ئێرە گوندیی مەرەسانە لە ناوچەی ئێناخی، ئێرە ناوچەیەکی گەرمەسێری و شوێنی ئاژەڵداریە لە وەرزی زستاندا ، بە هۆی هەبونی کۆمەڵێک ئەشکەوت (مەڕ) ئەو ناوەیی بەسەردا بڕاوە ، واتە مەڕستان وەک گۆڕستان ( مەڕ وشەیەکی هەورامییە و واتا ئەشکەوت، کەورگ)،

مەڕەسان لە نێوان گوندی دەوان و کەیڵەکۆندا و لە لێواری چەمی دەوان ،مەڕەخێڵدا هەڵکەوتووە
پاش شەڕی پاوە( ساڵی١٣٥٨ ) و هێرشی داگیرکەران و ئاوارەبونی دانیشتوانی ناوچەکە ئەم گوندە و چەندان گوندی دیکەی ناوچەکە تا ئێستا بە چۆڵ کراوی ماونەتەوە و بۆ دانیشتوانی هاتوچۆش یاساغە.
پاش ئاوارە بونمان بۆ باشوور کۆتاییەکانی پاییزی ١٣٥٩ چەند بنەماڵەیەک لەئۆردوگای عەنەبەوە ( باشوور)گەڕاینەوە بۆ ناوچەی ئێناخی کە هێشتای لە لایەن هێزە چەکدارارەکانی کۆماری تازە بەدەسەڵات گەیشتوی ئێرانەوە داگیر نەکرابو.
ئەودەم ئەوناوچەیە تەنها ئەوچەند ماڵەی ئێمەی لێبوو، دواتر کۆمەڵێک بنکە و بارەگای پێشمەرگە و چەندان بنەماڵەی پێشمەرگە و خەڵکانی پەرتەوازەی لێ جێگیر کرا و ناوچەکەش بو بە قەڵای بەرخۆدان دژی جمهوری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی.
هاوینی ساڵی ١٣٦١ بەکرێگیراوانی خۆماڵی بە پێنج هەزار چەکدارەوە لەساڵ ڕۆژی کوژرانی ڕەجایی و باهونەر، لەژێر ناوی ڕەمزی ئەو دوووو کورد کوژە هێرشیانکردە سەر ناوچەکەو داگیریان کرد.ئێمە چەند پێشمەرگەیەک پیشتر بڕیارمان دابو لە ئەگەری داگیرکردنی ناوچەکە ژن و منداڵەکان ڕانەگوازین لەگەل خۆمان.
دوای داگیر کردنەکە بەکرێگیراوەکان ئەم ژن و منداڵەیان کردە دیلی مەیدانی شەڕ و سپەری پاراستنی خۆیان. .
دوای ماوەیەک هەواڵ گەیشت کە کۆمەڵێک ژن و منداڵ بونەتە قوربانی پیلانی خۆفرۆشان. زستانی ساڵی ١٣٦١ لەگەل هاوڕێیەک بڕیارماندا دوو کەسی سەردانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆ فرۆشەکان بکەین بۆ سەردان و زانیاری و چۆنیەتی ژیان و بە سەرهاتی ژن و منداڵەکانمان.
دوا نیوەڕۆیەکی سارد و باراناوی توش و ساردی زستانە لە ڕێشاو( باشوور) ڕێکەوتین، پاش تێپەڕین لە سەر پردی سیروان( ئاوەمار) بە پلە و تەرواڵەکەی لای لانەوان خۆمانگەیاندە گوندە چۆڵکراوەکەی ژاڵەی ڕەحمان بەگ، لە نێو خانوە چۆڵەکەی شەهید حەسەن ئاورێکمان کردەوە و لەبەر گڕی ئاورەکە خۆمان وشک کردەوە کە بەهۆی لێزمە بارانەوە بە تەواوی ئاومان لێ ئەچۆڕاو تەڕببوین، لێرە بەدواوە دەبو چاوەڕوانی تاریک داهەتنی شەو بکەین. بارانەکە بەردەوام بوو، لەگەل داهاتنی تاریکایی خۆمان کۆ کردەوە و بە دۆڵی کەورگی پشیلاندا سەرکەوتین بەرەو شەکرەدار ، بە نیاز بوین لە شەکرەدار و پشت پاسکای مەڕەخێڵ و بە نێوان گوندە چۆڵکراوەکانی تەرگاران و کەیڵەکۆن و مەڕی گەوری خۆمان بگەیەنینە گوندی مەڕەسان، پێشتر هەواڵمان زانیبوو چەند بنەماڵەیەکی ئاژەڵدار ئیزنیان لە ئیتلاعاتی باینگان وەر گرتوە کە لەوێ ئاژەڵەکانیان بلەوەڕێنن.
لە تاریکە شەویکی چڕ و هەورێکی ڕەشی باراناوی خۆمان لە جادە کۆنەکە نزیک کردەوە ،لە بەر ترسی کەمین خۆمان دا بە عەرزا و گوێ قوڵاخی جمو جۆڵ و ورە ور و خشە خش بوین، بە هۆی تاریکای بە چاو تاپۆی مرۆڤ و دار و بەردمان بۆ جیا نەدەکرایەوە، لە ناکاو لە چەند متریمان بڵێچەی ئاوری لولەی چەک و پاشان دەنگی تەقینی گولە ڕایچکەکاندین. بەهۆی شاخاوی بوون و بەربەست کرانی ڕێگاکەمان بە مین دەبوو ڕێگاکەمان بگۆڕین . هەرچۆنێک بوو بەشوێن خۆماندا گەڕاینەوە بۆ خانوە چۆڵەکەی پێشومان .خانوەکە لە شوێنێکی نادیارلە هێزەکانی ڕژیمدا هەڵکەوتبودیسان ئاورەکەمان نێڵدا و لە بەر ئاورەکە خۆمان وشک کردەوە و کەوتینە ورد و کردی هەڵبژاردنی ڕێگای دەرباز بوون ، هەرچەند لەو شوێنەوە تەنها دوو ڕێگا هەبوو ، ڕێگایەکمان لێ بەربەست کرابوو و ڕێگای دووهەم دۆڵی ماسان و ملەی قەلانجانمان بۆ مابویەوە.ڕێگای دۆڵی ماسان ڕێگایەکی چڕ و هەڵدێر و نالەبار بو بە تایبەت بۆ شەوێکی تارێکی وەک ئەوشەوە و دواتریش کە لەدۆڵەکە دەرباز ئەبویت ئەگەیشتیتە تەنگەبەرێکی بەرتەسک کە ئەوەندەی دەروازەی ماڵێک دەبو ، ئەم بەرتەسکییە هەلی باشی ڕەخساندبو بۆ دانانەوەی مین لە لایەن جاشەکانی مۆڵگەی ماسان. .بەهۆی لێزمەباران و تاریکی شەو و مەیدانی مینی ئەو تەنگەبەرە و هەبونی دوو مۆڵگەی نزیک لەیەک و گەشت و کەمینی سەرجادەکە من دوو دڵ بووم لە درێژەدانی ڕێگاکەمان. پاش هندێک ورد و کرد هەستم کرد کە هاوڕێکەم وادەزانێت کە ترسێکی زۆر سەر تا پای داگرتوم و لاقەکانم نایەن لە شوێنم بۆ درێژەدانی ڕێگا.
ئەو دەربڕینەی هاوڕێکەم قورس بو بۆم و بە بێدەنگی خۆم پێچایەوە و لابەلا بوینەوە بۆ دۆڵی ماسان، پاش تێپەڕین لە دۆڵی ماسان و تەنگەبەرەی تکاوان و مەیدانی مینەکان و کەمینی سەرجادەی ماسان مەڕەخێڵ و ملەی قەلانجان لابەلا بوینەوە بۆ گوندە چۆڵکراوەکەی بانییە ، بەرەوخوار بوینەوە بۆ گوندی مەرە سان.
پاش دە کاتژمێر ڕێپێوان لە ژێر ڕەهێلەی باران و تێپەڕین لە چڕ و هەڵدێرەکانی دۆڵی ماسان و مەیدان مینەکان دەمەوبەیانی لە ماڵەکانی مەڕەسان نزیک بوینەوە. ئەودەم جادەی ماشین لە دەرەگەی زەیتێ بۆ خوارەوە نەکێشرابوو، نزیکترین ڕێگای نێوان بۆ مەڕەخێڵ لای گوندی مەڕەسانەوە بوو ، گومانمان دەکرد چاکداری ڕێبواری نێوان گوندی دەوان و مەڕەخێڵ لەو ماڵانەدا مابنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە زانیاریمان لەسەرماڵەکان نەبو و نەدەکرا بڕۆینە دەرماڵێ کەسێکی نەنەاسراو، مۆڵگەیەکی چەکدارەکانیش لەوبەر ماڵەکان و بەرانبەر بە ئەشکەوتەکان لە سەر تەپۆڵکەیەک قوت کرابویەوە بۆ چاوەدێری ئەو دەورو بەرە. بڕێارماندا بچینە ناوکەورکی ئاژەڵەکان ، بەیانی لە کاتی بەردانی ئاژەڵەکان ئەگەر کەسی جێگەی مەبەست و دڵنیایمان هات خۆمانی لێ ئاشکرا بکەین ، ئەگەر نا بەەشێوەیەک لەنێو تاریکای کەورگەکە بەقەد وشکە کەڵەک و دیوارەکەدا خۆمان هەڵکێشین بۆ بەرزایی، ئەمانزانی هەرکە دەرگای کەورگەکە کرایەوە هەمو ئاژەڵەکان هوروژم ئەبەن بۆ دەرەوە و لەوانەیە شوانەکە نەیەتە ژورەوە، .

لەبەر گیانداری دڕندە( گورگ ، پڵەنگ ، ورچ) دەرگای گەورگەکەیان زۆر بە قورس وقایمی بەستبو، ئەبو بەشێوەیەک بچینەژورەوە کەس گومان نەکات لە شێوەی تێکچونی بەستنی دەرگاکە. دەرگایەک لە تەنەکە دروستکراو بە هەڵقەڕێزێکەوە هەڵپێکراو لقەدارێکیا قوڵف ئاسا لە هەڵقەڕێزەکە ئاخنیبوو، دواتر دەرەنجەڵەیەکی پان و پڕیان سپڕاندبوە پشە دەرگاکە و بە گنە دارێکی قورس و قایم پشکۆڵیان دابو. پاش لادانی بەربەستەکان هاوڕێکەم چوە ژورەوە و منیچ چەک و ڕەخت و کۆڵەپشتییەکەم دایە ژورەوە و سەرەتا دەرەنجەڵەکە و پشکۆڵەکەم وەک پێشو دانایەوە و هەرچۆنێک بو لە سەرەوەی دەرەنجەڵەکە وەک مار خۆم خزاندە ئەودیو، دەرگا تەنەکەینەکەمان پێوەدا و هەرچۆنێک بو هەڵقەڕێزەکامان لەجێی خۆی دانایەوە بەڵام لەقەدارەکەمان بۆ جێ نەدەخرایەوە، .

زۆرماندوو بوین هەرچەندە بە تەواوی ئاومان لێ ئەچۆڕا لە نێو پەینی ئاژەڵەکان بۆی دانیشتین، سەرەتا بە هۆی هەوای گەرمی ناو کەورگەکە و گەرمای جەستەی خۆمان هەستمان بە سەرما نەدەکرد، پاش کەمێک و سارد بونەوەی جەستەی خۆمان کەوتینە لەرزین، ماوەیەک کەوتینە هەڵبەز دابەزین بۆ خۆ گەرم کردن، پاش کەمێک بۆی دانیشتین، ئەوجار ئاژەڵەکان بە کۆماڵ هوروژمیان هێنایە سەرمان، بەجارێک دەیان بزن و مێ سەر و گوێ و دەست و لاقیان ئەلستینەوە. لەو تاریکاییەدا وەک زەردەواڵە لەخۆمان دوربخەینەو بە چواردەوریخۆمانداپەلەقاژەمان ئەکرد بۆ دورخستنەوەی ئاژەڵەکان لە خۆمان.لەو پەڵەقاژ و دەست ڕاوەشاندنەدە هەستم بە شتێکی نەرم و سارد کرد کە وەک مار خۆی پێچاند بە دەوری دەستمدا، دوایی زانیمان ئەوە پزانگی بزنێکی بەر خستەیە و لێی نەبوەتەوە، لە کاتی دەسڕاوەشانەکەمدا پێچراوە لە دەستم.
سەرما بە تەواوی تەنگی پێ هەڵچنیبوین، بە ناچار پەینی ناوئەشکەوتەکەمان لادا و بوی ڕاکشاین و بە پەین خۆمانداپۆشی، سەرەتا گەرمی پەینەکە کەمێک ئارامی کردینەوە، دوای کەمێک بەهۆی تەڕی لەڕادەبەدەری لیباسەکانمان پەینەکەش خوسابویەوە بە سەرماندا و سەرمایەکەش دوو قات زیادی کرد.
بە هەر کولەمەرگییەک بو ڕۆژمان لێ بویەوە، گوێمان لە دەنگی شوانەکان بوو کە بەرەو ئەشکەوتەکان ئەهاتن.
وەک پێشتر بڕیارمادابو ڕەخت و کۆڵەپشتی و تفەنگاکانمان هەڵواسی بە بەرزایی وشکە کەڵەکی ئەشکەوتەکەوە و دوو کەسی لە ئەملاو ئەولای دەرگای ئەشکەوتەکە خۆمان مات کرد. دەنگی کەسەکانمان نەئەناسییەوە، یەکێک لە شوانەکان وتی وریا تۆ ئاژەڵەکانی ئەم کەورگە بەر بدە و ئێمەیچ ئەچین ئەوانەی سەرەوە بەر ئەدەین. وریا مندالێکی دە دوانزە ساڵان و کوڕێکی وت و وریا بوو. بۆ ئێمەناسراو و جێگای بڕوا . وریا دەستی دایە دار حماڵی پشکۆڵی دەرەنجەڵەکە و پاشان دەرەنجەڵەکەی لادا و دەستی برد بۆ چۆڵکەی هەڵقەڕێزەکەو پڕ بەدەمی هاواری هاوشوانەکانی کرد و وتی ئەمە کێ ئێوارە ئەم دەرگایەی داخستوە؟ هاوڕێکانی وەڵامیاندایەوە بۆ؟ چ قەوماوە. وریاش وتی هەڵقەڕێزەکە دانەخراوە، بێن تواشای بکەن. هاوشوانەکانی وتیان مادەم شتێک نەقەوماوە ئاژەڵەکان بەر بدە، وریا کۆڵی نەئەدا و ئەیەویست هاوڕێکانی بێن و قسەی خۆی بسەلمێنێت. پاش ئەوبگرە و بەرەیە بە قەوڵیان نەکرد و نەهاتن ئێمەش لە خوامان دەخواست لە وریا کۆتا بێت و هاوڕێکانیشی نەیەن.پاشان وریا بە نابەدڵی دەستی داتە کردنەوەی دەرگای کەورگەکە و ئێمەش دوو کەسی ئەملا وئەولای دەرگاکە خۆمان مات کرد، لەگەل هاتنەژورەوەی هەرکاممان باڵێکمان گرت و دەستمان گرت بە سەر دەمیدا بۆ ئەوەی هاواری لێ بەرز نەبێتەوە و خۆمان پێ ناساند . مێرمنداڵی وریا و نەترس دەستەملانمانبوو و کەوتە هەواڵپرسیمان، نەدەبو زۆر ماتەڵی بکەین دوابکەوێت و لای هاوشوانەکانی گومانێک دروست ببێت، بە پەلە هەواڵی ماڵ و کەسەکانمان لێ پرسی، لە نێو ئەو ماڵانەدە باسی کەسێکی جێگای باوەڕی ئێمەی کرد کە لەوێیە، وریامان ڕاسپارد بە شێوەیەکی ژیرانە ئەوکەسەمان بۆ ئاگادار بکات.پاش دەرکەوتنی وریا زۆری نەخایاند کابرای جێگای مەبەست هاتە لامان و پاش هەواڵپرسییەکی کورت کە زانی لە بەر سەرما وەزع و حاڵمان زۆر خراپە وتی هەرچۆنێک ببێت بۆ ماوەیەکی دیکە خۆتانڕاگرن تا کارئاسانییەکی وەها بکەم کە چەکدارەکانی ئەم بەرانبەرە گومان نەخەنە سەرمان. ئەویش بە پەلە لە لامان دەرکەوت و چوبوە ماڵەوە و خێزانی و کچەکەی ئاگادار کردبو کە هەم خواردنمان بۆ ئامادە بکەن و هەمیش دوو کۆڵ هەژگ و سورەگەڵ بێنن بۆ ناو ئەشکەوتەکە و وتبوی پێیان تا لە بەرزاییە سەرەوە ئەشکەوتە بانگتان نەکەم لە ماڵ دەر مەکەون، لە سەرەوەی ئەشکەوتەکەی ئێمە چەند جار بانگی خێزان و کچەکەی کرد و دواتر کە ئەوان جوابیاندایەوە وتی ناو ئەشکەوتی ئاژەڵە کان ئاوی تێهاتوە و تکەی کردوە ، دوو کۆڵ هەژگ و سوەرەگەڵ ببەن ئاوری تێدابکەنەو بەڵکو تا ئێوارە کەمێک کزر ببێتەوە، ئەم هات و هاوارە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی بۆ ئەوە بو کە جاشەکان گوێیان لێبێت و وابزانن ئەو هاتوچۆی لای ئەشکەوتەکە بۆ ئەوەیە کە ئەشکەوتەکە ئاوی تێچوە و ئەبێ بە ئاگر وشکی بکەنەوە بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانیان زەرەرمەند نەبن.
زۆری نەخایاند دوو ئافرەت بە دوو کۆڵ هەژگ و سوورەگەڵ و هندێک خواردنەوە هاتنە لامان. دەست و لاق و دەم و لێومان وەک بیی ناو ئاو ئەلەرزی،
ئاور نێڵ درا و چای دروست کرا و پاش خواردنی چایی لە بەرگەرمانی ئاورەکە کەمێک هۆشمان پێداهاتەوە . ئەوجارلە نێو چرە دوکەڵی سورەگەڵ و تەپاڵەو پەین ئاراممان ڵێ بڕا وەک ڕێوی ناو کونا قنگ درابوین .دواتر کەوتینە هاڵ و هەواڵ پرسینی دەوروبەر و ماڵ و منداڵەکانمان، سەرجاشی ناوزڕاو خێزانەکانی ئێمەیان لە گوندە چۆڵ کراوەکەی دەگاسیاو کردبو بە سپەری خۆیان و مۆڵگەکەیان و شەوانەش پۆستێکی کێشک لە دەوری ماڵەکان دادەنێن بەونیازە هەم جموجوڵی خێزانەکانمان لە ژێر چاوەدێریاندابێت و هەمیش لە ئەگەری سەردانی ئێمە بۆ لای ماڵ و منداڵەکانمان بە ئاسانی لە داومان بخەن . لە لایەکی تریشەوە وایان دانابوو تا ئەو ژن و منداڵانە لەوێبن لە هێرشی پێشمەرگە پارێزراو دەبن.
لە لایەکی تریشەوە ئەو خۆفرۆشانە لە کاتی گیرانی مەڕەخێڵدا لە پێلانێکی دوژمنکارانەی دور لە هەمو یاساو ڕیسایەکی کۆمەڵگا زۆر نامرۆڤانە کۆمەڵێک ژن و منداڵی بێتاوانیان کردە قوربانی مەبەستە گڵاوەکانیان و بەو نیازەە بون ئەو پیلانە گلاوەیان لە دەگاسیاو دووپاتبکەنەوە و کۆمەڵێکی دیکەی ژن و منداڵ بکەنە قوربانی بژێوی سەرشۆڕانەی خۆیان.
پاش هندێک قسەوباس و ئەوزانیارییانەی لەسەر ژن ومنداڵەکان وەرمانگرتب بڕیارماندا ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانە دوابخەین بۆ کاات و ساتێکی گونجاو و بێ زیان.بە تاریک داهاتنی هەوا ماڵئاوایمان کرد لە خانەخوێ و لە کەورگەکە دەرکەوتین.
مەنسوور ئیراندوست, فەرماندەی پێشووی حدکا
٢٢/ ١٠/ ٢٠٢٢ یوتبوری
بابەتی پەیوەندی دار
ژیان و بەسەرهاتی مەنسور ئیراندوست فەرماندەی حیزبی دێمۆکڕات لە بەرنامەی تاراوگە