"an independent online kurdish website

بەكارهێنانی دەستەواژەی بەهاری عەرەبی بۆ پێناسەكردنی خۆپیشاندان و چالاكییە ناڕەزایی و جەماوەرییەكان، كە زیاتر لە دە ساڵی بەرپابوونی لە بەشێكی وڵاتانی باكوری ئەفریقیا و ڕۆژئاوای ئاسیا “دەوڵەتە عەرەبییەكان”، تێپەڕ دەبێت،

بۆ فەرهەنگی سەنتڕاڵیزمی ئەوروپایی دەگەڕێتەوە، كە پێی وایە دەستەواژەكان لە سەرجەم بزاڤە جەماوەری و ناڕەزاییەكانی گەلانی جیهان، دەبێ سەرچاوەی خۆی لە ئەزمونی ئەوروپا و كەلتوور و فەرهەنگی ئەوانەوە وەربگرێت و، بەهاری پراگ و بەهاری پاریس لە 1968 بە پێوەر دەزانێت، كەچی هەر ئەو ناوەندە سەرمایەدارە حوكمڕانە لە ئەوروپا و زلهێزەكانی دیكەش لە جیهاندا، تێكۆشانی گەلێكی ستەمدیدە و مافخوراو، كە نەك لە بەهار، بەڵكو لە هەموو وەرزەكانی ساڵ بەدرێژایی زیاتر لە سەدەیەك تێكۆشانی بێووچانی كردووە و قوربانی داوە، لە ئەجیندەی سیاسی خۆیاندا نابینن و، تەنانەت هەست بە تاوان و لێپرسینەوەی مێژوویی خۆیان ناكەن، كە بە هۆی بەرژەوەندییەكان و تێڕوانینی هەڵە و هەڵسەنگاندنی چەوتیان، هۆكاری سەرەكی بوون لە پرۆسەی دابەشبوونی نیشتمانی گەلێك و زەوتكردنی مافەكانیان و پشتگیریكردنی حوكمڕانە دیكتاتۆرییەكان لەو دەوڵەتە شسكتخواردووانەی درووستیان كردبوو و، لە دووایشدا ئەو حوكمڕانە دیكتاتۆریانەی كە فەرزیان كرد شاڵاوی جینۆسایدیان دەرهەق بەو گەلە ئەنجامدا.

هەرچەندە ئەو ناوەند و دەوڵەتە زلهێزانە بە ڕوونی و بە دەنگێكی بەرز، ئاماژە بۆ ڕۆڵی نەرێنی و نامرۆییانەی خۆیان سەبارەت بەو سیاسەتە چەوتەی خۆیان ناكەن، بەڵام ئەگەر خوێندنەوەیەكی سایكۆلۆجی بۆ ڕەفتاری سیاسی ئەمڕۆیان بكەین، ڕوونە كە هەست كردن بە تاوان وای كردووە تا ئێستا بزاڤە بەردەوامبووەكانی گەلی كوردستان و بزووتنەوە نیشتمانییە ڕزگاریخوازەكەی لە چوار پارچەكەیدا بە بەهاری كوردستان پێناسەی نەكەن.

ئەمڕۆ ئەوەی لە ناوەندەكانی توێژینەوەی ستراتیجی لە دەوڵەتە زلهێزەكان چاوەڕوان دەكرێت، كە چڕی بینینیان نەخەنە سەر تەنیا گۆشەیەكی تابلۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، تەنیا جموجۆڵی بەشێك لەو گەلانە بە بەهار پێناسە نەكەن، بەڵكو سەرجەم لایەن و گۆشەكانی تابلۆی جموجۆڵی جەماوەری و ڕووداوەكان ببینن و، لە هەمان كاتدا بەراوردی زانستییانە سەبارەت بە شوناسی بەهاری گەلانی ناوچەكە بكەن.

هەرچەندە بەهاری كوردستان چوار وەرزە و چوار بەشەكەی نیشتمان دەگرێتەوە و، تێكۆشانی زیاتر لە سەد ساڵە، بەڵام گرنگە ڕەچاوەی ئەوە بكرێت كە شوناس و هێزە بزوێنەرەكانی بەهاری كوردستان جیاوازە لە بەهاری عەرەبی.

هێزە بزوێنەرەكانی بەهاری عەرەبی خەڵكی زەحمەتكێش و ستەمدیدە بوو، بەڵام بە هۆی سیاسەتی زلهێزەكان ئاكامی بەهاری عەرەبی بە بەرژەوەندی ئیسلامی سیاسی توندڕەو شكایەوە و، گۆڕانكاری ئەوتۆی لە شوناسی حوكمڕانی لەو وڵاتانەدا نەكرد و، دەستی لەسەر كێشە سەرەكییەكانی ئەو كۆمەڵگایانەدا نەنا، كە دووچاری گەندەڵی و دیكتاتۆری و حوكمی سەربازی و پێشێلكردنی مافی نەتەوەی دیكە و مافی مرۆڤ و مافی ژنان بۆتەوە.

لە ئاكامی بەهاری عەرەبی حوكمی عەسكەر لە هەندێ شوێن كرا بە حوكمی میلشیای سەربازی و، لە باتی گەشەپێدان و سەقامگیری سیاسی و بنیاتنانی چەمكی هاووڵاتیبوون و نەریتی مەدەنی و بەهای یەكسانی جەندەری و مافی مرۆڤ، شەڕی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەكی و كوشتن و بڕین و لە هەندێ شوێنیش تیرۆر و داعش بەرهەم هێنرا.

بەڵام بەهاری كوردستان كاروانی تێكۆشانی گەلێكە بۆ سەربەخۆیی و رزگاربوون لە كۆلۆنیالزم. بەهارێكە كە شوناێكی دیموكراسیانە و دژ بە حوكمرانە دیكتاتۆرییەكانی ناوچەكەیە. بەهارێكە كە پشتگیری هێزی دیموكراسی و پێشكەوتنخوازی گەلانی دیكەی كردووە و، لە پێناوی تێكۆشان بۆ دیموكراسی لەو وڵاتانەدا تێدەكۆشێت. بەهاری كوردستان هێزی ژنان ڕۆڵی سەرەكی و لە هەندێ شوێندا ڕۆڵی سەركردایەتی تیایدا دەبینن. بەهارێكە بۆ دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەران، كە ئابڕووی مرۆڤ و ژیانی پڕ كەرامەتی تیایدا دابین بكرێت.

ئاراستەكردنی ئەم پەیامە بۆ هەڵسەنگاندنی شوناسی بەهاری كوردستان تەنیا بۆ لایەنی دەرەكی نییە، بەڵكو توێژینەوە و قوڵبوونەوە لە شوناسی بەهاری گەلەكەمان ئەرك و بەرپرسیاری دەخاتە ئەستۆی سەرجەم لایەنەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوای گەلی كوردستان لە چوار پارچەی نیشتماندا، بۆ ئەوەی جموجۆڵ و ڕەفتاری سیاسی و ئەجیندەی تێكۆشانی گەلی كوردستان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەكەی لە ئاستی ئەو شوناسە بێت كە بە شێوەیەكی كردەیی بە دەستی هێناوە و ئەمڕۆ جگە لە ئەركی پاراستنی ئەو شوناسە ئەركی پەرەپێدانی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

قۆناغی ئەمڕۆی تێكۆشانی گەلی كوردستان ئەركی هەماهەنگی سەرجەم پەلەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی كوردستان سەپاندووە، بە ئاراستەی هەماهەنگی و كاری هاوبەش و ڕەچاوكردنی ئاڵۆزییەكان و پاراستنی هەر دەسكەوتێك لە هەر پارچەیەكدا وەدیهاتبێت و، ماوەنەدان كە پەیوەندییەكانی هەر لایەن و هەر بەشێك بە وڵاتە هەرێمایەتی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیان بە بەرژەوەندی و چارەنووسی بەشێكی نیشتمان بگەیەنێت.

كاراكردنی كارتێكردن لەسەر ڕای گشتی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ڕێگای قوڵكردنەوەی شوناس و ڕەفتاری دیموكراسیانەی بزووتنەوەكە و پاراستنی بۆ ئازادییەكان و بازدان بەسەر ناوچەگەری و ڕەچاوكردنی تایبەتمەندییەكانی تێكۆشانی هەر بەشێك لە نیشتمان، دەبێت.

ڕەوشی سیاسی لە جیهانی ئەمڕۆدا لە دۆخی گۆڕانكاریدایە و، پێویستە وەڵامدانەوەی لۆجیكی بۆ سەرجەم ئەو گوتارانەی كە گومان لەسەر ڕەوابوونی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دەكات هەبێت. ئەمەش هەردەم پێویستی بە نوێكردنەوەی گوتاری سیاسییە بە جۆرێك عەدالەتی ئەم دۆزە ڕەوایە بۆ شوناسی مەسەلەی كوردستان و تێكۆشانی گەلەكەی و قوربانییەكانی دەگەڕێتەوە.

گەلی كوردستان پێویستی بە گوتارێكە كە شەرمنانە نەبێت و، لە بازنەی پاڕانەوە و كروزانەوە و خۆ بەكەم زانین نەبێت. گوتارێك كە بنەماكەی گیانی بەرەنگاربوونەوە و ئاسۆكەی ئازادی و سەربەخۆیی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی بێت.

سەرچاوە: وێستگە نیوز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی