بۆ ناسینی ژان و ئازاری جودایی ئەو شێعرەی مامۆستا هێمن پڕ بە پێستیەتی کە دەڵێ:
ژانی نـاسۆری جـوداییم چێشتوە هەر چی خۆشم ویستوە جێم هێشتوە

بۆیە دەبێ ئەو شێعرەی مامۆستا هێمن لە لایەن قەڵەم بەدەستانی بە تـواناو لێزان کتێبی لەسەر بنوسرێ، تەعـبـیـر و تـەفـسیری زۆری لـە سەر بـکرێ. زمـانحاڵی هەموو کوردێکی شۆڕشگێڕی ئەوینداری ئازادی نیشتمان و گەلە. هێمن کە هەستێکی ناسک و سۆزێکی تەواو کوردانەی هەبوو، عاشقی مەجنون ئاسای کوردستان و کورد بوو، سەرەڕای ئەوەی لە بنەماڵەیەکی کورد کوتەنی تێرو تەسەل و ناو دارو ڕێز لێگیراو بوو، بەڵام هەستی کوردانەی نەتەوەیی هێنایـە سەر ئـەو بــاوەڕە، کــە شەڕەفی پێشمەرگایەتی هەڵبژارد و لە سەنگەری شێعر و هەڵبەست دا مەجنون ئاسا بە لەیلای خۆی کە کوردستانە هەڵدەکوت. بـنەماڵە و زێدەکەشی بە جێی دەهێشت و لە شاخ و بەندەن و شوێنە سەختەکانی کوردستان قەڵەم بە دەست لە بن سێبەری بەردێک دادەنیشت و هەستی دەرونی لە قالبی شێعردا دەدەبڕی. قەڵەم بە دەست و تفەنگ لەشان ئەم دیو و ئەو دیوی دەکرد. شێعرەکانی ئەوەندە شیرن و دڵگرو پاراو بوون کە زۆر زوو نەخوێندەواریش فێری دەبوو لە بەری دەکرد. شێعرەکانی هاندەرێ کچان و کوڕانی کورد بوو بۆ بەشداری لە خەباتدا. زۆربەی هەڵبەستەکانی ئەو و ڕەحمەتی مامۆستا هەژار ببوونە سوژەی تـەبلیغاتی کە سەرنجی خۆشکان و برایانی کوردی بۆلای خۆیان ڕادەکێشا. دایکان و خوشکانی مەشکەژێن و مەردۆش لەکاتی مەشکە ژاندن و مەڕدۆشین دوپاتیان دەکردنەوە. ژانی ناسۆرەکەی هاواری لـێـبـەرز دەکردەوە و هــاوارەکەی دەبـوو بـە بـەستـە و گۆرانـی کە خوشخـوانــان دەیانکوتەوە. زۆر لە خوشکان و دایکان کە مـنـیـان دەنـاسی و بـڕوایـان پـێـم بوو لە فەقێیەتی و مەلایەتیشدا دەهاتنە لام تا فێریان بکەم، چونکە سـەرجـەم شێـعـرە تایبەتیەکانیم بە تەواوی لـە لام هـەبـون و پارێزراو بوون بەکوڕان و کچان و دایکانم دەکوتەنەوە. دوری لەزێد و کەسوکار بۆی ببوە ناسۆرێکی بەژان و بەردەوام پێیەوە دەیناڵاند. بۆیە وتویە: ژانی نـاسۆری جوداییم چـێشتوە. لـە هـەمـوو کەس بـاشـتر هـەستی بـە ئـازاری دوری لـە زێـد وکەس و دۆستان کردوە. دڵی مرۆف ئاسن نیە و پارچە گوشتێکی زیندوە کە گشت خۆش و ناخۆشێک کاری دەکەن. بەلام کەس ناتوانێ وەک مام هێمن ئاوا بەو شیرنیە و جـوانـیـە دەری بـڕێ.
بەڵێ جودایی لە خۆشەویستان هەرچی بن دەردێکی بەژانە بـۆ ئـەوانـەی شۆڕشگـێـرن و بەگشتی پێشمەرگە و ئەوینداری ئازادی گەل و نیشتمانن، تەنیا دەرمانی ساڕێژ کردنی ئەو ناسۆرە ئازادی کوردستان و کوردانە. بـە داخەوە زۆر لـە شاعیران و نوسەران و ئازادیخوازان و قارەمانی گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان لەو ڕێبازەدا ڕوحی پاکیان پێشکێشی بارەگای مەزنی گەل کردو ئاواتەکەیـان بـۆ گەل بـەجێ هـێشت و لەو دنیاش چاوەڕوانن سەر ئەنجام گەل بە ئاوات بگا و ڕێگا و ڕێبازیـان وەن نـەبـێ و لە بیر نەچێتەوە. لـێـرەدا ئـەوە ڕاستە کە فەرمـویـە: هەرچی خۆشم ویستوە جێم هێشتوە. بەدڵنیایەو خۆشەویستترین شت بەلای ئەو نشتمان وئازادی بوو کە مخابن بە نەسیبی نەبوو.
دەتـوانم بڵێم کە من ئەو شاعیرانەی ئاوا بە زمـانێکی سادە و ساكار، بە تام چێژێکی تەواو کوردانە، بە ناسیاوێکی زانستیانە لەو کوردستانە و شارەزایی لەسەر خوو خدەی گەلەکە و تـەنـانەت ناوی ئەو گوڵانەی کە کوردستانیان دەڕازندەوە شتی ئاوا بەتام و چێژو بە پێزیان کوتبێ .بڕوانە چەند جوان لە شێعری (ئەختەر) دا بە غیرەت و دەست تفەنگی ئەو کچە قارەمانە کوردە هـەڵـدەڵـێ، چۆن نیشانی دەدا کە کچی کورد هـیچی لە پـیاو کەمـتـر نـیـە. لە خەبات و تێکۆشاندا واز لە خۆ جوانکردن دێنێ و بە چەکی پێشمەرگایەتی خۆی دەڕازێنێتەوە.هێمنیش دەڵێێ :
توڕت هەڵدا کلدان و کل
فیشە کدانت کردۆتە مل
هـێمن شێت و وەیـلانی کوردستان ، سەواداسەری ئازادی نــیشتمــان کە سەردەمی خۆی سەری بۆ کەس نەوی نەکردوە دەڵێ:
منی زنجیر پسێن لێرە ئەسیری بسکی جوانێکم
زەمانە گەرچی ئاڵۆزو پەشێوە، کەڵ بەمو بەندە
مەبەستی ئەوە سەردەمەیە زەبروزەنگی شای گۆڕ کراو وڵاتی بەتەواوی تەنیبو، بەتایبەت گرتنو ئێعدام وبێی سەرو شوێن کردنی کوردان ببو بە کاری ڕۆژانەی شاو داردەستەکانی. سەرە ڕای ئەو زەبرو زەنگە کورد لەسەر ڕێبازی بەردەوام بوەو کۆڵی نەداوە . مام هێمن دەفەرموێ:
حەیفە دەستێ کە بلەرزێو بە تەزیوی دیسان
دوژمنی ملهوڕی زۆرداری دەلەزاند، بشکێ
باوەڕم وایە ئەو هەڵبەستانە لەو حاڵەدا کە شۆڕش بەردەوامە و پێشمەرگە هەروا لە سەنگەری شەڕەفدا قورسوقایم ڕاوەستاوە، ئەو شێعرانە بکڕێنە وانەی دەرسی و بە ڕۆڵەکانی کورد بکوترێنەوە .شۆڕشی ئــێمە زۆری خایـانـدوە داگـیـرکەری بەشە کوردستانەکەی ئێمە، فێلبازترین دوژمنی کوردانە، لە گشت شتێکی دور لە مـرۆڤایـەتی بـە دژی ئـەو گەلە کەڵک وەردەگرێی ، پـێـشـەنگ و فـەرماندەی گشت جینایەتکارانی بەشەکانی تریشە، بۆیە دەبێ ئەوانەی بەهەر هۆیەک دەبنە گوێ لەمستی ئاخوندەکان، لە خەوی غەفڵەت ڕاپەڕن و بزانن دوژمنی کورد هەر ناوێک لەخۆی بنێی هەر دوژمـنی کوردانـە. نـە بـیـری ڕاست و نـە هـەوڵی چەپی چەپ بوو نەیان توانیوە کورد بەڵاڕێدا بەرنو وازی پێی لەداوا ڕەواکەی بێنن.
من لەو باوەڕەدام ڕاست و چەپ دەبێێ هـەبـن و هـاوکارو یـارمەتیدەری یەک بن. چونکە ئەگەر ژیـرانـە سەیـری دوو دەستی خۆتان بکەن، بەبێێ یەک ناتەواون. بەیەکەوەش تەواو کەری یەکترن. نابێی دوژمنی یەکتر بن بەڵکو دەبێ دۆست و هاوڕا بن، ئەگینا ئەگەر بە دژی یەکتر عەمەل بکەن زیانی گەورە لەخۆیان دەدەن و ژانەسەر بۆ خۆیان و بۆ گەل دروست دەکەن و بە ئامانجیش ناگەن.
براتان مەلا برایمی مەجید پور ٢٨ پوشپەڕی ٢٧٢٥ کوردی
١٩ / ٧ / ٢٠٢٥ زایینی