"an independent online kurdish website

بابەت: بیرەوەری ،  ژمارەی لاپەڕە: ٤٩٠ ،   گێڕەرەوە: جووتیار

بەر لەوەی بچینە سەر باسێک لەسەر کتێبی «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا»، بەجێ دەبێت هەڵوەستەیەک بکەین و لە خۆمان بپرسین: داخوا ئەم بەرهەمە ژیاننامەی نووسەرە یان بیرەوەرییەکانی نووسەر؟ بۆ ئەوەی وەڵامی دروستی ئەم پرسیارەمان دابێتەوە، پێویست دەکات ئاماژە بە جیاوازیی نێوان ئەو دوو فۆرم و شێوازەی نووسین بکەین:

جیاوازیی سەرەکیی ئەو دوو شێوە نووسینە، لە پلەی یەکەمدا، پێوەندیی بە قەوارە و چۆنیەتیی ئەو بابەتانەوە هەیە کە لە هەرکام لەو دوو ژانرەدا دەخرێنە بەر دیدی خوێنەر. ژیاننامە هەڵگری لیستەیەک ڕێکەوتی جیاجیایە کە بە لەدایکبوونی خاوەن ژیاننامە دەست پێدەکا و کۆمەڵێک ڕووداو لە خۆ دەگرێت کە لە ژیاندا ئەزموونی کردوون. بیرەوەری، هەرچەند پێوەندیی بە ژیانی تاکە کەسێکەوە هەیە، بەڵام سنووری تاکەکەس دەشکێنێ و دەپەرژێتە سەر ژیانی خەڵکانی دەوروبەری. نووسەر ئەو کۆمەڵگەیە دەخاتە ژێر زەڕەبینی کونجکۆڵیی خۆیەوە کە لە سنووری ژیانی ئەودان و تێدەکۆشێ دیاردە کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی … یەکان دەستنیشان بکا و پێوەندیی نێوانیان و هۆکاری سەرهەڵدانیان لە ڕوانگەی خۆیەوە بخاتە ڕوو. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە بیرەوەری لە ژیاننامە بەربڵاوترە. بە واتایەکی تر، ژیاننامە بەرتەسکە و تایبەت بە تاکە کەسێکە کەچی بیرەوەری بەرهەمێکی گشتگیرە و جگە لە تاکی خاوەن بیرەوەری، ئاوڕ لەو کۆمەڵگەیەش دەداتەوە کە تێیدا ژیاوە.

جیاوازییەکی تری نێوان ژیاننامە و بیرەوەری ئەوەیە کە ژیاننامە لە پەسنی فێرکاری داماڵراوە و بەدەگمەن نەبێ، پەیامێکی بۆ لێوە فێربوون نییە. لە حاڵێکدا، بیرەوەریی نووسەرێکی سەرکەوتوو پڕە لە ئامۆژگاری، ئەزموون و وانەی بەنرخ بۆ لێوە فێربوون. جگە لەوە، بیرەوەری نووسراوەیەکە کە نووسەر ئاگایانە بابەتەکانی دیاری دەکا و ئاراستەی خوێنەریان دەکا. بە واتایەکی تر، ئەوە نووسەرە کە دیاریی دەکات کە خوێنەر چی بخوێنێتەوە و تا چەند لێیەوە فێر بێت. بەڵام ئەم تایبەتمەندییە لە بیوگرافی یان ژیاننامەدا نە بۆ نووسەر و نە بۆ خوێنەریش دەست نادات. بیوگرافی یان ژیاننامە پرسێکی تاکەکەسی و تایبەتییە و هەر لەبەر ئەوەش لە چوارچێوەی خێزان، بنەماڵە، خزم، هاوڕێ وهاوبیروباوەڕی سیاسیدا دەمێنێتەوە؛ بەڵام بیرەوەری سنووری تایبەتی و تاکەکەسی دەبەزێنێ و ڕووی ئاخاوتنی لە هەموو کەسێکە بەبێ جیاوازی. بە لە بەرچاو گرتنی ئەم کورتە پێناسەیەی بیرەوەری و بیوگرافی، خوێنەر بەو ئەنجامە دەگات کە ئەوەی لە پەرتووکی «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» دەیخوێنێتەوە، بیرەوەرییە نەک بیوگرافیی نووسەر. هەروەها، خوێنەر ئەوەشی بۆ دەردەکەوێت کە نووسەر کەسێکی دەست و دڵ کراوەیە و فرەیی بابەت و تەوەری باسەکانی سەلمێنەری ئەو سەخاوەت و دەست و دڵ بازییەن.

ئامانج

ئامانج و مەبەستی سەرەکی لە نووسینی «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» بریتییە لە خۆناساندنی نووسەر بە کۆمەڵی کوردەواری و گەیاندنی زانیاریی بەسوود بە خوێنەران و بە دۆکومێنت کردنی ئەو بڕگەیە لە ژیانی نووسەر کە لە دەسپێکی بەرگی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و لە دوا لاپەڕەی دوابەرگدا تەواو دەبێت.

بەردەنگ یان خوێنەر

کۆمەڵناسان، خوێندکارانی بواری کۆمەڵناسی، تاکی بیرەوەریخوێن و هەموو ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا ژیاون کە بیرەوەریی نووسەر دەگرێتەوە، دەبنە بەردەنگ و خوێنەری «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا». جگە لەوە، لە ساڵانی داهاتوودا، لەبەر فرەلایەن بوونی ناوەرۆک و ناوئاخنەکەی، ئەو بەرهەمە دەبێتە سەرچاوەیەکی بەبایەخ و جێی متمانە بۆ نووسەران و خوێندکاران، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە بیانهەوێ لە بواری کۆمەڵایەتیدا، لێکۆڵینەوە بکەن.

گێڕەرەوە:

لە کتێبی «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» گێڕەرەوە «جووتیار»ە کە لەباتیی نووسەر دەدوێ و ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. نووسەر، بە ئەگەری زۆر، ئەم ناوەی لەبەر ئەوە داناوە تا لە دووپاتبوونەوەی ناوی خۆی «قادر ئەلیاسی» بەرگری بکات و بەم کارە خوێنەر لە ماندوو بوون بپارێزێت. نووسەر بەمەوە ناوەستێت و لە چەندین جێگەی نێو کتێبەکەدا، بەر بە دووپاتبوونەوەی نازناوی «جووتیار»یش دەگرێت. لەو شوێنانەدا بە دەستەواژەی «نووسەری ئەم دێڕانە» دەدوێ ولە هێنانی ناوی جووتیار پارێز دەکا.

ڕاوێژ و بیروڕا گۆڕینەوە:

ئەوەی ناوئاخنی «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» بەهێزتر و دەوڵەمەندتر دەکات، ڕاوێژ و بیروڕا گۆڕینەوەی نووسەرە لەگەڵ کەسانی شارەزای دەوروبەری. ئەم کەسانە، وەک لە کتێبەکەدا دەردەکەوێ، خزمەتێکی شایانیان بە ناوەرۆکدارتر کردنی کتێبەکە کردووە. ئەم چەشنە لە ڕاوێژ و بیروڕا گۆڕینەوە ڕاستی و بێ هەڵە بوونی ڕووداوەکان دەسەلمێنێ و خوێنەران دەتوانن بێ دوودڵی و شک و گومان بابەتەکان بخوێننەوە و وەک دەقی ڕاستەقینە بە یادەوەریی خۆیانی بسپێرن.

زمان و ڕێنووس:

کتێبی «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» بەگشتی لە پەخشان و تا ڕادەیەکیش لە شیعر پێک هاتووە و بە کوردیی ناوەڕاست نووسراوە. هاوکات نووسەر وشە و دەستەواژە و تەنانەت ڕستەی دانیشتوانی زەهاو و دەورووبەریشی لە نووسینەکەیدا بەکار هێناوە. خوێنەر بە خوێندنەوەی کتێبەکە، لە زۆر جێگادا، سەری بەم وشە و دەستەواژە و ڕستانەدا دەتەقێتەوە و لەبەر ئەوەش، من لێرەدا لە هێنانی نموونە خۆ دەبوێرم.

جگەلەوە، نووسەر دەقی هەورامی، کەڵهوڕی و فارسیی لە کتێبەکەدا هێناون کە واتاکانیانی بە کوردیی ناوەڕاست لێک داوەتەوە و ئەم کارەش بۆ ئەو خوێنەرانەی کە بەسەر هەورامی، کەڵهوڕی و فارسیدا زاڵ نین، کارێکی زۆر باشە و بەرز دەنرخێندرێ. هەرچەند ڕێگای دروستتر ئەوەیە کە خوێنەری کورد گەیشتبێتە ئەو ئاستە لە تێگەیشتوویی زمانی (لە هەورامی و کەڵهوڕیدا) کە پێویستیی بەو جۆرە وەرگێڕانانە نەبێت.

نووسەر دوو پیتی نوێی بۆ یەکەمجار لە نووسراوەی کوردیی ناوەڕاستدا بەکار هێناوە کە ئەگەر ئەو دوو پیتە نەبان کتێبەکە لە ژمارەیەکی ئێجگار زۆری وشە بێبەش دەبوو و کتێبەکە ناتەواو لە چاپ دەدرا. نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا لەسەر ئەو دوو پیتە نوێیە ڕوونکردنەوەی نووسیوە و خوێنەر دەتوانێ بەر لە خوێندنەوەی کتێبەکە سەرنجیان بدا و ئەگەر نوێ بن بۆی، شێوەی گۆکردنیان فێر بێت.

دەمی سەرەکیی کار (فعل) لە کتێبەکەدا بەگشتی بریتییە لە: «دەمی ئێستا»، «دەمی ڕابردووی سادە»، «دەمی ڕابردووی بەردەوام» و «دەمی ڕابردووی گێڕانەوە» و «دەمی ڕابردووی دوور».

لە کۆتایی کتێبەکەدا، نووسەر فەرهەنگۆکێکی داناوە کە ٢٩٩ وشە لە خۆ دەگرێت. ئەم وشانە تایبەت بە ناوچەی زەهاو و دەوروبەریەتی و نووسەر بە هێنانیان لە دەقدا پاراستنیانی لە دواڕۆژدا مسۆگەر کردووە.

لە بواری ڕێنووسدا، وەک خوێنەرێک، سەرنجەکانی خۆم بۆ نووسەر دەنێرم کە لە چاپەکانی داهاتوودا لەبەرچاویان بگرێت.

لێکهەڵپێکانی مژارەکان (پێکەوە گرێدانی بەشەکان)

بنەمایەکی گرینگ لە نووسیندا، کە لە کتێبی «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا»، وەک هەر کتێبێکی جێگای پەسندی دیکە، ڕەچاو کراوە، پێکەوە گرێدانی بەشەکانە. لە کتێبدا، ئاشکرایە کە هەر بەشێک دەکرێ سەربەخۆ بێت. بەڵام گرینگ ئەوەیە کە دوو بەش کە بە دوای یەکدا دێن، سەرەڕای جیابوونی بابەتەکانیان، بکرێ لێک گرێ بدرێن. ئەمەش بەو شێوەیە دەکرێت کە نووسەر لە کۆتایی هەر بەشێکدا، بە یەک یان دوو ڕستە، بەشەکە دەبەسێتەوە بە بەشی دوای خۆیەوە. با لە زەینی خۆماندا ڕووبارێک وێنا بکەین کە لە داوێنی شاخێکدا لە کانیاوێکەوە سەرچاوە دەگرێ و بە مەودایەکدا تێدەپەڕێ و دەخوشێ تا دەگاتە دوا وێزگە، کە ڕەنگە دەریا بێت. لە درێژەی ڕێگادا چەندین کانیاو دەڕژێنە ناو ڕووبارەکەوە. ئەگەر ئەو کانیاوانە ڕێگای ڕژانە نێو ڕووبارەکەیان بۆ خۆش نەکرێت، ناتوانن ببنە بەشێک لە ڕووبارەکە. ئەو دەم ڕووبارەکەش ئیدی ئەو ڕووبارە مەزنە نابێت کە چاوەڕوان دەکرێت.

«ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» کتێبێکی فرەمژارە. نووسەر وەستایانە مژارەکانی وەک ئاڵقەی زنجیرێکی درێژ لێک هەڵپێکاون. ئەم لێکگرێدانە فۆرمی جیاجیای هەیە کە بەکورتی ئاماژەی پێ دەکەین:

یەکەم: هیندێک جار، سەردێڕەکان لە ڕووی ناوەرۆکەوە لێک نزیکن. ئیتر بابەتەکان بە هۆی نزیکییان لە یەکتر پێویستییان بە ڕوون کردنەوەی زیاتر نییە کە بە یەکەوەیان گرێ بدات. جووتیار، بۆ وێنە، لە لاپەڕەی ١٨٥دا لە ژێر سەردێڕی «کفرکردن»دا باس لەو دیاردە کۆمەڵایەتییە دەکات کە لە نێو خەڵکدا باو بووە. مژاری دووەمی هەمان لاپەڕە بریتییە لە «سوێندخواردن». سوێندخواردنی بە درۆ و کفرکردن لە ڕووی واتا و ناوەرۆکەوە، لە یەک خانەدا جێ دەگرن و هەر دوو مژارەکە، بەشێوەیەکی سروشتی لێک هەڵپێکراون و پێویست بە هێنانی ڕستەی گرێدەر لە نێوان دوو بابەتەکەدا نییە.

دووەم: دەکرێ دوو یان چەند مژار بەتەواوی لێک جیا بن و بە هێنانی ڕستەیەک لە کۆتایی مژاری یەکەم، مژارەکە بە مژاری دووەمەوە، یان دووەم و سێهەمەوە، ببەسترێتەوە. بۆ نموونە لە لاپەڕەی ١٦٥دا بابەتێک هاتووە بە ناوی «گێسکەلەوان». ئەوەی لە دوابڕگەی ئەم مژارەدا هاتووە، ڕۆڵی هەڵپێکانی بابەتەکەی بە بابەتی دواترەوە هەیە کە لە بڕگەکەدا ئاماژەیان پێ دەکرێت. نووسەر دەنووسێت:

“ئەگەرچی ڕشتەی خەیاڵی جووتیار هەر لە دەوری ئەو ساڵانەدا دەخولێتەوە کە نەبوونی و هەژاری لە لایەک و چەتوونی و هەڵەچەریی ئەم و هاوڕێکانی تێدا بەرجەستە دەبێ، بەڵام گێڕانەوەی هەندێ چیرۆک و ڕێ و ڕەسمی ئەو کاتەی دەشتی زەهاو نابێ لە بیر بکرێ، چونکە بەشێکیان ئێستاش هەر باسیان لێوە دەکرێ. یەکێک لەو چیرۆکانە، بەهاری کوردی و کوڕی سەیاگە”:

شایانی باسە کە «کوڕی سەیاگ» سەردێڕی بابەتی دووەمە.

چەند نموونەی دیکەی لێک گرێدانی بابەتێک بە بابەتی دوای خۆی:

یەکەم: مژاری “هەڵوێستەیەک سەبارەت بە خاڵی ٨ی ئەو بڕیارنامەیە”

ئەم مژارە لە لاپەڕەی ٣٧٤ەوە دەست پێ دەکا و لە لاپەڕەی ٣٧٩دا تەواو دەبێت. ئەم بابەتە بەم ڕستەیەی خوارەوە بە بابەتی دوای خۆیەوە “چیرۆکەکەی شێخ هۆمەر” گرێ دەدرێت:

“بەر لەوەی گێڕانەوەکە پێشی ڕووداوەکان بکەوێ با چیرۆکی مارەکەی شێخ هۆمەر بکەینە کۆتایی ئەم باسە:”

ئەی مژاری “چیرۆکەکەی شێخ هۆمەر” چۆن بە مژاری دوای خۆیەوە گرێ دەدرێت؟

وەڵام: ئەم بابەتەش، دیسان بە هێنانی ڕستەیەک لە کۆتایی بابەتەکەوە بە بابەتی دوای خۆی، «عێراق»ەوە گرێ دەدرێت:

نووسەر دەنووسێت:

“بۆ زانینی ئەو ڕووداوە باشتر وایە ئاوڕێکی کورت لە مێژووی عێراق بدەینەوە:”

پێشنیار: بەجێ دەبێت کە نووسەر بەر لە چاپی دووەمی کتێبی «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» چاوێک بە لێکگرێدراویی مژارەکاندا بخشێنێتەوە و لە لێکگرێدراویی بابەتەکان زیاتر دڵنیا ببێت.

ئەمانەتداری

هەموو نووسەرێک، جا چ ڕۆماننووس بێت، یان مێژوونووس، یان وتارنووس، … هتد بەسانایی دەتوانێ لەسەر مژاری دڵخوازی خۆی بنووسێت. دەشتوانێ لە تەواوی نووسینەکانیدا، بێلایەنی بپارێزێت. بەڵام داخوا هەموو نووسەرێک دەتوانێ سەبارەت بە خۆی بنووسێت و بێلایەن بێت؟ دەتوانێ نەترسێ و پێ لە هەڵەی خۆی بنێ؟ دەتوانێ حورمەتی پێنووس بگرێت و ئەوە بنووسێت کە ڕووی داوە، نەک ئەوەی کە دڵ پێی خۆشە؟

وەڵامی من بۆ ئەم پرسیارە ”ئەرێ”یە. ئەمە وەڵامێکە کە نەک هەر من بەڵکوو هەموو خوێنەرێکی بێلایەن لە دوای خوێندنەوەی کتێبی «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» پێی دەگا.

هێمای بێلایەنی و ئەمانەتداری کامانەن؟

لەم پەرتووکەدا، بۆ سەلماندنی بێلایەنی و ئەمانەتداریی نووسەر هەر ئەوەندە بەسە کە جووتیار قارەمان نییە و لە قارەمان خوڵقێنی خۆی دوور گرتووە. هەرچەند منداڵان لە سەردەمی جووتیار و تەنانەت ئێستایشدا بێ ماف بوون و هەن، بەڵام هەر لەو چاخ و کۆمەڵگەیەدا نموونەی ڕیزپەڕ، منداڵی بەختەوەر و مافپارێزراو، هەبوون و هەن کە جووتیار دەیتوانی وەک یەکێک لەو منداڵە ڕیزپەڕانە خۆی دەربخات. دەشکرا جێگای پەسندی خوێنەریش بێت. بەڵام ڕاستوێژی و ئەمانەتداری و گەڕانەوە بۆ ویژدانی بێدار و نەنووستوو، پاڵیان بە نووسەرەوە ناوە لە قارەمانسازی خۆی ببوێرێ. ئەمەش لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا بەڕوونی دەردەکەوێت. خاڵێکی گرینگی دیکە لەم پێوەندییەدا ئەوەیە کە جووتیار نە لە خۆی و نە لە بنەماڵەکەی «مرۆڤی باڵا» ناخوڵقێنێ. لە نووسینی بیرەوەریدا، نووسەر لە داڕشتنی دەق و پێناسەی کەسایەتییەکانی نێو نووسراوەکەیدا دەستی ئاوەڵایە. لە مەیدانێکدایە بە پانتایی دەشتی زەهاو و تێیدا دەکەوێتە مانۆڕدان.سوارچاکێکە کە دەتوانێ بە ئارەزووی دڵ ئەسپی زینکراوی خۆی لەو مەیدانەدا تاو بدا و نزیکەکانی خۆی تا لووتکەی چیای بایکەوان و کەژی داڵەهۆ بەرز بکاتەوە. ئەو ئەم هەل و دەرفەتەی بۆ دەڕەخسێت، بەڵام وا ناکات. لەبەر چی؟ وەڵام ڕوونە: هەر بۆ ئەوەی خزمەت بە ڕاستی بکات.

هەمووی ئەمانە لەسەر یەک سەلمێنەری ڕاستگۆیی و ڕێزگرتنی نووسەرە لە پێنووس و هەر ئەم تایبەتمەندییانەشن کە وەک پەرژینێکی بتەو یان شوورەی ئاسن، بەرهەمەکە لە ناڕاستی دەپارێزن و دەیگوازنەوە بۆ نەوەی دواڕۆژ، بەتایبەت لە دەڤەری کرماشان و دەشتی زەهاو. ئەگەر کەسێک بەپێچەوانەی ئەم تێگەیشتنە لە «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» قسەیەکی بۆ وتن هەیە، با بە بەڵگە هێنانەوە لە خودی کتێبەکە بیسەلمێنێت.

لایەنی خەمهێنەر و شادیهێن

لە گێڕانەوەی بیرەوەریدا، نووسەر زەحمەتە بتوانێ لە ڕووداوی دڵتەزێن و ڕووداوی شادیهێن خۆی لا بدات. بیرەوەرییەکانی جووتیار هەم چیرۆکی خەمهێنەر و دڵتەزێنیان تێدایە و هەم نموونەی بەسەرهاتی شادیبەخش و هەستبزوێن. لە خوێندنەوەی کتێبدا، چ بیرەوەری بێت، چ ڕۆمان، خوێنەر ناتوانێ بێلایەن بێ و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو دوو لایەنەی ژیانی کاراکتەرە سەرەکییەکان. جووتیار، وەک کەسایەتیی یەکەم، بە هۆی ڕووداوەکانەوە لە درێژەی ژیانیدا تووشی خفەت و خەم و ناڕەحەتی دەبێت. ئەمە وا دەکات کە خوێنەریش ناڕەحەت ببێت. لە «ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا» نووسەر دەستی خوێنەر دەگرێ و بەنێو ڕووداوە تاڵ و خەمهێنەرەکاندا دەیگێڕێت. لەم گەشتەدا، ئاسان نییە خوێنەری دەربەست لە جووتیاری نووسەر جیا بکرێتەوە. بەڵام، وەک وتوویانە، لە دوای هەر شەوێکی تاریک، ڕۆژێکی ڕووناک دنیا تیشکپڕژێن دەکا و تاریکی تار دەنێ و دوای هەر خەم و ناڕەحەتییەک، جووتیار شادی و پێکەنین دەخاتە سەر لێوی خوێنەر و بەو جۆرە تەمی خەم و خەفەتباریی هەر ڕووداوێکی دڵتەزێن بە قاقای خەندە لە دڵی خوێنەر دەردەهێنێ و دەیسڕێتەوە. ئەمەش دوو نموونە لەو دوو لایەنەی ژیان لە بیرەوەرییەکانی جووتیاردا:

جووتیار هۆگری خاڵۆزاکانی (ڕەزا و مەحموود) بووە. ئەم هۆگرییە پاڵی پێوە ناوە ببێت بە بەرخەلەوان و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ماڵی ئامۆزای دایکی، لالۆ ڕەسووڵ، کە دراوسێی ماڵی خاڵۆی بووە، ئەرکێک ڕاپەڕێنێت کە پڕ بووە لە ڕەنج و ئازار و کوێرەوەری. جووتیار لەو بارەیەوە دەنووسێ: ”نەتەنیا خاڵۆزاکانی نەدیت، بەڵکوو هێندە ئازار و شەونخوونی و برسییەتیی چەشت کە ئێستاش وەبیری دێتەوە، تووشی ڕق و تووڕەییەکی لە ڕادەبەدەر بەرامبەر بەو سەردەمە دەبێتەوە.”

ئەمەی لەسەرەوە باس کرا بەشێکی کەمە لەو ئازار و مەینەتییەی کە جووتیار لە ژیانی مناڵیی خۆیدا تووشی بووە و بەداخەوە لە مەرگی خاڵۆزاکانیدا دەگاتە لووتکە:

لە لاپەڕەی ٣٤٨دا، جووتیار بەسەرهاتێکی دڵتەزێن دەگێڕێتەوە کە خوێنەر شۆک دەکات. هەڵدێرانی کۆمپرێسییەک بە ٢٨ سەرنشینەوە کە هەر دوو خاڵۆزاکەی جووتیاریشی تێدا بووە. لەو ڕووداوەدا ڕەزای خاڵۆزای دەسبەجێ دەمرێ و مەحموودی خاڵۆزایشی وەها بریندار دەبێ کە ساڵێک دواتر ماڵاوایی لە ژیان دەکات. جووتیار لەم بارەیەوە دەنووسێت: “ئەم کارەساتە شوێنێکی خراپی دەروونیی لەسەر جووتیار دانا….”

تایبەتمەندیی هەرە ڕوون و بەرچاوی ژیان ئەوەیە کە مرۆڤ خەمەکان فەرامۆش دەکا و شادی جێگایان دەگرێتەوە. جووتیار بەدرێژایی بەشێکی زۆر لە ژیانی منداڵیی لەگەڵ ڕەنج و کوێرەوەری دەست و پەنجەی نەرم کردووە. دوو شت کاریگەرییان لەسەر ژیانی جووتیار لە دەورانی منداڵی و مێرمنداڵییدا هەبووە و شادییان پێ بەخشیوە: یەکەمیان کرانەوەی دەرگای قوتابخانە و دووەمیان کرانەوەی دەرگای هونەر بە ڕووی ناوبراودا بووە. لە بواری خوێندندا مامۆستا نەسیری و لە بواری هونەر و گۆرانیشدا، هونەرمەند یەدوڵای ڕەحمانی ڕۆڵی گرینگیان هەبووە. ئەو دوو بوارەش لایەنی شادیهێن لە ژیانی جووتیاردا پێک دێنن.

کاریگەریی نووسەر لەسەر خوێنەر

ئەگەر خوێندنەوەی کتێبێک کاریگەریی لەسەر خوێنەر دانا، ئەم کاریگەرییە تەنیا یەک واتا دەگەیەنێت: نووسەر لە گەیاندنی پەیام یان پەیامەکانیدا سەرکەوتوو بووە. کتێب کاتێک سەرکەوتوویە کە نووسەر بە هەستەوە نووسیبێتی و ڕاستگۆیی تێیدا ڕەنگی دابێتەوە. ئەوەی لە دڵەوە بێت، لە دڵدا جێ دەگرێت. کاتێک بیرەوەرییەکان دەخوێنیتەوە مرۆڤ وا هەست دەکات لە کۆڕێکدا دانیشتتووە کە نووسەر تێیدا بەشدارە و بیرەوەرییەکانیت بۆ دەخوێنێتەوە. تۆ تەنیا گوێگری و هەموو بیر و هۆشت تەرخان کردووە بۆ بیستن. هەست دەکەی خۆت لە نێو ڕووداوەکاندای. قسەکان لەسەر دڵ دەنیشن. بە خۆت دەڵێیت ئەوەی لە دڵەوە هەڵبقوڵێت هەر دەبێ لە دڵدا جێ بگرێت. پەیڤ و ئاخاوتنێک کە لە دڵدا جێ بگرێت، تەنیا ئەوە نییە کە لە دڵەوە هاتبێت بەڵکوو ئەوەیشە کە لە «ڕاستی»یەوە سەرچاوەی گرتووە.

ڕەشید حەیدەری

٣٠ـ١٢ـ٢٠٢١

ستۆکهۆڵم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی