Hoppa till innehåll
Hem » براوە و دۆڕاو لە شەڕی غەززەدا، ئەحمەد ئەسکەندەری

براوە و دۆڕاو لە شەڕی غەززەدا، ئەحمەد ئەسکەندەری

ئیسرائیل بە درێژایی دوو ساڵ دوای تاوانە گەورەکەی حەماس لە حەوتی ئئوکتوبری ٢٠٢٣دا, کارێکی وەهای کرد کە هیچ توێژەر و لێکۆلەرێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیدەتوانی پێشبینی بکات.
بەشی هەرەزۆری غەززە کاول کراوە، بەگوتەی ئیسرائیل سەرجەم زیاتر لە دوو هەزار ئیسرائیلی کوژراون و بەپێی ئاماری حەماس زیاد لە ٦٧ هەزار فەلەستینی کە بەشی هەرەزۆریان ژن و منداڵن. بە هەزارانیش هێشتا لەژێر خانووی ڕووخاودا نێژراون.

کۆماری سێدارەی ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی یەک لە دوای یەک لاواز بوون و مەترسییان لەسەر ئیسرائیل یان هەر نەما، یان زۆر کەم بووە. سووریەی بەشار ئەسەد بوو بە بەشێک لە مێژوو. ئێران گورزی زۆر قورسی لێ کەوت. لە تاران، سوڵتان ڕووت و قووت ماوەتەوە.

ئەی ناتانیاهوو؟ ئەو کەسەی پێی وابوو هەموو نەیارانی ئیسرائیل لەناو دەبات و دەسەڵاتی وڵاتەکەی لە ناوچەکە دادەسەپێنێت، هەم دۆخی خۆی وەکوو سەرۆکوەزیر، هەم ناوبانگی ولاتەکەی و پێگەی کەمایەتییە جووەکانی دەرەوەی ئیسرائیلی خستووەتە مەترسییەوە. قەت لە مێژوودا ئەوەندە دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەن بیروڕای گشتی جیهان و تەنانەت بەشێکی زۆری ڕووناکبیران، نووسەران، سیاسەتمەدارانی پێشوو و چالاکانی جوولەکەوە – لە ناوەوە و لە دەرەوەی ئیسرائیل – لەژێر گوشاردا نەبووە. ئیسرائیل زیاتر لە هەموو کاتێک لە باری ئابووری، دیپلۆماتیک و فەرهەنگییەوە تووشی کێشە بووە.
تورکیای ئەردۆغان کە بە ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سووریا دەستی باڵای پەیدا کرد، نەیتوانی ڕژیمێکی تازە بە ئارەزووی خۆی لەوێ دابنێت کە هەم نەیاری ئیسرائیل بێت و هەم دژە کورد. دەسەڵاتی ڕۆژاڤایش لەسەر جێگای خۆیەتی و پێگەیەکی قایمی کوردە.
ترامپ کە ماوەیەکی زۆر بە ئارەزووی ناتانیاهوو جووڵایەوە، ناچار و بەتایبەت دوای مووشەکبارانی بنکەی حەماس لە قەتەر، گوشاری خستە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و ناچاری کرد مل بدات بە پڕۆژە ٢٠ خاڵییەکەی.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا لەژێر کاریگەری ئەو دەیان میلیارد دۆلارەی وڵاتانی کەنداو ئامادەن لە ئەمریکا یان لە بەرژەوەندئ ئەمریکا و خودی ترامپ بیخەنە گەڕ، هاوکارییەکی نزیکی لەگەڵ قەتەر، ئیمارات، میسر و عەرەبستان کرد و لەولایشەوە گوشاری خستە سەر ئەردۆغان کە لە سووریا گوێڕایەڵ بێت، دژەمووشەکی S400 لە ڕووسیا نەکڕێ و جارێ ڕازی بێت بە فڕۆکەی جەنگی F16ی ئەمریکا.
لە بەرامبەردا بەتایبەت قەتەر و تورکیا گوشاری زۆریان هێنا بۆ سەر حەماس و وایان کرد مل بدات بەو ڕێکەوتنە.
ئەوە یەکەمجارە سەرۆکێکی ئەمریکا بەو چەشنە گوشار دەخاتە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ.
یەکێتی ئورووپا، چین و ڕووسیایش پشتگیری لەو ئاگربەس و پڕۆسەیە دەکەن. کۆماری ئیسلامی ئێران، کە شەڕی دوازدە ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل‌دا بە ”سەرکەوتن” بۆ خۆی ئەژمار کرد لە کاتێکدا گەورەترین سووکایەتی و شکستی بەچاوی خۆی بینی، ئێستایش چاودەپۆشێ لەو هەموو ماڵوێرانی و کاولکارییەی ئیسرائیل لە ئاکامی شاڵاوی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا بەسەر غەززەی هێنا و ئەم ئاگربەسە بە ”سەرکەوتن” ناو دەبات!
ناتانیاهوو لە ژێر گوشاری ترامپدا، ترامپ لەژێر گوشاری مەترسی لەکیسچوونی میلیاردها دۆلار و شڵەژانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وڵاتانی عەرەبی کەنداو لەژێر گوشاری بیروڕای گشتی وڵاتەکانیان و مەترسی شەپۆلەکانی تۆفانی ناڕەزایەتی و ئاکامە چاوەڕواننەکراوەکاندا، تورکیا لە ترسی ئەوەی ترامپ پشتی تێ بکات و (بە پشتیوانی ئیسرائیل) ڕووخانی بەشار ئەسەدی لێ بکات بە ژەهری مار، چین نیگەران لەوەی لێکترازانی دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی خراپی لەسەر بەرژەوەندییەکان و قووڵایی ستڕاتێژیکی وڵاتەکەی هەبێت، ڕووسیایش کە بە هۆی ترامپەوە هانایەکی تێ هاتووە نایهەوێت ئیسرائیل تووشی کێشە بێت و نێوانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداویش خۆشە، . . .
هەموو ئەمانە وایان کرد کێبڕکێیەک دروست ببێت بۆ ئەوەی کامیان زووتر پیرۆزبایی ئەم ئاگربەستە بکەن!
گومانی تێدا نییە کە ترامپ کارێکی کرد بە هیچکەسی‌تر نەدەکرا. ناتانیاهوو هێشتایش داهاتوویەکی لێڵ و نادیاری هەیە، ئیسرائیل حەماسی بۆ لەناو نەبرا و هێشتا دۆخەکە زۆر هەستیارە و پاش گەڕانەوەی بارمەتە و ئەسیرەکان کێشە گەورەکانی ناوخۆی سەرهەڵ دەدەنەوە. حەماس سەرەڕای لەناوچوونی بەشی هەرەزۆری ڕێبەرەکانی و ئەو کارەساتە گەورەیەی لە ئاکامی کردەوەی ئەواندا بەسەر خەڵکی فەلەستیندا هات، لەبنەوە هەر خەریکی خۆڕزگارکردنە لە ژێر ئەو هەرەسە گەورەیەدا. ئەردۆغان لە واشنگتن بزەی دێت، لە شام وڕەی دێت، لە ئیستانبوول دەنەڕێنێت و مەبەستییەتی هەموو کاسەوگۆزەکان بەسەر کورددا بشکێنێت! خەڵکی غەززەیش نە چاری حەماسیان دەوێت، نە دەسەڵاتی ئیسرائیل و دەڵێن لە کۆڵمان بنەوە.
ئەم گەڵاڵەیەی ترامپ لەوانەیە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بەرەو پێکهێنانی زەمینەی لەبار بۆ بەدیهاتنی پڕۆژەی دوو دەوڵەت – ئیسرائیل و فەلەستین – کە بتوانن هەبوونی یەکتر بپەرژێنن، داگیرکاری و ڕق و کینە بگۆڕنەوە بە ئاشتی و پێکەوەهەڵکردن و ڕێگا خۆش بکەن بۆ پەرەئەستاندنی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگری بکەن لە بیروباوەڕە توندڕەوە تێکدەر و دژەمرۆڤەکان.
ئێران و قەتەر و کەسانی تر سەدان ملیۆنیان سەرف کرد بۆ بەهێزکردنی حەماس و ئێستایش پاش دوو ساڵ کاولکاری ئەرتەشی ئیسرائیل، مەزەندە دەکرێت وڵاتانی کەنداو و ئەوانی تر نزیکەی ٩٠ میلیارد دۆلار دابنێن بۆ سازکردنەوەی خانوەکان و ئاوەدان کردنەوەی ئەوەی کە دەکرا پێش بە ڕووخاندنی بگیرێت! با بیهێنێنە پێش چاو ئەگەر ئەو میلیارد دۆلارانە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئاوەدانی و پێکەوە هەڵکردن و دابینکردنی ژیانێکی شیاوی مرۆڤ بوایە، ئایا ڕەوتی شەپۆلی پەنابەران پێچەوەانە نەدەبووەوە؟
با هیوا بخوازین لایەنی کورد – حیزب و ڕێکخراو و سیاسەتمەدارەکانی هەر چوار پارچەکە – لەم ناوچە فرە ئاڵۆز، فرەکێشە، فرە دەسەڵات و فرە دیکتاتۆرییەدا، بتوانن هەست بەو هەموو پشێوی و تێکهاڵاو بوونەی دۆخەکە بکەن و بەبێ قوربانی کردن ئەم یان ئەو پارچە، ئەم یان ئەو حیزبی نەیار، سیاسەتی خۆیان ببەنە پێش و هاوکاتیش ئاسۆی هاوکاری و پشتیوانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بۆ لایەنەکانی دیکەی کوردستان بەدی بکەن.
سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر