ئێمەی پێشمەرگە غەریب و ئاوارەی هەندەرانین. دور لە وڵات وێڵ و سەرگەردانین. دڵمان ئەوەندەی برین تێکراوە، دەردەدار و بێدەرمانین.
سەرمان تەژیە لە سەودای ئازادی و چۆنی پێدەگەین تا ئێستا نازانین. وەک تەیرێکی لە قەفەسکراو دەمانەوێ بڕۆین و ناتوانین. هەموو خۆشیەکمان وەلا ناوە و بە دوای ئازادیدا وەیلانین. زۆرمان ئازاری ڕوحی چێژتوە، زۆر تانـە و تـەشەرمـان لـێـدراوە، بەڵام هەرگیز گوێمان پێنەداون. ڕێگە و ڕێبازمان دروست و پیرۆزە و سەربەرزین و ناڵێین پەشیمانین. ئێمە نە چەتەین و نە ڕێگر نە دین دوژمنی کەسین و نە نۆکەری بێگانە و نە چاو لە دەستی نامەردانین. ئـێمە پێشمەرگەیـن و بـۆ خۆ کردنـە قـوربـانی لـە ڕێـگای نیشتمان و گەل لە پێشەوەی هەمـوانین. ئێمە لە مەرگ نەترساوین و ناترسێین، بۆیە لە بەرەو ڕوو بونەوەی سڵ ناکەین لە پـێـشەوەی هـەمـوانـیـن. ئێمە دەگەڵ کۆڕی هاوبیران و هاوسەنگەران دەست و زمان و قەڵەممان مـوشەک و دڕۆن و بۆمبە و خەویان لە داگیرکەران ڕەواندوە، سەریان لە دوژمن شێواندوە بۆیە دەڵێین: باش بزانن کورد نەمردوە و هەر زیندوە. هەڕەشە و گوڕەشە و فرتو فێڵ و نەخشە و پیلانەکانی دوژمنان نـەیـانـتـوانـیوە و نـاشتوانـن وازمان پـێ لـە داوا ڕەواکەمان بێنێن. سەربەرزین ڕۆڵـەکانی گەل چ ئەوانەی لە ناوخۆن و چ ئەوانەی چەکی شەڕەفیان هەڵگرتوە، دەگەڵ ئەوانەی پیر و پەککەوتـەو و ئـەوانەش کە لە هـەنـدەرانن هەر هەمـویـان پـێشمەرگەی کوردستانن. بە یادی کوردستانەوە دەژین، دەنون، کە دەشمرن ڕۆڵەی پەروەردە و کۆڵـنەدەری ئازادی کوردستانن. جێگای خۆشحاڵیە هەمویان خۆ کرد چی دەزانن و چی دەتوانن دەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی لە کاروانی خەبات بۆ ڕزگاری بەجێ نەمێنین. ئێمە لـە تـێکۆشـان ڕاناوەستین. دڵمان ڕون و دڵنیاین ڕۆڵە تازە پێگەیشتوەکانمان، شۆڕشگێڕی سەردەمی عیلم و زانستن، بە چاوی ڕون و بە دڵی گەرم و فراوان بە دنیایەک زانست و ئاگاهی ئەوڕۆیی لە خەبات بەردەوامن. کەم و کوڕیەکان و نـە زانـدراوەکان یـان تـەواو نەکراوەکان قەرەبو دەکەنەوە و خەسارەکان هەڵـدەسەنگێـنن زانستیانە لە دوێنێ و ئـەوڕۆ و سبەی ڕادەمـێنن. سـەرەڕای ئـەوەش دوژمـن بـە دەکارهـێـنـانی جـاش و سیخوڕو خۆ فرۆشی خۆماڵێ نـەیـتـوانـیـوە ئـاگری خەبـات دامـرکـێـنێ ،هەستی نـەتەوایەتی لـە ویـژدانی گەل دا بـمـرێـنێ. جێگای شانازیە گەلەکەمان زۆرینەی نیزیک بەتەواوی جگە لەوانەی باسمانکردن دروشمیان ئەوەیە وبە دوایدادەڕۆن {نەسرەوتن تا سەرکەوتن} ئێمە هەموو سود پەرست و نۆکەر سفـەتان بە مەحکوم دەزانین و سەرئەنجام ڕیسوایان دەکەین و گومانیشمان نیە لە ئاکامدا بە ئاواتی گەل دەگەین. بە جێیە ئەو شیعرەی مامۆستا هێمن بۆ ئێرە .
چ نـاپـیـاون ئـەوانەی سود پـەرستـن
دژی خـاوەن دڵی شـەیــدا دەوەسـتــن
چ سپڵەن ئەو کەسانەی گورگە مێشن
کەلاک بۆ گورگی برسی ڕادەکێشن
ئەگەر خوێڕی نەکا میللەت فرۆشی
لە خۆی نابینێ زاڵم خێرو خۆشی .
زۆر جارکوتومە ودیسانیش دەیڵێمەوە کوردستان سەرزەمینی ئازادیو خۆڕاگریە. سەر زەوی ئازادیە بەو مانایە لەهەمو چەشنە دینومەزهەب وئیدەو ئایینی تێدایە، بەیەکەوە ژیاون، هاوکاروهاوماڵ و یاریدەری یەکتر بون . خۆڕاگربون چونکە لە هیچ هەڵ و مەرجو کەش وهەوایەکدا چۆکیان بۆ دوژمن دانەداوە. دینو مەزهەب لێکی نەکردون. ئەومیراتە بە نرخە ئێستاش کەم و زۆرهەرماوە. مخابن بە هەڵوێستی هەڵەی کۆماری ئیسلامی و هێندێکیتریش و بـە بیری چەوت و چەواشە کاری خەریکن لێکمان دەکەن و تاڕادەیەکیش کردویانە. بـۆیـە ئـەرکی هـەمـوو شارەزاو لـێـزانـانـە ، بـەتایبەت مـامـۆستایـانی ئـایـیـنـی کە لەڕاگەیـانـدن و تـێـگەیـانـدن وشیـکردنـەوەی ڕاستیەکان لە گیان مایـە دابـنـێن چونکە لە هەمـو کەس زیـاتـر ئەوە ئەرکی ئایینی و ئەخلاقی ئیسانی ئەوانە. نابێی ڕێگە بدەن دین بکرێتە هۆی دوژمنایەتیو کوشتن و بـڕیـن ، نـابێی بـبـێتە ئاگرێک کە کۆمەڵگای خۆشیان بسوتێنێ. نـابێی لە هەڕەشە وتانەو تەشەر بترسن ،چونکە هەرخوا بۆیە دەبێی پارێزی لێبکەی وخۆ لەتاوان وخەتایان نـەدەی.کە خۆشـیان بـە پـەیـڕەوی پەیامـبەری مەزن دەزانن پێویستە چاوێکی ژیـرانـە بـە خەبات و تێکۆشانی ئـەو مـرۆڤـە دەگمـەنـە دا بـخشێننەوە و مەترسیەکانی وەبیر بێننەوەوبـەردەوامـی لـێی فێربن. دەبێی لەوەش بە دڵ تێبگەن پێشمەرگە مەشخەڵی ئازادی گەلیان بەدەستە، هەمو شتێکیان بۆئازادی نیشتمان وگەل وەلا ناوە. ئەوە کە دوژمن ناوو ناتۆریان بـۆ دروست دەکا هەموی درۆو بوختانی هەڵبەستروە. کەسێک پێشمەرگەنەبوبێی نـازانێی ئەرکی ئەو ڕۆڵـە فیداکارانە چەندە قورسوگرانە. پێشمەرگە نەبێی کەس نازانێی برینی ژێردەستی ودیـلی چەنـدە بـەژانـە. پـێشمەرگە نەبێی کەس نازانێ ڕێبازەکەیان یـان سەرکەوتـن یـان نـەمـانـە. پـێـشمەرگە نـەبـێی کـەس نـازانـێی قـوربـانیدانـەکەیـان بـۆئـازادی گەل ونیشتمانە ونرخەکەشی چەندە گرانە. لێرە دا بەڕاشکاوی دەلێم :هەمو ئەو دایک و خوشک وباب وبرایانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ سەرکەوتنوخزمەتکردن و زانـیـاری پـێدان بە پێشمەرگە زەحمەتیان کێشاوەودەکێشن، خەساری گەلێک قورسیان لـێکەوتـوە، ئێش وئازاری جەستەیی وڕوحـیان پـێگەیشتوە، پـێـشەنگی مـەرگەن ودەبـێـی ڕێزی خۆیـان لـێـبـگیرێی. چونـکە پـێشمەرگە بـەبێی گەل بونی نابێ، گەلیش بەبێی قـوربـانی دانی ئـەوان ڕزگاری نابێی وهەرئـەوانەشن گەل و پـێشمـەگەیـان بـەیـەکەوە گرێـداوە. دیسان دەڵێم : هەمو ئـەوانـەی لـە کۆمەڵگاکەمـانـدا جـێـگەو پـێگەی بەرزو بەرزتریان هەیە ئەرک و لێپرسراویان زیاترو قورسترە. ئەگەر بەڕواڵەت خۆی لێببوێرن و خۆ وەشێرن مێژو شایەدی زیندویانەو لێیان لە قاو دەدا .ڕۆڵە جەربەزەکانی گەلەکەمان لە ڕێگای ڕزگاری گەلەکەیان دا سەر بەرزو سەرکەوتوبن.
براتان مەلا ئیڕاهیمی مەجید پور. ٤ جۆزەردنی ٢٧٢٣ ی کوردی
٢٥ / ٥ / ٢٠٢٣ زایینی