"an independent online kurdish website

 رۆژی سێ شەممە و چوارشەممەی ڕابردوو ،بەرامبەر بە 26 و 27 ی نۆڤێمبەر، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری “ژنێڤ”ی سویس شەشەمین کۆبوونەوەی ساڵانەیpersheng-sherifi-

کەمایەتییەکان (Forum on minority issues) بەسترا کە ئەمسال بۆ  باس لە  “ئازادی دین و مەزهەب” و هەروەها پرسەکانی پێوەندیدار  تەرخان کرابوو. ئەو بابەتە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشێوەی وتار بە زمانی فەرانسەوی خوێنراوەتەوە.

 

ئێران هەر ولاتێکی فرەنەتەوە نیە، بەڵکو فرە ئایین و مەزهەبیشە. جگە لە موسڵمانە شیعەکان، کە زۆرینەی دانیشتووانی ئێران پێکدێنن، لەو وڵاتەدا کەمایەتیەکی بەرچاوی سوننیش بەدی دەکرێ. هەروەها مەسیحیەکان، یەهودیەکان، زەردەشتیەکان، بەهائی و یارسانەکان و هتد. بە سەدان و بگرە هەزاران ساڵە کە لە ئێران دا دەژین.

ئەو راستییە بەداخەوە تا ئێستا لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وەبەرچاو نەگیراوە. بە پێچەوانەی جارنامەی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤۆنسیۆنە نێونەتەوەییەکان کە “ئازادی ئایین و مەزهەب” بە مافی تاکەکەسی هەر مرۆڤێک دەزانن و باس لە یەکسانی هەموو مرۆڤەکان، بێ هیچ چەشنە جیاوازییەک دەکەن، “تبعیض”، هەڵاواردن، دژایەتی کردن, کوشتن و بێسەروشوێن کردنی کەمایەتییە ئایینیی و مەزهەبیەکان لە ئێران دا رۆژانە وەبەرچاو دەکەون.

ئەو “تبعیض” و جیاوازی دانان و دژایەتی کردنەی کەماییەتیە ئاینیی و مەزهەبیەکان لە ئیدێیۆلۆژی  کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن کە مەزهەبی شیعە بە باڵاتر لە دین و ئایین و مەزهەبەکانی دیکە دەزانێ. ئەو ئیدێیۆلۆژییە لە دەستوری بنەرەتی کۆماری ئیسلامی و لە تەواوی یاساکانی ئەو ولاتەدا ڕەنگی داوەتەوە.

کۆماری ئیسلامی تا ئەمرو هێندێک لە کەمایەتییەکانی وەک یارسان و بەهایی بەڕەسمی نەناسیوە و لە دەستوری بنەرەتی ولاتدا بە هیچ شێوەیەک دان بە هەبوون و یان مافی ئەوان دا نەنراوە.

تا چەند ساڵ لەمەوپێش لە”حقوق جنایی” (enal codeP)  کۆماری ئیسلامی دا  تەناتەت سزای جیاواز بۆ موسڵمان و غەیرە موسڵمانەکان بەدی دەکران، بۆ نمونە ئەو پوڵەی وەک قەرەبووکردنەوە بە قوربانییەک و یان بنەمالەکەی دەدرا کەمتر بوو ئەگەر قوربانییەکە غەیرە موسڵمان بوایە.

ئایین و مەزهەبی جیاواز تا ئەمرۆ لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا رێگرن لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە نێوان پەیرەوانی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان دا. یاسای بنەمالەیی (Civil Code) کۆماری ئیسلامی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە نێوان پیاوێكی موسڵمان و ئافرەتێکی سەر بە کەمایەتییە بەڕەسمی نەناسراوەکان، لاوانە یارسان و بەهاییەکان، بە قەدەغە لە‌‌ ‌‌قەڵەم دەدا. لە هەمان کاتدا ژنێكی موسڵمان بۆی نیە کە ژیانی هاوبەش لەگەل غەیرە موسڵمانێک پێکبهێنێت. ئەگەر پیاوێکی غەیرە موسڵمان، بۆ نموونە مەسیحی، بیهەوێ لەگەڵ ئافرەتێکی موسڵمان ژیانی هاوبەش پێکبهێنێ، ئەوا مەجبوورە کە دینەکەی خۆی بگۆڕ‌ێ و ببێتە موسڵمان.

گۆڕینی دین و ئایین لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە خوازراوە و بە هەموو شێوەیەک ئاسانکاری بۆ دەکرێ. بەلام  تەنیا بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێ ببنە موسڵمان. لە کاتێکدا کە ئەگەر موسڵمانێک  واز لە دینەکەی بهێنێ و یان دینەکەی بگۆڕێ ئەوا بە دڕندانەترین شێوە سزا دەدرێ و تەنانەت سزای مردنیشی بەسەر دا دەسەپێ. هەر بەپێی هەمان یاسا گۆرینی دین و بێ باوەڕیی یەکێک لە هاوسەرەکان جیابوونەوەی بە زۆرەملێی بەدواوە دەبێ (تەڵاق بە بێ ویستی هاوسەرەکان).

ئەو “تبعیض” و جیاوازی دانانە کە بەهۆی ئایینەوە ڕوو دەدەن و، هەروەها تێکڕای ئەو یاسایانە بەتەواوی لەگەل مادەی 9ی جارنامەی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها مادەی 18ی کۆنڤۆنیسیۆنی مافە مەدەنیی و سیاسیەکان، کە هەبوون و یان نەبوونی دین، گۆرینی دین و مەزهەب بە مافی سەرەتایی مرۆڤەکان ناو دەبەن و هەموو چەشنە مەجبووریەک لە دین دا قەدەغە دەکەن، ناگونجێت و بە تەواوی دژایەتی هەیە

ئەوەی کە پێوەندی بە کوردەکانەوە هەیە، کوردەکان لەژێر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی دا وەک هاولاتی دەرەجە دوو حیسابیان  بۆ دەکرێ. هەربۆیە ئەوان دووچار تووشی “تبعیض” و چەوسانەوە بوونەتەوە، هەم بە هۆی ئایینەوە و هەم بەهۆی ئێتنیکیەوە. کوردەکان هاوشێوەی کەمایەتییە ئایینیی و مەزهەبیەکانی دیکە، بۆیان نیە کە لە پۆستە باڵا حکومییەکان دا بەشدار بن. خوێندنی دین لە هەموو قوتابخانەکان دا بە ئیجبارییەو زۆربەی قوتابخانەکان لە لایەن کەسانی شیعە مەزهەب و سەر بە حکومەتەوە بەرێوە دەبردرێن.

هەربۆیە “تبعیض” و دژایەتی کردنی کەماییتیەکان لە ئێران دا پێویستی بە ڕێگە چارەی هەرچی زووتر هەیە. تەنیا بە باوەڕهێنانی راستەقینەی دەسەلات بەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە یەکسانی هەموو مرۆڤەکان و بە پێداچوونەوە و گۆرینی هەموو ئەو یاسایانەی کە لەگەڵ کۆنڤۆنسیۆنەکانی مافەکانی مرۆڤ دا دژایەتییان هەیە، دەتوانرێ کە ئازادی دین و مەزهەب لە ئێراندا دابین بکرێ و کەمایەتیەکان  ” لە تبعیض”ی ئایینی بپارێزر‌ێن. پێویستە کە کۆماری ئیسلامی هەموو ئەو مافانەی کە لە کۆنڤۆنسیۆنی مافە مەدەنی و سیاسیەکان دا ناویان هاتووە و  واژۆی کردووە دابین بکات و مافی هەموو هاولاتیان بەبێ جیاوازی, جا دینی و مەزهەبی بێ یان هتد، بپارێزێ.

persheng-sherifi-jnef-1


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی