێرە ئاو دەگرێتەوە و بەیانی لەگەڵ مەلا بانگداندا دەجیت ئەستێرە ئاوەی مەرەخەس کا ، بەڵام کابرایەکیتری ھاو تەمەنی خۆی کە پەی دەڵێن حاجی عەبدولای سۆفی سەعید دەبینێ لە سەر ئەسێرە ئاوە ڕاوەستاوە و ئیتر لەوێ لێیان دەبێتە شەر . شەھید رەحمانی برام ( شەھید رەحمان لە ١٦-٠٣-١٣٦٠ و لە ئاکامی ھێرشی داگیرکەران لە بانەوە بەرەو سەردەشت و لە گوندی یاکووباوا بە تۆپی دوژمنانی جەنایکار شەھید بوو و کاک ھەژاریش ھەر ئەو رۆژە و لەدوورەوە بە قەناسە و لە نیوان ئاواییەکانی زەرواو و یاکووباوادا شەھید بوو ) کە بە تەمای یارمەتیدانی باوکم دەچێت بۆ سەر ئەستێرە ئاوەکە . دەبینێ وا باوکم و حاجی پەلاماری یەکیان داوە و شەریانە. ئیتر کاکم سێ و دووی لێناکا و دەچێتە ھەردووکیان دەخاتە ناو ئەستێرە ئاوەکەوە و پێیان دەلێ کە ئێوە بە قسە ھەردووکتان حاجی چۆن دەبێ شەر بکەن و پاش ئەوەی کەمێک بەسەریاندا دێت ، وازیان لێ دێنێ و ئەوانیش کۆتاییان بە شەرەکەیان دێنن و ئاشت دەبنەوە . دواتر ئەو باسە لە ئاواییدا دەنگی دایەوە کە جێگەی پەسندی خەڵک بوو و بە تایبەت توانی لەو سەردەمەدا بەبێتە دەرسێک بۆ خۆ دوور گرتنی لاوان لە ھەستی کوێر کوێرانە و عەشیرەتی و بە تایبەتیش کە لەگەڵ ماڵی سۆفی عەبدوڵادا دۆستایەتیمان دوای ئەوە زۆر بەھێز بوو . ھەڵبەت ھەر لە راستیشدا حاچی عەبدوڵا مرۆڤێکی پاک و سادق و بێ غەل و غەش بوو بەڵام زۆر جار لە ئاواییەکاندا ئەو جۆرە شتانە روو ئەدەن کە بە داخەوە رووداوی دڵتەزێنیشی جاریوایە لێ دەکەوێتەوە .
نەمری بۆ شەھیدانی سەربەرزی گەلی کورد
رەشید زەرواوی 

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی