"an independent online kurdish website

یاری دێرینی ئاوارە و شەریفزادە. پیاوە ناسراوە لووت بەرزەکەی بناری قەندیل، مەکۆی پێشمەرگە. ڕاوێژکار ، ڕێنما، ئەو کەسایەتیە کە بە درێژایی تەمەنی سەنگەری شۆڕش  لە مەڵبەندەکانی ( بەری مێرگان ونەڵێن)، وەک خۆی وتەنی: “هاندەری قەومەکەی بۆ پارێزگاری لە سەنگەری کوردایەتی و مەردایەتی” بوو.

 

ئەو وەک گەڵای ژیان بەخشی دار و دەوەنی لێرەوارەکانی قەندیل سەنگەری لە گیران نەهاتووی شۆڕش، جارێک شینایی ژیان و هۆمێدی بەقای میلەتەکەی پیر ئاسا بە دەڤەری پیران (شار) دەبەخشی. جارانی تر لووتکە بە لووتکەی شاخە بە هەیبەتەکانی وڵاتەکەی هەور ئاسا بەرەو بنارو پێدەشت دادەپۆشی تا بە نمە بارانی گیان بەخشی شۆڕش بزوێن و داکۆکی کاری مان  ومانەوەی نەتەوەکەی بەرانبەر پەلاماری وشک هەڵێنانی داری تەمەنی کورد و کورایەتی لە وڵات بێت.

لە کاتی بەستەڵەک و هەڵکردنی کڕێوەی زوقم و پەلاماری داپڵۆسێنەری ڕەوەی زستان ئاسای  چلە ساڵەکانی دەورەی پاشایەتی نەیاری کورد، دەشتی بێتوێن و بناری سینەمۆکە بە پۆشینی بەرگی تووتنەوانی دەبوو بە لانکەی خۆسازدان و پشووی خۆ تەیار کردنی سەر لە نوێ بۆ بەر پەرچی پلانی دوژمی هار  لە کوردستان.

لە گەڵ سەرهەڵدانی گزنگی خۆری هەر دەرفەتێکی نوێ دیسان هاوشانی قاسپەی کەوی کۆسارانی بناری (زەویان و خەرپاپ  ) بە قرمەی بڕنوی  شانی مژدەی نۆژەن کردنەوەی (قەڵاتی مووتاوێ ) بە تامەزرۆیانی ژیانی سەرفراز و ناهۆمێد کردنی هەوڵی نەزۆکی دوژمنانی جێگیر لە ( پەسوێ و جەڵدیان )  بە گوێ دۆست و دوژمن دا دەچڕی.

ئەو لە پەنا شێرە کوڕانی (لاجان)، سەڵای دەوامی شۆڕش  هەمدیس وەک چۆمە بە خرۆشەکەی (بادیناوێ ) شیو بە شیو و دۆڵ بە دۆڵ ئاودێری دڵی تامەزرۆی وڵات پەروەری دەکرد.

مێژووی ئەم وڵاتە لە کۆنەوە شاهێدی ئەم ڕەوتە بۆ بەر ئەنگاری دوژمنی هێرشکار لە هەر لایەک و لە هەر سەردەمێک بووە. ئاسەوارەکان راستی ئەم وتە دەسەلمێنن.

(زەنگیاوێ ) لەوە دەچێت سەردارێکی ئاشووووریەکان بووبێت کە کاتی هێرش لە ٨٣٢ ی پێش زاین بۆ سەر مووساسیر  لە ڕەبەت و ناوچە دەکوژرێت و ناوەکەی لەم گوندە  دەچێتە نێو مێژووی ناوچەکە. لە سەردەمی کۆماری ئێسلامی  ناسر کازمی فەرمانداری پێشوو فەرماندەی سپا لە پاوە ( دەورە دیتووی لۆبنان) وەک فەرماندەری هێزەکانی کۆماری  ئێسلامی لە پیرانشار لە ٦/٦/١٣٦١ هەر لەم ناوچە لە هێرشێکدا بۆ سەر پێشمەرگەکانی حێزبی دێمۆکرات بە دەردی زەنگیاو چوو.

عەوڵای مام سەعــید کاتێک ئیتر بە هۆکاری هەڵکشانی زۆری تەمەن  هێزی لەش مەودای درێژە پێدانی  ڕێچکە پیرۆزەکەی وەک جاران پێنادا لە ئامێزی “قەومە” بە وەفا کەی  واتە خەڵکی ترکەش و دەوروبەر بە پێشوازی گەرمەوە ڕێزی لێ دەگیرا. ئەو سەرەڕای ئەوە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی دوژمندا ڕۆژانی کۆتایی تەمەنی تێدەپەڕاند، قەت لە ئامۆژگاری  و ڕێنوێنیەکانی بۆ دەورو بەر دەست هەڵناگرێت.

ڕۆژێک لە دایرەی (ئێتلاعاتی سپای پاسدارانی پیرانشار) بانگهێشت دەکرێت. بەر پرسی دایرەکە بە تووڕەییەوە پێی دەڵێن”پیرە مەرد، اگر دست از این تحریکات در میان مردم بر نداری  تو را بە جوخە اعدام خواهم سپرد.”

لە وەڵامدا پیری سەنگەری کوردایەتی و مەردایەتی دەستێک بە سمێڵە سپیەکانی دا دێنێت و بە شێوازە تایبەت و گفتەکە شیرینە کەی خۆی لە وەڵامی کابرای داگیر کەر دا دەڵێ : ” جا کوو بم کەنەوە بە پیاو!”

مام عەوڵای ڕەحمەتی بە ئەم شێوە بە بەر پرسی بکوژانی کورد دەسەلمێنێ ئەو بە هۆی پیری و پەک کەوتەیی هێزی درێژەی خەباتی لێ ئەستێندراوە . لە بەر ئەوە بە ناچار لە ژێر دەستی ئەواندا دەژیت. ئەگەر بێتوو ئەوان وک ئەو وتوویە گوللە بارانی کەن ، ئەوکات ئەو سەر لە نوێ شەرەفی کوردایەتی و پیاوەتی کە بە ژیان لە ژێر دەستی ئەواندا خەوشدار  دەزانێ  بۆی دەگەڕێتەوە .

***

[1] . دوو گوند لە بناری قەندیلی چکۆڵە. پیرانشار

٤ . قەڵایەکی هەرە کۆن ٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زاین. ناوچەی پیرانشار

[1] . دوو پادگانی مەزنی جێگیر کراو لە  سەردەمی پاشایەتی پاڵەوی . ناوەندی گوڵە باران کرانی مامۆستای قوتابخانەی نووسەر ، داریوش نیکوو خەڵکی کرماشان و چەند نەیاری تری پاڵەوی  لە دەڤەری هۆرامان.

[1]. گوندێکی ناوچەی پیرانشار.

[1]. بادیناوێ، بە جێ ماو لە نێوی بەهدینان واتە دینی بەهی یان پیرۆز.  

[1] . لە کتێبی ئەوێستا ، زەنگیاو Zanigaw لە پاڵەویدا zenigaw  لە فارسیدا زنگیاب و لە گوتنی ناوچەکەدا زەنگیاوێ هاتوە . لە سەر دەمی کەیکاوس کیانی بە دەستیئ ئەفراسیاو دەکوژرێت. یوستی ، بە خاوەنی گاوی زیندوو نێوی دەبات . سەر چاوە فرهنگ ایران ص . ٥٤٧

زەنگیاو سەرۆکی ئاشووریەکان لە پەلامار بۆ سەر ئۆراتۆریای یان ئۆراتۆرەکان ٨٣٢ پ .ز دەکوژرێت نێوی ئەم گوندە لەو کاتەوە ڕەنگە بە جێ مابێت.

شەڵمانس یا شەڵماش لە ناوچەی سەردەشت لەو کاتەدا وەک  یەکێک لە پادشاکانی ئاشوور  لە هێرشی بۆ ناوچەی ڕەبەت ( مووسادسیر) تووشی شکست دەبێت وەک نێوی ئەو هێرش کارە  بە جێ ماوە .

یادی بەرز وبەڕێزتر. سدێق  بابایی ١٧/٦/٢٠٢٢

بۆ داگرتنی بابەتەکە بە پ د ف 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی