دوای نیزیک بە بیست ساڵ چاوەڕوانی و وازهێنان لە خەباتی چەکداری، هێزەکانی رۆژهەڵات لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە بەرەو سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆیشتن و وەک لە راگەیاندراوی حیزبە کوردستانیەکاندا هاتووە ئەو جووڵانەوەیەی پێشمەرگەکان بە مەبەستی دەسپێکی شۆرشی نوێی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوبراوە
. ئەم بزاڤەی پێشمەرگەکان بەرەو سنوورەکانی رۆژهەڵات ئەگەر جووڵەیەکی کاتی نەبێت و بەشێک بێت لە ستراتێژیکی خەباتی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، ئەوە هەنگاوێکی بەجێ هەڵگیراوە. بۆ ئەوەی لەو ستراتێژیەدا سەرکەوتوو بین، بەر لە هەموو شتێک پێویستە بیر لە پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسی و نیزامی بکریت.
بە پێی ئەزموونی رابردوو، حیزبە کوردستانیەکان لە کاتی بوونی بالی چەکداری ناتوانن بە شێوەیەکی دێموکراتی ڵە گەڵ یەک مامەڵە بکەن و بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا نەبەنە چەک. بۆیە بۆ پێشگیری لە هەرجۆرە رووداوێکی نەخوازراوی بچووک و گەورە بەمەبەستی هاوکاری زیاتر پێویستە هێزەکانی کوردستان بەرەیەکی سیاسی و نیزامی پێک بێنن. بەخۆشیەوە هەموو هێزە رۆژهەڵاتیەکان کە دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن، بەرنامە و ئامانجی سیاسیان ئەوەندە لە یەک نیزیکە کە مرۆڤ زۆر بە زەحمەت دەتوانێت لێکیان کاتەوە. خاڵە هاوبەشەکانی رێکخراوەکان لە خاڵە جیاوازیەکانیان زۆرترن. ئێمە لەکاتێکدا کە خاوەنی دوژمنی هاوبەش و زۆربەی خاڵە هاوبەشەکانین دەبێ بتوانین پێکەوە کار بکەین. هەماهەنگیی ئێستای هیزەکانی پێشمەرگە و هێزە سیاسیەکانی کوردستان دەبێتە هۆی بەهێزتر بوونی خەبات و گەشەسەندنی متمانەی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا.
ئێمە دەبێ لە ئەزموونی تاڵی باشووری کوردستان دوای راپەرینی ١٩٩١ دەرس وەرگرین. ئەمرۆ بەچاوی خۆمان دەبینین کە بێ بەرەیی و دووبەرەکی چ بەڵایەک بەسەر خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان دێنن. هەر وەها لە ڕۆژئاوا هێزەکانی YPG بەزۆر و زۆرداری رێگە نادەن هێزەکانی دیکە بچنەوە و بەشداری شەڕی بەرگری لە خاکی کوردستان بن. بەداخەوە رەوشی رۆژهەڵات لەوانەیە زۆر لەو دووبەشە خراپتر بێت. ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵات بە ڕاستی لە بیری بەرژەوەندیەکانی کوردستانن (کە هەن) و دەیانهەوێ بە باشترین شێوە خزمەتی دۆزی گەلی کورد بکەن، دەبێ هەموو هەوڵەکانی خۆیان بۆ لێک نزیک بوونەوە، یەکگرتنەوە و سەئەنجام پێکهێنانی بەرەی کوردستانی بخەنە گەڕ.
ئەم هەوڵانەش دەبێ وێرای ئامانجدار بوون دەبێ مەودای کاتیشی بۆ دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی هەوڵەکان بە ئاکام بگەن و لایەنەکان نەکەونە شەڕی “فەرسوودەکردنی“یەکتر. ئەگەر جاران سەرۆک عەشیرەیەک، ژنراڵ و ئەفسەرێک بە سەرکوتی هەموو جیاوازیەکان و رەنگەکانی دیکە یەکیەتی نەتەوایەتی مسۆگەر کردبێت و نەتەوەکانی دیکەی پێکهێنابێت. جیهانی ئەمرۆ ئەو سەرکوت و یەکرەنگ کردنانە قبووڵ ناکات، بۆیە پەراوێزخستن و قبووڵ نەکردنی یەکتر چیتر ناتوانێت ببێتە بنەمای سیاسەتێکی نەتەوایەتی و سەرکەوتوو. ئێمە دەبێ هەموو جیاوازیەکان، هەموو رەنگەکان و جیاوازیە سیاسی و رێکخراوەییەکان وەک خۆیان قبووڵ بکەین و لەسەر ئەو بنەمایە بەرەو داهێنانێکی نوێ برۆین و یەکیەتی نەتەوایەتی لە سەر بنەمای جیاوازیەکانمان و دەوڵەمەندیە چەشنیەکانمان دامەزرێنین.
ئەمرۆ ئەگەر ئێمە ئەو کارە بەدڵخوازی خۆمان و لە رووی باوەڕەوە نەکەین، دوور نیە لە دوارۆژێکی نزیکدا پێمان بکەن. ئەوکات لەوانەیە زۆر درەنگ بووبێت و بەرژەوەندیەکانی نەتەوایەتی جێگای خۆیان بە بەرژەوەندی لایەنەکانی دەرەکی دابێت. لانی کەمی قازانجی ئەم هەنگاوە بە کورتی بە شێوەی خوارەوەیە:
١ . رزگاری هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پڕشوبڵاوی و بووژاندنەوەی رێکخراوەیی و حیزبی خۆیان.
٢ . پێشگیری لە قووڵبوونەوەی دووبەرەکیەکان و ریسکی تێکهەڵچوون و توندوتیژی چەکداری لە بەرامبەر یەکتر .
٣ . هێزی “کۆی رێکخراوەکان” لە “کۆی هێزی هەموو رێکخراوەکان” زیاترە، لەو روانگەیەوە بەهێزبوونی بزاڤی سیاسی رۆژهەڵات دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ کۆماری ئیسلامی و لە بەرامبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا پارێزراوتر دەبن.
٤ . قورسایی پێکەوەبوونی هێزەکانی رۆژهەڵات دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی نەتوانێت بە مەیلی خۆی مامەلە لە گەڵ باشووری کوردستان بکات و لە پێناو بەرژەوەندیەکانی یەک لایانەی خۆی حکوومەتی هەرێم بخاتە ژێر گوشار.
٥ . بوونی یەکگرتوویی و بەرەی کوردستانی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هێزی بەرگری و پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی خێراترکردنی قۆناغی نوێی خەبات.
٦ . بوونی بەرەیەکی هاوبەش و هاوکات گرنگی دان بە پرسەکانی کۆمەڵایەتی و پرسی بەشداری یەکسانی ژن و پیاو لە خەباتدا دەبێتە دینەمۆی بزاڤێکی سەرتاسەری و هەمەلایەنە کە پشتیوانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەدوای خۆیدا دێنێت.
بێگومان وەدیهاتنی ئامانجێکی وا کارێکی ئاسان نیە و جێبەجێ کردنی بەرپرسایەتیەکی وا بوێری، سینگفراوانی و ئەخڵاقی شۆرشگێری و نشتیمانپەروەری لە رێبەرایەتی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان داوا دەکات. ئێمە لە دەسپێکی قۆناغێکداین، کە ئاستی سەرکەوتن و شکست لەو قۆناغەدا بە گۆڕینی زێهنیەت و نزیکبوونەوەمان لە پرسەکان گرێدراوە.