"an independent online kurdish website

لەمێژە لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزبی ئێمە دا ئەو قسەیە جێ کەوتوە کە دەڵێین تەشکیلات چەکی هەرە گرینگی ئێمەیە. دەشزانین کە تەشکیلاتی حیزب لە ئینسانان ، لە لایەنگران و ئەندامان و کادرەکان و تێکۆشەران و ڕێبەرانی حیزب پێکهاتوە.

بەڕاستی ئێستا دەورانێکە کە دەکرێ ئەو مەفهومە تەشکیلاتی و حیزبیە بەرینتر کەینەوە و بڵێین تەشکیلات و ڕێتۆریکێکی هاوچەرخ و کاریگەر، گرینگترین ئامڕازی ئێمەن لە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی حیزب و گەلەکەماندا.

بەڵام دەزانین کە کارکرد و هەڵسووڕانی چەرخەکانی ماشێنی تەشکیلات و ریتۆریکی حیزبی ئێمە، بەستراوەتەوە بە ڕادەی کارایی و ئیفێکتیڤ بوونی کادر و ئەندامانی حیزب. دوکتۆر قاسملووی نەمر دەڵێ ئێمە ئەگەر پووڵمان نەبێت دەتوانین داوای یارمەتی یا قەرز لە حیزبە دۆست و براکانمان بکەین و گیرووگرفتە ماڵیەکانی خۆمان لەوڕێگایەوە چارەسەرکەین. ئەگەر چەکیشمان بوێ، هەرئاوا دەتوانین داوای چەک و چۆڵی پێویست لە دۆستەکانمان بکەین. بەڵام کادر و تێکۆشەری حیزبی ناتوانین لە جێگای دیکە بێنین و هەردەبێت لە نێوخۆمان، لە نێو ئەندامانی خۆمان و لە نێو میللەتی خۆماندا درووست بن و

پەروەردەبکرێن و پێبگەن.

بۆیە دەبێ بڵێین کە ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب گەورەترین و بەنرخترین و پڕبایەخترین سەرمایەی حیزبن . لەهەر پڕۆژەیەکی گەورە و سترایتژیکیش دا، سەرمایە ڕۆلی ئەسڵی دەبینێ و بە بێ ئەو، فاکتۆرەکانی دیکە کارناکەن یا ئەگەر بۆ ماوەیەک کاریش بکەن، لاوازن و دواتر لە لاق دەکەون.

کەواتە سەرمایە دەبێت ئامانەتی لێ بکرێ و بپارێزرێ و پەرەی پێبدرێ و وەبەربهێنرێ. سەرمایە دەبێ گەشەبکا و هەڵبدا و زیاد بکا بۆ ئەوەی بتوانێ خێر بداتەوە و ئاوەدانی و خێر و بەرەکەت لە گەڵ خۆی بێنێ.

مەبەست لەو قسانە ئەوەیە کە حیزب دەبێت سەرمایە ئینسانیەکانی خۆی بپارێزێ و لە پرۆسەی کاری حیزبی و تەشکیلاتید،ا گەشەیان پێبدا و ، لە پەروەردەکردن و خەمڵاندنی کەسایەتیی حیزبی و تەشکیلاتیی تێکۆشەرانی خۆی غافڵ نەبێت. ئەوەش بە میتۆد و شێوەی جۆراوجۆر دەکرێ . یەکێک لەو میتۆدانە بریتیە لە فێرکردن و بارهێنان، مەشق پێکردن و ڕاهێنانی سیاسیی لە پرۆسەی بردنە پێشی کارووباری ڕۆژانەی حیزبدا، بە جۆرێک کە ئەو پەڕی مەیدانی موشارەکەت participation) ) و بەشداری و شوێندانان لە سەر کار و تێکۆشانی حیزب، لە چوارچێوەی تەشکیلات و پرنسیپە ڕێکخراوەیەکاندا، بۆ تێکۆشەرانی حیزب دابین بکرێ.

هەر ئەندامێکی حیزب لە شوێنی کار و ژیانی خۆیدا، لە شوێنی ژیان و تیکۆشانی خۆیدا، بە پێی توانا و لێوەشاوەیی یەکانی، بە گوێرەی ئەو مایەی لە خۆی و لە وجودی خۆی و لە کات و گیرفانی خۆی بۆ کاری حیزبی دای دەنێ و بە پێی تەئسیری کار و خزمەتەکەی لەسەر چوونە پێشی تێکۆشانی حیزب، پێویستە مەیدانی گەشە و خەمڵینی بۆ دابین بکرێ و پشتیوانیی تەشکیلاتی و حیزبی لێ بکرێ. بەتایبەت کەسانێک کە بەرپرسایەتی بردنە پێشی کاروباری حیزبیان بە ئەستۆوەیە، پێویستە تەشکیلاتی حیزب وەک گلێنەی چاو ئامانەتی یان لێ بکا. ئەو مەسەلە هێندە گرینگە پێشەوای موعەزەم لە وەسیەتنامەکەیدا بە

تووندی پێی لە سەر دادەگرێ.

ئەگەر ئەوە نەبێت، مۆتیڤاشۆن motivaition)) یا ئەنگیزە واتە هێزی پاڵنەر و قووەی موحەریکە، بۆ کار و خزمەت و شان وەبەردان نامێنێ و، ئەوەش ئاکامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە.

بەهێند گرتنی سەرمایە ئینسانیەکان و پەرەپێدان و گەشەپێدانیان، تایبەتمەندیەکی بەرچاوی هەر کولتوور و فەرهەنگێکی دێموکڕاتیکە. ئەوە کە ئەندامانی حیزب پەروەردە کەین و ئاستی زانست و زانیاریان بەرینەسەر، هەروەک لە ئەساسنامەی حیزبیشدا هاتوە، بایەخێکی زۆر گرنگی هەیە.

 

بەڵام مەسەلەکە هەر بەوە تەواو نابێ و ئەوە تەنیا لایەنێکی قەزیەکەیە. زاراوەی ئەندام یا کادر یا تێکۆشەری حیزب، هەرمەفهوومی تەشکیلاتی و حیزبی نیە . ئاخر ئەندامی حیزب لە پێش هەر شتێکدا ئینسانە. واتە پەرەپێدان و گەشەپێدانی ئەندامانی حیزب هەر گەشەکردنی تەشکیلاتی و حیزبی ناگرێتەوە، بەڵکوو پەرەسەندنی لایەنە جۆراو جۆرەکانی کەسایەتیی ئینسانیی هەر یەکێک لە ئێمە دەگرێتەوە.

تەشکیلات دەبێت قوتابخانەی درووستکردنی ئێمە بێت و درووستمان کات و بمانخەمڵێنێ. جوانمان بکات، بمانخاتە بەردڵان، هەستە ئینسانی و بایەخە بەرزە ئینسانیەکانمان تێدا بچێنێ و وەخەبەریان بێنێ. ئاوێنەیەک بێت ، خۆمانی تێدا ببینین و بە ڕاوەستان لە بەرانبەریدا، کەمووکوڕیەکانمان دەرکەون و یارمەتیمان بدا بۆ خۆ جوان کردن. ئاخر ئێمە لە ئاسمان ڕا نەهاتووینەتە نێو حیزب. هەموومان لە کۆمەڵگای دواکەوتووی کوردستان ڕا هاتووینە نێو حیزب. بەم جۆرە منی ئەندامی حیزب، ئەو نەخۆشیە ڕەفتاری و ڕووحی و کۆمەڵایەتیانەی لە نێو کۆمەڵدا هەن، لە گەڵ خۆم کەم و زۆر هێناومن بۆ

نێو حیزب. بەڵام لەسەر یەک هەستی خەباتگێڕانە، عەداڵەت خوازانە ، ئازادیخوازانە و کوردایەتی هەوێنێکی هێندە بە هێزە، دەتوانێ سەر لەنوێ دامانڕێژێتەوە و لە قالبمان داتەوە . یەکێک لە فەلسەفەکانی هەبوونی دیسپلینی حیزبی هەر ئەوەیە. ئینسانی خەباتگێڕ بەڕاستیی ئینسانترە. هەر ئەو هەستە ئینسانیەشە کە هانی دەدات ژیانی بۆ ئازادی و سەعادەتی میللەتەکەی تەرخان بکات.

ئەو ژینگەیە((Environent ئەو کۆمەڵگایە، ئەو حیزب و تەشکیلاتە کە( ئینسانی تێدا دەژی و ئنسان کاری تێدادەکا، یا تێیدا گەورەدەبێ، شوێنەواری ڕاستەوخۆی لە سەر درووست بوونی کەسایەتی ئینسانەکە هەیە. تا ئەو کۆمەڵگایە ئینسانی تر بێت، ئینسانەکانی نێوێ ئینسان ترن. مارکس دەڵی ئینسان زادەی ژینگەیە. لەوەش زیاتر ڤیگۆتسکی و پێداگۆگە گەورەکانی دیکە هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو شەبەکە و نێتوێڕکەی کە ئینسانی تێدایە، شوێنەواری ڕاستەوخۆی لە سەر ئینسانەکە هەیەو ئینسانەکە درووست دەکا. زۆر جار کە دەچینە نێو شار و میترۆ دەگرین، وێنەیەک سەرنجمان ڕادەکێشێ و دەمانخاتە دونیای بیرکردنەوە. وینەی ژنێکی جوان و باڵابەرزی دەم بە بزەی دووگیان واتە زگپڕە کە لە نێو واگۆنەکاندا هەڵواسراوەو لە ژێری نوسراوە ئەو منداڵە دێتە کام ژینگە؟ لە ڕاستیدا ئەوە ژینگەیە کە دەتوانێ هەلومەرجی گەشەو و پەرەسەندنی ئەو ئینسانە دابین بکا یا وەزعێکی بۆ بخوڵقێنێ کە تووشی کەند و کۆسپ و ناهەمواری بێت و لە رێگای ئاسایی گەشەی خۆی لای دا.

لە عیلمی پزشکی و تەبابەتدا دەڵێن ئینسانی ساخ و تەندرووست ئەو کەسەیە کە لە گەڵ ژینگە و شوێنی ژیانی خۆی لە هاڕمۆنی واتە هاوئاهەنگی دایە. نەخۆشیش کە سێکە کە ژینگەی دەورووبەری لە گەڵ ئەو لە هاڕمۆنی دانیە یا ئەو لە گەڵ ژینگەی دەورووبەری لە هاوئاهەنگی دانیە. کەواتە ژینگەیەکی تەشکیلاتی و حیزبی کە لە سەر بناخەی هومانیزم و ئینسانیەت و فەرهەنگێکی دێموكراتیک و بایەخە بەرزەکانی بەشەریەتی پێشکەوتوو دامەزرابێ، دەبێتە قوتابخانەی درووستبوون و هەڵدان و خەمڵێنی کەسایەتیی ئینسانیی ئەو ئینسانانەی کە لە نێویدا دەژین و کار دەکەن.

حیزب وەختێک گەشەدەکا و هەڵدەدا و پەرە دەگرێ کە تێکۆشەرەکانی لەحیزبدا و لە کۆمەڵدا گەشە بکەن و لە جیاتی ئەوە کە هەر سیمایەکی حیزبی و تەشکیلاتی بن، ببنە سیمایەکی میللیی، نیشتیمانی و نەتەوەیی. خۆ لە خۆڕانیە حیزبی ئێمە شانازی بە پێشەوا و قاسملوو و شەڕەفکەندی و دەیان و سەدان و هەزاران شەهیدی دیکەی نێو ڕیزەکانی ڕێبەرایەتی و تەشکیلاتی خۆیەوە دەکا. خۆ ئەوانیش حیزبی و تەشکیلاتی بوون، ئەدی چۆن بوو بوونە کەسانێک کە ئەوەتا نەک حیزب ، بەڵکوو کوردستان و تەنانەت بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێرانیش بە هی خۆیان دەزانێ و شانازیان پێوە دەکا؟

 

کەواتە ئەوە کە ئەندامی حیزب نەک هەر وەک ئەندام و کادری حیزبی، بەڵکوو وەک ئێنسانێک بە هەموو تایبەتمەندی و پێداویستیە ئینسانیەکانیەوە تەماشاکەین و ژینگەیەکی سالم و سرووشتیی بۆ کار و تێکۆشان و هەڵدان و گەشەکردنی درووستکەین ، ئەرکی هەمیشەیی مودیریەتی تەشکیلاتی ئێمەیە.

لە لایەکی دیکەشەوە حیزب و تەشکیلات ئەندامی حیزبیان بۆ ویترینێ ناوێ. ئەندام و تێکۆشەری حیزب بەرامبەر حیزب ئەرکی لەسەر شانە، پێویستە کار و ئەرکە حیزبیەکانی ڕاپەڕێنێ، ئاخر ئەو تەعەهودی حیزبی و تەشکیلاتی هەیە. وەک لە سەرێ باسمانکرد، ئەوە خزمەت و تێکۆشان و مایە لە خۆ دانان و کار و زەحمەت و ماندووبوون و موشاڕەکەت و چالاكی و کارە کە لە حیزب و تەشکیلاتدا ، دەبێتە بناخەی گەشەکردن و چوونە پێش. لە غەیری ئەوەدا ئەو ناهاوئاهەنگیە لە نێوان ژینگە و ئینسانەکەدا واتە ئەو دیسهاڕمۆنیە( (disharmony درووست دەبێ لە ژینگە کەدا و، دەبێتە سەرچاوەی نەخۆشی جۆراوجۆر.

لە حیزبی مەدا کەس جێگای کەس نا گرێتەوە. ئەسڵ ئەوەیە کە هەرکەس بە گویرەی زەحمەت و ماندووبوون و مایە لەخۆدانان و مەسئوولیەت قبووڵکردن و موشارەکەت و تەئسیرێک کە لەسەر چوونە پێشی تێکۆشانی حیزب هەیەتی، شوێنی خۆی لە حیزب و تەشکیلاتدا بکاتەوە. واتە لە تەشکیلاتی ئێمەدا کەس جێگای کەس ناگرێتەوە ، بەڵکوو هەرکەس تێدەکۆشێ لە رێگای خزمەت بە حیزب و ئامانجەکانی حیزب و گەلەوە، جێی خۆی بکاتەوە. هەر بۆیە ئەوانەی کار و زەحمەت لەو حیزبەدا دەکێشن و مایە لە خۆیان دادەنێن، بۆ هاتا هەتایە جێگای خۆیان هەیە و دوای نەمانیشیان ، زەحمەت و ماندووبوون و فیداکاریەکانیان دەبنە سەرمەشقی ئیلهام بۆ نەوە تازەکانی حیزب و گەل.

لایەنێکی دیکەی پەرەسەندن و گەشەکردنی ئەندام و تێکۆشەری حیزب ، ئەوەیە کە تێبکۆشێ لە تەشکیلات و حیزب و بزووتنەوەیەکدا کە حیزب بەشداری تێدا دەکا، خۆی سۆسیالیسێرە واتە بەکۆمەڵایەتی بکا. مەبەست لە سۆسیالیسێرە بوون لە حیزبدا ئەوەیە کە تێکۆشەری حیزب تێبکۆشی خۆی لە حیزبدا ببینێ نەک بە پێچەوەانەوە. ڕەنگ و ڕوو و سیمای تێکۆشەری حیزبی هەبێت. لە خەت و ریبازی سیاسیی حیزب دابێ و دیفاعیان لێبکا. ویکیپێدیا زۆر جوان مانا و مەفهومی سۆسیالیسێرە بوونی شیکردۆتەوە.

 بە کۆمەڵایەتی بوون ئەو پڕۆسەیەیە کە مرۆڤ تێیدا لەو نۆڕم و بایەخ و کودە کۆمەڵایەتیانەدا فۆڕم دەگرێ، کە لەو کۆمەڵگایەدا باون کە ئەو کار و ژیانیان لە گەڵ کەسانی دیکەدا، تێ دا دەکا.

 کەواتە مەبەست لە سۆسیالیسێرە بوون لە تەشکیلات و حیزب دا ئەوەیە کەئەندامی حیزب سیمای دێموکڕاتی هەبێت. یانی ئەندامی حیزب خۆی لەو بایەخ، نرخ، پرنسیپ، نۆڕم ، پێوانە و ڕێوشوێنانە دا فۆرم یا شکڵ پێ بدا کە حیزبیان پێ دەناسرێتەوە و بە تایبەتمەندیی حیزب ناسراون. ئاخر شیعە بەبێ بەردەمۆر و نەجەف و کەربەلاو حەسەن و حوسێن و تاسوعاو عاشورا و مەهدی و ئیمام رەزا…. شیعە نیە. واتە ئەندامی حیزب دەبێ شانازی بە ئەندامەتی خۆی لە حیزبدا بکا و سیمای دێموکڕاتی هەبێ و لە هەڵسوکەوت و ڕەفتار و کردەوەدا لە گەڵ خوشک و برا حیزبیەکانی وەک بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ده‌لی

، بە گیانێکی برایانە بجوڵێتەوە. دڵسۆزی بۆ حیزب زۆر گرینگە، بەڵام دەبێت لە حیزبدا بۆ ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبیش دڵسۆزبین. حیزبمان دەبێ خۆشبوێ، بەڵام ئەوەش گرینگە کە تێکۆشەرانی حیزبیشما ن خۆشبوێن. ئەوانە پێکەوە بەستراون. تەواوکەری یەکترن. دوولایەنی یەک مەسەلەن و دوو ڕووی یەک سککەن. ئەوە جۆرێک نە خۆشیە کە تووشی وەهمی ئەوە بین کە پێمان وابێ جگە لە خۆمان کەسی تر دڵسۆزی حیزب نیە. ئەو حیزبە ئی هەموو ئەو کەسانەیە کار و زەحمەتی تێدا دەکێشن و مایەی تێدا دادەنێن. هێ هە موو ئەو میللەتەیە.

سۆسیالیسێرە بوون لە حیزبدا ئەوەشە کە فەرهەنگ و کولتووری حیزب و ئەدەبیاتی حیزب، ببێتە فەرهەنگ و کولتووری ئەندامی حیزب. ئەوەی کە لە پێداگۆگیدا پێی دەڵێن ناسنامە .(Identity)

حیزبی دێموکڕات هەندێک داب و نەریت و ڕیتواڵ و سیمبۆل و شوێن و کەس و جێگا و هەندێک بڕگەی زەمانی و مێژوویی هەن کە بوونەتە بەشێکی جیانەکراوەی هەویەت و فەرهەنگ و کولتوری حیزب و مان و مەوجودیەت ئەو حیزبە یان لەسەر وەستاوە.

٢٥ گەلاوێژ، ٢ی ڕێبەندان، چوارچرا، ١٠ی خاکەلێوە، کۆنگرەکانی حیزب، پێشەوا و شەهیدانی کۆمار، ڕاپەرێنی جوتیارانی موکریان، جوڵانەوەی ٤٦ و ٤٧، شەڕی سێمانگە، مانگی دیفاع لە ئازادی، سەدان و هەزاران شەڕ و عەمەلیاتی حەمماسی و قارەمانانە لەشەڕو بەربەرکانی لە گەڵ کۆنەپەرستیدا، بە هەزاران شەهیدی سەربەرز و کاروانی شەهیدانی حیزب، بە هەزاران زیندانیی سیاسی و ئیعدام و دونیایەک لە بەربەرەکانی و خۆڕاگریی ئەندامانی حیزب لە زیندانەکاندا، دەیان هەزار دایک و باوکی شەهید و منداڵە شەهید، بە هەزاران کەم ئەندام و بریندار، بە سەدان هەزار لایەنگر، جگە لەوانە ده‌نگی کوردستانی ئێران، ڕۆژنامەی کوردستان، بێستوون، ئاربابا، ئاگری، شاهۆ، قەندیل، بەیان، زرێبار، ئاژوان، هەوشار، سەرشاخان، گەڵاڵە، قەندیل، وییەن، پاریس، میکۆنووس، تیشک، ئەحمەد تۆفیق، تێکۆشەر، دووکتۆر قاسملوو، شەڕەفکەندی، کۆیە، قەڵا و هەزاران شوێن و کەس و تاریخ و ناو و شار و شاخ و مەزراو و ئەشکەوت و دارستان و چۆم و ڕووبار و مووچەو مەزراو گۆڕ و گۆڕستان و . زیندانی وەک قزڵقەڵعە، قەسری قەجەر، ورمێ، ئەوین، دیزڵئاباد.

فرمێسکی دایکە شەهید و منداڵە شەهیدو …. تێکەڵاوی خوێن و گۆشتی ئەو حیزبە بوونە و موڵکی هەموو میللەتی کوردن و بوونەتە بەشێک لە مێژوو و وجودی حیزب و لێی جیانابنەوە. چۆن ئەفریقایی و دانس و مۆسیقا و ڕیتمی شاد لێکتر جیاناکرێنەوە، هەر ئاواش ئەو شتانە، ئەو ناو و کەس و تاریخ و هتد….. لە حیزب جیاناکرێنەوە و مەوجودیەتی حیزبیان پێوە بەستراوە و سەروەت و سامانی مەعنەوی و سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی حیزب و گەلن.

کەواتە زۆر گرینگە ئەندامی حیزب و تێکۆشەری حیزب خۆی وەبەر لووساوکی ئەو شانازیانە و ئەوکولتوورە بدا. لەو کانیە بخواتەوە. ئاخر موسوڵمان دەبێ شادەی بێنێ، بچێتە حەج، نوێژێ بکا، زەکات بدا، قیبلەی هەبێ، سەردانی مزگەوتێ بکا، قورئان و حەدیسان بخوێنێتەوە، دەستنوێژی هەڵگرێ و بەرماڵی هەبێ و مەککە و مەدینەو …. بۆ گرینگ بن.

خۆ خستنە بەر بارانی فەرهەنگ و کولتوور و ئەدەبیاتی حیزب، کەسایەتی حیزبی و تەشکیلاتی و خەباتگێڕانەمان مشت و ماڵ دەدا و پەرەمان پێدەدا. ئەوە ئەو خاکەیە کە هەل و مەرجی ڕوان و شین بوون و سەوزبوون و گەشەکردنی شەتڵ و نەمامی کەسایەتی تەشکیلاتی و حیزبیمان بۆ دەستەبەر دەکا. هیچ نەمامێک ئەگەر خاک و ئاو و تیشکی ڕۆژی پێنەگا گەشە ناکا. لە سەرخاکی زەویەکی کەس نەکێڵ و بەردە ڕەق هیچ نا ڕووێ. بش ڕووێت ڕەگ داناکوتێ و زوو سیس دەبێ.

 بەوجۆرە بە سۆسیالیسێرە بوون لە تەشکیلات و حیزبدا، تەعەللوقمان بە حیزب و تەشکیلاتەوە لە لا درووست دەبێ. تەعەللوق بە حیزب هێز و وزە و تین و تاقەتمان بۆ کار و خەبات دەداتێ و لە ڕەوانشناسی کاری حیزبی و ڕێکخراوەییدا بایەخی زۆر گرینگی هەیە. affiliationئەو هەستیی تەعەللوقەیە کە وامان لێدەکا بە هەموو وجودمانەوە کاربکەین. کارکردن بە هەموو وجودەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە کەیفیەتی ئەو شتانە، ئەو خزمەتگوزاری و بەرهەمانە باش بێ کە لە ئاکامی کاردا بەرهەمیان دێنین.

لە تەشکیلاتێکیشدا کە ئەنداماکانی بە هەموو وجودیانەوە کاروخەبات دەکەن، ئەو تەشکیلاتە دەڕواتە پێش و هەڵدەدا و پەرەدەگرێ و لە گەڵ پەرەسەندنی خۆیدا ئەندامەکانی خۆشی دەباتە پێش و هەڵیان دەکێشێتە ئاستی تێکۆشانی خۆی و ئەو سەتحە کە بۆخۆی لە نێو بزووتنەوەدا تێیدایە. حیزبی مە لە نێو کوردستان و ئێرانێ دا خاوەنی ئیعتیبارێکی بەرزی سیاسی و خەباتگێڕانەیە. حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران هەمان مەوقعیەتی کۆنگرەی میللیی ئەفریقای جنووبی و ڕێکخراوی ڕزگاریبەخشی فەلەستینی هەیە.

هەر بۆیە تێکۆشەرانی حیزب خۆیان هەڵدەکێشنە ئەو ئاستە بەرزە کە حیزب تێیدا ڕاوەستاوه‌ . واتە ئاستی چاوەڕوانیەکانی میللەت لە حیزب. ئەوە وەزیفەیەکی حیزبیە و تەشکیلات کاری بۆ دەکا. بەڵام لە هەمان کاتدا وەزیفەی هەر ئەندامێکی حیزبیشە کە بە هەموو تواناوە تێبکۆشی خۆی بەرێتە ئاستی مەوقعیەتی حیزب.

 بەو پێ یە درووستبوونی ناسنامە و هەویەتی حیزبی و شکڵ گرتنی هەستیی تەعەللوق بە حیزب لە ئەندامانی حیزبدا، مەسەلەی وەفاداری ئەندام بە حیزب درووست دەکا. loyality

ئەوەش بە نۆرەی خۆی دیسان حیزب بە هێز دەکا. لەبیرمان نەچێت کە ئەوە تەنیا هێز و توانای تێکۆشەرانی حیزبە کە لە تەشکیلاتدا کۆدەبێتەوە وحیزب دەباتە پێش.

کەواتە تەشکیلاتی ئێمە کار و ئەرکی هەر ئەوە نیە کە تواناکانی ئەندامانی حیزب بخاتە سەریەک و نەیەڵێ ‌هێزو توانای ئەندامان بە هەدەر بڕوا یا گەر نەیەڵێ ئەو هێزانە یەکتر خونساکەنەوە. هونەر ئەوەیە کە ئەو هێز و توانایانەی نێو تەشیلات لێکدەین. واتە زەربی یەکتریان کەین تاببنە هێزێکی هێندە گەورە کە ئینێرژی بۆ هەموو ماتۆڕەکانی فڕۆکەی حیزب دابین بکەن. ئاخر حیزب وەک فڕۆکە وایە و بە یەک ماتۆڕ نافڕێ و دەبێ چەندین ماتۆڕی هەبن و هەمووشیان پێکەوە کاربکەن تا فڕۆکەکە تەوازوونی خۆی ڕاگرێ و نەکەوێتە خوار وبە ئاسمانی خەبات و ژیاندا بڕواتە پێش.

 دە کۆی دە دەبێتە بیست. بەڵام دە زەڕبی دە دەبێتە سەد. تەماشا جیاوازیەکەی چەندە زۆرە؟ جا ئەگەر دە تەوان واتە پۆتێنسی دەی بخەینە سەر ئەوە ئاکامەکەی هەر زۆر زۆر دەبێ. کاری تەشکیلاتی ئێمە زەرب کردنی تواناکانی نێو تەشکیلاتە لە گەڵ یەکتر. کۆکردنەوە هیچ هونەرێکی گەورە نیە. نابێ هەر بەوە ڕازیبین کە هێزەکانی نێو تەشکیلات کۆکەینەوە، دەبێ هوونەری ئەوە فێربین ئەو هێزو توانایانەی نێو حیزب لە گەڵ یەک زەرب کەین. ئەوە دەبێت نێوەرۆکی کار و تێکۆشانی تەشکیلاتیی ئێمە بێت. بۆ ئەوەی ئەو هونەری زەربکردنە کە بۆخۆی هونەرێکی گەورەیە فێر بین، دەبێ کار بکەین به‌

فۆڕمۆڵەکەی یا prescription واتە نوسخەکەی بدۆزینەوە . چێشتە خۆش و بە تامەکان ، لە ئاکامی تێکەڵاوکردن و لێکدان و پێکەوە کوڵاندنی چەندین ماددەی غەزایی جۆراو جۆر درووست دەبن. لە ناوچەی پیرانشار چێشتێکی زۆر خۆش و بەتاممان هەیە بە ناوی بەربەسێڵ و دەکرێ ڕۆژێک وەک خواردنێکی کوردی بی ناسێنین. بەر بەسێڵ لە ئاکامی کۆکردنەوە و تێکەڵاوکردن و لێکدان و کوڵاندنی چەند ماددەی غەزایی جۆراو جۆر درووست دەبێ ، هەر بۆیەشە هێندە خۆشە. ئەگەر ئەو ماددانەی کە بەر بەسێڵەکەیان لێ درووست کراوە، لە پەنا یەک و جیا جیا لەسەر سفرە دانێین نابنە بەربەسێل. ئەوە لێکدان و کوڵاندنی حەکیمانەی ئەو مادانە پێکەوەیە کە بەربەسێڵی لێ بەرهەم دێ. لە ئاشپەزیدا زۆر گرینگە recipe واتە دەستوور عەمەلی چێشتەکان بدۆزینەوە و فێریان بین. بۆ روون بوونەوەی مەسەلەکە دوو نموونەی دیکە دێنمەوە.

 لە شایی و زەماوەندەکاندا جاری وایە دەبینین کە لە یەکوەختدا سەدان کەس، كچ و کوڕو ژن و پیاو، پێکەوە هەڵدەپەرن و پێ بە ئەرز دادەدەن. بە جۆرێک کە ئەرز و دارودیواری ساڵۆنەکە وە لەرزە دەخەن. لە نێو ئەواندا چەن کەس دەبینین کە هێندە جوان، ‌هێندە بە گەرمی و شوروشەوقەوە هەڵدەپەڕن کە ئیلهام دەدەنە ئەوانەی دیکەش و هانیان دە دەن چاک و جوان هەڵپەڕن. بەم جۆرە ئەو گەرمی و شوروشەوقە لە یەکێکەوە یا لە کۆمەڵە کە سێکەوە سرایەت دەکا بۆ ئەوانی دیکەش. لەوانیشەوە بۆ تەماشاچیەکان و تەنانەت ئەوانیش هەڵدەستن و دەچنە نێو شاییەکە و بەو جۆرە شایی تادێ جۆش و خرۆشی زۆرتری

تێدەکەوێ و هێزو وزەی هەڵپەڕینی زۆرتری پێوە زیاد دەبێت.

بەمجۆرە داوەتەکە گەرمتر دەبێت، گۆرانی بێژ و مۆسیقاژەنەکانیش پتر تەحریک دەبن و شادتر و گشتر و باشتر دەنگیان دێ . ئەوانیش دیسان لە لای خۆیانەوە باشتری دەڵێن و چاکتر دەنگ هەڵدەبڕن و میلۆدی و ئاواز و ریتمی گونجاوتر دەدۆزنەوە کە لەو لاوە شاییەکە و کەسانی نێو شایییەکە و سەرچۆپی کێشیش هاندەدەن باشتر پێ بە ئەرز دادەن و جوانتر بلەرێنەوە.

دەبینین لە شاییەکی زۆر گەورەدا کۆمەڵە کەسێک لە سەرەتادا دەبنە هەوێن و دواتریش بە هەڵپەڕینی جوانیان گەشبینی و جۆش وخرۆش بە سەر ئەوانی دیکەش دا دابەشدەکەن. جا ڕەنگە ئەوانە عاشقبن، یا دۆستیان لەو شاییەدا هەبێت، یا هەر زاتەن کەسانی شاد و زیندوو و گەشبین و ژیان دۆست و سەری حاڵبن. یاڕەنگە دۆی جوانیان هەبێت. ئێستا ئێمە دەبێ ئەو مۆتیڤاشونە، ئەو ئەنگیزەیە بدۆزینەوە کە لەو جۆرەکەسانە دا هەیە. عەرەبەکان دەڵێن رەقس واتە سەما وەرزشێکی رووحی و جسمیە. لەوەش زیاتر لێکۆڵینەوە دەری خستوە کە ئەو کەسانەی شایی و سەمایان پێ خۆشەو جوان شایی دەکەن ، کەسانێکن کە زۆریان بڕوا بەخۆ و بە جوانیی لەشولاری خۆیانە ، واتە موسبەت لە سەرخۆیان و دەورووبەری خۆیان بیر دەکەنەوە، ئەوەی لە کوردیدا دەڵێن کابرا شایی بە خۆیە، کە لە پێداگۆگیشدا بە بناخەی هەڵدان و گەشەکردن دادەنرێ. مەبەست ئەوەیە کە ئەو کەسانەی لە شاییەکەدان نەک هەر یەکتر خونسا ناکەن، بەڵکو دەبنە فاکتۆر لەسەر یەکتر و یەکتر هاندەدەن. یەکتر تەشویق دەکەن. یەکتر فێر دەکەن و گەشبینی و ئۆپتیمیزم بە سەریەکتردا دابەش دەکەن ، بۆ یەکتر دەبنە پشت و پەنا. هەموو دەستی یەکتر دەگرن و پێکەوە پێ بە ئەرز دادەدەن و تەنانەت تەماشاچیەکانیش دەکێشنە نێو ڕیزی شایی. واتە هەرکام

لە بەشدارانی شاییەکە نەک هەر بۆخۆیان جوان و باش هەڵدەپەڕن، بەڵکوو تەئسیری موسبەتیش لە سەریەک دادەنێن و وزەو وگووڕو تین و شووروشەوق دەدەنە یەکتری. لە ئاکامدا حاسڵی لێکدانی توانا کانیان لە مەجموع و کۆی سەرجەمی توانا بنەڕەتیەکانیان، زۆرتر دێتە دەر. ئەوەش لە بەر ئەوەیە کە تواناکانیان زەربی یەکتر کراون.

 لە دەورانی دیفاعی چەکدارانەدا، لە بیرمانە لە زۆربەی بە تەواوی شەڕەکاندا، پێشمەرگەکان، هەرچەند بە بەراورد لە گەڵ لەشکری پۆشتە و پەرداخی دوژمن، ژمارەیان بە چەندین قات کەمتر و ئیمکاناتیان لە چاو هی دووژمن زۆر کەمتر بووە، بەڵام هەمیشە حەمماسەی گەورەیان خوڵقاندوە. ئەوە لە بەر ئەوەبوو کە لە شەڕەکاندا، فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگە، بەجۆرێک دەستە و پەل و تیمەکانی پێشمەرگەکانیان سازماندەداکە تواناو قودرەتی دیفاعی و عەمەلیاتی ئەوانی زەربی یەکتر دەکرد. ئەوەش توانای هێرش و دیفاع و مانۆڕدانی پێشمەرگەکانی چەندین بەرانبەر دەکرد. هەرکام لە تیم و پەل و ˆ دەستە و لقەکان بە جۆرێک سازمان دەدران کە نەک هەر ئەرکی خۆیان بە باشی بەڕێوەدەبرد و لە شەڕەکاندا چاک وەدەست دەهاتن ، دەبوونە پشت و پەناو قەڵای دیفاعی و سەنگەری پشتیوانی و پشت پێ بەستن بۆ یەکتریش. بەم جۆرە توانای یەکتریان دەبردەسەر و هێزەکانیان دەبوونە چەند بەرانبەر. ئەگەر وانەبا چۆن پەنجا شەست پێشمەرگە دەتوانن بۆ ماوەی چەندین سەعات، لەوپەڕی بێ ئیمکاناتی دا ، بەربەرەکانی دەگەڵ سوپای پۆشتە و پەرداخی دوژمن بکەن و سەرەنجام زەبری قورسیش بوەشێنن و خۆشیان دەربازکەن.

تەشکیلاتی ئێمە ئەو دەرسانە وەک سەرمەشقی خۆی بە کار دێنێ. ئێمە نەک هەر توانای کۆکرنەوەی هێز و تواناکانی حیزب و تەشکیلات، بەڵکوو هونەر و لێوەشاوەیی زەربکردنی ئەو هێز و توانایانەش لە گەڵ یەکتر ، لە خۆ نیشان دەین. ڕێبەرایەتی بە وەج و خەباتگێڕ و بەدەنەی دڵسۆز و شێلگیر و دەوڵەمەندی حیزب، هەمیشە نیەت پاکی و کیفایەت و توانا و مایە و مەسئولیەتی ئەوەیان تێدا بووە و هەیە ، کە کەندو کۆسپەکانی سەر ڕێگای خەبات تەخت کەن و وەک هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی دیفاع لە قازانج و بەرژەوەندیە بەرزەکانی میللەتەکامان دابن. هەر لە بنەڕەتڕا ئەوە ریسالەتی حیزبی ئێمەیە . ئێمە قەت لە خۆمان نائومێد نەبووین و نابین.

 لە داهاتوودا دەردەکەوێ کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، چ نەخشێکی گەورە لە سیاسەت و گۆڕانکاریە کانی ئێران و ناوچەدا دەگێڕێ. حیزبی ئێمە فیرقە یەکی سیاسی یا مەزهەبی نیە. بێ لەخۆ بایی بوون حیزبی ئێمە گەورەترین هێزی سازماندراوی میللی یە ، کە پشتیوانیی سیاسیی کۆمەڵانی ملیۆنیی خەڵکی کوردستانی لە پشتە و تەنانەت لەسەر وەزعی سیاسیی ئێرانیش دا وەک پاڕامیترێکی جیدی بە حیساب دێ . هەر لە بەر ئەوەشە کە میللەت ئەو هەموو چاوەڕوانیەی لە حیزبی ئێمە هەیە. بۆیە بۆخۆشمان ئەو هەموو چاوەڕوانیەمان لە خۆمان هەیە. بۆیە دەبێ شەرم و شاییمان بە خۆمان بێ و حیسابی تووند لەخۆمان بکێشین.

 هێمن دەڵێ فێری زۆردەرسی بەکەڵک و باشی کردووین……… ئەزموونی خەبات ، جاببینە ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەمجاری کورد.

ئەو هەورانەی بارانی ئاڵووگۆڕیان پێوەیە، ئەوەتا لە ئاسمانی ناوچە و وڵاتەکەماندا، ‌ خەریکە گەواڵ گەواڵ دەبن و دەنگی گرمە و شریقە شریق و ناڵە ناڵی برووسکە کانیان دێتە گوێ و ڕامان دەتڵەکێنن و دیوارەکانی دیوەخانی هۆش و بیرمان وەجووڵە دەخەن و دەمان خەنە سەر هەست و ئامادەباشی. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، بە شاهیدی مێژوو ، هەمیشە کە کاتی خۆی هاتبێ ، سواری شەپۆلە گەورە و مەزنەکان بوە و خۆی هاویشتۆتە نێو ئوقیانووسی ڕووداو و کارەسات و ئاڵووگۆڕەکانی دنیا و ناوچە و کوردستان و ئێران و بە پیر بانگەوازی زەمانەوە چووە. ئێمە كوڕی زەمانی خۆمانین و نەوه‌ی ئەم سەدەین.

 دڵنیاین لە داهاتووش دا حیزبی دێموکرات هەمان نەخشی مێژوویی خۆی وەک ڕابردوو لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەگێڕێ. شانازی بۆ ئەوانەی لە گەڵ ئەو کاروانە دەڕوونە پێش و هێز و توانایەکی زۆرتر دەخەن خزمەت ئەو خەباتە و کۆمەگ بە چوونە پێشی کاروانەکە دەکەن.

ئەوانەی تەماشای ئەستێرە بەرز و بڵندەکان دەکەن و چاو دەبڕنە ئەوان و بەرەو لای ئەوان دەڕۆن، ئاسۆش ڕوونتر و گەشتر و بەرینتر دێتە بەر چاویان.

ئێمە چاومان بڕیوەتە ئەو ئەستێرە گەش و بەرزانەی لە تەشقی ئاسمانێ دەدرەوشێنەوە . هەر بۆ یەشە هێندە ئومێدەوارین. هەر یاری زانێک و موڕەبیەک و هەر تیمێکی فوتباڵ، ئەگەر ئومێدیان بە سەرکەوتن و بردنەوە نە بێت، هەڵە دەکەن کە بچنە مەیدانی یاری و کێ بەركێ. ئاخر بە بێ ئومێد بەسەرکەوتن، چۆن خەبات دەرواتە پێش؟ کورد دەڵێ دنیا بە ئومێدەوە دەخورێ.

ئەم بابەتەی کاک برایم پێشتر بڵاو کراوەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی