"an independent online kurdish website

لە شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٠٩دا ، واتە هەر ئەو ساڵەی کە ” سمکۆ ” یەکێک لە رێبەرانی کورد لە پڕۆسەی دانوستاندا لەگەڵ حکوومەتی ئەو سەردەمە تیڕۆر کرا ، لە یەکێك لە بنەماڵە ناودارەکانی شاری ورمێ ، کورێک چاوی بە دونیا هەڵ هێنا کە پەنجا و نۆ ( ٥٩) ساڵ دواتر ، هەر لەو مانگە دا و لەسەر ئەو ڕێبازەی کە سمکۆ  لەسەری تیڕۆر کرا بوو ، دوچاری هەمان چارەنووس کرایەوە .do_ktor

ئەو لە نووسینەکانیدا گرینگی زۆر بە سمکۆ ئەدا. بێ ئاگا لەوەی کە خۆی رۆژێک دەبێتە پرسێکی مەزن ، بە هێزێک لەو و بە ئیلهامی زیندووی لاوانی نیشتمانەکەی .

smkoy_shkak

بێ گومان مێژوویی خەباتی گەلی کورد  ئەگەر گەرەکی بێ سونبولێک بۆ لۆژیک و هزری سیاسی لە خۆ پیشان بدات ، هەڵبژاردەیەکی بەدەر لە دوکتور قاسملوو لەبەر دەم نامێنێ . جۆری تێڕوانینی خەڵکانی دەرەوەی حیزبەکەی قاسملوو ، لەنێویاندا نووسەران و رۆژنامەوانانی رۆژئاوایی دەتوانێ پتر ئێمە لەگەڵ هزر و ئەندیشەکانی قاسملوو ئاشنا بکات .

هەژیر تەیمووریان ” رۆژنامەوان و لە دۆستانی شەهید دوکتور قاسملوو ”  دەڵێ: من بۆ یەکەم جار لە لەندەن و کاتێک د. قاسملوو هاتە ئێرە ، چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرد. ئەو کات من وەک بێژەر لە ئیزگەی جیهانی ” بی بی سی ” کارم دەکرد . ئەو هاتە سەردانی من چونکی دەیزانی کە لە ڕابردوودا ئەندامی یەکیەتی خوێندکارانی کورد بووم . هەر لەو کاتەوە ئێمە بووینە هاوڕێ . ئەو مرۆڤێکی خوێن گەرم بوو ، بە دڵنیاییەوە دەمزانی کە من وەک رۆژنامەوانێک کە بابەت و نامیلکەگەلێکم لەپێوەندی بە خۆرهەڵاتەوە نووسیون و بڵاو کردوونەوە ، نەمدەتوانی ببمە ئەندامی هیچ ڕێکخراوەیەکی سیاسی .بەڵام ئەو بۆ ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا هانی دەدام ، هەڵبەت ئەو باسە زۆر جیددی نەبوو . بەهەر حاڵ ئەو کەسایەتییەکی خوێن گەرم و کاریزماتیکی هەبوو ، دەیتوانی خەڵکێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆ کاتەوە. وێرای هەموو دژواریەکان ، مرۆڤێکی شاد بوو . هیوای بە خەڵک دەبخشی ، ئەو ڕێبەرێکی مەزن بوو ، کەسێکی لەبەردڵان بوو . ئەو توانایی قسەکردنی بە دە (١٠) زمان هەبوو ، کەسێکی بیرمەند و زۆر زیرەک بوو . سەردەمانێک کە لە چیکوسلڤاکیا خوێندکار بوو ، بیری مارکسیستی هەبوو . من کتێبەکەی ئەو ” کوردستان و کورد”م بەدەست گەیشت کە تێزی دوکتوراکەی لە وڵاتی چیکوسلڤاکیا بوو کە پڕ لە دروشمی مارکسیستی بوو ، هەڵبەت قابیلی تێگەیشتنە لەبەر ئەوەی بۆ نووسەرانی کمونیست بوو ، بەڵام من دەزانم کە دوکتور قاسملوو دواتر دێموکراتێکی واقع بین بوو و تێگەیشت کە رێرەوی مارکسیستی لە کۆمەڵگای کوردەواری دا شوێن و پێگەی نییە. هەموومان ئەومان خۆش دەویست ، من ئەوم بۆ دوو رۆژنامەی گرینگی ” تایمز و بی بی سی” برد . دواتر کە چەند رۆژێک لە پاریس پێکەوە بووین بۆ ئەو بابەتە سپاسی کردم . لە بیرمە کە ئەو مرۆڤێکی بوێر بوو، لەدەرەوەی قاوەخانەیەک دانیشتبووین ، لەبەرخۆمەوە گوتم کە هەر ساتێک تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانن تیڕۆری بکەن، بەڵام ئەو هیچ نیگەرانی ئەوە نەبوو و من ئیتر سەرم سووڕ نەما کە لە هێندێک حاڵەتدا متمانەی پێیان هەیە و بەشداری دانوستانی کرد و تیڕۆر کرا . من چەند رۆژێکم لە گەڵ ئەو لە کۆنفرانسێک دا لەسەر کوردەکان لە ئامستردام بەسەر برد ، بەگشتی زیاتر و زیاتر ئۆگری بووم و وەک هاوڕێیەک  زۆرم خۆشم دەویست .

