"an independent online kurdish website

ناومه‌وێ رێگه‌ بۆ که‌س دیاری بکه‌م که‌: (به‌و جۆره‌ بنووسه‌ و به‌و جۆره‌ مه‌نووسه‌‌) – (به‌و جۆره‌ بڕۆ و به‌و جۆره‌ مه‌ڕۆ) – (له‌گه‌ڵ فلانه‌ ده‌سته‌ و گروپ دۆستایه‌تی بکه‌ یا لێیان دووره‌په‌ڕێز به‌).

هه‌ر که‌س خاوه‌نی (که‌سایه‌تی خۆیه‌تی) و خۆی سه‌باره‌ت به‌ کار و ژیانی خۆی بڕیار ئه‌دات! به‌ڵام کاتێ په‌رتووکێ یا نووسراوه‌ێ له‌ رێگای گۆڤار و رۆژنامه‌کانه‌وه‌ خرایه‌ به‌رده‌س خوێنه‌ر، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر باسێ له‌ رێگای رادیۆ، ته‌له‌ڤیزیون و به‌شه‌کانی ئه‌نترنێتی وه‌ک فه‌یسبووک … خرایه‌ به‌رده‌س بیسه‌ر و بینه‌ر، هه‌ر که‌س ئه‌توانێ سه‌باره‌ت به‌وانه‌‌ بیر‌ کاته‌وه‌ و به‌پێی توانا (شه‌نوکه‌ویان) کات.

له‌م ماوه‌ی پێشوودا دوو بابه‌تم به‌و ناوانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ فه‌یسبووکی چه‌ن دۆست دا بینی.

1 – ترجمه‌ شعر شیرکو بیکه‌س با صدای احمد شاملو

له‌گه‌ڵ وێنه‌ی (شێرکۆ بێکه‌س و ئه‌حمه‌د شاملو).

2 – دوازده شعر کوتاه از شیرکۆ بێکه‌س ترجمه و بازسرایی:

سید علی صالحی و محمد رئوف مرادی، از کتاب سلیمانیه‌ و سپیده‌م جهان.

**

پێوه‌ندیم به‌و دۆستانه‌ و چه‌ن دۆستی دیکه‌وه‌ کرد تا بزانم وێنه‌‌که‌ی (شیرکۆ بێکه‌س) و (ئه‌حمه‌د شاملو) له‌ چ ساڵ و له‌ چ شوێنێک گیراوه، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و هۆنراوه‌ به‌ ده‌نگی (شاملو) کێ له‌ فه‌یسبووک دایناوه‌‌، به‌داخه‌وه‌ ئاگاداری ئه‌و باسانه‌ نه‌بوون.

ئه‌وه‌ی بۆ من وه‌ک بیسه‌ر و خوێنه‌رێکی ئه‌و بابه‌تانه‌ جێگه‌ی سه‌رنج و بیرکردنه‌وه‌یه‌، کاری وه‌رگێڕانی هۆنراوه‌کانی به‌ڕێز (شێرکۆ بێکه‌س) به‌ فارسی‌‌ کاری به‌ڕێزان (ئه‌حمه‌د شاملو) و ( سه‌ی عه‌لی ساڵحی) بووه‌؟!

تا ئه‌و جێگه‌ ئاگادارم (ئه‌حمه‌د شاملو) و (سه‌ی عه‌لی ساڵحی) کوردیان نه‌زانیوه‌، شێرکۆ بێکه‌س خۆی باسی ئه‌وه‌ی کرده‌ که‌ هۆنراوه‌کانی‌ چه‌ن که‌سێکی کورد کردیانه‌ به‌ فارسی.

ده‌سکه‌وتی په‌خشی ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌ فه‌یسبووک و … بۆ خودی ئه‌و دۆستانه‌ و که‌سانێکیش‌ که‌ هۆنراوه‌کانی (شێرکۆ بێکه‌س)یان به‌ کوردی بینیوه‌ و شایه‌ت به‌ده‌نگی خۆیشی بیستبێتان که‌ ئه‌یخوێنێته‌وه‌، چییه‌؟!

وه‌رگێڕانی هیچ به‌تایبه‌تێکی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی به‌گشتی و به‌شی ئه‌ده‌بی وه‌ک (چیرۆک، په‌خشان) و (هۆنراوه)‌ به‌تایبه‌تی تاموچێژی خۆدی ئه‌و بابه‌ته‌ نادات که‌ نووسه‌ر به‌و زمانه‌ نووسیویه‌تی! تازه‌ با بێژین کاری وه‌رگێرانی ئه‌و هۆنراوانه‌ی شێرکۆ بێکه‌س باش ئه‌نجامدراوه‌ و خوێنه‌ر تاموچێژی باش و شایسته‌ی لێوه‌رگرته‌، جا ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ بێت بۆ ئه‌بێ بخرێته‌ به‌ر ده‌س که‌سانێ که‌ (کوردی نازانن)‌ ؟! ئایا ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ی کورد چ وه‌ک تاک و چ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ ئێمه‌ مافی ئه‌وه‌مان نییه‌ کاره‌کانی خۆمان خودی خۆمان ئه‌نجام بده‌ین و پێوێسته‌ (تاک) یا (سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌کان) هه‌ر چه‌ن که‌ له‌و کاره‌یشدا شاره‌زا نه‌بن، پێویسته‌ چاودێری کاره‌کانمان بکه‌ن و ئێمه‌یش شانازی به‌و ژێرده‌سته‌ییه‌وه‌ بکه‌ین.

به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ دوورودرێژه‌، له‌و سێ به‌شه‌ی خواره‌وه‌دا ئه‌یانخه‌مه‌ به‌رده‌ستان:

1 – وتووێژی شێرکۆ بێکه‌س له‌ (رادیۆ ئاوێنه‌) سه‌باره‌ت به‌ وتووێژێکی سه‌یعه‌لی ساڵحی ده‌رباره‌ی زمانی کوردی.

2 – وتووێژی سه‌یعه‌لی ساڵحی سه‌باره‌ت به‌ زمانی کوردی له‌گه‌ڵ (مرکز دائرة المعارف بزرگ اسلامی)

3 – ئێمه‌ و تاجی ژێرده‌سته‌یی

28/6/2021

سه‌عی سه‌قزی

Sai.saqzi@gmail.com

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی