لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی پەت و سێدارە دوو پێشمەرگەی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی بوون.
لە ۳۰ بانەمەڕی ۱٤۰۰یش دوو هاوڕێ تر لە ناوچەی مەهاباد بە ناوەکانی “ئەنوەر نەسیریی چیانە” ناسراو بە “سمکۆ مەحمەڵ” و “سوهراب خەدیریپوور” گیانیان فیدای نیشتمان کرد. لە ماوەیەکی کەم دا ئەوە 4 مین شەهیدی حدکا یە لە ناوچە.
لە لایەن سایتی پێشمەرگەکانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و هاوڕێیانی حدکا دەکەین و روحی شەهیدەکان شاد بێ و روڕەشی بۆ خۆفرۆشان کە دەبنە چاو ساغی و دوژمن و رۆڵەکانی گەلەکەمان بە نیزامی ئاخوندی دەفرۆشن.
لەم پێوەندییەدا دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
خەڵکی خەباتگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر جادەی مەهاباد ـ پیرانشار نزیک ئاوایی لکبن دەکەونە بەر هێرشی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامدا دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی هادی شێخە خەڵکی پەسوێ و ئەیوب سوڵتانی خەڵکی ئاوایی خورینج سەر بە شارستانی پیرانشار بەداخەوە شەهید بوون.
سەرەخۆشی لە هاوسەنگەران و بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین.
ڕێگایان پڕ رێبوار بێ
دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی
***
کوردستان مێدیا:
ڕێوڕەسمێک بۆ شەهیدان “هادی شێخه و ئەیووب سوڵتانی” لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو
– 10 جۆزەردان 2721
هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە قارەمانییەتی شەهید “هادی شێخه و ئەیووب سوڵتانی” ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان بەڕێوە برد.
ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەرپرسانی نیزامی و سیاسی بەڕێوە چوو.
شەهید “هادی” لە هێزی ١٢٢دا سەرلک بووە و توانیبووی بە لێوەشاوەیی خۆی ئەو پلە سازمانییە بەدەست بێنێت.
لە کۆنگرەی یەکیەتیی لاوان وەک ئەندامی ئەسڵیی بەڕێوەبەری هەڵبژێردرا.
ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردان شەهیدان هادی شێخه وێڕای ئەیووب سوڵتانی لەسەر جادەی مەهاباد ـ پیرانشار نزیک ئاوایی لکبن دەکەونە بەر هێرشی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تێكەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبن.