"an independent online kurdish website

دوژمنە سەرسەختەکانی ئەو ڕۆژەی بسمارک بریتی بوون لە :

1ـ پارتی ناوەندی کاسۆلیکی..بسمارک لەمانە زۆر دەترسا و نەیدەویست ھاوپەیمانێتی لەگەڵ ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تردا بکەن و کێشە بۆ ئامانجەکانی قووت بکەنەوە.

 باشتر بڵێم لە ڕێگای کڵێساوە و ڤاتیکانەوە فەرمان وەرگرن و خۆیان بەھێز بکەن و بۆی ببنە مێمڵێکی سەرسەختی سیاسی. شەڕە کولتوورییەکەی بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتی ئاین/ کڵێسا بوو لە سیاسەت/ دەوڵەت. بۆ ئەمەش یاسای جۆراوجۆری دەرکرد دژ بە کاسۆلیکەکان. بەڵام لەئاکام نەیتوانی ڕێگریی تەواو لەمانە بکات. ئەوە بوو لە ھەڵبژاردنەکانی 1878 دا پارتی ناوبراو بووە دووەم ھێزی پەرلەمان و بیسمارک ناچار بوو ددانیان پێدا بنێ و کاریان لەتەکدا بکات. بەڕادەیەک ھەر بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنێ لەسەر دەستی ڤاتیکاندا بەدەست دەھات، بسمارک بەرامبەر بەمانە ناچار دەبوو بڕیار و سیاسەتەکانی شل بکات.

ئیدی ئەم دوو بەرە ھێندە لەیەک نزیک بوونەوە بوونە ھاوپەیمان و بسمارکیش پێویستی بە لایەنێک ھەبوو شەڕی لایەنەکانی تری پێ بکات. بسمارک وردە وردە دەستبەرداری لیبەڕاڵەکان بوو، کە ھاوپەیمانی کۆنی بوون.

2-  دەیویست دژی مێمڵە گەورەکە ، سۆشیال دیموکراتەکان شتێ بکات. ئەمانە تا دەھات بەدەسەڵاتر دەبوون و خورتتر دەبوون.  پارتی سۆسیالیستی کرێکارانSAP، گۆڕا بە بە پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا SPD. بسمارک ئەمانیشی بە ھەڕەشە دەزانی…لەو ماوەیە دوو ڕووداوی سەیر دروست بوون، دوو جار ھەوڵی کوشتنی پاشا ڤیلھێلم درا. بسمارک سۆسیال دیموکراتەکانی پێ تاوانبار کرد. بۆیە بە توندی ڕووبەڕوویان بۆوە و یاسا و بڕیاری دژ بەکارھێنان. کۆمەڵێ کرێکار و ھێزی کاری تر ھەر لە بسمارک نزیک بوون و باوەڕیان بە کاریزماییەکەی ھەبوو. بیسمارک  لەژێر گووشاردا و بۆ ئەمانە کۆمەڵێ یاسای لە پێناوی بەرژەوەندییاندا دەرکرد کە ناسراوە بە « یاسا سۆسیالیستییەکان-Sozialistischer Gesetze ». ڕێگری لە کۆڕ و کۆبوونەکانیان و سانسۆر خستنە سەر بڵاوکراوەکانیان .Schutzzölle einführen. لە دواجاردا ئەم پارتە ناچار بوو،ڕێگای خەباتی نھێنی بگرێتەبەر. پاشان لە فۆڕمی دیکەدا لە چوارچێوەی ڕێکخراوی جۆراوجۆردا خۆیان ڕێکخست لەوانە،Turnverein و لەم ڕێگایانەوە درێژە بە چالاکی و خەبات بدەن…لەڕاستیدا بەم شێوازەش ھێشتا تەواو ئازاد نەبوون، چاودێری چڕیان بەسەرەوە بوو. وەک ھەقیقتێکیش تا دەھات جەماوەر لەدەوری سۆشیال دیموکرات خڕ دەبوونەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەھێزتر دەبوون.  بیسمارک ناچار بوو، کۆمەڵێ بڕیار بە سوودی ئەم بزاڤە دەر بکات: بیمەی تەندروست، Krankenversicherung 1883  سێ یەکی خاوەن کار دەیدا و سێ دووی کارمەند دەیدا. هەروەهاUnfallversicherung  1883بیمەی بریندار و نەخۆشکەوتن لەسەر کار خەرجی تێچووی خاوەن کار لە ئەستۆی دەگرت. und Rente Versicherung Invaliden 1889.  بیمەی سەقەتبوونی کرێکار و کارمەند یان هەر کەسێکی تر کە ڕووداوی بەسەردا دەهات  و بیمەی خانەنشینی ھەر لایەک نیوەی دەدات.

 ئەم جۆرە بیمانە بە گەورەترین دەستکەوت دێنە هەژماردن. ئەوکات لە تەواوی جیھاندا نەبوون و ئێستاش نیوەی دنیا خاوەنی نییە. دەتوانم بڵێم لە وڵاتە سۆشیالیستەکانیشدا دەستکەوتی وا گرنگ بەرچاو نەدەکەوت. هەر ئەمەشە کە سیستەمی ئەڵمانی لە زۆرینەی سیستەمەکانی جیهان جودا دەکاتەوە. ئەم دەستکەوتانە لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستاش لە ئەڵماندا بەرقەرارن و مایەی خۆشحاڵی و جێی شانازین، کە جێ پەنجەی بسمارکیان پێوە دیارە. بیمەی نەخۆشی  و ڕووداو و بەسەرھات لە ساڵیدواتر دابینکردنی خانەنشینی.

بسمارک هێند بە ئەزموونی تایبەتی ئەڵمان قەناعەتی هەبوو،دەڵێ: ئێمە دوای نموونە و تاقیکردنەوەی بێگانە ناکەوین،بەڵکو ئێمە دوای کاسبکار و بازرگانانی خۆمان دەکەوین  بە پشتیوانی خۆمانەوە. ئەمەش پرنسیپەکەیە”.

لە 1888 لەناکاو کایزەر ڤیلھێلم دەمرێ. دوای ئەو کایزەر ڤیلھێلمی دوو Kaiser Wilhelm II دێتە سەر حوکم. ئەم لەکار و سیاسەتدا تەواو پێچەوانەی پاشای پێشوو بوو. ڤیلھێلمی دووەم زۆر لە ھەژار و کرێکاران نزیک بوو، بەڕادەیەک خۆی بە کایزەری ئەوان زانیوە.. بەم ئەقڵێتەوە  پێکەوە کاریان بۆ ناکرێ ، دەرئەنجام کایزەر بیسمارک لە 1890 دا ناچاری دەست لەکار کێشانەوە دەکات…دوای وازھێنانی خەڵکێکی زۆر بەردەوام ھاتوچۆیان دەکرد و ھەر وەک سەرکردەی لێھاتوو تەماشایان دەکرد.بسمارک بۆ خۆی کۆمەڵێ نەخۆشی سەختی ھەبوو، تا دەشھات لێی پیس دەکرد و دۆخی بەرەو خراپی دەچوو. تا لەساڵی 1898 بە ھۆی نەخۆشییەکانییەوە گیان لەدەست دەدات.

وەک نووسەرێک دەڵێ: زۆر بە ئاسانی دەست لە پێگە و گرنگی بسمارک هەڵگیرا و دوور خرایەوە.هاوکات دەیانویست وای نیشان بدەن خۆی بەهۆی باری تەندروستی خراپییەوە دوور کەوتۆتەوە. بەکورتی لەدەرەوە و ناوەوەی ئەڵمانیا دوورخستنەوەکەی بسمارک مشتومڕی نایەوە. لەتەک ئەو ڕەفتارە خراپەی قەیسەر لەتەک بسمارکدا،بەڵام بسمارک خواحافیزی لێ دەکات.کاتێ ڕۆژی 10.4.1890خۆی ماڵ و منداڵی بەرەوFriedrichsruh  دەکەونە ڕێ و دوا  8ساڵی تەمەنی تێدا بەسەر برد، بە هەزاران هەزار کەسی ئاسایی و فەرمانبەری پلە بەرز بۆ خواحافیزیی لێکردنی دێنە وێستگەی شەمەندەفەری سەرەکی بەرلین. نووسەر Baronin Spitzemberg دەڵێ:” هەموو بەرلین وا لە پشت نیشانەی بسمارکەوە، ڕۆژنامەکان هەر باس باسی بسمارکیانە، لە هەموو پەنجە و جامخانەی کۆگاکاندا وێنەی بسمارک هەڵواسراوە و کراوەتە مەدالیا”. چەندەهات دەزگای ڕاگەیاندن هەواڵەکە بڵاو دەکەنەوە و داوای چاوپیکەوتنی لەتەکدا دەکەن. ئەو بەتایبەت لەگەڵ ڕۆژنامەی  ڕێک دەکەوێ قسەیان بۆ بکات. ساڵێ  لەسەر داخوازی زۆری لیبەڕاڵەناسیۆنالەکانی دەڤەرەکەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان  لەناوچەی باکووری هانۆڤەر کاندید  دەکات. زۆرترین دەنگ دێنێ دەیتوانی بێتە نوێنەر لە رایشتاخ و درێژە بەکاروانی سیاسی خۆی بدات،بەڵام دواجار نەچوو. بیرەوەرییەکانی بسمارک”Gedanken und Erinnerung هاوکات وەک وەسێتنامەیەک وایە،دوای مردنی خۆی دەرچوو بە سێ بەند دوا بەندی لەسەر قەیسەر ڤیلهێلم بوو، ڕاگیرا تا ساڵی1921   چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم بەرهەمە هێندە گرنگ و خۆشەویستی نێو کایەی مێژوونووسان و لێکۆڵەر و ڕۆشنبیران و خوێندەواران بوو، بەگەرمی پێشوازی لێ کرا و لە هەفتەی یەکەمدا نزیکەی300,000 دانەی لێ فرۆشرا. ساڵی 1892 کوڕی ژن دێنێ و ئاهەنگەکەی لە ڤییەنا ساز دەکات. بسمارک لەوێ چاوی بە قەیسری نەمسا Franz Joseph دەکەوێت. ئەم دیدارە ترس و گومان دەخاتە دڵی پاشا و بەپرسانی ئەڵمانییەوە و دەترسن بیسمارک خەریکی کاری سیاسی بێت و بیر لە تۆڵەکردنەوە بکات.  ساڵی 1894  بسمارک لەگەڵ قەیسەردا ئاشتاین دەبێتەوە و داوەتنامەیەکی بۆ بەرلین بۆ دێ و پەسەندی دەکات. قەیسەر ڤیلهێلم لە کۆشکی بەرلین دەیبینێ. دوای ئەم دیدارە بە 3 هەفتە، قەیسەر دەچێتە سەردانی بسمارک لەFriedrichsruh هەر لەم ساڵەدا خۆی جەڵدەیەک لێی دەدات و نەخۆش دەکەوێ و ژنەکەشی دەمرێ،ئیدی بارودۆخی ژیانی بسمارک زۆر ناخۆش دەبێت.

 کچەکەی خەریکی خزمەتکردنی باوکی دەبێت. بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی 80 ساڵەیەوە، ئاهەنگێکی گەورەی بۆ ساز دەکەن و قەیسەر بە خۆیی تیمی مۆسیقای سەربازییەوە دێنە سەردانی بسمارک، بەم بۆنەیەوە 50 شاندی گەورە  کە 35 شەمەندەفەری تایبەت دەهێنرێن و دەبرێنەوە دێنە سەردانی. بسمارک نزیکەی 10,000 هەزار تێلەگرامی پێ دەگات. چەندین هەزار کارتۆن دیاری و  45,000 پۆستکارت و نامە و بەڕێوەبەرایەتی پۆستی شارەکەی 28 کارمەندی زیادە دەخەنەکار بۆ هێنان و بردنی دیارییەکانی بسمارک. مانگی 5/1895   هەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ   Hamburger Zeitungکردبووی ڕێگەیدا بڵاوکرێتەوە. ئەم بڕیارە تا ئێستاش هۆکارەکانی بەلای مێژوونووسانیشەوە دیار نییە. هەرایەکی گەورە بەرپا بوو. ناوەڕکی چاوپێکەوتنەکە،ڕەخنەی توند بوو لە حکومەت و ئاشکرا کردنی هەندێ کاری نهێنی بوو. ئەم چاوپێکەوتنە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دایەوە لە ناوەوە و دەرەوە. پاشا بڕیاری دا بە تاوانی ناپاکی لە نیشتمان بخاتە زیندانیSpandau  بەرلین. بەڵام ڕاوێژکاری  ئەو دەمە   Hohenloheڕێگری لەم بڕیارە دەکات و قەیسەر لە بۆچوونەکەی سارد دەکاتەوە.

ڕۆژی30.7.1898 دوا ڕۆژی ژیانی بسمارکە، بسمارکێک ساڵانێکی زۆر بوو بە نەخۆشی و ئازاری جۆراوجارەوە دەیناڵاند. لەتاو ئازاری زۆر و ناڕەحەتی دەڵێ:” بۆ من تەنها یەک ڕۆژی بەختەوەری ماوە، ئەویش ئەو ڕۆژەیە کە چی تر لەخەو هەڵناسم”.لە وەسێتنامەکەیدا داوا دەکات بەسەر گردۆڵکەیەکەوە،لەFriedrichsruh  بینێژم، بەرامبەر بە مەڵبەندی ئەنجومەنی نوێنەران. بەڵام قەیسەر سەرباری ئەو ناکۆکییانەی نێوانیان، ڕێگری لەم وەسێتنامەیە دەکات و تەرمەکەی بیسمارک لە تابووتێکی تایبەتیدا دێنن بۆ بەرلین و لەکاردیدراڵی بەرلین/ Berliner Dom  لەتەنیشت چەندین ئەندامی تری ناوداری بنەماڵەی  هۆهەنتسۆلەرن/ Hohenzollern دەینێژن. لەسەر کێلە مەڕمەڕەکەی دەنووسن: میر ڤۆن بسمارک، رۆژی1,4,1815    لەدایک بووە و 30.7.1898   کۆچی دوایی کردووە،  ئەڵمانێکی بە ئەمەکی خزمەتگوزاری قەیسەر  Wilhelm IIبووە…

هەتا ئیمڕۆ هەزاران  هەزار کتێب و خەرمانێ وتار و لێکۆڵینەوە و قەڵایەک وێنە و مەدالیا و هەزاران هەزار ناوی شەقام و گۆڕەپان و مۆزەخانە و کۆتەڵ و پەیکەری لە ژمارە نەهاتوو بە ناوی ” ئۆتۆ ڤۆن بسمارک” ەوە هەیە. ئەگەر ئینگلیز بە چەرچڵ و فەرەنسی بە دیگۆلەوە شانازی بکەن، ئەڵمانیش بسمارک دەپەرستن. کورت و کرمانجی ئەمە ئەو مێژووەیە کە تا بێت زیاتر دەدرەوشتێتەوە و چرکەبە چرکە، گیانی سەردەمی دەچێتەوە بە بەردا. ئاخر بسمارک بە ڕۆحێکی ئەڵانی و باوەڕێکی پتەوی یەکگرتنەوە دەوڵەتێکی لە دوای خۆی بەجێ هێشت 150ساڵ زیاتر، لە هیچ باهۆز و کێژەڵووکە و زریانێکی ئایدۆلۆژی و قەیرانی نەتەوەیی و نێونەتەویی نەیتوانیوە، کۆڵەکەیەکی لەق بکات..سەروەرییەکی نەتەوەیی و سیاسی و ئابووریی هێندە پیرۆزی لە دوای خۆی جێهێشتووە، شکۆی بەخشیووە هەر تاکێکی ئەڵمان،کە لە سێبەری ئەڵمانیا و سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیدا دەژی.

چەپکێ لە وتەکانی:

+ ئێمە ئەگەر وا نەکەین ببینە چەکوش، ئەوە دەبینە مێخسندان.

+ کەفوکوڵی هەڵچوو هی دنیای سیاسەت نییە.

+ سیاسەت زانست نییە کە مرۆڤ فێری ببێت، سیاسەت هونەرە و ئەوەی نەتوانێ بیکات ،باشترە لێی دوور کەوێتەوە.

+ دوای خودا، دەمەوێ ئەوەی پێوستە بۆ ئەڵمانی بەدەست بهێنم.

+ ڕەخنەگرتن ئاسانترە لە حوکم کردن.

+ لە سیاسەتی دەرەوەدا هەست و سۆز و بەزەیی نییە، بەڵکو بەرژەوەندی بەرابەری و بۆ وەرگرتنی ئاڕاستەکان هەیە.

+ درۆکردن دەتوانێ جەنگ هەڵگیرسێنێ، ڕاستگۆییش لەشکرێ بوەستێنێ.

+ کێ گەنجینەی پارەی بەدەستەوە بوو، دەتوانێ حوکم بکات.

+ سیاسەت پەندگیریی و زانستی شیاوەکانە.

+  فرەڕەنگی و ئاڵوگۆڕکردن ڕۆحی ژیانە.

+ هەرگیز هێندە دڕۆ ناکرێ،وەک ئەوەی لەسەردەمی هەڵبژاردن و  لەکاتی شەڕ و دوای ڕاودا دەکرێ.

+ تەنها گەمژەکان لە تاقیکردنەوە شت فێر دەبن، بە پێچەوانەوە زیرەکەکان لە ئەزموونی کەسانی سەرکەوتووە فێر دەبن.

+ هەر ئەڵمانێک پەڕوباڵی نیشتمانەکەی بکات و ڕووتی بکاتەوە، بۆ من ئەڵمان نییە.

+ سیاسەت کاری پرۆفیسۆرەکان نییە، بەڵکو  بۆخۆی هونەرێکە.

+ ئازادی ـ خۆش ژیانە / لوکسوسە،من ناتوانم بیبڕم بە بەری هەرکەسێک دا.

+ هەرچۆنێک بێت بە یاسا و ڕێسای خراپ و کارمەندی” دادوەری ـ دەسەڵاتی!” باشەوە دەتوانی حوکم بکەیت، بەڵام بە  یاسای باش و دادوەی خراپەوە هێچت پێ ناکرێ.

+ کە گوێ لە بیتهۆڤن دەگرم، ئازاتر دەبم.

+ ئەگەر بهاتایە و دوژمنم نەبوایە، واتە من هیچ دۆستێکم نەدەبوو. مرۆ ناتوانێ لەیەک کاتدا هەردووکیان  بێت سارد و گەرم، لە کاتێکدا، ژیان لە  تەواوی سروشتیدا پێکهاتووە لە تێکۆشان.

+ تا ئێمە بەهێز بین، ئەگەری شەڕ کەمتر دەبێتەوە.

+ نیشتمان دەخوازێ خزمەت بکرێ، نەک حوکم بکرێ.

+ من سوپاسگوزاری ئەو ڕەخنە توندەم، کە بابەتییانە دەگیرێ لەو چوارچێوەیەدا  دەمێنێتەوە.

+ لە سیاسەتدا هیچ جارێک شیاو نییە، بەڵگە و ئاکامی ماتماتیکی بخەیتە بەردەست.

+ ئازادی چەمکێکی گرفتاوییە.

+ پێویستە مرۆڤ، لە سیاسەتدا وەک ڕۆیشتن بەسەر چیادا، بەهۆی نشێویی و چاڵ و چۆڵییەوە، باداتەوە. بەڵام لە دەشت و تەختاییدا پێویستی بەوە نییە. 

+ ئەگەر پەرلەمان نەبێت هەر چەرچییەک دەتوانێ حوکم بکات.

+ یاسا و پرنیسیپی سەرکەوتنم بریتییە لە: من ڕاوی دوو کەروێشک پێکەوە ناکەم.

+ پرووسیا وەک چاکەتێکی خوری وایە، تۆزێ دەتخورێنێ،بەڵام  گەرمت دادەپۆشێ.

+ متمانە  وەک ڕووەکێکی ناسکە، کە فلیقانتەوە، بەم زوانە نایەوە.

+ چەند خۆشە نیشتمانێکت هەبێ، بەهۆی  لەدایکبوون و یادەوەری و خۆشەویستییەوە لەگەڵی گەورە بیت.

+ ئەرکی سەرشانی دەوڵەتە، لە خەمی هاوڵاتییە بێ چارەکانیدا بێت.

+ سەرکەوتنی گەشەی نەتەوەیی هەر وڵاتێک، بە شێوەیەکی بنەڕەتی وەستاوە لەسەر کەمینەی خوێندەواری وڵات. تێکچوونی ئەو کەمینە خوێندەوارە، نەخۆشی درێژخایەن پێک دێنێ.

+ لەخۆبایی بوون، یەکەم بارمتەیە لەسەر ئابڕوو.

+ ئۆپۆرتۆنیستی چییە؟ ئەو کەسەیە، کە هەلێکی گونجاو بەکاردێنێ، لەپێناوی ئەوەی جێبەجێی بکات، بۆ ئەو شتەی کە بە سوود و ئامانجی دادەنێ. بەڵێ ئەمەش ئەرکی دروست و تەواوی دیبلۆماتییە.  

+ من لە ژیاندا بەدەگمەن مرۆڤێکی بەختەوەر بووم. گەر تەواوی چرکەساتە ڕاستەقینەکانی ژیانم بەختەوەریم بژمێرم، پێکەوە بە تێکڕا دەبنە24 کاتژمێر .

  ***

ئەو ڕەخنانەی لە بسمارک دەگیرێ:

لە ئاکامی برەوسەندنی بیری چەپایەتی و لیبەڕاڵ دیموکراسی لە ساڵانی 60 &70 کانی سەدەی ڕابووردوو، کەشوهەوایەکی ڕەخنەگرتن لە زۆر دیاردە خوڵقا. بسمارکیش بەر ئەو شاڵاوە کەوت.

+ پرسی ئەڵمانیا! گەلێ کەس دەڵێن هەق بوو یەکگرتنی ئەڵمانیا گەورە ویستی بسمارک بووایە، تاوەکو ئەڵمانیش بیتوانیایە ببێت بە زلهێزێکی ڕاستەقینەی وەک ئینگلیز و فەرەنسی و ڕووس و،،،هتد.

+  بسمارک نا دیموکراسی بووە، توند و بێ روحم،لەگەڵ دۆست و دوژمن دا. هەروەها کەسێکی شەڕانی بووە. بۆ نموونە هەر لەشەڕی دژی فەرەنسا 190,000 کەس بەلانی کەمەوە لە هەردوو کوژراوە.

+ گوایە بە هۆی میراتی سیاسەتی بەجێماوی بسمارکەوە، هیتلەر هاتۆتە سەردەسەڵات و  ئەڵمان دوو چەنگی جیهانی بەرپا کردووە؟.

***

بۆ ئەم نوسینە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

  • – Gedanken und Erinnerung Otto von Bismarck     1965
  • – Bismarck Der Wille zur Macht Norbert F. Pötzl        2015
  • – Deutsche Geschichte Eckhard Jesse     2004
  • – Der Wiener Kongress Heinz Dachhardt   2013
  • – Der Deutsche Bund Wolf  Gruner    2012 
  • – Otto von Bismarck Eine Biographie      Eberhard Kolb      2014
  • – Die Revolution von 1848- 1849 Dieter Hein     2015
  • – Der Weg zur Nationalstaat Hagen Schulze    1985
  • – Das Deutsche Kaiserreich Christoph Nonn     2000   7-٣’

   هەڵۆ بەرزنجەیی ١/١/٢٠٢١

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی