بەپێی پێناسەکردنی “سێسیل هێلمەن” Cecil Helman زانای ئەفریقایی باشوور، کولتوور،چاندیان فەرهەنگ“سیستمێکە لە ڕێسا و نەریت و عادەتگەلێک کە دەبێتە هەوێن
و ڕێنوێن بۆ پێکەوەژیان و هەڵسووکەوتی مرۆڤەکان”.کولتوور ئەو شتانە لەخۆدەگرێ کە مرۆڤ دایاندەهێنێ و بەرهەمیان دێنێ.
بەبۆچوونی “ئێدوارد تەیلێر” Eward Tylor مرۆڤناس/ کۆمەڵناسی بەناوبانگی بریتانیایی، کولتوور “کۆیەکی ئاڵۆزە لە زانست، باوەڕ، هونەر، یاسا، ئەخلاق، مەزهەب، هەڵسووکەوت و داب ونەریت و… کە مرۆڤ وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا لە کۆمەڵگایەکەی خۆی وەریدەگرێ و فێری دەبێ و فێر دەکرێ”.
“ئالبێرت شوایتسەر” Albert Schweitzer پزشک، زانای دینی و فیلەسووفی ئالمانی- فەرانسەیی دەڵێ “دوائامانجی کولتوور بەکەماڵگەیاندنی ڕووح و ئەخلاقی تاکەکانە”.
فەرهەنگ لەڕێگای فێرکردن و ڕاهێنانەوە لە بەرەیەکەوە (نسل) بۆ بەرەیەکی دیکە دەگوێزرێتەوە.
جێگای سەرنجە کە کولتوور و فاکتەرە پێکهێنەرەکانی کولتوور هەتاهەتایی و نەگۆڕ نین و دەکرێ ئالووگۆڕیان بەسەردا بێ، واتە مرۆفەکان دەتوانن کولتووری غاڵب بگۆڕن و لەپێناو گەشەپیدان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگاکەیان لەگەڵ ویست و پێداویستییەکانی (چەلنج) سەردەم بیگونجێنن.
کولتووری سیاسی بە تێڕوانین و هەست و تێگەیشتن و بڕوای مرۆڤ بەرامبەر بە سیاسەت و دەسەڵات (حکوومەت) دەگوترێ، واتە دیتن و تێگەیشتن لە سیاسەت و چۆنیەتی پێوەندی نێوان خەڵک و حکوومەت.
کولتووری سیاسیباس لە تێڕوانینی ئەندامانی کۆمەڵگا لە بنەمای فیکری و ئوسووڵی کرداریی (قواعد رفتاری) سیستمی سیاسی دەکا.
کولتووری سیاسی ڕێنوێنە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت و هەڵسووکەوتی سیاسی لە کۆمەڵگایەک دا.
سیاسەت بۆ مرۆڤ و بۆ ژیانە. کەوایە کاتێک باسی کولتووری سیاسی دەکرێ، مەبەست تەنیا شیوەی سیاسەتکردن و هەڵسووکەوتی سیاسی و چۆنیەتی تێگەیشتنی مرۆڤ لە پێوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی نیە. کولتوور مەفهوومێکی زۆر بەربەرینە و هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە: شێوەی پێکەوەژیان، پێکهەڵکردن و موراعاتئ هاوڕێ و دەرووجیران، ڕێزگرتن لە کەڕامەت و کەسایەتی یەکتر، شێوەی هەڵوێستگرتن بەرامبەر بە ڕەخنە و گلەیی، بەکارهێنانی زمان و ئەدەبییاتی شیاو، هەست بە لێپرسراوی کردن و وەخۆگرتنی بەرپرسایەتی (مسئولیت پذیری)، چۆنیەتی تێڕوانین لەپرسی ژنو هەڵسووکەوت لەگەڵ ژن، پاراستنی “حریم شخصی” خەڵک و خۆبواردن لە دەخالەتکردن لە ژیانی ئەم و ئەو، ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی جیاواز، سەلماندن و ڕێزگرتن لە جیابیر و جیاوازی بەگشتی، پاراستنی ژینگە، پاراستنی پاک و خاوێنی ماڵ و شوێنە گشتییەکان، پاراستنی ئەموالی گشتی و زۆر شتی دیکە.
لێرەدا مەبەست پێداویستیی کولتووری سیاسی دێموکراتیک لە جووڵانەوەکانی کورد دایە.
کولتووری خەبات بەو مانایەیە کە کاتێک کەسێک پێ دەنێتە نێو شوێن و ژیانی شەخسی وسیاسیی خەباتگێڕیەوە، لە هەموو ئەو بوارانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، جیاوازی ببینێ. لەگەڵ کەش و هەوایەکی نوێی پڕ لە تێکۆشان و هیوا بەرەوڕوو بێ، خێرا هەست بکا پێی ناوەتە دنیایەکی دیکەوە. ئاڵووگۆڕ ببینێ و بە دیتنی ژیانی خەباتگێڕانە، ورە و هومێد بکەوێتە دڵیەوە و هیوای بە داهاتوو تێدا بەهێزتر بێ.
بەکورتی، کاتێک بیر دەکاتەوە و هەڵسەنگاندن دەکا لە بەینی ژیان لەژێر سێبەر و دەسەڵاتی داگیرکەر و ژیانی خەباتگێڕ لە ئازادی و سەربەستی دا، باوەڕ بێنێ کە بۆ سەرکەوتنی ئەو خەباتە، دێنێ و هەڵدەگرێ هەزینەی بۆ بدا و فیداکاریی بۆبکا.
بەڵام ئەگەر هیچ گۆڕان و جیاوازییەکی هەست پێنەکرد و بگرە خراپتریشی بینی، تەمابڕاو دەبێ و هیوا و بڕوای بە خەباتیش لاواز دەبێ.
ئەو کەسانەش کە لەنێو خەباتەکە دان یان تازە دێنە نێو ڕیزی جووڵانەوە، ئەگەر گۆڕان و تەحەول ببینن، زیاتر ورە دەگرن و هیوایان بە خۆیان و بە خەباتەکەیان زیاتر دەبێ.
کولتوور بنەما و ژێرخان و پێناسەیە. هەر بزاڤێکی سیاسی، هەر ئیدئولوژییەک و هەر نیزامێکی سیاسی بۆ جێگیرکردن و سەقامگیرکردنی خۆی پێویستیی بە کولتووری تایبەت بەخۆی هەیە. هەر شۆڕشێک سەردەکەوێ و دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ، سەرەتا دنیایەک ئینرژی و هەزینە تەرخان دەکا کە کولتووری کۆمەڵگایەکە لە بەرژەوەندیی سیستمەکەی خۆی دا بگۆڕێ و لەڕێگای ئەو کولتوورە نوێیەوە بناخەیەکی قایم و پتەو بۆ نیزامەکەی خۆی لە کۆمەڵگادا دابڕێژێ.
بەدروستی گوتراوە کە “ئەوەی دەیەوێ سیاسەت بگۆڕێ، دەبێ کولتوور بگۆڕێ”!
جووڵانەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کوردیش هەر بەوجۆرە پێویستیی بە کولتوورێکی سیاسی سەربەخۆ وتایبەت هەیە کە نوێنگە و نوێنەری بەها و بیروباوەڕە و ئامانجەکانی خەباتی ڕزگاریخواز بێ.
کولتووری خەباتی ڕزگاریخواز بەپێچەوانەی کولتووری داگیرکەر، دەبێ دێموکراتیک بێ و لە بەرامبەر کولتووری دواکەوتوو و نادێموکراتیکی دەسەڵاتی حاکم دا، ڕۆڵی کولتووری ئالترناتیڤ” (بەدیل) بگێڕێ.
بوونیکولتووری سیاسیی پێشکهوتنخوازی جیاواز له کولتووری عهشیرهتی وکولتووری چەوسێنەر، بۆ خهباتی نهتهوهیی کورد حهیاتی و چارهنووسسازه. کولتوورێک که بتوانێ وڵامدهرهوەی ویست و زهروورهتهکانی ئهوڕۆی جووڵانهوهی ڕزگاریخواز بێ و گهشهی پێبدا و بهرهوپێشی بهرێ.
گرنگی کولتوور لەوەدایە کە هیچکات بێ لایەن نیە: یان نادێموکراتیکە و لە خزمەت بەردەوامیی سوڵتە و دەسەڵاتی چەوسێنەر دایە یان دێموکراتیکە و لە خزمەت بووژانەوە و خەباتی ڕزگاریخوازی چەوساوە دایە.
بە کولتووری نادێموکراتیکی چەوسێنەر خەباتی میللی- دێموکراتیکی چەوساوە گەشە ناستێنێ و سەرناکەوێ.
سنوورەکانی جیاوازیی کولتووری لەگەڵ دەسەڵاتی حاکم دهبێ بهتهواوی بۆ جهماوهر و بیروڕای گشتی دیار و ئاشکرا بێ و بۆ خهڵک ببێ به ئولگوو.
کۆمەڵگای نەتەوەی ڕاپەڕیو پێویستیی به کولتووری بهدیل ههیه، کولتوورێک که خهڵک و حاکمییهت لێکجیا دهکاتهوه و خهڵک و خهبات بهیهکهوه گڕێدهدا.
بوونی کولتوورێکی پێشکهوتنخوازی جیاواز بهتایبهتی لهو بارهشهوه زۆر گرنگه که پێش به داسهپانی هێژمۆنی سیاسی و فهرههنگی ڕێژیمی حاکم لهنێو نهتهوهی بندەست دا دهگرێ و دهبێته بهربهستیکی قایم بۆ پهرهسهندنی “جامعهپذیری سیاسی” له کۆمهڵگای کوردستان دا.
داگیرکەر هەموو هەوڵی خۆی دەدا سەرەتا لە ڕێگای کولتوورەوە گەلی بندەست لە ناخیدا داگیر و دەستەمۆ بکاو بەوجۆرە هێژمۆنی و سوڵتەی سیاسیی خۆی بەسەری گهلی ژێرستهمدا مسۆگهر دهکا.
نهتهوهی حاکم ههمیشه تێدەکۆشێ کولتوور وداب و نهریت و بههاکانی خۆی بکا به کولتوور و داب و نهریت و بههای نهتهوهی بندهست.
ئهوکاتهی نەتەوەی چهوساوه کولتوور و بههاکانی نەتەوەی چهوسێنهری وهخۆگرت و بردیە نێو ناخیەوە (ئینترنالیزەی کرد) و کردی بە بەشێک لە ناسنامەی خۆی، نهتهوهی ژێرستهم دهستهمۆ بووه و سوڵتەی سیاسیی داگیرکەری قەبووڵ کردووە. کاتێک نەتەوەی بندەست هێژمۆنی و سوڵتەی داگیرکەری وەخۆگرت، ئیدی کاری تەواوە و ئاسمیلە بووە.
کولتوور یەکێک لە کوژەرترین چەکەکانی داگیرکەرە کە گەیشتە نێو جووڵانەوەی سیاسی و بڵاوبۆوە، جووڵانەوەکە لە نێوخۆیدا دادەڕزێنێ و داماوی دەکا، هێز و ئەنگیزەی وەستانەوە و خەباتی لێدەستێنێ.
بۆیە، حیزبی سیاسی و جووڵانەوەی ڕزگاریخواز بەبێ کولتووری سیاسی دێموکڕاتیکی ئالترناتیڤ، “آسیب پذیر”ن.
کاتێک حیزبی سیاسی و جووڵانەوە خاوەنی کولتووری ئالترناتیڤ نەبوو، ڕێگا بۆ نفووزی کولتووری زیانباری نەیار هەموار دەبێ و بەرگرەوەی بۆ نیە و خەباتگێڕ بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، بەهاسانی کولتووری نەیارەکەی وەخۆدەگرێ.
کولتووری سیاسی دێموکراتیک زۆر لە کێشە وئاڵۆزییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نێو خەباتی ڕزگاریخواز بنەبڕ دەکا، لانیکەم بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیان دەکاتەوە و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بزووتنەوە لە بەرامبەر ڕێژیمی حاکم دا:
§ چەکی هەرە کاریگەر بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەترسیی نفووزی کولتوور و داب و نەریتی دزێوی چەوسێنەر، بوونی کولتووری سیاسی دێموکڕاتیکە کە حوکمی “پادزهر”ی هەیە و سیستمی ئیمەنی- دیفاعی کۆمەڵگا و جووڵانەوە بەرامبەر بە نفووز و پەرەسەندنی کولتووری دواکەوتوو و ئیستبدادیی دوژمن بەهێز و بیمە دەکا.
کولتووری دێموکڕاتیک نفووزی وایروسی کولتووری چەوسێنەر تاڕادەیەکی بەرچاو پووچەڵ دەکاتەوە، کارێک کە بە دروشم و بڕیار و چەک ناکرێ.
§ کولتووری دێموکڕاتیک گەشە دەدا بە سیاسەت (توسعە سیاسی)، مرۆڤی دێموکرات و سەربەست باردێنێ، ڕووحی “تولرانس” و یەکتروەخۆگرتن بەهێز دەکا.
بەبێ بڕوا بە دێموکراسی و کولتووری دێموکراتیک هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژن و زۆر پرسی گرنگی دیکەی نێو بزووتنەوە و کۆمەڵگا، بەرهەمی دڵخوازی لێناکەوێتەوە
§ دیکتاتوریی حاکم بەر لەهەمووشتێک و زیاتر لە هەر چەک و هێزێک، لە یەکێتی و هێزی یەکگرتووی حیزبە کوردستانیەکان لەلایەک و هاوپێوەندی و هەواهەنگی و خەباتی هاوبەشی خەڵک و حیزبەکان لەلایەکی دیکەوە، دەترسێ.
لەلایەکی دیکەوە، ئاشکرایە کە تەنیاپابەندبوون بە پێوەرەکانی دێموکراسی و بوونی کولتووری دێموکراتیک خاوەنی زەرفییەتی دابینکردنی یەکێتی و یەکڕیزی و هاوخەباتی و هاوپێوەندی لەنێو ڕیزەکانی جووڵانەوەیە.
§ پاوانخوازی و موتڵەگەرایی و “تمامیت خواهی” دوژمنی سەرەکی یەکگرتن و خەباتی هاوبەشن. کولتووری دێموکراتیک پاشەکشە دەکا بە پاوانخوازی و موتڵەقگەرایی و ڕێگا بۆ یەکێتی و خەباتی هاوبەش هەموار دەکا و بەتایبەتی یارمەتی دەدا بە جێگیربوونی ئەو بیروباوەڕە کە بەرژەوەندی جووڵانەوە وەپیش بەرژەوەندیی حیزبی و بەرژەوەندیی حیزبی وەپیش بەرژەوەندیی نایاسایی تاک و شەخسی بخرێ.
§ کولتووری دێموکراتیک فاکتەرێکە کە دەتوانێ مەترسی شەڕی نێوخۆی کورد بە چەک، بڕەوێنێتەوە و زۆر لە کێشە و ناکۆکیەکانی دیکەی نێو خەباتی کورد لە ڕێگای سیاسی و وتووێژەوە چارەسەر بکا.
§ کولتووری ئالترناتیڤ دەتوانێ زۆر کار دژی داگیرکەر ئەنجام بدا کە بە چەک ناکرێ، هەروەک چۆن دوژمن لە ڕێگای کولتوورەوە زۆر کار بەدژی کورد دەکا کە بە چەک و سەرکوت پێی ناکرێ.
§ کولتووری نەتەوەیی- دێموکراتیکی بەهێز دەتوانێ بەرەنگاری سیاسەتی ئاسمیلەکردنی دوژمن بێتەوە و سیاسەتی بەڕێوەبردنی “ئێتنوسید”ی داگیرکەر پووچەڵ بکاتەوە.
§ بزووتنەوە، ئەگەر خاوەنی پێناسە و کولتووری دێموکراتیک بێ، پاشەکشەشی پێبکرێ، تووشی شکست نایە و زوو هەڵدەستێتەوە. چون لە ڕێگای کولتوورەوە بناخەی خەباتی قایم داڕشتوە و ژێرخانەکەی بەدەستلێنەدراوی دەمێنێتەوە.
گەورەترین خاڵی لاوازی جووڵانەوەکانی کورد لە هەر چوار پارچە، بەهەندنەگرتنی ئەو پرسە یەکلاکەرەوە بووە و هەیە.
دەبینین کە بەهۆی نەبوونی کولتووری سەربەخۆ و دێموکراتیک، جووڵانەوەکانی کورد کە تووشی پاشەکشە هاتبن، هەرەسیشیان هێناوە و بیست ساڵ و زیاتری خایاندوە هەتا جووڵانەوەیەکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە و دیسان لە نووکەوە دەستی پێکردۆتەوە. ئەو دیاردە تراژیکە بەردوام دووپات بۆتەوە بەبێ ئەوەی دەرسی لێوەرگیرابی!