بەشێك لە کادرو فەرماندە و پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵەیەکان کە زۆرینەیان نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن، هەوڵدەدەن هەر چۆنێك بێت ئۆباڵی ئەو شەڕە بخەنە گردنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و شەخسی دکتۆر قاسملوو.
ئەو گروپە لە کاتێكدا کەوتوونەتە شەڕ فرۆشی و گێچەڵکردن و بێڕێزیکردن بە رەمزە نەتەوەیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە هەرگیز هێزە تێکۆشەرەکان و کۆمەڵە و حیزب وەك ئێستا بەینیان باش نەبووە. بەشێکی زۆریان بە جنێودان و بێ حورمەتیکردن بە دکتۆر قاسملووی سەرنج و خاڵەکانیان دەخەنەروو و بلووریش دەرفەتی بۆ ڕخساندوون و تەنانەت کە دەشڵێن قاسملووی” خائین و شەڕ فرۆش ” ، دەنگی لەبەر نایەتەدەر و مایکیان بۆکراوەتەوە!!
ئێستا کێ لەو باروودۆخە بەخەمە و لێی بەرپرسیارە بۆ کەس روونیە و ئەو گروپەش لە سەر کارەکانیان کە بەئامانج گرتنی حدکا و رووداوەکانی ڕابردووودی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، درێژە بە کردارە شەڕانگێزیەکەیان دەدەن. پرسیار لە ڕێبەری کۆمەڵەیەکان ئەوەیە کە ، ئەی بۆ چی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب تەنانەت لە لایڤەکانیشدا بێ حورمەتی بە کۆمەڵە و بەشەهیدەکانی ناکەن و بەرێزەوە ناویان دەبەن وبە تێکڕای داوا لە بلوورییەکاندەکەن دەست لەوکارەی هەڵبگرێ و چێتر خوێ نەکاتەوە نێو برینەکان؟!
من ناڵێم ئێوە وەك ئێمە ڕێز لە دکتۆر قاسملووی بگرن و وەك ڕەمزێکی نەتەوەیی تەماشای بکەن. بەڵام جنێودان و لێدان لە شکۆی حیزب و شەخسی دکتۆر قاسملووی بەدڵنیایەوە بەزاندنی هێڵی سوورە و ئەگەر ئەو کەسانە بەو جۆرە بیان هەوێت رووداوەکان کێوماڵبکەن ،بێگوومان زەمینەی ناکۆکیەکان بۆ جارێکیتر قووڵ دەبێتەوە و لێکترازان و بەریەککەوتنەوە ئەگەری روودانەوەی دەبێت.
سەبارەت بە رووداوەکانی کە بەسەر حیزبەکاندا هاتوون، بە خۆش یان ناخۆشەوە، تازە بۆمان ناگەڕێتەوە. بەڵام دەکرێت هەموو لایەك لەسەر ئەوە کاربکەین کە چۆن هەستی هاوکاری و فرە ڕەهەندی سیاسی و بیرکردنەوەی جیاواز دەرفەتی گەشەکردن و پێشکەوتنی بۆ بڕەخسێت لە داهاتووی سیاسی کوردستاندا و زەمینەی پێکەوە هەڵکردن و هاوکاری کردن بەهێز و بەهێزتر بکرێت.
دڵنیام بە هەڵدانەوەی لاپەرەکانی ڕابروو، ئەوەیش بە دەمارگژیەوە، هەوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان نیە. کام لایەن هۆکاربووە و زیاتر هۆکاری ئەو شەرە نگریس و ماڵوێرانکەریەبووە، هیچ لە جەوهەر و بابەتی مەسەلەکەی ناگۆڕیت و نە قوربانیەکان زیندوو دەبنەوە و نە دەسکەوتە لە دەستچووەکانیش تازە دەگەڕێنەوە. بەڵکوو ئەو رووداوە دەبێت وەك دەست مایە و وەرچەرخانێکی مێژووی لە پەیوەندی لە گەڵ کاریهاوبەشدا تاوتوێبکرێت.
ناکرێ لە ئاستی ئەو هەموو بێ حورمەتی و تانەو تەشەرەدا، تەشکیلاتی حیزب خۆی بەدوور و بێدەنگ بگڕێ و هەڵوێستی نەبێت؟ ئەو گرۆپە کە لەسەرچاوەیەکی بەتەواوی نادیارەوە دەستیان لە پشتیدراوە بۆ ئەو کارە و دەیان هەوێت بە کۆمەلێك خاڵ و کۆمێنتی ساختە وچەواشاکردنی رووداوەکان، بەقەولیخۆیان ئەوە بسەلمێنن کە حیزبی دێمۆکرات، بە بکەری ئەو شەرە بناسێن ئەویش بە شێوازێك کە هەمووی لێدانە لە پێگە و نفووزی حێزب و رێبەرانی شەهیدمان.
ئەگەر ئەو رووداوە هەروا بەردەوامی هەبێت و کۆمەڵەیەکانیش لە ئاستیدا بێدەنگی هەڵبژێرن و روو لە کۆمەڵانی خەڵك و هێزەکان شتێك نەڵێن،بێگوومان خەڵکی کوردستان و حیزبیەکانیش مافی خۆیانە لەو پەیوەندیەدا پرسیار لەو بەڕێزانەی پلە باڵای کۆمەڵەی بکەن و بپرسین ئەگەر ئێوە لە جیاتی ئێمەمان چۆنتان هەڵوێست دەگرت!!
ئەگەر ئەو کەسانە و دید وڕوانینەکانیان ناچێتە خانەی تێڕامانی کۆمەڵەیەکان لە رووی سیاسی و تەشکیلاتییەوە، لازمە بەدوو دێریش بێت پابەندی خۆیان بە هاوپەیمانی لە گەڵ حیزبی دێمۆکڕات روونکردنەوەیەکدا دەربڕن و ئیدانەی ئەو بێڕێزیانە بکرێت کە بە دکتۆر قاسملووی دەکرێت؟ ئەگەر ئەو دەستەیە بە جۆرە بییان هەوێ خەسارناسی بکەن ولاپەڕەکانی ڕابروو هەڵبدەنەوە و لەسەر ئەساسی ئەو بنەما دەمارگرژییە بڕۆنە بەرەوە زیانێکی گەلێك گەورە بە یەکیەتی سیاسی و نەتەوەیی لەو بەشەی کوردستان دەگەیەنن. خەڵکی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە و وەك ڕەمزێکی سیاسی و نەتەوەیی دەڕوانێتە دکتۆر قاسملوو و لێدان لە شکۆی گەورە ڕێبەرێکی لەو چەشنە نەتەوەیی کە بە روحی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕینی نەتەوەیی ناسراوە، بێگوومان بریندارکردنی هەستی خەڵكی کوردستانە و لەو پەیوەندیەشدا بێدەنگ و بێ هەڵوێست نابن.
ئەگەر تۆزێك بە ژیری لێکدانەوەی لایڤەکانیان بکرێ، ئەو کات ڕەنگە کەس نیازی بەوە نەبێت بۆ رووداوەکانی ئەو سەردەمەی بگەڕێتەوە کە چۆن ئەو شەڕە سەری هەڵدا و کێ لەو بارگرژییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارە. چوونکی بەداخەوە ئەو کاتیش گروپێکی تەواو حەیار بولشەویکی و ناسیۆنالیزمی فارس زەمینەی ئەو باروودۆخەیان خوڵقاند.
مرۆڤ ئەگەر بەویژدان و دوور لە دەمارگرژی سیاسی و تەشکیلاتی دێراسەی لایڤەکانی بلووری بکات، لانیکەم بەو ئاکامەی دەگا کە بەداخەوە، وەختی خۆیشی هەر بەجۆرە وەستایانە و شارەزایانە هانی ئەندام و لایەنگرانی خۆیانداوە گێچەڵ بە حیزب و تەشکیلاتەکەی بکەن هەتا بەریەککەوتن لە نێوان حیزب و کۆمەڵەدا رووبدات.
با خەڵکی کوردستان و بیروڕایی گشتی لەو ڕاستیە تێبگەیەنین کە ئەندام و لایەنگر و فەرمەندە دێرین و کادرەکانی پلەباڵایەن بۆ جارێکیتر گێچەڵ بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەکەن و تەنانەت هێرشی توند و دوور لە ویژدان و هەستی مرۆڤایەتی بە ڕێبەری شەهید دکتۆر قاسملووش دەکرێت، حیزبی دێمۆکڕات لایەنگری یەکیەتی سیاسی و کۆدەنگی نەتەوەیی دەکا و تەشکیلاتەکەیشی بە باشی پێیەوە پابەندبووە.
بەداخەوە دۆستانی کۆمەڵەی نەك هەر ڕەچاوی ئەو هاوپەیمانەتیان لە گەڵ حیزبی دێمۆكرات نەکردوە و تەنانەت هەڵوێستێکی روونیشیان لەو بارەوە نەبووە. ئەو روونکردنەوانە ڕاستە وەك ڕای تاك خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لانیکەم باس لە دیاردەیەك دەکرێت کە بەتەواوی ناروون و گووماناوییە بۆ کۆی هێزە سیاسی و خەڵکی کوردستان جێگای پرسیارن.
دکتۆر قاسملوو وەك ڕەمزێکی گەورەی بەرخۆدان و خەباتی سیاسی و نەتەوایەتی سەیر دەکرێ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەك سەمبوولی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات تەماشای دەکەن. شکاندن و لێدان لە شکۆی ئەو، لێدانە لە سەروەریەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد. کاتێك دکتۆر قاسملوو و حیزبە کەی بیری نەتەوایەتی و هەستی وڵات پاڕێزیان لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە و بە شانازییەوە داوای مافی ڕەوایی کوردیان دەکرد، ئەوانەی ئەمڕۆ دێن و جنێودەدەن، بەداخەوە پێیان شەرمبوو بڵێن کوردین و لە بەرامبەری حیمکەت نیزمەکاندا بە شەرمێونی و سوور هەڵگەڕانەوە دەیان گووت کە کوردن.
بۆ ئاگاداری دڵسۆزان وئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەییەکان، بەختیار بلووری وەك ئەندامێکی کۆمەڵەی قسەدەکا و زۆ جار دەڵێت” منێکی کۆمەڵەی” پرسیار دەکا و زۆرجارانیش شیکردنەوەی رووداوەکان دەکا و وەك ئەندامێکی ئەو ڕێخراوەش( کۆمەڵە) بابەت و رووداوەکان هەڵدەسەنگێنێت. لە لایڤی ئەم شەوی( 18.11.2018) ئەو بەرێزەدا گەورەترین بێڕێزی بە دکتۆر قاسملوو دەکرا و بەرێوەبەری ئەو بەرنامەیەش تەنانەت وشەیەك ناڵێت و دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون هەتا بێن و بەئیشتیایی خۆیان جنێو بەحیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و شەخسی دکتۆر قاسملووی بدەن.
خەڵکانێك ڕەنگە بپرسن بۆچی شەڕی حدکا و کۆمەڵەی رووداوە و لەسەر چیبووە؟
ئەو ئاژاوەگێڕی و شەرفرۆشتنە ئەو وەختیش زەمینەی بارگرژییەکەی ڕەخساندووە و بەداخەوە شەر هاتۆتە ئاراوە. حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وێڕایی پێداگری لەسەر تەبایی و هاوکارییەکانی لە گەڵ لایەنەکانی کۆمەڵەیدا و پەرەپێدان بەهەستی هاوکاری و کۆدەنگی نەتەوەیی و ئەزموون وەرگرتن لە رووداوە تاڵ و ناخۆشەکانی خۆی، بەو ئەنجامەی گەیشتووە کە هەموو لایەك بۆ یەکڕێزی و هاوپشتی نەتەوەیی لە سەنگەر و بەرەیەكدا خۆیان ڕێکبخەن. بەڵام یەکڕیزی و تەبایی سیاسی و نەتەوەیی تەنیا بەلایەك ناکرێ و هەموولایەك وەك یەك لازمە پێیەوە پابەندبن و ڕێگا بە بە گروپ گەلێك نەدرێت تۆوی ڕق و قین بچێن و رووداوەکان بەرەو ئاقارێکی تر بەرن.
پێداچوونەوە و گەڕانەوە بۆ ئەو قۆناخەی کە شەڕی تێدا هاتۆتەئاراوە، ئەویش بەو شێوازە دەمارگرژییەی لایڤە زیندووەکانی بلووری، کە مەبەست خاستەکاری و شێواندنی رووداوەکان و بێڕێزیکردن بەرێبەری بزووتنەوەی نوێی شۆڕشی کوردستان دکتۆر قاسملوو، بێگوومان سە دەسپێکردنەوەی قۆناخێکی نوێ و مەترسیدارە بە دژی حیزب و جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەوانەی خۆیان بەکۆمەڵەی نیشاندەدە و بەشداری لایڤە زیندووەکان دەکەن ، دەڵێی حیزب و کۆمەڵە لە گەرمەی شەری براکوژیدان!!
پرسیار ئەوەیە کاتێك هاوپەیمانی و هاوکاری لە نێوان حیزب و کۆمەڵەیەکاندا هەیە و هەوڵ دەدرێت بەهێز و پتەو بکرێ! ئەی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو لە پێناو چ ئامانجێكدایە و چۆنە ڕێبەری کۆمەڵەی هەتا ئەمڕۆش بێدەنگی هەڵبژاردوە و تەنانەت قسەیەکی بە ئەندامانی خۆیشی نەگووتووە لەو بارەیەوە؟ کەوابوو بەرپرسی ئەو باس و گرفتە تازەیە کێ لێی بەرپرسیارە و بۆ هیچ لایەك قسەیەکی بۆ گووتن پێنیە. ئەو دەستەی لەپشتی ئەو رووداوەدایە، بەداخەوە ڕەنگە لە ئێستاشدا، ئیشتای ڕووداوەکانی ڕابروویان کردبێتەوە و بۆ جارێکی تر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکێشنەوە نێو شەرێکی ماڵوێرانتری براکۆژییەوە.
ئەگینا دەبوو سنوورێك بۆ ئەو هەموو بێڕێزییە دابنرێت کە لە ڕێگای ئەو لایڤانەوە بە شەخسی دکتۆر قاسملووی دەکرێ و تەنانەت وشەی”خائین و شەڕ فرۆش ” … و تەنانەت زۆرشتی تریش دەگووترێت کە نامهەوێت لێرەدا باسی بکەم. چۆن دەکرێ باوەڕ بکرێت کە هەتا ئەمڕۆش کەس سەرەداوی ئەو باسەی بەسەرتەش نەگەیاندبێتە لایەنەکانی کۆمەڵەی و ئاگادری کارێکی لەو جۆرە نەکرابنەوە؟
ئیدی ئێستا کێیە ئاگری شەرێکی دیکە هەلدەگیر سێنێ و هەوڵی شێواندن و تێکدانی یەکیەتی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات؟ بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی شەڕی نێوخۆی لە سەر بنەمای توندئاژۆی و دەمارگرژییەوە بەدڵنیایەوە هیچ گرفتێك چارەسەرناکا و بگرە ناکۆکیەکان سەرلەنوێ تەشەنەی دەستێنەوە کە ئامانج لەو کارەش ڕەنگە هەر ئەوەبێت؟ ئایا ئەوانەی بە کارێکی لەو چەشنەی هەستاون و دەستپێشخەریان کردوە، ئەندام و لایەنگری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانن یان هی کۆمەڵەی؟ کێیە دیسان دەست پێشخەری تێکدانی یەکیەتی و تەبایی سیاسی لە نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەداتەوە؟
بزووتنەوەی کوردی بە قۆناخێکی سەخت و دژاوردا گوزەر دەکا و ئەگەر هەموو لایەك هەست بە دڵسۆزی و بەژیری بیر لە ئاکام و کرداری لایڤەکانی بلووری نەکرێتەوە و لە ئاستی لازیانەکەی بێ هەستی خۆیان نیشانبدەن، ئەوەی زیانی بەردەکەوێتەوە هەرخۆمان و خەڵکە کەمان دەبێت.لازم ڕێبەری کۆمەڵەی لەو پەیوەندیەدا هەست بە برپرسیارەتی خۆی بکا و سنوورێك بۆ ئەو کەسانە دابنێت کە لە ژێرناوی ئەواندا، دژ بە حیزب دەجووڵێنەوە. کەس بەڕەخنە ناروخێ و لە نێو ناچێت، نیەتی ئە ودەستەیە شتێکیترە و مەبەستەکەشیان هەتا بۆ دۆستانی کۆمەڵەیش روون بۆتەوە.
سەرنجڕاکێش هەر ئەوەیە، کە خۆیان میعماری ئەو شەڕە نگریس و ماڵوێرانکەریەی کوردستان بوون، بەو لایڤ و کردارە ناشیرین و پیلان گێڕییان دەیان هەوێت دەستە چاورەکانیان بەحیزب ئیشك بکەنەوە و بۆ جارێکی تر خوێ بکەنەوە نێو برینەکان و ناکۆکیەکان سەرهەڵبدەنەوە. ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە زادەی ڕەساڵەتی مێژووی و سیاسیەتی، لە پێناوی ڕزگاری سیاسی و نیشتیمانیدا زۆر بەرپرسیارانە لە گەڵ کۆی رووداوەکان هەڵسوکەوت دەکا و پێشەنگی بارگرژی سیاسی و کۆمەڵایەتی نابێت بۆ ناتەبایی سیاسی و تێكدانی کۆدەنگی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا.
ئەو کارەی کۆمەڵەیەکان بە دژی حیزب دەکەین، خەریکە هێلی سوور دەبەزێنێ و زەمینەی ئاژاوە و ناکۆکی گەورەی لێبەرهەم دێت.
بەداخەوە بۆ تەشکیلاتی کۆمەڵەی و کۆی گشتی ڕێكخراوەکانی کۆمەڵەی کە لەو پەیوەندیەدا هیچ ناڵێن و ناپرسن بۆ ڕێگا دەدرێت لە ژێر ناوی ئەواندا تەنانەت جنێو و قسەی ناشیرین بە شەهێدێکی سادەی حیزب بدرێت، هەتا بگات بە دکتۆر قاسملووی. ئێمە ناڵێین لایەنەکانی تر با وەك خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب ڕێبەرانی شەهیدی ئێمەیان خۆش بوێت،یان وەك ڕەمزی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیان بناسن، بەڵام جنێودان و نێوناتۆرەی جۆر بەجۆر، بریندارکردنی هەستی خەڵك و کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگر و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
محمد سلێمانی
20.11.2018