Hoppa till innehåll

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنگرەی ١٢ی خۆیدا کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێنا و خۆی هەڵوەشاندنەوە، قەرەنی قادری

پارتی کرێکارانی کوردستان (پە کە کە) بەپێی داوای ڕێبەرەکەی خۆی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە کۆنگرەی ١٢ی خۆیدا کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێنا و خۆی هەڵوەشاندنەوە. بەپێی بۆچوونی خۆیان، بڕیارەکە پەیوەندی بە پرسی ”ئاشتی” لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە هەیە.

ئاخۆ پرسەکە سەر دەگرێت یان سەر ناگرێت، یان ئەوەتا بڕیارەکە دروستە یان نادروست؟ بابەتی ئەم نووسینە نییە و بە لایدا ناچم، بەڵکوو بابەتەکەی من شتێکی ترە.
کاتی خۆی کاتێک هەندێک کەس و حزب و ڕێکخراوی سیاسی سەبارەت بە پرسی خەباتی چەکداری و پرسی نەتەوەی کورد ڕەخنەیان لە پەکەکە دەگرت، کە ڕێگەکەتان هەڵەیە یان ئەوەتا تەواوی خەباتتان بە دژی تورکیا بۆ باشووری کوردستان گواستۆتەوە، بەڵام لەلایەن ئەو حزبە بە تایبەتی لەلایەن لایەنگر و دەستوپەیوەندە سەرچڵەکانیەوە زۆر دەمشڕانە و لووتبەزانە هێرشیان دەکرایە سەر، بێڕێزیان پێ دەکرا و بە پیاوی ئەردۆغان (ئەردۆغانیسم/ سوڵتان ئەردۆغان) و میتی تورکیایان دەناساندن و حیسابیان بۆ هیچ کەس جیا لە خۆیان نەدەکرد، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەی ڕای ڕێژەییی ئەوکاتی خەڵک، بەپێی داوای بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەم کۆتایییان بە خەباتی چەکداری هێنا و هەمیش خۆیان هەڵوەشاندەوە و بە دەستی خۆیان ”پەکەکە”یان بە ئەرشیوی مێژوو سپارد!؟ ئەو هەموو بێڕێزی، بایکۆتکردن، جنێودان، لاتاو، قسەی سووک و بەگرێگیراوکردنی خەڵکتان لەچی بوو؟ ئەو کەلتوورە ناشارستانی و شڕەتان لە کوێوە هێناوە؟
هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، ئەزموونی ئەو چەند ڕۆژە ئەوەی پیشان دا، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یانی ”عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەروەها ”عەبدوڵڵا ئۆجەلان”یش یانی پارتی کرێکارانی کوردستان!؟
کاتێک سیاسەت دەکەن، بەر لە هەموو شتێک دەبێ کۆی ڕەنگەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا ببینن، کە خاوەنی ڕا، بەرنامە و بۆچوونی خۆیانن. کوردستان لە بواری نەتەوەیی، ئایینی و فرەدەنگییە، پازڵێکی فرەڕەنگە و پێویستە بپارێزێت و هەر کەسە و دەنگ و ڕەنگی خۆی هەیە و، هەر پێکەوەیە کە بەهێز دەبین، هەروەها هەر دارەی بەری خۆی هەیە و تەنیا ئێوە داری ئەو باغە (کوردستان) نین، بەڵکوو بەشێکی بچووکی ئەو دارستانەن! دەزانم ئەو دیمەنە ڕەنگاوڕەنگ و جوانەی کوردستان لەگەڵ هزری توتالیتاریزم و حزبی ستالینیستی یەکتر ناگرێتەوە، بەڵام هەر کەسەی (حزب و ڕێکخراوی سیاسی) بخوازێت لە کوردستاندا کاری سیاسی بکات، ناچارە و دەبێ ئەو دیمەنە ڕەنگاوڕەنگەی کوردستان ببینێت و لە کردەوەدا هەم ڕێزی لێ بگرێت و هەمیش ڕەچاوی دۆخەکە بکات.
هەر لەو کۆڵانەوە پەیامم بۆ حزب و ڕێکخراو و لایەنە سیاسی و تاکەکانی ناو جڤاکی کوردستان هەیە، کە بە بەڕێزەوە لەگەڵ یەکتردا بپەیڤن و کاتێک ڕووبەڕووی فکری جیاواز دەبنەوە، کەسیش بە جاش و بەکرێگیراو مەزانن و ناوناتۆرەیش بۆ کەس ساز مەکەن، بەڵام لە بڕی ئەوە دەرگەی گفتوگۆ بەڕووی یەکتردا بکەنەوە.
”ئابراهام لینکۆڵن” (١٨٠٩-١٨٦٥) شانزده‌هه‌مین سه‌رۆککۆماری ئه‌مریکا، پەیامێکی جوان و نەخشینی لەو بوارەدا هەیە، دەڵێت: ”گفتوگۆ لایەنی هەرە جوانی مرۆڤەکانە.” با ڕوو لەو یارییە بکەین، ئەمە لە بەرژەوەندیی وڵات (کوردستان)دایە!
کادر، ئەندام یان لایەنگری هەر حزب و رێکخراوێک کە لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا ”ئازاد”انە ڕای خۆی دەردەبڕێت، ئەوە کێشەی من نییە و پەیوەندی بە خۆی و حزبەکەی خۆیەوە هەیە، بەڵام سڕینەوە، بێڕێزیکردن، جنێودانی بەلێشاو و ڕێکخراو، کە دەبێ دەستی کەس و کەسەکانی تری لە پشتەوە بن، ئەمیان بڤەیە و جێی قبووڵکردن نییە، بۆیە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان پێویستە لەو بوارەدا سیاسەتێکی میدیاییی ڕوون و ئاشکرا و هێڵی سووریان بۆ کادر، ئەندام و لایەنگرانیان هەبێت.
ئیتر ئەمەیش باوی نەماوە کە بڵێن جنێودان سیاسەتی ڕەسمیی حزبی ئێمە نییە، ئەگەر پێتان وایە جنێودان، بێڕێزیکردن بە کەسانی بیرجیاواز سیاسەتی حزبەکەی ئێوە نییە، لە کردەوەدا بیسەلمێنن و لە کاتی ڕوودانی بێرێزی و ڕەفتاری نەگونجاو لەلایەن ئەندامانی حزبەکەتانەوە، چەندان ئەندام و لایەنگر سزا بدەن، دەریان کەن یان ئەوەتا بۆ ماوەیەک هەڵیان پەسێرن، تا بەو هۆیەوە بزانین سیاسەتی ڕەسمیی حزبەکەتان جنێودان و بێڕێزیکردن بە خەڵک نییە! پەرێزی خەبات و ئازادییەکان دەبێ خاوێن بێت، لەو بوارەدا ئەرکی حزب و لایەنەکان لە هەمووان زیاتر و قورسترە!
کوردستان پێویستی بە کەشوهەوایەکی سیاسیی ساخ و سەلامەت هەیە، تا گشتمان پێکەوە بتوانین کار بکەین و گفتوگۆی عەقڵانی لەنێوان خۆماندا وەڕێ بخەین. تەنیا پێکەوەیە کە بەهێز دەبین.
سەدان ساڵە داگیرکەران کورد ئازار دەدەن؛ با چیتر خۆمان یەکتر نەشکێنین و ئازار نەدەین. دەزانم ئەو هەوڵە ئاسان نابێت، بەڵام دەکرێت و دەتوانین ئەگەر حەزمان لێی بێت!
گفتوگۆ بەهێزمان دەکات و مەودای نێوانمان کەمتر و کەمتر دەکاتەوە، بەڵام جنێودان و بێڕێزیکردن لێكترازانی زیاتر دروست دەکات.
با عــــەقڵ یارمـــان بێت!
بەرژەوەندیی وڵات لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە!
هەر یەکگرتوو، بەهێز و ڕاوەستاو بێت کوردستان!

***

نووسێکی پێشتری کاک قەرەنی لەسەر خۆهەڵوەشاندنەوەی پ ک ک ، لە لاپەرەی نووسەر نووسینەکان وەرگیراون

”ئافەرین” عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بە تەنیا حزبەکەی هەڵوەشاندەوە و کەسیش دەنگی لێوە نەهات!
دەکرێت لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە سەیری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکرێت، لەوانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی خودی پەکەکە، تورکیا و هەرێمی کوردستانیش پرسەکە لێک بدرێتەوە. یان پەکەکە لەو ماوەیەدا چی کردووە و چۆن بووە، ئەمەیان باسێکی ترە و، ئەو چەند ڕستەیەی بەرەوەیش بۆ ئەو پرسە فرەڕەهەندە تەرخان نەکراوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی پارتی کرێکارانی کوردستانی دروست کرد، بەڵام دوای زیاتر لە چل ساڵ خەباتی چەکداری، هەر خۆی لە زیندانەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەی خۆی دا. کۆنگرەی ١٢ی پەکەکەیش بڕیارەکەی پەسند کرد و هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند. سەنجڕاکێش ئەوەیە کەس لەناو پەکەکە بە تایبەتی لە سەرکردایەتیی ئەو حزبەدا، نەیتوانی لە بەرانبەر بڕیارەکەی ئۆجەلان و کۆنگرەی ١٢ی پەکەکەدا دەنگی ناڕەزایەتیی دەرببڕێت و بەمیدیایی بکرێت، ئەوەیش لە کاتێکدایە کە پەکەکە و سەرکردەکانی بەردەوام باس لە کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئازادی و سۆسیالیزم دەکەن، بەڵام ئەو دیمەنەی ناو پەکەکە دەگەڵ عەقڵ ناگونجێت، وێدەچێت لەگەڵ پێکهاتەی ستالینیستی، ڕەقوتەق و ستوونیی پەکەکە یەک بگرێتەوە!؟
کە سەیری ئەو وێنەیەش دەکەیت، لە دەم و چاویاندا چەشنێک نیگەرانییان پێوە دیارە، یان دەڵێی قسەیان پێیە و نازانن لە کوێی هەڵیڕێژن!؟
پرسەکە ئاڵۆزە و، چارەسەر و وڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، کاری دوو ڕۆژ و سێ ڕۆژ، یان وتارێک نییە، کە ئاخۆ هاوکێشەکان و یاریی سیاسی لە تورکیادا دەگۆڕێت و دەرگە بە ڕووی کرانەوەدا دەکاتەوە؟ ئەمەیان کاتی پێویستە و جارێ لە من ڕوون نییە و بۆم نییە قسەی زیاتر بکەم. بەڵام بێ شک هەر ئەو کاتە ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ”هەبوو نەبوو، ”پەکەکە”یەک هەبوو!”

بابەتی پەیوەندی دار

پەکەکە ئاشبەتاڵی کرد، لە کۆنگرەی 12 بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا