"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: دەستدرێژی و تاوانەکانی سپای تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام درێژەی هەیە.


لە دەسپێکی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام سەرەڕای ئەوەی کە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانیان تۆپباران کردووە و جەنایەت و تاوانی خولقاندووه، بەڵکوو بە مووشەک بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتیان مووشەکباران کرد و لەو کردەوە تێرۆریستییەدا ژمارەیەک کادر و پێشمەرگە شەهید بوون.

ڕۆژ سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، تۆپخانەکانی سپای پاسداران، بۆ جارێکی دیکە بەرزایییەکانی حاجی عومەران لە سنووری شاری پیرانشاریان، کردە ئامانجی خۆیان. لەو تۆپبارانەدا خەسارەتێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشت و بەشێکی بەرچاویش لە لەوڕگەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتاون.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان جارێکی دیکە ڕێژیمی ئێران تۆپبارانی ‌بارەگە سنوورییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی دەست پێ کردەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کاتژمێر ١١ی سەر لە بەیانی لە ناوچە سنوورییەکانی چۆمان و سیدەکان، ڕێژیمی ئێران تۆپبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لەم ناوچانە دەست پێ کرد.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۳ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ۷:۳٠، هێزێکی دژی گەلی سپای پاسداران، کە بۆ ئەزیەت و ئازاری خەڵک لە شاخی شاهۆ و بناری سەردەرە لە حاڵی گەشت دابوونه، کەوتوونەتە بەر پەلاماری هێزێکی شۆڕشگێڕ و لەو تێکهەڵچوونەودا، دوو پاسداری ڕێژیمی ئێران کوژران و ژمارەیەکیان بریندار بوونه.

دوای ئەو ڕووداوە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەم ناوچەیە بڵاو بوونەوە و شوێنی ڕووداوەکەیان بە چڕی تۆپباران کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی  ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی توندیان بە تۆپ و خومپارەباران بە هاوکاریی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان کردە سەر ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە سنوورەکانی پیرانشاری رۆژهەڵات و چۆمان و سیدەکانی باشووری کوردستان.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکی دیکە بە تۆپ، کاتێۆشا و خومپاره ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووریان بە توندی کردووەتە ئامانج.

 تۆپخانەکانی ڕێژیمی ئێران بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان بە چڕی تۆپباران کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، جارێكی تر ڕێژیمی جەنایەتكاری ئێران، تۆپخانەكانی وەگەڕ خست و ناوچە سنوورییەكانی حاجی عۆمەران و بەربەزینی هەرێمی كوردستانی تۆپباران كرد؛ لەو هێرشە نامرۆڤانەیەدا وێڕای زیانگەیاندن بە سروشتی ئەو ناوچانە دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران شەهید بوون.

 سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ١٠ و ٤٥ خولەکی سەرلەبەیانی کۆماری تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی فڕۆکە و مووشەک بنکە و کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی کردە ئامانج و زۆر بە چڕی و بەربڵاوی بۆردوومانی کرد.

لەو کردەوە تێرۆریستییەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ٢ شەهید و ٣ برینداری دا.

لەدرێژەی کردەوە دژی مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و پاش مووشەکبارانی ۱۷ی خەرمانانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە، ڕۆژی یەکشەممە ۸ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی  هەتاوی کاتژمێر ۱۲ی نیوەرۆ، کۆماری ئیسلامی لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، شاخی کۆدۆی بۆردوومان کرد کە وێرای زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە، پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندار بوو.

لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆی وڵات دەستیان بە چالاکی کردووە و ڕێژیمی ئێرانیش بە بیانووی بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکات.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی