"an independent online kurdish website

خەوتن لە ناو ئاخوڕدا

من ئیتر ملی رێگام گرت بەڵام لە جیاتی بچمەوە شوێنی خۆم بەرەو لای پشت دێ رۆیشتم و توانای چوونە دەرەوەم نەمابوو. کە چوومە لای پشتەوەی دێ، دیتم بە قەنناسە و ژێ 3 ، تەقە لە شاخەکەی پشت ماڵان دەکەن و هەر جاش و پاسدارێکی هاتۆتە خوارێ بە ساغی نەگەڕاوتەوە و

هەموو هەوڵی پیشمەرگەکان ئەوە بوو کە نەهێڵن کەلاکەکانیان بەرنەوە یان بێنە خوارێ.

لای ئەم هاوڕێیانە کەڵاشینکۆف بە کەڵک نەدەهات. زۆر هیلاک بووم، باوەڕ کەن ئەوەندە دەنگی تەقە و باڕوت مێشکیان تێک دابووم پێم خۆش بوو گوللە یان تۆپێک بێ وە من کەوێ. چووم بۆ لای تەویلەی دیتم شەهید ئەحمەد زەینی خەریکە لە ئاخوڕێکدا جێگەی خەو خۆش دەکا. منیش لەم فورسەتە کەڵکم وەرگرت و ئاخوڕێکم پەیدا کرد و تێدا خەوتم . نازانم خەوم لێ کەوت یان نا بەڵام مێشکم ئارام بۆوە و گیانم ئیشک و گەرم بۆوە. نووستنی ناو ئەو ئاخووڕە زۆر لە سەر دۆشەک خۆشتر بوو. تەنیا ترسێک کە هەبوو، ترسی تۆپ یان خۆمپارە بوو. روحیەی پێشمەرگەکان زۆر بەرز بوو.

لە نەکاو خەبەر هات کە تۆپێک وەشوێنی بریندارەکان کەوتووە و حەسەن ناقولی  کە بەیانی بریندار ببوو بەداخەوە شەهید بووە، حاجی گوڵاوی لاقی شکاوە و پێشتریش دەستی بریندار ببوو، فەتاح عەبدوڵاهی ریخەڵۆکەی هاتوونەتە دەرێ و ….  دواتر لە ناو دێش برایم جەنناغی شەهید بووە. ئەم هەواڵە وەزحەکەی لێ تێک داین و هەموومانی غەمبار کرد.

هەموو هەوڵی پێشمەرگەکان  لە سەرەتا تا کۆتایی شەڕ ئەوە بوو کە بەرپرسەکان بە تایبەت ” سەید رەسوڵ و مراد کەریمی ” نەچن بۆ شوێنەک کە خەتەری گیانی  زیادتری لە سەر بێ بەڵام خۆ هیچ شوێنێکی دێ، شوێنی ئەمن نەبوو. شوێنی بریندارەکان وەک شوێنی ئەمنی دێ وابوو کە تۆپی وێکەوت. هەمووی چەند میترێک واوەتر بەشێکی زۆر لە خەڵکی دێ لە ژێر زەوی ماڵێک دا کۆ کرابوونەوە و پێشمەرگەکان چاوەدێریان دەکردن کە هیچیان لێ نەیە واتە قایمترین شوێنی دێ بە خەڵکی دێیەکە درابوو کە تا ئاخری شەڕ ئەوان سڵامەت دەرچوون.

شەڕ هەر دەهات و گەرمتر دەبوو. رۆڵەکانی حیزبی دێـمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، هەروا قارەمانانە پێشیان بە هێرشی پەیتا پەیتای دوژمن دەگرت و  دوژمن نەی دەتوانی بە بستیش بێتە پێش. تەواوی دێ، ئاگر و دوکەڵ بوو. گیشە و قەڵاغ بە ساغی نەمابوون. ماڵ نەمابوو توپی وێ نەکەوتبێ . هێندەک ماڵ تەواو وێران ببوون و مانگا و گوێڵک و تراکتۆری هێندەک ماڵ تێداچوو بوون. دوژمن هەرچی لە دەسەڵاتی دابوو بە کاری هێنابوو. روحمی بە ژن و منداڵ و ماڵ و حاڵی کورد نەدەکرد. هەروەک وتم: بێجگە لە پێگەی دایەشێخی کە نزیکی دێ بوو لە پادگانەکانی پەسوێ و پیرانشاریش را دێی دەکوتا. جاشەکانیش لە سەر بڵیندگۆی ماشێنەکانیان وەک سەگ دەوڕین بێ ئەوەی بوێرن بێنە پێش.

فەرماندەی پێشمەرگەکان، سەردانی بەرپرسانیان دەکرد و لە وەزعی شەڕەکە ئاگاداریان دەکردنەوە.

“مام حوسێن حوسێن زادە دەڵێ: ئێمە لە خوار دێ لە ماڵی مام مەحمود بووین کە شەڕ دەستی پێ کرد. کوڕەکانی وتیان کاک حوسێن برا، باوکمان تەمەنی زۆرە و بۆمان سەختە لە گەڵ خۆمان ببەین بۆ ناو دێ، شایەد باشتر بێ لێرە بێ. ئێمەش وتمان برا با باوکت لای ئێمە بێ، ئەگەر ئێمە شەهید بووین ئەوە ئەویش لە گەڵ ئێمەیە و هەرچی لە توانامان دا بێ دەی پارێزین. شەڕ گەرم بوو، تۆپ و خۆمپارە فشاریان بۆ هێناین و بەشێکی زۆری ماڵەکەیان بە سەر دا روخاندین. مام مەحمود کە گوێی  گران  بوو، ترسی بۆ هات و داوای لێ کردم کە بیخەمە ناو تەندوری نان کردن، منیش شتیکم بۆ راخست و خستمە ناو تەندورەکە. تەواوی رۆژ ئێمە لەم ماڵەدا شەڕمان کرد و نەمان هێشت جاش و پاسدارەکان کە هاتبوونە ناو مەدرەسەی ئاوایی بێنە ناو دێ. تەواوی وەختیش ئاگامان لە مام مەحمود بوو، ئاو و نانمان پێ دەدا و دڵخۆشێمان دەداوە. کە شەڕ کۆتایی هات کوڕەکەی هاتەوە و باوکیم بە سڵامەتی تەحویل دایەوە. مـام مەحمود ئەوەندە خۆشحاڵ بوو و هات و ماچی کردم و زۆر زۆری سوپاس کردم، من کە مام مەحمودم ئەوا شاد دیت چاوم پڕ لە ئاو بوو.”

لێرەدا دەبێ سوپاسی خەڵکی شێلم جاڕان بکەم کە زۆر خۆڕاگر بوون و هەرچەند گیانیان لە خەتەر دابوو بەڵام زۆر هاوکارمان بوون بۆ پێدانی خواردەمەنی و زانیاری لە سەر دێ. بە تایبەت کاتێک ماڵەکان کون کون دەکران. شەهید سولەیمان چکردە، ئەو رۆژە دەیان ماڵی کون کون کرد بۆ هاتووچۆ کردن.

کۆتایی شەڕ

شەڕ کە لە نزیک سەعات 6ی بەیانی دەستی پێ کردبوو لە نزیک سەعات 6ی هێوارێ کۆتایی هات.

دوو هاوڕێی قارەمان بە ناوەکانی برایم جەنناغی و حەسەن ناقوولی و دوو کەس لە خەڵکی شێلم جاڕان بە ناوەکانی  “پور ئایشێی عەوڵای مەلای و خوشکە خەدیجە (ناوبانگەکەی نازانم)” بوونە قوربانی هیڕشی دوژمنانی ئازادی.

دوژمن شەڕی راگرت. ئەو شوێنانەی دوژمن لێی بوون چۆلیان نەکردبوو بە تایبەت لای دایە شێخی. کەمێک بوڵێڵ داهات، خەڵک و  پێشمەرگە وەخۆ کەوتن. کاک سەید رەسوڵ وتی: چەند کەسێک بچن بستووی نێوان گرداشەوان و  شێلم جاڕان بگرن تا ئێمە دێ چۆل دەکەین. نزیکەی 10 کەسێک کە شەهید هەمزە بێهنامیشمان لە گەڵ دابوو بێ ئەوە کەس تەقەمان لێ بکات چووینە سەر بستوویەکە و دوای ئێمەش پێشمەرگەکانی تر و  نزیکەی 9 بریندار و دەیان کەس لە خەڵکی دێش ئاوا بووینە دیوی گرداشەوانی.

بەرەو گرداشەوان دەچووین کە دەنگی تەقە بیسترا و یەک دوو  سێ تۆپ لە دوری ئێمە کەوتنە خوار و زەرەدیان بۆ ئێمە نەبوو. دواتر زانیمان کە هاوڕێیانی لکی 1 و 3 و 5 هەوڵیان داوە کە لە رێگای کانی هاروێ وە بەرەو شێلم جاڕان بێن بۆ ئەوەی بزاننن ئێمە ماوین یان نا “ئەو کات پێشمەرگە بێسیمی نەبوو بتوانێ ئاگاداری وەزعی یەکتر بێ”. تووشی کەمین دەبن و بەداخەوە پێشمەرگەی قارەمان رەحمان خزرزادە (ناسراوە بە رەحمان دۆشکە) شەهید دەبێ و 2 پێشمەرگەش بریندار دەبن و دەگەڕێنەوە بۆ لای قڕوچاوێ و شەهید رەحمان لە دۆڵی قڕوچاوێ بە خاک دەسپێرن و لەو کاتیەوە گۆڕستانەکە بۆوە شوێنی چەندین شەهیدی تر و ناوی نرا گۆڕستانی شەهیدان.

ئێمە چووینە گوندی گرداشەوان و دوای خواردنێکی بە پەلە بەرەوە گوندەکانی کانی سێو و خڕێ ئاغەڵان وەڕێ کەوتین  و    ئێمە هێندەمان نەمابوو بگەینە ناو گوندی کانی سێو کە گرمەیەک هات. نیگەران بووین کە پێشمەرگەکانی پێشڕەو تووشی شەڕ بوونە و ئەگەر دوژمنی تێدابا بۆ ئێمە زۆر گران تەواو دەبوو بەڵام زوو زانیمان کە نارنجۆکێک لە ناو تێڕی بارگینێک دا  و لە کاتی بردنی تێڕەکە بۆ پاشخانەی ماڵەکە تەقیوەتەوە. 2 پێشمەرگە بریندار بوون کە تیکە وە هەموو گیان کەوتبوو (نارنجۆکەکە هی عەوڵا محەممەدیان بوو کە لە کاتی بریندار بوونی لە شێلم جاڕان ئاڵقەی زامنەکەی تیکەی خۆمپارەی وێکەوتبوو  و  رەختەکەی لە ناو تێڕەکە دابوو و  لە وێ تەقیەوە) . 2 برینداری تریش بە بریندارەکان زیاد بوو.

لە ماڵەکان دابەش بووین و زۆری کات نەبرد، هاوڕێیان سندوقە فیشەکیان هێنان “لە کوێ و چۆن نازانم بەڵام زۆر تەئسیری روحی لە سەر هاوڕێیان دانا چوونکە زۆربەی هاوڕێیان خەشابەکانیان خاڵی بوو” و هەموو هاوڕێیان خەشابەکانیان پڕ کردەوە و تفەنگەکانیان خاوێن کردەوە و تا هێوارێ ئیستراحەتێکی باشیان کرد.

هاوڕێیانی بریندار بە تایبەت حاجی گوڵاوی و فەتاح عەبدوڵاهی و وسوو عەلی پوور وەزعیان باش نەبوو، کادری دەرمانی بە توانا و زیرەک و لە خۆبردوو شەهید رەسوڵ موقەدەم پەنای بۆ بەرپرسان هێنا کە دەرمانمان نیە بە تایبەت ئاوی قەترەیی کە زۆر پێویستە پەیدای بکەن. شانسی بریندارەکان 2 کەسی خەڵکی مەهاباد کە ماشێنیان پێ بوو، هاتبوون بۆ ماسی گرتن لە نزیک کانی سێو. هاوڕێیان فەوری پەنایان بۆ بردن و داوایان لێ کردن کە هاوکاریان بکەن. ئەم دوو بەڕێزە کە من نە دیتمن نە ناوەکانیان دەزانم، چوون بۆ شاری مەهاباد و هەموو ئەو شتانەی کە هاوڕێ رەسوڵ موقەدەم داوای کردبوو، هێنایان. هاوکاری ئەم دوو بەڕێزە گیانی بریندارەکانی لە مەرگ نەجات دا.  پێویستە لێرەدا خزمەتی کادرەکانی دەرمانی بە تایبەت رەسوڵ موقەدەم (بە داخەوە لە هاوینی ساڵی 1365ی هەتاوی لە گوندی گردەبن لە گەڵ هاوڕێ محەممەدە چووکە شەهید بوو) لە یاد نەکرێ. شەهید رەسوڵ ماوەیەکی زۆر لە خستەخانەی کانێ زەرد کاری کردبوو و زۆر کەسێکی بە توانا بوو.

لە هێوارەدا بووین بە دوو بەش، تیمێک لە هاوڕێیان بریندارەکانیان بردن کە ئەرکێکی زۆر قورس بوو و بە خۆشیەوە دوای  دوو شەو و  رۆژ بە سەرکەتوویی هەموو بریندارەکان گەیاندرانە خەستەخانەی شۆڕش لە دەشتێو نزیک قەڵادزێ.

تیمی ئێمە کە زۆربەی بەرپرسان بوون لە دێی کانی سێو وەدەر کەوتین، تازە کەمێک بوڵێڵ داهاتبوو ، تیمی پێشرەو کە یەکیان شەهید مەلا قادر کوردستانی بوو، لە پێشەوە بوو. من و زۆربەی هاوڕێیان لە گەڵ سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی فەرماندەری هێز و سیاوەش قەوی پەنجە بێسیمچی کۆمیتە شارستان لە چۆمی نزیک کانی سێو پەڕینەوە و خەریک بووین بۆ لای تیمی پێشڕەو بچین کە بوو بە دەنگدان. شانسی ئێمە هاوڕێیان پیش جاشەکان گەیشتبوونە سەر بستووی کە دەڕوا بۆ لای بادیناوێ. پێشمەرگەکان زۆر بە دەست و برد تەقەیان لە خۆفرۆشان کرد و خۆفرۆشان چەند گوللەیەکیان هاویشت و هەڵاتن. کاک سەید رەسوڵ تفەنگەی بە کاک سیاوەشی بوو، لێی وەرگرتەوە و رەگبارێکی دەسەرووی چوومەکە کرد و ئێمە خەریک بوو تەقە بکەین. هاوڕێیانی پێشرەو داوایان کرد کە تەقە نەکەین. دواتر بیستمان کە 2 برینداری خۆیان بە جێ هێشتووە و هەموو شەوەکە بریندارەکان لە ژێر رەهێڵەی باران دابوونە.

بریار درا کە مەسیری رۆیشتن بۆ لای قەندیل بگۆڕن و ئەوجار بەرەو ئاوخواردە کەوتینە رێ و بارانێکی باشمان بە سەردا باری بۆ بەڵەدی کاک مراد کەریمی لە گەڵ چەند هاوڕێی تر وە پێش کەوتن. کاک مراد ناوچەکە بەڵەد بوو، چوونکە پێشتر بەرپرسی ناوچەی بەری مێرگان بوو. گەیشتینە ئاوخواردە و بە ناو دێ دا تەقسیم بووین.

من دوو کەسم دیت و ناوەکانم نەزانین

لە گوندی ئاوخواردەی ناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار،  من کە لە گەڵ تیمی کاک سەید رەسوڵ و هاوڕێیان بووم،  کردیانم بە نیگابان و زۆریشم پێ ناخۆش بوو. نیو سەعات بوو نیگابان بووم 2 کەس هاتن و بە دەم و چاو ناسی من  کە پێشمەرگەی لکی 2 ن و دوای چاک و چۆنی منیان بە جێ هێشت، بیرم نایەت کە کۆدی شەوم پێ دابن. رۆیشتن بۆ ناو دێ و تیمێکی تری ناو دێ دەیان بینن و دەنگیان دەدەن و دەڕۆن.

لە نەکاو هاوڕێیان هاتن بۆ لای کاک سەید رەسوڵ و وتیان 2 کەسی چەکدار هاتوونەتە ناو دێ و دەنگمان داون، کۆدی شەوی ئێمەیان زانیوە و رۆیشتوون. منیش وتم من ئەم دوو کەسەم دیت، دەیان ناسم ، پێشمەرگەی لکی 2 بوون. وتیان تۆ کۆدی شەوت پێداون و ناویان چیە. وتم من ناویان نازانم بەڵام دەزانم پێشمەرگەی لکی دوون. هەروەک پێشتر باسم کرد پێشمەرگەیەکی زۆر خۆیان تەحویل دابۆوە و ئەگەر ناو و شۆرەتت نەزانی با، مەشکووک دەبوون کە ئایا پێشمەرگەیە یان کەسانی خۆ بە دەستەوەدەر (جاش) ن.

بوو بە هەرا، ئامادە باشی راگەیندرا و  هەڵۆ ئاسا خۆ ئامادە کرا بۆ شەڕێکی تر.  شەهید سولەیمان چکردە و 2 پێشمەرگەی بەڵەدی دێ، راسپێردران کە هەموو ماڵەکانی دێ بگەڕێن بۆ ئەوەی ئەم دوو کەسە بدۆزنەوە. هاوڕێیان دوای یەک سەعات گەڕان لە ماڵێکی زۆر بەلاوەدا ئەم دوو هاوڕێیە دەدۆزنەوە و خاتر جەم دەبن کە هاوڕێیانی خۆمانن و خەبەرەکەیان هێنا و من دڵم حەساوە و بە ئارامی نان و چای خۆمان خوارد و تا سەعات 4 ی بەیانی لە دێ دابووین و دواتر بەرەوە ئەشکەوتی ئاوخواردەی بۆ پشووی رۆژ چووین و بارانیش هەروا دەباری.

لە ئەشکەوتەکەی دۆڵی ئاوخواردەوە، تێمێک لە ئێمە گەڕاینەوە بنکەی کۆمیتە شارستان لە دۆڵەنێ و  تیمەکەی تر چوونەوە ناوچە.

گواستنەوەی بنکەکان بۆ بناری قەندیل، باشووری کوردستان

دوای ماوەیەک مانەوە لە دۆڵەنێ، ئاگاداریان کردین کە هەرچی زووترە، بنکەکان کۆکەنەوە و  ئاودیوی باشووری کوردستان ” بناری قەندیل، گوندەکانی قڕناقە و پشت ئاشان و سینەمۆکە …. بن.

لە گوندی نەمنجێ 5 بارگینمان هێنا ، واتە باری هەموو کۆمیتە شارستان باری 5 بارگین بوو . بڕەک درەنگ وەڕێ کەوتین، گەیشتێنە شاخە روخاو لە نزیک دەرەوە سپێ کە بەفر بارین دەستی پێکرد و ئێمە ساغ بووینەوە نەڕۆین هەتا هەوا خۆشی دەکا. قەندیل لە کاتی بەفر باریندا بۆ تێپەڕین نابێ و ئێمەش لیباسی گەرممان پێ نەبوو. هاوڕێیان دەستیان بە ئاور کردنەوە کرد. من وەک خۆم وەخت بوو سەرما بم بات. مستەفا رەسوڵی (روحی شاد، دواتر لە حیزب دانیشت و خەریکی کاسبی بوو شەهید بوو) زۆر ئازا بوو. چووە ناو دارە گوێزەکان و چەندین داری ئیشکی هێنا و ئاورمان کردەوە. چامان وەسەر نا و کە تاریک داهات و لە سەر پۆلۆکان بەردیان دانا وەک کورسیان لێ کرد و هەرکەسە و لاقی بردە بن و بۆی خەوتین. شەو بەفر باری بەڵام لای ئێمە زۆر نەبوو .

بەیانی هەوا خۆشی کرد  و  بەپەلە خۆمان کۆکردەوە و وەڕێ کەوتین و گەیشتینە شێخ ئایشی دیتمان پێشمەرگەکانیش هەر لکە و بارگە و بنەی خۆی پێیە و خەریکن بەفری قەندیل دەبڕن. رادەمان زۆر بوو، بەفری قەندیل نەیتوانی پێشمان پێ بگرێ و ئاوا بووینە دیوی گەرمیان. بە دیوی باشووردا بەفر زۆر کەم بوو. بەپەلە بووین زوو بگەینە قڕناقەو و پشت ئاشان. بارگینەکان ماندوو بوون، خاوەنەکانیان هەر گلەییان دەکرد کە بارەکەیان قورسە. لە ناکاو یەکێک لە بارگینەکان کەوتە سەر مین، مینی ساڵەکانی شەڕی پێشمەرگە و حکومەتی بەعس بوو. بەداخەوە یەکێک لە بارگینەکانمان لە دەست دا و بارەکەمان بە سەر 4 بارگینەکەی تر بەش کرد. بارەکەیان هێندەی تر قورس بوو. خاوەن بارگین زۆر غەمبار بوو. کە گەیشتینە ئاوەدانی و رۆژی دواتر نەمر عومەر حەمیدی کە جێگری بەشی ماڵی بوو، یەک یان دوو تفەنگی ژ3 ی دا بە خاوەن بارگین و ئەویش بردی لە زارگەڵی فرۆشتی و بە شادی و سڵامەتی گەڕانەوە ناو ماڵ و مناڵی خۆیان. بۆیە دەبێ لێرەدا سوپاسی زەحمەتی ئەم بەڕێزانە بکەم کە لەم سەفەرەدا زۆریان هاوکاری کردین.

ژیان و قوڕەکاری بۆ جێ خۆش کردنی زستان لە ئاوارەیی و دوری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پیکرد.

سڵاو لە روحی پاکی شەهیدانی شێلم جاڕان و سوپاس بۆ خەڵکی  دڵسۆزی ئەم گوندە قارەمانە.

سڵاو لە روحی سەرجەم شەهیدان کوردستان

بە هیوای سەرکەوتن و گەیشتنی بە کوردستانێکی سەربە خۆ.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

شەڕی شێلم جاڕان، سەرکەوتنێکی گەورەی حیزبی دێمۆکڕات لە پیرانشار “بەشی 3″، ساڵە نەڵۆسی

شەڕی شێلم جاڕان، سەرکەوتنێکی گەورەی حیزبی دێمۆکڕات لە پیرانشاربەشی 2، ساڵە نەڵۆسی

شەڕی شێلم جاڕان، سەرکەوتنێکی گەورەی حیزبی دێمۆکڕات لە پیرانشار، بەشی 1، ساڵە نەڵۆسی

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 5 کۆتایی، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 4 ، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 3 ، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 2 ، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی  1، چرۆ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی