کۆبوونەوەی گشتی بەرپرسان گەڕانەوە بۆ ناوچە
بەرپرسانی کۆمیتە شارستان و کۆمیتە ناوچەکان و فەرماندەری هێز و فەرماندە لکەکان، کۆبوونەیەکیان کرد و بڕیار درا کە جەولەیەکی ناوچە بکەن بە هێزی زۆرەوە.
بۆ ئەم مەبەستە کادر و پێشمەرگە کۆ کرایەوە و سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی وەک فەرماندەری هێز و مراد کەریمی وەک هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتە شارستان قسەیان بۆ کادر و پێشمەرگەکان کرد. ئەگەر بە کورتی باسی بکەم کورتەی قسەکانیان ئەوە بوو کە ئێمە دەچینەوە ناوچە و تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون دەبین، هەر کەس خۆی تەحویل داتەوە وەک خائین چاوی لێ دەکرێ و سزای قورس دەدرێ، کادر یان پێشمەرگەیەک کە لە خۆی را نابینێ و نەزەری واز هێنانی لە خەبات هەیە لێرەڕا نەیەت و بگەڕێتەوە. من وەک خۆم کەسم نەدیت بڕیاری نەهاتن بۆ ناوچە بدات و تێكڕا ئامادەگی خۆیان نیشان دا بێجگە لە چەند کەسی بە تەمەن کە لە بنکە مانەوە.
کادر و پێشمەرگەکانی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و هێزی ئاوارە پێش تاریک داهاتن لە گوندی سۆفیان (دۆڵەنێ) بەرەوە گوندی کانی ئەشکەوتی بەری مێرگانی پیرانشار وەڕی کەوتن و لکی 5 بە فەرماندەهی محێدین گوێ رەش وەک تیمی پێشڕەو. نانی شەومان لە کانی ئەشکەوت خوارد و بۆ مانەوە چووینە گوندی کانی سێو و خڕێ ئاغەڵان، بۆ شەوەکەی چووینە گوندی هەنگەوێ لە ناوچەی نەڵێن و بۆ خەوتن ئێمە چووینە بەردەکوڕە و دەشتێ گەنمان و لکی 2 چوونە گردەشینان، شەوی دواتر لە گوندی قەڵاتی مەنگوڕان یەکترمان گرتەوە. بۆ خەوتن چووینە گوندەکانی کانی کڵێ و کانی خەلیل. هێوارەکەی بەرەو توژەڵێ لە ناوچەی لاجانی پیرانشار و بۆ تاریک و روونی بەیانی چووینە ناو دێ لە زۆربەی دێیەکان لەگەڵ پێشوازی گەرمی خەڵک بەرەوروو بووین و رۆژەکەی ئیزن بە خەڵکی دێ نەدرا لە دێ دەرکەون. هێوارەکەی چووینە گوندی قەرەخدری و لە گەڵ خەڵک کۆبوونەوە کرا و دواتر هێزەکەمان کرا بە دوو بەش، لکی 1، بە فەرماندەهی ……. . لکی 3 بە فەرماندەهی شەهید عومەر قەڵاتەڕەشی لکی 5 بە فەرماندەهی محێدین گوێ ڕەش بەرەو گوندی قڕوچاوێ و لکی 2 بە فەرماندەهی حاجی گوڵاوی و لکی 4 بە فەرماندەهی شەهید هەمزە بێهنام و پەلی فەرماندەهی و چەند کەس لە کادەرەکانی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و کۆمیتە ناوچەی لاجان و بەری مێڕگان و نەڵێن بەرە و گوندی شێلم جاڕان لە ناوچەی لاجانی پیرانشار و بۆ 9 و 10ی شەو چووینە ناو دێ. ” محەممەد قەرەخدری دەڵێ: لە کاتی چوون بۆ ناو شێلم جاڕان شەهید تاهیر خزری لە پێشێ بوو و مام حوسێن وتی ئەگەر شێلم جاڕان کەمینیشی لێ بێ تاهیر هەر دەچێ، چوونکە لە وێ ئاشقە. ”
هەروەک باسم کرد، بە داخەوە پێشمەرگە زۆر چووبوونەوە و 30 تا 40 کەسێکیشیان ببوون بە جاش، ئەو هێزەی لە دێی شێلم جاڕان دابوون، زۆربەیان بەرپرسایەتیان هەبوو و کەسانی ناسراو و خۆشەویستی خەڵکی ناوچە بوون، بۆ نموونە چەند کەسێک دەنووسم و داوای لێبوردن دەکەم کە من ناوی هەمووانم لە یاد نیە، سەید رەسوڵ ، مراد کەریمی، سیاوەش قەوی پەنجە (بێسیم چی کۆمیتە شارستان) حاجی گوڵاوی، هەمزە بێهنام، لوقمان مێهفەر، مراد ئەحمەدی، ئەبوبەکر قەدی کورد، شەهید تاهیر خزریان، شەهید ئەبوبەکر ئیسماعیلیان، شەهید رەسوڵ ئازرەخش، مام حوسێن حوسێن زادە، شەهید مەلا قادر کوردستانی، شەهید تاهیر خزریان، شەهید ئەبوبەکر ئیسماعیلی، موحمودی خدری نەبی، ئەحمەد زەینی، …. و دەیان هاوڕێی کادر و پێشمەرگەی وەفادار بە رێبازی حیزبی دێمۆکڕات. لە ناو بردنی ئەو هێزە بۆ دوژمن دەبووە گەورەترین دەسکەوت. دوژمنیش ئەوەی دەزانی و بۆیە بە بەرنامەیەکی تووکمە بە دوای ئەو هێزە دا بوو.
شێلم جاڕان بۆ مانەوە نەدەبوو، هیچ لای دێ هی خۆمان نەبوو، روبەروی دێ بە لای قروچاوێ دا پێگەی نیزامی دایەشێخی لێ بوو. لە پادگانەکانی پیرانشار و پەسوێ را دەتوانن بە توپخانە بمان کوتن. سەعاتێک لە پادگانی پەسوێ و پادگانی پیرانشار دورە، چەندین پێگەی دیکەشی لێ نزیک بوو، هەموو بەرپرسانی پێشمەرگە دەیان زانی شەڕ بێ شوێنی پاشەکشە نیە و چارە تەنیا شەڕکردنەو و بەس. چوون بوو بریاری مانەوەیان لەم گوندە 30 تا 40 ماڵیەدا درا نازانم.
من کە پێشتر مامۆستای شۆڕش بووم، کرابووم بە کادری کۆمیتە شارستانی پیرانشار و زۆر بیری دایکم و بابم دەکرد کە لە مێژ بوو نەم دی بوون و لەم جەولەیەدا زۆرتر هەدەفم دیتنی بنەماڵەم بوو کە پێی نەگەیشتم.
بەرپرسانی هێز و کۆمیتە شارستان، سەردانی دایک و خوشکی شەهید رەحمان سۆفیزادەیان کرد کە ئاوارەی گوندی شێلم جاڕان ببوون. “شەهید رەحمان سۆفیزادە بەرپرسی کۆمیتە شارستانی رەبەت بوو بەداخەوە لە 26ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا لە گوندی جانداران شەهید بوو”. بەرپرسان پرسە و سەرەخۆشی خۆیان پێ راگەیاندن و پەیمانیان دا کە وەفادار بن بە رێبازی شەهید رەحمان.
ئێمە لە گەڵ سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی فەرماندەری هێز، مراد کەریمی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتە شارستان، مراد ئەحمەدی، لوقمان مێهفەر و چەندین کادر و پێشمەرگەی تر و لە ماڵی قادری سۆفی ساڵحی کە خوشکی مراد ئەحمەدی بووکیان بوو خەوتین. شەو بەپەلە چوون جەعبەیەک پیپسی یان هێنا و دیار بوو خۆیان بۆ میوانداری ئێمە ئامادە دەکەن. کاک سەید رەسوڵ نیگابانی بە لکی 2 و لکی 4 سپارد و ئێمە بێ نیگان بۆی خەوتین.
درێژەی هەیە
بابەتی پەیوەندی دار
شەڕی شێلم جاڕان، سەرکەوتنێکی گەورەی حیزبی دێمۆکڕات لە پیرانشار، بەشی 1، ساڵە نەڵۆسی
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 5 کۆتایی، چرۆ
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 4 ، چرۆ
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 3 ، چرۆ
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 2 ، چرۆ
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 1، چرۆ