Hoppa till innehåll
Hem » یادێک لە شەهیدی زیندوی حیزب و گەل کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی!، حەسەن غەمبار

یادێک لە شەهیدی زیندوی حیزب و گەل کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی!، حەسەن غەمبار

لە مێژ بوو حەولم دەدا بۆئەوەی بتوانم مەبەستێکم بپێکم و کورتەئاوڕێک لە شەهیدی زیندووی حیزب و گەل بدەمەوە و بۆ چۆنیەتیەکەی دەبێ ئیزنی لێ بخوازم. لەو وەزع و سەغڵەتییەی بەسەری داسەپاوە بۆ چەند کاتژمێر، موزاحیمی بم.

زۆرم خۆ هێنا و برد تا توانیم پەنا بۆ یەکێ لە هاوڕێ خۆشەویستەکانم بەرم و ئاسانکاری و ڕێخۆشکەریان بۆ کردم، کە سپاس و پێزانینم هەیە. مەبەستم بوو بە وەڵامدانەوەی کۆمەڵێ پرسیار، توانیبم درزێ لە ژوورە داخراوەکان بکەم.

بەخۆشیەوە مامۆستا قەبوڵی کرد و بە زەحمەت و ماندوویی خوشکی گەورەم کلسوم خانم، هاوژیان، هاوڕێ و یاری غاری تا سەری ئەو گەورە پیاوە، کە جێگەی ڕێز و شانازی هەموومانە، توانیم وڵامەکە وەربگرمەوە.

دەستخۆشی پێ‌دەڵێم بۆ زەبت‌کردنی وەڵامەکان کە دوایی بۆی ناردم. وتووێژەکەم وێڕای پێشەکیەک، کە بە وێنەیەک ڕازاندوومەتەوە، لە چوار بەش‌ دا بێ‌ئەوەی یەک کەلیمە بگۆڕم یان سانسۆڕی بکەم، دامڕشتۆتەوە.

هیوادارم کە بەو پرسیار و وەڵامانە، خوێنەر

لێی ڕازی بن.

شەقازی برا گەورە، یەکێ لە فەرماندە دەست پەروەردەکانی کاک مەلاحەسەن زۆر بەتامەزرۆە حەولی دەدا، ،بۆ یادکردنەوەی مامۆستای قوتابخانەی ئەلف و بێ کوردایەتی.

یادێک لە شەهیدی زیندوی حیزب و گەل!

پێشەکی!

ئەمجارە

دەمهەوێت لە، کانیاوی خۆشەویستی بۆ نیشتمانەوە، بەپەناوپەسیو و کەرتە شاخ و دەرو دۆڵی کوڵا گورگی، بە ڕێگەی قوڵە خوارێ و جیجە، لابەلا ببمەوەخۆم بگەینەمە گوندی شیوەسەڵ و بە بن گۆێ سێبانەکانی حوجرێ فەقێان دا بچمە خزمەت بنەماڵەی فەقی وەتمان و دایکە سەیزادە زێرین، لەگەڵ جگەر گۆشەی ئەو جوتە زاتە پاکە کە بۆتە!

ڕەمزی خەباتی پێشمەرگانە،وا شان لەشانی 78ساڵی دەدا ، وەک مەشخەڵی ڕێبازی کوردایەتی هەروا دەسوتێ.

کورتە ئاوڕێک دەدەینەوە.

لە نێو گرمەو هەورە تریشقەدا تێپەرم و بچمە خزمت مامۆستایەک، کەخوێنی هەژار و چەوساوان لەنێو دەمارەکانیدا دەگەڕێ.

زۆرم حەولدا تا توانیم تەما بڕاو نەبم و لە ڕووباری ئەستێرەکان بپەڕمەوە.

ئەمڕۆ فەرماندە لە لێواری دەروی ناخی سەختیەکان شی و و هەلاجیان دەکات. دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵات، بوخچەی دڵی لای چیاکانی نیشتمان دەکاتەوە،کە لەنێو سەختترین سەردەمەکانی خەبات دا چۆکی بە دوژمن دا دا.

پێشمەرگەیەک کە بەخوێنی جەستەی گۆڕەپانی خەباتی ڕەنگینتر کرد.

شەهیدی زیندوی نیشتمانمان، هەناسەی هەڵقرچاوی دایکی شەهیدە! مەرهەم و هەتوانی برین و دەردی هەژارانە، سڕینی فرمێسکی چاوی ناز لێشێواوان و دەستگری باوکی پشت شکاو و دایکی جەرگ سووتاوی خەباتە، دەست و مەچەکی نەعرەتەی شێرانەی کوڕانی دێموکڕاتە.

گڕی مەشخەڵی ئاگری ڕێگەی تێکۆشانە!

ئەو مرۆڤە بلیمەتە، لە داوێنی قەندیلەوە دەیڕوانیە بست بە بستی خاکی کوردستان و خەونی پیرۆز و گەورە ، ئازادی و سەربەستی خاک و وڵاتەکەی بوو.

لە و سەر بۆ ئەو سەری کوردستان لە ئارێزە تادەگاتە ئاژوان و هەورامانا و ناوەندی کوردستان، جێ پەنجەی پێشمەرگانەی دیارە و دەیان یادەوری لێ جێ هێشتووە.

مەبەستمە بچمە نێو بنچ و بناوانی ڕووداوەکان و ، ئاوڕ بدەمەوە لە سوڵتانی خەباتی پارتیزانی و شارەزا و ئاشنا بە ڕووناکی. کە باسی کاک حەسەن شیوەسەڵی دەکەم بەرزایی و هەیبەتی گیاڕەنگ ، هۆمل ، بوڵفەت و زەرتکەم دێتە بەرچاو ، ناخی پڕە لە خاکەڕای و، هەڵقوڵاوی خەم و ئازاری خاکە ،خاراوی کڵۆشەی جەور و ستەمی سەر خەڵکە، لەژێر سێبەری ژینگەی سیاسی حیزبەکەی دا ، بۆتە پاڵەوانی وڵاتێکی بێ ناز و نیعمەت و بەڵا لێدراو، بۆتە کارەکتەرێکی شارەزا و ڕاوی بەمەرگ دەکرد،دەیان جار چۆتە لێواری دوا ماڵئاوای.

بۆ ئەمە مەبەستە دەبێ لەو دیو میلەکانی زیندانەوە ، دوای ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازاری ساواک و ڕوکنی ٢, ژیانی سیاسی و ئاوارەیی و دوایی، زیاتڕ لە 5 ساڵ زیندانی کران پەڕیوەی هەندەرانەوە،بڕوانم،کە خۆدەگەیەنێتە دیوی گەرمێن و باوەش بەهاوڕێ و هاوسەنگەران: مەلا ئاوارە، ساڵح لاجانی، موعینیەکان، مەلاقادری وێردی، قادر شەریف ودەیان قارەمانی خاراوی کورەی خەباتی پێشمەرگانە دا دەکاتەوە.

له تێکڕای قوناغەکانی تێکۆشانی دا مرۆڤێکی بەهەیبەت و بەهێز، بیرمەندو بەڕاو وبە تەدبیر بووە، لەلایان ڕێبەریی حیزب پرس و ڕایی پێ کراوە، خۆشەویست و باوەڕ پێکراوی شەهید ئەحمەد تۆفیق، ڕێبەرانی شەهید دکتور قاسملوو، دکتور سەعید و تێکڕای سەرکردەکانی حیزبی دێموکڕات بووە، هەرچەند زیاترلە 11دەورە، یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب بووە.

بەدوای تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دا خەباتی شۆڕشگێڕانەی حیزب گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و ئەساسی بە خۆیەوە دەبینێ و لە سەر دەستی ڕۆڵە دەرەوەستەکانی حیزب دەست دەکرێتەوە بە شۆڕش و خەباتی مەیدانی.

پێشمەرگەیەکی کارامە و شۆڕشگێڕێکی بەهەڵویست بێ پرینگانەوە، هەڵگری ئاڵای ڕێگا و ڕێبازی کوردایەتی، ژیان و گیانی بۆ تەرخان کرد، بە قوڵبوونەوەیەکی سەرسەختانە چۆتە ناخی خەبات و بەرخۆدانەوە. پێ بە پێی ڕەوتی زەمانە خۆرهەڵات و خۆرئاوای بڕیوە، بوو بە سەرمەشق و تێکۆشەرێکی ناوداری گەلەکەمان، لە شەڕگەکان داببوو بە خەم خۆر و هیوایەکی گەورە لە کات و ساتی بێ هیوایی دا ، دەر و دۆڵەکانی کردە ژوانگەی خەباتی پێشمەرگانە بۆ گەیشتن بە گڕاوی ئازادی.

ڕۆژانە وەک خۆر لە نێو خەڵک دەدرەوشایەوە و شەوانەش لە تاریکە سەڵات دا لەنێو باوەشی سروشت، لە چیاو دەر و دۆڵ و ڕەوەزە شاخ و تەرت لۆپان،لە بەردەڵان و دەشت وتەلان پشووی دەدا.

مرۆڤێکی خاکی و خەڵکی وەک بلبلەی چاوەکانی خاک و خەڵکی خۆشدەویست و دەی پاراستن.

لە نهێنی کاری، دیسپلین، کات ناسی، شێوازی تاکتیک و هونەری ڕاپەڕاندنی کارو باری پارتیزانی و تەرح و بەرنامە و گەڵاڵە و وردەکاری و شوێنە ونکەدا بێ وێنە بوو. بۆ زامی جەستەی پێشمەرگەکان دەبوو بە مەرهەم و ورەی دەدا و کاتێکیش پێشمەرگەیەک شەهید دەبوو ، بە دڵی پڕ لە داخ و چاوی فرمێسکاوییەوە بە خاکی دەسپارد و بەڵێنی درێژەدانی خەباتی نوێ دەکردەوە.

مامۆستا بۆ بردنە سەری زانیاری و فێربوون و فێرکاری کاتی بەفیڕۆ نەدەدا . لە دەربڕین وگفتگۆ دا، پشووی لە سەر خۆ و مەند و ئارام بوو ،لە ڕاوێژکردن و زانیاری لە زۆربەی بوارەکان نەدەوستا، سەرەڕای ئەوەی کە شاعیر نەبوو،

شێعری بەشێک لە شاعیرانی گەورەی کورد و فارسی لە بەر بوو و لە ئەدەبیات دا، شارەزایی هەبوو. لەقسە خۆشی و نستەق، کۆڕی پێشمەرگانە و دۆستانە ڕوویان لەو بوو.

لە گەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ،هەر لە پرفیسۆر و دکتور تا دەگەیشتە کەسێکی نائاسایی و دەلوو دۆست و هاوڕێ بوو.

ناوچەی سەردەشت بۆتە مەکۆی قارەمانانی دێموکڕات، بۆتە لانەی شێران!

ئەمڕۆ لە خەیاڵەوە بە نووکی پێنوسەکەم، خۆم گەیاندەکانی نسێ، سووراو، سێوسکێ، دۆڵی ئاشەدینە، سەری گۆمێ، لانک و گیاڕەنگ .

دەڕوانمە جێژوانی کوڕەکان لە بەرزایی جەنگی، جەنگەڵی واوان، گەڵاڵە، تا میراوێ و گڕژاڵ ، ڕەشەگەڵو، تاژەندەری و بێڵێنی قادرە مەرەی.

تاوێک لەقەراغ چۆمی کەڵوێ ، لەنێو باغەکانی خولیسان و مامەزینە، لە جەنگەڵە چڕ و چوغرەکەی موچەی نوحبز و دۆڵی ڕەزان و ئاشان تاوڵی یادەوریەکان هەڵدەدەم.

پاشخانی هەگبەی خەباتی پێشمەرگانەم لە ژێر دەستی فەرماندەکەم، کە لێوڕێژە لە ئەزمونی خەباتی پارتیزانی لە قوتکی سپیلکی ، سەری ڕەش، کوڵاوگورگی ، سەرچاوەی شینوێ، دۆڵی پڕزەی و بابەشاڵگەی دەهۆنمەوە.

شەپۆلەکانی تێکۆشان و بەرخۆدانی مامۆستای شۆڕش و خەبات باڵ دەگرێ هەر لە دەڤەری سەردەشت ڕا تا دەگاتە ناوچەی پیرانشار و شنۆ و نەغەدە تا قتور، لەم لاشەوە ئاربەبا، هەژدە دۆڵان و کەلیخانی بانە و، دەشتی شلێر و ئاژوان مەریوان و هەورامان. لە ناوەندیش ڕەبەت و بۆکان و مەهاباد و سەقز و بۆکان لە باوەش دەگرێ و چەخماخەی شۆڕش لێدەدرێتەوە و هێز و ورە گرشەی دێ و چرایەکە و هەرگیزا و هەرگیز ناکوژێتەوە.

ناو و ناوبانگی ،هەست و پێخوستی پێ یەکانی وەک پەڵە هەوری ڕووناکی لە سەر سینگی نیشتمان ڕادەخوشێ، وەک ئاوی سەرچاوەی خاڵەباد، گڵەسپی، کانی بناو، نەوبوکان ،ترشی، کانی ئیسعاق ،کانی کەرێز و سەرچاوەی قوڵقوڵیان دەڕێژێتە ناو ناخی سروشت و زەوی و زار و باغ و باغاتی پی ئاودێر دەکرێ. .

دوێنی ژاندرمە و دلاوەر، ئەمڕۆش جاش و پاسدار و بەسیج و تیرۆریستەکانی ڕاودەنا و دەستی لە قوڕگی دەنان و تۆڵەی خوێنی بەناحەق ڕژاوی کوردانی ئازادی خوازی دەکردەوە ، قەڵەمی دەست و پێیانی دەشکاندن و دەیکردنە میوانی مردن.

له بەرزایەکانی هۆینەماڵ و بوڵفەت، مەیدانچۆغە و کەپری و بەندەنی پورەفات و کاژێ و سەرشیو وارشی قازاوا و زەردەکەمبەر، بەرزایی سمبڵە، بانگی ئازادی لێدەدرا و بەگژ داگیرکەران دا دەچوونەوە و ئاگریان لەژێر پێی خائینان و خۆفرۆشان دەکردە دۆزەخ.

فەرماندەی فەرماندەرەکان سەدان داستانی لە مەیدانی شەڕگەکان دا لەسەر دەستی خوڵقێندراوە.

شەڕی سێ مانگە، هەژدەدۆڵان، بناوێ، نێو ڕەبەت، دووبرالان گرتنەوەی جادەی بانە سەردەشت، پیرانشار سەردەشت،ڕەبەت سەردەشت، پشتی توێ، نۆکان و توژەڵ، تەفر و تونا کردنی مۆڵگەکانی ئەحمەد بریو، زێوە، پردی بریسوێ،گوێزیلێ و بگرە سەدان بۆسەو هەڵمەت و بەربەرەکانی، پێش گرتن بە هێرشی جنایەتکاران لەو سەردەمانە مێژوویان خوڵقاندوە، بە فەرماندەیی مامۆستا شیوەسەڵی کە ببوو بە چقڵی چاوی دوژمنان و هیوا و ئومێدی شۆڕشگێڕان و خەباتکاران.

لە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی دا ئەگەرچی ئازا و بە جەرگ و شارەزا بوو لە هەمان کات دا بۆ پێگەیاندی فەرماندە و کەسانی دیکەش درێغی نەدەکرد و لە سەر دەستی ئەو فەرماندە کارامەیە زۆر فەرماندە و کەسی شارەزا پێ گەیشتن.

لێرەوەش سڵاو دەنێرم بۆ تێکڕای هاوڕی و هاوسەنگەران ، یارو یاوەری تاسەری ،خوشکە کلسوم، بۆتە خوشکی خۆشەویست و ئازیزی ئازیزانی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی.

****

کورتە ئاوڕێک لەشەهیدی زیندوو فەرماندەی کارامە مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی!

ئاوڕدانەوەیەک لە ژیان و بەسەرهاتی گەورە پیاوێکی هەڵکەوتووی گەلەکەمان لەنێو گۆڵمەز و گێژاوی دەریای پڕ غەدر و زوڵم و ناحەقی دا.

کاک مەلاحەسەن:

حەسەن شیوەسەڵی لە ساڵی 1326ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی جووتیار و زەحمەتکێش لەگوندی شیوەسەڵی دم چۆمی زێی بچووک، چۆمی( کەڵوێ) لەدایک بووم.

ئەو ساڵە ساڵی داڕمان و بێ شانسی بوو بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات، ساڵی تێک چوونی کۆماره جوانەمەرگەکەی کوردستان بوو. کۆماری ١١ مانگەی کوردستان کە تیشک و ڕووناکیی هیوا و ئومێدی بەخشی بوو بە ماڵی کوردان .

نەڕێگا و بان هەبوو نە قوتابخانە، تەنیا ڕێگایەکی ماشێنی وێرانە لە سابڵاغ بۆ سەردەشت کێشرا بوو.

جادەیەکی وێرانتریش لە بانە بۆ سەردەشت هاتبوو، لەسەر پردی بریسوێ تێکەڵ بە جادەی مەهاباد سەردەشت دەبۆوە.

لەسەر ڕووباری کەڵوێ تەنیا دوو پرد هەبوون پردی بریسوێ، کە حکومەتی ئەوکاتی ئێران بە بێگار گرتنی خەڵکی ناوچە ،لە خوار پردی سەردار عەزیزخان لەسەر ڕووباری کەڵوێ ڕایەڵی کرد بوو.

پردەکەی تریش، لە خوار گوندی قەڵاتاسیان لە شوێنێکی تەنگەبەر بە هیمەتی مەولانا محەممەد سادقی ، بە ڕووی نەڵێنی فەقێ ئیسای هەبوو بە نێوی پردی قەڵاتاسیان.

برق نەبوو، ڕووناکیش تەنیا ئاوری نێو ماڵ، فتیلەی نەوتی بوو، لەهێندێک ماڵی دەست ڕۆیشتوو، چرا فانۆس یا چرا لامپا هەبوو.

لە گوندی شیوەسەڵ ،تەنیا یەک میرزای لێ بوو. ،قورئانی پیرۆز ،یەک دوو وردە کتێب و بەشێک لە کتێبی گوڵستان م لەلای خوێندوە.

دایک و بابم زۆریان پێخۆش بوو بخوێنم و درێژە بەخوێندن بدەم ،بەڵام ئیمکاناتی خوێندن لە شار و لە مەدرەسەی دەوڵەتی دەستی نەدەدا.

تا دوای یەک دوو ساڵ مەلایەک هاتە گوندکەمان بٶ دەرس گوتنەوە، لە حوجرەی فەقێیان دەستم بەخوێندنی( سەرف و نەعلەی) عەڕەبی کرد. لەکاتێک دا مەلای دەرس گوتنەوە لە گوندەکەمان نەما، بە ناچاری بە ڕۆژ ڕووم لەگوندەکانی دەور و بەر دەکرد و شەوانەش دەگەڕامەوە ماڵەوە

یەکەم مامۆستام ،میرزا عەبدوڵڕەحمان میهرەبانی بوو ، دانیشتووی گوندی هەڵوێ بوو. زۆربەی کاتەکان لای میرزا عەبدوڵڕەحمان ئەوبەشەی گوڵستان کە نەمخوێند بوو هەروەها هێندێک لە کتێبی بوستان و بەشێک لە شێعرەکانی نیزامی گەنجەویم لای ئەو خوێند.

بۆ درێژەدان بە خوێندنی فەقێیایەتی ڕووم کردە گوندی بێشاسب و بۆ ماوەیەکیش گوندی نەڵاس ودواتر گوندی نستان.

مەلا حەسەن سیسێری کە پیاوێکی زۆر نیشتمان پەرەوەر و دڵسۆز و ڕێزدار بوو لەگوندی نستان دەرسی دەگوتەوە.

لەگەڵ مەرحوم مەلا سەمیع بانەیی لەو کاتەدا قوتابی بووم و دەرسم خوێندوە لەگوندی نستان.

مامۆستا سەمیع پیاوێکی شەریف و کورد پەروەر بوو.

مەلا حەسەن سیسێری لوتفی زۆر دەنواند لە ئاستی مندا، هەموو کات چاوەدێری دەکردم،ڕێنوێنی دەکردم و هانی دەدام بە باشترین شێوە دەرسەکانم بخوێنم.

سەرەتا دوور کەوتنەوەم لە باوەشی گەرمی بنەماڵەکەم و زێدەکەم قورس وجێی نیگەرانیم بوو، دواتر هەستی غەریبایەتی و نامۆیی کەم بۆوەو نستانم پێخۆ ش بوو، بەتایبەت خەڵکی میوان وەخۆگر و خۆشەویست کە زۆر بە خوڵق و خوو بوون، لەگەڵ غەریبان و فەقێکان و مامۆستاکان خۆشەویستی زۆریان دەنواند و ڕێزیان لێ دەگرتم.

مامۆستا:

دەرس خوێنێکی باش بووم و کار و ئەرکەکانی حوجرێم بە باشی ڕادەپەڕاندن. دوو خاتوونی ڕووسوری نێو گوندی نستان کەلێن و خۆشەویستی و باوەشی دایکمیان بۆ پڕ کردبوومەوە.

لەسەرەوەی هەمووان خوشکە مریەم عەباسی، کەدەبێتە خوشکی مەڕحوم مامۆستای دانا و زانا، مامۆستا مەلا خدر عەباسی سارتکێ.

هێندەی منداڵی خۆی دڵسۆزی پێ دەدام و ئیزنی نەدەدا کاتەکانم بەفیڕۆ بدەم.

ئەو بنەماڵەیە، تووشی زیانی زۆر هاتن، کوڕێکی خوشکە مریەم لەڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات دا شەهید بوو.

کاک محەممەدی برای لەکاتی بەرەنگاری لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لاقی لەدەست دا و بۆ هەمیشە کەم ئەندام بوو.

کوڕێکی مامۆستا مەلاخدر، بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لەباشوور شەهید کرا.

بەداخی گرانەوە مامۆستا خدر عەباسی لەتەمەنی 63 دا ساڵی کۆچی دوایی کرد، کە خەسارێکی گەورە بوو لە جووڵانەوەی گەلی کورد، بەتایبەت بۆ من، کە بەڕێزیان بۆ ماوەیەکی زۆر لەلای مامۆستا دەرسم خوێندوە، تا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی پەیوندیمان هەبوو، پێش کۆچی دوایی، بە هەناسه سواری لەڕێگای تەلفونەوە ماڵئاوایی یەکجاریم لێکرد. یاد و ناویان بەرز و بەڕێز بێ ، جێگە و مکانیان بەهەشت بێ.

خەڵکی گوندەکانی سیسێر،نستان و سارتکێ لە باری کۆمەڵایەتی وفەرهەنگییەوە زۆر تێکەڵاو و پەیوەندی نزیکیان بە یەکەوە هەبوو.

ماوە ماوە کۆر و کۆبوونەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییان پێک دێنا و لە یەکتر کۆ دەبوونەوە.

بێجگە لە مامۆستاکان و فەقێکان، جار جارە کەسایەتیەکانی ناوچەش کۆ دەبوونەوە.

خۆشەویستی و هاوسۆزییان لەڕاستای یەکتر زۆر بوو.

کۆچ کردوان حاجی مەلا ڕەسوڵی ئاسنگەر، فەقێ قادر، فەقێ حەسەن خدری کوێخای، حەمەساڵح تەنەکەساز، جار جارەش، قادرئاغا و هەمزەئاغای گەنمان دەکەوتنە لای یەک، لە قسەی خۆش و نستەق و پلار بەیەکتردادان نەدەکەوتن و کۆر و کۆبوونەوەیان گەرم و خۆش دەکرد.

ئەوەی زۆر جێی سەرسوڕمان و سەرنج ڕاکێش بوو، حەمەئاغای شەمۆڵەی کە بە حەمەکوێری شەمۆڵەش بە ناوبانگ بوو. بۆ یەکەم جار و ئاخر جار لە گوندی نستان یەک دوو جار بە دیداری شاد بووم. ئەو بەتەواوی نابینا بوو، پیاوێکی دانا و زانا، هەرچەند نازانم پلەی خوێندەواری چەند بوو؟، مێشکی لێو ڕێژ بوو لە زانیاری و زانستی ئەدەبی . کەسێکی نوکتەزان و بە هزر و بیر ، شێعری شاعیرانی کورد و فارسی زۆر لەبەر بوو.

وادەردەکەوت نەسەر و نەعلەوی عەڕەبی شارەزا بوو.

بۆ یەکەمجار، یا دووهەمین جار ئەو شێعرەی حاجی قادر کۆیی کە دەڵێ:

پێم وابوو ئەو حوکەمای موو دەقەڵێشن

عەڵقاو و وجوودە چ دەهانی و چ میانی

تا دەستی نەدا خەنجەر و نەیفەرموو دەسادەی

حاجی بکوژن خێرە ئیتر مەیدەن ئەمانی

بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەسەر زمانی ئیستعاری و تەشریحی ئەو شێعرە کێشە و باس و جەدەلی لێ دروست دەبوو.

لە شیکار و ڕوونکروونەوەی هیچان ڕازی نەبوو، خولاسە خۆی شەرعێکی دوور و درێژی لەسەر کرد و کۆتایی پێ هێنا.

غەزەلێکی پەروین ئیعتسامی کە دەڵێت:

روزی گذشت پادشاهی در گذرگهی،

فریاد شقۥ هر کول بام خاست.

خوا لێخۆشبوو حەمەئاغا پێداگری کرد کە ئەو شێعرە بە تەواوی ڕەوان بکا و هەمووی لەبەر بکەم،کە تا ئێستا وەک خۆی لە بیرمە.

*

ساواک، دەزگای ئیخباراتی ئێران زۆر زوو ئەو کۆڕە خۆشانەی تێکدان. لە تێکڕای ناوچەکانی کوردستان، دەست بەڕەش بگیری کرا.

ساڵی 1337_1338ی هەتاوی لە سەرتاسەری ناوچەکانی کوردستان،خەڵکێکی زۆر دەگیرێ ،ڕەوانەی زیندانەکانی قزڵقەڵا و قەسری قاجار و تەبعیدگاکانی ئێران کران، کە بەخۆشیەوە دوژمن نەی توانی هەستی کوردایەتی و نیشتمان پەروەری لەزەین و هۆشی خەڵکی کوردستان دا ڕیشە کێش بکا.

هەر ئەوساڵەی لەناوچەی گەورکایەتی 19 مەلا، وەک مامۆستا مەلاخدر عەباسی، مەلاسەید تاهیری سوێروێ و شێخ محەممەدی باڵان، لە بەری سەردەشت: خوا لێخۆشبوو حاجی حەمەدەمین حەسەن پور ، کوڕەکانی حاجی سەعید، فەقێ ڕۆستەمی بێوران و میرزا خدری کوڕی و ژمارەیەکی تر لە تێکۆشەرانی نێوشاری سەردەشت، هەروەها هەموو ناوچەکانی کوردستان دەست بەسەرکران. مەلا ئاوارە و ژماریەک لەنیشتمانپەروەران ئاوارەی هەندەران بوون.

ئەوکاتەی ئەو تاقمە فەقێ یەی کە هەموومان بووینە کادری حیزبی دێموکڕات مێر منداڵ بووین ،کەس حیسابی بۆ نەدەکردین.

بەڵام لە هەمان کات دا زوڵم و زۆری و بگرە و بەردە و ڕاونانیان لە لایەن ساواکی حکومەتی شاوە ،ئەوانی زیاتر گەیاندە یەکگرتوویی ، هەستی نەتەوەیی ئێمەی بەهێزتر کرد. دواتر بۆ خوێندنی فەقێ یایەتی چوومە ناوچەی مەنگوڕایەتی، لاجان و شنۆ و لەگەڵ زۆربەی خەڵکی تێکۆشەر ئاشنا بووم.

دواتریش ڕووم کرده کوردستانی عێراق و ماوەیەک لەشاری قەڵادزێ و چەند مانگ لە سلێمانی گیرسامەوە، لە دوایدا، لە گەناو و گەڵاڵە درێژەم بە خوێندنی فەقێ یایەتی دا.

لەو ماوەیەدا لەگەڵ زۆر کەسی نیشتمانپەروەر ئاشنا بووم و دەرس و پەندو عیبرەت و ئامۆژگاری بەنرخم لێ وەرگرتن و لێیان فێر بووم.

فەقێ یایەتیەکەم 15بۆ 16 ساڵ درێژەی کێشا.

چوار بۆ پێنج ساڵی کۆتایەکەی بەشێکی بەرچاو لە فەقێیەکان ببوونە ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران.

باری خوێندن خۆی لە لاوازی دەدا، دەرس خوێندن و مانەوە لەحوجرەی فەقێیان بڕو بەهانە بوو، خوێندنەکە ڕواڵەتی بوو ، ئەگینا هەڵسوڕان و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی حیزبی لە نێو ئۆرگانە جۆرا و جۆرەکانی حیزبیدا بوو.

.

لە کۆتایی ساڵی 1342 و سەرەتای 1343 ی هەتاوی، ئارەزووی بوونە پێشمەرگایەتیم کەوتە بیر و زەینم. لە ناوچەی ئاغجەلەر لە باشووری کوردستان، کە ئەوکات مەلازم تارق فەرماندەی هێزی ئەو ناوچەیە بوو، بووم بە پێشمەرگە لە شیوەسورێ ناوچەی تەق تەق.

لەیەکێک له شەڕەکان بەشداری ئازایانەم نەکرد و تەنیا چوار فیشەکم تەقاندن، لەگەڵ بریندارێک بەناوی عێزەدینی ،تورکی سونی، پاشەکشەم لە مەیدانی شەڕ کرد.

زۆرم پێ سەیر بوو بەوحاڵەشەوە لەلایەن مەلازم تارق خەڵات کرام و تفەنگێکی پەڕشوتی وەک خەڵات پێ بەخشیم.

دوای ماوەیەک لەژێر ناوی مەرەخەسی بۆ ڕۆژهەڵات گەڕامەوە و ئیتر نەگەڕامەوە بۆ شوێنی کار و چالاکیی پێشمەرگایەتیم لە باشوور.

لە ناوچەی سەردەشت ،کە مەلا ئاوارە گەڕابۆوە نێوخۆی وڵات خەریکی تێکۆشان بوو و گەرمی و گوڕی بە خەبات دابوو.

پاش ماوەیەک ئەرکی کادری پێوەندییەکانم پێ سپێردرا، بەدوای کاک سالار ، کاک ئیسماعیل شەریف زادە و کاک حەمەدەمین سیراجی دا دەچووم و یەک یەک دوای گەڕاونەوە بۆ نێوخۆی وڵات، وەک چاو ساغیان لەگەڵ شەهید مەلا ئاوارە بەیەکتریانم گەیاندنەوە.

چیرۆکەکان دوور و درێژن و لە جێگەی تر باسم کردون نامەوێ جارێکی تر بپڕژێمەوە سەریان.

بەخۆشیەوە کاک سالار حەیدەری لەژیان دا ماوە و لە وڵاتی سوئێد نشتەجێ یه، ئەو بەڕێزە دەتوانێ تائید یا ڕەدیان بکاتەوە، کە لەبەشێک لە ڕووداوەکان ئاگادارە.

*

دواتر شەهید کاک سمایل و کاک عەبدوڵای موعینی و مەلا مەحمود زەنگەنە، کاک باپیر شکاک و هاوڕێیانیان گەڕانەوە ڕۆژهەڵات کە جوڵانەوەی 46،47 دەستی پێکرد. تێکڕای ڕووداوەکانی ئەو کات لە دوو بەشدا، لە 1500دەقیقەدا تۆمار کردوە،تا ئێستا لە تایپ نەدراوە و بڵاو نەبۆتەوە،ناودێر کراوە بە( چلەکانی هەتاوی)

ئاواتەخوازم دوای ماڵئاوایش لە ژیان بێ وەک کتێب لەچاپ بدرێ و بڵاو بکرێتەوە کە بەشێکی زۆری ڕووداوەکانی ئەو کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس کراوە.

بەشێک لە لێکدانەوە و بۆچوونەکانی ئەوڕۆ لە سەر ئەوکات ڕوون دەکەنەوە.

لەهەڵبەز و دابەزەکانی نیوەی یەکەمی40ی هەتاوی، وەک کادری تەشکیلاتی و کادری پێوەندی بەشی زۆری ناوچەکانی دەورو بەر بەشداریم کردوە.

ساڵی 1346ی هەتاوی لەگوندی میراوێی مەلاخەلیلی جاسوسێک بەناوی عەبدوڵای سازوار،کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ پێشمەرگەکان هەڵسوڕا بوو، بەگرتی دام و تووشی چارەنوسێکی نادیار و سەخت و تا لێواری مەرگ چووم.

لە گورهانی ئاڵوەتان تەحویلی دادگای جەنگی (شەڕ) جڵدیان درام، کە

بەکورتی باسی لێوە دەکەم.

لەو کات و ساتەدا سێ دادگای سەحرایی جەنگی لە ئێران هەبوو، لە ڕەزاپاد تاران

ڕەزا پاد سەحرای مەراغە و سەحرای پاد جڵدیان.

*

تێکەڵاویم لەگەڵ سیاسەت هەر نەبوو ، سەرم لە چوکترین باس و بابەتی سیاسی دەر نەدەچوو، سەوادی سیاسیم نەبوو، هیچ دەورەیەکی سیاسیم نەدیت بوو.

بەڵام هەر لەسەرەتای ژیانەوە لەگەڵ شەهید مەلائاوارەی نەمر و کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی ناوچە، بە میتۆدی ئەو کاتە کاری سیاسیمان دەکرد، ئوتوماتیک ببووینە ناسیاو ونەناسیاوی یەکتر، ساڵی 1337 و 38ی هەتاوی خەڵکێکی زۆر لە هەموو ناوچەکانی کوردستان لەلایەن ساواکی شاوە گیران و ڕەوانەی زیندانەکانی قزڵ قەڵا، قەسری قاجار کران.

ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی دەرحەق بەگیراوانی سیاسی کورد بەڕێوە دەچوون ، دەگەیشتەوە گوێی حەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان، وەک چیرۆکی زۆر تاڵ لە دانیشتنی شەوانە بۆ یەکتریان دەگێرایەوە.

بێجگە لەوانەش، ئێمە ماوە بە ماوە وەک مێر منداڵانی دێهات و شارەکان شاهیدی غەدر و تاوانی کەسانی دەوڵەتی، بەتایبەتی، شاهیدی ژاندەرمەکان بووین. هێزەکانی ڕێژیم چ نیزامی و ئینتزامی هیچیان ڕوحمیان بەکەس نەدەکرد، بە مەیل و وازی خۆیان خەڵکیان ئازار و ئەزیەت دەدا.

بەڕۆژی ڕووناک گێچەڵیان بەخەڵک دەفرۆشت ودەیان کوشتن و دەیان بڕی و خەڵکیان دەچەوساندەوە و تاڵانیان دەکردن و لێپرسینەوەشیان لێ نەدەکرا.

لە گوندی شیوەسەڵ چەندجار بە چاوی خۆم دیتم ، ژاندرمەکان بە ناجوانمێرانەترین شێوە، بە قۆنداغ و لولە تفەنگ لە خەڵکیان دەدا.

خەڵکیان بە بێگاری دەبرد و کاریان بۆ پاسگا پێ دەکردن.

ژومارێک لە خەڵکی شیوەسەڵ بە تاوانی توتنی قاچاغ، ڕەوانەی زیندانەکان دەکران، هەرچی بەرهەم و حاسڵی زۆری کار و زەحمەتی ماوەی دوور و درێژی بەر و بومیان پەیدا کرد بوو لەدەست دەدا و، هەرگیز کەس جێی خۆی نەدەگرتەوە، دەستە وەستان دەمانەوە.

هەڵس و کەوت و غەدر و زوڵم و زۆری دەیان چیرۆکی دڵتەزێن و سامگرتوو لە تێکڕای کوردستان دەم بەدەم گوێ بیست دەبووین.

خەڵک لە کۆڕی پرسە و مجلیسەکان، سەربردە تاڵەکانیان بۆ یەکتر دەگێڕاوە.

ئەو زوڵم و زۆریانە بەچاوی خۆمان دیتومانن، ئەو غەدر و ناحەقیانە لەتێکڕای ناوچەکان دەگەیشتنەوە هەمویان بەسەریەکەوە، نەفرەت و بێزاری و ڕق و تووڕەیی و تۆڵە هەستانەوە لە ڕووح و دەروونی زۆربەی هەرە زۆری لاوانی ئەوکات دا گەشەی کرد بوو.

سەرەتای گەشەکردنی زەمینەی فکری و شعوری سیاسی و نەتەوەیی و زەمینەی زەینی وەڵام دانەوە بە سەرەڕۆیەکان و هەستی ڕاخزین و بەرەنگاری لە دەروون و هەناوی گەنجانی ئەوکاتەی چەقاند، چ بە وەخت یا ناوەخت، لەهێندێک فاز و قۆناغ دا چەقەرەی دا.

جگە لە زوڵم و زۆری، ئەو حەقانیەتانە بەچاوی خۆمان دیتمانن. کادرەکانی حیزبی دێموکڕاتی ئەوکاتەش وەک شەهید مەلا ئاوارە، ڕەوانشاد میرزا حەسەنی دەشتێ و بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی لەناوچە بوونیان هەبوو، خەڵکیان بۆ خەبات و بەرخۆدان و ڕاوەستان لە دژی دەسەڵاتداری زۆردارانەی ڕێژیمی دیکتاتۆریی ئێرانی هان دەدا و تەبلیغاتی ڕوشنگەری لەسەر ئەو کەسانەی ناوبردران، شوێنەواری لەسەر قوتابیانی ئایینی ناوچە داناوە.

ئەوانی بۆ تەشکیلاتی سیاسی یەکگرتوو و هاوئاهەنگ کرد بوو.

کاک مەلاحەسەن:

وەک قوتابیەکی ئاسایی لەڕیزی هاوڕێیانی هاوتەمەنی ئەوکاتەی، وەک کەسێک جێگەی باوەڕپێکراو و ناسراوە، دواترکە شەهید مەلائاوارە دوای چەند ساڵ قاچاغ بوون و کارکردن لەڕیزی شۆڕشی باشووری کوردستان دا، گەڕایەوە بۆ ناوچە، یەکیەتی قوتابیانی ئایینی پێک هێنا، خوا لێخۆشبوو، مەلاقادری نێزێ، مەلا حەسەن ئێزدپنا، مەلا مەحمود مەریوانی، مەلا ئەحمەد دۆڵەگەرمی،ڕەوانشاد مەلا برایم دۆڵەگەرمی ،بە ڕێبەریی قوتابیانی ئایینی هەڵبژێردران.

و بەندە و ژمارەیەکی زۆر لە فەقێکان ، بەئەندامی سادە لە یەکیەتی وەرگیراین.

لەو ساتانەدا موعینیەکان،مەلامحمود زەنگەنە وێڕای هاوڕێیانی پێشمەرگە لە باشوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات گەڕانەوە.

مەلا حوسێن مارەغانی،(کاوە)، فەقێ عەلی گۆماویقەرەنیمەلاعومەر نەقشبەندی، لەتیف، فەقێ ڕەسوڵ عەلی ئاڵی، هەمزە ئەسپەندار وڕئوف حفید بەڕەسمی چەکدار بوون،دواتر هەریەکە لە شوێنێک و بەشێوازێک شەهید بوون، کە ئەمانە و دەیان قوتابی یەکیەتی ئایینی ئاوارە بوون و زۆربەیان تا دوا هەناسە لەڕیزی جووڵانەوە دا مانەوە.

تا پاییزی ساڵی 1346 کادری تەشکیلاتی، لە دوا ئەرکم دا کادری پەیوەندی نێوان ناوەندی کوردستان بووم.

زۆرتر پەیامەکانی مەلائاوارە و موعینی، شەریفزادە، حەمەدەمین سیراجی، و سالار حەیدەریم دەگەیاندە بەرپرسانی حیزب.

*

لە ساڵی 1346 گیرام و لە زیندانی گوردانی ئاڵوەتان،ساواک و شارەبانی سەردەشت،جڵدیان، قەراغ دەریای ورمێ، ساواک و ژاندرمەری مەهاباد، زیندانی ئیفرادی پادگانی سەحرای مەراغەی، زیندانی شارەبانی ،زیندانی زەنگان، ژێر کاخی دادگوستەری ئوپادخانە، قەسری قاجار، چەند ڕۆژێکیش لە ئینفرادی جەمشیدیە بووم، لەسەریەک زیاتر لە 5ساڵ لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمی شا دا بووم.

بگەڕێینەوە بۆ پاییزی 1346 پێش گیرانم

بەداخەوە کاک باپیر شکاک و هاوڕێیانی شەهید کرا بوون.

سەرەتای پاییزی 46 بە زیانی قورس دەستی پێکرد،

لە کۆتایی وەرزی ئەو ساڵە دا کارەساتی کاک ساڵح لاجانی و هاوڕێیانی ڕوویدا ،کە لە 11ی خاکەلێوەی 1347 لە داداگای سەحرای جڵدیان حوکمی ئێعدامیان بەسەرداسەپاندن و شەهیدیان کردن.

*

لە25،2،1347 هەواڵی گیران و دواتر شەهید کردنی کاک سلێمان موعینی لەنێوخەڵکی ڕۆژهەڵات دا بڵاو ببۆوە. ئەو ڕووداوە و زۆر ڕووداوی دیکەی تاڵ و جەرگبڕ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئازار دەدا، تەم وخەم باڵی بەسەر وڵات داکێشا بوو.

قۆناغی دووهەمی کارەساتە زیانبارەکان، کاک سلیمان موعینی و کاک ساڵح لاجانی، و هاوڕییانی دیکە دەستی پێکرد، بە زنجیرە و ماوە ماوە بەشێوەی خوارەوە درێژەی کێشا.

بە دوای یەکەمین کاروانی قوربانیەکانی 47 ی هەتاویدا، شەهیدکردنی لاوی زاناو ڕووناکبیر کاک ئیسماعیل شەریفزادە و هاوڕییانی، بەدوای ئەوانیش ڕۆڵەی قارەمان و دڵسۆز مراد شیرێژ و فەقێ ئەحمەدی عەلی حەجەم لە 15،2،47دا بوو.

هەروەها لە 21ی بانەمەڕی هەمان ساڵدا دەست بەسەرکردنی کەسایەتی ناوداری گەلەکەمان و هاوڕێیانی و شەهید کردنیان لەبەرەبەیانی 11ی خەرمانانی 47.

* شەهید کرانی کادری چالاک و هەڵسوڕ محەممەد ڕەسوڵە مەرەی، لە 7ی پوشپەڕی ئەوساڵەدا.*

کارەساتی عەلی گوێ ڕەش و هاوڕێیان و تیرباران کردنیان لە 26،6،47. دواتر شەهید کردنی دوو قارەمان و فیداکار حاجی پاراستان و حوسێن خاتون کە ئاخرین کۆمەڵە قوربانی جوڵانەوەی ساڵەکانی 46و47 بوو.

بەو شێوەیە نێزیکەی هەموو سەرکردەکانی 46،47 و دەیان پێشمەرگەی چالاک و دڵسۆز بە تاق و جووت و بەکۆمەڵ لە گەرمەی پێکدادان و شەڕی نابەرامبەری دا هەڵپروکان و بوونە ژیلەمۆی هەڵگیرسانی خەباتی ڕزگاری خوازانە.

چۆل بوونی مەیدان لە فەرماندەکانی گۆڕەپانی خەبات، ڕاستەوخۆ شوێنەواری سەرلێشێواوی و مودیرییەت و هەڵوەشانی شیرازەی لەسەر کارە تەشکیلاتیەکان دانا.

لەنێوچوونی ڕێبەر و ڕێنوێن لەمەیدانە جۆراوجۆرەکان کاریگەری و ئاسەواری زیانباری بەجێ هێشت و لە هیچ لایەکەوە ئاسۆی ڕوون بۆ پێشمەرگەکان نەمایەوە.

ئەو پێشمەرگانەی کە بگرە ستەم کارترین ڕێژیمی شا بەهەموو دەسەڵاتی جەهەندەمی خۆیەوە نەی توانی سەریان پێ دابنوێنێ ، بەداخەوە دواتر توانی نزیک دوو ساڵ جوڵانەوە بەگڵدانەوەی ستمکارترین دەسەڵات لە ڕۆژهەڵات ،وایان بەباش زانی بەگژ خەڵکی بە زۆر چەکدار کراوی خۆیان نەیەنەوە، بەسەریەکەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ بێڵن.

شەهید بوون و نەمانی فەرماندە و کەسە شارەزاکانی مەیدانی خەبات لەو کاتەدا جوڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦٤٧ی لاواز کرد.

دوای ئازاد بوونم و گەڕانەوەم بۆ ناوچە، ساواک لەسەردەشت بۆ تەوحویل دانی دەزگایەکی چاپ و کۆنەکۆپیەک، کەساڵی 46 بۆ دم چۆمی کەڵوێ گوێزرابوونەوە، تێیان هەڵپێچام و دەست بەسەریان کردم و،لە زیندانی ساواکی سەردەشت زیندانیان کردم.

دوای ئازاری زۆری جەستەو ڕوحی دانم بەهیچ جۆرە شتێک نەهێنا.

سەرەنجام بە زەمانەتی حاجی ئەحمەدی گوندی دێگە ، ئازاد کرام.

حاجی ئەحمەد زۆر ئازایانە و شەڕافەتمەندانە و جوانمێرانە پێی ڕاگەیاندم بەهیچ شێوەیەک لە خەمی ئەو دا نەبم و، هەرچۆنێک بێ دەکرێ خۆت دەرباز بکەی و گیانی خۆت ڕزگار بکەی.

لێکەوتەو ئاکامەکەی هەرچی بێ قبوڵی دەکەم.

منیش بەپەلەپەل و سەر لێشێواوی سەری خۆم هەڵگرتوو و سەرەتای بەهاری 1353 ڕووم کردە کوردستانی عێراق و خۆم بە ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ناساندوە،

سەرەتا لەشاری کۆیە گیرسامەوە، دواتر بە بڕیاری ڕێبەرایەتی حیزب نەقڵی بەغدا کرام.

ماوەیەکی کەم لە کوردستانی عێراق (باشوور) مامەوە، هەروەک پێشتر باسم کردوە، بۆ ماوەیەک لە شاری کۆیە و دواتر لەشاری بەغداد بووم، کە بەشێک لە ڕێبەری حیزبی دێموکڕات و بەشێکی تر لە دەرەوەی وڵات، لە ئوروپا دەژیان و نیشتەجێ بوون.

چوارساڵ مانەوەم لە بەغدا یەکێک لە سەختترین دەورانی ژیانی من بووە.

هەرچەند شوێنی مانەوەکەم کەم تاکورتێک باش بوو ، بەڵام بەچاوی سوک چاولێکردن و بێ ڕێزی و بێ حورمەتی لەوپەڕی خۆیدا بوو.

گروگانی دەسەڵاتی خوالێخۆشبوو کاک کەریمی حیسامی بووین.

هەرچەند کاک کەریم، وەک پلەی حیزبی جێگری سکرتێر بوو، بەڵام لە ئەسڵ دا بە دەسەڵاتدارترین و زۆردارترین کەسی نێو حیزبی دێموکڕات بوو.

خۆی لەسەرەوەی هەموو کەس و لە ژوور هەموو عەقڵیەتەکان دا دەدی.

بایەخێکی ئەوتۆی بۆ سکرتێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دانەدەنا، کە لە ئوروپا دەژیا.

کێ بە دڵی کاک کەریم حیسامی بایە دڵسۆز بوو، کێ بەمەیلی کاک کەریم هەڵ نەسوڕابایە، جاسوس و خەیانەتکار بوو.

لە بواری ئوسولی قسە کردن و ئەخلاقی سیاسییش مەرز و سنورێکی نەبوو.

بە مەیلی خۆی سوکایەتی بە خەڵک دەکرد هەرکەس یەک مسقاڵ سەربەخۆیی فکری لەخۆی نیشان دابایە جنێوی پێ دەدا و بێ حورمەتی پێدەکرد.

ئەمن یەکێک لەو کەسانە بووم، کە کەوتبوومە بەر ڕق و بێزاریی کاک کەریم، هەرچەند من لە هەڵوێستەکانی ئەوکاتی خۆم ناڕازی نیم.

سەبارەت بە هەڵوێستەکانی کاک کەریم و دەوروبەرەکەی، زۆر کەم و کوڕی هەبوو، دەبێ بڵێم نەموێراوە بچوکترین ڕەخنە بگرم، هیچ کاتیش چاپلوسی و چەور زمانی و ڕیابازیم بەکار نەهێناوە. هەوڵم داوە تا ئەو جێگەیەی بۆم دەکرێ سەر نەوی نەکەم، خۆ شیرین کردنی بێ تام و چێژ نیشان نەدەم.

بەداخەوە ئەوە زۆر گران بۆمن تەواو بوو.

ئەوەندە کاک کەریم و پشتیوانەکانیان قسەی سووک و بێ ڕێزیان پێ کردم کە هەر لە حیساب نایە.

ژیانی من لەبەغدا ئەوەندە ناخۆش بوو، کە زۆربەی ڕۆژەکان ئاواتم بۆ نێو زیندانی ڕێژیمی شا هەڵدەخواست.

ئەوەی بۆمن لە هەموشتێک ناخۆشتر بوو، دڕدۆنگی کاک کەریم و دەوروبەرەکەی بوو.

دوو سێ کەس لە ڕێبەری و دوو سێ نەفەری نێو بەدەنە، ئەمنیان ناخۆش دەویست.

تەبلیغی ئەوەیان دەکرد، کە ساواک منی بۆ زانیاری و هەواڵگری ناردۆتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات و لەژێرەوە کار بۆ ساواکی ئێران دەکەم.

دیارە تا دوو ساڵان ئەو هانی هانیە بەردەوام بوو، کە وردە وردە ئەو گومانە پوچەڵ بوونەوە.

شەهید دکتور قاسملو هەموو ساڵێک سەردانی دەفتەری سیاسی دەکرده وە، کەم تا کورتێک چاوی بە کارەکانی دا دەخشاندەوە.

بە بوونی دکتور قاسملو، گومان و واهمەکان لە ڕاستای من تۆزێک هێدی بوونەوە. لۆمە و قەڵسیەکان تاحەدێک لە کزیان دا، جەوەکە تا ئەو جێیە ئارام بۆوە،کە چەند جار ئەمن و فەتاح باساوەیی و مەلا مەحمودی قازانی چووینەوە نێو خۆی وڵات.

پەیوەندیمان لەگەڵ ئەندامانی باوەڕ پێکراوی حیزبی دەگرت .

خولاسە، شەڕو لێک ڕاکێشانی نێوان کاک کەریم حیسامی و مەلا ڕەسوڵی پێشنماز ڕووی دا.

کاک کەریم سەری شکا و بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵپەسێردرا.

خولاسەی بکەمەوە ئەو کوێرەوەری و عەزابە ڕوحیانەی لە بەغدا بەگژ من داهاتن، هەرگیز لە زینداکانی ڕێژیمی شا بۆ من پێش نەدەهاتن.

سەبارەت بەجموجۆڵەکانمان لە دوای ڕوخانی ڕێژیمی پەهەلەوی؟

دەبێ تۆزێک بگەڕێمەوە بۆ دواوە.

دکتور قاسملو خاوەن دنیا بینیەکی بەهێز بوو. هەمیشە چاوی بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دونیا دادەخشاند. مەبەستی بوو بەپێی باروودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دونیایە، سیاسەتی حیزبی دێموکڕات بە ئاقارێک بەڕێ کە لە حەڕەکەت و جموجۆڵەکاندا بەتەنیا نەمێنێتەوە و بەجێ نەمێنێ.

ساڵی 1355ی هەتاوی دکتور قاسملو هاتەوە بەغدا و ڕایگەیاند ئەگەر هەرچی زووترە بۆ وڵات نەگەڕێینەوە و خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی خۆمان بە میتۆدی تازەی ئەو ڕۆیانە نوێ نەکەینەوە بەجێ دەمێنین. هەلی

زۆر گەورەمان لەدەست دەچن.

لەوکاتەدا هیچ هەواڵێک لەڕووخانی ڕێژیمی ئێران نەبوو.

کەسیش باوەڕی نەدەکرد لەو یەک دوو ساڵەی دوایدا ڕێژیم بڕووخێ.

ڕێژیمی شا زۆر بەهێز و پەیوندیەکانیشی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و هەموو دونیای دوو قوتبی پاراستبوو.

دکتور قاسملو، هەستی بە وەی کردبوو کە ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و دونیا دا ڕوو دەدا.

شڵەژانی وەزعی سیاسی ئەوکاتەی یەکیەتی سۆڤیەتی و هەڵوێستەکانی ئورووپا و ئەمریکا سەبارەت بە ڕێژیمی شای ئێران، تاڕادەیەک هەستی پێکرد بوو.

لەلایەکی تریشەوە، نەک هەر دکتور قاسملو، تێکڕای ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە مانەوەی خۆیان لە عێراق خوشحاڵ نەبوون.

گەڕانەوەی حیزبی دێموکڕات بۆ ئێران کارێکی ئاسان نەبوو.

بەڵام دکتور قاسملوو بەتوندی لەسەر ئەو باوەڕە بوو،کەهەرچی زووترە، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەبێ بگەڕێتەوە بۆ نێوخۆی وڵات، کاری سیاسی و تەشکیلاتیەکان بە ستایلێکی تازە دەست پی بکاتەوە.

لەو کاتەدا کاک کەریم وەکو دەسەڵاتداری بەهێز لە نێو حیزبی دێموکڕات هەر مابوو.

بەڕواڵەت پشتی گەڕانەوەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی بۆ ئێران دەگرت.

هەر جارەی بە بەهانەیەک گەڕانەوەی بۆ نێوخۆ وەدرەنگ دەخست و بیانووی جۆراو جۆری دێناوە.

بابەتی گەڕانەوەی حیزبی دێموکڕات بۆ نێوخۆی وڵات لەکۆبوونەوەی جۆراجۆر قسەی لێدەکرا و کێشە و لێکدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ڕاکێشا، بەڵام دیسان گەڕانەوەی یەکجاری بەکردەوە هەنگاوی بۆ هەڵنەگیرا.

بابەتەکە هەروا درێژەی کێشا تاگەیشتینە 1357.

ئەگەر هەڵەم نەکردبێ،دکتور قاسملو کێردی گەیشتە سەر ئێسکان و له زستانی 1356 بەپەلە گەڕایەوە بۆ بەغدا ،ئەوجارە بەجدی ڕای گەیاند، کەزیاتر ڕاناوەستێ، بریاری یەکجارەکی بۆ گەڕانەوە ڕادەگەیەنێت.

تێکڕای ئەو کادرە سادانەی کە لە بەغەدا بوون، منیش یەکێک لەوان بووم، ئامادەی بێ ئەولا و لا بۆ گەڕانەوەمان ڕاگەیاند.

بەڵام دیسان باسەکانی گەرانەوە بەردەوام بوو.

کەسانێک هەبوون کەیفیان بە جووڵانەوە نەدەهات.

بەهاری 1357 بە تەواوی لەبیرم نیە چ مانگێک یا ڕۆژ و سەعاتێک بوو بەڵام لە دانیشتنێک بەتێکڕایی بریارمان دا هەرچی زووترە بگەڕێینەوە.

ئەوجار کاک کەریم حیسامی بۆ گەڕانەوە زۆر تووند بوو.

بۆ ئامادە بوون و تێپەڕ بوون لە بەغدا بەرە و سنوور ماوەی یەک حەوتوومان دیاری کرد.

چوار بۆ پێنج ڕۆژ خەبەر نەبوو، ڕۆژی شەشەم ئەمن چوومە لای کاک کەریم حیسامی، کەلەسەرێ لە دیووی خۆی دانیشتبوو ، خەریکی تەرجوومەکردن بوو.

وتم: کاک کەریم ئێمە ئامادەی گەڕانەوەین.

بریاربوو تا ئێستا ئێمە ڕۆیشتباین، مادام بڕیارمان داوە، هەرچی زووترە بگەڕێینەوە.

بە توڕەیەوە ڕووی تێ کردم و گوتی: کاکە ئەتۆ هیچ خەبەرت لە دونیایە نیە.

ئێوە وەک دار قەڵێشی بەغدایە هەر لێ ڕادەکێشن.

شتێکت پێ دەڵێم،کە دەبێ لای خۆت بەمێنێتەوە.

لەلای هیچ کەسی تر باسی نەکەی.

ئەمن لەگەڵ سەفارتخانەی یەکیەتی سۆڤیەت پەیوەندیم گرتووە و بابەتەکەم لەگەڵ باس کردون، ئەوان بەهیچ جۆر بەگەڕانەوەی ئێمە ڕازی نین.

ئەگەر ئەوانیش ڕازی نەبن هەرچی بیکەین تیشە لەڕیشەی خۆدانە.

لە سەرەتای پاییزی 1357، ئەوجار دکتور قاسملو بەتەواوی لەو هەموو خۆ گرتنە توڕە و وبێزار ببوو.

بریاری نوێ و یەکجاری خۆیدا.

کۆمیتەی زاگرۆس پێک هاتوو بەتێکڕای ئەو کادرانە لە دەرەوە و ژوورەوە 8 کەس ئامادەی گەڕانەوە بوون.

ئەو هەشت کەسە لە سێ تیمی جیاواز ،هەریەکە بەلایەکدا چووینەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەرکەسە بۆ جێگای دیاری کراوی خۆی ڕۆیشت.

ورمێ وەک شوێنی کاری من دیاری کرا.

پاشان لە ئەنجامی هێندێک ئەرکی پێ سپێدراو چوومە ورمێ و لەوێ کۆمیتەی حیزبیمان پێک هێنا ،کە بریتی بوون لە:

بەندە، کاک سەنار مامەندی،کاک جهانگیری ئیسماعیلزادە، هاوڕێیەکی دکتور خەڵکی شاری مەهاباد و خوشکێکی نێو شاری ورمێ ،کە لە ناوهێنانی ئەو دوو کەسە خۆم دەپارێزم.

ئەوکاتەی ئێمە گەڕاینەوە بۆ نێوخۆی وڵات، شا هەر لەسەر تەخت بوو،هێشتا هەڵ نەهاتبوو.

پاش ماوەیەک شا ڕۆیشتوو ، خومەینی گەڕایەوە، حکومەتی کۆماری ئیسلامی بەڕەسمی پێک هات. و ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانی کۆمیتە چەندجار بەسەریەکەوە کۆبووینەوە و بەیاننامەیەکمان نووسی، دەست بەکار بوونی ڕەسمی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە شاری ورمێ ڕاگەیەندرا.

ئەمن بۆ هێندێک کاری تایبەتی بانگ کرامەوە بۆ دەفتەری سیاسی لە مەهاباد.

ئەرکێکی تایبەتیم پێ سپێردرا.

چوومە ناوچەی سەردەشت و دەستمان بەسەر گورهانی بێژوێ و دولکان داگرت.

لەوکاتەش دا ئەفسەر و سەربازانی کورد بەپێی پلانی حیزبی ودێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەستیان بەسەر پادگانی مەهاباد داگرت، ئەمنیش، وەک نیگابان و پارێزگاری پادگانی مەهاباد دیاری کرام.

کەلە 31ی خاکەلێوەی ئەوساڵەدا، بەداخەوە شەڕی نێوان کوردەکان و ئازەریەکان لەنەغەدە دروست بوو.

کۆمیتەیەکی کاتی نیزامیی بۆ بەرگری کردن لەشاری مەهاباد پێک هات،کە ئەمنیش تێیدا ئەندام بووم.

پاش یەک حەتوو و ئارام بوونەوەی بارو دۆخەکەگەڕامەوە بۆ شوێنی کاری ئەسڵی خۆم لە ورمێ.

لەگەڵ شەهید سەرگورد حەبیبوڵا عەباسی سەردانی هەموو عەشیرەتەکانی شومالی کوردستانمان کرد.

دواتر لەشکری 64ی ورمێ بە دەستوری غولام حەسەنی و تیمسار زەهیر نژاد بەمەبەستی جێگربوونەوە لە ناوچەو سنورەکان هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی شومالی کوردستان و شەڕ و پێکدادان لە نێوان عەشیرەتەکان و لشکری 64ی ورمێ دروست بوو.

کە تازە مانەوەی من لەنێو شاری ورمێ ئیمکان نەبوو ،هاتمە دەرەوە و لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی ئازا و ڕەشید بەشداری بەرەنگاریەکان بووینەوە، بە هاوکاری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، هێندێک بنکەی پێشمەرگەمان لە شومالی کوردستان دامەزراند و ماوەیەک دواتر شەڕی پاوە دەستی پێ کرد.

لەشکری 64ی ورمێ دەستی بەجموجۆڵ کردەوە، بەدوای هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ، پێک دادانی خوێناوی ڕوویان دا، بەپێی فتوای جیهادی خومەینی هێرشی سەرتاسەری بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد.

تێکڕای هێزە سیاسیە کوردیەکان لە شارەکان کشانەوە، بەڕەسمی شەڕی سێ مانگە دەستی پێکرد.

**

پرسیارت کردبوو ، ئەمن لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، چ ڕۆڵ و نەخشێکم هەبووە؟

ئەگر لێرەش دا بمهەوێ لەگەڵ خۆم و ئێوەی بەڕێزیشت ڕاستبم!

ئەمن لە نێو کۆمەڵانی خەڵک دا نەخشێکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆم نەبووە، کەشیاوی باسکردن بێت.

ئەمن لەکار و هەستان و دانیشتنی خۆم بەهیچ جۆر ڕازی نیم.

ڕاستە ئەمن لەو سەر بۆ ئەوسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆر ناوچەکان گەڕاوم و

هەڵبەز دابەزی زۆرم کردوە، تووشی ماندویەتی شەکەتی زۆر هاتووم، بەڵام لەسەریەک ئەو هەموو خۆ بێر و بەوێدا دانە بەدەرمانی هیچ یەک لەو برینە قورسانە نەشیا، کە کەوتۆتە سەر جەستەی خەڵکی هەژار و بێ بەشی ئێمە، بەدرێژایی مێژوو پێیانەوە دەناڵێنین. بۆ چارەسەری ئازارەکانی کۆمەڵگای کوردەواری پێویستی بە مۆرەی شارەزا و، لە کل دەرهاتوو، خاوەن توانا هەیە، کە ئەمن هیچ کام لەو تایبەتمەندیانەم تێدا نیە.

بەڵام لەوەی کە بەدڵ جەماوەری کوردستانم خۆش دەویست، بە نیازپاکییەوە دەمهەویست کارێکی بۆ بکەم و کە لە دەستم نەهاتووە و پێم نەکراوە ناڕازیش نیم.

بەداخەوە هەر ئەوەندەم عەقڵ پێ شکاوە و،تواناکەی منیش هەر ئەوەندەی بڕ کردوە.

بوومە هاوڕێی زۆر کەسی فیداکار و گیان لەسەر دەست و لەخۆ بردوو، بەشی زۆریان لەمەیدانە گەرمەکاندا بوونە سووتەمەنی ئاوری شەڕی داسەپاوی گێچەڵی لابەلای هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و ، شەڕافەتمەندانە هەڵپڕوکان و بوونە خۆڵی سووتەڕووی عەرزی وڵاتی ئازیزیان، ئەوان ڕۆیشتن و ئەمن مامەوە.

خۆزگە ئەمنیش لەگەڵ ئەوان ڕۆیشتبام و شانازیی خەوتنی یەکجاریم لەپەنا گڵکۆی ئەوان پێ بڕابایە.

بەداخەوە قیسمەت و چارەنوس ئەوەیە، کەدەبێ ببێ ،نەک ئەوەی کە ئێمە پێمان خۆشە.

ئەوەی کە ئێستا کە ئەمن پێیدەژیم و بۆ من خاتره و بیرەوەری زۆر شیرینە ڕاستی و دروستی و ڕەش و ڕووتی چەوساوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە .

ئەمن گەلێک داستانی راستی و پاکی و گیانبازی و فیداکاری کەڵە پیاوەکان، شێره ژنان و کیژ و کوڕانی هیمەت بەرزی کوردستانم لەلان.

کە هیچ زمانێکی پاراو، هیچ قەڵەمێکی تیژ، ناتوانێ وەکو شایستەی خۆیان ، بەیانیان بکا و ڕووپەڕی کاغەزەکانی پێ بڕەنگێنێ.

دیاره چیرۆکی ئەو قارەمانەتیانە لەلای زۆر لە ڕووداوی مەیدانە جۆراجۆرکان هەن، .

کە ئاوات خوازم ئەوان بتوانن ، حەقی خۆیان و شیاوی هەیکەلی بەرزی ئەو گیانبازانەیە تۆماریان بکەن و بیانخەنە بەرچاوی نەسلەکانی دوا ڕۆژی ئێمە.

بەخۆشیەوە ئێستا لەو هەلو مەرجەدا، دەرەتانی زیندوو کردنەوە و تۆمار کردن و نووسینەوەی ئەو چیرۆکە حەماسیانە زۆر لەبەردەست دایە، ئامرازی هێنانە گۆڕ و وەگەڕ خستنەوە و کاراکتەر کردنەوەیان یەکجار زۆرە.

هیوادارم ئەوەی دەستی قەڵەم دەگرێ، ئەوەی زمانی دەگەڕێ، ڕێگا نەدا یادی ئەو هەموو ڕاستی و پاکی و گیان بازی و قوربانیانە بژاکێ وسیس بێ و پەڕ پەڕ بێ و لەبیر بچێتەوە.

لە بیرم نەماوە چ کەسێک بوو، دەیگوت: تا ئێستا مێژووی کوردەکان، کەسانی غەیرە کورد نووسیویانە.

کە هیوادارم ئەوجارە نووسەران و قەڵەم ڕەنگینانی کورد، بەدەست و پەنجە و قەڵەمی خۆیان، حەماسە و فیداکاریەکان بگێڕنەوە و نیشان بدەن تا کوێ کۆماری ئیسلامی گرنگی بەشەڕی کوردستان و کورد کوشتن داوە ، تا چ ڕادەیەک خەرجی تێچووی بۆ لەخۆ گرتوە.

لە بارەی ئەرکە پێ سپێرداراوەکانم، دوای ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، تا دەگاتە ڕێکخستنەوە پرسیارت کردبوو.

*

عەرزتان بکەم کە لەنێوئاخنی باسەکانی پێشوو کەمێک ئاماژەم بە ئەرکە پێ سپێردراوە کانی خۆم کردبوو. ئەگەر لێرە تۆزێک بەکورتی بۆیان بگەڕێمەوە.

لەگەڵ پێکهاتنی کۆمیتەی زاگرۆس، ئەمن بێ هەڵبژاردن بوومە ئەندامی ڕێبەریی.

ئەندامەتی من بۆ یەکەم جارلە ڕێبەری دا بەخاتری شیاوی و لێوەشاوەیی من نەبوو، بەڵکو مەرجی سەرەکی وەرگرتن بەئەندام بوون لە کۆمیتەی زاگرۆس دا گەڕانەوە بۆ ناوەوەی وڵات بوو.

هەرکەس بێ قەیدو شەرت ئامادەی گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات بایە، دەبوو بە مۆرەیەک لە کۆمیتەی زاگرۆس و ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکڕات.

ئەمنیش کە بێ هیچ بڕ و بەهانە و قەید و شەرتێک ئامادەییم بۆ گەڕانەوە ڕاگەیاند بوو یەکسەر چوومە نێو کۆمیتەی زاگرۆس و ڕاستەوخۆ بوومە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.

لەدابەش کردنی کاری کۆمیتەی زاگرۆس دا، بەرپرسایەتی شارستانی ورمێ و تێکڕای شارەکانی ئەو دەڤەرە بە من سپێردرا.

لە کتێبی یەکەم بەرگ، کە قەرارە چاپ بکرێ بەڵگەی ئەرکەکەم نیشان داوە.

دیارە ئەوە ئەرکێکی زۆر قورس بوو لە توانای کەسێکی کەم سەوادی وەک من دا نەبوو، کارکردن لە ناوچەیەکی هەرە هەستیار و ستراتیژیکی دا پێویستی بە زانست و ئەزموونی زۆر هەبوو.

کەمن لە هەر دووی ئەو مەیدانەدا هاڕەم لە بڕە نەدەکردوە. بەڵام زەرورییەت و ئەرک و وەزیفەیە دەبوو قبوڵ بکەم.

ئەمنیش خۆم ڕۆیشتم .

پاش پێک هاتنی کۆمیتەی ورمێ ماوەیەک مانەوە وکارکردن، ئەرکی کۆ کردنەوەی هێندێک پێشمەرگە بەمن سپێردرا،کە سەردانی ناوچەی سەردەشتم کرد، لەگەڵ 10بۆ 15پێشمەرگە گەڕاینەوە بۆ شاری مەهاباد.

پادگانی مەهاباد بەنەخشەی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕات لەژێر تێڕوانینەکانی ئەفسەران و درجەداران و سەربازانی کورد گیرا.

بەندە بە هاوڕێیەتی پێشمەرگەکان ماوەیەک وەک نیگابان و پارێزگاریی لەپادگانی مەهاباد ماینەوە.

بەداخەوە شەڕی خوێناوی نەغەدە ڕوویدا،مەترسی هێرش کردن بۆ سەر شاری مەهاباد بەتوندی هەبوو.

بۆ ئەم مەبەستە کۆمیتەیەکی نیزامی کاتیی پێکهات،ئەمنیش لەو کۆمیتەیەدا ئەندام بووم، کە تەنیا یەک حەوتوو مامەوە.

بەهۆی ئەوەکە کارەکانم بە نیوە چڵی لەشیمالی کوردستان بەجێ هێشتبوون،داوام کرد بگەڕێمەوە بۆ شیمالی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگە گەڕامەوە، وێڕای شەهید سەرگورد عەباسی، ماوەیەکیش لەگەڵ شەهید سەروان عەبدولڕەحمان ڕەحیمی کاک (چەکۆ) خەریکی کاری تەشکیلاتی، لەنێو عەشیرەتەکان بووین، کە کۆماری ئیسلامی بە فەرمانی غولام ڕەزا حەسەنی و تیمسار زهیرنژاد هێرشی کردە سەرناوچەکانی شیمالی کوردستان. بەیەکدەنگی و یەک هەڵوێستی و هاودەنگی تێکڕای عەشیرەتە کوردەکان تێکشکا و پاشەکەشەی پێکرا.

بەندە وێڕای هاوڕێیانی پێشمەرگە لە بەشێک لەو شەڕە دا بەشداریمان کرد.

تا شەڕێ سێ مانگە، وەک بەرپرسی سیاسی نیزامی لەو ناوچەیە مامەوە.

دوای دەرکردنی فیتوای جیهادی خومینی، ئەمن بۆ وەرگرتنی دەستور لە دەفتەری سیاسی گەڕامەوە ناوچەی سەردەشت.

لەوکاتەدا کەهێرش لە پیرانشار و سەردەشتەوە، بە مەبەستی دەست بەسەر داگرتنی، میراوێ و ئاڵوەتان دەستی پێکرد بوو.

لەلایەن دەفتەری سیاسی ئەرکی پارێزگاری ئەو خەتە بەمن سپێردرا، کە تا ئاخری شەڕی سێ مانگە، وێڕای پێشمەرگە قارەمان و فیداکارەکان وەک بەرپرسی نیزامی لەو ناوچەیە مامەوە.

هێزەکانی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانی جادەی پیرانشار بۆ سەردەشت بگرنەوە.

سەرمای پاییزی 1360 چەند پێکدادانی خۆێناوی ڕوویدا، هێزەکانی ڕێژیم بە تێکشکاوی پاشەکشەیان کردو، خۆی لە

پادگانەکانی پیرانشاڕ هاویشتەوە.

وتوێژی نێوان کوردەکان و کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئیرانیش لەسەرتاسەری کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕیزەکانی پێشمەرگەی خۆی ڕێکخستەوە . لەو ڕێکخستەوەدا

ئەمن وەک فەرماندەری لکی 1ی شەهید مەلا مەحمود زەنگەنە لەهێزی موعینی دیاری کرام.

لە کۆنگرەی 4 بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرام. دواتر بۆ دووهەمین جار ئەرکی شیمالی کوردستانم پێ سپێردرا، کە ئەرکێکی زۆر ناخۆش وخوێناوی بوو.

دواتر لەهێزی 31ی شەهید ئاوارە بەرپرسایەتی ئەو هێزەم پێ سێیردرا.

بەهاری ساڵی 1360ی هەتاوی توشی نەخۆشیەکی قورس هاتبووم، بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرام.

لە دوایی دا ئەرکی سەفەری لوبنانم پێدرا و چەند مانگ لەبەیروت مامەوە.

لە کۆنگرەی 5 و هاوکات لەگەڵ ئەرکی بەرپرسایەتی هێزی موعینی تا ساڵی 1366 مامەوە. وەک بەڕێزت ئاگادارن کتێبێکی بۆمب ڕێژ کراو لەدەستم داتەقیەوە، کەلەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆم بەڕێ کرابوو.

جوڵان و هەڵسوڕان و هەڵبەز و دابەزی من، وەک ئینسانێکی ساغ بە تەواوی کۆتایی پێهات.

*

پرسیارت کردبوو، لەچەند کۆنگرە بەشداریت کردوە؟

کە کۆنگرەی 3 گیراوە ئەمن لە زیندان دابووم.

لە کۆنگرەکانی 4،5،6،7،8،9،10 بەشداریم کردوە.

کە کۆنگرەی 11و12 گیرا ئەمن لە دەرەوەی وڵات بووم.

حەق یا بەناحەق نێوم لە نێو لیستی ئەندامانی حیزبی دێموکڕات هەڵپەسێردرا بوو.

تا ئێستاش تێ نەگەیشتم نێوی منیان بۆچی وەکو ئەندام سڕی بۆوە!

ماوەی نزیک بە سێ ساڵان وێڕای ئەوەی کە نامەیان بۆ دانی حەقی ئەندامەتی و دانی یارمەتی بۆ دەناردم، بەردەوام حەقی ئەندامەتی و یارمەتیشم دەنارد. بەڵام هیچ نوسراوەیەک، هیج قەرارێکی حیزبی، هیچ پەیامێەکی کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ من نەدەهات، دواتر تێ گەیشتم، ئەو بریارە لە کوێوە هاتووە، ئەو تەحریم و بایکۆتە لە کوێ سەرچاوەی گرتوە.

لە کۆنگرەی 13 هەرچەند بەشداریش نەبووم، بەو حاڵەش پاشەملە و دوورا و دوور بە ئەندامی ئیفتخاری کۆمیتەی ڕێبەریی هەڵبژێردرام.

لە کۆنگرەی 14و15 ئەو ئەندامەتییە هەر بەردەوام بوو.

لە کۆنگرەی 16 بەشداریم کرد، بە زۆربەی دەنگی بەشدارانی کۆنگرە هەڵبژێردرامەوە.

لە کۆنگرەی 17، کە بە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکڕاتەکان ناودێر کرا، لەبەشی ئورووپا دا ،کە لە وڵاتی نۆڕوێژ گیرا، بەشداریم کردوە.

ئێستاش خۆم بەئەندامی حیزب دەزانم و هیچ کات لە ژیانم دا داوای هیچ پۆستێکم لە ڕێبەرایەتی نەکردوە، بێ ئەوەی بۆ خۆم داوا بکەم، ناوم لەنێو لیستی پاڵێوراوان دابووە،بەشدارانیش دەنگیان پێداوم .

سەرەڕای ئەوەی کە ئەمن خۆم بە شایستەی ئەو پۆستە نەزانیوە، ئێستاشی لەگەڵ بێت خۆم بەشایستەی هیچ پۆستێک نازانم، ئەندامانی بەشدار بووی کۆنگرەکان بە لوتف و گەورەیی خۆیان دەنگیان پێ داوم.

ئەوەی ئەمن شانازی پێوەدەکەم، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانە، هیچ چاوەڕوانیەکی ترم نیە.

*

پرسیارت کردبوو چەند جار بریندار بووی؟

لە سەریەک ٨ جار شانازی بریندار بوونم پێ بڕاوە.

دووجار لە شیمالی کوردستان ، دووجار لە شەڕگەی پیرانشار سەردەشت. جارێک لە کاتی دەست بەسەر داگرتنی گوردانی پردی بریسوێ.

جارێکی تر لە کاتی هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆسەر بنکەی هێز و کۆمیتەی شارستانی سەردەشت، لە نۆکان و مێرگەزەڵێ.

جاری حەوتەم بە تەقینەوەی کتێبی بۆمب ڕێژ کراو.

جاری هەشتەم لە بۆمبارانی قەڵای کۆیە بریندار بووم، کە شەهید کاک مەنسور ڕەشە هەورامی و شەهید کاک محەممەد حەسەن پور لەوهێرشە هەواییە دا بریندار بوون. لە بریندارەکانی ئەوکاتەی قەڵایە، تەنیا ئەمن لە ژیان دا ماوم.

یەک دووجاری تریش بریندار بووم، کەئەو برینانە کەم بوون و حیسابیان بۆ ناکەم، لە شوێنێک و لە بواری وەرگێڵ ،

بریندار بووم.

*

لە بارەی ئەو پرسیارەی چەندجار هەوڵی ترۆر کردنم دراوە؟

ئەگەر وڵامێکتان عەرز بکەم، کە لە ناڕاستی نەچێ، چوار جار لە ڕێگەی هەوایی ، هەوڵی تیرۆر کرانم دراوە .

یەکەم جار لە نێوان ناوچەکانی سۆماو برادۆست، هێرشی هەواییمان کرایە سەر، دیارە ئەو هێرشە بەشی زۆرتری بۆ تیرۆر کردنی سەرگوردعەباسی بوو، کە کوڕێکی قارەمانی لاوی شیمالی بە نێوی چەچان بە سەختی بریندار بوو.

جارێکی تر لەجادەی نورحەسەن و باڵۆڵان ، کە دەکەوێتە ناوچەی نێوان دەشتەبێڵ و مەرگەوەڕ، کۆمەک خەلەبانی هێلیکۆپتەرە هێرش کارەکە بەدەستی پێشمەرگە قارەمانەکان گیرا.

بەهۆی کاک عەلی شێخەوە کە بەخۆشیەوە لەژیاندا ماوە، داوای سڵامەتی و تەمەن درێژی بۆ دەکەم تەحویلی کاک سەید عەلی گیریانی درایەوە و تەحویل و ڕەوانەی پادگانی ورمێ کرایەوە.

جاری سێهەم لە دەشتی بناوێ و گۆرانگان، کە سێ پێشمەرگە بە سووکی برینداڕ بوون و ماشێنەکەی ئێمەش لەکار کەوت.

جاری چوارەم، هێلیکۆپتەرێکی جەنگی لە پادگانی سەردەشت بۆ تیرۆر کردنی من ڕاگیرا بوو، بەفێڵ دەیان ویست بم کێشنە سەردەشت، کە لە لایەن خوالێخۆشبوو کاک کەریم حەدادوە بۆ نەچوونم بۆ ئەو دیدارە ئاگادار کرامەوە. بەهەڵە هێرش کرایە سەر ماشێنی لاندگرۆزی کاک عوسمان دەوڵەتی خەڵکی گوندی وەتماناوێ ،کە ئەندامێکی زۆر دڵسۆزی حیزبی

دێموکڕات بوو. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لە نێوان باسکە دوو و قاوەخانەی خاڵە باسی شەهید کرا و ماشێنەکەی لەبەر یەک هەڵوەشا. سێ

جار کوێخا ڕەحمانی نەڵاس لە دوو سێ گوندی ناوچەی سەردەشت حەبی ژەهراوی تەحویلی چەند کەس دابوو، کە ئەوانەی حەبەکانیان وەرگرتبوو، دڵسۆزانە هەواڵەکەیان بە من گەیاندوە. پیلانەکەی کوێخا ڕەحمانی نەڵاس پوچەڵ کرایەوە.

جارێکی تر جوتێک پۆتین و سەعاتێکی قیمەتیی بۆمب ڕێژ کراویان بۆ من ناردبوو، کە ئەو پیلانەش بە هیمەتی هاوڕێیانی پێشمەرگەم پوچەڵ کراوە.

لەدرێژەی ئەو پیلانە گڵاوانە لەدژی من، هەر لە جاشخانەی نەڵاس ڕا کتێبێکی بۆمب ڕێژ کراو بۆ من ڕەوانە کرا، ئەوەندە باسکراوە وەک بنێشتە خۆشکەی لێهاتووە، لێی وەڕەز بووم، پێمخۆش نیە بپڕژێمەوە سەری، لە ئاکامی ئەو تەقینەوەش ئێوەی بەڕێز و تێکڕای هاوڕێیانم باش لێی ئاگادارن.

* جارێکی تر بەهۆی کچێکی زۆر جوان کە پەیامەکەی بە برایمە کوێری ترشیان دا دەنارد، ڕێنوینی کرابوو، کەپەیوەندیم لەگەڵ بگرێ، بەشێوەیەک کە بۆی دیاری کرابوو ئەمن لەنێو بەرێ، بەخۆشیەوە جوانمێرانە و شەڕافەتمەندانە لەلایان خزمەکانی برایمە کوێر، بەمنیان ڕاگەیاند.

برایم بە بەڵگەوە گیرا و ڕەوانەی زیندانی حیزب کرا . ئەمنیش بەهۆی کە خزمەکانی جوانمێرانە ئەمنیان ئاگادار کردەوە، شکایەتم له برایمە کوێر نەکرد، پاش ماوەیەک لە زیندان ئازاد کرا.

*

ڕێژم لە هەموو کەرەستە و کەسێک و بە هەموو شێوازێک بەرنامە و پیلانی لەسەر دادەڕشتم،

جارێکی تر ستڵێکی هەرە گەورەی قورس ئاخندرا بوو بە تی ئێن تی ئامادەی تەقینەوە کرا بوو و بە بۆمبی سەعاتی لەلایان تاقمی خۆ دۆڕاندن، محەممەدی حاجی ڕەسوڵەوە درابوو بە لاوێکی کانی زەردی جێگەی باوەڕی ئێمە ، لەبن سەماوەری بنکەی هێز دایبنێن، کە بەهۆی لایەنی خیانەتکاری نێوخۆ ، ئیمکانی دانان و تەقاندنی هەبوو، بنەماڵەی فیداکاری ئەوانیش وەک بنەماڵەی خەباتکاری برایمە کوێری ترشیان، بەهیمەتی ئەوان ئێمەیان لەو بەرنامە تیرۆریستیە ئاگادار کردوە، بەندە و دەیان پێشمەرگەی حیزبی لە مردنی حەتمی ڕزگار کرد.

چەند جاری تریش سەبارەت به تیرۆر کردنم لەلایان دڵسۆزان و دۆستانی نزیکی منەوە ئاگادار کراوم، بەڵام هیچ هۆ و بەڵگەم بۆ سەلماندنیان نیە، خۆم لە باس کردن لێیان دەپارێزم.

دیارە خەتەری تیرۆرەکان تەنیا لەسەر من نەبوو، ئەوخەتەرە لەسەر تەواوی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات هەبوو.

لە ناو بردن و تیرۆر کردنی هەریەک لە کادر و پێشمەرگەی حیزبی بۆ دوژمن سەرکەوتنێکی گەورە بوو، کە لە نێو ئەوانەدا، شەهیدی نەمر حەمەنارستی، ڕەحیم عەلیپور،حەمەخانی عەزیزی، برایم گوڵاو، برایمە سوری زێوەی، برایم مام وسوی شەمۆڵەی و بگرە چەند پێشمەرگەی تر هەیە کە ئیشاره بکەم

بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارەی، کە شۆڕش چی بە من داوە؟

دیارە وەک بەڕێزتان باش دەزانن وشەی شۆڕش و مانای شۆڕش ترجومەی کەلیمەی ئیقلابە.

ئەگەر ئینقلاب بە واتای گۆڕانی 180 دەرجەبێ ئاڵوگۆڕی قوڵی کۆمەڵاییەتی بێ، بەپێی ئەو لێکدانەوەی ،لە شارەزایان و پسپۆڕان بیستومه!

وشەی شۆڕش یا ئینقلاب جگە لە ئاوەژوو کردنەوە و بنەڕەتی و هەڵوەشاندنی تێکڕای دامودەزگا و دەسەڵاتدارەکان ناکرێ لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ بدۆزیەوە!

دەتوانین وەکو نمونە، شۆڕشی ئوکتۆبر ،شۆڕشی مەزنی فەڕانسە و شۆڕشی گەورەی ئێران ئیشارە بکەین.

ئەگەر ئەو جۆرە لێک دانەوە و هەڵسەنگاندنە بۆ وشەی شۆڕش بە کار بێنین، ئەمن لە هیچ شۆڕشێک بەشداریم نەکردوە.

گونجاوتر ئەوەیە، ئێمە جوڵانەوەی خۆمان بە جۆڵانەوە یا ڕاپەڕین ناوبەرین!

جا ئەگەر مەبەست لە شۆڕش، جوڵانەوە یا ڕاپەرین بێ، ئەمن وەکو کەسێکی سادە بەبەشی کەمێکی خۆم لە بەشێکی‌ بەرەنگاریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بەشداریم کردوە.

ئەوەی کە شۆڕش چی پێداوم، یا لێ ئەستاندوم، لە ڕاستی دا شۆڕش یا جوڵانەوە دوو خەڵاتی مەعنوی بەمن بەخشیون!

هەر ئەوەندە ڕێگە بەمن دراوە بە هەموو سادە و ساکاری خۆمەوە،بێمە نێو ڕیزی جوڵانەوە و قەبوڵ بکرێم و بمێنمەوە بە دەسکەوتێکی گەورەی دەزانم.

لە نێو حیزبی دێموکراتیش دا ،وەکو کەمێک لە هاوڕێیان، ڕەنگە گلەیی خۆم هەبێت، بە خۆشیەوە تا ئێستاش بێ خەڵات ودەسکەوت نەگەیشتومە ئێرە!

لە کۆنگرەکانی 8،9،10 و 16 حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کردنەوەی کۆنگرە بەمن

سپێردراوە، لە کۆنگرەی8،کە

چ ئێستا جیا بوونەوە ڕووی نەدابوو، ئەمن بریندار و بە وەزعێکی لە ڕادەبەدەر شپرزە بووم و، لە نەخۆشخانە کەوتبووم، سەرکردایەتی حیزب دەستوری دانی پەیامی بە من دا، ئەمنیش پەیامێکی وەک خۆم شپرزەم ڕەوانەی کۆنگرەی هەشت کرد، کە لەگەڵ ئەوەی هەڵەشی تێدابوو، بێ زیاد و کەم و بێ دەستکاری خوێندرایەوە.

بۆ زۆربەی کۆنگرەکانیش پەیامم لێ وەر گیراوە، بێ سانسۆڕ کردن خوێندراوەتەوە.

پاشان لە هێندێک کۆنگرەکانی پێش کۆنگرەی یەکگرتنەوەدا بووم بە ئەندامی ئیفتخاری ڕێبەریی حیزب.

پاشان ڕۆژی 16ی سەرماوەز واتە ڕۆژی تەقینەوەی بۆمبەکە بە ڕۆژی کەم ئەندامان دیاری کراوە.

جا ئەگەر لێرە بە دواوە بسڕدرێتەوە ،یا ڕەش

بکرێتەوە دیسان هەر خەڵات و جێی ڕێزە.

ئەوانە هەمویان بۆ من دەسکەوتی بە نرخن، پاشان ئەمن ژمارەیەکی زۆرم ، نامەی تەشویق و پشتیوانی لە لایەن سکرتێرەکان و ئەندامانی ڕەدە باڵای حیزبیەوە، کە بە شێوەی تایبەتی بۆ من نوسراون لەلای خۆم ڕاگرتوون.

هەموی ئەوانە بەخشش و عەتای بەنرخن و بە دەسکەوتی بایەخدار دەزانم.

جا ئەگەر کەسانێک هەبن ڕەخنەیان لێ گرتبم، بەشێک لە کارەکانی من بەهەڵە و چەوت ناوبرد بن، بە کارێکی دروست و بەجێی دەزانم.

چونکە منیش وەکو ئینسانێکی سادە هەڵە و چەوتی خۆمم هەبوە و بەو توانا لاوازو کەمەی هەمە، نەمتوانیوە دەرەقەتی هەموو کێشەکان و گێرەو گۆنگەڵەکان بێم.

ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە دڵسۆزانی ژوورەوەی وڵات لە جنوب و ناوەند و شومالی کوردستانەوە پەیوەندیم لەگەڵ دەگرن، لەبارەی زۆر شت دا ڕاوێژ دەکەین، کە ئەوەش بۆ من دەسکەوتێکی یەکجار زۆر گەورەیە، هەمووشی لەبەر خاتری ئەوەیە، کە من لە حەڕەکەت و جوڵانەوەکان دا، بە توانای لاوازی خۆم بەشداریم کردوە.

ئێستاش کە شیاوی ئەندام بوونم، وەکو ئەندامی حیزبی ماومەوە، بۆ من هەم دەسکەوتە و هەم شانازیە.

نەشۆڕش و نەجوڵانەوە هیچ شتێکیان لەمن نەستاندۆتەوە،وکو عەرزم کردن، زۆر خەڵاتی ڕوحی و مەعنەوی بە من بەخشراوە.

جا ئەگەر سارد و سووکی ،یا کەم لوتفیەک دەرحەق بە من و هاوڕێیان کرابێ تاک بە پێی زەوق و سەلیقەی خۆی کردویەتی، نەک حیزبی دێموکڕات و جوڵانەوە.

هیوادارم هەم ڕوون کردنەوەکەم و هەم درێژ دادڕیەکەم دڵگرانی نەکرد بی.

*

سەبارەت بە بەشی کۆتایی و دوا پرسیارتان!

لە نێوە ڕاستی دڵمەوە عەرزتان دەکەم، ئەمن مامۆستای هیچ کام لە هاوڕێیان و هاوکارانم نەبووم.

هاوکاران و هاوڕێیان بەتایبەت پێشمەرگە ئایزەکانم، لە نێو مەیدانی گەرم و گەردەلول و گێژاوی زۆر سیناروێ سامناک، لە ڕۆژانی مەرگ و خوێن و هەڵپڕوکان دا ڕێنوێنی ڕاستەو خۆ و مامۆستای ڕاستەقینەی من بوون.

پێشمەرگەی هەرە سادە ،لە بەرەنگار بوونەوە و تێک هەڵچوونە بەرینەکاندا،

پێشنیار و بۆ چوونی وایان تەحویلی من داوە، کە لە زیرەکی و وردبینی یەکانیان سەرم سوڕماوە ، بە پەیرە و لە بیرۆکە و ئامۆژگاریەکان سەرکەوتنی زۆر گەورەیان بەدەست هێناوە.

ئەوە لە ناوچەیەک و دوو ناوچە ڕووی نەداوە، هەر لە ڕووباری ئارێزە، بگرە تا دەگاتە ئاژوان و هەورامانات، لە هەموو فاز و

گۆڕەپانە خوێناویەکاندا پێشمەرگەکان پێش کاروان و جۆگە شکێن بوون ، بۆ من مامۆستا و ڕێنوێن و ورە بەخش بوون.

ئەمن وەکو خۆم هیچ کەسم پێ نەگەیاندوە،ئەوان لەگەڵ هاوڕێیان و ئێمە هەموومان گوێمان بۆ یەکتر ڕاگرتوە، ئەلف و بێی بەرەنگاری و ڕاوەستان لە یەکتر فێر بووین، جا ئەگەر ئەزمونێکیشم کۆ کردبێتەوە لە هاوسەنگەرانی ئەو ڕۆژانە فێر بووم.

هیمەتی بەرگری کاران و ئەزمونەکانیان لە زۆربەی بوارەکاندا بوونە سەرکەوتن و تاجی شانازیان لەسەر سەری ئێمە دانا.

لەوسەری کوردستانەوە تا ئەوسەر هاو سەنگەر و مامۆستای زۆرم هەبوە، دڵسۆزی زۆرم بۆ دروست بوون، کە دەتوانم بێ گەورەکردنەوە عەرزتان بکەم، سەدان کەس لەو هاوڕێیانەم شەهید کراون، تەنانەت لە هێرشی داگیرکەران لە پیرانشارسەردەشت، زیاتر لە 100پێشمەرگەی هاوڕێم شەهید کراون، 16جەنازەی هاوڕێیانمان لەبەرەنگاری دەستەو یەخه، بەچەکەکانیانەوە، کەوتنە دەستی دوژمنانمان.

بەپێی ئاماری وردی خۆمان زیاتر لە 300 پێشمەرگە بریندار و کەم ئەندام کران، کە بەداخەوە لێرە و لەو مەیدانە تەنگە بەرەدا ناکرێ ناوی هەموان بێنین.

ئەگەر ناوی بەشێکیان بێنین، بەشەکەی دیکە فرامۆش بکەین،کارەکەمان زۆر ناعادڵانە و بێ تام و چێژ دەبێت.

هەموو ئەو پێشمەرگە و فەرماندانە، نزیک لە خۆم شەهید بوون، هەمووی ئەوانەش برینی قورسیان هەڵگرتوە و ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە، بە شێکیشیان ماون لە بیرەوریەکانم دا، کە زیاتر لە 15هەزار دەقیقە دەنگە، لە وانەیە 10 جڵدی 500 لاپەڕی بگرن، هەموویانم ناوبردون و باسم کردون.

هیوادارم پێش مردنم بتوانم بەشێکی ئەو دەنگە تۆمار کراوانەم بکەمە پیتی نووسراو، بە بەڵگە و سەنەدی روونەوە کە هێندێکشیان بەڵگەی دەست بەسەر داگیراوەکانی نێو مۆڵگە و لانە جاسوسیەکانی دووژمنن.

بەشێکیشیان بە دەست و خەتی هاوڕێیانی سەرکردایەتیمانن. جا ئەگەر فریای بەشێکی کەمیشیان بکەوم، بە چاپیان بگەیەنم و بیانخەمە دەستی هاوڕییان و هاونیشتمانیانی بەڕێزمان.

لێرە ئەو جار و سەدجاری دیکەش لە بەرامبەر ڕوحی ئەوانەی لە مەیدانە گەرمەکاندا شەڕافەتمەندانەو سەربەرزانە بە گولەی دژەکوردان چوونە نێو خەوی ئەبەدی و شەهید کران، هەروەها لەبەرامبەر هاومەتەرێزە قارەماناکانم، کە لە ژیان دا ماون و بەغیرەت و هیمەتی کوردانەیان بەگژ هێزە داگیرکەران دا هاتنەوە، بە مستی پۆڵایین یان بەرپەرچی داگیرکەرانیان دایەوە، لە نێوەڕاستی دڵمەوە ڕێز و حورمەتیان بۆ دەنێرم.

هاودڵی و یەکیەتی و یەکگرتویی ڕاست و دروستی نیازپاکانە، ڕەمزی سەرکەوتنی یەکجاری ئێمەن.

ئاواتە خوازی سەرکەوتنتانم. حەسەن شیوەسەڵی .

ئەوە بەشێک بوو لە یادەوەرییەکانی فەرماندەیەکی کارامەی رۆژە سەختەکانی خەبات، کە هەگبەیەکی لە کۆتا نەهاتوویە لە گێڕانەوەی داستانەکانی بەرەنگار بوونەوە دژی داگیرکەرانی کوردستان.

هەربژین و سەرکەوتوبن و بەخێرو خۆشیتان دەسپێرم.