"an independent online kurdish website

ئۆسلۆ،١٦/٩/٢٠١٢

لەم رۆژانەدا برای بەڕێزم کاک عەلی قەنبەری، لە رێگای فەیس بووکەوە کورتە نووسراوەیەکی بۆ ناردم کە لەوە دەچێ بۆ دۆستانی دیکەشی ناردبێ. کاک عەلی، دوای هێنانی هەندێ ناو کە لە کوردەواریدا بۆ ژنان بووە بە باو، رای خۆی لە سەر ئەو ناوانە ئاوا دەربڕیووە: qader_eliasi

” کاتێک بۆ خانمێک لە باتی ناوی خۆی بە براژن، خاڵۆژن، مامۆژن(ئامۆژن)، باوەژن، پوورزاژن، ئامۆزاژن و … ژن بانگی دەکەن، ئەگەر چی بۆ ڕێز گرتن و ئیحترام دانانیش بێت، بەڵام قەبووڵمان کردووە کە ئەو ژنە مڵکی پیاوەکەیەتی. هەر وەک چۆن دەڵێن ماشینی براکەم، خانووەکەی خاڵۆم، دووکانەکەی مامۆم، باخەکەی باوکم، زەوییەکەی ئامۆزاکەم، بۆ بانگ کردنی ئەو ژنانەش هەر وای لێ دێت”.

دوای ئەو سەرنجە، رایگەیاندووە: ” جا کە وابوو باشترە ئەو مرۆڤانە بە ناوی خۆیانەوە بانگ بکرین. ئەگەر دەتەوێت بە ڕێزەوە بانگیان بکەی، دەکرێت پێیان بڵێی دادە….. بەڕێز…… ……خانم یان……خان”.

لە کۆتایی ئەو کورتە نووسراوەیەدا، رادەگەیەنێ:” بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسانی، دەبێ زۆر شت کە ئاسەواری نیزامی پیاوسالارین، بگۆڕین!”

ئەوەی کاک عەلی ئاماژەی پێکردووە، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بەرهەمی ئەو داب و نەریتەیە کە سەدان ساڵە لە فەرهەنگی پیاوسالارییەوە سازکراوە و بە سەر کۆمەڵگادا داسەپاوە. ئەو ناوانە و دەیان دەستەواژەی دیکە رۆژانە لە سەر زار و زمانن و بووە بە باو و چۆتە نێو یاسا و رێساکانی کۆمەڵگاوە.

جگە لەو دەستەواژانەی کە کاک عەلی سەرنجی داوەتێ، دەستەواژەگەلی دیکەی وەک:

ئەوەندە ساردە، پیاو خۆی پێڕاناگیرێ.

پیاو شەرم ئەکا سەیری ئەو کردەوە بێزراوانە بکا.

پیاوەتی بکە، ئەو کارەم بۆ ئەنجام بدە.

مەردی خوا بە، کارێکم بۆ بکە و…

ئەم فەرهەنگە باوە لە نێو نەتەوە و وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئورووپاشدا پەیڕەو دەکرێ. بۆ وێنە، بۆ ئەوەی بە گوێگر بڵێن: مرۆڤ دەتوانێ فڵانە کار بکا، وشەی(Man مانی نۆروێژی یان  Mannمەن) ئینگلیزی دەکەنە بکەری رستە و دەنووسن: . Man kan gjøre det

واتە: پیاو دەتوانێ ئەو کارە ئەنجام بدا.

وشەی پیاو لەو رستەیەدا لە باتی مرۆڤ هاتووە. یان هەر خانمێک مێرد بکا، ناوبانگی خۆی ئەگۆڕێتە سەر مێردەکەی. هەڵبەتە ئەمە ئەگەرچی ئیختیارییە و لە هیچ ژنێک بە زۆر یان بە پێی یاسا ناخوازرێ، ئەو کارە بکا، بەڵام بە پێی نەریتی باو زۆربەی ژنان ئەو کارە دەکەن. تا ئەم دوایانەش وشەی Talsmann بۆ  وتەبێژ لە نۆروێژ بەکار دەبرا، ئەگەر وتەبێژەکە ژنیش بایە. زۆر لە مێژ نییە بۆ ژنانی وتەبێژ، وشەیTalskvinne  جێکەوتووە. نموونەیەکی دیکەی ئەم پیاوسالارییە، سەرۆکە. کاتێک حیزبی پێشکەوتنی نۆروێژ Frp دامەزرا، سەرۆکەکەی پیاوێک بوو بە ناوی Carl Ivar Hagen کارل ئیڤار هاگن. بۆیە وشەی Formann یان بۆ هەڵبژارد. کاتێک خاتوو Siv Jensen سیڤ یەنسن بوو بە سەرۆکی پارتەکە، تا ماوەیەک هەر بە Formann ناویان دێنا. تا دواتر ناوی Leder واتە رێبەریان جێگیر کرد.

با بزانین ئێمەی کوردیش دەتوانین ئەو سەرنجەی کاک عەلی قەنبەری رەچاو بکەین و بۆ سڕینەوەی فەرهەنگی پیاوسالاری واز لەو ناو و دەستەواژانە بێنین کە بەڕێزی ئیشارەی پێکردووە؟

وەک کەسێک لە گەڵ ئەوەی باوەڕم بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەیە و لەو بارەیەوە لە گەڵ کاک عەلی هاوڕام، بە پەرۆشی ئەوەشم کە گۆڕانکاری ئەوتۆ دەبێ زیانی بۆ زمانەکەمان نەبێ. واتە ئەگەر ئێمە ویستمان بۆ لابردنی داب و نەریتەکانی پیاوسالاری هەنگاو هەڵبگرین و ئەو ناو و دەستەواژانە لە فەرهەنگی رۆژانەی خۆماندا بسڕینەوە، دەبێ بیر لە داهێنانی هەندێ چەمک و وشە بۆ جێگرتنەوەی ئەو دەستەواژانە بکەینەوە. مرۆڤ دەتوانێ لە باتی براژن، ناوی خۆی و پاشناوی خانم یان خاتوو … بکا بە ناوێکی جێگرەوە بەڵام ئایا ئەتوانێ باوەژن، مامۆژن یان لالۆژن(خاڵۆژن) بە ناوی خۆیانەوە بانگ بکا؟

چوونکە باوەژن وەک دایکێتی. رەنگە بە دایە بانگی بکا، بەڵام ئەوانی دیکە ئەگەر تەمەنیشیان لە تەمەنی دایکیدا بێ، چۆن ناودێریان بکا؟

لە گەڵ ئەوەی ئەو ناوانە هیی سەردەمی پیاوسالارین و ئەو کاتە دانراون کە ژن وەک مڵکی پیاو ئەژمێرکراوە، دەبێ بە شێوەیەک گۆڕانیان بە سەردا بێ، یەکەم: ناوێکی گونجاوتریان بۆ بدۆزرێتەوە. دووهەم: بۆ سڕینەوەی هەر دیاردەیەک، دەبێ ئاگامان لە زمانەکەمان بێ. واتە نابێ لە پێناوی دابین کردنی فەرهەنگی یەکسانیخوازی بۆ نێر و مێ لە کۆمەڵدا، زیان لە زمانەکەمان بدەین.

ئەمە کاری پسپۆڕانی زمانە و دەبێ ئەوان بیرێک لەم بارەیەوە بکەن. ئەرکی ئێمەش ئەوەیە لە دەرگای کۆمەڵگا بدەین و داوایان لێبکەین، بیر لەم پرسانە بکەنەوە.

کاتێک دەیان بەیتی فۆلکلۆریمان بەرچاو دەکەوێ کە باس لە دیاردەی پیاوسالاری دەکا، وەک:

باخی بێ پەرژین زینەتی نییە

کچ بە بێ برا، قیمــــــەتی نییە

یان

سەیری کەن خاڵ و خەتی، بەژن و جوانی و کسفەتی

بە سابڵاخێ پێک نایە، موکریانە قیمەتی

لەوە خراپتر هەر ئەو فەرهەنگە داسەپاوە وا لە داکێک دەکا ئاوات بخوازێ کە کوڕە کۆرپەکەیان کاتێک گەورە بوو، ببێ بە مێرد(خاوەن)ی ٧ ژن. دایکەکە ئاوا دێتە گۆ:

خوووا بدا نیازم

حەوت ژنت بۆ بخوازم

یەکێ بۆ مەشکەژەندن

دوو بۆ ئاوهاوردن

سێ لە بۆ مانگا دۆشین

چوارەم بۆ شەو داپۆشین

پێنجەم بۆ ئاور و بۆ دوو

شەشەم بەردەستی خەسوو

حەوتەم بۆ باخەڵ خەفی

یەواش بڕۆ! نەکەفی

یا خوا هەر وا بمێنی

ئاواتم وەدی بێنی

ئەمانە نموونەیەکی زۆر کەمی ئەو بەیت و باوانەی سەردەمی  پیاوسالارین کە لە هەموو بوارێکی ژیانی ئێمەدا خۆ دەنوێنن.

لە گەڵ تۆمارکردنی ئەو هەڵبەست و بەیت و پەیڤانە و راگرتنیان لە ئارشیڤی کوردیدا، پێویستە دەست نیشانی کات و سەردەمیان بکەین و پاشان بیانسپێرین بە مێژوو. بۆ ئێستاولاش لە گەڵ دنیای پێشکەوتوو و زانستی سەردەمدا بکەوینە دان و ستان و بە داهێنانی نوێ لە پێناوی رەخساندنی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و یەکسان بۆ ژن و پیاوی کورد، لە شتە کۆنەکان کە تەنیا مڵکیەتی پیاوی پێوە دیارە، دوور کەوینەوە.

ئەمەش بە یەک رۆژ و دوو رۆژ نایەتە دی و پرۆسە و رەوتێکی بەردەوام دەخوازێ. هەر لەو کاتەشدا دووپاتی دەکەمەوە: نابێ بە بیانووی یەکسانیخوازی، زمانەکەمان تێکبدەین.

گۆڕان پێویستە، بەڵام دەبێ جێگرەوەکەی وەک دەڵێن: ” نە شیش بسووتێنێ و نە کەباب”.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی