"an independent online kurdish website

لە بیرەوەریی پێشمەرگەیەکدا

ڕۆژی دووهەمی شەڕ کۆتایی هات. پێشمەرگەکان پاش دوو ڕۆژی تەواو شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم ماندوو ببوون بەڵام ورەیان بەرز بوو.

 هەر دوو ڕۆژەکە ئەوەی دەستپێکەری شەڕ بوو، هێزی دوژمن بوو و پێشمەرگەکان پێویستیان بە چەندین کاتژمێر لە خۆبوردوویی هەبوو تا بەرزاییەکان لە دوژمن پاک بکەنەوە و ڕێگا نەدەن بالادەستیی دوژمن بە سەر بەرزاییەکاندا گەمارۆکە حەتیمتر و دژوارتر بکا. شوێنی شەڕگەی ڕۆژی دووهەم تا ڕادەیەکی زۆر مەسیری (ڕچەی) تێپەڕبوونی پێشمەرگەکانی بۆ ڕێژیم ڕوون دەکردەوە و ئەمەش وای کردبوو کە بە دەیان و بگرە سەدان ماشین هێزیان بۆ ئەو سنوورە ڕەوانە کردبوو و ئێمەش بەباشی جموجۆڵ و لەشکرکێشییەکەمان لە بەرزاییەکانەوە دەبینی.

ئەوەی زیاتر ئازاربەخش بوو، ئەوە بوو کە ئەو ٣ بریندارە و لایەق کە لایان مابووەوە، کەوتبوونە دەرەوەی ناوچەی ژێردەستی پێشمەرگە و هیچ ئاگادارییەک لە بارەیانەوە نەبوو. ٢ پێشمەرگەی دیکەش تاو بردبوونی و توانایی رێڕۆیشتنیان نەمابوو و ئەمانەش زۆر لە بریندارەکانەوە دوور نەبوون و کەوتبوونە ناوچەی ژێر دەستی دوژمنەوە. دەرکەوتبوو کە ڕۆژی پێشتر ٢ پێشمەرگەی دیکەی سەر بە هێزی بێستوون بە ناوەکانی غوڵام ئابیار و کامبیز بابایی ناسراو بە ڕاشین، وێرای ڕەئوف محەمەدی ناسراو بە مەلا ڕەئوف کادری سیاسیی کومیتەی ماکوان، لە پێشمەرگەکان هەڵبڕابوون. دوو پێشمەرگەی سەر بە هێزی زاگرۆسیش، لەسەر بڕیاری خۆیان، بەرەو ناوخۆی ڕۆژهەڵات گەڕابوونەوە و دواتر دەرکەوت لە شاهۆوە تێپەڕیبوون و دوای چەند ڕۆژێک خۆیان گەیاندبووەوە ناوچەکانی سنە و مەریوان. دیارە لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا لە جیاتیی ٤ بریندار، پێنج بریندارمان هەبوو. بێسیمچیی هێزی بێستوون بە ناوی ک. خ بەسووکی بریندار بووبوو. بۆیە ٣ لە بریندارەکان کە برینەکانیان سووک بوو، لەگەڵ هێزدا مابوونەوە.

لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆز و نالەباردا، پێشمەرگە لەسەر شاخەکەوە بەرەو سەر چۆمی زمکان دەستیان بە دابەزین کرد. زۆربەی هەرە زۆری پێشمەرگەکان لە کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆوە ئاویان پێ نەمابوو و تەنانەت توانایی قسەکردنیان نەمابوو. کە شەو داهات و دونیا ئارام بوو، هاژەی ئاوی زمکانمان لەسەر شاخەکەوە دەبیست و هیوامان وابوو بە چەند خولەکێک دەگەینە سەری. بەڵام هەوا تاریک بووبوو و بەرمان بوو بە بەربەستێک کە دەبوو وەک شاخەوانەکان بە پەت خۆمان دابێڵینە خوار. دوو پشتێنی شەش میتریمان بە یەکەوە بەست و دانە دانە دەست کرا بە دابەزاندنی پێشمەرگەکان. دوو پێشمەرگە لە سەرەوە پشتێنەکەیان دەگرد و پێشمەرگەیەک پشتێنەکەی لە خۆی دەبەست و خۆی بەر دەدایەوە. بەم شێوەیە لەوانەیە زیاتر لە ٢ کاتژمێری بردبێت تا هەموو پێسمەرگەکان دابەزین. پێم وایە دەوروبەری کاتژمێر ١١ ی شەو بوو کە گەیشتینە سەر چۆمی زمکان. پێشمەرگەکان ئەوەندە تینوو بوون کە زۆرێکیان بە هەموو لەشیانەوە خۆیان خستە نیو ئاوەکەوە.

پاش ئەوەی پێشمەرگەکان پشوویەکیان دا، دەبوو خۆمان ئامادە بکەین کە بەرەو سنوور بکەوینە ڕێ. ئاگاداری ئەوە بووین کە سنوور بە هێزی دوژمن بە تەواوی تەندراوە و ئێمەش دەبوو ئەو ئەگەرە لە بەرچاو بگرین کە بۆ پەڕینەوە لە سنوور بە ئەگەری زۆرەوە بە شەڕ ڕێگایەک بۆ خۆمان بکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە دوو دەستەی دژەکەمین دیاری کران و لە پێشەوەی هێزی سەرەکییەوە ڕۆیشتن. ماوەیەک بوو کەوتبووینە ڕێ. کادرێکی کومیتە شارستانی هەورامان بە ناوی م. ک کە بە زگی (مەعیدەی) خاڵی ئاوێکی زۆری لەو ئاوە گەرمەی زمکان خواردبووەوە، دەستی بە ڕشانەوە کرد و بۆ ماوەیەک بێحاڵ بوو و توانایی جووڵەی نەما. من و پێشمەرگەیەک بە ناوی ئیسمائیل ڕەحیمی کە لە دوای هێزەکەوە و لەگەڵ ناوبراو بووین، چەند جارێک پەیاممان بەرەو پێشەوە نارد کە وتمان ناوبراو حاڵی باش نییە بەڵام پێشمەرگە ئەوەندە ماندوو بوون کە ئەو پەیامەیان لە نیوەی رێدا دەبڕی و نەدەگەیشتە پێشەوە. بۆیە ئیسمائیل بۆ خۆی ناچار بوو بڕوات بەڵکوو بگاتە پێشەوە و هەواڵەکەیان پێ بگەیەنێ. من لەگەڵ ناوبراو مابوومەوە. کەمێک کات ڕۆیی و پێی وتم کە منیش بڕۆم و با بە جێ نەمێنم. خۆنەویستی و دڵسۆزیی مرۆڤێک بگاتە ئەو ڕادەیە کە بە هاوڕێکەی بڵێ بە جێی بێڵێ و با تەنها ئەو بۆ خۆی جێ بمێنێ! منیش وتم ئەگەر هەر هات و جێ ماین با دوو کەس بین باشترە لەوەی یەک کەس بین. پاش تێپەڕبوونی نیزیک بە ٢٠ خولەک، ناوبراو تەندروستیی گەڕایەوە دۆخی ئاسایی و توانیمان دەست بکەین بە ڕۆیشتن. لە کۆتاییدا گەیشتینە لای هێز کە ڕاوەستابوون، وتمان باشتان کرد کە ڕاوەستان ئەگینا ئێمە هەڵە دەبوین (ڕێگامان ون دەکرد). وتیان وا مەزانن بۆ ئێوە ڕاوەستاوین. کێشەیەکی دیکەمان بۆ دروست بووە و ناچار بووین بوەستین.

وا دیار بوو هێز لەگەڵ دژەکەمینەکان مەودایەکی زۆریان کەوتبووە بەین و هیچ کەسێکی شارەزا لەگەڵ هێز نەبوو. تەنها یەک کەسی شارەزامان هەبوو کە لەگەڵ یەکێک لە دژەکەمینەکان بوو. بارودۆخەکە تا دەهات دژوارتر دەبوو. دیار بوو پێش ئەوەی ئێمە بگەینەوە بە هێز، داوایان کردبوو دژەکەمینەکان بگەڕێنەوە. یەکێک لە تیمەکان وتبوویان خەریکن لە سنوور دەپەڕنەوە و ئاسان نییە بگەڕێنەوە. تیمی دووهەم کە نەفەرە شارەزاکەیان لەگەڵدا بوو گەڕابوونەوە و بە جێگایەکی دیکە دا ڕۆیشتبوون و زۆر زیاتر لە هێز بەرەو ناوخۆ گەڕابوونەوە و بەم جۆرە لە یەک دابڕابووین و ئیدی خەریک بوو پاش ئەم ڕووداوانەش کاتمان بە دەستەوە نەدەما بۆ ئەوەی جێگایەکی تا ڕادەیەک گونجاو بۆ مانەوەمان بدۆزینەوە. ئێستا لە داوێنی دۆڵی دەرە بووین و لە شوێنێک بە ناوی بێزەل. فەرماندەری هێز داوای کرد سەرەتا هەموو کەس بچێت لە چۆمی زمکان ئەوەی تینوویە ئاو بخواتەوە و ئاوی پیویستیش لەگەڵ خۆمان بێنین و دواتر کۆبوونەوەیەک دەکەین. داواکە جێبەجێ کرا و گەڕاینەوە. پێیان ڕاگەیاندین تەنها یەک ڕێگامان لە بەردەستدایە، ئەویش ئەوەیە لە نێو ئەم زەلوزوولەی (قامیشەڵانەی) تەنیشتمان کە دەکەوێتە قووڵایی دۆڵەکەوە بمێنینەوە و، کە ڕۆژ بووەوە بە هیچ شێوەیەک جموجۆڵمان نەبێ. تەنانەت ئەگەر سبەینێ بۆ تاقیکردنەوە هێزەکانی ڕێژیم فیشەکیش بکەن بە نێو ئەم زەلوزوولەدا و تەنانەت پێشمەرگەشمان لێ بریندار یان شەهید بێ، نابێ خۆمان بشڵەژێنین، چوونکە شوێنەکە بە هیچ شێوەیەک بۆ بەرگریکردن نابێ. بەو ئەندازەیەش جێگایەکی تا ڕادەیەکی زۆر بێشکیش دەبێ بۆ دوژمن. بەناچار بڕیار درا لە نیو ئەو زەلوزوولە کە نیزیک ١٠٠ میتری دووجا دەبوو بمێنینەوە و خۆمان دایە دەست ئەو تاکتیکەی کە دوژمن بە هیچ شێوەیەک پێی وا نەدەبوو ئێمە بتوانین لەو جێگایەدا بمێنینەوە. لە ئەگەری ئاشکرا بوونمان، زەحمەت بوو کەسمان ڕزگاری بێ. لە ڕاستیدا ناچار بووین قومارێک بە گیانی خۆمانەوە بکەین و هەوڵ بدەین دوژمن فریو بدەین کە هیچ ئەقڵ و ئاوەزێک بۆ ئەوە نەدەچوو کە پێشمەرگەکان لەو جێگا بمێنێنەوە.

هەر چەند پێشمەرگە و لە شوێنێک لە نێو زەلوزوولەکەدا خۆمان حەشار دا. سبەینێ ڕۆژ بووەوە و تا دەوروبەری کاتژمێر ١٢ ئەو چەند کەسەی ئێمە هەستمان بە هیچ مەترسی و جووڵەیەکی گوماناوی نەکرد. هەمان ئەو کادرەی کە شەوەکەی تووشی ڕشانەوە ببوو، بە حوکمی ئەوەی ئێمە زۆر لە چۆمەکەوە نیزیک بووین، لە تینووییدا ئارامی نەگرت و بەئەسپایی خۆی گەیاندە سەر لێواری زەلوزوولەکە کە دەیڕوانییە سەر چۆمەکە و زچاویکی (زەلکاوێکی) پەیدا کرد و کەمێک ئاوی فێنکی دەست کەوت و هاتەوە. پاش ماوەیەک وتی تا ئێستا هێچ نەبووە، با بڕێک ئاویش بۆ ئەوانی دیکە بەرم. کاتێک بە نێو زەلەکەدا بە ئاوەکەوە ڕۆیشبوو بۆ لای ئەوانی دیکە کە نەختێک لە سەرەوەتر بوون، دیتبووی کە هەموویان خۆیان بەستووە و ئامادەباشن. پرسیاری کردبوو بۆ خۆتان بەستووە و ئەوانیش وتبوویان تۆ لە کوێوە وچۆن ئەم ئاوەت هێناوە. کە باسیان بۆ دەکات، دەڵێن چاو لە جاشەکان بکە کە تەنها ١٠٠ میترێک لە سەرەوەی ئێمەوە جێگیر بوون. ئێستا ئیدی ئێمە ئەوەی ڕاستی بێ، بە شێوەیەک لە گەمارۆی هێزەکانی ڕێژیمداین و تەنها دەکرێت لەبەر بێشکیی شوێنەکەمان کە باوەریان نەدەکرد لەوێ بین پێمان نازانن. یانی نەک گەمارۆ، بەڵکوو لە نێو هێزەکانی ڕێژیمدا خۆمان دەبینییەوە کە تەنها ئەوان ئیمە نابینن و ئێمە دەیانبینین. تا دەوروبەری کاتژمێر پێنجی ئێوارە هێزەکانی ڕێژیم بە هەموو دەوروبەرماندا جێگیر بوون. ئەوانەی کە زۆر لە ئێمەوە نیزیک بوون و تەنانەت دەیانتوانی ئەگەر نەختێک بە دەنگی بەرز چپەش بکەین گوییان لە دەنگمان بێ، لە دیوی ئێمەوە دیار نەمان. دیارنەمانی ئەو هێزەی ڕێژیم لە دیوی ئێمەوە و ئەوەی کە تا ئەو کاتە واتە دەوروبەری کاتژمێر پێنج و شەشی ئێوارە پێیان نەزانیبووین، یارمەتییەکی باش بوو. بەڵام هیچ ڕوون نەبوو دواتر چی روو دەدات.

درێژەی هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی