شاعیرێکی کرماشانیم
شیعرەکانم بۆ وڵاتن

بۆ نەهێشتنی ستەم و
بۆ سەرکەوتنی خەباتن .!
شیعرەکانم کۆرپەی گەلن
نووری ڕووخساری ئاواتن
هەناسەی ئاشتی و یەکسانین
چریکەی هیوای ڕۆژهەڵاتن .!
ئەمشەو خۆم و شیعرەکانم
هەنگاو، هەنگاو لەگەڵتانین
تامەزرۆی دیداری ئێوە و
باڵای جوانی کوردستانین .!
لە هەوارگەی هونەرەوە
هەموو کاتێ لەگەڵتانم
گوێ لە شیعرەکانم بگرن
چۆن دەگرین بۆ نیشتمانم .!
ئەوان ڕەنگ و دەنگی گەلن
بۆنی ئازادییان لێ دێ
تیشکی هەتاوی دەم کەلن
پرشنگی شادییان لێ دێ .!
پڕ لە پەیمان و بەڵێنین
درووشمی نەسرەوتن ئەڵێن
پەیامی پێشمەرگەی شاخن
سروودی سەرکەوتن ئەڵێن .!
2023-12-13
✍️ ڕاوێــــژ
@Rawezh35