"an independent online kurdish website

دوای  لێدانی پایگاکەی بۆڕیەر، گەڕاینەوە بۆ ناو باخەکان. پاش نیزکەی ٣٠ خولەک، گەیشتینە ماڵەباخێک کە لە پێشدا دەستنیشان کرابوو.

 دوای ئەوەی ئەرکەکەمان بێ هیچ زیانێک و وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو جێبەجێ کرد، هەستێکی ئاسوودەیی رووی تێکردین. بەڵێ، ئێستا کە هێز و مەڵبەند گەیشتبوونە شاخی کۆساڵان و ئێمەش بەو عەمەلیاتە، هێزەکانی رێژیممان تووشی گومان کردبوو کە، هێز و مەڵبەند بەرەو چ ناوچەیەک حەرەکەتیان کردوە. تەنیا چەند رۆژمان پێویست بوو، بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان شەکەتییان دەرچێ.

بۆ سبەینێ کە لە خەو هەستاین، خاوەنماڵەکە، خواردنی بەیانی بۆ ئامادە کردبووین. وەک ئەوەی چۆن دایک و باوک خواردن بۆ منداڵەکانی خۆیان ئادامادە دەکەن. سۆزێک کە لەو بنەماڵەیە دەمانبینی، هەم ورەبەخش بوو،  هەمیش  ئەو هیوایەی لە دڵماندا بەهێزتر دەکرد کە مادام ئەو خەڵکەمان لە پشتە، رۆژێک دێت بە ئامانجی شەهیدەکانمان کە رزگاریی گەل و نیشتمانە دەگەین. باخەکانی بۆڕیەر، دەکەونە دۆڵێک کە هەم درێژاییەکەی و هەمیش بەرزاییەکەی مەودایەکی باشیان هەیە. هەموو دۆڵەکە تا دەگاتە لووتکەی بەرزاییەکان، بە باخ و دارستان تەندراوە. بە جۆرێک وەک ئەوە وایە کە بە دارستان، ئاسمانێک بە سەر ئەو دۆڵەکەدا ڕاکشابێت. زۆر دڵگیر، جا دڵگیرتر ئەوە بوو کە خەڵکەکەی لە نیشتمانپەروەریی و پێشمەرگە خۆشەویستی، بێهاوتا بوون و هەن. وەک پێشتریش باسم کرد، زۆر بنەماڵە گەرەکیان  بوو، ببینە میوانیان، بڵام زیاتر لەوە نەمان دەتوانی ژیانی ئەوان و خۆشمان بخەینە مەترسییەوە و بۆ شەوەکەی ناوی باخەکانمان بەجێ هێشت.

لە بۆڕیەر زۆر دوور نەکەوتینەوە، فەرماندە ئەسعەد، وتی لێرە دەمێنینەوە. وتم باشە بۆ؟ خۆ ئێمە دەتوانین هەر ئەم شەو بگەینەوە کۆسالان؟ وتی لە بەر دوو هۆکار با بمێنینەوە. یەکەم ئێوە لە کۆسالان نەبوون و نازانن ئێستا پێشمەرگەکان بە دەست بی ئاوییەوە چ ژیانێکیان هەیە. با یەک دوو رۆژی دیکەش لە سەر ئەو ئاوانە و لە نێو باخەکاندا بمێنینەوە. دووهەمیش لەوانەیە هێز و مەڵبەند پێویستیان بە پشووی زیاتر هەبێ و داوامان لێ بکەن بۆ سەرلێشیواندنی هێزەکانی رێژیم، عەمەلیاتی دیکەش بکەین. بەم جۆرە، بۆ بێشکی، لە نێو هێندێک دارچناری چڕوپڕدا، کە نیزیکەی دووسەد میترێک لە خوارەوەی جادەی سەرەکی بوو، ماینەوە. ئەو شەوە بە باشی بۆی خەوتین، چوونکە لە باخەکانی بۆڕییەرەوە زۆر دوور نەکەوتبووینەوە و کاتی باشمان هەبوو بۆ پشوودان.

سبەینێ لە خەو هەستاین، دیتمان هیچ کە جادەی سەرەکی دووسەد مێترێک لە پشتمانەوە دوور بوو، هەمیش رێگای هاتووچۆی خەڵکیش دەکەوتە  لاوەلاکەی رووبەڕوومانەوە، دیارە هەموو ئەمانە فەرماندە دەیزانی و بۆ بێ شکی ئەوێی هەڵبژاردبوو. دەنگی ئەو ئوتومبیلانەی کە بە سەر جادەکەدا تێپەڕ دەبوون، بە باشی دەبیسترا. دەوروبەری نیوەڕۆ بوو، گوێمان لە دەنگی” مەرگ بر زد انقلاب” بوو کە لە ئوتومبیلەکانەوە دەهات. وادیار بوو هێزەکانی رێژیم بوون کە بەوێدا تێدەپەڕین. دیارە مەبەست لە زدی انقلاب، پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات بوو. ئێمەش وەک وڵامێک بە دروشمەکەی ئەوان، لەبەر خۆمانەوە دەمانگوت”مرگ بر خۆتان”.

ئەسعەد دەیزانی ئەو ماڵەباخەی کە لەو نیزیکانەیە، ماڵێکی نیشتمانپەوەرن و دەتوانین سەردانێکیان کەین و نانێک لە ماڵیان بخۆین. لە بەر باری ئەمنییەتی، بڕیارمان دا بۆ عەسرێکی درەنگ بچین بۆ ماڵەکە. بەردەوام خەریکی پشوودان بووین لە نیو دارچنارەکان، کە دیتمان منداڵێک بەرەو ئەو شوێنەی کە ئێمەی لێ بوو دەهات. تەمەنی دەوروبەری ١٠ بۆ١٢ ساڵ دەبوو.

ناچار بووین خۆمان ئاشکرا بکەین. بڵام، ئەوەی ئێمە بینیمان بە تەمەن مناڵ بوو، ئەگینا،  لە خۆیدا پێشمەرگەیەک بوو. من پێشتریش لە نزیک تازەئاوای سەلاسی باوەجانی، دوو مناڵی دیکەی لەم رەگەزەم لە هەمان تەمەندا بینیبوو. خێرا منداڵەکە خۆی خزاندە نێو بیر و باوەڕمانەوە و بووە جێگای متمانە بۆمان و ئێمەش ئەرکێکمان پێ سپارد و رۆیشت. پاش نزیکی دوو کاتژمێڕ هاتەوە. بەر لەوەی  بێتەوە بۆ لامان، نەک لە بەر ئەوەی باوەڕمان پێی نەبێ، بەڵکوو لە بەر پلان و مەترسی رێژیم، بووین بە دوو سێ دەستەوە و لە یەک دوور کەوتینەوە. کە هاتەوە جێگاکەمان و دیتی کەسمان لەوێ نەماوین، نەختێک سەرە گێجەی کرد و دواتر بانگمان کرد. منداڵە چاونەترسەکە، بە بزەیەکی بە تەواوی باوەڕ بەخۆبوونەوە وتی، ئێوە دەڵێی برازن و هەر یەکەو خۆتان کردووە بە بن دارێکا! ئەوەندەی دیکە، بەو پێداگووتنەی دڵخۆش بووین. مناڵی زۆرمان لە کوردستان دا هەیە کە هەر بە منداڵی زۆر مەزنن و ژیر و وریان.

ماوەیەک ئەو مناڵە لامان مایەوە. ئەو کەسانەی لە رێگاکەی بەرانبەرمانەوە هاتووچۆیان دەکرد، ئەوەندە نزیک بوون لێمانەوە، کە دەکرا بیاناسیتەوە. مناڵەکە، یەک بە یەک پەسنی ئەو خەڵکەی بۆ دەکردین. دەیگووت ئەوەیان بەسیجییە، ئەوی دیکەیان کەسێکی کوردپەروەرە، یان ئەوەیان خۆشناوە و بەو جۆرە دەتگووت کۆمەڵناسە پەسنی ئەوانی بۆ دەکردین. لە دوانیوەڕۆ نزیک دەبووینەوە، هەربۆیە رۆیشتین بۆ ماڵەباخەکە. کە چوینە ماڵەوە، خاوەنماڵەکە رەنگی تێک چوو. تەنانەت چەکێکیش بە دیواری ماڵەکەوە هەڵواسرابوو. دیارە ئێمە لە چوونمان بۆ ئەو ماڵە هیچمان بە مناڵەکە نەگووتبوو. ئەو پێش ئەوەی ئێمە بچین بۆ ئەوێ، ئێمەی بە جێهێشتبوو. لە ئەسعەدم پرسی” چ روو ئەدات، بۆ خاوەنماڵەکە ئەوەندە خۆشحاڵ نییە بە هاتنمان؟ بزەیەک هاتە سەر لێوی و وتی، خاوەنماڵەکە بەسیجییە! چی؟ مەگەر تۆ نەتووت نیشتمانپەوەرە؟ وتی ئەم مڵکەکەی کڕیوە. کابرای بەسیجی نەیدەزانی چی بکات و ئۆقرەی لێ بڕابوو. ئەسعەد دڵنیایی پێدا کە، کارمان بە سەریەوە نابێ، بۆیە پێویست ناکات نیگەران بێ. کە لە خۆی دڵنیا بووەوە، بانگی خێزان و کچەکەی کرد، تا زوو خواردن ئامادە بکەن. وتمان چەکەکەشت نابەین، بە مەرجێ هیچ کات لە دژی پێشمەرگە و خەڵک بەکاری نەهێنی. دەیان سوێندی ریز کردن کە تەنیا بۆ بەهانە ئەو چەکەی هەڵگرتوە. خەریک بوو برسیەتی تەنگاوی کردبووین، چوونکە لە بەر ئەوەی کە قەرار بوو لەو ماڵە نانی نیوەڕۆ بخۆین، نانەرەقەی نێو کۆلەپشتییەکانمان دەست لێ نەدابوو.

من کە بۆ خۆم، بە منداڵی و لە تەمەنی ١١ ساڵیدا بۆ دوایینجار، کالانەی پیچکم لە داڵاهۆ خواردبوو، خەیاڵی ئەوەم دەکرد کە تۆ بێژی ئەم ماڵەباخە بە تەڕە پیاز، کالانەمان بۆ دروست نەکەن؟ بۆ نا، لە بەر خۆمەوە دەمگووت، لە تەرەپیاز دەس و دەمتر لە باخێکدا دەبێ چی بێ؟ خەیاڵ خۆشە و گەدەش بەو خەیاڵانەی کە دەیکەیت، خۆی پێچ دەدات و ئامادە دەبێت. ئەگەر وەک ئەوەی خەیاڵ دەکەیت، دەرنەچێ، چۆن دڵنەوایی گەدەت بدەیتەوە؟ زۆری پێ نەچوو، سینییەکی زەبەلاح، کە پڕ بوو لە کالانە گەیشتە نێو ماڵەکە و خاوەن ماڵ دەستی کرد بە داوای لێبوردن لەوەی کە نەیانتوانیوە بەو کوتوپڕییە خواردنێکی شایستەمان بۆ دروست بکەن. نەڵێی، خوا نەیبڕێ، ئێمە میوان نین و لەم قسانە. ئێستاش کە ئەم بابەتە دەنووسم، تازە بە تازەیی نانی بەیانیم خواردوە، کە باسی ئەو کالانە دەکەم، بە تاسقی ئەو کالانەوە، ئەڵێی هێشتا خواردنم نەخواردووە.

پاش خواردن، نەمانتوانی ماڵەکە بە جێ بێڵین تا خۆرئاوا بوون. کابرا دیاربوو هێشتا گومانی لەوە دەکرد کە بەو ئاسانییە لێی گەڕێین. ئێوارە ماڵئاواییمان لێیان کرد و رۆیشتین. ئێستاش ناو چاوانی ئەو سێ کەسەم لە بەر چاوە کە چۆن بە نیشانەی ئێوە گەورەن کە لێمانتان بووری و بە بەڵێنییەکەتان وەفادار مانەوە، ماڵئاواییان لێ کردین.

لە سەر رێگامان بۆ کۆسالان، درەنگانێکی ئێوارە کە دوروبەری کاتژمێر نۆی ئێوارە بوو،  لامان دایە دوو ماڵەباخی دیکە. من و سەلاح چووینە ماڵێکەوە و ئەو سێ کەسەکەی دیکەشمان چوونە ماڵەکەی تریان. خاوەنماڵەکەی ئێمە دوو ژنی هەبوو، ئەمەش ترسێکی لە دڵدا دروست کردبوو کە حیزبی دیمۆکرات دژی دوو ژنەیەو دەبێ ئێمە چی لە تەکا بکەین؟ بۆیە دەستی کرد بە قسەی بێ ڕەبت و گوایە لەوانەیە ماڵەکەی دیکە سبەینێ گوزارشی لێ بدەن کە نانی بە پێشمەرگە داوە و لەم بابەتانە. بە جۆرێک تێمان گەیاند کە پێویست ناکات ئەوەندە ترسی هەبێ و ئێمە ئیستا دادگایی ناکەین، پێشمەرگەشمان لەو ماڵەی دیکە هەیە. دوای نانخواردن، ئەو شوێنەشمان بە جێهێشت و لە شوێنێک لە نزیک کۆساڵان ماینەوە بۆ ئەوەی بۆ بەیانییەکەی بە رۆشنایی بگەینەوە هێز و مەڵبەند.

پێش ئەوەی خۆر هەڵبێ و دنیا رووناک بێتەوە، خۆمان گەیاندە کۆساڵان و گەیشتینەوە لای هاوڕێکانمان. راستە کە کۆسالان شوێنێکی هەتا ڕادەیەک ئەمن بوو، بەڵام بێ ئاوی پێشمەرگەکانی هیلاک کردبوو.

 ئێستا چوار رۆژ بوو هێز و مەڵبەند لەکۆسالان پشوویان دابوو. ئێوارەکەی بڕیار درا ئەوێ بەجێ بێڵین و بەرەو ژاوەرۆی سنە بکەوینە ڕێ. پاش چەندین کاتژمێر رێگا رۆیشتن، بۆ رۆژی چواری گەلاوێژ گەیشتینە نیزیک نجێ و لە نێو دۆڵێکدا ماینەوە.

دیدەبان دیاری کرا و پاش بڕینی ئەو رێگە زۆرە، پێشمەرگەکان زۆر ماندوو بوون و هەر یەکەو شوێنی خۆی بۆ پشوودان خۆش کرد. ئەو شەوە تێر خەوتین. دەوروبەری کاتژمێری ١١ نیوەڕۆ دیدەبانەکان هەواڵی  پێشڕەوی هێزەکانی رێژیمیان بۆ بەرزاییەکان دا.

خێرا سازماندەیی پێشمەرگە درا و ئەرکەکان دابەش کران نیزیکترین بەرزایی بە سەر ئێمەوە کە کەمتر لە دووسەد میترێک بوو، کەوتبوە دەستی جاش و پاسدارەکان. لە سەرەوەی ئەو بەرزاییە، هێندێک تاشەبەردی لێ بوو کە ئەوان لەوێ سەنگەریان گرتبوو. تا دەگەیشتیتە سەرەوە، هەمووی رووت و بێ پەنا بوو، ئێمە دەبوو ئەو هێزەی رێژیم لەو تاشەبەردانەوە دەرپەڕێنین، ئەگەر بمانهەوێ زاڵ بین بەسەر ئەو هێزانەدا.

ئەگەر نە، بارودۆخمان باش نابێ. دوو تیم دیاری کرا کە لە لای راست و چەپەوە بەو رووتاییەدا سەرکەون.

دەستەکەی ئێمە بریتی بوو لە کامیل حەسەنپوور کە فەرماندەری لک بوو، س.ج کە سەرپەل بوو، من و دوو پێشمەرگەی دیکە، لە لای چەپەوە دەستمان کرد بە ڕۆیشتن بەرەو لووتکەی بەرزاییەکە.

لەولاشەوە، دەستەکەی دیکە  بە سەرپەرەستیی هاوڕێی سەرپەلمان ع. م دەستیان بە جووڵە کرد.

دیارە تیمەکانی دیکەش بەرەو بەرزاییەکانی دیکە بەڕێ کرابوون. کەمتر لە ١٠٠ میترێکمان مابوو بگەینە تاشە بەردەکان، کەوتینە بەر دەستڕێژی گوللە، دەتگووت: تەرزەمان بەسەردا دەبارێ  و زەوییەکەی دوروبەرمان خەریک بوو بە گوللە دەکێڵدرا. وەک وتم هیچ شتێک نەبوو هەتا ئێمە  خۆمانی بدەینە پاڵ بۆ ئەوەی گوللەمان بەر نەکەوێ و تەنها کارێک کە لە دەستتان دەهات، ئەوە بوو بە هەموو توانامانەوە رووی چەکەکانمان بکەینە تاشەبەردەکان و بە هەمان شێوە وڵامیان بدەینەوە.

درێژەی دەبێ!

تێبینی: ئەسعەد موقەدەسی ناسراو بە ئەسعەد بۆڕیەری، لە کاتێکدا فەرماندەی دەستەی کۆماندۆیی بوو، لە تێکهەڵچوونێکدا لە گەڵ هێزەکانی رێژیم لە شاخی شاهۆ، ساڵی ١٣٧٥ شەهید بوو. شەهید ئەسعەد، یەکێک لە فەرماندە هەرە بوێرەکانی پێشمەرگە، مرۆڤێکی خاکی و رۆحسووک بوو. رۆحی فەرماندە ئەسعەد و هەموو شەهیدان شاد بێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی