Hoppa till innehåll
Hem » تاڵەبانی لە ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتوور قاسملوو دا لە تاران چیدەکات؟!، عارف شێخ ئەحمەدی

تاڵەبانی لە ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتوور قاسملوو دا لە تاران چیدەکات؟!، عارف شێخ ئەحمەدی

ڕۆشنبیرانی سەیر و سەمەر، خۆش باوەڕ، سانسۆڕچی و دواتریش پڕ ئیدیعاین و باوەڕیشمان بە ئازادیی تاک و کۆ هەیە. ڕەخنە دەگری دەنگت ناگاتە خوێنەر، ڕێز دەگری دەڵێن ترسنۆکی،jelal-talebani-laricani-

باوەڕت بە سەربەخۆیی هەبێت دەڵێن دوای ڕیفراندۆمەکەی بارزانی کەوتووی، گازندە لە کات و ساتی ڕێفراندۆم و باروودۆخی سیاسی هەرێم بگیرێت، دەڵێن دژی سەربەخۆیی کوردستانی و نەیاری خەونی مێژوویی نەتەوەی کورد و بابەتەکەت بڵاو نابێتەوە، بە مقەستی سانسۆڕ دەکرێتە قوربانی کلیک ڕاستێک.

بۆیە بە کورتی باوەڕم وایە لە ئێستادا هیچ سەربەخۆییەک لە هیچ میدیایەکی کوردیی دا بەدی ناکرێت.

لەم ماوەیەدا بابەتێکم نووسی کە پەیامێک بوو بۆ مەسعوود بارزانی و لێرەدا ئیتر درێژە بەو باسە نادەم، بەڵام ئەوەی سەیر و سەمەر بوو دوو سایتی کوردیی بابەتەکەیان بڵاو نەکردەوە، هەریەکەش بە پاساوێک کە ئەوی دیکەیان پێچەوانەکەی گوتبوو.

دوکتوور قاسملوو دەڵێت: ”نەتەوەیەک ئازادیی بوێت دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدات”

داخی گرانم ئیتر قاسملوو لە ناومان دا نەماوە تا بە باوەڕی جوان، ڕێک و پێک و سەردەمیانەی خۆی ڕوونمان بکاتەوە کە چۆن دەکرێت ڕێز لە ڕای جیاواز بەرانبەرەکەت بگیرێت و ناکرێت بە هەر دەروێش و سۆفیەک بگوترێت قەڵەندەری سەر سڵامەت. بەڵێ کورد گوتەنی لە گوندێک دا مەلا نەبێت بە کەڵەشێر دەڵێن بلقاسم.

کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووم هەموو ساڵێک و لە ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتوور قاسملوودا، ڕێژیمی قەبرپەرستی شیعە هەوڵیدەدا بە هەر شێوەیەک بۆی بکرێت پێش بە وەخەبەر هاتنی هاوڵاتیانی کورد بگرێت کە چ ڕێبەرێکی کاریزما و سەردارێکیان لە دەست داوە، پیاوێکی قارەمان و خۆنەویست، قسە خۆش و بیرمەند و بە ئیرادە و لە هەمان کاتیشدا بێ سنوور ئاشتی خواز.

دەنگ و ڕەنگی ناوەندی سنە و ڕادیۆی مهاباد بە بڵاوکردنەوەی گۆرانی و سروودی شاد و هەڵپەڕکێ سووکایەتیان بە خەڵکی کورد دەکرد و فڵان و فڵان گۆرانی بێژ بە جلی کوردیەوە کۆڕی شادیی دوژمنیان خۆش دەکرد.!

بێ هیچ گومانێک، کەس نیە حاشا لە ڕادەی زانستی سیاسی و ئابووریی و زمانزانی و توانایێەکانی دیکەی دوکتوور قاسملوو بکات، بەڵام ئەو سیفەت و خەسڵەتە بەناوبانگەی هەموو دۆست و دوژمن قاسملووی پێ پێناسە دەکەن ئەوەیە کە تاوەکوو لووتکە باوەڕی بە ئاشتی هەبوو و پابەند بوو بە قەول و بەڵێنی خۆی لەمباریەوە. بەقەدەر ئەوندەی گیرفانی تێیدا بوو سەودای دەکرد بۆ نەتەوەکەی، بەڵام بۆ ئەوەی کەس خوێن لە لووتی نەیەت و سەربەستی بۆ نیشتمانەکەشی بەدیبێنێت حازر بوو گیانی خۆی فیدا بکات و بە کردەوەش سەلماندی بۆ خەڵکی کوردستان.

لەم ڕۆژانە دا ئەوی جێی داخە بۆ ئێمەمانان، هەست دەکرێت خەریکن لە ساڵڕۆژی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە دا بە سەفەرێکی ناوادە برینمان دەکولێنەوە و ئازارمان پێ دەگەیێنن. ئەمساڵ ڕێک لەبەرانبەر ئەو ڕۆژەدا (۱۳ی جوولای ۱۹۸۹) و لەو ڕۆژەدا ڕۆژی کە ئەو پیاوە قارەمانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی ڕەشی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کرا، سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەلال تاڵەبانیان بەوپەڕی نەخۆشی و ناساغیەوە ناردووە بۆ تاران تاوەکوو دەگەڵ ئاڕمانە ڕەشەکان و فتوای جیهاد و کوردکوژی خومەینی دا پەیمان نوێ بکاتەوە.

گوێم لە لاهووری شێخ جەنگی بوو کە داخ و پەژارەی خۆی بۆ حاڵ و وەزعی باشووری کوردستان و سیاسەتی بارزانی دەردەبڕی کە سوپای تورکیای تا سۆران هێناوە، کەچی باسی مامی خۆی نەدەکرد کە بەوپەڕی نەخۆشیەوە لە ڕۆژێکی ڕەشدا گەیشتووەتە تاران لە کاتێک دا کوردی ڕۆژهەڵات ماتم دەگێڕن بۆ شەهید بوونی کەڵە پیاوێک کە قوربانی سیاسەتی تیرۆری ڕێژیمی کۆماری ویلاێەتی فەقێیە.

خۆزگه تەنیا بەچاوێک شیکاریمان بۆ ڕەفتارێکی سیاسی کەس و لایەنێک نەکردبایە و لەنیکەم دەگەڵ خۆمان ڕووڕاست تر قسەمان بکردایە.

باشە چ پێویست بوو لە وەها ڕۆژێکدا جەلال تاڵەبانی بچێتە تاران و بە زمانی ئیشارە قسە بکات؟!

کەس نیە لە سەرکردەکانی یەکێتی بپرسێت کە چ پاساوێکتان بۆ ئەم هەڵە و ڕەفتارە قێزەونەتان هەیە؟! خۆ دوکتوورەکانی تاران لە ستافی نەخۆشخانەکەی بەرلین شارەزاتر نین بۆ عیلاجی نەخۆشی تاڵەبانی، کەوابوو جیا لە زیندووکردنەوەی مەتەڵێک کە خۆشتان وڵامەکەی دەزانن تاڵەبانی بۆ گەیشتە تاران وڵام بدەنەوە…

لینکی ڤیدێو: دانیشتنی جەلال تاڵەبانی دەگەڵ لاریجانی بەرپرسی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێران

ڤیدیۆ 

 

هەموو نووسەرانی سایتی پێشمەرگەکان، خۆیان بەرپرسن لە نووسینەکانیان