Hoppa till innehåll
Hem »  پیلانێکی شوومی دوژمن و بەرگرییەکی قارەمانانەی چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، کەماڵ فازلی

 پیلانێکی شوومی دوژمن و بەرگرییەکی قارەمانانەی چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، کەماڵ فازلی

بەداخەوە بە هۆی تێپەڕینی ساڵانێکی زۆر بەسەر ڕوودانی ئەو کارەساتەدا، بە تەواوی ڕێکەوتەکەم لە بیر نییە؛ بەڵام دەزانم سەرەتای پایزی ساڵی 1376ی هەتاوی بوو. لەگەڵ هاوسەری ژیانم و تاقە کوڕەکەمان کە تەمەنی تەنیا 4 ساڵ دەبوو،

 

چەند ڕۆژێک بوو بۆ دیدار و سەردان چووبووین بۆ لای هاوڕێیانی کۆمیتەی شارستانی بانە و هێزی ئاربابا  کە ئەو کات لە شوێنێک بەناوی  تانجەرۆ  لە ناوچەی سلێمانی نیشتەجێ بوون.

ئێوارێ زانیمان کە سبەینێ بەیانی، ئۆتۆمبێلی کۆمیتەی شارستانی بانە بە مەئموریەت و بۆ کاری حیزبی دەچێتە دەفتەری سیاسیی حیزب لە نزیک شاری کۆیە. ئێمەش داوامان لێکردن ئەگەر جێگەیان هەبێت، ئێمەش ( من و خێزانم و منداڵەکەم) لەگەڵ خۆیانمان بەرنەوە بۆ کۆیە. زۆر بە سەمیمی و خۆشحاڵییەوە ڕەزامەندییان دەربڕی کە ئێمەش ببینە هاوسەفەریان. دیارە شوێنی ژیان و کاری حیزبی من و بنەماڵەکەم، بنکەی دەفتەری سیاسی و حیزب بوو لە کۆیە.

 حەرەکەت بەرەو کۆیە و ناسینەوەی تیرۆریستان

بۆ ڕۆژی دوایی، دەوروبەری سەعات 10ی بەیانی، ئۆتۆمبێل و هاوڕێیانی کۆمیتەی شارستانی بانە ئامادەی ڕۆیشتن بوون و ئێمەیان ئاگادار کردەوە کە بێن با بڕۆین. کاک *عەلی عەزیزی*، فەرماندەی هێزی ئاربابا، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی ئەو هێزە بە ناوەکانی *لوقمان* و *سامان*، هەروەها پێشمەرگەیەکی کەمئەندام بەناوی *بەختیار* کە بەداخەوە قاچێکی لەدەست دابوو، لەگەڵ لاوێکی تازەپێگەیشتوو کە چەند ڕۆژێک دەبوو بۆ پێشمەرگایەتی هاتبوو (بێ چەک بوو) و ئێستا لەبیرم نەماوە ناوی چی بوو، دەهاتن بۆ دەفتەری سیاسی و هاوسەفەرمان بوون. دیارە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش هاوڕێیەکی کۆمیتەی بانە بوو بەناوی کاک **ئەمیر سەقزی*. سەرجەم هەموومان بە منداڵەکەمانەوە *9 کەس* بووین.

لەگەڵیان سوار بووین و بەرەو شاری سلێمانی و لەوێشەوە بەرەو کۆیە حەرەکەتمان کرد. تازە لە سلێمانی دەرکەوتبووین و لە کارگەی چیمەنتۆی تاسڵووجە تێپەڕی بووین. لە نزیک ئوردووگای پیرەمەگروون، ئۆتۆمبێلێکی برازیلی، ڕەنگی سپی، زۆر بە خێرایی و تیژی وەپێش ئۆتۆمبێلەکەی ئێمە کەوتەوە و زۆر بە توندی تێپەڕی و ئێمەی بەجێهێشت. کاک عەلی عەزیزی و ئەمیر ئۆتۆمبێلەکەیان ناسییەوە کە *سیخوڕ و بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن* و چەند ڕۆژ پێشتر تەقەیان لە پێشمەرگەکانی حیزب کردووە و ڕایان کردووە و دەرباز بوون.

هەر بۆیە کاک عەلی فەرمانی بە ئەمیر کرد کە زۆر بە خێرایی و بە سوورعەت بەدوویان بکەوێ، نەوەک لەسەر ڕێگەی ئێمە *کەمین و بۆسەمان بۆ دابنێن* و بیانەوێ زەربەمان لێ بدەن.

 بەرگریی قارەمانانە و تێکشکاندنی بۆسەکە

هەر بە دوای پێشنیاری کاک عەلی، ئەمیر زۆر بە توندی و خێرایی بەدوویان کەوت. ئێمە لەسەر ئەو پێشهاتە خەریکی ڕاو و بۆچوون گۆڕینەوە و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بووین کە بینیمان ئۆتۆمبێلە برازیلییەکە گەڕاوە، بەڵام دیار بوو نەفەرەکانی دانابوو و تەنیا شۆفێرەکە بەتەنیا بوو. هەر کە گەیشتە ڕاستی ئێمە، سەری کەمێک داخست و بە دەستێکی پێش دەم و چاوی خۆی گرت بۆ ئەوەی نەیناسینەوە.

ئەو جارە کاک عەلی عەزیزی تەواو بۆی دەرکەوت کە ئەوانە تیرۆریستن و لەسەر ڕێگە بۆ زەربەلێدان و لەبەینبردنی ئێمە، کەمینیان بۆ داناوین. هەر بۆیە خێرا دەستووری بە ئەمیر دا ئۆتۆمبێلەکەی ڕاگرت. خۆی و لوقمان چوونە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە (ئۆتۆمبێلەکەمان *جووت کابین* بوو کە بەشی دواوەی سەر ئاواڵا بوو). زۆر بە گەرموگوڕی و بە غیرەتی کوردانە و بە ورەیەکی بەرزەوە، هەردووکیان فیشەکیان نابەر تفەنگەکانیان.

پاشان کاک عەلی فەرمانی بە ئەمیر کرد بەبێ ترس و بە وشیاری و کۆنترۆڵی تەواو زۆر بە توندی و بە سوورعەت بەناو مەسیری خۆماندا، کە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بوو، حەرەکەت بکە و هەتا من ئاگادارت نەکەمەوە مەوەستە. ئێمە دەبوو ڕێک بەو شوێنەدا بڕۆین کە تیرۆریستەکان بۆسەیان بۆ دانابووین.

دیارە بەڕاستی مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر ڕێگامان بوو. مرۆڤ لەو کاتەدا هەستی دەکرد سێبەری مەرگ لەسەر سەریەتی و تارمایی مردن و لەناوچوون ئاسۆی ژیانی لێڵ و نادیار دەکات. من پێم وا بوو بە هۆی ئەوەی کە ژن و منداڵمان لەگەڵدایە، باشتر وایە بۆ ماوەیەک لە شوێنێک ڕاوەستین تا بزانین وەزعەکە چی لێ دێت و بە کوێ دەگات، بەڵام کاک عەلی قارەمان و بە ورە پێی وا بوو نابێ بوەستین و کات بە فیڕۆ بدەین. بەڵکوو دەبێ بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و باوەڕ بەخۆبوون، مەسیری ڕێگەی خۆمان درێژە پێ بدەین و بۆ ئەگەری هەر پێشهات و ڕووداوێک ئامادەیی تەواومان هەبێت و بە توندی بەرپەرچی هەر چەشنە هێرش و جموجۆڵێکی تیرۆریستان بدەینەوە.

پێش ئەوەی حەرەکەت بکەین، کاک عەلی ڕووی تێکردین و پێی وتین: «نیگەران مەبن، ئەوانە زۆر خوێڕی و ترسنۆکن، لە پێناوی بڕە پارەیەکی کەمدا ئەو کارە نامرۆڤانەیە دەکەن. هەر کە بزانن ئێمە دەست دەکەینەوە و شەڕیان لەگەڵ دەکەین، خۆ ناگرن و ڕادەکەن.»

 بڕیارێکی چارەنووسساز

دیارە لەو ساڵەدا کۆماری ئیسلامی بە هۆی شەڕی براکوژی لە باشووری کوردستان و کزی و لاوازی و بۆشایی دەسەڵات و دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان، بە هۆی سیخوڕ و بەکرێگیراوەکانی خۆیەوە فشارێکی زۆری بۆ سەر شۆڕشگێڕان و حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیشتەجێ لە باشوور، هێنابوو. ڕۆژ نەبوو چەند پێشمەرگە و مرۆڤی شۆڕشگێڕ بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر و خەڵتانی خوێن نەکرێن، یان نەفڕێندرێن و بێسەروشوێن نەکرێن.

بەداخەوە لە هەل و مەرجی ئەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان، بە تایبەتی دوو حیزبی سەرەکی (پارتی دێموکڕات و یەکێتیی نیشتمانی)، بە هۆی سەرقاڵبوون بە شەڕی نێوخۆیی و پلان و بەرنامە دانان بۆ کوشتن و لەبەینبردنی برا و کەسی خۆیان و وێرانکردنی ئەو بەشەی کوردستان و وەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی داگیرکەرانی کوردستان، نەدەپەڕژانە سەر دیفاع و پارێزگاری لە کوردانی ڕۆژهەڵات کە خوشک و برا و میوانی ئەوان بوون.

ئا لەم دۆخە هەستیار و دژوارەدا بوو کە کاک عەلی، فەرماندەی بە ورە و بەتوانا، بڕیاری دا بۆ جارێکیش بێت، دەبێ لە تیرۆریستانی بێ ویژدان و مرۆڤکوژ ڕابپەڕین و ڕێگە نەدەین پیلانی شووم و گڵاویان سەرکەوێت و زەربەمان لێ بدەن.

 دوو هۆی بڕیارە جەسوورانەکەی کاک عەلی

بە بڕوای من، لەو کات و ساتە پڕلە مەترسی و هەستیارەدا، ئەو بڕیارە جەسوورانەیەی کاک عەلی دوو هۆی تایبەتی هەبوو:
1. *یەکەم:* ئەوەکە ئەگەر کاک عەلی دەستووری پاشەکشە و گەڕانەوەی دابایە، یان بۆ چەند کاتژمێرێک لەو شوێنەدا لە چاوەڕوانی و بێهیواییدا ماباینەوە، ڕەنگ بوو بۆ ڕۆژانی دوایی لەلایەن هاوسەنگەران و هاوڕێیانی حیزبییەوە لۆمە کرابا و خرابایە ژێر پرسیار. چونکە بەداخەوە لەنێو حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان، بە تایبەتی لە نێو هێزی پێشمەرگەدا، مەسەلەی ئیحتیات و هەست بە مەترسی کردن و پاشەکشە وەک *عەیب و ترسنۆکی* چاو لێ دەکرا. هەر بۆیە زۆر جار پێشمەرگەی کورد بۆ ئەوەی لەلایەن هاوڕێیانی خۆیەوە لۆمە نەکرێت و عەیبەی نەیەتەوە سەر و بە ترسنۆک ناوی نەبەن، دەبوو بڕیاری زۆر مەترسیدار و دوور لە مەنتقی دابایە و ڕیسکی دەکرد و گیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە.
2. *دووەم:* هۆی بڕیارە جەسوورانەکەی کاک عەلی فەرماندە ئەوە بوو کە بیسەلمێنێ و نیشانی بدات کە ناو و شکۆی *پێشمەرگەی کورد* و گەورەیی و فیداکاری و هەستی بەرگریی پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، زۆر زیاتر و مەزنترە لە خەون و خەیاڵی چەپەڵی چەند کەسێکی بەکرێگیراو و مرۆڤکوژ.

کاک عەلی پێی وا بوو بە هیچ شێوەیەک نابێ و ناکرێ زەعف و بێدەسەڵاتی و دەستەوەستانی لەخۆمان نیشان بدەین. ئەگەر درێژە بە ڕێگە نەدەین و بەرگری نەکەین و تیرۆریستەکان تێکنەشێکین، ورەی پێشمەرگە کز دەبێ و دوژمن خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت و بەرنامە و پیلانی زەربەلێدانی زیاتری دەبێ. هەر بۆیە دەبێ لە شوێنێک و لە کاتێکی گونجاوی وەک ئێستادا پێشیان پێ بگیرێت و ئیجازەی مانۆڕدان و مەیداندارییان پێنەدەی.

 دەستپێکردنی شەڕ

لەسەر فەرمان و ئەمری کاک عەلی و لەژێر کاریگەریی ورەبەزی و لەخۆبردوویی ئەو فەرماندە قارەمانەی دێموکڕاتدا، بەرەو شاری کۆیە وەڕێکەوتینەوە. کاک عەلی، ئەمیری شۆفێری ئاگادار کردەوە زۆر بە توندی و بە خێرایی بەرەو شاری کۆیە ئۆتۆمبێلەکە لێ بخوڕێت.

لە کاتێکدا هەموومان لە ئۆتۆمبێلەکەدا بووین و هاوڕێ ئەمیر سەقزی لە پشت فەرمانی ئۆتۆمبێل بوو و زۆر بە سوورعەت و خێرایی تەواو بەرەو شاری کۆیە بەڕێوە بووین، تەنیا هەر *500 مەترێک* لە شوێنی وەستانەکەمان دوور کەوتبووینەوە، لەپڕ لەلای ڕاستەوە دراینە بەر *دەسرێژی گوللە و ئاگر* باران کراین. بەڵام کاک عەلی و لوقمانی قارەمان کە لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەدا بە وریایی و ئامادەیی، دەست لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگ، چاوەڕوانی هێرش و دەسرێژی دوژمن بوون، زۆر بە خێرایی و لە چاوتروکانێکدا زۆر ئازایانە لە تیرۆریستان وەدستهاتن و وەڵامی ئاگری دوژمنیان دایەوە و دەرەتانی هیچ چەشنە جموجۆڵ و هێرشێکیان پێ نەدان.

 خۆبەدوورگرتنی خەڵک و بێ ئومێدبوون لە هاوکاری

بەڕاستی و بەبێ ئیغراق و پێداهەڵگوتن دەڵێم: ئەو شێوە بەرگری و دژکردەوە و ڕاسانە پێشتر تەنیا لە فیلم و ڕۆمان و حیکایەتە ئەفسانەیی و خەیاڵییەکاندا بینیبووم و بیستبووم. ئەو شێوە بەرگری و وەدستهاتن و بەرپەرچدانەوەیە تەنیا لە پێشمەرگەی کورد و ڕۆڵەی دێموکڕات چاوەڕوان دەکرێت.

دوای ئەوەی پێشمەرگەکان بە توندی وەڵامی ئاگری تیرۆریستەکانیان دایەوە و لە ماوەیەکی کورتدا بێدەنگیان کردن و بەسەریاندا زاڵ بوون و مەجالی هیچ چەشنە پێشڕەوی و هێرشێکیان پێنەدان، ئەو جار کاک عەلی خێرا داوای لە ئەمیر کرد ئۆتۆمبێلەکە ڕاگرێت.

هەر کە ئۆتۆمبێل ڕاوەستا، کاک عەلی و لوقمانی هاوڕێی زۆر بە وریایی و خێرایی خۆیان لە ئۆتۆمبێلەکە فڕێدایە خوارێ و ئێمەش بەدوای ئەواندا بە خێرایی دابەزین و بەرەو شوێنی تیرۆریستەکان پێشڕەویمان کرد. بەڵام لە ناکاو کاک عەلی ڕووی لە من کرد و داوای لێکردم هەرچی زووتر بە هەر شێوەیەکی مومکینە ئەو ژن و منداڵ و پێشمەرگە کەمئەندامە لەوێ ڕابگوازین و لە مەیدانی شەڕەکە دووریان بخەینەوە.

دیارە ئەو شوێنە سەر ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی بۆ دوکان، هەولێر، کۆیە، ڕانیە و ناوچەی پشدەر بوو. هەر بۆیە زۆر قەرەباڵغ و پڕ هاتوچۆ بوو. ئێمەش لەسەر دەستووری کاک عەلی چەندین ئۆتۆمبێلمان ڕاگرت و داوامان لێکردن یارمەتیمان بدەن ئەو ژن و منداڵە سوار بکەن و تا کۆیە یان بۆ کەمێک دوورتر لەوێ بیانگوازنەوە. *لانی کەم 20 ئۆتۆمبێلمان* ڕاگرت، بەڵام بەداخەوە کەس ئامادە نەبوو هاوکاریمان بکات! تەنانەت ئۆتۆمبێلی وا هەبوو خاڵی بوو و هیچ مسافیری پێنەبوو؛ مینی بووس، ئۆتۆمبێلی گەورە، تاکسی، ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر، هەرچی هات کەس ئامادە نەبوو یارمەتیمان بکات و ژن و منداڵ و کەمئەندامەکەمان سوار بکات بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت و تووشی کارەساتی ناخۆش نەبین.

هەندێک لە شۆفێرەکانی ئۆتۆمبێلەکان پێیان وا بوو ئەو شەڕە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و ژنمان هەڵگرتووە. بە هیچ شێوەیەک باوەڕیان نەدەکرد بەو نیوەڕۆیە لەسەر ئەو ڕێگە سەرەکییە و تەنیا *1000 مەتر* دوور لە سێتەرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (دیارە ئەو شوێنە لە نزیک شارۆچکەی دوکان بوو کە یەکێتیی نیشتمانی سێتەرەی لە دەروازەی دوکان هەبوو و حاکمی ناوچەکە بوو). دەیانگوت: «ئێمە ناوێرین هیچ یارمەتییەکتان بدەین چونکە نازانین ئەو شەڕە بۆ چییە و لەسەر چییە و دوایی تووشی کێشە و گرفت دەبین.»

هەر وابزانە ئەو ڕۆژە خەڵکی ئەو وڵاتە بە گەورە و چووکەوە، بە ژن و پیاوەوە، بڕیاری کوشتن و لەنێوبردنی ئێمەیان ئیمزا کردووە و حوکمی نەمان و قەڵاچۆکردنی ئێمەیان داوە. داوای هاوکاریمان لە هەر کەس کرد، وەڵامی ڕەددی داینەوە و دەستی بە ڕووماندا نا.

بەو حاڵە، ئێمە هەر خۆمان ماینەوە و چەکی دەست و بیروباوەڕ و ئیرادەی پۆڵایینمان هەر خۆمان بووین. ئومێد بە ژیان و داهاتوومان و باوەڕ بە حەقانییەتی ڕێگا و ڕێبازە پیرۆزەکەمان، لەو کاتە هەستیار و پڕلە مەترسی و چارەنووسسازەدا، تەنیا یار و یاوەر و پشتیوانی ئێمە شی و دۆڵ و دار و بەردی ئەو مەڵبەندە بوو. هەر بۆیە دوای ئەوەی تەواو **نائومێد بووین لە خوشک و برایانی هاوزمان و خاوەن ماڵ*، خێرا و بەبێ دوودڵی بڕیاری کۆتایی و شەڕی مان و نەمانمان دا.

 سەرکەوتن بەسەر پیلانە شوومەکەدا

پاش ئەوەی زۆر بە خێرایی لە نێو خۆماندا ساغ بووینەوە و بڕیارمان دا لەگەڵ تیرۆریستەکان شەڕی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە بکەین و بە هەر شێوەیەکی مومکین تێکیان بشکێنین، بە ئیمان بە حەقانییەتی ڕێبازەکەمان، لەژێر فەرماندەیی کاک عەلی، ڕێکخستنی ورد و پاشان هێرش بۆ سەر خۆفرۆش و بەکرێگیراوەکان دەستی پێکرد.

لە ماوەیەکی کورتی شەڕ و تەقە و لێکداندا و هەڵمەتێکی شێرانەی پێشمەرگە ورە بەرز و قارەمانەکان، بەکرێگیراوەکان تێکشکان و بەرەو بەرزاییەکانی پشتی خۆیان ڕایان کرد و هەڵاتن. هەرچەند پێشمەرگەکان تا مەودای چەند سەد مەترێک بەدوایاندا کەوتن و تەواو تێکیان شکاندبوون، بەڵام کاک عەلی فەرمانی پێکردن ڕاوەستن و چی دیکە بەدوایاندا نەکەون، لەبەر ئەوەی هەم شوێنەکە زۆر دارستانی چڕ و پڕ و شاخاوی بوو، هەم پێشمەرگەکان بەتەواوی شارەزای ناوچەکە نەبوون. دیارە مەترسی ئەوەش هەبوو پێشمەرگەکان تووشی تەلەفات و زەرەر و زیان بن. لە لایەکی دیکەشەوە، بەو ژن و منداڵەوە هەر مانەوە لەو شوێنە *نائەمن و بێ ساحێبەدا* هیچ لە بەرژەوەندی ئێمەدا نەبوو.

 تاڵی یادەوەریی منداڵەکەم

هەرچەند ئێمە لەو کەمین و شەڕ و تەقە و ئاگر بارانەدا سەرکەوتوو بووین و تووشی هیچ چەشنە زەرەر و زیانێکی گیانی نەبووین و هەموو پێشمەرگەکان ساغ و سەلامەت و زۆر ورە بەرز بوون، هەروەها تیرۆریستەکان تەواو تووشی شکست و پاشەکشە و هەڵاتن ببوون؛ بەڵام بەڕاستی ئەوەی لەو کاتەدا بۆ من زۆر ناخۆش بوو و ئازاری دەدام، و هەتا ئێستاش پاش تێپەڕینی ساڵانێکی زۆر لەم کارەساتە ناخۆشە، لە باری ڕۆحی و دەروونی و ویژدانییەوە بۆ من گەلێک بەئازارە و بێتاقەتم دەکات، ئەوە بوو کە ئەو منداڵەمان کە تەمەنی تەنیا *4 ساڵان* بوو، بەداخەوە تا کۆتایی شەڕەکە لەبەر بێ ئیمکانی و بێ پەنایی، هەر لە مەیدانی شەڕەکەدا و لەژێر دەسرێژ و ڕەهێڵەی گوللە و ئاگردا بوو. دەیان گوللەی چەکی جۆراوجۆر لە تەنیشت و ئەولا و لای بە زەویدا کەوتبوون، و دایکی خەمبار و نیگەران بە ترس و دڵەڕاوکێوە خۆی بۆ کوڕە تاقانەکەی کردبووە *سەنگەر و سەرپەنا* هەتا گیانی ڕۆڵەکەی بپارێزێت و ئەگەر گوللەیەک هات بە منداڵەکەی نەکەوێت.

 گەڕانەوە و هەڵوێستی ساردوسڕ

پاش ئەوەی شەڕەکە بە شکستی تیرۆریست و مرۆڤکوژەکان کۆتایی هات، لە کاتی گەڕانەوەماندا بۆ لای ئۆتۆمبێلەکەمان بە مەبەستی سواربوون و دوورکەوتنەوە لە مەیدانی شەڕەکە، زانیمان کە چەند گوللە لەلای ڕاستەوە بەر دەرگای ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە، ڕاست نزیک شوێنی دانیشتنی کاک عەلی، کە بە خۆشییەوە هیچ زەرەرێکی نەبوو.

پاش ئەوەی بە لێزانی و وشیاری و ورەی بەرز و *مودیرییەتی ڕێک و پێکی کاک عەلی*، ئەو پیلان و بەرنامە شوومەی تیرۆریستان پووچەڵ کرایەوە و بە هۆی فیداکاری و ئازایەتی پێشمەرگە قارەمانەکان، کەمینی دوژمن تێکشکا و بە سەرشۆڕی ناچار بە هەڵاتن کران، ئێمەش بە سەلامەتی بەبێ زەرەر و زیان ناوچەکەمان بەجێهێشت و بەرەو شوێنی مەبەست، کە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕات لە کۆیە بوو، وەڕێکەوتینەوە.

دیارە لەسەر ڕێگەمان تووشی سێتەرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووین کە لە شوێنی شەڕەکە نزیک بوو و تەنانەت گوێیان لە دەنگی ڕەگبار و تەقەکەی شەڕەکەش ببوو. کاتێک پێمان ڕاگەیاندن کە لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆسەیان بۆ داناوین و تووشی شەڕ بووین و بۆسەکەشمان شکاندووە، داوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەمان لێ کردن، بەڵام برایانی یەکێتی زۆر *بە ساردی و بێدەسەڵاتی و بەبێ هەست کردن بە بەرپرسیارەتی** قسەکەیان وەرگرتین و هیچ دژکردەوە و هەڵوێستێکیان لە خۆیان نیشان نەدا. ئێمەش بەجێمان هێشتن و ڕۆیشتین.

 کۆتایی و دەستخۆشی هاوڕێیان

پاشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژە گەیشتینەوە کۆیە و لای هاوڕێیانمان لە بنکەی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکڕات. کاتێک ڕووداوەکەمان بۆ هاوڕێیانمان باس کرد و چۆنییەتی پیلانگێڕی و بەرنامەی کەمین دانان بە مەبەستی لەداوخستن و زەربەلێدان لە ئێمەمان بۆ ڕوون کردنەوە و بەوردی ڕووداوەکەمان بۆ شەرح دان، لەلایەک هاوڕێیانی دەفتەری سیاسی زۆر نیگەران بوون لەو پیلانە شووم و پڕلە مەترسییە کە ئیمکانی ئەوەی هەبوو کارەساتی زۆر ناخۆش و دڵتەزێنی لێ بکەوێتەوە.

لە هەمان کاتدا زۆر خۆشحاڵ و سەربەرز و ڕازی بوون لە هەڵوێست و بەرگری و هێرش کردن و تێکشکاندنی کەمینی تیرۆریستانی بەکرێگیراو. هەر بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنەوە، دەیان جار *دەستخۆشی و ئافەرینیان* بە پێشمەرگە قارەمانەکان وتووە. بە تایبەتی زۆر سوپاس و دەستخۆشییان لە کاک عەلی عەزیزی بۆ فەرماندەیی و مودیرییەت کردنی ئەو چالاکییە ڕێک و پێک و سەرکەوتووانەیە کردووە کە بە نەفەراتێکی زۆر کەم و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کەمینی دوژمنیان تێکشکاندووە و بێ زەرەر و زیان و تەلەفاتی گیانی، خۆیان ڕزگار کردووە و سەرشۆڕی و نائومێدی و تامی تاڵی شکستیان بە گەرووی دوژمندا کردووە.

لە کۆتایی گێڕانەوەی ئەم بیرەوەرییە ناخۆش و پڕلە ئازارەدا، حەز دەکەم بە خوێنەرانی بەڕێز بڵێم: ئەگەر لە باری ئیمڵایی و ئینشایی و ڕستە و پەرەگراف و داڕشتنەوە کەم و کوڕییەکم هەبوو، بە گەورەیی خۆتان بمبوورن.

*کەماڵ فازلی*
نۆروێژ، 2025/12/07