"an independent online kurdish website

لە بیرەوەریی پێشمەرگەیەکدا

سەرئەنجام، ڕۆژی سێهەممان لە نێو ئەو زەلوزوولەدا بردە سەر و تووشی شەڕ نەهاتین. پێش ئەوەی هەوا تاریک ببێ، (لە حەشارگە) هاتینە دەر و خۆمان بۆ پەڕینەوە لە سنوور ئامادە کرد.

 هیچ کەسی شارەزای ناوچەکەمان لەگەڵ نەمابوو و تەنها ڕوومان لە مەسیری سنوور دەکرد و بڕیارمان دابوو کە بە هەر نرخێک بووە، ئەو شەوە لە سنوور بپەڕینەوە، تەنانەت ئەگەر ناچار بین بە شەڕ ڕێگایەک بۆ پەڕینەوە بکەینەوە.

لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا بەرەو سنوور وەڕێ کەوتین. من و هاوڕێیەکی سەرپەل بە ناوی ع. م. لە دواوەی هێزەکەوە بووین، پەیامێک هات و فەرماندەری هێز داوای کردبوو ناوبراو وەک شارەزایەکی ناوچەکە بچێتە پێشەوە. منیش تا ئەو کات نەمزانی بوو کە ئەو هاوڕێیەم شارەزای ئەو ناوچەیەیە. لە ناوبراوم پرسی کە ئایا ئەو شارەزای ناوچەکەیە؟ لە وەڵامدا وتی: بە دووربینیش ئێرەم نەبینیوە. بە هەر حاڵ، ناوبراو ڕۆیشت و حەرەکەت بەردەوام بوو. ماوەیەک ڕۆیشتین و لەگەڵ سەرەولێژییەکی زۆر لووس بەرەو ڕوو بووین، بە مەودای نیزیک بە ١٠٠ میترێک دەبوو لە سەر عەرز دانیشین و خۆمان بەرەو خوارەوە بەردەینەوە. لەو خۆبەردانەوەیەدا زۆر کەس دەست و لاقی بریندار بوو، بەڵام کەس گوێی نەدەدایە ئەم جۆرە برینانە. کاتێک هیچ کەسی شارەزامان لەگەڵ نەمابوو، بۆ ئەوەی لە یەک دانەبڕێین،لە دیاریکردنی دژەکەمین خۆمان بوارد. هەموو لە پشت سەری یەکەوە حەرەکەتمان دەکرد و چاوەنواڕ بووین بزانین لە کوێ تووشی بەربەست و هێزی دوژمن دەبین. ماوەیەک تێپەڕی و دیتمان تەنیا بە مەودای کەمتر لە ١٠٠ میترێک لە پایگایەکی ڕێژیمەوە دوورین. مانگەشەو بوو و بەڕوونی نیگابانەکەیان دەبینرا، بەڵام ناوبراو خۆی لە ئێمە گێل کرد و وای دانابوو کە ئێمەی نەبینیوە. ئەو شەوە تا ڕۆژ بووەوە، بۆ یەک خولەکیش پشوومان نەدا. خەریک بوو دونیا ڕووناک دەبووەوە، لە چۆمێک و لە سەر ئاوێک بۆ پشوودان ڕاوەستاین و بە بۆچوونی خۆمان دەبوو لە مێژ بێ سنوورمان تێپەڕاندبێ. پایگایەک لە ڕووی ئێراقەوە لە سەر بەرزاییەکدا هەڵکەوتبوو کە کەمتر لە ٢٠٠ میترێک لە ئێمەوە دوور بوو. پێشمەرگەکان دەستیان کرد بە دەست و قاچ شۆردن. بەرپرسەکان بە ئامارگیری (سەرژمێری)یەوە سەرقاڵ بوون، بۆ ئەوەی بزانن بە دەقیقی چەند پێشمەرگەمان لێ شەهید و بریندار بوون یان چەندەمان لێ هەڵبڕاون. لە سەر یەک، لە سەرەتای ئەو حەرەکەتەدا دەوروبەری پەنجا کادر و پێشمەرگە بووین. دەرکەوت لە یەکەم چرکەی شەڕی ڕۆژی یەکەمدا شەهیدێکمان هەبووە. لە ڕۆژی یەکەمدا و لە کۆتایی ڕۆژدا ڕەئووف محەمەدی (مەلا ڕەئووف) و دوو پێشمەرگەی دیکەمان بە ناوەکانی غولام ئابیار و کامبیز بابایی هەڵبڕابوون و ٣ کەسیش وەک کومیتە ناوچەی ماکوان، هەڵبەت بە ئاگاداریی هێز جیا بووبوونەوە و بەرەو ناوچەی جوانڕۆ درێژەیان بە گەشتی تەشکیلاتیی خۆیان دابوو.

ڕۆژی دووهەمی شەڕەکە، ٣ لە بریندارەکان وێڕای لایەق ئەکرەمی و دواتر ٢ پێشمەرگەی دیکەش بە ناوەکانی فەرید فەرەجی و بەرزان ئەمینی، وەک پێشتر باس کرا تاو بردبوونی، لێمان دابڕابوون. هەروەها، دوو پێشمەرگەی دیکەی هێزی زاگرۆس بە ویستی خۆیان لە هێز جیا بووبوونەوە و بەرەو ناوخۆ ڕۆیشتبوون و دواتر لە ناوچەکانی کامیاران، سنە و مەریوان گەیشتبووونەوە بە هێزی پێشمەرگە. لەگەڵ هێزیش ٢ بریندارمان بە ناوەکانی ع. م. و ک. خ. هەبوو و حەمە سەعید قادری کە ڕۆژی یەکەم بریندار بووبوو، لە شەوی پێشتر لەگەڵ دژەکەمینی یەکەم لە سنوور پەڕیبووەوە.

کاتژمێر دەوروبەری ٩ی بەیانی بوو. ٢ پێشمەرگە بەرەو لای ئەو پایگایەی کە لە ڕووی ئێراقەوەی ئێمەوە بوو، بەڕێ کران بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەنەوە کە ئێمە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانین و تەقەمان لێ نەکەن. کاتێک لە پایگاکە نیزیک دەبنەوە دەبینن ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە سەر پایگاکە هەڵدراوە و تێدەگەن کە ئەو پایگایە هی ئێرانە و پایگایەکی ڕووبەڕووی ئەو هی ئێراقە. ئەوانیش بە تەنیشت پایگاکەی ئێراندا دەچنە نێو ئەوەی ئێراق و بە بێسیم هێز ئاگادار دەکەنەوە کە پایگای یەکەم هی ئێرانە و ئەوەی ئەو بەر هی ئێراقە. وا دیار بوو بە ڕۆژی ڕۆشنا ئێمە لە نێو خاکی ڕۆژهەڵات و تەنانەت لە ٢٠٠ میتریی پایگای ئێران مابووینەوە. هەر چۆنێک بوو، سەرەتا بیکەیسییەکمان برد و لەوبەرەوە ڕووبەڕووی پایگاکەی ئێران دامانمەزراند بۆ ئەوەی کاتێک پێشمەرگەکان بە تەنیشت پایگاکەی ئێراندا تێدەپەڕین و لە سنوور دەپەڕینەوە، ئەگەر هات و تەقەیان لە پێشمەرگە کرد، ئەوا بەو بیکەیسییە مەجاڵی تەقەکردنیان لە پێشمەرگەکان نەدرێتێ. دوو دوو و سێ سێ پێشمەرگەکان بە ١٠٠ میریی پایگاکەی کۆماری ئیسلامیدا لە سنوور پەڕینەوە. عەسکەرەکانی ئێراق شڵەژابوون و لە بەر ئەوەی ئاگربەستی نیوان ئێران و ئێراق دوو ساڵی بە سەردا دەهات، ترسیان لەوە بوو لەو سنوورە ئەگەر پایگاکەی ئیران تەقە لە پێشمەرگە بکات، ئەوا پێشمەرگە وڵامیان دەداتەوە و لەوانەیە ببێتە کێشەیەک بۆ ئەوانیش، بەڵام کارێکی ئەوتۆشیان لە دەست نەدەهات و پێشمەرگەش ئامادە بوو لە ئەگەری دەستکردنەوەی پایگاکە لە پێشمەرگە، وەڵامیان بداتەوە.

بارودۆخەکە بێ کێشە تێپەڕی و شەڕ ڕووی نەدا. ئەو پایگایەی ئێراق کە لە ناوچەی شەڕەکانەوە نیزیک بوو و چاودێریی ناوچەکەیان دەکرد، بە هیچ شێوەیەک لەو باوەڕەدا نەبووبوون کە هیچ کەسێک لەو شەڕانە ڕزگاری بووبێ. تەنانەت لەو هەموو لەشکرکێشییەی ئێران بۆ ئەو سنوورە گومانیان لا دروست بووبوو کە ئێران ڕەنگە لەوێوە خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێراق ئامادە کردبێ.

کاربەدەستانی ئێراق کە لەوە تووڕە بوون ئێمە بێ گوێدانە بەربەستەکانی ئەوان کە ڕێگرییان لە چوونەوەی ئێمە بۆ ناوخۆ دەکرد، دواتر دەستیان کرد بە بێڕێزیکردن پێمان و ڕەوانەی زیندانێکیان لە دەربەندیخان کردین. ڕۆژی دواتر لە لایەن پێوەندییەکانی حیزبەوە ئازاد کراین و گەڕاینەوە، سەرەتا بۆ سلێمانی و هەر هەمان ڕۆژیش بۆ قەسڵان. ڕۆژی دواتر کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ گیرا و پێشنیار کرا بگەڕێینەوە بۆ ناوچە و ئەم جارەیان گەڕانەوەمان لە سنووری مەریوانەوە بێت. پێشمەرگەکانیش پێشنیارەکەیان قبووڵ کرد و پێم وایە ڕۆژی دواتر بێت، بەرەو سنووری مەریوان بەرەو ناوچە (نێوخۆی ڕۆژهەڵات) بەڕێ کەوتینەوە.

درێژەی هەیە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی