بەرایی
بە ئەگەری زۆر “گەمە گەورەکە”ی وڵاتان لەسەر شامی ئێستا کاریگەرییەکی بەرچاو لە سەر داڕشتنەوەی هاوسەنگییە هێزدارییەکانی رۆژئاوای ئاسیا دادەنێت.
سووریای سەردەمی جۆلانی شوێنی بەریککەوتنی سێ پڕۆژەی جیۆپۆڵەتیکی گەورەی ناوچەییە: خەیاڵی تورکیای گەورە کە ساڵانێکە ئەردۆغان باسی دەکات، میحوەری موەقاوەمەی ئێرانی – شیعی و پڕۆژەی ئیسرائیلی! ئەمە لەگەڵ گەمە گەورە هێزدارییەکەی جیهانیش هاوتەریبە کە ئێستا باڵی بەسەر ئاسیا- پاسیفیک، جەمسەری باکوور، ئەورووپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقاشدا کێشاوە. هاوشێوەی ساڵانی دوای شەڕی جیهانی یەکەم، هەموو لایەک لە دەردەی ئەوەدایە کە لە گەمە گەورەکاندا شوێنی خۆی بکاتەوە. سەبارەت بە کورد، پێچەوانەی جاران لە دەرەوەی یارییەکان هێڵدرایەوە، ئێستا دەرفەتێکی زۆرتر لە جاران بۆ کورد لە بەردەستدایە و، لەوانەیە خەزانی ئەسەد دەرگای بەهارێکی کوردی بکاتەوە، هەرچەندە مەترسییەکانی دووبارەبوونەوەی مێژووش کەم نین.
سووریای جۆلانی و پرسی کورد
بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، جۆلانی ئێستا چاوەڕێی وەڵامێکی مەزڵووم کۆبانییە بۆ ئەو داواکارییانەی لە دیدارەکەیاندا باسی کردبوون کە پێدەچێ هێڵە ئەستوورەکانی ئەمانە بن: یەکپارچەیی سووریا، مافی کولتووری و هاوڵاتیبوونی یەکسان و تێکەڵاوبوونی هەسەدە بە سوپای نوێ بە جۆرێک کە وەک پێکهاتەیەکی جیاواز نەمێنێتەوە. بێجگە لەوەش دەرچوونی شەڕڤانە بیانییەکان! زنجیرەیەک داواکاری کە پێدەچێ شتێکی ئەوتۆی بۆ کورد وەک پێکهاتەیەکی ئەتنی تێدا نەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکرێن چی روودەدات؟ ئایا جۆلانی بە پشتیوانیی تورکیا سەرەتا هەوڵ بۆ دابڕاندنی ناوچە عەرەبنشینەکانی وەک تەبقە و رەققە دەدات و دواتر شەڕی هەسەدە دەکات؟ ئەمە ئەگەرێکە بەڵام جارێ وادیارە جۆلانی ئەوەندەی تورکیا پەلەی نییە بۆ ئەوەی کە ئەو پرسانە یەکلابکاتەوە، چونکە لەوانەیە تورکیا پاڵپشتی بێت و سەرکەوتووش بێت لەوەی کە هەندیک لە خێڵەکانی هاوپەیمانی هەسەدە بەرەولای خۆی رابکێشێت، بەڵام ئەمە دەتوانێت لەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە بێبەشی بکات کە زۆر پێویستی پێیەتی.
جۆلانی لە لایەک لە دەردی ئەوەدایە کە مۆری رابردووەکەی لەنێوچاوانی خۆی و هەتەشە بسڕێتەوە و لە لایەکی دیکەش پێویستی بە پارەیەکی زۆرە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێک کە زیاتر لە 13 ساڵە لە شەڕی نێوخۆییدایە و کەلاوەی ئابوورییەکی وێرانی بۆ ماوەتەوە. وا مەزەندە دەکرێت لانیکەم 250 ملیار دۆلار و لانی زۆریش یەک تریلیۆن دۆلار پێویست بێت بۆ بنیاتنانەوەی سووریایەک کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 12 ملیۆن کەسی دانیشتووانەکەی ئاسایشی خۆراکیان نییە، لەوانەش زیاتر لە سێ ملیۆن کەسیان لە قات و قڕیدا دەژین. ئەمە بێجگە لەوەی کە نادڵنیاییەکی سیاسی هەیە و کۆنترۆڵکردنی دەیان گرووپی چەکداری جیا جیا کارێکی هەروا ئاسان نابێت. بێجگە لەوە پاڵپشتی وڵاتانی رۆژئاوایی و هەوڵەکانی ئەمدواییەی یەکخستنی لایەنە کوردییەکان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هەرێمی کوردستان پێگەی ئیدارەی خۆسەری لە رۆژانی دوای کەوتنی ئەسەد بەهێزتر کردووە. کۆبانیش پەلەی نییە ئەم بابەتە یەکلابکاتەوە، چونکە دەزانێ کێشمەکێشمێکی گەورەتر لە ئارادایە و بێجگە لەوەش، چاوێکی لە گفتوگۆکانی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیایە تا بەشکوم بەهۆی “کرانەوەیەکی گریمانەیی” لەوێ، گوشارەکانی ئەنقەرەی لەسەر کەمتر بێتەوە.
ستراتیژی ئیسرائیل بۆ سووریای داهاتوو
لە راستیدا حیسابەکانی جۆلانی – کۆبانی هەرچۆنێک بن، گەمەیەکی گەورەتر لەسەر شام هەیە کە بە ئەگەری هەر ئەوەش چارەنووسی وڵاتەکە یەکلا دەکاتەوە. کەوتنی ئەسەد وەک شمشێرێکی دووسەرە بۆ ئیسرائیل، لەلایەک مەترسیی ئێرانی بۆ کەم کردووە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتێکی سوننەی کردووەتە دراوسێی و مەترسیی تورکیاشی بۆ زیاد کردووە. بۆ تورکیاش کەوتنی ئەسەد و هاتنی جۆلانی وەک دوو شەشێک وایە بۆ فراوانکردنی نفوزی ناوچەیی لە رێگەی بزاڤە ئیسلامییەکان، بەڵام لەو شوێنەی کە پەیوەستە بە پرسی کوردەوە کە مەتەڵێکی بۆ دروستکردووە. ئێران و عێراق زیانباری کەوتنی ئەسەدن، بەڵام پێیانوایە یارییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و دەشێ خۆیان بۆ دەرفەتیکی دیکە مەڵاس دابێت.
ئیسرائیل دەرفەتێکی کەم وێنەی دەستکەوتووە، بەڵام نادڵنیاییەکانی لە توانای ئێران بۆ بنیاتنانەوەی رێگەکانی قاچاخ و گەیاندنی چەکەمەنی بە حیزبوڵڵا و حەماس لە ماوەی درێژخایەن، هەروەها نادڵنیاییەکانی لە رژێمی داهاتووی سیاسی لە دیمەشق و فراوانبوونی رۆڵی ناوچەیی تورکیا، نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە. هەرچەندەی پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچە قەدەخەکراوە سەربازییەکانی خۆی لەگەڵ سووریا بەس نییە بۆ داخستنی ئەو کوریدۆرە وشکانییەی کە ئێران جاران لەوێوە چەکی دەگەیاندە حیزبوڵڵا، بەڵام دەتوانێت بۆ دانانی سیستمی رادار و چاودێری هێرشی مووشەکی و درۆن، هەروەها بۆ پتەوکردنی سیستمی هەواڵگری بەکەڵک بێت. لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە توونێلێکی بە درێژایی 3.5 کیلۆمەتر لە نزیک دەروازەی سنووریی ئەلمەسنا لە سنووری دیمەشق تێکداوە کە لەوێوە چەکەمەنی دەگەیشتە حیزبوڵڵا. ئەوەش لانیکەم 30 کیلۆمەتر لە بەرزاییەکانی چیای حەرموونەوە دوورە لە ئێستا ئیسرائیل گرتوویەتی. ئیسرائیل لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی رابردوودا 14,638 جار هێرشی کردووەتە سەر حیزبوڵڵا و بەوەش تاڕادەیەکی زۆر توانستە سەربازییەکانی تێکداوە، لە دوای ئاگربەستەکەشیان لە 27ـی دیسێمبەری 2024 بەملاوە، زیاتر لە 180 هێرشی دیکەی کردووە کە دەتوانێت نیشانەیەک بێت لەوەی کە پرسی بەهێزبوونەوەی حیزبوڵڵا نیگەرانییەکی ستراتیژییە بۆ ئیسرائیل و لەو بابەتەشدا، سنووری سووریا و لوبنان بایەخێکی ئێجگار گرنگی بۆ هەردوولا هەیە.
سنوورەکە 294 کیلۆمەتر درێژە، بەڵام فاکتەری یەکلاکەرەوە لە گرتنی سنوورەکە بەڕووی ئێران و میحوەری موقاوەمە، نەک تەنیا ئیسرائیل بەڵکو هەڵوێستی سووریای پاش ئەسەدیشە کە لانیکەم جارێ وادیارە کە ئەو کۆریدۆرەی داخستبێت. ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا توانای سەربازیی حەماسیشی تێکداوە، بەڵام کەرتی رۆژئاوا شوێنێکی ستراتیژیی گرنگە کە ئەگەر لە ماوەی درێژخایەندا حەماس دەست بە چیاکانی ئەوێ بگات کە بەسەر شارە کەناراوییەکانی ئیسرائیلدا دەڕوانن، ئەوسا مەترسییەکی گەورەتر بۆ ئیسرائیل دروستدەکات. ئەم بابەتەش پەیوەندییەکی راستەوانەی لەگەڵ سنووری ئوردن و سووریا هەیە، ئەگەری کردنەوەی رێگەیەکە لە سنووری ئوردنەوە بۆ گەیاندنی چەکەمەنی بۆ کەرتی رۆژئاوا لە رێگەی قاچاخەوە. بۆیە ئیسرائیل هاوشانی پێشڕەی بەرەو باکوور و سنوورەکانی دیمەشق، بەرەو سوەیدا و سنوورەکان سووریا و ئوردنیش هاتووە.
لە روانگەی ئیسرائیلەوە رژێمێکی ناوەندی- ئایدۆلۆژی (سوننەی رادیکاڵ) ئەمڕۆش نەبێت، سبەی هەر مەترسیی سەربازی بۆ دروستدەکات، بۆیە لە ماوەی 48 کاژێری دوای کەوتنی ئەسەددا، نزیکەی 80٪ی توانست و ژێرخانە سەربازییەکانی تەفروتونا کرد و دەیەوێ حکومەتێکی لاواز و سیستمێکی ناناوەندی لەسەر کار بێت. ئالێرەشدا لەگەڵ تورکیا هاوتەریبە کە سووریای داهاتوو بەهێز نەبێت، بەڵام لەوەدا جیاوازن کە جۆری رژێمە سیاسییەکەی چۆن بێت. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل چەند جارێکە باسی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ کورد و کەمینەکانی سووریا دەکات، ئەمەش رێک ئەو خاڵەیە کە تورکیا لێی نیگەرانە.
تورکیا و سووریای جۆلانی
بۆ تورکیا کەوتنی ئەسەد بژارەی یەکەم نەبوو، بەڵام کە رۆیشت، دەرفەتێکی گەورەی بۆ دروستکرد تا بە یارمەتیی بزاڤە ئیسلامییەکان جۆرێک لە کاریگەرییە ناوچەییەکەی زیاتر بکات؛ ئەمەش بابەتێک بوو کە هەر لەکاتی بەهاری عەرەبی و هاتنە سەرکاری ئیخوانەکاندا بە تایبەتی لە میسر، وەک هەنگاوێک بۆ گەیشتن بە “تورکیای گەورە- سەردەمێکی نیۆ عوسمانی” سەیر دەکرا، بەڵام ئەو کات سەری نەگرت. خەیاڵی تورکیای گەورە لە ئایدیای جیۆپۆڵەتیکی تورکیدا وڵاتێک وێنا دەکات کە لە جوگرافیایەکی پان و بەریندا لە ئاسیای نێوەڕاستەوە بگرە هەتا ئازەربیجان و باشووری قەفقاسیا و لەوێشەوە بە کۆریدۆری زەنگەزۆرەوە کاریگەری هەبێت. لە ملی باشوورەوە بەڕووی وڵاتانی عەرەب و خەلیجدا بکرێتەوە و لە ئەفریقاشدا نفوزی هەبێت و کاریگەرییەکانی لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای مەدیتەرانەوە هەتا لیبا بڕوات. لە نێوان جەمسەرە گەورەکانی هێزداریدا لە دنیا قسەی خۆی هەبێت و ئابوورییەکەی بەهێز بێت و سەرکردایەتیی دنیای ئیسلامی- سوننی بکات.
بە هاتنی جۆلانی وەک دەسەڵاتدارە دیفاکتۆکەی سووریا، تورکیا دەرگەیەکی راستەوخۆی بۆ پەیوەندی بە دنیای عەرەبی بۆ کرایەوە و هیواکانی بۆ فراوانکردنی نفوزە ناوچەییەکەی زیاتر بوون، بەڵام بەربەستە سەرەکییەکەی تورکیا لێرەدا ئەوەیە کە ئایدیای “خەیاڵی تورکیای گەورە” لە گەلێک شوێنیدا لەگەڵ پڕۆژە ئێرانییەکەی میحوەری موقاوەمەدا بەریەک دەکەون وەک چۆن لە بابەتی سووریا و کۆریدۆری زەنگەزۆر لە باشووری قەفقاسیا لە دژی یەکن و لەوانەیە لە عێراقی داهاتووشدا رووبەڕووی یەک ببنەوە. رابەری ئێران لە دوای کەوتنی ئەسەدەوە زیاتر لە سێ جار تورکیای بە هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە و گوتویەتی شۆڕشێکی لاوانی سووری دۆخەکەیان بەسەردا قڵپ دەکاتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەرکەوتنی شەڕێکی نێوخۆیی لە سووریا. نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقیش لە دوایین دیمانەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوای سووریا، ترسیان لە فراوانخوازییەکی گریمانەیی تورکیا لە عێراقیش هەیە. میسر، ئوردن و بەشێک لە وڵاتانی خەلیجیش نیگەرانن لەوەی کە نەکا بەهێزبوونی تورکیا شەپۆلێکی دیکەی بەهێزبوونی ئیخوانەکانی لێبکەوێتەوە. هەرچی ئیسرائیلە، نایەوێ ئێرانێکی دووەمی تووش بێت، بۆیە فراوانبوونی نفوزی تورکی بە مەترسییەک بۆ خۆی دەزانێت. بە کورتی دۆستەکانی تورکیا نایانەوێ هاوپەیمانەکەیان ئەوەندە گەورە بێت کە لە کۆنترۆڵیان دەربچێ و نەیارەکانیشی ئەوەیان ناوێت.
خاڵێکی دیکەی جێگەی پرسیار ئەوەیە کە ئایا جۆلانی تاسەر بە نزیکی لەگەڵ تورکیا دەمێنێتەوە یان نا؟ بێگومان دۆخی ئێستای جۆلانی جیاوازە لەو سەردەمانەی کە لە ئیدلب بوو. ئێستا دەسەڵات و دەرفەتی زیاتری لەبەردەستدایە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی تاڵیبان و پاکستان کە چۆن دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات گرژی کەوتە بەینیان، هیچ گەرەنتییەک نییە کە دۆخی سووریا بۆ تورکیا تاسەر وەک ئێستا بمێنێتەوە. لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێت کە هێشتا گڵۆپێکی سەوزی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە دانەگیرساندووە کە بۆ خۆی راستەوخۆ پشتیوانییان دەکات.
تورکیا دەتوانێت لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سووریادا دەوری هەبێت کە دەشێ وەک دەرمانێک بێت بۆ ئابووریی ئێستای تورکیا. هەروەها دەتوانێت بەشێک لەو سێ ملیۆن و 100 هەزار پەنابەرە سوورییانە بگەڕێنێتەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی دەنگەکانی ئاکپارتی بوون. ئەمەش دەرفەتە بۆی، بەڵام خاڵی هەر گرنگ لە رووداوەکانی سووریا بۆ ئەنکەرە گۆڕینی رژێمی سیاسی بوو کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی پێش 2024 دا، بێجگە لە ساڵانی 1999-2003 بە بێ دابڕان پشتیوانیی لە پەکەکە کردبوو. لەداوی 1984 تاوەکو 2017، لە کۆی 54 جار یارمەتیی دەرەکیی کاریگەر بۆ پەکەکە لە شەڕەکانیدا لەگەڵ تورکیا، سووریای ئەسەدی باوک و کوڕ، بە 15 جارەوە لە پێش هەموو ئەو لایانانەوە بوو کە پشتی پەکەکەیان گرتبوو. ئیسرائیلیش ئەوکات پاڵپشتییەکی بەهێزی لە تورکیا کردبوو.
ئێستا کە ئەسەد نەما و تورکیا دەیەوێت بە کەڵک وەرگرتن لە تێکەڵاوکردنی ئەزموونی ئیسرائیل لە شەڕی حەماس و حیزبوڵڵا، هەروەها ئەزموونی ئێرانی بۆ دوورخستنەوەی موجاهیدنی خەڵق و حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە سنوورەکانی خۆی، لەڕێی گوشارێکی سەربازی و دانوستاندنێکی هاوتەریب پرسی پەکەکە- یەپەگە چارەسەربکات.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتوویەتی ئیدی وەک جاران هیچ وڵاتێک پشتیوانی لە پەکەکە ناکات و هەندێک بە دەردی خۆیانەوە هەڵەوگیر بوون و هەندێکی دیکەش بە راستی نایانەوێ ئەو کارە بکەن. دەشێ ئەمە ئاماژەیەک بێت بۆ ئێران و عێراق، ئەمریکا-ئەوروپا و ئیسرائیل!
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پەیوەندیی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ئیلهام ئەحمەد لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا گوتبووی ئێمە ئاگامان لە هەموو شت هەیە، بەڵام ئەوە هێشتا قسەیە و نەبووەتە هەڕەشەیەکی کرداری لەسەر تورکیا. بە ئەگەری زۆر، دواجار تورکیا چاوی لەوەیە بە هاتنی ترەمپ نێوانی لەگەڵ ئیسرائیل باش بێتەوە، بە تایبەتی کە ئێستاش ئاگربەستیش لە غەززە راگەیێندراوە. ترەمپ لە ماوەی رابردوودا باسی لە فراوانکردنی رێککەوتنی ئابراهام کردبوو کە دەشێ مەبەستەکەی ئاشتکردنەوەی تورکیا و ئیسرائیل بووبێت. پێدەچێ گوشارەکانی ئەمریکا بۆ لەبەرچاوگرتنی داواکارییەکانی تورکیا لەبارەی “شەڕڤانە بیانییەکان”ی ناو هەسەدە و جەختکردنەوەی لەوەی کە تەنیا بۆ شەڕی داعش لەوێیە هۆکارێک بێت بۆ ئەو قسەیەی ئەردۆغان کە ئیدی وڵاتان وەک جاران پشتی پەکەکە ناگرن. وەزیری دەرەوی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئوردنییەکەی لەبارەی عێراقەوە قسەیەکی کرد کە میدیا زۆر بەرجەستەی نەکردەوە. فیدان رۆژی 6ـی مانگ گوتبووی ئێمە تێناگەین کە بۆچی دۆستەکانمان لە عێراق چاوپۆشی لە هەبوونی پەکەکە لە شنگال دەکەن. هەشت رۆژ دوای ئەوەش وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە ئێمە هەندێک لە هێزەکانی سووریای دیموکراتمان دەرکردووە کە بە هەڵە لە خاکی عێراق جێگیر ببوون. رەنگە مەبەستێکی دیکەی قسەکانی ئەردۆغان، ئێران بێت کاتێ کە دەڵێ “ئێستا کەوتوونەتە دەردی خۆیان” ئێران لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە پەکەکە کردووە، بەڵام وادیارە کە تورکیا پێیوایە کە نابێ ئەوە بەردەوام بێت. هاکان فیدان لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دیداری قائانی- کۆبانی، گوتی ئێمە پێمانوایە ئێران واز لەو سیاسەتە دەهێنێت و ئێمەش پشتگیریمان لە دژبەرانی ئەوان نەکردووە. گوتەیەک کە هەم هیوای تێدایە، هەمیش هەڕەشە!
بە کورتی دەتوانین بێژین کە بە ئەگەری زۆر جارێ دەوڵەتێکی وا پەیدا نابێت کە لەبەر پەکەکە سڕی تورکیا بکات و بە ئاشکرا پشتی بگرێت، بەڵام وا چاوەڕوان دەکرێت کە ژێربەژێر ئەو کارە بکەن. هەر لە بنەڕەتدا یەکێک لە هۆکارەکانی دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان، نیگەرانیی تورکیایە بۆ رێگرتن لە گەیشتنی یارمەتیی دەرەکی زیاتر بۆ پەکەکە.
ئێران و سووریای دوای ئەسەد
لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا پاشەکشەیەک لە دەسەڵاتدارییەکانی شیعەی ناوچەکەدا بەدی دەکرێت، لە لوبنان دوای دوو ساڵ قەیران سەرۆککۆمارێکی دوور لە حیزبوڵڵا هەڵبژێردرا و توانستی سەربازیی حیزبوڵڵا زیانی زۆری پێگەیشت و گرووپەکانی میحوەری موقاوەمە لە سووریا کشانەوە. بەهێزبوونەوەیەکی سیاسەتی سوننی و کوردی لە عێراق بە دیدەکرێت و بەشێک لە سیاسەتمدارانی شیعە لە بەغدا هەم ترسی ترەمپ دایگرتوون هەمیش ئەگەری بەهێزبوونی رۆڵی تورکیا لە عێراق و تەنانەت هاتنی بۆ سەرچاوەکانی نەوتی کەرکوک. لە ئێران نێگەرانییەک لە ئەگەری هێرشێکی گریمانەیی ئەمریکا- ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئەگەری ناڕەزایی ناوخۆیی و هەستانەوەی داعش لە سنوورەکانی دیالە-کرماشان لە ئارادایە.
لە گوتەکانی عەلی خامنەیی رابەری ئێرانەوە دیارە کە خواستی زیندووکردنەوەی میحوەرەی موقاوەمە هێشتا لە خەیاڵی جیۆپۆڵەتیکی شیعی دایە، بەڵام بە ئەگەری زۆر لانیکەم لە ماوەی کورتخایەندا جارێ هەوڵی ئەوە نادات و زیاتر وەک هەڕەشەیەک ئەوە بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزبوونی کارتەکانی دەستی لەسەر مێزی دانوستاندن. بە ئەگەری زۆر دزەپێکردنی تۆمارێکی دەنگیی یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە سووریاش کە باسی توانستی ئێران بۆ چالاککردنی تۆڕی موقاوەمە لە سووریا دەکات، زیاتر بەو مەبەستە بووە.
ئێران لەماوەی رابردوودا چەندین مانۆڕی سەربازی کردووە، جۆری نوێی چەکەمەنی نمایش کردووە بۆ ئەوەی کە توانای جڵەودارییە سەربازییەکەی خۆی نیشان بدات و لە عێراقیشەوە هەواڵی جیاجیا لەبارەی تێکەڵاوکردنی گرووپە چەکدارەکان بە سوپای عێراق بڵاودەبێتەوە کە دەشێت وەک ئامادەکارییەک بێ بۆ هاتنی کە بەهەندێک سەرچاوەی ناڕەسمی نەک تەنیا لەبارەی گرووپە چەکدارەکان بەڵکو لەبارەی ناردنی نەوت بۆ ئێران و گەری سزادانی سۆمۆش هۆشداری بە بەغدا داوە. ترسێکی دیکەی هاوبەشی ئێران و عێراق ئەگەری زیندووبوونەوەی داعشە. عێراق دەستیکردووە بە دانانی دیوار لە سنورەکانیدا لەگەڵ سووریا و 191 بنەماڵەی داعشی لە کەمپی ئەلهۆل گەڕاندووەتەوە وەک نیگەرانییەک لە ئەگەری تێکچوونی دۆخی ئەوێ بۆ ئەوەی کە هیچ نەبێ لە کۆنترۆڵی خۆیدا بێت. چەند رۆژ بەر لە ئێستا سوپای عێراق لە حەمرین ئۆپەراسیۆنی لە دژی داعش کرد و ئێرانیش لەودیوی سنوورەکانی دیالەوە لە پارێزگای کرماشان مانۆڕێکی سەربازی کرد.
رێبازی هاوتەریب لەنێوان ئێران و عێراق لە پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیشیدا دەردەکەوێت. لە کاتێکدا سوودانی سەردانی بەریتانیای کرد، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی دانوستاندنی کرد، کە ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی تاران بۆ هەڵوێستێکی بەرگریکارانەی ئێران زیاتر لەوەی کە وەک جاران لە پێگەی باڵادەستی و هێرش دا بوو.
رەنگە پێچەوانەی تورکیا و هاوشێوەی ئیسرائیل، ئێران و عێراق سووریایەکی فیدراڵ یان نا-ناوەندی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە باشتر دەزانن، بەڵام پێدەچی دەنگۆی پێدانی درۆنی ئێرانی بە هەسەدەش زیاتر وەک کەرەستەیەکی گوشار بمێنێتەوە بۆ رێگرتن لە فراوانخوازییەکی گریمانەیی تورکیا لە عێراق و کۆریدۆری زەنگەزۆر. بە ئەگەری زۆر هەم ئێران هەم عێراق چەندەی بەهێزبوونی تورکیایان بەدڵ نەبێ و پێشڕەوی ئیسرائیل لە سووریا بە مەترسی بزانن جارێ خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا دەپارێزن.
کۆتایی
ژمارەی پێچەوانە بۆ دەستبەکاربوونی ترەمپ دەستی پێکردووە کە هەریەک لە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چاویان لە دەمی دەبێت سەبارەت بە سووریا، بەڵام ئەمریکاش ئەو هێزە بێ سنوورەی نییە کە هەموو شت یەکلا بکاتەوە. چارەنووسی سووریا بە داینامیکی نێوخۆیی جۆری پەیوەندییەکانی گرووپە چەکدارییە جیاوازەکان، هەروەها خواستی ئەورووپا، خەلیج، تورکیا و ئەورووپاش شێوە دەگرێت. سەرەڕای گوتاری وەزیری دەرەوی تورکیا لەبارەی عەرەبیبوونی کۆماری سووریا، بە ئەگەری زۆر پێگەی کورد لە سووریای دوای ئەسەد بەهێزتر دەبێت لە جاران. ئەویش دوای ئەوەی کە ئێستا هەوڵێکی جیدیتر بۆ یەکخستنی گوتاری کوردی لە سووریا هەیە. دۆخی سووریاش زۆر فراوانتر لە سنوورەکانی خۆی کاریگەری لەسەر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنێت. لە عێراق، هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی دیکەی بەهێزبوونەوەی بۆ پەیدابووە. لە تورکیاش سەرەڕای ناڕوونییەکانی “دیالۆگی ئۆجەلان” کە داخۆ پرسی چەکدانان و چارەسەرێکی سنوورداری پرسی کورد چۆن بەیەک دەگەیێندرێت، هەبوونی دیالۆگ پێگەی کورد لە سیاسەتی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەکات. دواجار هەموو ئەوانە ئێرانیش ناچار دەکات کە لەبارەی پرسی کوردەوە هەنگاوێک بنێت وەک ئەوەی کە تەنانەت سێرگی لاڤرۆڤ لە رووسیای نزیک لە تارانیش باسی لێ کردووە.
لەدوای شەڕی جیهانی یەکەم هەموو نفوسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دەوری چوار ملیۆنێک بوو، ئەمە بێجگە لەوەی کە رێکخراوێکی سیاسی بەهێزیش نەبوو کە داواکارییەکانی فۆرمولە بکات، ئێستا ئەو نفوسە دەیان ملیۆنە و دەیان رێکخراوی سیاسیش لە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا رکابەری یەکتر دەکەن. بۆیە ناکرێ وەک جاران لە دەرەوەی گەمە گەورەکان بهێڵدرێنەوە!