"an independent online kurdish website

زۆر جار لەسەر ئەم بابەتەم نووسیووە و بازرگانی ڕێوییەکەی دیمەشق و بنەماڵەکەی بە ناوی عروبە و شەڕی دژە زایۆنیزم و ئیمپریالیزمەوە،

جیهانی عەرەبی و بەرەیەکی فراوانی تری چەپ و گێڕەوە دەخەڵەتێنێ؟!..

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێش چەند ڕۆژێک وڵاتی ئەردەن کە نزیکەی 370کم سنووری هەیە لەگەڵ سووریادا دوو درۆنی خستۆرە خوارەوە کەوا پڕ بوون لە مادەی هۆشبەر و تەقەمەنی کە بەرەو سعودییە بەڕێوە بوون..

کەواتە ئێستا بۆ قاچاغچێتی درۆنیش بەکار دێ و ئەمەش زیانی گەشەکردنی تەکنەلۆژیایە کە دەکەوێتە دەست ئەم جۆرە دەوڵەت و حکومەت و گرووپانەوە کە بۆ ئامانجی خراپی بەکار دێنن..

دیارە ئەمە جاری یەکەم و دواجار نییە و لەمێژە باسی ئەم قاچاغچێتییە کراوە و دەکرێ و دنیا لێی بە ئاگایە!..

{بەشار}ی ڕێوی ڕێگەی داوە بە ئاشکرا حەپی قەدەغەکراوی Captagon بەرهەم بهێنێرێ و گەورەترین بازرگانی پێوە بکات و بێتە باشترین سەرچاوەی داهات کە ساڵانە بە 50 ملیارد دەخەمڵێندرێت.. وڵاتی سعودییەش کە قیبلەی موسڵمانانە گەورەترین بازاری ساخکردنەوەگ ئەم مادە هۆشبەرەی مام ڕێوییە؟!…

ئێستا سووریا دەیەوێ بەم کارەی ئامانجی سیاسی بەدەست بهێنێ..و هەڵوێستی خۆی بە ناوچەکە و جیهان بفرۆشێت!!!

حکومەتی سعوودی گوشارێکی زۆر لە ئەردەن دەکات تا ڕێگری لەم قاچاخچێتییە بگیرێ، بەڵام لە دوا هەڤپەیڤینی بەشاری ڕێوی لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی دەڵێ:

ئەوە بۆچوونێکی نالۆژیکییە کەوا حکومەتی سووری بەم کارە تاوانبار بکرێ!.. ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەم کارەوە نییە؟!..

بەم شێوەیە مام ڕێوی عروبە خۆی دەدزێتەوە لەو کارە!.. بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا و عەرەبی باوەڕی پێناکەن… ئیمساڵ مانگی ئادار ئەمەریکا و بەریتانیا سزای نوێیان سەپاند بەسەر سووریادا… ئەوەی زانراوە، ئەسەد و بنەماڵەکەیی و کەسانی دەوروبەری و هێزە چەکدار و گرووپە تیرۆریستەکان بەم کارە زۆر دەوڵەمەند بوون و دەبن…

ئەوەی سەیرە ئەردەن بە خۆیی و 11. ملیۆن دانیشتوانەوە کەوا زیانمەندی یەکەمی ئەم قاچاخچێتییە یەکەم وڵاتی عەرەبییە داوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریا دەکات؟! .. دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە ئەو 600,000 هەزار پەنابەرە سوورییەی لە وڵاتەکەیدا بگێڕێتەوە بۆ سووریا و سەرلەنوێ دەست بە بازرگانی نێوانیان بکەنەوە…

هاتنەوەی سووریا دوای دابڕانی12 ساڵە بۆ نێو کۆڕی عەرەبی هەڵەیەکی گەورەیە!.. ئەمە قسەی شارەزایەکە.. لەم کاتەشدا کەوا عەرەب باوەشی بۆ ئەسەد کردۆتەوە، ئەو واز لە قاچاخچێتی ناهێنێ و ئەردەن پێش ماوەیەک تاقیگەیەکی حەپی کاپتاگۆنی لە سووریا بۆمباران کرد.. هەروەها Jesse Marks دەڵێ:

هیچ سوودێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریادا نییە.. پێش چەند هەفتەیەک 130,000 حەپی کاپتاگۆن کە لەناو سندوقی پەنیردا حەشار درا بوو دەستی بەسەردا گیراوە…

بەم شێوەیە رژێمی ئەسەد بۆتە” بەشێکی کێشەکان و بە تەوسیشەوە بەشێکی چارەسەر”..

ئەمە مێژووی ئەم دەسەڵاتەیە کە تا ئێستا عروبە دادەدۆشێ و بە عەنتیکەیی براگەورەی هەندێ هێز و کەسایەتی کوردیشە!! ..

نابێ ئەوەمان بەسەردا تێپەڕێ پۆتین و ئێران نەبوایە لەمێژوو بوو ڕێویەکەی شام سەگ خواردبووی و چووبووە زبڵدانی مێژووە و دامودەزگا پۆلیسی و ستەمکارەکانی سووریای عەفلەقی هەموو بەسەر یەکدا داڕووخا بوو؟!..

کورد لەو بەشەی نیشتماندا تەنیا بە ڕووخانی ئەسەد سودمەند دەبێت و ئاسۆیەکی نوێی بە ڕوودا دەکرێتەوە..

ئەوە چەندین دەیەیە سووریا لەگەڵ ئێران دا بوونەتە مەڵبەندی تیرۆریستانی جیهان و لێرەوە هەناردە دەکرێن و بە هەموو ئامڕاز و شێوازێک کار لەم بوارەدا دەکەن و داهێنانیشیان تێدا کردووە .. هۆکارەکەشی ئەوەیە دەستەوتاقمی هەمەجۆریان هەیە لەناوچەکە و جیهاندا بەکاریان بهێنن بۆ ئامانجە سیاسییەکانیان..

بۆیە ڕوخانی ئەسەد پێداویستییەکی گرنگە!…

——————-

تێبینی: هەندێ زانیاریم لە رۆژنامەی{ دێرتاگەسشپیگل } ئیمڕۆوە وەرگرتووە….

                                              (٢)
گرنگی رووخانی ئەسەد و سووریا!..

{ناڕەزاییەکان لە سووریا سەرهەڵدەدەنەوە}…

 تۆماس زایبەرت Thomas Seibert هەواڵنێرێکی دیاری رۆژنامەی دێرتاگەسشپگلی ئەڵمانییە و ساڵانێکە لە ئەستەنبوڵ و واشنتۆن و قاهیرە و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەواڵ دەنێرێ و دەنووسێ..

لە رۆژنامەی ناوبراوی ئەمڕۆدا باس لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و ڕاپەڕینە نوێیانە دەکات کە ماوەیەکە سەریان لە سووریا هەڵداوەتەوە..

برسێتی و و نەداری و قاتوقڕی و گرانی دیاردەیەکی زەقن لە سووریا.. بەئاستێک گەیشتوون چی تر کەس بەرگەی ناگرێ..

شەڕ و کوشتار و نائارامیش ژیانی رۆژانەی خەڵکەکەیە!..

لەناوچە سوێدا و دەرعا لە باشووری سوریا نارەزاییەکان دەستیان پێکردۆتەوە..

لە دیمەشق کارمەندێ لە فەیسبووک ڕەخنەی لە حکومەت گرتووە گیراوە!.. لە سوێدا کە زۆرینەی درووزەکان دەژین شەقامەکان گیران و ئاگر لە تایە بەردرا و دەرگای بارەگای بەعسی ئەو شارە گیراو و پێکەوە لەحیم کران!..

لە شاری کفر پۆستەری ئەسەد دڕێندراوە..و لە شوێنێکی تردا پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقەی بە ئاسماندا کردووە!..

لە لازقیە کە قەڵای ئەسەد و عەلەوییەکانە نارەزایی هەیە!.. لە دەرعا خۆپیشاندەران بە دروشمی: “سەرۆکەکەتان بەرن و لاچن و بڕۆن”..

ئەم شارە بە لانکی ڕاپەڕینەکانی دژی ئەسەد

وەک دەزانین لە ئاداری 2011 ەوە ڕاپەڕین دژ بە ئەسەد هەیە و زیاتر لە 200,000 هەزار کەس کوژراوە و 6 ملیۆن ئاوارە بوون..7 ملیۆن ماڵوحاڵی خۆیان لە سووریا لێ تێکچووە و بوونە پەنابەری شاروشارۆچکەکانی تر ..

بەپێی ئامارێک %90 دانیشتوانی سووریا هەژارن!.. بەواتای لە هەر 10 کەس 9 یان هەژارن..ئابووری داڕماوە و هەڵاوسان لە هەڵکشاندایە.. لیرەی سووری لەماوەی ڕابووردوودا لە ماوەی هەفتەیەکدا نیوەی بەهای خۆی لەدەست دا!..

ئەسەد دەڵێ: „هۆکاری ئەم دۆخە سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر سووریا“ !..

پێش دوو هەفتە حکەمەتەکەی ئەسەد مووچەی کارمەندان و سەربازەکانی بۆ دوو هێندە بەرز کردەوە، تاوەکوو بڕێک لە نارەزاییەکانیان کەم بکاتەوە!.. نرخی بەنزینیشی دابەزاندووە!،، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مووچە بەشی گوزەران ناکات!..

دوای 12 ساڵ و شەڕ و هەرا کە ئەسەد پشتی بە کەمینەی عەلەوی لەناو زۆرینەیەکی سوونیدا بەستووە، دوو لە سێی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە!..

ئەسەد بڕیاری داوە قەڵای یاخیبووەن لە ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوا و کوردەکان و ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکان لە رۆژهەڵاتی فورات دەسەڵتیان هەیە ..بگێڕێتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی!..

بێگومان سوپای ئەسەد لاوازە، رووسیای هاوپەیمان لەوەتەی شەڕی ئۆکراینا سەری هەڵداوە بەشێکی زۆری هێزەکانی کشاندۆتەوە..

ئەسەد و حکومەتەکەشی لە ڕێی قاچاخچێتی و هەناردەکردنی مادەهۆشبەرەکان- Capton“ دەژی – کە لە وتارێکی پێشوودا بەدرێژی باسمان لە قاچاخچێتی ئەسەد و ڕژێمەکەی کردووە ـ دەینێرێ بە ڕێی دەریا و زەوی بۆ وڵاتانی دراوسێ ..

ئێستا ئەسەد و حکومەتەکەی لەسەرە مەرگدان..وەک عوسمان بهاردیر دینجەری شارەزای سووریا دەڵێ:

سیاسەتی ئەسەد بۆ سوورییەکان نائومێدی و وێرانکارییە”..

رووخانی ئەسەد بە شێوەیەکی ئاشتییانە…

بە پێی بۆچوونی دینجەر هێشتا مەترسییەکی تەواو لەسەر ڕژێمەکەی ئەسەد نییە؟! هەر نەبێ هێزەکانی ئاسایشی لە تەنگانەدا بەردەداتە گیانی خەڵکی .. Spyros Plakoudas  لە ئاکادیمیای رەبدان لە ئیماراتیش هەمان بیروباوەڕی هەیە!..

بێگومان ئەو سیاسەتەی ئەسەد ئاکامێکی نابێ و ناتوانێ بە سیاسەتی نان و کوتەک میللەت بەڕێوە بەڕێ!!..

ئەم ڕاپەڕینە کە بە “ راپەڕینی 10ی ئاب” ناوی دەرکردووە و گووپێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرپەرشتی دەکەن ، دەیەوێ ئەسەد بە ئامڕازێکی ئاشتییانە بڕوخێنێ..

گرووپی ناوبراو نووسینیان بڵاوکردۆتەوە بەسەر خەڵکدا و داوای چاکسازیکردنیان بکەن!! ..

ئەم بزاڤە نوێیەی 10ی ئاب مەترسی گەورەی بۆ ئەسەد دروست کردووە، چوونکە لەنێو عەلەوییەکانی لازقیەشدا پشتیوانی لە بزاڤەکە دەکرێ..

بەپێی هەواڵێک لە دوو هەفتەی ڕابووردوودا نزیکەی 20 کەس لەم شارە گیراون کە ناڕەزاییان دەربڕیوە..

باوەڕم وایە هیچ کەس هێندەی کورد سوودمەند نابێ لە ڕووخانی ئەسەد؟!. چونکە دەوڵەتەکەش هەڵدەوەشێتەوە دامودەزگانی ژێرەوژوور دەبن و لە ئەگەری بونیاتناوەشیاندا لاواز و سەقەت دەردەچن:

+ کاریگەریی لەسەر حیزبەکانی هاوپەیمانی ئەسەد نامێنێ؟!

+ ئەرشیف و بەڵگەنامەی زۆر لە باش و لە جاش دەکەوێتە بەردەست؟!…

+ کاریگەریی لەسەر ئێران بە ڕاستەوخۆ و تورکیا و عێراقیش و ناوچەکەش دەبێت؟!..

+ دۆزی کورد باشتر دەردەکەوێ و دۆستی بۆ زیاد دەبێ .

+ کورد یەکلا دەبێتەوە لەبەینی دوو بەرداش دا.

+ ئەگەری هەیە هەردوو پارچەی باشوور و ڕۆژئاوا یەکگرنەوە .

+ بە ئەگەرێکی زۆرەوە باشتر لە ئێستا یەکێتی نەتەوەیی چێ دەبێت؟!….

   وە دەرگای زۆر ئەگەری تریش بە ڕووی ناوچەکەدا دەکرێتەوە…

<><><><><><><> 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی