کاتێ حیزبی دێموکرات لە سالی 2006 تووشی لێکدابڕان بوو هێڤینی کچم تەنیا 6 مانگ تەمەنی بوو. ئێستا ئەو تازەلاوێکی 16 ساڵەیە.
لە ماوەی نزیک بە شانزدە ساڵدا زۆر شت گۆڕاون، کۆمەڵگای کوردستان گۆڕانێکی بەرینی بەخۆیەوە بینیوە. نەوەی سێهەمی حیزبی دێموکرات یان باشتر بڵێین نەوەی بڕیاردەر و چالاکی سەردەمی شۆرشی 1979 ئەمرۆ کەمایەتیەکی بچووکی ناو کۆمەڵگایە. تەنیا لە 6 بۆ ١٠٪ی دانیشتوانی کوردستان ئەو نەوەیەیە، ئەو نەوەیەی پێی دەڵێن نەوەی “انقلاب” و نەوەی سێهەمی حیزبی. نەوەی چوارەم و پێنجەمی حیزبی دێموکرات پێی ناوەتە تەمەنی ناوەندی و بەجیاتی ئەو نەوەی Z خەریکە دەبێتە زۆرایەتی کۆمەڵگای کوردستان. پرسیارەکانی ئەمرۆ بە وەڵامەکانی دوێنی چی دیکە شی ناکرێنەوە.
جیهان و پێوەندییە ناونەتەوەییەکان لە گەڵ سەردەمی جیابوونەوە زۆر جیاوازە. دیاسپۆرای کورد پێگەیشتوو و جێکەوتوو بووە. کۆمەلگای مەدەنی لە ناو کوردستاندا ئەوەندەی گەشە کردووە کە بە وتەی دۆستێکی چالاکڤانم لە ناو خۆدا، ڕۆژهەڵات بە سەدان زارا محەمەدیی هەیە کە هەر ئێستا خەریکی خەبات و خزمەت بە دۆزی نەتەوایەتی کوردن بە بێ ئەوەی ڕوویان لە شاخ کردبێت یا خود پێوەندییەکی ئۆرگانیکییان لە گەڵ حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان هەبێت.
پرسی کورد لە ئاستی جیهانیدا گۆڕانی بەسەر هاتووە. شەڕی ئۆکراین گرینگی ژێئۆستراتێژیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دووبارە بەرز کردۆتەوە و بە هۆی شەڕی داعش و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا پرسی کورد ئیتر چیتر پرسی ناوخۆیی چەند وڵاتی داگیرکەری کوردستان نەماوە. لەو لاشەوە شەڕی ناوخۆیی سووریا سەلماندوویەتی تا بەرژەوەندی زڵهێزەکانی داخواز نەکات گۆڕانی سیستەمی سیاسیی وڵاتان کارێکی ئەگەر نامومکین نەبێت زۆر ئەستەمە. ئەمڕۆ هۆکاری دەرەکی قورساییەکەی بۆ گۆڕینی ناوخۆیی زیاتر لە هەموو کاتێک دەردەکەوێت.
ئەمرۆ ئیتر قەوارەکانی ڕابردوو ناتوانن وەڵامدەر بن. لە سەردەمی جیابوونەوەدا جارێ گووگڵ تازە هاتبوو مەیدان و کەمتر لە نیو ملیۆن کاربەری هەبوو، ئەمرۆ گووگل دەکرێ بێژین دەوڵەتی جیهانییە و هۆشی دەستکرد خەریکە لە زۆر بواردا لەوانە بوارە سەربازیی و زانیارییەکان جێی مرۆڤ دەگرێتەوە و درۆنە هۆشمەندەکان جێی پارتیزانەکان پڕ دەکەنەوە. لە سەردەمی جیابوونەوەدا تۆرە کۆمەڵایەتییەکان تازە لە دایک دەبوون، ئێستا دەکرێ بێژین کۆمەڵگای کوردستان وەک بەشێک لە کۆمەڵگای جیهانی کۆمەڵگایەکی رایەڵکەیی و پێکەوەگرێدراوە، کۆمەڵگایەکی ئینفۆرماتیکە. لەو سەردەمەدا باسێک لە ئیسنتاگرام، فەیسبووک بەو قەبارەیەی ئێستا، تێلێگرام، ناوەڕۆکی هاوگونج و رێکخراوەکانی فرە ڕەهەند یان تەرکیبی (Hybrid) نەبوو. ژمارەی کچانی پێشمەرگە و چالاک زۆر کەمتر لە ئێستا بوون.
لە شانزدە ساڵدا هەرچەند کەمیش بووبێت دوو چاند و کولتووری رێکخراوەیی پێک هاتوون و گەشەیان کردووە کە زۆرجار لە ئاراستەی دژ و رکەبەری یەکتر دا بوون. شانزدە ساڵ لەمەوبەر هۆی سەرەکی لێک دابڕانەکان نەبوونی دادپەروەری لە دابەشکردنی دەسەڵات و بەشداری کردن دا بووە. نەوەی بڕیاردەر لە جیابوونەوەکەدا کە من و کەسانی هاوتەمەنی منش دەگرێتەوە نەوەی دەورانی شەڕی چەکداری، سیاسەتی رەش و سپی و بیرکردنەوەی لۆکال بوون. نەوەی ئێستا هەم نشتیمانی بیر دەکاتەوە و هەمیش ئاستی جیهان بینی بەرفراوانتر و تێگەیشتوویی ئەو بە هەموو پێوانەکانەوە لە گەڵ نەوەی ئەو سەردەمەی ئێمە بەرزتر.
نەوەی ئەمڕۆ نەوەیەکی دینامیکە، بەرێوە بردن و رێکخستنی نەوەیەکی خوێندەوار و دینامیک، پێویستی بە کولتوور و قەوارە و ستراتێژیی رێکخراوەیی و پەروەردەی ئەمرۆیی هەیە. ئێمە لەبەرامبەر نەوەی ئەمڕۆ و داهاتوودا بەرپرسیارین، بەرپرسیارین بۆ ئەوەی بە جیاتی پەروەردەی نەوەیەکی بە ئەزموون، نەوەیەکی سەرکەوتوو پەروەردە کەین، بەرپرسیارین وەک مێنتۆر و رێنوێن هەموو ئەزموونەکانی خۆمان بە دانهێنان بە هەڵەکانی خۆمان لە ڕابردوودا نەوەیەک پەروەردەکەین و رێبەریی جۆڵانەوە بەدەست نەوەیەک بسپێرین کە هەڵەکانی ڕابردووی ئێمە دووپات نەکاتەوە و مێژوو لە سفرەوە دەست پێ نەکات.
یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات نابێ تەنیا پرۆسەیەکی ئۆرگانیک بێ، بەڵکوو دەبێ دەسپێکی ئینتیگراسیۆن و گونجانێکی کۆمەڵایەتی، دەروونی و هەستیی بێت بۆ بە ئاکام گەیشتنی نزیک هەشتا ساڵ خەبات و قوربانی دان. حیزبی دێموکرات و هەر رێکخراوێک کە بیهەوێ لە کوردستان خەبات بکات دەبێ پێویستییەکانی کۆمەڵگای سەردەمی #گەکان و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵگایەک کە جیاوازییەکانی زیاتر لە هەمووکاتێک دیاری دەکات بناسێت و بەو پێیە سیستەمی رێکخراوەیی، رێبەری و ئاسۆی سیاسی خۆی داڕێژێت. حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو پێویستی بە قەوارەیەکی هایبرید (Hybrid)، “دی سانتراڵ” و زانست بنەما هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە رێبەری قۆناغی لە داهاتووی خەباتی نەتەوەکەمان. ئێمە پێویستمان بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە هەموو بوارەکاندا هەیە، لاپەڕەیەکی نوێ بە “تەرح”ێکی نوێ. تەرحێک کە هەموو هێزەکانی نەتەوەیی و نشتیمانی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و ئەم خەباتە بە ئاکام بگەیەنێت و هەم رۆحی شەهیدان شاد بکات و هەمیش بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو ناچار نەبن دیسان قوربانی بدەن.
ئێمە ئەوانەی بەهەر هۆیەک لە حیزبی دێموکراتدا لە پەراوێز خراوین، دەرکراوین یان خۆمان لە پەراوێز خستووە، جێی خۆیەتی لە هەموو کەس زیاتر بەرپرسانە هەڵسوکەوت بکەین و بزانین داهاتوو نەک بە دڵئێشان و تووڕەیی ئێمە بەڵکوو بە هاوپشتی و پێکەوە بوونمان و بە بەشداری داهێنەرانەمان ئاوەدان دەکرێتەوە. خەڵکی کوردستان دڵ رەنجیی ئێمەیان لە بیرنامێنێ بەڵام بێگومان بەشداری چالاکانەمان لە بەرێوەبردنی ئەرکە نەتەوایەتییەکانمان دەبینن.
یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە دایکبوونێکی نوێیە، ئەو لەدایکبوونە و لە بەرەبەری بیست و پێنجی گەلاوێژ لە کوردستان پیرۆز بێت.
مەجید حەقی
6/8/2022