چەند ساڵ لەمەوبەر بەرێز کاک جەلیلی گادانی ، تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی میللی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە شاری لەندەن ، پایتەختی ئینگلیستان، میوانی ماڵی بەرێز کاک هەمزەی بایەزیدی دەبێت. میوانیەکی گەورە دەبێ و ژمارەیەکی زۆر دۆست و رەفیق و هاوڕێی حیزبی ئەوشەوە لەدەوری یەک کۆدەبنەوە. کاک جەلیل وەژوور دەکەوێ. خەڵکەکە لە بەری هەڵدەستن و دەستی دەدەستی دەنێن. کاک جەلیلیش وەک عادەتی خۆی ئامێز لە هەموان دەداو بە ڕووخۆشیەوە چاکوچۆنی دەگەڵ خەڵکەکەدەکا و شەوقێکی دیکە دەداتە میوانیەکە.
سوارەی کوڕی کاک هەمزە کە لە لەندەن گەورەبوە، لە لەندەن خوێندویەتی و بە کولتور و کودەکانی ئەو شارە بە کۆمەلایەتی بوە، بە دیتنی ئەو دیمەنە سەری سوڕدەمینێ. دەپرسێ ئەوە کێ یە ئەو خەڵکە ئاوا لەبەری هەڵدەستن و بە گەرمی ماچی دەکەن و دەست دەدەستی دەنێن. کاک هەمزەش بۆئەوەی لە یەخەی خۆی کاتەوە لە وەڵام دا دەڵێ سوارە گیان ئەوە کاک جەلیلی گادانیە. لە کوردستان کەسێکی بە ناو بانگە و ساڵانێکی زۆر لە زیندانێ دابوە. سوارەش واقی وڕدەمێنێ و دەڵێ جاکەسێک ئەو هەموو ساڵە لە زیندانێدابووبێ، حەتمەن وادیارە جنایەتکارێکی گەورەیە. ئەگەروایە ئەو خەڵکە بۆ دەستی دەد
ەستی دەنێن. باشە ئەگەر هیندە خەتەرناکە چۆنە هاتۆتە ماڵی ئێمە. ئاخر سوارە لە پێرسپێکتیڤی خۆیەوە دەڕوانیتە مەسەلەکە و لەو کۆنتێکستەدا بیر دەکاتەوە کە بۆخۆی لە نێویدا گەورەبوە.
دەوڵەتی ئیسڕائیل لە سەرخاکە داگیرکراوەکانی فەلەستین دیوارێکی بڵندی لە نێوان ناوچە فەلەستینی نشینەکان و ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی خۆیداکێشاوە. لەدیوی لای ئیسڕائیلدا بەودیوارەدەڵێن دیواری ئەمنیەتی. کەچی لە دیوی فەلەستینی نشینەکەیڕا بە دیوارەکە دەوترێ دیواری هەڵاواردن و جیاوازیدانان.
نۆروێژ وڵاتێکی بچکۆلەیە. کەچی سەڕەڕای ئەوەش لە سیاسەت و ئۆکۆنۆمی دونیادا رۆڵیکی گرنگ بە خۆی ڕەوادەبینێ. کۆمپانیا نۆرویژیەکان بازاڕە گەورەکانی دونیا دەپشکنن تا بازاڕ بۆ كاڵاکانی خۆیان بدۆزنەوە. یەکێک لەو کۆمپانیا نۆرویژیانە کەوش درووست دەکات.
سەرۆکی کۆمپانیای ناوبراو دووکەس ڕەوانەی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەفریقا دەکات تا بازاری فرۆشی کەوش بدۆزنەوە. هەرکام لەو دووکەسە لە شوێنی جیاوازەوە دەڕۆنە نێو ئەفریقا. کەسی یەکەم پاش دووڕۆژ مانەوە کە ئەو هەموو خەڵکە لەوێ بە پێخواسی دەبینێ پەیام بۆ خاوەن کارخانەکە دەنێرێ و داوادەکات دەست بکەن بە بەرهەمهێنانی زۆری کەوش. ئەو ڕادەگەیەنێ کە لێرە بە ملێون کەس هەن کەوشیان نیەو بازارێکی گەورەیە بۆ فرۆشتنی بەرهەنی کارخانەکە.
لە هەمان کاتدا کابرای دیکە هەواڵ بۆ خاوەن کارخانەکە دەنێرێ و ڕادەگەیەنێ کە لێڕە ئەسڵەن کەس کەوش لە پێناکات و بە هیچ جۆر لەسەر ئەو ناوچەیە وەک بازاڕ بۆ فرۆش حیساب مەکەن.
بەم جۆرە هەرکام لەوان بە پێی ئەزموون و تێگەیشتنی خۆیان خوێندنەوەی خۆیان لە سەر وەزعەکە دەبێت.
یەکیان پێی وایە ئەو خەڵکە بۆیە پێخواسن چونکە کەوشیان دەستناکەوێ. ئەوی تریش پێی وایە پێخواسیی بەشیێکە لە کولتورو شێوەژیانی خەڵکی ئەوێ.
ئەوە بۆ ئێمە کوردیش ڕاستە. ئێمە لە گۆشەنیگای خۆمانەوە دەروانینە ئەو چوارچێوە سیاسیەی پێی دەوترێ دەوڵەتی ئێران. بۆ برایم لاجانی ئێران یانی ئەوەکە سەرتاسەری ژیان لە ژێر سەرکوت و زەبروزەنگ و لە بێ بەشی و مەینەت بەشیدا بەریەسەر. من خەڵکی پێرانشارم و ئەوەی خەڵکی ناوچەی ئێمە لە ئێران پێیان بڕاوە لە باشترین حاڵەتدا ئەوەیە کە بڕۆنە کورەخانەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران و لەوێ لە گەڵ ئاوارە ئەفغانیەکان خشتە ببڕن و ئارەق برێژن و نانی شەش مانگی زستانانی خۆیان بێننەوە و تا هاوێنێکی دیکە و دیسان خوڵیکی دیکە لە و کارە تاقەت پروكێنە. ئەوە بێجگە لەو سەرکوت و زەبروزەنگە پۆلیسی و میلیتاریستیەشە کە بە سیمای کوردستانەوە دیارە. بۆیە خوێندنەوەی من لە ئێران لە گەڵ خوێندنەوەی ئاغای ڕەزاپەهلەوی، یا خانمی فائیزەی ڕەفسەنجانی یا ئاغای ئەکبەری گەنجی یا موجتەبای خامەنەیی لێکدوورن.
زۆری فەرق هەیە لە کوردستانەوە و لە گۆشەنیگای کوردیەوە بروانیە ئێران تا ئەوە کە لە تارانەوە و بە عەینەکی دەستەڵاتداری و شوێنیستیەوە تەماشای سنەو ورمێ و ڕەوانسەر و قەسر بکەی.
کورد لێبڕاوە ئەو جوگڕافیە تاڵ و ناشادە بگۆڕێ. ئەو ئێرانە دێموکراتیزە دەکەین و لە چنگاڵی ئەو بیرە دواکەوتوەی دەردێنین و سەرلەنوێ لەسەر بناخەی واقعیەتە حاشاهەڵنەگرەکان و پرینسیپە دونیا پەسندەکانی مرۆڤایەتیی هاوچەرخ دای دەڕێژینەوە. ریسالەتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ ڕاست ئەوەیە. لێگەرێ با ئەو ئێرانە بلەرزێ کە بەزەبری سەرەنێزە ڕاگیراوە. ئەوە چەرخی بیست و یەکە. کوردو گەلانی دیکەی ئەو وڵاتە تەنیا کاتێک لەو چوارچێوەیەدا دەمێننەوە کە بە دڵخوازی خۆیان مانەوەی خۆیان هەڵبژێرن. سکۆتلەندیەکان دەڵێن دەمانەوێ لە ئینگلیس جیابینەوە بۆئەوەی{jcomments off}
سەروەت و عەداڵەتی زۆرترمان پێ ببڕێ. منی کورد بۆ لە چوارچیوەیەکی سیاسیدا دەمێنمەوە کە بەشم تەنیا سەرکوت و مەینەتبەشی و بێبەشی بێ. کوردیش مافی خۆیەتی رێگایەک هەڵبژێری کە بیگەیەنێتە عەداڵەت و سەروەت. ئەوە شتیکە نەک هەر لە گەڵ پرنسیپە دێموکراتیەکانی دونیای سەردەم دێتەوە بەڵکو ئەخلاق و ئایینە ئاسمانیەکانیش پشتیوانی لێدەکەن. کەواتە لێگەرێ با ئەو ئێرانە بلەرزێ کە بناخەکانی لە سەر غەدر و بێ عەداڵەتی و ستەم و زووڵم و هەڵاواردن بنیات نراوە .
٤.١١.٢٠١٢