hejir_teymouryan

مارک کراوێتس ” رۆژنامەوانی رۆژنامەی لیبراسیۆن” و لە دۆستانی شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: پتر لە سێ دەیە لە یەکم چاوپێکەوتنم لەگەڵ قاسملوو تێ پير دەبێ ،بەڵام ئەم دیدارە لە ژیانی بەکردەوەمدا وەک ساتەوەختێکی بەرچاو ماندگارە، دیمەنەکانی سەفەر بۆ مەهاباد و گوزەر لە دڵی مێژووی کوردستانی گەماڕۆ دراو ، لەگەڵ قسە و باسەکانمان لە نووسینگەی دوکتور قاسملوو دا پێکەوە ئاوێتەی یەکتری دەبن . دۆخێکی تایبەتی بوو ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەم وەک بیرەوەرییەکی خۆش لەیادە کە بە دڵنیاییەوە پێویستە ئەوە لە دڵ گرمی و میوانداری و لەهەمووی زیاتر لە پێوەندییەکی ئارام و خۆش رەفتاری پیاوێک بزانین کە سەرەڕای ئەو هەموو بەرپرسیاریەتەی لە ئەستۆیەتی و لەهەرکەسێکی تر باشتر دەیزانێ کە تۆفان لەسات و کاتێکدا دەگات ، بەڵام ئارامی لەدەست نەدەدا. هیچ شتێک توانای کارتێکەری لەسەر مێهرەبانی و بزەی دوکتوری نەبوو .

mark

رۆژنامەوانانێک کە لەگەڵ قاسملوو دا دیمانەیان ساز دەکرد ، باوریان وایە کە ئەو یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو کە وتووێژەکەی لەسەرەتاوە تا کۆتایی ڕێرەوی دەکرد . هەرشتێک کە پیویست بوو دەیهێنایە سەر زار .

 تەیمووریان لە بارەی دیمانەیەک دا لەگەل دوکتور قاسملوو دەڵێ: من لە بریتانیا نامیلکە گەلێکم لە پێوەندی بە خۆرهەڵاتەوە بڵاو دەکردەوە ، بۆ وێنە کاتێک پەیوەندیم بە گاردییەنەوە دەگرت ، لەگەڵ ئەوەی کە بۆ رۆژنامەی تایمز جێگای متمانە بووم ، یان بۆ وێنە کاتێک لەگەڵ رۆژنامەکانیتری وەک گاردییەن ، دیلی تەلگراف ، فاینێنشال تایمز پیوەندیم دەگرت و دەمگوت کە یەکێک لە رێبەرانی کوردەکانی ئێران لای منە و ئایا پێتان خۆشە قسەی لەگەڵ بکەن ،ئەوان متمانەیان بە من هەبوو کە وا قسەی بێ هوودە و بێ ناوەڕیکیان لەگەڵ باس ناکەم ، بەڵام کاتێک لەگەڵ قاسملوو قسەیان دەکرد بەراستی دەکوتنە ژێر کاریگەری دوکتورەوە .

 یەکێک لە کاراکتێرە بەرچاوەکانی شەهید دوکتور قاسملوو  لە وتووێژەکان دا ، تێگەیشتن لە کات و زەمەن بووە، ئەم خەسلەتە بە جۆریک بووە کە هەر رۆژنامەوانێک پێی خۆش بووە کە لە داهاتووشدا لەگەڵ ئەو و لە بواری جۆراوجۆر دا سەر لەنوێ چاوپێکەوتنی لەتەک ساز کاتەوە .

هەژیر تەیمووریان لەو پیوەندییەدا دەڵێ : وابزانم چاوپێکەوتنەکە لە سالەکانی کۆتایی دەیەی ساڵی ١٩٧٠ بوو بەر لە شۆڕشی نگریسی ئیسلامی، ئیتر بۆ بی بی سیم برد و لەگەڵی دا دیمانەیەکم پێکهێنا بۆ بەشی فارسی بی بی سی ، هەڵبەت هاوکارەکانم لە بەشی فارسی دەیانزانی کەوا کوردم و هەستی کوردایەتیم هەیە و ئاگادارم بوون کە زێدەرەوی نەکەم ، بەڵام بەرێز قاسملوو زۆر فامیدە بوون و لە شتێکی لەو جۆرە تێدەگەیشتن و دیمانەکانی زۆر پێشوازیان لی دەکرا .

مارک کراوێتسیش دەلێ:  دوکتور قاسملوو کاتێک لە بارەی ئارمانجی کوردەکانەوە قسەی دەکرد ، ماندوویی نەدەناسی ، من لە عەبدولرحمان قاسملوو و لە سایەی ئەوڕا کوردەکانم ناسی ، لەگەڵ توانای بێ هاوتای ئەم نەتەوەیە لە بواری خۆڕاگری و عەشق بە ئازادی ژیان کردن ئاشنا بووم و لەوەش گرینگتر رووبەرووی ڕێبەرێکی سیاسی بوومەوە کە لەسەر ئەم گۆی زەوییە کەمتر بەر چاو دەکەوت .

راستگۆیی یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی دوکتور قاسملوو بوو، تایبەتمەندییەک کە ئەخلاقی بەخشیبووە  کردە سیاسییەکانی ئەو رێبەرە . هەژیر تەیمووریان لەسەر ئەو تایبەتمەندییە دیسانەوە ئەدوێ و دەڵێ: تا ئەو جێگایەی من دەمناسی ، مرۆڤێکی ئێجگار ساکار بوو ،بەڵام هەر وەک کە پێشتر گوتم، مرۆڤ نیسبەت بە هیچ ڕێبەرێکی سیاسی ، بەتایبەت رێبەرانی سیاسی لە خۆرهەڵات مەشهوورن بەوە کە ناچارن نهێنی کاری بکەن . مرۆڤ پیویستە گومان بکات ، بەڵام کاتێک کە ئەوم باشتر و باشتر ناسی ، زیاتر و زیاتر لە دونیای سیاسەت دا جیگای متمانە بوو .

مارک دەڵێ: ئەو هەرگیز لەو زمانە دونیفاقییەی کە لە تاران و لە نێوان رێبەرە دوورخراوە تازە گەراوەکاندا و بەتایبەت لە نێوان کەسانی لائیکی دەوری ئیمام رەواجی هەبوو ، کەڵکی وەرنەدەگرت ،زمانێک کە رێبەرانی نوێی تاران بە کەڵک وەرگرتن لێی ، بەیاننامەی بەڕەواڵەت دێموکراتیکی خۆیان دەنووسی و بەتایبەت بۆ کڵاو نانە سەر گوێگرە ئەرووپاییەکانی خۆیان و بەوەش بە ناوی شۆڕشەوە پاساویان بۆ سەرکوتە دڕندانەکەیان دەهێنایەوە.

تەیموریان: رەحمان پتر لە وڵاتانی ئەرووپای رۆژئاوا گەشەی کرد ، ئەو ساڵانێکی زۆر لە پاریس ژیانی بەسەر برد .بۆ وڵاتانیتر و بەتایبەت سوئێد و بریتانیا سەفەری دەکرد . بەو جۆرە پێوەندی لەگەل کەسانی دێموکرات و خاوەن پێگەی باڵا دەگرت. بۆ وێنە سۆسیال دێموکراتەکانی سوئێد یان پارتی کرێکارانی بریتانیا . ئەنجامی دیدارەکان لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی چاویان پێی دەکەوت ، ئەویان هێنایە سەر ئەو بڕوایە کە کمونیسم ڕێگە چارە نییە، تەنانەت خۆشی ئەو راستییەی دەبینی. بڕوام وایە کە لە ژێر کارتێکەری ئەرووپای رۆژئاوا ببوو بە سۆسیال دێموکرات، لە ناخی دا وەک ناخی من ، لە ناخماندا رەقمان لە توند و تیژی بوو .

مارک – عەبدولرحمان لە بارەی ئازادی بۆ کوردەکان دەیگوت:” کوردەکان هەرگیز لە درێژە پێدان بە خەبات لە پێناو وەدی هاتنی مافەکانیان دەست هەڵ ناگرن .ئێمە لە دژی رێژیمی پێشوو خەباتمان کرد و ئەگەر ئەم رێژیمە نوێیە پێداگری لەسەر وەژێر پێنانی مافەکانمان بکات ، لە دژی ئەویش درێژە بە خەباتی خۆمان ئەدەین . ئازادی بۆ ئێمە بۆتە ڕیشەیی.” ئەم قسانە لە نوکتەیەکی خۆش دەچوون، کە سروشتییە لەگەڵ قسەی رێبەرانی شۆڕشگێڕی تر بۆ دڵنەوایی رۆژنامەوانان  وەک لێک بدرێتەوە ، قسەهایەک کە خۆم زۆر جار لە شوێنەکانیتر بیستبوومن ، بەڵام ئەمجارە شێوەی هێنانە سەرزاری ئەمانە جیاوازیان هەبوو، وشەکان بەبێ زێدەرەوەی و لە شکلی شیکردنەوە و بەدوور لە پروپاگەندە دەکەران . راستیەکەی ئەوەیە کەسێک کە ئەم وشانەی دەهێنایە سەر زار ،شێوەی لە هیچ کام لەو رێبەرانەی ناسیبوومن ، نەدەچوو .

بەڵێ ئەوە راستیەکەیە، هەموو ئەو رۆژنامەوانانەی کە لە نزیکەوە ناسیویانە ، لەسەر ئەو باوەرەن کە عەبدولرحمان شێوەی لە هیچ کام لە رێبەرانی کوردستان ، ئێران و تەنانەت خۆرهەڵاتی ناورەراستیش نەکردووە .

هەژیر تەیمووریان : قاسملوو کەسێکی بیرمەندتر بوو، وا بیر دەکەمەوە کە ئاستی کۆمەڵایەتی لەسەرووتر بوو ، بۆ نموونە من تا ئێستا لەگەڵ بەرێز تاڵەبانی هاورێی نزیکم، ئەو پتر پیاوێکی کردارییە،هەڵبەت مرۆڤ نابێ متمانە بە هیچ رێبەرێکی سیاسی بکات ، من زۆر بەداخەوەم کە بەرێز تاڵەبانی و یەکیەتی نیشتمانی  پێوەندی باشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە ، بەڵام ناچارەیشە کە ئەم هاوپەیمانەتیەی هەبێ یان بەلانی کەمەوە خۆی وا هەست بکات کە پێویستە بیبێ . مرۆڤ لە ئاکامدا وەک رۆژنامەوانێک ، وەک کەسێکی بێ لایەن پێویستە لەبەرانبەر هەموو رێبەرانی سیاسی گومانی هەبێ ، بەڵام من پتر متمانەم بە بەرێز قاسملوو هەبوو ، هەرچەند دەشمزانی کەلەگەڵ حکوومەتی سەدام حوسێن پێوەندی باشی هەیە و هەروەها لەگەڵ بەرێز د. بەختیار پێوەندی باشی هەیە ، دەمزانی کە هەموو ئەمانە باوەرگەلێکیان هەیە ، کەم و زۆر لەگەڵ دیکتاتۆرەکانی ناوچە هاتوچۆیان هەیە ، بەڵام دەمبینی کە بۆ مرۆڤ ئەمە جێگایی تێگەیشتن بوو .

مارک کراوێتس : قاسملوو عاشقی کتێبی نایاب و شەرابی نایاب بوو ، بەڵام هەڵبژاردەی یەکەمی داییم بەسەر دووهەمی دا پێ باشتر بوو . ئەو چ لە لەسەر مێزی خواردنی یەکێک لە خواردنگە نێودارەکانی پاریس بوایە ، یان بە خواردنێکی سادە و ساکارەوە لە زستانێکی دژوار و لە خاڵێکی دووردەستی کێوەکانی کوردستان ، وەک یەک هەستی بە ئارامی و خۆشی دەکرد.  ئەو لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا ئارامی بیرمەندێکی خۆرهەڵاتی ، چوست و چالاکی گەنجێک و هەڵوەدای زانست نووسێک و مەیلی مرۆڤێکی شادومان و زیندووی ئاوێتە بەیەک دەکرد . قاسملوو لە پێوەندی بە باوەرەکانی دا کۆڵنەدەر و لە بەرپرسیارەتی خەباتی دا مرۆڤێکی کردە بوو ،وا دەهاتە بەرچاو کە بەبێ هیچ زەحمەتێک ، خۆڕاگرییەکانی خەباتی سیاسی-نیزامی لەگەڵ گومانگەلێکی ورد و جوانی مامۆستایەکی زانکۆ پێکەوە گرێ ئەدا .

تەیموریان-  ئەو بەبێ سەرپۆش و ڕێک قسەی دەکرد ، بۆ وێنە لە رۆنامەکانی تایمز و بی بی سی دا دەیگوت: پیویستە لەگەڵ پرسە سیاسییەکان خۆی وا پیشان بدات.

 هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەو هەردەم لەبەر دەم هەرەشەدا بوو .کاتێک لەگەڵ سیاسەتوانانی رۆژئاوایی قسەی دەکرد ،هەمان ئەو شتەی کە لە ناخی دا بوو، باسی لێوە دەکرد. لەگەڵ ئەوەی کە رۆژگاری لاویەتی خۆی لە وڵاتانی ئەرووپایی خۆرهەڵاتی سەردەمی کمونیسم بەسەر بردبوو، بەڵام بە پرسگەلێک کە بڕوای پێی نەبوو بایەخی نەدەدا. دواتر کە لە رێبەرانی سۆسیال دێموکراتی رۆژئاوایی نزیک بووەوە و هاورێیەتی پەیا کرد ، توانی بێ پەردەتر لە جاران بدوێ.

قاسملوو پێش لە شەهید بوونی و لە دیمانەیەکدا لەگەڵ هەژیر تەیمووریان لە رادیۆ بی بی سی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە: پاش رزگاری کوردستان بەچییەوە سەرقاڵ دەبێ؟ گوتبووی کە بۆ گوندی سەردەمی مناڵی دەگەرێتەوە و خۆی بە خوێندنەوە سەرقاڵ دەکات .

هەژیر تەیمووریان : ئەو دیمانەیەم لە یادە ، هەڵبەت رۆژنامەوانێک تەنیا پێکەنینی بەم قسانە دێت ، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو سیاسەتمەدارانە لە وڵامی ئەم پرسەداکە: ئەگەر هەڵنەبژێردرای ، بەچییەوە سەرقاڵ دەبی ؟ دەڵێن کە بۆ نموونە دەچمە کتێبخانەکەم یان بەختەوەر دەبم کە وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی بژیم ! بە دڵنیایەوە گومان لەو نوکتانە دەکەین . بەڵام من دڵنیام کە قاسملوو بڕوای بەم پرسە هەبوو . بڕوام وایە کە ئەو لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە هەڵدەبژێردرا ، ئەو دەیزانی لەبەرچی خەڵکی کوردستان پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن، کاتێک دژ بە رێژیمی خۆمەینی ڕاپەڕین .

بە گوتەی زۆر لە کەسانی نزیک بە قاسملوو ، ئەو بە ڕاپەراندنی رۆژانە و سونبولیکی خۆی هەردەم هەوڵی داوە بە زمانێکی سادە و ساکار بۆ رۆژنامەوانان ، خەباتی گەلی کورد و جیاوازییەکانی ئەوان لەگەڵ رێژیمی حاکم دا روون کاتەوە .

جاناتان ڕاندان لە رۆژنامەوانانەی دیاری ئەمریکایی لە پێشنووسی کتێبی ” هیوا و مەرگی رەحمانی کورد”دا نووسیویەتی کە کارۆڵ پرونهۆبەر لە پێوەندی بە یەکێک لەو کارانەی قاسملوو دا دەڵێ :” کاتێک بیر لە د. قاسملوو دەکەمەوە بەجۆرێک ویسکی دێتە مێشکم ، نە بەو واتایەی من و یان د. قاسملوو ئوگریەکی زۆرمان بۆ ویسکی هەبووبێ ، بەڵکوو لە دوو بۆنەدا من و د. قاسملوو بە مەودای دە ساڵان پێکەوە ویسکیمان خواردۆتەوە، یەکەم جار لە شاری مەهاباد لەگەڵ کۆمەڵێک لە رۆژنامەوانانی بیانی بوو . ئەو رۆژە دوکتور بە هێنانی ئەلکول بۆ سەر خوانی ئێوارە دەیویست پیشانی بدات کە هێمای ناسیۆنالیسمی کوردی لە سەدەی بیستەم دا گەرەکیەتی رێژیمی تازە بەدەسڵات گەیشتوویی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێرپرسیارەوە”.

janatan_randan

  قاسملوو کە پێشتر لەگەڵ خومەینی دا دانوستانی هەبووە و تێ گەیشتبوو کەوا خومەینی کەسێک نییە کە بکرێ لەتەک ئەودا بە ئاکام بگەی،بەڵام پاش لەمردنی ئەو هیوایە لەودا سەری هەڵدا کە ئیمکانی هەیە  بە دانوستان لەگەڵ رێژیم ، مافەکانی گەلی کورد لە ئێراندا بەدی بێن .

کاڕۆڵ پرۆنهوبەر”نووسەر و لە نزیکەکانی د. قاسملوو” لە کتێبی ” هیوا و مەرگی رەحمانی کورد”دا دەنووسێ : چەند رۆژ دوای میتینگی شاری مەهاباد و لێدوانی لە گۆڕەپانی یاری شاری مەهاباد ، د. قاسملوو بریار ئەدات تا بچێتە شاری قوم و چاوی بە خومەینی بکەوێ. بریاری د. قاسملوو ڕێک چەند رۆژ پاش ئەو میتینگە چەند سەد هەزار کەسییە جێگایی هەڵوێستە کردنە و نیشانەی ئەوەیە کە پێویستە بەم میتینگە پیشان بدرێ کە نەتەوەی کورد پشتیوانی لە خواستەکانی حیزب لە دانوستان لەتەک رێژیم دەکات. ئەو باوەڕی وابوو و پێداگری دەکرد کە ئەمە کارێکی پیویستە و ئەشێ بە ئەنجام بگات . قاسملوو دەیگوت هەموو خەڵک و لایەنەکان لە هەموو لایەکەوە دەچنە سەردانی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ، ئەگەر کوردەکان ئەو کارە نەکەن ، ئیمکانی ئەوەی هەیە کە لەوانەیە بۆ کوردەکان لە داهاتوودا ببێتە کێشە، لەبەر ئەوەی د. قاسملوو دەیزانی کە لە داهاتوویەکی نزیک یان دوور، دانوستان یان شەڕ لە نێوان کوردەکان و  رێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوودا روو ئەدات ، هەر لەبەر ئەوە  پێویستە هەردوو لایەن بە نیاز پاکییەوە بچنە دانوستانەوە و نابێ وا بە رێژیم پیشان بدرێ کە هەر لەسەرەتاوە کوردەکان نە شۆڕش و نە رێبەریەکەیان قبوول کردووە .

mergi_rehmani_kurd

دوو رۆژ بەر لە ریفراندۆمی کۆماری ئیسلامی ، د. قاسملوو هاوڕێ لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی حیزب بۆ شاری قوم سەفەر دەکەن . ئەو داوای دیداری راستەوخۆی لەگەڵ خومەینی کردبوو،د. قاسملوو بە ئەحمەدی خومەینی گوت : ئێمە نزیک بە هەزار کیڵۆمتر سەفەرمان کردووە تا بێینە ئێرە و بە تەنیا لەگەڵ خومەینی قسە بکەین. ئەحمەد خومەینی لە وڵام دا دەڵێ کە پێنج خولەک ڕاوەستن . پاش چەند خولەک هەموو ئەو کەسانەی لە ژژوورەوە بوون ،شوێنەکەیان چۆڵ کرد بێجگە لە ئاخوندێکی لاواز و ئەندامانی کومیتەی ناوەندی حیزب کە لە دەم درگا پاسەوانیان دەکرد تا کەسێک خۆی بە ژووردا نەکات .

کارۆڵ پرۆنهوبەر دەڵێ : د. قاسملوو باسی لەوە دەکرد کە ئێمە نزیک بە کاتژمێرێک لە تەک خومەینی قسە و باسمان کرد ، دۆخی کوردستان و خواستەکانی گەلی کوردمان بۆ ئەو شی کردەوە و پێمان گوت کە ئێمە ئامادەین بەشداری ریفراندۆم بکەین بەمەرجێک رێز لە ویست و داخوازییەکانمان بگرن . خومەینی لە وڵامدا بەبێ ئەوەی تەنانەت سەیرمان بکات ، گوتی کە ئەو پرسانە چ پیوەندی بە منەوە نییە و بڕۆن لەگەڵ بازرگان قسە بکەن . پێم گوت زۆر باشە،لەم حاڵەتەدا تکا لە ئێوە دەکەم بە لانی کەمەوە ئەم بابەتانە و ئەم دیدارە بە شێوەی گشتی لە ڕاگەیەندنەکانتان بڵاو کەنەوە ، لە وڵامدا گوتی کە ئایت اللە طاڵقانی پێشتر لەو بارەوە هەموو شتێکی باس کردووە ، چ شتێکی زیاترتان دەوێ ؟ دواتر ئەو ئاماژەی بە بەرنامە و پێسنیارگەلێک کرد کە لە دوای شەڕی سنە هاتبوونە ئاراوە . ئیتر من گوتم کە رۆژنامەوانانی ئێرانی و بیانی لە بەردەم دەرکی هاتنەژوورەوەی بیناکە چاوەڕوانی ئەوەن تا بزانن ئەم چاوپێکەوتنەی ئێمە بە چ ئاکامێک گەیشتووە لەبەر ئەوەی ئەوان وەک ئوپۆزسیۆنی ئێوە لێمان دەڕوانن . لەم حاڵەتەدا و ئایا ئیزن بە ئێمە ئەدەن تا بە رۆژنامەوانەکان بڵێین کە ئێوە هاوڕای پێشنیارەکانی آیت اللە طالقانین و پەسندیان دەکەن ؟ خومەینی گوتی ، بەڵام من نازانم تاڵقانی چ شتێکی بە ئێوە گوتووە . ئێمە هەموو موسلمان و براین . بەڵام کاتێک ئێمە لە سەر ئەمانجەکانمان و داهاتووی ئێران پێداگریمان کرد ، خومەینی گوتی کە زۆر نەخۆشم و بەخێرایی و بەبێ ئەوەی سەیرمان بکات ، چووە دەر . کاتێک لە ماڵەکە هاتینەدەر و چووینە حەوشە،بییمان کە خومەینی لەسەر باڵکۆنی بیناکە دەست لە خەڵکی بەرز دەکاتەوە. ئەوە بوو کە بەنیازی گەرانەوە بۆ کوردستان سواری ماشێنەکەمان بووین و بەر لەوەی شاری قوم جێ بێڵین ، لە ناو ماشینەکەدا و لەگەڵ ئەو ژمارەیە لە ئەندامانی کومیتە ناوەندی کۆبوونەوەیەکی خێرامان ڕێکخست و بریارمان دا کە لە ڕیفراندۆم بەشداری نەکەین .

karol_pronhober

رێژیم بە فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی کورد ، هێڕشی کردە سەر کوردستان . عەبدولرحمان کە هەرگیز بڕوای بە شەر و توندوتیژی نەبوو ، ئەمجارە رووبەرووی رێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو و خومەینی ببووە.

تەیموریان : من هەردەم دێموکرات بووم و لە راستی دا هەرگیز ناخم لەگەڵ تەوند و تیژی هاوڕا نییە ، بەڵام بەداخەوە جاری وایە کە توند و تیژی و سەرهەڵدان  پیویست دەبێ، ئەگەر کەسێک لەگەل رێژیمی قاجاری پەهلەوی یان رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەورووە، ناچار دەبێ .

مارک کراوێتس لەسەر دانوستان لەگەڵ رێژیم و باوەری عەبدولرحمان دەڵێ : عەبدولرحمان لەسەر دانوستان دەیگوت کە رێژیمی تاران لەگەڵ ئەوەی ئامادەی چاکسازی لە قازانجی کوردەکان بوو بەڵام هەروا لەسەر هەڵوێستی دووری کردن لە گفتوگۆ لە مەڕ خودموختاری کوردستانەوە پێداگری دەکرد . بەڵام دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو ، خومەینی فەوتی کردبوو ، هاشمی رەفسەنجانی وەک پیاوی بەهێزی نوێی ئێران و بەکەسێکی کردەیی حیسابی بۆ دەکرا ، ئەو بوو کە لەسپاندنی ڕاگەیەنراوی کۆتای هێنان بەشەری هەشت سالە لەگەل عێراق بە خومەینی ، رۆڵی چارەنووسازی گێڕا . وڵاتی ئێران لەگەڵ دۆخی قەیراناوی بەرەوروو بوو و ئەمە بە تەنێ بەس بوو تا رێژیم سەرئەنجام لە بیری دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ کوردەکان بێ .

ئەوەی کە لە شڕۆڤە کردنی تیرۆری د. قاسملوو شایانی ئاماژە پێدانە ، ئەو راستیەیە کە حزوور لە دانوستان و مەرگی خۆت وەک یەک کردەوەی سیاسی هەڵسەنگێندراو لەبەر چاو گیراوە و تێگەیشتن لەم کردەوەیە زۆر بەم راستییەوە گرێدراوە کە بکرێ تێگەیشتنێکی قووڵ لە کەسایەتییەکی کردە و ئەخلاقی ئەو ببێ و سەرلەنوێ بنەمای تێئۆریکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و د. قاسملوو لەو سەردەمدا  بناسێنینەوە.

هێندێک لە شڕۆڤەکاران وازهێنان لە ژیانی ئاکادمیک و ئارامی ئەرووپا ، خەبات لەگەل خەڵک ، لە تەک خەڵک و بۆ خەڵک و هەروەها حزووری قاسملوو لە دانوستان لەتەک رێژیم بە مەبەستی چارە کردنی پرسی کورد لە ئێران، نموونەگەلێکن کە لە هەڵبژاردنی ئەخلاقی قاسملوو ناویان لی دەبەن ، بەڵام خالی شایانی سەرنج پێدان بێدەنگییەک بوو کە لە سایەی دەستپێکی پیوەندی ولاتانی رۆژئاوایی و رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە گۆرستانی پێرلاشێزەوە تا کوردستان درێژەی کێشا .

مارک کراوێتس : تیرۆری د. قاسملوو لەگەڵ کەمتەر خەمی و گوێ پێ نەدان بەرەوروو  نەبووەوە ، لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ پیشاندانی دژکردەوەی چاوەروانکراو و شایانی کەسایەتی دوکتور قاسملوو لە لایەن ناوەندە دێموکراتیکەکانی ئیمەوە بەرەو روو نەبووەوە . ئەوانەی کە بەپێی پۆست و پیگەکانیان پێویست بوو بزانن ، دەیانزانی. بەڵام ئەو رۆژە بێجگە لە دۆستەکانی قاسملوو و کوردەکان و هەروەها ژمارەیەک رۆژنامەوان کە ئەو بابەتەکە بەلایانەوە گرینگ بوو، هیچ کەسێک بە بیری نەهێنایەوە . لەو رۆژەدا دۆستان لە دەوری تابووتی شەهیدانی ڤییەن کۆ ببوونەوە و لە گۆرستانی پێرلاشێز وەک دوایی ماڵ ئاوایی ، رێورەسمی ریز لێ نانیان ئەنجام دا ، بەڵام لەدەرەوەی بازنەی گۆرستانی پێرلاشێز ، بێدەنگییەکی بەر بڵاو حاکم بوو و ئەو کارە ناکرێ تەنیا بە خستنەبەرچاوی ترس لە رقی رێژیمی مەلاکان پاساوی بۆ بهێندرێتەوە . ئەم رەفتارە بە شێوەیەکی شەرماوی دەتوانێ دڵتەزێن بەرچاو کەوێ ، بەڵام ئەوە راستییەکە و شتێکی نوێش نەبوو .

تیڕۆریستەکانی رێژیم کاری خۆیان کرد و بە پیشاندانی چرا سەوزی وڵاتانی ئەرووپایی بۆ ماڵەوە گەرابوونەوە .

تەیمووریان : کاتێک کۆماری ئیسلامی رەحمانی تیرۆر کرد ،وەک ئەوە وابوو کە برایەکم لەدەست دابێ ، زۆر زۆر دڵ تەنگ بووم . من بە تواوی دەمزانی کە کوردەکان و خەڵکی ئێران رێبەرێک کە دەیتوانێ بۆ ئێران باش بێ ، لەدەستیان داوە . ئەو بۆ هەموو ئێران فیدرالیزم و دێموکراسی دەویست ، شتێک کە هەموومان خوازیاری بووین .

کارکردی کۆمەڵایەتی هەڵبژاردنی ئەخلاقی کەسانێک کە لە پێگەی قاسملوو دا ، دەستیان بۆ هەڵبژاردەگەلێکی لەوجۆرە دەبرد ، درێژەی هوشیاری مرۆییە. درێژە پێدانێک لە چواچێوەی ئەستێرەکانی هەڵقولاوی نێو ئەم مرۆڤانە . چرەخی پیشکەوتوو پتر لەهەر کاتێکیتر پێویستی بە لەدایک بوونەوەی ئەم ئەستێرانە هەیە، ئەستێرەگەلێک کە نە لە جۆری ئەستێرەکانی  سەردەمانی پێش مودێڕن لە قاڵبی پێگەی خوداوەند و یان قارەمانانی نجاتبەخش بەڵکوو لە قاڵبی مرۆڤەگەلی بەکردەوە و  خاوەن لۆژیکی دروست ، تێگەیشتوویی مرۆیی  بەبیرمان بێننەوە و یان بە پێی پێگەی زانستی و کۆمەڵایەتی کە هەیانە ، رێشەی دروستی هەلبژاردنەکانمان بخەنە ژێر پرسیارەوە .

ئامادەکردنی بەشی فارسی: ئاسۆ ساڵح

وەرگێران: رەشید زەرواوی

 

فیلم

 

 

 

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی