پێناسەیەکی مێژووی شەڕی ناوخۆیی.
شەڕی ناوخۆیی بەو جۆرە شەڕە دەگووترێت، کە لە ناوخۆی وڵاتەکە یا کۆمەڵگاکە ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوەو لەیەک بکووژن. واتە شەڕی گرووپێک یا لایەنێک بەرامبەرە بە لایەنی دیکە هەر لە ناوخۆی جۆغرافیا و شوێنی ژیانیان لە ناو وڵاتەکەی خۆیان.
جا چی شەڕی ئاینی بێت یا سیاسی بێت، یا هۆز و تایفەو ڕەگەزی بێت، جا لە سەر دەسەڵات بێت یا لە سەر هێز و دابەشکردنی ئەرز وسنووری ناوخۆیی. هەموو شەڕە ناوخۆییەکانی مێژوو، کە لە سەدەکانی سەرەتاییەوە تا ئێستا درێژەی هەیە. لە کۆی هەموویدا لێکۆڵینەوەی بۆکراوە، لە ئاکامدا دەرکەوتووە کە زیانەکانی شەڕ بۆ پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگاکان، لە بوارەکانی هەستی نەتەوەیی، پێگەی ئابوری، گەشەو ئاوەدانی، ژینگەیی، ژیان و پێوەندی کۆمەڵایەتی ولەشساغی. هەروەهاو بە جێمانی کۆمەڵگا لە زانست و پێشکەوتن، تەپینی ژیانی ئابوری و دەروونی تاکی و خێزانی، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ئیداری، و زیادبوونی دزی وجەردەیی و لەشفرۆشی. دزەکردنی دەزگاکانی سیخوڕی و فیتنەیی وڵاتانی دراوسێ لە ناو وڵاتەکە. کڕێنی مرۆڤە برسییەکان بۆ بەکارهێنانیان لە مەبەستی مەترسیدار.، زۆر بواری دیکەش.
شەڕی ناوخۆیی لە جیهان
لیستی هێندێک لە شەڕە ناوخۆییەکانی جیهانی لە مێژوودا. لەم لیستەدا مەبەستمان لە شۆرش و ئینقلابەکان نیە، کە بە ڕووخانی حکومەتێک و هاتنی حکومەتی دیکە، ئەمە تەنیا مەبەستی شەری ناوخۆیی هاوخوێنی و هاوڕەگەزەکانی ئەو وڵاتانەیە، کە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە لە مێژوودا.
شەڕی ناوخۆیی کۆڵۆمبیا لە ساڵەکانی 1067-1072
شەڕی ناوخۆیی نەرویج لە ساڵەکانی 1130-1240
شەڕی ناوخۆیی بەریتانیا لە ساڵەکانی1455-1485
شەڕی ناوخۆیی یابان لە ساڵەکانی1467-1477
شەڕی ناوخۆیی ئاینیی فەرانسە لە ساڵەکانی 1562-1598
شەڕی ناوخۆیی ئەمریکی لە ساڵەکانی 1861-1865
شەڕی ناوخۆیی ڕوسی لە ساڵەکانی1917 -1921
شەڕی ناوخۆیی فینلەندا لە ساڵەکانی 1918
شەڕی ناوخۆیی ئیرلەندا لە ساڵەکانی 1922-1923
شەڕی ناوخۆیی سین لە ساڵەکانی 1928-1937, 1945-1949
شەڕی ناوخۆیی ڤێتنام لە ساڵەکانی 1930-1975
شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیا لە ساڵەکانی ، 1936-1939
شەڕی ناوخۆیی یۆنان لە ساڵەکانی ، 1946-1949
شەڕی ناوخۆیی باراگوای لە ساڵی 1947
شەڕی ناوخۆیی کۆستەریکا لە ساڵەکانی ، 1948
شەڕی ناوخۆیی کۆریاییەکان لە ساڵەکانی ، 1950-1953
شەڕی ناوخۆیی ئەندەنوزیا لە ساڵەکانی ، 1965-1966
شەڕی ناوخۆیی نەیجیریا لە ساڵەکانی ، 1967-1970*
شەڕی ناوخۆیی پاکستان لە ساڵەکانی ، 1971
شەڕی ناوخۆیی لوبنان لە ساڵەکانی ، 1975 – 1990
شەڕی ناوخۆیی موزەمبیقا لە ساڵەکانی 1975-1992
شەڕی ناوخۆیی سریلانکا لە ساڵەکانی 1983 – 2009
شەڕی ناوخۆیی یوغسلافیا لە ساڵەکانی 1991- 2001
شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستان لە ساڵەکانی 1992-2001
شەڕی ناوخۆیی جەزایر لە ساڵەکانی 1992-2002
شەڕی ناوخۆیی بۆرۆندییە لە ساڵەکانی 1993 – 2005
شەڕی ناوخۆیی نیپاڵی لە ساڵەکانی 1996 – 2006
شەڕی ناوخۆیی ئێراق لە ساڵەکانی2006-2008 و تا ئێستاش پچرپچڕ ڕوو دەدات.
شەڕی ناوخۆیی لە باشووری کوردستان لە ساڵەکانی 1994 تا 1997
شەڕی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی 2011 – تا ئێستاش بەردەوامە
شەڕی ناوخۆیی لیبیا لە ساڵی ، 2011 تا ئێستاش بەردەوامە
شەڕی ناوخۆیی یەمەنی لە ساڵی 2015 – تا ئێستاش بەردەوامە.
بەشی زۆری ئەو وڵاتانەی کە شەڕی ناوخۆیی تێاندا روویداوە، ئەزموونێکی باشیان لە زیانەکانی ئەو نەهامەتییە وەرگرت و توانیان لە ڕێگەی دیالۆگەوە ئارامی بگەرێینەوە بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام هێشتا لە زۆربەی وڵاتە عەرەبی وخۆرهەڵاتی ناڤین و ئەفریقییەکان ئەو شەڕانە هەر درێژەی هەیە، لە باتی پێشکەوتن و پەرەسەندن لە وڵاتەکانیان، بە پێچەوانە ژمارەی ئاوارەی ئەو وڵاتانەی کە شەری ناوخۆی لەم ١٠ ساڵ پێشە تێکەوتووە گەیشتووەتە سەرەوەی ١٠ ملۆین وژمارەی کووژراو ملوێنی تێپەڕکردووە. بەڵام زۆربەی ئەو وڵاتانەی سەرەوە بوونەتە نموونەی پێشکەوتن و زلهێزترین وڵاتی جیهان لە زۆر بواردا.
کورد و شەڕی ناوخۆیی بە تایبەت لە باشووری کوردستان.
پێمخۆشە دەسپێکی ئەم بابەتەی کە پێوەندی بە کورد و کورستانەوە هەیە، بەم هەڵبەستەی شاعیری نەتەوەیی و خەمخۆری سەربەخۆیی کوردستان مامۆستا عەبدوڵا پەشێوە دەست پێبکەم کە دەڵێت:
هەر کات مێژوو دەخوێنمەوە
بە هەر دو دەست چاوم دەگرم
دەڵێم نەکا لە شەرما
لە بەر دەمی دێرێک بمرم
پەڕەی مێژووی کورد هەروایە
تا سەیری کەی شەری تیایە
یان زێدی خۆی فرۆشتوە
یان کورد خودی خۆی کوشتوە .
بەڵێ بە داخەوە مێژووی گەلەەکەمان سەرەڕایی داگیرکراوی لە لایەن وڵاتان و ئیمپراتۆکانی مێژوو لە ناوچەکەدا. بەردەوام لە کێشەی شەری ناوخۆیی لە نێوان ئیلایەت و ئیماراتەکانەوە، تا ئاغاو عەشیرەت و دەربەگەکانەوە. دواتریش لە دروستبوونی حیزب و ڕێکخراسی سیاسی، ئەو ناکۆکیانە بە دەستێوەردانی دەزگا سیخووڕییەکانی وڵاتانی داگیرکەر لە سەر خاکی کوردستان درێژەی هەبووە.
بێجگە لەوەی کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەو شەڕی ناوخۆیی هەبووە. زۆربەی حیزبەکان کە لە شاخیشدا بوون، هەمووشیان هێزی پێشمەرگەیان هەبووە، وێرای ئەوەی کە بە هێزەکانیان شەڕی دوژمنان و داگیرکەرانیان کردووە، بەڵام بەداخەوە هەر لە شاخەوە لوولەی چەکەکانیان ڕوو بە یەککردووە و سەدان ڕۆڵەی قارەمانیان لە یەکتر شەهیدکردووە. کەم حیزب هەیە کە ئەگەر لانیکەم ٢٥ ساڵ پێش درووستبووبێت شەری ناوخۆیی نەکردبێت، یا لەگەڵی نەکرابێت.
ئەگەر وردبینینێک بکەین بۆ درێژایی شەرەناخۆییەکانی کوردستان، بۆمان دەردەکەوێت کە خوێناوی ترین شەڕی ناوخۆیی کوردستان، بە داخەوە شەڕی باشووری کوردستانە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٧. مخابن ماوەی چەند ڕۆژێکە دیسانەوە خەڵکانێک دەهۆڵ و قەوانی هەرڵگیرسانەوەی دووبارەی ئەو شەڕە مەترسیدارە لە نێوان ئەو ٢ لایەنە لێدەدەنەوە.
بە شێوەی خوارەوە بە کورتی پێناسەیەکی ئەو شەڕە دەخەینە بەردەستتان، بۆ ئەوەی بزانن کە زیانەکانی چەندە مەترسیدارە.
ڕێکەوتی دەستپێکی شەڕەکە: مانگی مای١٩٩٤لە نێوان پارتی دیمۆکراتیی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، لە سەر خاکی باشووری کوردستان، هەڵگیرسا. وە ڕێکەوتی ڕاگرتنی شەڕەکەش لە نۆڤەمبەری ١٩٩٧بووە.
رێکەوتننامەی ئاشتی لە واشنگتۆنی پایتەختی ئەمریکا کە لە ١٧ی سەپتەمبەری ١٩٩٨، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمەی ئەمەریکا مادلین ئۆلبرایت، لە نێوان بەڕێزان کاک مەسعود بارزانی و ڕەوانشاد مامجەلال تاڵەبانی واژۆکرا.
بە داخەوە لەو شەڕەدا بەکووژراوی هەردوو لایەن، هەروەها شەهیدبوونی پێشمەرگەی بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە لایەن دەزگاموخابەراتییەکانەوە، و بە کووژرانی خەڵکی سیڤیلشەوە گەیشتە زیاد لە ٥٠٠٠ کەس. بەهەزاران کەس کەم ئەندام بوو، بە دەیانهەزاران بنەماڵە، لە ژێر دەسەڵاتی هەردوو لایەن ئاوارە بوون. بە دەیانهەزار لاوی کوردی نا ئۆمێد لە ئاکامی ئەو شەڕە، ئاوارەی هەندەران بوون. برسێت و نەداری بە تەواوی تەنگی بە خەڵک هەڵچنی بوو، لە نەبوونیدا نە دار بە شاخەکانەوە مابوو، نە گیان لەبەرو نە سەوزایی.
هەروەها موخابەراتی وڵاتانی ئێران و ئێراق و تورکیا و سوریا، زۆر بە ڕوونیڕۆڵی سەرەکیان لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا هەبووە، ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدان کە تا چەندەیان بۆ بلوێت ئاگری ئەو ناکۆکییە لە نێوان ئەو ٢ لایەنە کوردستانیە خۆش بکەنەوە.
کە خوێندنەوەیەکی سەرەتاییشی بۆ دەکریت، بۆمان ڕووندەبێتەوە کە هیچ هۆکارێکی وا گرنگ نەبووە کە دەبوایە ئەم شەڕە براکووژییەی بەو هەموو زیانەوە تێدا ڕوویبدایە. دەکرا بە دیالۆگ و ڕێکەوتنی ٢ لایەنە چارەسەر بکرابایەن، هەرچۆن کێشەکان وەک لە پاش ٢٠٠٣ بە ڕێکەوتن و دیالۆگ چارەسەرکراون، و باشووری وڵات گەشەیەکی باشی ئابووری و دیمۆکراسی و دێپڵۆماسی نێو دەوڵەتی بە خۆییەوە بینی. بەهەر حاڵ ئەوەی کە تێپەڕی تازە ناگەرێتەوە، گرنگ ئەوەیە کە کاریك بکەرێت دووپات نەکرێتەوە.
باشووری کوردستان لە پاش ئاشتی ئەو ٢ لایەنە.
لە پاش ڕاگرتنی شەڕە ناوخۆییەکە، ئیتر ژیانی خەڵک لە شار و گووندەکان تۆزیک بەرەو بووژانەوە هەنگاوی دەنا، تا سەر ئەنجام لە ساڵی ٢٠٠٣ حکومەتی بەعس ڕووخا، بەو نیمچە ئاشتییە کە لە ئارادابوو، تا ڕادەیەک گەلی کوردمان لە باشووری وڵات، توانیان مافەکانی سیاسی و مرۆیی و ئابووری لە ناو حکوومەتی ئێراقی نوێدا بە دەست بهێنن. هەروەها کەڵکی باشیشیان وەرگرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، و نەهێشتنی ئاسەواری ئەو ماڵوێرانییەی کە لەو چەند ساڵەدا ڕوویاندابوو. بە گشتی کوردستان لە نێوان ٢٠٠٥ تا ٢٠١٤ پێشکەوتنێکی زۆر گەورەو بەرچاوی لە بوارەکانی: ئاوەدانی و زانستی و ئابوورییەوە بە خۆییەوە بینی، کە سەرنجی زۆربەی کومپانیاکانی جیهانی بۆ خۆی ڕاكێشابوو. نوێنەرایەتی نزیک بە ٤٠ وڵات و ڕێکخراوی گرنگی جیهانی تێداکرایەوە.
بەڵام بەداخەوە لە ٢٠١٤ شەڕی داعشیان بە مەبەستەوە هێنایە سەر خاکی کوردستان، بە ئەمری وڵاتانی دەوروبەر بەغدا بووجەی کوردستانی ڕاگرت، ترس ودڵڕاوکێیان دیسان خستەوە ناو خەڵکەوە، بەڵام جوون شەرەکە شەڕی ناوخۆیی نەبوو، شەڕی بەرگری لە نیشتیمان بوو، کوردستانیان بە بێ جیاوازی حیزبی و ئەتنیکی، توانیان یەکگرتووانە بە پشتیوانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، ئەو دوژمنە بە هێزەش ببەزێنن.
لە پاش ئاکامی٩٣% دەنگدەری کورد بە بەڵێ بۆ ڕێفراندۆم، دیسانەوە کوردستان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کەوتەوە بەر پەلامارێکی دیکەی گەلەکۆمەیی چەند وڵاتێکی داگیرکەری کوردستان و هاوپەیمانەکانیان. ئەو ناخۆشیەش کۆتایی هات، و دیسانەوە کوردستان پێی نایەوە قۆناغی ئارامی.
دەهۆڵ لێدانی هیندێک کەس و میدیا لەم سەردەمدا بۆ شەڕی ناوخۆیی.
بەداخەوە دوای ئەو هەموو مێژوو تاڵەی شەری ناوخۆیی و ئەو هەموو دەسکەوتەی سەردەمی ئاشتی، کەچی دیسانەوە ماوەیەکە گۆیمان لە پڕووپاگەندەی نائۆمێدکردنی خەڵک لە دەسەڵاتی کوردستانی، و کووتانی دەهۆڵی شەڕی ساردی ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەری ناوخۆیی و ٢ زۆنی لەم بەشەی کوردستان.
بێجگە لە گلێێ و ناڕازی خەڵکی خۆماڵی، بەرامبەر بە دەسەڵاتی خۆماڵی، کە ئەوەش مافێکی شەرعی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە، و دەکرێت بە تێگەیشتن و دۆزینەوە چارەسەری گوونجاوە، ئەو کێشانە یەکلا بکرێنەوە. بەڵام هیچ گوومان لەوەدا نییە، کە وەگەرخستنەوەی مەکینەی ئاژاوە نانەوەو زەقکردنەوەی کێشەکان و بڵاوکردنەوەی پڕووپاگەندەی مەترسیدار، دەستی سەرەکی سیخورەکانی وڵاتانی دەورووبەری تیدایە. حەقوایە ئا لەم ساتەدا هەموو تاکێکی کورد، بە کەسانی مەدەنی و حیزبی وحکوومی و پێشمەرگەوە و هێزەکانی دیکەی پاڕێزەری وڵات! بە یەکدەنگ دژی ئەو جۆرە بیرۆکەیە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی براکووژی ببنەوە، و هەموو بە یەکدەنگ بلێێن نا بۆ شەڕی براکووژی و ناوخۆیی کوردستانی، و بەڵێ بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی ڕێشەییدار.
دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەم ڕق لە یەکبوونە لە بەرژەوەندی کێدایە، باش بزانین کە ئەم جۆرە هەوڵە مەترسییانە دەبنە هۆکاری ڕووخانی دیواری نەتەوەییمان، و توواندنەوەی هەستی کوردایەتی گەکەمان. دواتر بووژانەوەی بە سەدانساڵی دیکە کۆ نابێتەوە.
تێبینیەکان:
١ / ئەم بابەتە لە ساڵی ٢٠٢٠ نووسیووە، ناکۆکییەکانی ئێستا هۆکاربوو دووبارە بڵاویکەمەوە.
٢- هەر ڕاگەیاندن و تاکێک بییەوێت بڵاوی بکاتەوە، ڕێگەی پێدراوە، بە مەرجێک مافی ئاماژە بە نووسەری بابەتەکە و سەرچاوەکەی بکات .
٣- هەر کۆمێنتێک کە تەشهیر و بێڕێزی و گەرمکەری شەڕی ناوخۆیی بێت پاک دەکرێتەو.ە