"an independent online kurdish website

وڵاتی سووریە لە چەند نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاواز پێک هاتووە بەڵام گەر زۆر نەڕۆینە ناو وردەکارییەکانییەوە ئەوە دەتوانین بڵێی لە دوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب و چەند مەزهەبی سونی و عەلەوی و مەسیحی لەم وڵاتەدا دەژین. حکومەتی دەسەڵاتداری ئێستەی سووریە شیعەیە و لەرێگەی کوودێتاوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە و ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن.ali_palani_2

گەلی کورد لەلایەن ئەم حکوومەتە دڕندەوە دووقات ستەمی لێ کراوە. یەکەم وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە نەتەوەی عەرەب دووەم وەک بێبەش بوونی مافی هاووڵاتی بوونی لە سووریەدا.

ئەم ناعەداڵەتییە بە درێژایی42 ساڵ بەڕێوەچووە، هەر بۆیە خەڵکی سووریەش هاتنە ڕیزی ڕاپەڕیوانی بەهاری عەرەبی بۆ وەدەست هێنانی مافی خۆیان، بەڵام بە هۆی فرەنەتەوەیی و، ژئوپولوتیکی ئەم وڵاتە لە ناوچەکە و بەرژەوەندی زلهێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، گەیشتن بەم مافە کارێکی ئاسان نییە.{jcomments off}

دەبینین زیاتر لە ساڵێکە ڕۆژ نییە بە سەدان کەس لە کۆڵانەکانی ئەو وڵاتەدا نەکوژرێت و، دونیای بەناو دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئایین و ئینسانییەت لە بەرانبەریدا بێدەنگن. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هاوسەنگییانەی سەروە کە باسم کرد. بۆ نموونە تماشای جوغرافیای سووریە بکەین لەنێوان ئیسرائیل، لبنان، تورکیە، ئۆردن، عیراق و حکوومەتی  هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە. هەر بۆیە هەر یەک لەم وڵاتانە کە لەگەڵ وڵاتی سووریەدا هاوسنوورن ئامانج و بەرژەوەندی خۆی لە درێژبوونەوەی شەڕی نێوخۆی سووریەدا هەیە و، هەروەها بە لاڕێدا چوونی بەهاری عەرەبیش لەسەر بارودۆخی سووریە کاریگەربووە، چوونکە بە ڕێگای دروستی خۆیدا نەڕۆیشتوو، بەلکو بەرەو ئیسلام گەرایی توندڕەو وەرچەرخاوە. ئەمەش لە بەرژەوەندی زلهێزەکاندا نییە کە بەشێکی زۆری هێزی دژ بە نیزامی سووریە لەو ئیسلامگەرا توندڕەوانەیە کە بەشێکی زۆریان لە دەرەوەی سووریەوە هاتوون.

 ئەمەش لە معادلەکاندا دوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت یەک ئیسرائیل و بەرژەوەندی دۆستەکانی ئیسرائیل، دووەم ململانەی شیعە و سوونی لە ناوچەکەدا. ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە هەموو ململانەکەدا دەوری خۆی هەیە و، ئەگەر حکوومەتی داهاتووی سووریە لە دەست ئیسلامگەراکاندا بێ، ئەوا لەوانەیە هەڕەشە بێت بۆ سەر ئەمنییەتی ئیسرائیل، هەر بۆیە حکومەتی بەعەسی نیمەگیان تاکو ئێستە لەسەر دەسەڵات ماوتەوە. لە هێشتنەوەی رێژیمی بەعسی سووریە لەسەر دەسەڵات ئیسرائیل و دۆستەکانی دوو ئامانجیان هەیە، یەکەم ڕووخاندنی ژێرخانی ئابوری سووریە و بێهێز کردنی وەک هاوسێیەکی لاوازی ئیسرائیل. لە داهاتوشدا  بۆ باشکردنی ئابووری خۆیان  جارێکی تر  دروستی بکەنەوە. ئامانجی دووەم دابەش کردنی دەسەڵاتی ناوەندی سووریەیە واتە دابەش بوونی دەسەڵات لە نێوان سوونی و شیعە و کورد دا.

 ئەمە لە درێژخایەندا کەرەستەیەیەکی باشە بۆ ڕاگرتنی بەرژەوەندی و ململانەی ئەو لایەنانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێ کرد و، بەتایبەت بۆ زلهێزەکان و ئیسرائیل لە هەر کاتێکی پێویستدا کەڵکی لێ وەربگرن .

ڕۆژ ئاوای کوردستان داهاتووی چۆن دەبێ

هەر وەک دەزانین ئەوە نزیک بە ماوەیەکە خۆپێشاندان و کوشتن و کاولکاری لە سووریەدا دەستی پێکردووە لە خۆپیشاندان و جەنگی نێوان دژبەران و حکومەتی بەشار ئەسەد، نزیک بە 40 هەزار کەس بوونەتە قوربانی ئەم ناکۆکییە و، هۆی درێژەکێشانی ئەم شەڕە و مانەوەی رێژیمی بەعس لەسەر دەسەڵات، دەگەڕێتەوە بۆ چەند فاکتەرێک. یەکەمیان نەبوونی یەکڕیزی هەموو دژبەرانی ڕێژیمەکەی ئەسەدە کە لە سێ گرووپی گەورە پێک هاتوون و، هەر گرووپێک لە چەند گرووپی ناکۆک لەگەڵ یەکدا پێک هاتووە وەک: ئیسلامی و عیلمانی و نەتەوەی کورد. بەشە ئیسلامییەکەش چەند بەشێک لەخۆی دەگرێ وەک ئەخوان و سەلەفی و جەهادی و ڕەنگە ئەلقاعدەش لە ناویاندا بێ. ئەمانەش هەتا ئێستا نەیان توانیوە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ڕێککەون. بەشە عیلمانییەکەشی لەگەڵ هیچکام لەمانەدا ڕێک نەکەوتوون بەشی سێیەم نەتەوەی کوردە کە بە درێژایی مێژووی ئەم وڵاتە چەوسێنراوەتەوە و،لە هەموو مافێک بیبەش بووە.  

بە داخەوە تا ئێستە لە زۆر بواردا کوردیش لەوان باشتر نییە. هەموو ئەمانە و چەندین فاکتەری تر بووەتە هۆی بێدنگ بوونی نێودەۆڵەتی لەم بارەوە. فاکتەری دووەم ئیسرائیلە کە یەکێکە لە دراوسێ هەر گرنگەکانی سووریەیە و، پاراستنی ئەمنییەتی بۆ وڵاتانی ڕۆژ ئاوا زۆر گرنگە. ئەوەشمان لە بیر نەچێ ئیسرائیل بەشێک لە خاکی سووریەی داگیرکردووە، بۆ   پاراستنی وڵاتی ئیسرائیل گرنگە حکومەتی داهاتووی سووریە چۆن پێک بێت. فاکتەری سێیەم بەرژەوەندی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیە و باقی دەراوسێکانی سووریەیە. لە سەرووی ئەم وڵاتانەش وڵاتانی زلهێزی وەکوو ئۆرووپا و ئەمریکا و چین و ڕووسیا هەن کە زیاتر خاوەنی بڕیارەکەن.

ئێستا هەنگاوێک بەڕێوەیە بۆ هەوڵدانی چارەسەری کێشەی سووریە دانشتنەکەی ئەم دوایەی دۆحە یەکێکی تر بوو لە هەوڵە نێودەۆڵەتییەکان و ئەمریکاش کە تازە لە هەڵبژاردنەکەی دەستی خاڵی بووە لە داهاتوودا هەڵسووڕتر و گورجوگۆڵتر  هەنگاوی بۆ هەڵ دەگرێت.

دەبێ کوردیش لەم ململانێ و زۆرانبازییەدا قۆڵی بۆ هەڵماڵێ و هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان بەلاوە بنێن. ڕاستە هەر وەکوو دەزانین هەتا ئێستا
ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد ژیرانە جووڵاونەتەوە و زۆر کەسی خۆیان بە کوشت نەداوە و بەبێ ڕشتنی خوێن شارە کوردییەکانیان ئازاد کردووە، بەڵام ئەمە بەس نییە بەڵکو پرسیار ئەوەیە ئایا رۆڵی کورد لەمەودوا چۆن دەبێ و چی دەبێ. بەداخەوە هەروەک لە سەرەتاشەوە باسم کرد کوردەکانیش یەکدەنگ و یەکریز نیین بەڵکو شەڕە پەڕۆ و شەڕە دەسەڵات دەکەن و، بە دوو شێوە خەبات و بە دوو بۆچوونی جیاوازەوە هەر کامیان بۆ ئامانجی خۆیان تێدەکۆشن. واتە بەشێک لە کوردەکان بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ مانەوەی حکومەتی بەشار ئەسەد دا دەبیننەوە و، ئەو بەشەکەی دیکەش لەگەڵ رووخانی ئەم ڕەژیمەدان، بەڵام هەتا ئێستا هیچکام لەمانە زەمانەتێک نییە بۆ وەدەست هێنانی مافی کورد لە و بەشەی کوردستاندا.

      هێز و لایەنە کوردییەکان بۆ ئەوەی بتوانن بە ئامانجەکانی گەلەکەیان بگەن و، لە رادەی نێودەوڵەتیدا سەنگ و قورسایی وەدست بێنن دەبوایە لەسەر ئەم سێ خاڵە کاریان بکردایە و پێک هاتبان.

1-                                       پەسەندکردنی ئاڵای کوردستان ئەگەر کاتیش بێت و لە داهاتوودا لە ڕێگای سندووقی دەنگدانەوە گەلی کورد ئاڵایەکی بۆ خۆی دیاری بکردایە. ڕەنگە بڵێن بۆ ئاڵای کوردستان بۆ ئارمەکانی تر نەبێ؟ لە وڵامدا ئاسانترینیان ئاڵای کوردستانە لەبەر ئەوەی زۆرینەی حیزبەکان و لە هەموو دونیاشدا تا ڕادەیەک ناسراوە و لە هەمان کاتدا ئاڵای کوردستان ئارمی هیچ ڕێکخراوەیەکی سیاسی نییە.

2-                                       – پێکهێنانی هێزیکی یەکگرتوون لە هەموو حیزبەکان و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ پاراستنی خاکی نیشتمان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان و گەلەکەیان. 

3-                                       – پێکهێنانی دەستەی جۆراوجۆ بۆ کاروباری نێوخۆ و هەروەها دەستەیەک کە بتوانێت وەک وتەبێژی هەموو لایەک بێ بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان.

 ئەوەی کە ئێستا وەکو نوێنەری گەلی کورد هەیە ناتوانێ کاری پێ بکرێت و وەڵامدەری پێویستییەکانی ئەم سەردەمەی کورد لە سووریەدا نییە، دەکرا کورد لەم ماوەیەدا هەوڵی ئەوەی بدایە لە ڕێگای کاری دێپلوماسییەوە جێگەوە و پێگەی خۆی لە ڕادەی نێودەوڵەتی و هەرێمییەوە قورس و قایم بکردایە، بەڵام بەداخەوە کورد لەم بارەشەوە بەسەر دووبەرەدا دابەش بووە، بەرەی ڕوسیا و چین کە ئێران و زۆرینەی شیعەشی لەخۆ گرتووە  و بە ڕێژیمەکەی بەشار ئەسەدیشەوە. ئەو بەشەکەشی لەگەڵ ئەو بەرەیەدان کە بۆ ڕووخانی ڕێژیمە خوێنڕێژەکەی بەشار ئەسەد هەوڵ ئەدەن. بەڵام ئەوەی بۆ کورد گرنگە لەم معادلە سیاسییەدا گەڕانە بە دوای بەرژەوەندی کورد دا. 

لە باری سیاسییەوە دەکرێت لەگەڵ هەر دوو جەمسەرەکەدا مامەڵە بکا، دەکرێت کومیسیونێک بۆ وتووێژ و هاوکاری لەگەڵ هەردوو جەمسەرەکەدا پێک بێنن.  بۆ نموونە ئەگەر لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا ڕێگە بە پەیەدە کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە نەدرا، با لە کەسانی  ڕێکخراوەکانی تر بۆ بەشداری کردن کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی کورد لە بڕیارە نێو دەوڵەتییەکان غایب نەبێ. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە کورد نەکەوێتە ناو کێشمەکێشی خۆخۆری لەسەر بەرژەوەندی حیزبی یان ئەم لایەن لەگەڵ ئەو لایەندا.

ئەوەی من لێرەدا لێ دەترسم ئەوەیە کە لە بەشداری کردنی کورد لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا کورد بکەونە گیانی یەک و شەڕێکی ماڵوێرانکەری کورد دژ بە کورد دروست بێ، بەڵام هیوام وایە نەگەیێتە ئەو جیگایە کە هەوڵی گەیشتن بە ئارەزووی ئەم گەلە بێبەشە بەفیڕو بچێت. مەترسی ئەوە هەیە کە لەم ململانە و ناکۆکی لایەنە کوردییەکاندا، تورکیە لەڕێگای سپای ئازادەوە ئاژاوە بۆ کورد دروست بکات نموونەش بۆ ئەمە چەند رۆژ پێش ئێستە بە 70 کەسی سپای ئازادەوە دەست گیرا بەسەر شاری سەری کانیدا و ئاڵای کوردستانیان هێنایەخۆار و کوردیش بو بە تەماشاچی ئەمەش لە نەبوونی یەک ڕیزی کورد دا بووە.

 بۆیە هیوادارم  بەرژەوەندی نەتەوەکەیان لە سەرەوەی بەرژەوەندی حیزب و لایەنەکانەوە بێت. ئەگەر کورد هەوڵ نەدا بۆ چارەسەری ئەم کێشە نێوخۆیانەی خۆی، ئەوە ڕووبەڕووی سێ شەڕ دەبێتەوە. شەڕی یەکەم کە مەترسیدارترین شەڕە، شەڕی کورد بە کوردە واتە شەڕی نێوخۆیی، دووەم ئەگەر حکومەتی ئەسەد سەرکەوێت لە شەڕی دژبەرانیدا ئەوە دێتەوە پەلاماری شارە کوردییەکان دەداتەوە، لەبەر ئەوەی ڕێژیمی ئێستای سووریە لەگەڵ کورد دا سیاسەت دەکات، بۆ ئەوەی وەک کارتێک بۆ بەرژەوەندی خۆی بە کاری بێنی و لە هەمان کاتدا نەهێڵی لەبەرەی دژبەرەکانیدا یەکریزیەک پێک بێت، ئەگینا بە درێژای مێژووی دەسەڵاتیان هەتا ئیستاشی لەگەڵدا بی ئامادە نییە و نەبووە سەرەتاییترین مافی کورد بە ڕەسمی بناسێت و لە داهاتووشدا هیچ مەرج و زەمانەتێکی نێودەوڵەتی نییە کە بەرگری لە گەلی کورد بکات.

 شەڕی سێیەم شەڕی حکومەتی داهاتووی سووریەیە واتە دژبەرانی ئیستای ڕێژیم ئەگەر بە دەسەڵات بگەن. ڕەنگە هەر لە ئێستاشەوە زەمینەیەک بۆ  جەنگی داهاتوو لەگەڵ کورددا خۆش بکەن و لەگەڵ کورددا شەڕێکی ماڵوێرانکەر ڕووبدات. هەر بۆیە زۆر گرنگە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بە زووترین کات بە دوای چارەسەرەکاندا بگەڕێن و بەرپرسانە لەگەڵ بەرژەوەندی گەلەکەیاندا بجوڵێنەوە، وەک دەڵێن لە سیاسەتدا دۆستی و دوژمنی هەمیشە نییە، بەڵام بەرژەوەندی دەبێتە زامنی پاراستن و دۆستی درێژخایەن. کوردیش دەبێ لەمە فێر بێ بەرژەوەندی نەتەوە بکەنە خاڵی یەکەم و حیزبەکانیش وەک وەسیلە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەکار بێنن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی