"an independent online kurdish website

گەلان بۆ بە دەست هێنانی ئازادی و سەربەستیی لە گەلان و وڵاتانی دیکە ئیزن وەر ناگرن، گەلانی ژێر دەست و خەباتگێڕ بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی و کەرامەتی ئیسانی خۆیAritma-muhamadi-0-2012

پێویست بەوە ناکات کەڵک لە ڕێگا چارە ئاڵۆزەکان وەر بگرێت و سیاسەت وەک بەردی مەحەک ببینێت و لەو ڕێگایەوە هەوڵی بۆ بدات، کام لە گەلان پێش ئەوەی کە سەربەخۆیی وەر گرتە بێت، قۆناغەکانی وەک “خودموختاری” فیدرالیزم و دابەشکردنی دەسەڵاتی تاقی کردووەتەوە؟

دەیان لە گەلانی ژێر دەست، پێش ئەوەی کە هەوڵ بۆ جێگیر کردنی فیدرالیزم و خودموختاری بدەن، پێش ئەوەی کە هەوڵ بۆ دابینکردنی دیموکراسی و ئازادی بدەن، هەوڵیان بۆ چارەسەری بنچینەترین و ئەساسیترین پرس، واتە پرسی نەتەوایەتی داوە. هیچکام لە گەلانی ژێر دەست تا بە سەربەخۆیی نەگەن و دەوڵەتی نەتەوایەتی پێک  نەهێنن، دەست لە خەبات و قربانیدان هەڵ ناگرن، ئیتر پێویست بەوە ناکات کە بە سیاسەتی مار پێچی بچنە پێشەوە، وڵاتانی داگیرکەر سەدان ساڵە بە سیاسەتی مارپێچی لە گەڵ نەتەوە ژێر دەستەکاندا هەڵسوکەوت دەکەن، چلۆن دەبێت گەلانی ئازادیخواز و تامەزرۆی سەربەستیش لە هەمان تاکتیک و سیاسەت کەڵک وەربگرن؟ ئایا ئەمە یاری کردن بە چارەنوسی خۆیان نییە؟

ناسنامەی گەلان ئەو ناسنامەیە نییە کە خەڵکانی تر لە وڵاتانی تر بۆیان دەنووسن، ناسنامەی گەلان ئەو بەرخۆدانانەیە کە ڕۆڵە بەنرخەکانی هەر گەل تۆماری دەکەن، نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتاییبەت نەتەوەی کورد مێژووێکی ڕوون و ئاشکرای نییە و لە فەقری مێژووی دا ژیان بە سەر دەبەین، هەر ئەوەی کە پێمان دەڵێن ئێمەش دووبارەی دەکەینەوە، هەر کام لە سەرکردەانی سەردەمی خۆی گوێ ڕایەڵی لایەنێکی دەرەکی بووە و بەرخۆدانێکی ئەزموون کردووە کە لە خزمەت و بەرژەوەندی دووژمنان بووە، لە بەر ئەوە زانیاری مێژوویی تەواومان لە سەر نەتەوەی خۆمان پێ نییە، بۆیە هەمیشە لە سیاسەت دا سەلێشێواوین و دوست و دوژمنی خۆمان ناناسین، کاتی ئەوە گەیشتووە کە لاپەڕێەکی نوێ لە مێژووی نوێی گەلەکەمان تۆمار بکەین و ئیتر لە گەڵ خەون و خەیاڵی دروستکراوی دەستی بێگانە نەژین.

ئایا کاتی ئەوە نەگەیشتووە کە لە گەڵ گەلی خۆماندا ڕاستوگۆ بین و ئەوان لە چارەسەری پرسی نەتەوایەتی بەشداری پێبکەین، ئایا ئەگەر گەلی ئێمە لە ڕێفراندۆمێکدا بەشداری بکات، دەنگ بە مانەوە لە گەڵ وڵاتانی داگیرکەر دەدات یان جیا دەبێتەوە؟

بێگومان دەنگ بە جیا بوونەوە دەدات. ئەمڕۆ ئەگەر نەتەوەی کورد لە چارەنووسی خۆیی دا بەشدار نەبێت، سبەی باجەکەی بە ژێر دەستی دەداتەوە.

لێرەدایە کە دەبێت بە سیاسەتی پڕ لە هەڵەی خۆماندا بچینەوە و سیاسەتێک لە سەر بنچینەی واقع و ڕاستی کۆمەڵەکەمان دابڕێژین کە زێتر لە بەرژەوەندی گەل دا بێت و بەرژەوەندی هیچ تاک و گرووپێک لە بەر چاو نەگرین، ئەو سیاسەتە دەبێت سیاسەتێکی نەتەوەیی و لە سەر چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی سەربەخۆییدا خۆ ببینێتەوە، چونکو گەلی ئێمە ساڵانیکە تینوی ئەو سیاسەتە و تینوێتی بە خوێنی خۆی پێ دەشکێنن.

مافی نەتەوەایەتی و پرسی سەبەستیی و سەربەخۆییی نەتەوەیەک وەک پێوەندی عاشقانەی نیوان کچ و کوڕێکی عاشقە کە تا لە باوەشی یەک نەخەون و نەسرەون و ئیرزا نەبن، تێر نابن و هیچ چێژ و خۆشییەک لەو لە گەڵ یەک بوونە نابینن، مافی گەلانی ژێر دەستیش بە دابینکردنی دیموکراسی و ئازادی بەدی نایەت. هێنانە گۆڕی چمکەکانی فیدرالیزم و خودموختاریش تەنیا خۆدزینەوەیە لە چارەسەری یەکجاری و بە لاڕێدا بردنی زهنییەتی گشتییە لە پێناو بەرژەوەندی تاک، گرووپ و حیزب.

نەتەوە ماف زەوت لێکراوەکان بە درێژایی مێژوو لە ژێر ستەمی نەتەوایەتی ناڵاندوویانە و بە نا شایەستەترین شێوە چەوساونەتەوە، چۆن دەتوانن بەو نیگایەوە لە گەڵ ئەو نەتەوانەدا پێکەوە هەڵبکەن، ئەگەر مافی ئەو نەتەوانەش لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانە دا بەدەست بێت، دیسانەوە لە باری کەلتووری، ئابووری، زانستی، دەروونی و تێهەڵچونە کۆمەڵایەتییەکان ئەوان لە پێشترن و هەر زاڵن بە سەر ئەو نەتەوانەدا. یان دەیان نەتەوە لە سەر ئەم گۆی زەوییە هەیە کە زمان، فەرهەنگ، کەلتوور، مێژوو و خاکی هاوبەشیان هەیە، کەچی لە گەڵ یەکدا هەڵ ناکەن و چەند دەوڵەتیان ساز کردووە، بۆ نمونە، عەربەکان، یان نۆروێژ، سوێد، دانمارک و  کۆرە وە هتد!

ئیتر چ پێویست دەکات منی کورد لە گەڵ دوژژمنی هەزار ساڵە لە نێو یەک ماڵ پێکەوە بژین، دووژمنێک کە ڕابردووی لە کوشتن، ئاسمیلەکردن، تێکشکان و شۆردنەوەی کەلتووری بۆ من زێتر هیچ سەمەرێکی نەبووە، خۆدزیینەوە لەم ڕاستیانە لە بەرژەوەندی دووژمن و سیاسەتی داگیرکەری دایە.

 زۆر جار باس دێتە گۆڕێ دەڵێن سەرۆک کۆماری ئێران مرۆڤێکی دژ بە کوردە یان دەڵێن سەرۆک وەزیری عێراق یاری بە چارەنووسی کوردەوە دەکات، ڕاستیەک لێرەدا هەیە کە بەشێک لە ئێمە نایبینن، یان دەیبینین و گرنگی پێ نادەین، ئەویش ئەوەیە موشکیلی ئێمە فڵان سەرۆکوەزیر و سەرۆک کۆمار نییە، بەڵکوو موشکیلی ئێمە ئەو کەلتوورەیە کە لە ناو ئەواندا زاڵە و باوەڕێکی قوڵیان پێیەتی، ڕژیمی فاشیستی شا لە ڕژیمی خۆمەینی خرابتر بووە یان لە عێراقیش هەروەها، خاتەمی کاتیک لە ئێران بە دەسەڵات گەیشت، ئایا مافی کەلتووری کورد باسی لێوە کرا؟ یان هەوڵێک بۆ چارەسەری پرسی کورد بەڕێ کەوت، بەڵام بە هاتنە سەری کاری ئەو لە ئێران کۆمەڵێک ئازادی و مافی مەدەنی لە گەڵ خۆی بۆ فارسەکان هێنا. ئەوە لە توانای سەرۆکۆمار یان سەرۆک وەزیرێک دا هەیە کە کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ بۆ نەتەوەی باڵا دەستی پێ بێت، بەڵام بۆ منی کورد هەر هەمان دیکتاتور و خوێنمژە، هەر بۆیە پێم وایە مانەوە لە چوارچێوەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان وەک کەسێک وایە کە مەلە نەزانێت و لە ناو گۆماوێکی قوڵدا پەلەفڕتە بکات.

لە نزیکەوە لە گەڵ کۆمەڵێک لە سیاسەتمەداران و بە ناو ڕۆشەنبیرانی فارس دیالۆگ و گفتۆگۆمان کردووە، بە دڵنیایەوە ئەوان ئازادی و دیموکراسیەکیان دەوێت کە مافی کورد و نەتەوەکانی دیکەی تێدا نەبێت و هەر ئازادی و دیموکراسیەک ئەگەر باسی مافی کوردی تێدا بکرێت وەک سەرەتایەک بۆ جیا بوونەوە دەیبینن و بۆیان هەزم ناکرێت و وەک مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان چاوی لێ دەکەن, لە لایەکی دیکەشەوە ئێمە وەک نەتەوەیەکی ژێر دەست یاری کەرێکی باش نین و یاری کردن لە گەڵ ئەوان بۆ ئێمە دژوارە، لە بەر ئەوە کە ئەوان هەموو جۆرە ئەخلاقێکی ئینسانی و سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ژێر پێ دەخەن .

لە چەند ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک لە سیاسەتمەداران و ڕۆشەنبیرانی فارس داوای بەڕێەوە چونی ڕێفراندۆمێکیان لە ئێران کرد، بۆ ئەوە کە ئەگەر خەڵک دەنگیان بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەدا، دەرفەت بۆ ڕەقساندنی ئاڵوگۆڕێک لە سیستمی سیاسی ئێران بێتە گۆڕێ، وەک باسکرا و دیترا و بینرا ئەم کۆمەڵە کەسە پشتیوانی لە سیستمێکی سیکولاری نا دینی دەکەن، وەک کۆماری سیکولاری ئەمڕۆی تورکیە. هێنانە گۆڕەی پرسی ڕێفراندۆم لە ئێران تەنیا لە بەر ئەوەیە کە پێشگری لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراوو کونترڕۆڵنەکراو بکەن، چونکو پێیان وایە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە هێزی وڵاتێکی دەرەکی بڕۆخێت، ئیمکانی ئەوە هەیە کە یەکێ لە نەتەوەکان جیا بێتەوە و جوگرافیای سیاسی ئێران تێک بچیت و ئەوەش ببێتە سەرەتایەک بۆ جیا بوونەوەی نەتەوەکانی دیکە، بەشێک لە پارتەکانی رۆژهەڵات لەم یارییە دا تێوەگلاون و دژایەتی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران دەکەن. هێزی کورد دەبیت لە هەموو جۆرە هەوڵ و هەڵێک بۆ ڕۆخاندنی ئەو ڕژیمە کەڵک وەر بگرێت، لە بەر ئەوە مانەوەی ئەو دەسەڵاتە لە بەرژەوەندی کوردا نییە و قورس لە سەر بزوتنەوەی کورد لە ناوخۆ دەکەوێت، ئۆپۆزیسیۆنی فارسیش، ئەو بەشەی کە لە دەرەوەیە ژیانی ئاسایی خۆی تێدەپەڕێنێ و لە ناوخۆشەوە لە باری ئابووری، سیاسی و کەلتوریەوە بەرە پێش دەچێت و ڕاگەیاندنە فارسیە جیهانییەکانیشیان لە دەستە و بە هەر شێوە پێیان خۆش بێت لە دژی نەتەوەکانی دیکەی ژێر دەست لە ئێران لێدوان دەدەن و مافەکانیان پێ ڕەوا نابینن.

بەداخەوە ئەم جۆرە سیاسەت کردنە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکو باشوری کوردستانیشی تەنیوەتەوە، هەر وەک ئاگادارن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی جۆربەرجۆر لە سەر جموجۆڵەکانی هێزی دیجلە بڵاو دەبێتەوە کە گێچەڵ بە هێزە کوردییەکان دەفرۆشن، هۆکاری ئەو ڕووداوانەی کە ئەمڕۆ ڕوو دەدات ئەوەیە کە سەرکردەکان لە باشور لە کەسانێیکی کۆمەڵایەتی و سوسیال پێکنەهاتوون و نازانن دۆستە سیاسیەکانیان چۆن هەڵبژێرن، گرفتێکی دیکەی ئەو سەرکردانە ئەوەیە کە دۆستایەتی مەرجی یەکەمە بۆ داڕشتنی ئیستراتیژیەکەیان و تا دۆست نەبن لە گەڵ کەسێک لە کایەی سیاسی لە گەڵی یاری ناکەن، هەربۆیە هەمیشە لەو دەرفەتەی کە بۆ دۆستەکان دەڕەقسێنن، لە کۆتایی دا پەشیمانی پێوە دەکێشن، هەر وەک ئاماژەم پێدا، ئەوە تەنیا خەڵکە کە یاری بە چارەنووسیانەوە دەکرێت.

پارتە ڕۆژهەڵاتییەکانیش ماوەیەکە لە کوردستانی باشور ئوردوگانشینن، ئەوە خۆی لە خۆیدا دەتوانێت دەرفەتێکی باش و لە بار بێت بۆ داڕشتنی ئیستراتیژیکی سیاسی و نەتەوەیی باش و بە کەڵک و هەروەها دەتوانێت دەرفەتێکیش بێت بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و بە پێڕەو پڕۆگرامەکانییان دا بچنەوە و گۆنجاوترین خاڵەکان لە نێو بەرنامەکانیان دا بگونجێنن، بەڵام بەداخەوە ئوردوگانشینی خاڵە لاوازەکانی پتر بوو و هۆکارێکیش بوو بۆ جیا بوونەوە و باڵباڵ بونی پارتەکان، بە دەر لەوەش پارتەکانی ڕۆژهەڵات ئەزمونی کوردستانی باشور کۆپی دەکەن و هەر چی یەکێتی و پارتی دەیکات ئەوانیش دووبارەی دەکەنەوە. هەڵگرتنی درووشمی فیدرالیزم لە پاش ئەوە بووە کە یەکێتی و پارتی ئەو درووشمەیان بۆ سیستمی سیاسی عێراق پێشنیار کرد، هاوپەیمانێتی ئیستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی بووە هۆی ئەوە کە لە ڕۆژهەڵاتیش ئەو جۆرە هاوپێمانییەتیە بەسترێت، ئەم ئەزمونانە دەرفەتی باشن، بەڵام دەبێت بە شێوەی خراب کەڵکی لێوەر نەگرن، با مافە نەتەوەیەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بە دیموکراسی و ئازادی نەبەستینەوە، چونکو ئاکامەکەی دەتوانێت نمونەی وڵاتی تورکیە بێت، کە لەوێدا ئازادی و دیموکراسی بۆ تورک هەیە و بۆ کوردیش بەندیخانە و سیاچاڵەکان، ئاکامی سیستمی دیوکراتی ئەوەیە کە زۆرینە دەسەڵات بەدەستەوە دەبێت و کەمینەش دەبێت هەر چاوەڕوانی دەرفەتێکی دیکە بێت.

ئەم هەڵە گەورە سیاسیە لە کۆبونەوەی پراگیشدا دەبیندرێت، لەوێ نوێنەرانی کورد زۆرتر باس لە چارەسەری دیموکراتیانە پرسی کورد دەکەن، باس لە جێگیرکردنی دیموکراتی و ئازادی لە ئێرانی داهاتوو دا دەکەن، پرسی کورد بە دیموکراتی چارەسەر نابێت، دیموکراتی پرسێکی گشتیە وتاییبەت بە دابینکردنی مافی نەیەوەیەکی دیاریکراو نییە، ئەوە هەڵەیە کە چارەسەری پرسی کورد بە دابیکردنی دیموکراتی لە ئێران ببەستینەوە، جێکەوتنی کەلتوری دیموکراتی کاتی دەوێت و نەتەوەی کوردیش ئەگەر دیموکراتیانە لە چارەسەری پرسی خۆی بروانێت دەبێت سەبری ئەیوبی هەبێت، ئەو گومانەش هەیە کە ئەگەر دیموکراتی وەک خۆی جێنەکەوت و وەک عێراق و تورکییەی لێهات، ئەو کات هەڵوێستی کورد چی دەبێت؟ ئامانجی ئۆپۆزیسیۆنی فارسیش هەر ئەو کات کوشتنەیە کە دەیانهەوێت لە سیستمی بە ناو دیموکراتی دەستان بکەوێت، لە بەر ئەوە لە دانی هەر جۆرە باجێک بە کورد پێشگیری بکەن، تا ناوەند دسەڵاتی خۆی بەهێز دەکات، کەسێکی وەک مالیکی  نەیتوانی ئەو پێشگیرییە بکات، چونکو تاکە کەسی بڕیاردەر لە گۆڕەپانەکە نەبووو، بەڵام ئەمڕۆ بە پشتیوانی چەند لایەنێکی ناچەیی هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کورد دەدات، یان کاتێک کە کۆماری کوردستان ڕۆخنا، هۆکارەکەی ئەوە بوو کە حکومەتی ناوەند بەهێزتر ببوو و ڕووسەکان لە ناوچەکە کشانەوە و ئینگلیزیکەنایش هەروەها و لە نێو خەڵکیش دەرفەت لە بار نەبوو. ئێمە ئەزمونێکی باشمان هەیە، ئەوە دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێ لە دووبارە نەکردنەوەی هەڵەکانمان.

لە کۆی ئەم وتارە دا دەتوانم  ئەنجامی باسەکەم بەم شێوەیە کۆ بکەمەوە کە ئەرکی گرنگی ئەو بەشە لە پارتە کوردییەکان کە خوازیاری ئێرانێکی فیدڕاڵین ئەوەیە کە لە مافی نەتەوەی کورد پارێزگاری بکەن و بۆی تێبکۆشن، نەک هەوڵ بۆ ئیسباتکردنی نیاز پاکی کورد بدەن، گەلی کورد تاکوو ئیستا حکومەت و دەسەڵاتی نەبووە، کورد نەتەوەیەکی ژێر دەست بووە و بۆ مافی سروشتی خۆی خەبات دەکات، ئەوە ئەرکی فاشیستە پان ئێرانیستەکانە کە دەبێت بیسەلمێن کە لەمپەر لە سەر ڕێگای کورد درووست نەکەن و فێڵ لە کورد نەکەن، جێگەی بایەخ نییە کە هندێک لە حیزبە کوردییەکان ئەوەندە باسی پرسی فیرالیزم و جێگیرکردنی ئەو سیستمە لە ئێران بکەن، ئەگەر فیدرالیزم وەک چمکێکی سیستمی سیاسی لە ڕۆژهەڵات جێبکەوێت، پێم وانییە کە وەک باشوری کوردستان بە باشی جێگیر بێت، ئەوە کە دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەسەڵاتی عیراق چۆن هەڵسوکەوت لە گەڵ ئەم چمکە دا دەکات، کاکە ناکرێت و نابێت و ناتوانین لە گەڵ دووژمنی سەدان ساڵە لە ژێر یەک چەتر و لە ناو یەک ماڵدا بژین، کاکە  ئێمە ناتوانین لە گەڵ ئەواندا کایە بکەین، ئەوان بە ئەزموونێکی زۆر و ئێمەش بە قسەی دوو کەسی وەک مالکی لە بەر دڵی کەسێکی وەک ئەو حازرین هاوپەیمانێتی نیشتیمانی تێک بدەین، کورد قەد نابێت بیر لە چارەسەری پرسی خۆی لە چوارچێوەی ئێران، یان عێراق و وڵاتێکی دیکە بکاتەوە. ڕێگا چارە تەنیا و تەنیا سەربەخۆییە، سەربەخۆییش هەر چەندێک خوێن هەڵ بگرێت دەبێت بیدەین و بۆی تێبکۆشین تا پێی دەگەین.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی