"an independent online kurdish website

 نەورۆزە دەشت و چیا سەوزە بەهارە

دەڕوێنەوە گوڵ غونچە دەپشکون بەهارە

بەهارەوشنەی شەماڵ بەفروبەستەڵەک وسەهۆڵ بەندان ڕادەماڵێ .دار چرۆ دەر دەکەن زەوی بە چیمەن وگوڵ دەڕازێتەوە .خڕودۆڵەکان دەبەنە جۆباری ئاوێکی زوڵاڵ کە بەفروسەهۆڵ دەتوێتەوە. قاسپەی کەوو فیتە فیتی بولبولان لەسەر چڵی گوڵان ئاهەنگی زەماوەندی نەورۆزو بەهار دەگێڕن. دەشت و چیای کوردستان وەک کۆلکە زێڕینە بە سێی ڕەنگ وچەند ڕەنگ دەڕازێتەوە. وەنەوشەو بەیبون هەڵاڵە عەتربەبرۆکی گەورە کچان دادەکاو تێکەڵ دەبنو ودەگەڵ شلێرو شەشپەڕ وگوڵە نەورۆزە کوێستان خۆیان دەڕازێننەوە شەنگە بیری خۆیا تاسولوس دەکەن وئامادە دەبن بەرەو جێهەوارلە کوێستانان بڕۆنەوە . نەورۆزەو هەمو ڕوەکەکان دەژینەوەو دەڕوێنەوە،ڕنۆی بەفران وەک قەڵای زۆرداران وردە وردە دەڕوخێن دەتوێنەوە .دەنگی قورینگان بەرەو جێژوان لاوکو حەیران دەڵێنەوە .

 نەورۆز بۆ کوردان هەرمزگێنی دەری هاتنی ساڵی تازە نیە ، بەڵکوهەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی لە خەبات وتێکۆشان وقوناغێکی نوێیە بۆ بەرەنگاری وبەرخودان . خەباتە بۆ وەدەست هێنانەوەی مافە زەوتکراوەکان .درێژەدانی ڕێگای پـڕ لـەسەروەری شەهیدانە لـە ڕێی سەربـەستی گەلـو ڕزگاری نـیـشـتـمـان .فـازێکی بەردەوامە تا وەدەست هینانی سەرجەم ئاواتی شەهیدان . تا ئەو کاتەی داگیرکەر ڕاو دەنرێی، خائین وخۆفرۆش لە بارەگای گەل دادگایی دەکرێن ، تا ئەو ڕۆژی باغی ئاواتی گەل بەردەگرێی، تا ئەوکاتەی دوژمن و نەیار لە داخان دڵیان دەتۆقێی ، نەورۆز نوێی کردنەوەی خەباتە ،بەڕێزەوە یادی دەکەین و خۆشحاڵین بەوەی کە هەین و توانای بەرەنگاریمان بەهیزترە و دەیسەلمێنین کورد نەمردوەو زینـدوە ، مــاوەو بەهێزەوە خۆی بۆ جێژنی ڕزگاری وئازادی ئامادە کردوە . بەڵام ئازیزان جێژن و نەورۆزی ڕاستەقینەمان ئەو ڕۆژەیە کوردستان سەربەرزو ئازادانـە ئـاڵای سێی ڕەنگی لە هەمو سەردەرگاو بەرزاییەکانی کوردستان هـەڵکردوەو هـێـزی پێشمەرگەی لە سان داوەو بـەشەقـامەکانی شارەکانـدا ڕێـژە ڕۆیشتـوەو سـرودی ئەڕەقێبی لە هەمو شەقام و کوچە وکۆڵانـان پەخش کراوە .تـا ئەوکاتەی کۆمارە جوانە مەرگەکەمان سەر لەنوێێ دامـەزرێـتەوە . تـا ئـەوکاتـەی دەگەڵ بـنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانوبەندیە سیاسیەکان داوەتی ڕەشبەڵەکی کوردانەمان گێڕاوە. تا ئەوکاتەی هەمو ئەوانەی لە ڕێگای ڕزگاری گەل و نیشتماندا توشی ئاوارەیی دەبەدەری بون دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و جا ئەو کات نواری گۆرانی ماملێ کە دەڵێی:( دەنگی قورینگان دێی لە حەوای دەڵێن کویستانچین دێنەوە ) لـێـدەدەیـن و هەمو کچان و کوڕان بەیەکەوە دیڵێنەوە .

دەبا دەگەڵ ساڵی تازە پەیمان و بەڵێنی نوێی دەکەینەوە ،ناسرەوین و بەردەوامین تا نیشتمان و گەڵ ڕزگاریان دەبێی .

دەگەڵ پیزرۆزبایی سوبارە سەرکەوتنتان ئاواتمە .

  براتان مەلا برایمی مەجیدپور ٢٨ ڕيشەمەی ٢٧٢٢ کوردی . ١٩/ ٣ / ٢٠٢٣ زایینی  

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی