ئەرکی سەرشانی هەر تاکێكی کۆمەڵگا و هێزە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرەکانی کوردستانە کە بەگشتی ڕێز بۆ ئیرادەی سیاسی
و حوکمڕانی گەلی کورد لە “باشوور” دابنێن و هۆکاری کێشە و ناسەقامگیری نەبین و هەتا ئەو جێگای بکرێ، بەهەموولایەك هەوڵی سەرخستن و بەئاکام گەیاندنی ئەو ئەزموونە گرینگ و فراوانە سیاسی و نیشتیمانیەی ئەو بەشەی کوردستان بدرێت. ئەگەر بێت و لەسەر ئەرزی واقیع بەهانە بدەینە دەستی داگیرکەرانی کوردستان، کە بەکردەوە بێن و بەنهێنی وەك پیشەی هەمیشەیان، لە زیانپێگەیاندنی نەتەوەی کورد لە هیچ شتێك سڵیان نەکردۆتەوە و سلێش ناکەنەوە. بائەوەشمان لەبیرنەچێت کە دوژمنی خوێن و خاك هەرگیز نابێتە دۆست و هاوپەیمانی کورد و ئەگەر بۆماوەیەکیش خۆیان واپێشانبدەن کە ئامادەی یارمەتی و هاوکرین بۆ کورد، بەدڵنیایەوە نەك بەدڵەوەیان نیە، بەڵکوو لە فیکری ئەوەیدان کە چۆن رووداوەنەخوازراوەکانی ڕابردوو بەسەر کورد دا دووبارەبکەنەوە و کورد لە کوردستان، بەدژی یەك سەنگەر بگرێتەوە. شەری خۆکوژی بەداخەوە دەبێت بەڵێین بوویە بە بەشێك لە کولتوری زۆربەی جووڵانەوە سیاسی و شۆڕشگێڕیەکانی گەلی کورد و لە لوتکەی سەرکەوتندا، بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆیەکانی تووشی شکەستبووە و، زۆربەبەشیان بە پیلان گێڕی نەیارانی کوردبووە. ئەو کاتەی کە دەسکەوتەکانی خەباتی سیاسی و نەتەوایەتی بەرچاو و گەورەدەبن، بەداخەوە مێژوو زۆربەی کات دووبارە و چەند بارەبۆتەوە و بە هۆی شەڕی کورد لە گەڵ کورد یان بەواتایەکی تر بلێن” براکوژی” یەوە دەسکەوتە بەدەست هاتووەکان کەبەرهەمی خوێن و فرمێکی چەندین ساڵەی ڕۆڵە بەوەجەکانی گەلی کوردە، بەهەدەر بچێت.
کورد ئەو ئامادەیەی تێدایە کە بۆ کێشە نێوخۆیەکانی پشت بە دوژمنی خوێن و خاك و وڵاتی خۆی ببەستێت، کەچی ئامادە نیە لە گەڵ خۆیاندا بە تەبای و برایانە و بەرێگای دیالۆگ و گفتوگۆی کراوەدا چارەسەری ناکۆکیەکان لە گەڵ یەکدیدا بکەن. رووداوەکانی شەنگالیش بەدڵنیایەوە بەدەرنین لەو کردە سیاسی و مێژووییەی نێو جووڵانەوەی سیاسی کورد. شەڕی براکوژی و سیاسەتی یەکتری شکاندن و قبووڵنەکردنی هاوسەنگی لایەنەکان و خۆبەگەورەزانین، هۆکاری بنەڕەتی سەرنەکەتن و تێکچوونی زۆربەی ڕاپەرین و شۆڕشی نەتەوایەتیەکانی خەڵکی کوردستان وێنادەکرێت.
خەریکە ئەو بووختانەی کە داگیرکەرانی بەشەکانی کوردستان بەڕێبەر و شۆڕشەکانیان کردەوە لە رابردوو و ئێستاشدا، کە زۆر جاران لێرە و لەوێ لە زمان دومنانی کوردەوە ئەوە گووتراوە کە” کوا کورد توانای خۆبەرێوەبەری و دەوڵەتداری هەیە و تەنانەت ئەو مەبەستە گونجاویش نین” بەکردەوە و هەڵسوکەوتەکانمان لە گەڵ یەکدیدا ناوەرۆکی بووختانی دوژمن بەدیدێنین. کاتێك سەیری مێژووی کورد دەکرێ، رووداوی ئەوتۆتاڵوناخۆشی تێدایە کە مرۆڤ بە خوێندنەوە و بیستنیان لەخۆی زویردەبێت کە بۆچی ئێمەی کورد بەوجۆرە ژیابین و ئەزموون لە ڕابردوو وەرنەگرین. جیاوازی سەلیقە و ڕەنگاوڕەنگی سیاسی و ڕێکخراوەی یەکێكە لە مەفهومە گرینگەکانی دێمۆکراسی و کۆمەڵگای پێشکەتوو، کاتێکیش لایەنێك بیهەوێت سنووری ئازادی ڕادەربڕین ببەزێنێ وبۆ بەرژەوەندیخۆی کەڵك لە چەمك و کرداری سیاسی و کۆمەڵایەتی وەربگرێ، بەدڵنیایەوە تایبەت مەندییەکانی دێمۆکراسی ڕەچاونەکردوە. هێزە تێکۆشەرەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبێت هاوکاری و پاڵەپشتی سەرخستن و بەرەوپێشبردنی ئەزموونی حومکرانی لە هەرێمی کوردستاندا بن. وشەی نەتەوەیی بوون و کوردستانی بیرکردنەوە هەر ئەوە نیە کە حیزبەکانی بەشەکانیتری کوردستان هەوڵی سەپاندنی هەژموونیان بەسەر “باشووری” کوردستاندا بدەن یان روونتر بڵێین چەند هێزێکی سیاسی خۆیان بەبراگەورەی ڕێکخراوەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بزانن و هەوڵی خۆزاڵکردن بدەن. دەکرێ لەکاتی تەنگانێ و پێویستدا وەك پێشمەرگەی کوردستان، بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی حکوومەتی هەرێم تێبکۆشین، بەڵام شتێکی شیاونیە لەسەر ئەو ئەساسە داوای گەورەترمان هەبێت و دەست بەخەینە نێوکاروباریانەوە و ئاواتی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بەدی بێت.
کاتێك حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ناوچەسنووریەکانی بەرەوقووڵای خاکی کوردستان چۆلکردن، زۆر گروپ و هێزی سیاسی پێیانوابوو، ئەو حیزبە توانەی شێوەکانی خەباتی نەماوە و بڵاو بەسٶڕشکرد. بەڵام لە کۆتاییدا هەموولایەك لەو ڕاستیە گەیشتن کە حیزب بۆچی دەست بەرداری خەباتی سیاسی و چەکداری لە نێوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان بووە. بەڵام ئێستا دەستی بە تێکۆشانی خۆی کردۆتەوە لە ژێر دروشمی”ڕاسان” دا لە ناوچەسنووریەکانەوە و ئەگەر ڕۆژێك بەرژەوەندی گشتی نەتەوەی باشوور بخوازێ، بەدڵنیایەوە ئەو تێکۆشانە پێیدەنێتە قۆناخێکیتر کە کورد تێیدا زیانی پێنەگات. گەلی کورد بەگشتی و هێزە سیاسیەکانی بەتایبەتی دەبێت بەو نەتیجەیە گەیشتبن کە کۆتایی هەموو ئاڵۆزی و بارگرژییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڕێگای دیالۆگ و دانیشتن و لێك تێگەیشتندا چارەسەردەکرێ. دکتۆر قاسملوو هەمیشە ئەوەی دووپات دەکردەوە کە ” گەلی کورد شەڕ بۆ شەر ناکات، بەڵکوو شەڕ لە پێناوی ئاشتیدا دەکات” واتە ئەگەر شەریش رووبدات، کۆتایەکی هەر دەبێتە ئاشتی. هەربۆیە نابێت شەری براکۆژی بۆجارێکیتر بەردەرگای ماڵی گەورەی کورد بگرێ و هەموومان دەبێت نەفرەتی لێبکەین و بە سەرکردە و ڕێبەرانمان بڵێین نابۆ شەڕی براکۆژی.
محەممەد سلێمانی
06.03.17