پێش له سه‌رده‌می پێشكه‌وتنی هزری و ده‌ورانی لووتکەی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان، ده‌ورانی ئوستووره‌یی له نووسینه‌كانیاندا هه‌یه كه دونیایه‌كه پڕ له ڕه‌مز و ڕاز و نهێنییه‌كان، كه هه‌موو ماناكانی ژیان و جیهانیان له هێماكاندا نیشان داوه و بۆ هه‌ر بوونه‌وه‌ر و چه‌مكێک هێمایه‌كی دیار و بۆ زۆربه‌ی دیارده‌كان خودایه‌كی تایبه‌تیان هه‌بوو.
یه‌كێک له خودا كۆنه‌كانی یۆنان ”ئه‌ربووسه”! ئه‌ربووس خودای تاریكییه یان باشتره بڵێین كه له‌و بوونه‌وه‌رانه‌یه كه له‌گه‌ڵ خۆی بۆ هه‌موو شوێنێ تاریكی ده‌با و به‌پێی ئه‌فسانه‌كانی یۆنان هه‌موو كات له‌گه‌ڵ خودایه‌كی دیكه‌ی خراپه‌كاری به ناوی نایكه‌س، هه‌وڵی ده‌دا تاریكی به‌سه‌ر جیهاندا زاڵ بكا، به‌ڵام هه‌موو ڕۆژ كچه‌كه‌ی لێی تێک ده‌دا و نووری ڕۆژی ده‌خسته سه‌ر جیهان و تاریكی نه‌ده‌ما. دوای ماوه‌یه‌ک له‌م كاره‌ی، له‌لایه‌ن خودای خوداكانه‌وه دوور خرایه‌وه بۆ بن ئه‌رز!
له بن ئه‌رزیشدا ئه‌ربووس هه‌وڵی دا كه تاریكی له جه‌هه‌نه‌م زاڵ بكا و خۆی ببێ به خاوه‌نی جه‌هه‌نم! یان دونیای ژێر زه‌وی، به‌ڵام هادێس كه خودای ژێر زه‌وی بوو، پێی زانی و شكستی دا و دووری خسته‌وه بۆ تارتارێس كه له جه‌هه‌نهه‌میش دوورتر و ناخۆشتر بوو و هه‌ر بۆیه تارتارێس له جه‌هه‌نه‌میش تاریكتر بوو به ڕۆیشتنی ئه‌ربووس بۆ ئه‌وێ!
ئه‌ربووس ئه‌و خودایه‌ی تاریكی له ئه‌فسانه‌كانی یۆنانی زۆر كۆن و سه‌رده‌می نادیاره‌كانه كه هه‌میشه تاریكیی هێناوه و هه‌ركات ویستوویه كارێک بكا خراپتری كردووه و له ڕووناكی دوورتر كه‌وتۆته‌وه و دوور خراوه‌ته‌وه بۆ دوورترین قوژبنی جیهان و بوون!
ئه‌ربووسی ئه‌م زه‌مانه كۆماری ویلایه‌تی فه‌قیهیه كه هه‌ر كات هه‌وڵ ده‌دا كه گه‌نده‌كاری و خراپه‌یه‌كی داپۆشێ، تاوانی دیكه و خراپه‌یه‌كی دیكه ئه‌نجام ده‌دا و له ڕاستیدا له ترسی هه‌ڵاتنی خۆری هه‌قیقه‌ت په‌نا ده‌باته به‌ر چه‌واشه‌كاری و قه‌یرانی دیكه و به خۆشاردنه‌وه و هه‌ڵهاتن ده‌یه‌وێ تاوانه‌كانی داپۆشێ!
ڕۆژی پێنجشه‌ممه، ٢١ی بانه‌مه‌ر، ١١ی مه‌ی ٢٠٢٣، له بارزانی شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین شۆڕشی كوردایه‌تی، ڕێوره‌سمێكی گه‌وره و پڕ‌شكۆ بۆ كردنه‌وه‌ی یادگه‌ی بارزانی به‌ڕێوه چوو. له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا كه به ده‌ستی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دێموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه، زۆر هه‌یئه‌تی دیپلۆماتیكی وڵاتان و لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌شدار بوون و یادگه‌یه‌كی پڕبایه‌خ و جێی سرنج كرایه‌وه. یه‌كێک له گرنگییه‌كانی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه، به‌شداریی لایه‌نه كوردییه‌كان له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان بوو و هه‌روه‌ها یه‌كێک له خاڵه گرنگه‌كانی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه په‌یامی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی بۆ ده‌سپێكی دیالۆگ له‌پێناوی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوو. له ڕاستیدا به‌شداریی لایه‌نه كوردییه‌كان له هه‌موو به‌شه‌كان و هه‌روه‌ها په‌یامی تایبه‌تی بارزانی بۆ چاره‌سه‌ریی كێشه‌كانی به‌شێكی كوردستان، خاڵی گرنگی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه بوو كه په‌یامی یه‌كبوون و پێكه‌وه‌بوونی ده‌دا.
هه‌یئه‌تی حیزبی دێموكرات به سه‌رپه‌رستیی به‌رێز مسته‌فا هیجری كه به بانگهێشتی خانه‌خوێ، له‌وێدا ئاماده بوون و هه‌میشه‌ش پشتیوانی پێكه‌وه‌بوونی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان و ڕێگای دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بوون، هه‌م به به‌شدارییان هاوپشتی و ڕێزی خۆیان بۆ شۆڕشی كورد له كوردستانی عێراق نیشان دا و هه‌م له وتووێژ له‌گه‌ڵ میدیاكاندا باسیان له گرنگیی ڕێكاری دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌و ڕێوره‌سمه‌دا كه یادی كه‌سێكی خه‌باتكار ده‌كرێته‌وه كه كاریگه‌ریی به‌رچاوی له مێژووی ناوچه هه‌بووه و ڕێوڕه‌سمێكی فه‌رمییه و په‌یامی یه‌كبوونی پێیه، ده‌بێ لایه‌نه به‌شداره‌كان به ڕواڵه‌تیش بووبێ، ڕێز له دۆخه‌كه بگرن به‌ڵام هه‌یئه‌تی كۆماری ئیسلامی كه له‌گه‌ڵ دیالۆگ و لۆژیک و ڕێز و پرستیژی دیپلۆماتیكدا به‌ته‌واوی نامۆیه، ڕێوڕه‌سمه‌یه‌كه‌یان له داخی بوونی هه‌یئه‌تی حیزبی دێموكرات له‌و شوێنه‌دا به‌جێ هێشت.
هه‌ڵهاتنی هه‌یئه‌تی كۆماری ئیسلامی له ڕقی بوونی كوردانی خه‌باتكار له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا، كرده‌وه‌یه‌كی نادروست و بێزراو بوو كه به به‌رچاوی هه‌موو دونیاوه ناسه‌رده‌می بوون و نه‌گونجاو بوونی ڕێژیمی ئیسلامیی بۆ جارێكی دیكه سه‌لمانده‌وه.
به‌ڵام ڕێژیمی خراپه‌كار كه ئه‌م بێ ئابڕووییه‌ی له ئاستی ناوچه‌ییدا بار هێنابوو و به‌و شێوه‌یه ده‌روونی به‌تاڵ و عه‌قڵی دواكه‌وتووی ڕێژیمه‌كه‌ی نمایش كردبوو، بۆ شاردنه‌وه‌ی كرده‌وه خراپه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها گوشارهێنان بۆ سه‌ر كوردستان، په‌یامێک و هه‌واڵێكی درۆیینه‌یان بڵاو كرده‌وه كه گوایه تیمێكی حیزبی دێموكراتیان له دا‌و خستووه و چه‌ند كه‌سیان لێ ده‌سبه‌سه‌ر كردووه و لێشیان كوشتوون!
ناوه‌ندی ته‌شكیلاتی حیزبی دێموكرات، ئه‌م هه‌واڵه‌ی وه‌درۆ خسته‌وه و هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه ڕێژیمی پڕ له چه‌واشه‌كاریی كۆماری ئیسلامی جلوبه‌رگی پێشمه‌رگه بۆ به‌كرێگیراوه‌كانی ده‌دوورێ و پێیان له‌به‌ر ده‌كا و ده‌یاننێرێته نێو خه‌ڵک بۆ ڕاوڕووت و تاڵانكاری، تاكوو به خه‌یاڵی خاوی، ناوی پێشمه‌رگه بزڕێنێ!
دوای چه‌ندین ساڵ تاوانكاری و پیلانگێڕی له كوردستان، ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی هێشتا په‌نا ده‌باته به‌ر تاكتیكه سواو و كۆنه‌كانی و گوایه گه‌ر جلی هاوشێوه‌ی پێشمه‌رگه له‌به‌ر تاوانبار و به‌كرێگیراوه‌كانی خۆی بكا و خه‌ڵكیان پێ ئازار بدا، ئیدی ناوی پێشمه‌رگه ده‌زڕێنێ! ئه‌م ڕێژیمه له‌وه تێنه‌گه‌یشتووه كه پێشمه‌رگه‌بوون به جلوبه‌رگ نییه، به‌ڵكوو پێشمه‌رگه به كرده‌وه مرۆڤانه‌كانی و به خۆبه‌ختكردن له‌پێناوی خه‌ڵک و نیشتمانه‌كه‌یدا بۆته هێمایه‌كی پیرۆز و خه‌ڵک هیچ كرده‌وه‌یه‌كی دزێو به كرده‌وه‌ی پێشمه‌رگانه نابینن و هه‌ر زوو ده‌زانن كه ئه‌مه تاوانكاره‌كانی سه‌ر به ڕێژیمن له نێو جلی هاوشێوه‌ی پێشمه‌رگه‌دا!
بۆ شاردنه‌وه‌ی هه‌ڵهاتنه‌كه‌ی له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی یادگه‌ی بارزانیدا، ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی په‌نای برده به‌ر پیلانێک كه گوایه تیمی حیزبی دێموکرات له ناوچه جموجۆڵی كردووه و له داوی سوپای پاسداران كه‌وتووه، به‌ڵام به وه‌درۆخستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه، ئه‌مجار وته‌بێژی ده‌زگای نادیپلۆماتیكی ڕێژیم، ڕۆژی شه‌ممه ٢٣ی بانه‌مه‌ڕ ڕایگه‌یاند كه باڵوێزی عێراقیان له تاران بانگ كردووه و تووڕه‌یی ڕێژیمیان له ئاماده‌بوونی گرووپه كوردییه‌كانی كوردستانی ئێران له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا به باڵوێزی عێراق ڕاگه‌یاندووه!
دێوه‌زمه‌ی تاریكی، خامنه‌یی كه وه‌كوو ئه‌ربووسی یۆنانییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكیدا تاریكی ده‌هێنێ و تاوانێک به تاوانێكی دیكه داده‌پۆشێ، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌شدا له‌به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی ئاسایی‌دا وه‌ها شڵه‌ژاوه و سه‌ری لێ شێواوه كه ناتوانێ ده‌ست له هیچ نه‌دا چونكه هه‌ر جووڵه‌یه‌كی ده‌بێته هۆی وێرانكردنی شتێكی تر و خراپه‌یه‌كی دیكه به‌سه‌ر خراپه‌كانیدا زیاد ده‌بن.
ئه‌ربووسی سه‌رده‌م، له ڕووناكی ده‌ترسێ و هه‌قیقه‌ت به دوژمنی سه‌ره‌كیی خۆی ده‌زانێ و هه‌ر بۆیه نازانێ ڕێگای دروستی دیالۆگ و چاره‌سه‌ری بگرێته به‌ر. له پێكه‌وه‌بوون و هاوپێوه‌ندیی مرۆڤه‌كان و گرووپه‌كان زه‌نده‌قی ده‌چێ و ده‌یه‌وێ به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووبێ، هاوپێوه‌ندیه‌كان تێک بدا و ڕێگای دیالۆگ و چاره‌سه‌ریه‌كان وێران بكا و ته‌نیا و ته‌نیا ڕێگای خراپه و دوژمنایه‌تی ده‌زانێ. هه‌ر بۆیه ڕێگا و هه‌نگاوه‌كانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و ناوچه و جیهان و سه‌رده‌مدا نایه‌نه‌وه و ته‌نیا و ته‌نیا تاریک و وێرانیی زۆرتری لێ ده‌وه‌شێته‌وه و ته‌ریكتر ده‌كه‌وێته‌وه. له كۆتاییدا خه‌لك ناچار ده‌بن بۆ دورترین قوژبنه‌كانی مێژوو كه له تارتارۆسیش تاریكتر و دوورتر بێ فڕێی بده‌ن. چاره‌نووسی خامنه‌یی و ڕێژیمه‌كه‌ی زبڵدانی مێژووه!
وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین
سەرچاوە: کوردستان مێدیا