بۆ گشت پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان؛
بۆ گشت یاساناس و دیپلوماتە کوردستانییەکان؛
بۆ گشت کەسایەتییە دیارەکان و ڕووناکبیران؛
هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن کە شەپۆلی گۆرانکارییەکان لە ئێران و ناوچەکانی نەتەوە بندەستەکان بە کوردستانیشەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت. هەموو نەتەوەیەک خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ هەر ئەگەرێکی پێشهاتوو.
بۆ ئەوەی ئێمەی کوردیش لە هەر ئەگەرێک کە لە ناوچەکە ڕووبدات، یا بڵێن ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی ئیستا و گەرانەوە بۆ ناوخۆی وڵات. بۆ ئەوەی نا ئارامی و بێ یاسایی بۆ ماوەیەک دەست بە سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نەگرێت، بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆیی یا براکوژی سەرهەڵنەدات، بۆ ئەوەی دام و دەزگاکانی ڕاپەڕاندنی ژیانی رۆژانەی خەڵک پارێزراوبێت، یا بۆ ئەوەی گروپی مەترسیدار دزە نەکاتە ئەو ناوچانە و هەڵەکانی ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٨٠ دووبارە نەبنەوە، پێشنیاری دروستکردنی حکومەتێکی کاتی بۆ ماوەی ٦ مانگ لە تاراوگە دەکەم، کە ئەو حکومەتە یاساییەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی شار و ناوچەکانی کوردستانی پەسەند بکات.
لە کاتی گەرانەوە بۆ ناوخۆی وڵات، ئەو یاسایە تا دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن لە ماوەی ئەو ٦ مانگە ئیدارەی وڵات بەڕێوە ببات.
تکایە ئەو لایەنانەی کە خۆیان زیاتر بە بەرپرس و حیزبی دێرینی ناوچەکە دەزانن زیاتر هەنگاو بۆ ئەم ئەرکە گرنگە هەڵگرن. بە دڵنیایەوە گەرانەوەمان بۆ وڵات بە دەیان گروپی هێزی پێشمەرگەی جیاوازەوە، بە دەیان ئیدارەی جیاواز لە شار و ناوچەکاندا، بێزاری خەڵکەکە چەندە بەرامبەر بە داگیرکەری ئێرانی هەبووە بەرامبەر بەو وەزعەش دێتە پێشەوە، و هەرگیز گەل پێشوازی لەو جۆرە گەڕانەوە ناکات. هەڵبەت ئەزموونەکانی هەردوو باشوور و رۆژاوای کوردستانمان لە پێشن و دەتوانین چەندین وانەی باش لە هەڵە و کەموکورتییەکانیان وەربگرین.
هەر لەو پێوەندییەدا: ئەگەر لایەنەکان بە دەنگ بانگەوازەکەمانەوە بێن: ئامادەیی خۆم پێشاندەدەم بۆ ئامادەکردنی کۆبوونەوەی یەکەم و ئەرکی پەزیرایی و شۆێنی مانەوە دەگرمە ئەستۆ، ئیتر لە دەستپێکی یەکەم کۆبوونەوە بریاری کارەکان لە سەر پێشنیاری هەموو لایەک دەبێت.
بەڕێزەوە
عارف باوەجانی
سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.
١٣ی بەفرانباری ٢٧١٧ی کوردی. بەرامبەر بە ٣/١/ ٢٠١٨ی زاینی.