"an independent online kurdish website

لایەنگرانی سمکۆ بەردەوام بون لەسەر پێوەندی گرتن لە گەڵ خەڵک و لە شوێنە گشتییەکان بە جەماوەریان رادەگەیاند:abdurehman_mirzayi

” لەمەوبەدوا دەبێ فەرماندارەکان لە لایەن خەڵکی ورمێ و لەناو خەڵکی ورمێ هەڵ بژێردرێن و تەنانەت سەرۆکی ئیدارە و لقەکانیش دەبێ لەخەڵکی ورمێ بن، ئەعیان و ئەشرافی ورمێ کەسەدان ساڵە خەڵکیان بەڕێوە بردووەو مەقاماتی حەساسیان هەبووە، بۆچی دەبێ ئێستا لە گۆشەوکەنارا ڕابوەستن و فەرماندار بۆ ئیمەو ئەوان لەدەروە بێت؟ بۆچی سەرۆکی نەزمییەو سەرۆکی ژاندارمرییان لەدەروە ناردوە؟! مەگەرلە خودی ورمێ کەسانی بەسیرو ئاگادار کە من کە ئەو کەسە پوچانەیەن بەسەر ئیمەدا سەپاندووە کە بەکیبرو نوخووەت ڕەفتار دەکەن؟! هەوڵ دەدەن هەمیشە بەینی کورد و عەجەم تێک بدەن و گیرفانی خۆیان پڕبکەن و بەزەرقوبەرقەوە بژین، مەگەرئەوانەش خەڵکی ئەم وڵاتە نین؟! دڵیان بەم ناوچە ناسوتێ، تا ئێستا بەرامبەر بەوهەموو مانگانەیەی کە وەریان گرتوە،بایی دینارێک خەریکی ئاواکردنەوە نەبون و بۆپێشکەوتنی ئەم بەشە کارێکیان ئەنجام نەداوە“.

ئەم قسانە شایەتێکی ئەوسەردەمە دەیگێڕێتەوە و دەریدەخا بێ بڕواییەکی قوڵ لەنێوان عەجەم و کورد دروست ببوو. هێزەکانی سمکۆ ورمێیان ئابڵوقەدا، رێگەکانیان بەست، گرانی و قاتوقڕی لە شار بڵاوبۆوە، ئەڵقەی ئابڵوقەدانی شاری ورمێ تا دەهات تەنگتر دەبوو چونکە هەمو ڕۆژێ زۆرتر کورد دەهاتنە پاڵ سمکۆ، هەمو شەو هێرشیان دەکردە سەر  قەڵای ورمێ. چەکداران و دەستو پێوەندییەکانی ئێران بەرگرییان دەکرد و نەیان دەهێشت بکەوێتە دەست کورد.

((کۆمیسیۆنی جەنگ))ی سەر بە عەجەم لە ورمێ چەکدارەکانی ورمێی بەسەر ٧ دەروازەکەی شارو بورجەکان و دیواری قەڵادا بۆ بەرگری لەهێرشی کورد دابەش کردبوو، ئەم کۆمیسیۆنە نەی دەتوانی پارەی کڕینی تفەنگ و فیشەک و باروت و موچەی تفەنگچیەکان دابین بکا، هەر بۆیە داوایان لە میستەر پاکارد سەرۆکی میسیۆنی ئەمریکایی کرد ٣ هەزار تمەنیان بە قەرز بداتێ. ئەویش پارەکەی پێدان وبەو بڕە پارەیە دەستیان بە بەرگری لە شار کرد.

سەیرئەوەیە لەگێڕانەوەی ڕوداوەکان دا ئاغای تەمەدون کورد تاوانبار دەکا بەوەی پارەیان لە میستەر پاکارد وەرگرتوەو بە ئامۆژگاری ئەو کەوتونەتە جوڵان. کەچی لەهەمان کات دا خۆی وەرگرتنی پارە لەپاکارد بۆ کڕینی چەکو دابین کردنی پێویستیەکانی بەرهەڵست بوونەوە بە دژی کورد دەگێڕێتەوە.

٢٠ی مایسی ١٩١٩ هێرشی بۆ سەرشار دەستی پێ کردەوە، سەرەتای شەوی ١٢ی ڕەمەزان هێرشەکەیان توند کرد،بەڵام چەکدارەکانی ورمێ بەرهەڵستیان کرد.

هێرشەکەی ئەم جارە سمکۆ خۆی ڕاستەوخۆ سەرکردایەتی دەکرد. تەرکیزی کردبووە سەر دەروازەکانی نوگچر،عەسکەرخان و بلو. هەوڵیان دا لەلای بلووە درزێک بکەنە دیواری قەڵاوە، هێرشی ئەمجارەش دوای ئەوەی ٣٦ سەعاتی خایاند نەیتوانی دەست بەسەر ورمێ دا بگرێ. لەبەرئەوە کشانەوە ئابڵوقە دانی ورمێ ماوەی ٢٥ ڕۆژی خایاند، چەکدارەکانی سەربە ئیران یان(عەجەم)سەرسەختانە بەرگریان لە شارکردو نەیان هێشت بکەوێتە دەستی کورد، کۆنسولی ئینگلیز کەوتە ناوبژی و حاکمێکی نوێێ بۆ ورمێ دانا٠

لە١٥ی مانگی تیر١٢٩٨ (٨شوالی ١٣٣٧ /٨ ژوئیە ١٩١٩)سمکۆ ئابڵوقەی ورمێی بەردا، بەڵام کۆنسولی ئینگلیز ناچارکرا لەلایەن سمکۆوە پاراستنی ئاسایشی ڕێگەکان بە سمکۆ خۆی بسپێردرێت کۆنسولی ئینگلیز ئەم داوایەی قەبۆڵ کرد.

لەو دەورو بەرەدا سمکۆ دەیویست دەسەڵاتی کورد فراوان بکا بۆ گوندەکانی لەکستان و سوڵتان ئەحمەدو قەرە قشڵاخ کە ئازەری بون، ئەوانە ملیان نەدەداو شەڕی خوێناوی ڕوی دا لە نێوان خەڵکی ئەوێ و هێزەکانیسمکۆدا. دانیشتوانی ورمێ و دەورو بەری کە بە زۆری تورکو ئازەری داوای یارمەتییان لە تەورێزو تاران دەکرد، دژ بە کورد یارمەتیان بدەن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی