"an independent online kurdish website

وەک دەزانین گەلی کورد لە پێکهاتەی جۆراوجۆری ئایینی، ڕێبازی ئایینی و خاوەنی زاراوەی جۆراوجۆر پێک هاتووە.mejid_palani_001

هەرکام لە پێڕەوانی ئایینی و ڕێبازە ئاینییەکان و خاوەنی زاراوە جۆراوجۆرەکان، لای پێڕەوەکان و خاوەن زاراوەکان خۆشەویستە و ڕێزی بۆی هەیە. هەوڵی داوە بە هەرجۆرێک بۆی بکرێ، لە فەوتان بیپارێزێ. زۆرجار بەمەبەستی پاراستنییان لەگەڵ ئەم و ئەو کەوتۆتە کێشە و ململانێ و بگرە تووشی شەڕ و ئاژاوەش بۆتەوە. بێگومان دوژمنە نەتەوەییەکەشیان هەوڵیداوە لەو ئاوە لێڵەی نێوانیان ماسی خۆی بگرێ.  بەداخەوە لەبەر ئەوەی پردی لەیەکگرێدانی نێوان ئەم پێکهاتانەش هێندە بتەو نەبووە، کە دوژمنەکانیان نەتوانن پیبسێنن، یان بیڕوخێنن.

 

دەبێ ئێمە لێرەدا چی بکەین؟

 

بۆدرووستکردنی پردێکی ئەستوور و قاییم لە نێوان هەموو پێکهاتە  ئایینی و ڕێبازە ئایینی و زاراوە جۆراوجۆرەکانمان، پێویستە  ڕێگەی مافی بەرامبەر، ڕێزی بەرامبەر و گوێڕاگرتن و بیروڕا گۆڕینەوە بگرینە بەر.

بەبێ لە پێش چاو گرتنی هەرکام لەوانە، ناتوانین بە ئاکامی دڵخواز بگەین و دوژمنەکانیشمان هەرکامە و بە ناوێکەوە بۆلای دەسەڵاتی خۆیان ڕامان دەکێشن و بە سوودی خۆیان کەڵکمان لێ وەردەگرن.

با ئێمە لێگەڕیین هەرتاکێکی نێو کۆمەڵگەکەمان هەر بیر و باوەڕێکی ئایینی یان ڕێبازی ئایینی هەڵدەبژێرێ، سەربەست بێ. یان ئەگەریش نەیویست پێڕەوی لە هیچ ئایین و ڕێبازێکی ئایینی بکا، با ئازاد بێ و بە زۆر بەسەریدا دانەسپێ. با ئێمە مافی بەرامبەر بۆ هەموو تاکێکی نێو کۆمەڵەکەمان پەسەند بکەین و ڕێزمان بۆی هەبێ. بۆ ئەوەی ئێمە باشتر لە مەبەست و خواستەکانی یەکتر تێبگەین، دەبێ پێکەوە بیروڕا بگۆڕینەوە. باشترین پردی لەیەکگرێدانی نێوان ئێمەی پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری، لەپێشچاوگرتنی ڕێزی بەرامبەرو مافی بەرامبەرە.

ئەو پردەش بەبێ گوێڕاگرتن و پێکەوە دانیشتن، نابەسترێ. نەبوونی پردی لەیەکگرێدانی گشت تاک و کۆیەکی کوردەواری، دەبێتە هۆی لەیەک دابڕانمان و ڕووخانی پردی نێوانمان.

دەکرێ بۆ بەستنی ئەو پردە ئەم خاڵانەی خوارەوە بە کردەوە بە ئەنجام بگەێنین.

 

ـ با هەر تاک و کۆیەکی کۆمەڵی کوردەواری بیروباوەڕی ئایینی و ڕێبازی ئایینی خۆی ڕێز لێبگرێ و بیپارێزێ و هاوکات  ڕێزی بۆ بیروباوەڕی خەڵکیش هەبێ و سووکایەتییان پێ نەکا.

ـ هیچ بیروباوەڕێکی ئایینی و ڕێبازی ئایینی پێشگری لێنەکا لە پشتیوانی و پاراستنی مافی نەتەوایەتی

ـ گەورەیی هیچ ئایین و ڕێبازێکی ئایینی، کە پێڕەویان لە کۆمەڵی کوردەوایدا هەیە، نەدرێ بەسەر هیچ بیروباوەڕێکی دیکەدا.

ـ ڕێژەی کەم و زۆری پێڕەوانی هیچکام لە ئایینەکان نەکرێتە پێوانە بۆ درووستی یان نادرووستی هیچکام لە ئایین و ڕێبازە ئایینییەکان.

ـ باوەڕی ئایینی وەک ئەرکێکی تایبەتی نێوان خاوەن باوەڕان و خواکەیان چاو لێبکرێ و نەکرێتە پێوانەی چاک و خراپی مرۆڤەکە

ـ ڕێز بۆ تێکۆشەرانی ڕابردوو و ئێستەی کورد لە ڕێزی هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، مەدەنی و … هتد، وەک یەک دابنرێ و حیزب  و  لایەنە سیاسییەکان نەکرێنە پێوانە بۆ دانی گەورەیی هیچکام لەو تێکۆشەرانە بەسەر ئەویتریاندا.

ـ ،ئەو کەس و کەسانەی دەیانەوێ چالاکی مەدەنی بە سوودی کۆمەڵانی گەلی کورد ئەنجام بدەن، هاوکاریان بکرێ و لەلایەن هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی کوردییەوە بەربەستیان بۆ درووست نەکرێ.

ـ با دایک و بابە کوردەکان هەستی نیشتمان پەروەری لە مێشکی ڕۆڵەکانیان ببوژێننەوە و گەورەیی لایەنداری سیاسی نەدەن بەسەر نەتەوایەتیدا.

 ـ با ئەندامان و هەواداران و لایەنگرانی هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، سەرەڕای پێڕەویکردنیان لە لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و ڕێبازە ئاینییەکانیان، کوردایەتی و کوردبوونیان لەسەرەوەی گشت شتێکەوە بێ، تا دوژمنانی جۆراوجۆری کورد نەتوانن لە هیچکام لەوانەی کە باسم کرد کەڵکی خراپ وەرگرن و ئێمەی ڕۆڵەکانی کوردی بێ بەش لە مافی زەوتکراومان بە گژ یەکتردا بکەن.

 

لەکۆتاییدا هیوادارم هەرتاکێکی کۆمەڵی کوردەواری ئەمە بە ئەرکی سەرشانی خۆی بزانێ و هەر کەسەو لە خۆی و بنەماڵەکەیەوە دەس پێبکا،  بۆ بەستنی پردی نەپساوە لە نێوان هەموو تاک و کۆیەکی کۆمەڵی کوردەواری، تا زووتر و ئاسانتر بە ئاکامی دڵخوازمان کە ڕزگاریی یەکجاری گەلی کوردە لە ستەمی ستەمکاران بگەین.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی