"an independent online kurdish website

هەروەکوو هەموو لایەک ئاگادارن لە رۆژانی داهاتوودا کۆنگرەی شانزدەیەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەست بە کارەکانی خۆی دەکات.

لەم کۆنگرەیەشدا و بە پێی سروشتی کۆنگرەکانی پێشوو کۆمەڵێک باس و بابەتی پەیوەندیدار و گرینگ لە رۆژەڤی خەبات و تێکۆشانی حیزبدا و داڕشتن و پەسەند کردنی بەرنامە و ئامانجەکانی حیزب تا کۆنگرەی دواتری دەکەونە بەرنامەی کاری کۆنگرە. لە کۆنگرەی ئەمجارەدا کە درێژەدەری دوو کۆنگرەی پێشووتری خۆی واتە کۆنگرەی چواردە و پانزدەهەمە، باسی یەکگرتن و مامەلەکردن لە گەڵ لایەنی جیابووەی دوای کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزب، دیسان دەبێتە بەشێک لە سەرنجڕاکێش ترین بەشی بەرنامەی کاریی کۆنگرە. بەڵام بە پێی ئەم باس و لێدوانانەی هەردوو لایەن کە ئەمساڵ لە سەر یەکگرتنەوە کراوە، ئەم بەشەی کاری کونگرە حەساسیەتەکی تایبەتی دەبێت. هەم چاوەڕوانیی بەدەنە و هەم چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستان و یاران و دڵسۆزانی حیزب بە نیسبەت یەکگرتنەوەی ماڵی دێموکرات حەساسیەت و گرنگیی ئەم کۆنگرەیە چەند قات دەکەن.

لە بواری یەکگرتنەوەی ماڵی دێموکرات و لەم کۆنگرەیەدا تا ئەو جێگایەی کە من هەست پئ دەکەم دوو رەوتی فیکریی جیا و بە دوو تێزی جیاوازەوە دەچنە ناو کۆنگرەوە. لەم بوارەدا ئەو رەوتە فیکرییەی کە باسی بە فەرمی ناسینی لایەنی جیابووە دەکات و بە پاساوی بەفەرمی ناسین رێخۆشکەرە بۆ یەکگرتنەوە زیاتر سەرنجی راکێشاوم. بۆیە من لێرەدا وەکوو لایەنگرێکی یەکگرتنی بێ ئەملا و ئەولای حیزب ،لە دوو بواری جیاوازەوە لێکدانەوەی خۆم بە گوێرە تیگەیەشتن و زانیاریی خۆم هەم لە بواری یاسایی و هەم لە بواری ئوسول و پڕەنسیپە حیزبیەکانەوە لێکدابڕان و بەفەرمی ناسین باس دەکەم.

١ـ جیابوونەوەو پرسی مەشرووعییەتی یاسایی

پێویستە بەر لەوەی کە باس لە مەشرووعیەت بکرێت، ئاماژە بە یاسایەکیش بکرێت کە مەشرووعیەت دەدات تا وەکوو ئەو مەشرووعییەت هیزی یاسایی وەرگرێت و بە یاسایی بناسرێت، دەنا مەشرووعیەتێک کە یاسا لە پشتی نەبێت ناتەواوە. لێرەدا باسێکی دیکە خودی یاسا و چۆنیەتیی یاسادانانە کە پێویستە شی بکرێتەوە. کە باس لە یاسا دەکرێت ئەسڵێکی هەرە گرینگ هیزی یاسایی یە کە دەبێت بەر لە هەموو شتێک رەچاو بکرێت. بە گوێرەی ئەم ئەسڵە، ناوەندەکانی یاسادانان بە پێی گرێنگی و دەسەڵات پلە بەندی دەکرین و هەر یاسایەک کە پەسەند دەکرێت هێزی خۆی لە دەسەڵاتی یاسایی ئەو ناوەندە وەردەگرێت کە لێی دەرچووە. هیزی یاسایی هەر یاسایەکیش تا دەگاتە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی یاسادانان، سنووردارە و تەنیا لەو چوارچێوەیەدایە کە ناوەندی سەرەکیی و پلە یەکی یاسادانان بۆی دیاری کردووە. هەموو یاسایەک کە لە هەر ناوەندێکی یاساییەوە دەردەچن، تەنیا لە لایەن خودی ناوەندەکەوە و لە لایەن ناوەندە یاساییە پلە بەرزەکانی دیکەوە هەڵدەوەشیندرێن یاخود ئاڵوگۆڕیان بە سەردا دێت. واتە هیچ ناوەندێکی پلە نزمی یاسایی توانایی ئالوگۆڕ یان هەلوەشاندنەوەی یاسایی ناوەندێکی پلە بەرزتر لە خۆی نیە. لە لایەکی دیکەوە و بە پێی هەمان ئەسڵی هێزی یاسایی، هەموو یاساکان لە ناوەندە پلە بەرزەکانەوە دەردەچن و لە لایەن ناوەندە پلە نزمەکانەوە جیبەجێ دەکرێن. لێرەدا یاسایی گشتی یان بنەڕەتی هەیە کە خاوەن بەهێزترین پلەی یاساییە کە لە دەسەڵاتی بەرزترین ناوەندی یاسادانان دایە. وەکوو نموونە، بەرزترین ناوەندی یاسادانان لە هەر حیزب و رێکخراویکدا، کۆنگرەیە و یاساکانی لە چوارچێوەی بەرنامە و ئەساسنامەی هەمان حیزب و رێکخراودا دەردەکەون.

بە لە بەرچاوگرتنی ئەم دەستپێکە هەوڵدەدەم کە هەبوونی قەیران لە مەشروعییەتی یاسایی باڵی جیابووەی حیزبدا بێنمە بەر باس.

ئەم هاوڕێیانە هێشتا لە نێوان دوو بەرداشتی جیاوازی جیابوون و لەتبووندا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، کە لە هەر دوو حاڵەتیشدا مەشرووعییەتی یاسایی وەرناگرن بۆ ناوی “حدک” کە بۆ خۆیان هەڵبژاردووە، بۆ چی:

١: لە حالەتی لەتبووندا:

ئەگەر کە بڕوانینە بەیاننامە و لێدوانەکانی دوای بە قەوڵی خۆیان لەتبووندا، ئەوان لە سەر ئەو ئیدعایەن کە باڵێکن لە حیزب و جیابوونەتەوە. لە هەمان کاتیشدا لە هەموو لێداوانەکانیاندا باس لە کەمینە بوونی خۆیان دەکەن لە حیزبدا ـ هەڵبەت ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە هەم لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندی و هەم لە بەدەنەشدا کەمینە بوون و بۆ سەڵماندی ئەو ئیدعایەشم پەنا دەبەم بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزب ـ . لێرەدا ئەو راستیەش حاشاهەڵنەگرە کە نە بە پێی عورف و نە بە پێی یاسا لە هیچ رێکخراو و ئۆرگانیزاسیۆنێکدا کەمینە نە دەتوانێت و نە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بە تەنیایی بڕیار بدات و یاسا دابنێت، چ بگات بەوەی کە مەشرووعیەتی گرتنی کۆنگرە و دانانی ناو و دەرکردنی یاساو و بڕیار و سیاسەتگوزاری و داڕشتنی ستراتێژی بدات بە خۆی. هەڵبەت یاسا پلە بەرز و گشتیەکان مەبەستە و دانی گەڵاڵە و پێشنیار شتەکی دیکەیە. کە وابوو مەشرووعییەتی ئەمان لە کوێی یاسا دایە.

٢: لە حاڵەتی جیابوونەوەدا:

لەو حاڵەتەشدا ئەو راستییە یان بڵێین گریمانەیە هەیە کە لایەنی جیابووە بەو ئاکامە گەیشتووە کە درێژەدان بە کار و تێکۆشان لە ژێر سێبەری یاسا، ساختار، دروشم، ستراتێژی و ناوو و ناوەرۆکی ئەم رێکخراوەیەدا لە گەڵ بیر و باوەڕ و هزری سیاسیی ئەوان ناگونجێت و قبوڵیان نیە بۆیە ناچارن بە جیابوونەوە. کە لە دوای جیابوونەوەشدا ئەوان مافیان بە سەر رابڕدوو، هێما، یاسا، دروشم و ستراتێژی و … ئەو رێکخراوەیەدا نیە، چوونکە هەر وەکوو ئاماژە پێکرا ئەوان بەوە گەیشتوون کە لە گەڵ چوارچێوەی ساختاری و سیاسیەت و….. ئەم حیزبەدا ناگونجێن. ئینجا دەکرێت یان رێکخراوێکی جیاوازی دیکە پێک بێنن یا بۆ یەکجارەکی واز لە کار و چالاکیی خۆیان لەو بوارەدا بێنن. وەکوو نموونە دەکرێت ئاماژە بە جیابوونەوەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق بکەین.

ئەوان لە جیابوونەوەشدا کەمینە بوون و دەبێت ئەو ئەسڵە قبوڵ کەن تەنانەت ئەگەر بێت و خۆیان بە خاوەنی ئەم رابڕدوو، یاسا، هێما، دروشم، ستراتێژی و ناوەرۆکەش بزانن، دیسانەکە لە بەر کەمینە بوونیان مەشرووعییەتی یاسایی وەرناگرن. و ئەگەریش بیهانهەوێت مەشرووعییەتی خۆیان لە چوارچێوەی همان یاسا، دروشم، ستراتێژی و ناوەرۆکدا بیسەلمینن، پێویستە کە پشت بە بەڵگەی یاسایی بەهێزترەوە ببەستن.

ئیجا ئەوان کە ئیدعای ئەوە دەکەن کە حیزبێکی مەشرووعن و ناوی “حدک” یان بە پاراستنی هەمان هێما، یاسا، دروشم و ستراتێژی و … هەڵبژاردووە، کامە بەڵگەی یاسایی لانی کەم لە دوایی کۆنگرەی سێهەمی حیزبدا بەردەست دایە کە ئەوان بە خاوەنی ئەم هێما و دروشمانە بزانێت. هەموومان لەوە باش ئاگادارن کە دوای جیابوونەوەی رێبەرایەتیی شۆڕشی ٤٦ و ٤٧ دا و پڕش و بڵاوبوونی باڵی ئەحمەد تۆفیق، زۆرێنەی پێکهاتەی حیزب ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی لە گۆنگرەی سێهەمی حیزب دا بڕیاریاندا کە بە پاراستنی رابردووی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێراندا درێژە بە تیکۆشان بدەن کە ئەمەش کارێکی یاسایی بوو، چوونکە هەم زۆرینەی پێکهاتەی حیزب بوو و هەمیش لە چوارچێوەی کۆنگرەدا بوو کە بەهێزترین ناوەند یان ئۆرگانی یاسادانی حیزبە. بەڵام ئەم هاوڕێیانە کە کۆنگرەی دوای جیابوونەوەشیان گرت لە کەمینە دا بوون. چوونکە باڵی زۆرینە و پێکهاتەی سەرەکیی حیزب هەر لە سەر جێی خۆی مابوو.

کەوابوو ئەوان ناتوانن خاوەنی رابردوو، هێما و بوونەکانی حیزبێکی دیکە بن. چوونکە لە دوای کۆنگرەی سێهەمدا هەموو رابردوو، هیما، بوونە حیزبییەکان و … بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوە تۆمار کراون و هەموو بەڵگە یاساییەکانیش لە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەوە بیگرە کە پڵە بەرزترین ناوەندی یاسادانی حیزبە هەتا بچووکترین ئۆرگانی حیزبی و تەنانەت کارتی پێناسیش کە بە ئەندامەکان دراوە و شەهیدان و قارەمانیەتی و حەماسەکان …. ، بە ناو و هێمای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوە سەبت کراون و جێگای پەسەندی هەموو ئەوانە بووە کە ریزەکانی ئەو حیزبەیان بۆ خەبات و تێکۆشانیان هەڵبژاردووە. هەتا ئەوکاتەش کە مامۆستا حەسەن زادە بۆ خۆی سکرتێری گشتیی حیزب بووە، هەموو لێدوان و واژووەکانی بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوەن. نموونەی هەرە زیندوو کتیبی نیو سەدە تێکۆشان، بەرهەمی خودی مامۆستایە.

لێرەدایە کە ناتوانی پشت بە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی بۆ دانی مەشرووعییەتی ئەوان لە ژێر ناوێکدا کە لە سەر خۆیان داناوە ببەستی و مەشرووعییاتیان بیبەیە ژێر سێبەری یاسایەکی گشتگیر. تەنانەت بەکارهێنانی هێماکان و بەڕێوەبردنی رێورەسمەکانیشیان هاوکات و هاوتەریب و بە هەمان مەبەستەوە کە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوە بەڕێوە دەچن ــ تەنیا لە بوونە نەتەوەییەکاندا نەبێت کە خەڵک بە گشتی خاوەنداریەتییان دەکەن و هەموو هێز و لایەنێکی دیکەش پێوە پایبەندن ــ دوورن لە عورف و یاسا. ئینجا چ بگات بەوەی کە ئەوان بە هی خۆیان بزانن.

٢ـ لێکەوتەکانی بەفەرمی ناسین

هەروەکوو لە دەستپیکدا باسم کرد لە کۆنگرەی ئەمجارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، لایەنیک یان رەوتێکی فیکری شکڵی گرتووە کە بە فەرمی ناسینی هاوڕێیانی پێشوویان وەکوو پاساو بۆ ریگا خۆش کردن لە بەر یەکگرتنەوە دێنن. ئەمەش لە کاتیک دایە کە شەری بە فەرمی ناسین ئەمە زیاتر لە دە ساڵە لە لایەن هاوڕییانی پێشووە دەکرێت و لە لایەنی حدکاوەش تا ئێستا بە جددی دژایەتی کراوە. لە لایەکی ترەوە هەم لە ناو بەدەنە و هەم لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە یەکگرتنی ماڵی دێموکرات بە بێ مەرجی دەست و پاگیر، چاوەڕرانی دەکرێت و کاریش لە سەر دەکرێت. دەمەویت لیرەدا سەرەڕای ئەوەی کە ئەم فیکرە بە قازانجی یەکگرتنەوەی ماڵی دێموکرات نابینم، بە کورتی لێکەوتەکانی دوای بەفەرمی ناسینی ئەم هاوڕێیانە بکەم.

یەکەم پرسیار کە لە رەوتی لایەنگری بەفەرمی ناسین دەکەم ئەوەیە کە ئەوان بە چ ناوێکەوە هاوڕێیانی پێشووی خۆیان وەکوو حیزب بە فەرمی دەناسن؟

ئەوەی کە تا ئێستا لە هاورێیانی پێشوو بیستراوە و لە لایەن خەڵک و حدکاوە جێگای مشت و مڕە، بە فەرمی ناسینی ئەوانە لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان. واتە حیزبیکی سیاسیی سەربەخۆ و خاوەن قەوارەیەکی جیا. لیرەدا پێویست دەکات کە بە سەرنجدان بە بەشی یەکەمی باسەکە. چەند خاڵیک باس بکرێت:

١ـ ئاشکرایە کە لایەنی جیابوو لە حدکا چاک لە بنەما یاساییەکان تێدەگەن و دەزانن کە لە کەمینەدان ناتوانن لە ژێر ئەم ناوەدا مەسرووعیەت وەرگرن، بۆیە پێویستیان بە بڕیاریک لە دەسەڵاتێکی خاوەن پلەی بەرزەوە کە کۆنگرەی حیزبە، هەیە کە مەشرووعیەتی یاساییان پێبدات، هەر بۆیەش کایەکە دیننە مەیدانی ئێوە.

٢ـ مەسەلەی هێما، سیمبۆڵ، بەرنامە، دەستکەوتەکان و مێژووی حیزبە دوای بە فەرمی ناسین. چوونکە لێرەدا باس لە دەسەڵاتی پلە بەرزی یاسایی دەکرێت و بەشداریی زۆرینە.

هەر وەکوو پێشتریش باسم کرد لە کۆنفرانسی سێهەم و دواتریش لە کۆنگرەی سێهەم بەولاوە، سەرەکی ترین ناوەندی بڕیاردانی حیزب کە لە زۆرینەی ئەوکات و تا ئێستای پێکهاتەی حیزب پێکهاتبوو، ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی لە سەر بنەمایی ئوسوولی بە پاراستنێ هەموو دەستکەوتەکان و هێما و مێژوو و سیمبۆڵ و … هتد، گۆڕی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. پرسیک کە مەشرووعیەتی یاسایی لە پشتەوەیە و هیچ بەربەستیک لە بەرانبەردا نیە. دیسان ئەمە کۆنگرەیە و ئەو رەوتە فیکرییە دەیهەوێت بەرانبەر هێزە سایی زۆرینەوە و لە ناوەندی پلە بەرزی یاساییدا خۆی بنوینێت و دەیهوێت پشتگیریی یاسایی بۆ بە فەرمی ناسین وەربگرێت، بەڵام پشتگیریی یاسایی و پەسەند کردنی بڕیارێکی لەم چەشنە بەپێچەوانەی کۆنگرەی سێهەم بە تەواوی ئاستەنگە بەرانبەر مەشرووعیرت ، مێژوو، هێما و … هتدی حدکادا. ئەگەر بێت و ئەوان بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە فەرمی بناسرین و لە کۆنگرەدا پەسەند بکریت، ئەمە واتای ساغ کردنەوەی قەوارەیێکی سیاسیی سەربەخۆدەگەینێت و بە پیی ئوسوول ئەوان(هاوڕییانی حدك)دەبیت بگەڕینەوە قۆناغی بەر لە لەدایکبوونی حدکا و ئێوەش لە ساڵی ١٣٥٣ی هەتاویدا خۆتان تۆمارکەن. لەبەر ئەوەی ناکریت تۆ حیزبیک بە فەرمی بناسیت و خۆت بە خاوەنماڵی بزانی. ئەمەی ئاشکرایە، لە لۆگۆی حیزبەکەتەوە بگرە تا ناوی پێشمەرگە و کۆمار و پێشەوای سەرۆک کۆمار و …هتد، تا بەر لە کۆنگرەی سێهەم بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان تۆمار کراون. هەر وەک لە بەشی یەکەمی باسەکەمدا باسم کرد دوای کۆنگرەی سێهەم هەموو کارو کردەوە و دەستکەوتەکان بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە تۆمار کراون و لایەنی جیابوو هیچ مافێکی لە بەکارهێنانیاندا نیە. ئینجا کە ئیوەش دێن لەو کۆنگرەیەدا دووبارە حیزبی دێموکراتی کوردستان ساغ دەکەن و بە فەرمیش دەناسن، دەبی ئەمەتان لە بەرچاو بیت و ئەوانەی باسم کردن لە هێما و مێژوو و … رادەستی ئەوان بکەن و سەر لە نوێ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێکهاتە و قەبارەیەکی نوێدا پیناسە بکەن و هێلی خەبات و تێکۆشانی خۆتان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان جیا بکەن.

دوایی قسەم ئەوەیە کە تۆ ئەوان بە فەرمی دەناسی و مەشرووعیەتیان پێ دەدەی، ج گەرەنتی یان پێویستیەک لە لایەن ئەوانەدە دەبینی کە لە گەڵ تۆ یەک بگرێتەوە. ئەوێس کاتیک کە هەوڵ و شەڕی دەساڵەی خۆیدا لە بەرابنەر تۆ سەر کەوتووە و ئێستاش بە فەرمە بە قەبارەیەکی سیاسی تەنانەت لە لایەن تۆشەوە ناسراوە.

لەم حاڵەتەدا سەرەڕای لە دەستدانی بەشی گرنگی بناخەی مێژوویت، ئەمجارەیان تۆ دەبێ مڵکەچی مەرجەکانی ئەوان بی بۆ یەکگرتنەوە و ئەوان تەنها لە پێکهینانی بەرەیەکی یەکگرتوودا مامەلەت لەگەڵ دەکەن کە ئەویش واتای لەباربردنی هەموو هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامان، خەڵکی کوردستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردی و حیزبی دێموکرات دەگەینیت.

لە کۆتاییدا هیوادارم کە هەردوو لایەنی حیزب بە رۆحێکی نیشتمانی و شۆيشگێڕانەوە لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و خەباتی رزگاریخوازیی گەلی کورددا و بە بازدان لە پرسە لاوەکیەکاندا یەکبگرن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی