لەوتاری پێشودا باسمان لە پیرۆزیو گرینگیو هەستیاری پێوەندی ژنو مێردایەتی کردبو ئەوەندەی لەتوانادابو شیمانکردبۆوە . ئێستا دەمەمەوێی باس لە هێندێک دیاردەی نەشیاوی دوور لە دینو ئینسانیەت بکەم کە بەزۆر بەسەر دیندا سەپیندرا بونو لە هەمانکاتدا فڕیان بەدینەوە نەبو.
من بۆ خۆم لەنیزیکەوە ئەو جۆرە شتانەم دیوەو ئاگاداریانم بەسەداقەتو ئەمانەتەوە بۆ بەرەی ئەمڕۆو داهاتوی دەگێڕمەوە. دیارە مەبەست لەوباسە بەرگری کردن لە ئیسلام نیە ، چونکە لەو بڕوایەدام ئەو دینە ئەگەر وەک خۆی بەڕیوەبچێی بەرگری ناوێی . ئەوەی دەیڵێم ڕاستیە و پیاو بە کوتنی ماڵی خراپ نابێی.
بۆ باشتر تێگەیشتن لەو مەبەستە پێویستە لە پێشدا ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە داخوا مارە بەزۆرو ، کچ بەناباڵغی مارەکردنو ، گەورە بەچوکەو فرێودان بەزێڕو سامانو پلەو پایە کەهەمویان دەکەونە ناو بازنەی زۆرەوە ، داخوا لەشەرعی ئیسلامدا هەنو بڕیاریان لەسەر دراوە یان نا؟ ئەگەر راستی بڵێێنو باکمان لەوە نەبێی لایەنگرانو دژ بەرانی ئیسلام چیمان پێدەڵێنو چۆن قەزاوەتێک دەکەن ، دەبێی بڵێین نەخێر هیچکام لەوانە شەرعی نینو لە هیچ کوێێ قورعانیشدا ئەوەندەی من بزانم تەنانەت ئیشاڕەشیان پێنەکراوە . ئەگەر خۆ لە وەدواکەوتنو لاساکردنەوەو گەورەکردنەوەی ئیمامانێک تاڕادەیەک کە قسەی ئەوان چۆنکە بە قازانجمانە لە فەرمانەکانی خواش زیاتر کاری پێبکرێی ، دوور خەینەوەو ئەسڵە دەقاو دەق هێندراوەکانی قورعان وەبەر چاو بگرین زۆر بەزەقیو بێپەردە خوای مەزن فەرمویە { لااکراە فی الدین} واتە ئەوە ئەسڵێکی نەگۆڕە کە ئازادی لە هەڵبژاردنی دینو ئیدەو ڕێبازو دیاریکردنی چارەنوس بۆ مرۆڤ مسۆگەر دەکاو دەیسەلمێنێ . جاخۆ باسی خراپەی فریودانو بە پارە فرۆستنیش هێندە زۆرە هەرناکرێی . کەوابو مرۆی موسوڵمان چەندی زاناو پلەبەرزبێی نابێی بەخواو، فتواو بڕیاراتیشی نابێی لەدەرەوەی فەرمانی خوابێی. ڕەدکردنەوەشی بەدەقی قورعانی کوفر نیە .! تێپەربونی زەمان ، نەمانی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتیو خێڵەکی ، چونەسەری پلەی زانستو کرانەوەی کۆمەڵگا ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنێ کە ئەو جۆرە مارەکردنو پێوەندیانە شەرعی نەبونو دابی باوو دەسەڵاتی زۆرەملی بەسەر کۆمەڵگایدا سەپاندبو.
زۆرجار کتومەو بڕواشم وایە ئەوڕۆ ئیسلام کراوەتە کەرەسەو ئامرازی وەدێهێنەری ئامانجی دژبەرانی ئیسلامو هەلپەرستو دەسەڵات خوازان . هەمو ئەو کردەوانەی بەناوی ئیسلام دەکرێنو ئەو هێزو گروپانەی بەناوی ئیسلام دروست بون بۆ وێنە ( داعش ،حیزبوڵا ، و…) گشتیان لە خزمەتی سیاسەتێک دان کەهەر گیز بەرژەوەندی ئیسلامیان نەویستوەو ناوێێ. ئازادیو زۆر دوو وشەی دژبەیەکنو هەرگیز پێکەوە ناگونجێن ، واتە لەو شوێنەی ئازادی نیە زۆرو مـلهوڕی بەتەواوی زاڵە . لـەو جێگایەی ئازادی هەبێی زۆرداری ئاکارێکی قێزەونەو لەناو کۆمەڵدا دەرکراوە . کەوابو ئەوە کە خوا فەرمویە زۆر لەدیندا نیە یانی دەبێی ئازادی هەبێی . کاتێک ئازادی هەبوو مرۆی باڵغی ئاقڵی ئازاد، خۆی سەربەستە لە هەڵبژاردنی خەتو ڕێبازو بەتایبەت شەریکی ژیانی خۆیدا، جا چ ئایینی بێی یان سیاسی یان کۆمەڵایەتی. لە مەسایلی شەخسیدا دایکو باوکو خوشکو براش هەر دەتوانن ڕێنوێنو نسحەتکار بن . ئەو مافەیان نیە ویستی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن . ئازادی ڕاستەقینە بۆ ژن ئەوەیە کە هەمو مافە مرۆڤانەکەی خۆی بەباشی بناسێو خاوەنی ڕوحو جەستەو هەرچی پێوەندی بەوانەوە هەیە ببێی . وەک: دیاریکردنی شیوەی ژیان ، بڕیار دان ، ڕیگەو ڕێبازو هەڵبژاردنی ئامانجو شەریکی ژیان ، تەنانەت لەبەرکردنی جلو بەرگ ، هەربۆخۆشی لەو هەڵبژاردنەدا بەر پرسیارە . ئەوەی کە ئێستا لەدنیای ئیسلام بەتایبەت کوماری ئیسلامی ئیراندا بۆتە باوو بەزۆر دەبێێ جلو بەرگێک لەبەر بکەی کە ڕێژیم بۆت دیاری دەکاو ناوی حیجابیشی لێندراوە !! دەست تێوەردانە لەژیانی تاکە کانیشدا. دەبێی بڵێم : لەپێشدا ئیسلام بۆ خۆی هێندێک یاساو ڕاسای هەن کەدەگەڵ ئی ئوروپایە نایەنەوەو یەکناگرنەوەو ئەوانەش کە ئیسلامیان قبوڵکردوە دەبێی بەڕێوەیان بەرن، بەڵام هەگیز ئەوەنیە کە ئەمڕۆ بەناوی دین دەکرێی . لەئیسلام دا باس لە حیجاب کراوە کە برێتیە لە حیجابی ئیمانیو ئەخلاقی نەک پەڕۆو پاڵ !!حیجابی ئیسلامی ئەوەیە ئیمان بەخواو هەستی دەرونی خۆت لە خراپەت بگێڕیتەوە ، ئەگینا زۆربەی ئەوپیاوو ژنانەی خراپکارن ، یان ڕونتر بڵێم دەستدرێژکەرو زیناحکارن یان بەگشتی کردەوەی دور لە ئەخلاق ئەنجام دەدەن هەوڵدەدەن خۆیان لە چاوی خەڵک بشارنەوەو بەدزی خەتاکان ئەنجام دەدەن. بەڵام ئەوانەی داوێنپاکو ئاکار چاکن نەک خۆیان ناشارنەوە بەڵکو خۆیان نیشان دەدەن. ئەگەر سەریشیان ڕوتبێیو بەجلو بەرگی جوانیش خۆیان بنوێینن ئیمانو ویژدانیان لە خەتاو تاوان دەیان پارێزێو لەکاری نەشیاو دەیان گێڕتەوە . ئەوەی شەرم لە ویژدانی خۆی نەکا لـە گونـاحو تـاوان سـڵ ناکا . بەوتەیەکیتر ئازادی ژن جەوهەری کەرامەتو مافی مرۆڤانەیەتی . دیاردەیەکن گرانبەها کە نرخەکەی وەدەست نایە مەگەر ژن خۆی خاوەنی کیانی خۆی بیێ .ئاکام ئەوەیە مادام ئازادی پێوەری هەقانیەتـو قبوڵبونی هەمـو کردەوەکانە، کەوابو مارە بەزۆر نە شەرعیە و نەیەکێک لەمافەکانی مرۆڤەکانە ، بەڵکو لە ڕوانگەی قورعانەوە بەتەواوی ڕەد دەکرێتەوەو پێوەندی بەدینەوە نیەو دەسەلاتیی زۆردارە کردویە بەدین.
لەمارە بەزۆر دا تەنیا هەر مەرجی ئازادی ڕەچاو نەکراوە، بەڵام لە مارە کردنی مناڵی ناباڵغو سەرپشتی لانکو زۆر جار لەدایک نەبوش! هەرسێی ئەسڵی بنەڕەتی قبوڵکراو لە ڕوانگەی دینەوە کە برێتین بلوغو ئەقڵو ئازادی هیچکامیان بونی نیە . لێرەدا ئەوەندە بەسە کە بڵێێن : ئەوەی خوا تەکلیفی لەسەر دانەناوە کام مەنتیق ئەوە دەسەلمێنێ کەسێک وەک باوکو دایکو یان ئیمامو پێشەوای ئایینیەکە بتوانێ بۆی دیاری بکا هەتا مردن دەگەڵ کەسێک بژی ! کە ناشزانن داخوا چارەنوسی ئەو مناڵە چۆن دەبێی؟!! لە قانونەکانی دینیو کۆمەڵایەتیو قەزاییو حقوقیدا مرۆڤ مافیشی هەیەو ئەرکیشی لەسەرە ، کەدەبێێ لێیان بەر پرسیاربن . گرینگترینی ئەو ئەو مافانە ئەوەیە کە دیاریکردنو بەستنی پێوەندی ژنو مێردایەتی تەنیاو تەنیا مافی خۆیانە .
باوێکی دیکەش هەبو کە کچو کوڕ بەماڵو داراییو پلەو پایە فریویان دەخوارد کە زۆربەیان توشی کێشەو هەڵوەشانەوە دەبون . واتە خاڵی سەرەکی کە دەبوە هۆی پێوەندی کچو کوڕ یان ژنو پیاو کەبرێتیبو لە دڵگرتنو خۆشەویستی لەو جۆرە پێوەندیانە دا وەبەر چاو نەدەگیراو زۆر جارانیش وەک بۆ خۆیان لە مێشکی خۆیاندا گەڵاڵەیان کردبو ئاوا دەر نەدەهاتو ئاڵۆزی بەدوای خۆی دادێنا . بۆ ڕەشەرعی خستنی ئەو جۆرە پێوەندیانە ئایەتێکی قورعانی نیەو حەدیسێکی سەحیحی پەیامبەریش نەدیتراوە . بەهێزترین بەڵگە بۆ ئەو کارانە ئەوەبوە کە کوتراوە باب وەلی موجبیرە ، کە مەرجی ئەو ویلایەتە عەداڵەتە کە هەرگیز ڕەچاو نـەکراوە. لێرەدا من دەپرسم داخوا ئەو کەسەی کچەکەی بەنابەدڵ بـۆکـوڕەکەی بـەژنـدەدا ، یان بەپارە دەیفرۆشیو خۆشی پارەکە خەرج دەکا ، یان باوکێک کەنازانێی کچەکەی دەگاتە قوناغی شو کردن یان دەمرێی ، ئەوکەسەی لێی مارەدەکرێی بەدڵی دەبێێ یان نا ، پێێ دەکوتری عادڵو بەرژەوەندی کچەکەی لەبەر چاو گرتوە یان قازانجی خۆی ؟؟! عەداڵەت یانی هەرکەس مافی خۆی بدرێتێی ، تۆ بڵێی ئەوە ماف بێی کە نەزانی بۆ هەتایە دەگەڵ کێی دەژی ، یان دەگەڵ کەسێک بژی کە خۆشی لێێ نایە ؟! بەباوەڕی من بڕیاری یەکلا کەرەوە لە ئایینی ئیسلامدا خوا داویەتیو لە قورعاندا خراوەتە بەر دەستی مرۆڤەکان . ئەوەی ئەسڵی دینە و لادان لەو خەتاو تاوانانە دیاری دەکا، قورعانە کە کەلامی خوایە نەک ڕاوبۆچونو فتوای ئیمامەکان. فتوای ئەوانیش تا ئەو جیگایە بـڕوا پێکراوە کە دەگەڵ ڕووحی ئیسلام یەک بـگرێتەوە یـان لانیکەم بە پێچەوانەی نەبێی . ئایینەکان قانونیان هەیە کە لە قورعانو تەوڕاتو ئینجیلو زەبوردا لـەلای خـواوە ناردراون . بەڵام مەزهەبەکان سەرجەمیان ڕاوو بۆچونی مرۆڤەکانن. بێگومان مرۆش نە زانستیی گشتی هەیەو نەلە هەڵەو تاوان بێبەریە. بڕوانە خاوەنی ئەو مەزهەبانە هەر کامەیان خۆیان بەئیسلامی ڕاستەقینە دەزانن ئەوانیتریان پێهەڵەیە ، لە حاڵێکدا خۆیان بە پەیڕەوی ئیسلامو قـورعـان دەزانن ، موسوڵمانیان وا لێک جیا کردۆتەوە کە لە ژێرناوی ئیسلام یەکتر بەکافرو خوێنی یەکتر بەحەڵاڵ دەزانن . هەمو هەڵسو کەوتو ئاکارو کرداریان لە زیان زیاتر قازانجێکی بۆ ئیسلامو موسوڵمانان نەبوەو نیەو ناشبێی .
ئەگەر قەرار بێێ سەرجەم ئەو ناعەداڵەتیانە لە یەک وتار دا شیکەینەوە بێگومان نەگونجاوە ، بۆیە دەڵێیم : ئەوانەی ڕۆیشتون تازە ناگەڕێنەوە . کورد کوتەنی باوەدوای چوان نەکەوین. ئەرکی ئێمە ئەوەیە لەم دنیا ی عیلمو زانستەدا کە ئامرازی فێربون گەلێک زۆرنو هاسانیش وەدەست دەکەون بەشوێن ڕاستیەکاندا بگەڕێینو بوخۆمان بیسەلمێنینو لە دنیاشی بگەێێنین کە ئیسلام دینێکە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دانراوە . سەرجەم کردەوەکانیان دەبێی باقازانجی مرۆڤ بێی کە خۆشیان یەک لەوانن . ملکەچی ئەقڵو مەنتیقو زانست بنو واز لە دەمارگرژیو بەکار بردنی زۆر بێنن . بزانن خوای مەزن یەکەم وشەی کە بە پێغەمبەرەکەی کوتوە خوێندنە ، بۆچی؟ بۆ ئەوەی هەرچی لەڕوی نەزانیەوە بکرێێ لە پێشدا خاوەنەکەی زیانبارەو ، کەتێگەیشت لێی پەشیمانە. ئەو دنیا پانو بەرینەو هەرچی تێێدایە مڵکی مرۆڤەو بۆ باشترو جوانتر بەڕێوەچونی ئەوانە .هیچ دینو دەسەڵاتو کەسێک بۆی نیە مافی ئینسانی کەس پێشێل بکا گیانو ماڵو کەرامەتو کەسایەتی مرۆڤەکان بەتەواوی دەبێی پارێزراوبێی . ڕوحی پێکەوە ژیانی تەباو ڕەبا بەبونی بیرو بۆچونو باوەڕی جیاجیا لـە مێشکو دەرونی هەمو تاکێکی ئەو کۆمەڵگایەدا جێگیر بکرێی . ئەوە فەرمانی خوایەو ئەرکی سەرشانی هـەمـو ئینسانێکە بەتایبەت زانایانی دینو موسوڵمانان. بیرۆکەی دروستکردنی یەک دەسەڵاتی جیهانی چ ئایینی بێو چ سیاسی بە بێگومان سەرکەوتو نیەو تائێستاش ئەو چەشنە هەوڵانە فەشەلیان هێناوە، زیانێکی زۆریشیان بەکۆمەڵگا گەیاندوە . ئەم جیهانە بۆ مرۆڤە بەگشتی نەک بۆ پەیڕەوانی دینێکو ئایینێکو سیاسەتێک بە تەنیایی. مێژو ئەوەی پێکوتوینو جەبریش پێمان دەسەلمێنێی
بەجێیە لێرەدا یادێک لەو کچو کوڕو ژنـو پیاوە لە خۆ بردوانە بـکەم کە لە سەردەمانێکی گەلێک هەستیاردا بەدژی مارە بەزۆرو بەنابەدڵ بە شوودان ڕاست دەبونەوەو خۆیان دەخستە مەترسیو نیشانیان دەدا کە پێوەندی بەزۆرو بەنابەدڵ قبوڵ ناکـەنـو دەگەڵ کەسێک دەبنە هاوژیان کە حەزیان لێکەو یەکتریان خۆش دەوێی . کچ ملی بۆ ویستو داوای دایکو بابی ڕانەدەکێشاو ڕەگەڵ هەتیو حەیرانی خۆی دەکەوت. کوڕ بەوە ڕازی نەدەبو کە خۆی نەیدەویستو دایکو بابی بۆیان دیاری دەکرد ،بەشەوی تاریک قۆڵیی ئەوینو خۆشەویستی خۆیان تێک دەکردو وڵامی ویستی باوانیان نەدەداوە. شەوی تاریو ڕیگەی باریک دروشمی ئەو جۆرە کوڕو کچانەبوو. بەم چەشنە ڕوداوانەیان دەکوت ڕەدوکەوتنو تا ڕادەیەکیش بەعەیب دەزاندرا ، کەچی لە ڕاستیدا ڕاپەڕینی کچو کوڕان بوو بەدژی بڕیاری دیارکردنی چارەنوسێک کە بۆ خۆیان نەیان دەویست . کەوابو تێکۆشان بەدژی ئەودابو نەریتە نەشیاوانە لە کوردەواریدا هەر هەبوەو هیچ نەتەوەیەکیتر بەدیاری بۆی نە هێناوە. ئێستا کە زانست چۆتەسەرو کۆمەڵگا بەرەو ئازادیو چاوکراوەیی دەڕوا با بەشێوەیەکی ئەقڵانە ئەو دیاردەیە لەناو بەرێنو بەدیلی لە خۆی چاکتری لە جێدا بنێینو نەبینە داوەڵو بەدوای خەڵک دابڕۆینو لە ئوسولی ئینسانیش لانەدەین.
لەکۆتاییدا دەڵێم: ئێستا کە هەمومان هەستمان بەوە کردوە کە لە ڕابردودا لە ڕوی نەزانیو هێندێک جاریش لە بەر بێدەسەڵاتی ، جاریواش هەبوە لەبەر تاماعو چاو چنۆکی توشی هەڵەو پەڵان بوین با دانیان پێدا بێنینو پیانخەینە زبڵدانی مێژۆوە. داوام لەزانایان بەگشتیو زانایانی ئایینی بەتایبەتی ئەوەیە قۆلی هیممەتی لێهەڵماڵن، ئەو خڵتو خاڵو خوڕافاتو دەمارگرژیانە راماڵن ، کەڕامەتو کەسایەتی ڕاستە قینەی کچو کوڕو ژنو پیاو بپارێزن تا گەلەکەمان بەختەوەربێو ئەوانیش سەربەرز.
براتان مەلا برایمی مەجیدپور ٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٤ی کوردی
٢٨/١/ ٢٠١٥ ی زایینی.