١ ــ فرە وەرتیش ٦٧٥ ــ ٦٥٣ پێش زاین دووهەمین پاشای ماد کوری دیاکۆ.

فرە = زۆر
وەر = خۆر
تێش = ناو ئاخن [ لە دوو توێیدا]
مەولەوی تاوگۆزی مانای وشەی” تێش” وەک؛ ناو، ناوئاخن لێکدەداتەوە.
تۆ تۆتۆی دەروون بگێڵە تێــــشدا
ئەرتۆ تۆیێت دی غەیر جە تۆ تێشدا
توو خودا وێت ئاسا باوەرەش وەبەر
وە مەودای ئەڵماس پارە پارەش کەر
لە پەنای یەکتر دانانی ئەم سێ وشە دەبێتە ناوی پاشای ماد ” فرە وەرتێش” کە سێ تایبەتمەندی بۆ ناساندنی کەسایەتیەکە ئاشکرادەکات .
فرە + وەر + تێش = بە ئاخاوتنی هۆرامی وەک زمانێکی کۆنی کورد واتە ئەو کەسە تیشک یا ڕووناکی زۆری خۆری لە خۆ گرتوە.
بە واتەیەکی تر ئەو کەسەی هەڵگری شکۆ وفەڕی فراوانی ئیزەد یا خوالەی خۆرە. فارس وتەنی خاوەنی ( فەڕە ئیزەدی) یە.
ئاکام ؛ سەرپاکی ناوی ئەم پاشایە ناوەرۆکی حاشا هەڵنەگری زمانی کوردی ڕەسەن ئاشکرا دەکات.
بەڵگەیەکی تری پێداگری ناوەرۆکی ئەم نووسینە هەڵکەوتی گؤڕ دەخمەی فەقرەقا لە شاری ماهاباد وەک گۆڕی پاشایێکی ماد شیاوی ئاماژەیە. وێنەی خوارەوە.
٢ ـ ئەشک ـ ی یەکەم ٢٤٧ ــ ٢١١بەر لە زاین یەکەم پاشای ئەشکانیەکان.
ئەشک بە هۆرامی بەر لە ئێستا بە واتەی عەشق و ئەویندار هاتوە. ئەردەوانی چاورەم دوا پاشای ئەم دەسەڵاتە بوە. هەم دامەزرێنەر و هەم دوایین فەرمانداری ئەم دەسەڵاتە هەڵگری نازناوی کوردی بوون.
ئەرد= خاک، ئەردەوان = پارێزەری خاک یا نیشتمان.
سەیدی هۆرامی لە وەسفی ناوەرۆکی ئەشک دا فەرموویەتی؛
ئەز ئاشک بێنێ، گێرێم یاوو ئەشکێ
نەبێ حاڵم وەرو ئەشکێ عەزیمێ
ئەشک لێرەدا واتای عێشق و خۆشەویستی هەیە. زۆربەی پاشاکانی ئەشکانی پێشناوی ئەشکــ یان هەبوە. هەڵبەت لە هۆرامان جەندین ئاسەوار وەک ناوی گوند و هەوارگە هی دەورانی ئەشکانی و دەسەڵاتی هاوبەشیان لە گەڵ یۆنانیەکان بە جێ ماوە. وەک هەوارگەی گوندی ڕووار” ژوونێ” خواژنی یۆنانیەکان. سڵین و بیباس یا سڵێن و بڵبەر، دووکەسایەتی مەزنی یۆنان. و ملەی ئارێز لە ڕێگای سنەکامیاران کە واتای خوای شەڕ دەدات…
ئەمە بۆمان ڕوون دەکاتەوە ناوی پاشای یەکەمی ئەشکانی ناوێکی تەواو کوردیە کە بۆ ئەوینداری وڵات گۆ کراوە.
هەروەها دوایین دەسەڵاتدارەکەیان ( ئەردەوان( پارێزەری خاک یا ئەرزی وەڵات ) ناس ناوی بوە. ئەمەش دیسان بەڵگەیەکیترە لە کورد بوونی ئەم پاشایانە بە گوێرەی ناوەرۆک و مانای ناوەکانیان.
پەیکەری پاشایەکی ئەشکانی کە پانتۆڵ و کڵاوو(پۆشاکەکەی ) جیاوازیەکی ئەوتۆی لە گەڵ جلوبەرگی ئێستای ئێمە نیە..
٣ـ ئەردە شیر(اردشیر) ؛ دامەزرێنەری دەسەڵاتی ساسانی٢٢٤ ــ ٢٤٢ی زاینی
ئەرد بە ئاخاوتنی کوردی واتە؛ زەمین ، زێد. وەتەن ، خاک.
ئەردەشێر؛ ئەرد + شێر واتە هێزی دەسەڵاتداری ئاوو خاک، وڵات ، نیشتمان. شێر بە هێمای هێز وقودرەت ناسراوە.
هەر لەم پێوەندیەدا ؛
ئەردەوان واتە ؛ ئەو کەسە وڵات یا خاکی خاوەندارەتی کردوە. وەک ئاشەوان، باخەوان، پاڵەوان . لێرەدا : وڵات پارێز. نیشتمان پەروەر. کەسێک خاوەندارەتی وڵات دەکات ما نادەدا. دەقی ئەم ناوگەلە بێ ئەملاو ئەولا لە وێژەی کوردیدا پارێزراون.
٤ــ خۆسرەو= خاسڕەو = خۆشڕەو
ئەنەوشەڕوان = ئەنەوشێرەوان ساسانی ٥٠١ ــ٥٧٩ زاینی.
ئەنەو= نەوە
ئەنەو شەڕوان = نەوەی شەڕوان = شێرەوان
خۆشڕەو ، خاسڕەو ئەنەو شێروان (شێرەوان یا شەڕوان )؛ خۆشڕەو نەوەی شێروان.
خاسڕەو نەوەی شەڕوان = کوڕی ئەو کەسەی خۆو خدەی ئازایەتی شێری هەڵگرتوە یا ئەوە شەڕکەرێکی ئازا بوە [شێرەوان، شەڕوان، پاڵەوان.]
جێ گۆڕکی پیتی س و پیتی ش. خۆشرەو= وەش ڕەو، خۆش ڕوو، خۆش رەوشت، خۆش ڕەفتار. خاسڕەو ؛ ئەوە کە ڕێچکەی راست هەڵ دەبژێرێت.
خۆشرەو (ئەنەو= نەوەی) شێروان، شەڕوان؛ پارێزەری دەسەڵات = لە نەسڵی پارێزەری دەسەڵات، شەڕکەری ئازا. لە کۆی گشتیدا ئەو دەرەتانە هەیە تا لە کورد بوونی ئەم دەسەڵاتەش دا دوو دڵ نەبین. دیارە لەو سەردەمانە دا وەک ئێستا مەسەلەی دەوڵەت میلەت و خۆ هەڵکێشانی ڕەگەزی وەک ئێمڕۆی نەتەوەی فارس باو نەبوە.
سدێق بابایی