"an independent online kurdish website

لە بیرەوەریی پێشمەرگەیەکدا

وەک باس کرا، ڕۆژی یەکەمی شەڕەکە خەریک بوو کۆتایی دەهات و هێزەکانی ڕێژیم پاشەکشەیان دەکرد.

بەڵام بۆ چەند خولەکێک خومپارەبارانێکی خەست و زۆر ورد دەستی پێ کرد کە شپرزەی کردین. باش بوو تووشی زیانی زیاتری نەکردین. ئێستا بە ٤ بریندارەوە کە ٣ کەسیان دەبوو بە هێستر بگوازرێنەوە و لەوەش گرینگتر هەر چواریان، هەر یەک بۆ خۆی گرینگیی تایبەتیی هەبوو بۆ بارودۆخەکە، کەوتبووینە هەلومەرجێکی دژوار و نالەبارەوە. عادڵ عەبدوڵاهی کادری سیاسیی مەڵبەندی ٣ و خەڵکی تاوگۆزی بوو و تا ڕادەیەکی باش شارەزای جوگرافیای ناوچەکە بوو. محەممەد میرزا بڕناس جێگر لک و نەفەری دووهەمی هاوڕێیانی هێزی زاگرۆس لە مەڵبەندی ١ بوو. فەرهاد شەبرەندی سەرپەل و یەکێک لە فەرماندە چاونەترس و هەڵسووڕەکانی هێزی بێستوون لە مەڵبەندی ٣ بوو. محەممەد سەعید قادری پێشمەرگەیەکی بوێر و خاوەن ئەزموون بوو کە جگە لە ئازاییەکەی، شاخێک لە ورە بوو بۆ هاوسەنگەرانی. ئەمە وێڕای ئەوەش کە لە دەستڕێژی یەکەمدا حەمە سەلیم منبەری، جێگر پەل، وەک یەکێک لە فەرماندەرەکانی هاوڕێیانی هێزی زاگرۆس شەهید بوو بوو. جگە لەمانەش کومیتەی ناوچەی ماکوان بە جێیان هێشتین کە بە حوکمی ئەوەی ئەو ناوچە زیاتر سەر بە ناوچەی تەشکیلاتیی ئەوان بوو، هەرگیز نەدەبوو ئەو کارە بکەن و لەو بارودۆخە ئاستەمەدا ئەو هێزە بە جێ بێڵن. دیارە من هیچ لە هۆکار و زەروورەتی ئەو جیابوونەوەیەی کومیتەی ماکوان ئاگادار نیم و نازانم چۆن و لەبەر چی ئەو کارە کرا. بەڵام هیچ ئەرکێکی دیکە لەو کاتە دا گرینگتر لە هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی ئەو بریندارانە نەبوو. لە بارودۆخێکی وەهادا، بە ٤ بریندارەوە لە ناوچەی تاوگۆزی بەرەو سنوور کەوتینە ڕێ و زۆربەی شەو بە ڕێدا ڕۆیشتین بەڵکوو زیاتر لە شوێنی شەڕی یەکەم ڕۆژ دوور بکەوینەوە. بەو حاڵەش نەمانتوانی زۆر دوور کەوینەوە، چوونکە بەو بریندارانەوە جموجۆڵمان زۆر سنووردار کرابوو.

پێشمەرگەکان شەوی پێش شەڕی یەکەم ڕۆژ نەخەوتبوون، تەواوی ڕۆژ لە شەڕدا بوون، بۆیە بەتەواوی ماندوو بووبوون. گەیشتینە سەر چۆمێک و ئاگادار کراینەوە کە مەتارەکان و جەوانەکانمان لەو ئاوە پڕ بکەین، چونکە دوایین دەرفەت بوو کە لە سەر ئاو بین. جەوانەیەکم پێ بوو، وەک بڵێێ کەپس بووبی، دەمەکەی نەدەکرایەوە بۆ ئەوەی ئاوی تێ بچێ. هێز کەوتە ڕێ بەڵام من هێشتا هەر خەریکی جەوانەکە بووم. کادرێکمان هەبوو بە ناوی دوکتور ح. ح. کە لەگەڵمدا مایەوە. لەوانەیە ١٠ بۆ ١٥ خولەک وە درەنگ کەوتین. پاشان بێ ئەوەی بزانین هێز بەرەو کوێ چووە، کەوتینە ڕێ. گەیشتینە دوو ڕێیانێک؛ دیتمان کادرێکی کومیتە شارستانی هەورامان بە ناوی م. ش لەوێ دانیشتبوو. پێێ وتین: “هێز لێرەوە ڕۆیشتن.” ئێمەش وتمان: “سپاس!” و خەریک بوو دەڕۆیشتین کە بینیمان ناوبراو هەر دانیشتبوو و نەدەهات. پرسیمان: “بۆ نایەیت؟” وتی: “ناتوانم.” ئێمە پێمان وابوو بۆ ئەوەی ئێمە هەڵە نەبین لەوێ دانیشتبوو، بەڵام لە ڕاستیدا ناوبراو هێزی تێدا نەمابوو. وتم مامە فڵانکەس ئەگەر کڵاشینکۆفەکەت هەڵگرم دەتوانی بڕۆیت؟ وتی بەڵێ و بەڕێ کەوتین. پاش چەند خولەک گەیشتینەوە هێز و دیتمان لە پێچێک کە ئاودڕگە بوو لە داوێنی شاخێک مابوونەوە. پێویست بوو تیمێکی چەند کەسی وەک دیدەبان دیاری بکرێن و بچنە سەرەوە. وەک باس کرا، پێشمەرگە بەتەواوی ماندوو بوون و زۆر ئاسان نەبوو ئەو تیمە ئامادە بکرێ. هەر چۆنێک بوو، پێش ئەوەی ئێمە بگەینە ئەوێ ٢ کەسیان ئامادە کردبوو و بە منەوە بووین بە ٣ کەس. لێرەدا هەڵەیەکی گەورە ڕوویدا. ئەوانەمان کە ڕۆیشتن بۆ دیدەبانی، نە بیکەیسی و نە قەناسەمان لەگەڵ خۆمان نەبردبوو و تەنها بە کڵاشینکۆفەوە ڕۆیشتین. لووتکەی شاخەکە لە شوێنی مانەوەی پێشمەرگەکانەوە زۆر دوور بوو، بۆیە لە بەینی لووتکەی شاخەکە و شوێنی مانەوەی پێشمەرگەکان ماینەوە. ڕۆژ بووەوە و دونیا ئارام دەهاتە بەر چاو. هەر ١٥ خولەک جارێک لەگەڵ هێز تەماس دەگیردرا. کاتژمێر ١٠ی بەیانی خەبەر درا کە جارێک دونیا ئارامە و هیچ جموجۆڵێکی دوژمن نابینرێ. لەبەر ئەوە، تەماس لەگەڵ هێز داخرا. لەپڕ بینرا کە هێزێکی دوژمن لە سەرەوە و لە شوێنی شەڕی یەکەم ڕۆژەوە دەرکەوتن. بە بوردی قەناسە (بە مەودای قەناسەبڕێک) لە دیدەبانەکانەوە دوور بوون؛ بەڵام وەک باس کرا، ئێمە دیدەبانەکان تەنها کڵاشینکۆفمان پێ بوو، ئەگینا هەر لە یەکەم دەرکەوتنی ئەو هێزەی دوژمنەوە دەکرا هەم زیانێکی زۆر بە دوژمن بگەیەندرێت و هەمیش پێشمەرگەکان دواتر بە ئاسانتر بیانتوانیبایە بۆ سەر شاخەکە سەر بکەون. بە هەر حاڵ، شەڕ لە دەوروبەری کاتژمێر ١١ی نیوەڕۆوە دەستی پێ کرد و ئەو ڕۆژەش وەک ڕۆژی پێشوو، هێزەکانی ڕێژیم دەستیان بە سەر بەرزاییەکاندا گرتبوو و پێشمەرگەش دەبوو بە هەموو تواناییەوە شەڕ بکات بۆ ئەوەی لووتکەی شاخەکە لە دەستی دوژمن دەربێنێ و خۆی لە گەمارۆیەکی کوشندە ڕزگار بکات.

هەڵکەوتی ناوچەی شەڕەکە بە جۆرێک بوو، پێشمەرگەکان دەبوو بە هەر نرخێک بووە بگەنە سەر شاخەکە کە بە دەستی دوژمنەوە بوو. لەو نێوەدا، بریندارەکان، ئەو ٣ کەسەیان کە بە سەختی بریندار بووبوون، لە ئاودڕگەکە، واتە لە شوێنی پشوودانەکە، مابوونەوە و پێشمەرگەیەکی ئێجگار لەخۆبوردوو و بوێر بە ناوی لایەق ئەکرەمی کە بیکەیسیی پێ بوو لە گەڵیان مابووەوە و وتبووی ئێوارەکەی هەر سێکیان ڕزگار دەکات. وەک باس کرا، ئەو شوێنە لەگەڵ لووتکەی شاخەکە مەودایەکی زۆری هەبوو و وردە وردە کە کات تێدەپەڕی و پێشمەرگە بەرەو سەری شاخ پێشڕەوییان دەکرد، بەو ئەندازەیەش مەودای نێوان بریندارەکان و هێز زیاتر دەبوو. جوگرافیای ئەو شوێنەش کە شەڕەکەی لێ بوو بە هیچ شێوەیەک هی ئەوە نەبوو کە بە هێستر بریندارەکان ڕاگوێزرێن و تەنانەت لە هێندێک شوێن بۆ پیادەش سەخت بوو. دەوروبەری کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆ، دەستەی یەکەمی پێشمەرگە دڕنی بە دوژمن دا و دەستی گەیشتە خاڵێک لە سەر شاخەکە. شاخێکی باریک بوو. لە ڕۆژهەڵاتییەوە کە تەنها کاتژمێرێک لە شەڕگەی ڕۆژی یەکەمەوە دوور بوو، هێزی دوژمنی لێ بوو. لە خۆرئاواشیەوە سەرەڕای ئەوەی بە دەستی دوژمنەوە بوو، پادگانێکی ڕێژیمیش لەو نیزیکانەوە هەڵکەوتبوو و بە هاویشتنی تۆپ و خومپارەباران پاڵپشتیی لە هێزی زۆری دوژمن دەکرد. باریکبوونی ئەو ڕاستەشاخە کە لە کۆنترۆڵی پێشمەرگەکاندا بوو، تا ڕادەیەک کاریگەریی تۆپ و خومپارەبارانی دوژمنی کەم دەکردەوە. لە باکوور و باشووری شاخەکەوە، ئەوەی کە کەوتبووە ژێر دەستی پێشمەرگەوە، زۆر تووش و ناهەموار بوو،  بۆیە هێزەکانی ڕێژیم نەیاندەتوانی لەوێوە سەرکەون. مابووەوە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای شاخەکە کە پێشمەرگە بەباشی سەنگەری لێ گرتبوو. بە درێژایی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ میترێکی ئەو ڕاستەشاخە لە کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بوو. لە ئاکامی کۆنترۆڵکردنی ئەو شاخە ستراتیژییەدا لەلایەن پێشمەرگەکانەوە، دوژمن تووشی زیانی بەرچاو بووبوو. کاتژمێر دەوروبەری ٢ی دوانیوەڕۆ، جگە لە بریندارەکان و ئەو پێشمەرگەیەی لە گەڵیان مابووەوە، وێدەچوو هەموو پێشمەرگەکان توانیبێتیان بگەنە سەر شاخ. زیاتر لە ڕۆژی یەکەم گەرما و بێج ئاوی فشاری بۆ پێشمەرگەکان هێنابوو.

زۆرێک لە پێشمەرگەکان، لە بەر بێ ئاوی و بۆ ئەوەی تەسلیمی بارودۆخەکە نەبن، ناچار بوون میزی خۆیان بخۆنەوە. دیارە لەو بارودۆخەشدا کە بێ ئاو بی و گەرمایەکی نیزیک پەنجا پلە لێتت بدات، زەحمەتیش بوو ئەوەندە ئاو لە لەشت دا مابێ بۆ ئەوەی بتوانی میز بکەیت. وەک چۆن بێ ئاو بووین، بەو رادەیەش بێ میز. تەنها ئیرادە بوو کە هێزی بە پێشمەرگەکان دەدا ئەگینا مەحاڵ بوو شەڕ لە گەڵ هەزاران هیزی رێژیم و ئەو کەش و هەوایە دا بکەیت.

زۆر کەس هەر لە کاتژمێر ٢ەوە ئاوی پێ نەمابوو. لەبەر گەرما زۆرێک لە پێشمەرگەکان شان و ملیان لە ژێر کۆڵەپشتییەکانەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان سووتابوو و دواتر کە چاوت لێیان دەکرد، وەک ئەوە وابوو کە بەر چەکی شیمیایی کەوتبێتین. دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی فەرید فەرەجی و بەرزان ئەمینی، لە هاوڕێیانی هێزی زاگرۆس، بەرگەی ئەو گەرمایەیان نەگرت و تاو بردبوونی و بە هیچ شێوەیەک توانایی ڕێڕۆیشتنیان نەما و نەیانتوانی لەگەڵ پێشمەرگەکان سەرکەون و بە مەودایەک لە نێوان لووتکەی شاخەکە و بریندارەکاندا مابوونەوە. بەم جۆرە، پێشمەرگەکان پاش چەند کاتژمێرێک شەڕی مان و نەمان، توانییان درز بخەنە نێو گەمارۆکە و دەستیان گەیشتە سەر شاخەکە و دوژمن ناچار بوو ئەو شوێنە یەکلاکەرەوەیە بۆ پێشمەرگە بە جێ بێڵێ. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ جگە لەو ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ میترە نەبێ، هەموو دوروبەری پێشمەرگەکان لە دەستی هیزەکانی ڕێژیمدا بوو. بەم شێوەیە تا کۆتایی ڕۆژ شەڕ بەردەوام بوو.

ڕێژیم چەندین جار خۆی تاقی کردەوە بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان لەو شاخە وەدەر بنێ، بەڵام ئەوە مەحاڵ بوو، چوونکە پێشمەرگەکان ئەوەیان دەزانی کە ئەگەر دەستبەرداری ئەو سەنگەرە بن، ئەوا بە تەواوی دەکەونە گەمارۆوە. تۆپخانەی ڕێژیم هەموو ڕۆژەکە بەخەستی شوێنی پێشمەرگەکانی تۆپ و خومپارەباران دەکرد بەڵام بێ سوود بوو و پێشمەرگەکان یەک میتری شوێنەکەیان چۆڵ نەکرد. هێزەکانی ڕێژیم زیانێکی بەرچاوی گیانییان بەر کەوتبوو و ئێمە یەک کادرمان بە ناوی ع. م لە مەڵبەندی ٣، بریندار ببوو. هەموو ڕۆژەکە و بەتایبەتی کاتێک هەوا نەختێک تاریک داهات، چاومان لە جموجۆڵی ڕێژیم بوو کە هێزێکی یەکجار زۆری لە هەورامانەوە بەرەو ئەو سنوورەی کە ئێمە دەبوو پێیدا بپەڕینەوە لە نیوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، ڕەوانە دەکرد. بە جۆرێک کە بە درێژایی سنوورەکە ماشینی هەڵگری هێزەکانی ڕێژیم لە پشت سەری یەکەوە دەرۆیشتن و ئەو سنوورەیان ڕووناک دەکردەوە.

ڕێژیم کەڵکی لە بارودۆخەکە وەردەگرت. لەگەڵ ئێراق شەڕی ڕاوەستاندبوو و بە سەدان هەزار چەکداری لە کوردستان کۆ کردبووەوە. ئێمەش یەکەم هێزی پێشمەرگە بووین کە گەڕابووینەوە ناوچەکە. جوگرافیاکەش بۆ ئەو جۆرە حەرەکەتەی پێشمەرگە، تەنانەت ساڵانی پێشتریش کە ڕێژیم لە گەڵ ئێراق لە شەڕ دا بوو، گونجاو نەبوو. بۆیە ئێستا هەوڵی دەدا لە لایەک قەرەبووی زیانەکانی خۆی کە لەو دوو ڕۆژەدا بەری کەوتبوون بکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە تا بۆی بکرێت ڕێگا نەدات ئەو هێزەی پێشمەرگە بە هەر نرخێک بووە دەربازی بێ. پاش دوو ڕۆژی تەواو شەڕی سەخت و یەکلاکەرەوە کە ڕێژیم ئەوەی پلانی بۆ دانابوو کە لە ناوبردنی ئەو هیزەی پێشمەرگە بوو بە تەواوی بۆی نەچووبووە سەر، لە ڕاگەیەنەرەکانیدا، وەک دەنگ و رەنگ (صدا و سیما)ی کۆماری ئیسلامی ، کەوتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی شەڕەکە و ڕایگەیاند کە بە سەدان پێشمەرگەی کە ئەو ناوی دەنان دژی شۆڕش (ضدی انقلاب) لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی کوشتووە و بریندار کردووە و بە دەیان کەسی لەوان بە دیل گرتووە و هەموو ئەو هێزەی لە ناو بردووە. لەو سەردەمەدا، ڕێژیم هیچ کات هەواڵی شەڕی لەگەڵ پێشمەرگە بلاو نەدەکردەوە بەڵام وادیار بوو ئەم جارە بارودۆخەکە جیاواز بوو. لەو ناوچە کە پێشتر حەرەکەتی ئەوتۆ نەکرابوو، ئێستا دوو ڕۆژی تەواو بوو شەڕ بەردەوام بوو. ڕێژیم بە هەزاران چەکداری لە ناوچەکانی داڵاهۆ، جوانڕۆ و هەورامانەوە هێنابووە ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی و دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئاگاداری شەڕەکە بوون. بۆیە ڕێژیم بەشێکی لەبەر ناچاری دەبوو هەوالەکە بڵاو بکاتەوە.

لە کاتێکدا کە دونیا خەریک بوو تاریک دادەهات و زۆرێک لە پێشمەرگەکان لە بێئاویدا زمانیان توانایی ئەوەی نەمابوو کە لە نێو گەروویاندا بجووڵێ، خۆمان ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی لە شاخەکە بێینە خوارەوە.

درێژەی هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی