"an independent online kurdish website

لقی رۆژهەڵاتی پەکەکە دیسان هاتەوە دەنگ و هەموو ئەو کەسانەی کە رەخنەی لێ دەگرن، بە سیخوڕی دژمن ناساند و کاری رەخنەگرتنی بە شەڕی تایبەتی دژمن بۆ سەر پەکەکەی رۆژهەڵات ناودێر کرد.cemil_kolahi13

لەم پێوەندییەدا هەڕەشەی کوشتنی هەموو ئەو کەسانەی وا رەخنە لە لقی رۆژهەڵاتی پەکەکە دەگرن، کرد. ئەو گرووپە لە هەڕەشەنامەکەیدا لەم بارەیەوە دەڵێ: ” پارتیمان بەو ئەزموونەی کە بە تێکۆشانی چەندین ساڵە لە خەباتی نێو گەلدا دەستی خستووە، باش دەزانێت کە چۆن هەم خۆی و هەم گەلەکی بپارێزێت و دەیپارێزێت.” بەم شێوەیە پەکەکە بە خەیاڵی خۆی دەیهەوێ بۆ هەتاهەتایە دەرگای رەخنە گرتن بە هەڕەشەی کوشتن، لە رۆژهەڵاتی کوردستان دابخات.

ئەڵبەت ئەمە یەکەم هێرشی فەرمی پەکەکە بۆ سەر کوردانی رۆژهەڵات نیە، لە ژمارەی ١٢ی ئاڵترناتیڤ کە ناوەندی چاپەمەنی لقی رۆژهەڵاتی ئەو پارتە دەریدەکات، تۆمەتی گەندەڵی ئەخەلاقی، ژن بازی و… لە لایەن رێوار ئابدانان، ئەندامی کوردیناسیونی لقی رۆژهەڵاتی پەکەکە دراوەتە پاڵ حیزبەکانی رۆژهەڵات و بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ناوی بردوون کە لەم هەڕەشەنامەی دواییشیان دووپاتی دەکەنەوە.

لێرەدا پرسیارێک دەخۆڵقێ کە ئایا سەرچاوەی ئەم هەموو بێ ڕێزی و بێ پرەنسیپییە لە کوێیە؟

ئەدەبیاتی سیاسی هەر پارتێکی سیاسی، پێوەندی راستەوخۆی هەیە بە چۆنییەتی کەسایەتی و هەڵسوکەوتی دامەزرێنەران و رێبەران و هەروەها ئامانج و سیاسەتەکانی ئەو پارتەوە. بۆیە بۆ ناسینی پەکەکە بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە و شێوەی هەڵسوکەوتی لە گەڵ حیزب و رێکخراو و رۆژنامەوان و بە گشتی کۆمەڵگە، دەبێ ئاوڕێک لە کەسایەتی ئۆجەلان بدرێتەوە، کە پەکەکە و لق و پۆپەکانی بە سەرۆکی نەتەنیا خۆیان بەڵکو بە سەرۆکی هەر چوار پارچەی کوردستان و هەنگاوێکی ئەولاتر بە سەرۆکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤینی دەزانن.

عەبدۆڵا ئۆجەلان کە دامەزرێنەر و سەرۆکی پەکەکەیە  بە وتەی خۆی لە بنەماڵەیەکی بێ سەرە و بەرە گەورە بووە، کە جنێو دان و ئاژاوە نانەوە لە سەر مریشک و بزن و… کاری رووتینی ئەو بنەماڵەیە بووە. دیارە گەورە بون لە ئاوەها بنەماڵەیەکدا مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەروونی دەکا و دەروونی مرۆڤ پڕ دەکا لە گرێ. ئۆجەلان لە کتێبی “زبان و عمل انقلاب” لاپەڕەی ١٩ دەڵێ: “وقتی خانوادە ما با خانوادەیی دیگر دعوا میکرد، پدرم میگفت: برو! اینجوری دعوا کن، این گونە فحش بدە!…  مادرم برایم بهترین معلم بودە است. این زن (مادرم) بیش از هر زن دیگری غوغا بەپا میکرد و همیشە برای دعوا کردن حاضر و تیپی عصیانکار بود… پدرم هم چنین وضعی داشت. بزرگترین کاری کە پدرم انجام میداد این بود کە بر بالای بام میرفت، چشمهایش را میبست و شروع بە ناسزا میکرد…”

ئەڵبەت پێویست بە ئاماژەیە کە زۆر کەسایەتی بوونە کە لە بنەماڵەی شپرز و بێ سەرەو بەرە گەورە بوونە، بەڵام ئەوان توانیویانە بە هەوڵ و تێکۆشان، خۆیان پێ بگەیەنن و ئەو پەروەردە هەڵەیەی بنەماڵە  لە خۆیاندا بسڕنەوە. بەڵام بە داخەوە ئەمە لە بارەی ئۆجەلانەوە راست دەرنایە هەرچەند خۆی وا ئیددعا دەکا کە تێکۆشاوە وەک بنەماڵەکەی هەڵسوکەوت نەکا، کە لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەدەم.

 ئۆجەلان لە زۆر شویندا بە شانازییەوە لە سەر ئەو هەڵسوکەوتانە دواوە یان لە زۆر بواردا هەڵوێستەکانی دژ بەو ئیددعایەیە. بۆ نموونە دەڵێ: “بعضی از میوەهای زمینداران و ثروتمندان مثل انگور و پستە را میدزدیدم، انگور و پستەای را کە با رنج و زحمت و ریسک بدست میآوردم برایم با ارزشتر بود از میوەای کە بدون زحمت بدستم میرسید.”(زبان و عمل انقلاب) لێرەدا بە شانازییەوە لە دزی کردنی خۆی باس دەکا و بە کارێکی شەرافەتمەندانەی دەزانێ کە تێکەڵە بە رەنج و کوێرەوەرییە!  لە شوێنی دیکەدا باسی بەرتیل سەندنی خۆی لە وەرزێرەکانی دەکات ” بعد از فارق التحصیلی در رشتەی اسناد و املاک بە دیاربکر برگشتم…. در دیار بکر مشغول کار ثبت زمینهای روستاییان بودم… در این شهر پول بسیاری بە دست میاوردم، برای اولین بار بود کە رشوەخواری را یاد میگرفتم.” (رهبریت و خلق /ل٣٧). ئۆجەلان دەڵێ من ئەم کارەم بۆ شۆڕش کرد و حەڵاڵە، دواییش کە رۆژنامەڤانەکە دەڵێ خۆ ئەوکات شتێک بە نێو شۆڕش لە گۆڕێدا نەبوو! دەڵێ نا من خۆمم بۆ شۆڕش ئامادە دەکرد! (رهبریت و خلق /ل٣٧).

یان لە وتووێژی گۆڤاری سڤیل لە گەڵ ئەکرەم یەکێک سەرکردەکانی پەکەکەدا هاتووە کە “یاسایەی كە دانرابوو، ئەو كەسانەی كە دەستگیر دەكرێن، پلەی ئەندامی و بەرپرسیارێتیان لێ وەردەگیرێتەوە… لەلایەن خودی ئۆجەلانەوە دانرابوو… بەڵام كاتێك ئۆجەلان خۆی دەستگیر كرا، ئێمە موحتاجی پارێزەرەكانی ئۆجەلان بووین، هەر هەفتەیەك نامەیەكیان دەهێنا و دەیگوت نابێ وەها بكەن و نابێت ئەوە بكەن” ئەمە نیشانەی نەگۆڕانی ئۆجەلانە، یاساکانی نەک یاسای گشتی بەڵکوو یاسا بۆ ژێردەستانی بووە و خۆی وەکوو هەر دیکتاتۆرێکی دیکە لە دەرەوەی یاسا وەستاوە.

نموونەی دیکە ئەوەی کە پەکەکە رەحمی بە هیچ  ئەندامێک کە لە پەکەکە جیابوایەت نەدەکرد و بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتوونی و بە ئەستۆیش گرتووە، کەچی خێزانی خۆی کە سەر بە میت بووە و هەموو نهێنییەکانی پەکەکە دەنێرێتەوە بۆ میت، رزگاری دەکا و دەینێرێتەوە بۆ تورکیا! ئایا ئەگەر ژنێکی گەریلا بوایا ئەو کارەی دەکرد؟ یان چونکە بنەماڵەی سەرۆکە شمولی یاسا ناکات؟ ئەم نموونانە نیشانەی ئەوەن کە ئۆجەلان هیچ گۆڕانێک بە سەردا نەهاتووە هەر ئەو مرۆڤەیە کە لە دێهاتەکەیان خەریکی کاری نابەجێ بوو.

رەنگە ئۆجەلان هەر وەک خۆی لە وڵامی نبیل الملحم دەڵێ: “بە هیچ فرد روستایی دیگری شباهت نداشتم” وەک دێهاتییەکانیتر هەڵسوکەوتی نەکردبێ، بەڵام هەر وەک لە درێژەی ئەم وتارەدا دەر دەکەوێ مرۆڤێک بووە کە گرێ دەروونییەکانی خۆی کە لە دێهاتەکەیان و لە نێو بنەماڵەکەیدا تووشیان بووە، بە شێوەیەکی دیکە لە نێو پارتەکەیدا بەرهەم هێناوەتەوە و کردوونی بە رێبازی سیاسی ئەو پارتە.

بە وتەی پسپۆڕانی بواری دەروونناسی، کەسایەتی مرۆڤ لە چوارساڵی یەکەمی ژیانیدا بیچم دەگرێ. بۆیە هەموو ئەو هەڵسوکەوت و کردەوانە کە تا تەمەنی چوار ساڵی لە نێو بنەماڵەدا و لە بەر چاوی منداڵەوە ئەنجام دەدەرێن، لە دەروون و زەینی منداڵدا جێگیر دەبن و دواتر لە سەر هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی لە گەورە ساڵیدا، کاریگەرییەکی قووڵ دادەنێن. ئەگەر ئاوڕێک لە کردەوەکانی ئۆجەلان و سیاسەتەکانی پەکەکە بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە ئاوێنەیەکی باڵا نوێنن لە شێوەی پەروەردەیی ئۆجەلان لە نێو بنەماڵەکەدا، کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێ دەکەم.

سەرچاوەی ئەو هەموو بێڕێزیانەی ئەندامانی پەکەکە هەر لە سەرکردایەتییەوە، کە بە بێ بەڵگە کەسێکی دیکە بە مووچە خۆری دژمن یان بە ژن باز و بێ ئەخلاقی ناو دەبەن، کاتێک دەردەکەوێ کە بە وردی باسەکانی ئۆجەلان لە سەر بنەماڵەی و شێوەی پەروەردەی خۆی بخوێنینەوە.

ئەو شێوە پەروەردەیەی ئۆجەلان لە بنەماڵەکەیدا ئەمڕۆ لە سیاسەتەکانی پەکەکە بە تەواوی لە ژێر ناوی ئیدئۆلۆژی جێگیر بوونە و بوونەتە ناسنامەی پەکەکە. ئەوەی کە جنێو و تۆمەت و ئاخاوتنی ناحەز و ناشیرینە و نێوی ئاپۆچییەتی لە سەر دانراوە، بەرهەمی زەینی کەسێک وەک ئۆجەلانە کە دەڵێ یەکەمین وانەی دایکم بۆ من ئەمە بوو؛” روزی با یکی از بچەهای روستا دعوا کردم، در این دعوا سرم شکست. مادرم بە شدت مرا سرزنش کرد و بە من گفت: تا زمانی کە انتقامت را نگیری بە این خانە پا نمیگذاری. این اولین درسی بود کە مادرم بە من داد. من هم بعد از اینکە انتقامم را گرفتم بە خانە باز گشتم.” (زبان و عمل انقلاب/ل ١٥)

کەسایەتی و شێوەی پەروەدەی ئۆجەلان هەر وەک لە وتەکانی خۆیدا دەردەکەوێ تەواو نیە. ئەو لە نێو بنەماڵەکەیدا تەنیا جنێو و شەڕ کردن و تۆڵە ستاندنە بە هەر نرخێک، لە گەڵ خەڵکدا فێر بووە و ئەو هەڵسوکەوتانە بوونەتە بەشێک لە کەسایەتی ئەو کە دواتر لە نێو پەکەکەدا لە قەوارەی ئیدئۆلۆژی ئاپۆچییەتی بەرهەمیان دێنێتەوە. هەر وەک باوکێکی نەخۆش چۆن هەڵسوکەوتی سەردەمی منداڵی لە نێو بنەماڵەکایدا بەرهەم دێنێتەوە و منداڵەکانیشی تووشی ئەو کردەوانە دەکا کە خۆی پێشتر لە نێو بنەماڵەدا کردوونی. واتە سینگ بە سینگ و نەوە بە نەوە ئەو کردەوانە دەرۆن تا دەبنە فەرهەنگێکی گشتگیر لە نێو کۆمەڵگەدا.

دیارە ئۆجەلان بنەماڵەی نەبوو، تا شێوە پەروەردەییەکەی خۆی بگوازێتەوە بۆ نێو بنەماڵەکەی، بەڵام بوو بە سەرۆکی ئیدئۆلۆژیکی پارتێکی سیاسی، ئەو مرۆڤە نەخۆشە بوو بە سەرکردە و رێبەری سیاسی گرووپێک. دیارە سەرۆکێک کە هەر لە منداڵییەوە بە هۆی پەروەردەی ناڕێکەوە تووشی نەخۆشی هاتووە، ناتوانێ ببێتە سەرۆکێکی دیمۆکرات و کراوە.

ئەگەر چاوێک بە سەر کتێبەکانیدا بخشێنین دەبێنین ئەوەندە وشەی “من”ی دووپات کردۆتەوە کە مرۆڤ بێزار دەکا، ئەوە دیارە کە نەخۆشییەکی قووڵی هەیە و بۆ داپۆشین و شاردنەوە هەر دەم دەڵێ، “من گرووپم پێک هێنا”، “من منداڵانم کۆ دەکردەوە”، “من ژنم رزگار کرد”، “من پێش نوێژیم دەکرد”، “من منداڵەکانم دەهێناوە بۆ ماڵەوە”، “مەسەلەی کورد تەنیا بە من چارەسەر دەبێ”… ئەمانە و زۆر شتی دیکە کە خوێنەر بۆی دەردەکەوێ کە چ کەسایەتییەک لە پشت ئەم ئاخاوتنانەوەیە.

 تەنانەت ئەم “من من” کردنەی ئۆجەلان بە خۆیەوە نەوەستاوە، بەڵکو بۆ گەورە نیشان دانی خۆی، دەڵێ تەنانەت کەرەکەشمان لە گەڵ کەری خەڵکی دیکە جیاوزی هەبوو و دەتوانی نێوی “سوپر کەر”ی لە سەر دانی. لەم بارەیەوە دەڵێ: ” در روستای ما چند تا خر وجود داشتند. ما هم یک خر داشتیم. سعی میکردم آن را تربیت بکنم. اما این خر جفتکهای بسیار خطرناکی میزد. یکی از سرکشترین خرهای روستا بود. بە خاطر این خر، هر کس بە ما میخندید. اما بسیار خر خوبی بود. میتوانستیم اسمش را ابر خر  بگذاریم.”(زبان و عمل انقلاب/ل ١٥)

ئەمە ئەوپەڕی پیرۆزی بەخشین بە خۆیە، کە دەیەوێ بڵی “من” لە هەمووتان سەرترم، تەنانەت کەرەکەشمان لە هی هەمووتان باشتر بوو. ئۆجەلان بەمانەش رازی نابێ لە هێندێ شوێندا داوای پێغەمبەری دەکا و خۆی بە عیسا و محەممەد دەشۆبهێنێ. لەم بارەوە لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێ: “زندگینامە حضرت محمد مرا متأثر میساخت، شخصیت حضرت محمد سوالات بزرگی را در ذهنم درست میکرد. زیرا من نیز در کوە و غار زندگی میکردم، فکر میکردم رفتار من و او بە هم شباهت دارد، شباهتهایی را در رفتارهایمان میدیدم.”(هفت روز با رهبر/وتووێژی نبیل الملحم لە گەڵ ئۆجەلان/ل ٢٦)

بۆ روون بوونەوەی زیاتری کاریگەری ئەو شێوە پەروەردەیەی ئۆجەلان لە سەر کردەوەکانی کاتی گەورەساڵی ئەو، ئاماژە بە چەند نموونەیەکی دیکە دەکەم. ئۆجەلان دەڵێ: “روزی پدرم با یک نفر دعوا میکرد. آن مرد پدرم را بە زمین زدە و روی شکمش رفتە بە طوری کە پاهای پدرم در هوا میچرخید. بر سر خواهر بزرگم فریاد میزد: آهای! برو چاقو بیار… کاملا دست و پایش گیر بود. از طرفی اسلحە میخواست. میگفت: عبداللە برو اون اسلحە رو بیار.”… با خودم گفتم نباید هیچ وقت بدین شکل با کسی دعوا کنم. یعنی اگر زورم بە کسی نرسید چرا با او دعوا کنم، چرا کاری را کە از عهدەاش بر نمیآیم تا سر حد مرگ سراغ آن را بگیرم؟!(زبان و عمل انقلاب/ل١٧).

ئەم شێوە پەروەردەیە (بە تایبەت ئەوەی کە هەمووکات باوکی بە وتەی خۆی لە شەڕەکاندا، لێدانی خواردووە) کە ترس لە دژمنی لە دڵی ئەودا چێ کردووە، لە کاتی دەستگیر بوونیدا دەردەکەوێ کە پێی وابوو توانای خۆڕاگری لە بەرانبەر سێدارەدا نیە، بۆ دەرباز کردنی گیانی خۆی هاوار دەکا و دەڵێ دایکم تورکە، داوای لێ بوردن لە دایکی سەربازە کوژراوەکانی تورک دەکەم. ئەمە هاوار و لاڵانەوەیە لە دژمن. ئەمە راست بەرهەم هێنانەوەی ئەو شتانەیە کە لە سەر باوکی باسیان دەکا و بڕیار دەدا کە ئەگەر بە کەسێک نەوێرێ لە بەرانبەریدا را نەوەستێ.

ئۆجەلان دەڵێ: “همسایەای داشتیم… اسلحەای داشت… او با آن اسلحە جرأت پیدا میکرد، برای آن مرد یک برتری بە حساب میآمد.” (زبان و عمل انقلاب/ل ١٣) هەڵسو کەوتی ئەم کابرایە لە نێو دڵ و دەروونی ئۆجەلاندا کاریگەری قووڵی داناوە و پێی وا بووە کە چەک دەتوانێ بە ئارەزووەکانی بیگەیەنێت. بۆیە لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێ: “شاید جستجوی قدرت مرا بە سمت راهکارهای نظامی سوق داد، اگر راستش را بخواهید از خود میپرسیدم کە بە چە طریقی میتوانم خود را از این ناتوانی نجات دهم؟”(هفت روز با رهبر، وتووێژی نبیل الملحم لە گەڵ ئۆجەلان/ل ٣٣)

بەڵام لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێ: “تا این لحظە از زندگیم دست بە هیچ اسلحەای نبردەام… من در طول زندگیم حتى یک گلولە بە سوی هیچ انسانی شلیک نکردەام”(هەمان سەرچاوە/ل ٤٨) لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر چەک و شەڕ خراپن و تۆ خۆت ئامادە نیت کە دەست بۆ چەک بببەیت و شەڕ بکەی، چونە کە هانی لاوانی کوردستان دەدەی بۆ شەڕ کردن؟ تەنیا لە بەر گەیشتنی بە دەسەڵات، یان لە بەر ئەوەی کە پێت وایە “تەنیا منم دەتوانم مەسەلەی کورد چارە سەر بکەم”(داستانی ژیانەوە). ئەگەر شەڕت لە پێناو رزگاری کوردستاندا پێی مرۆڤ کوشتنە، دەبێ خەباتکارانی کوردستان هەموو مرۆڤ کوژ و جینایەتکار بن!

بەڵام سەر سووڕ هێنەرترین هەڵسوکەوتی ئۆجەلان کە لە پەکەکەدا بە تەواوی رەنگی داوەتەوە و بۆتە سیاسەتی نەگۆڕی پەکەکە دیسان دەگەڕێتەوە بۆ بیرەوەری منداڵی ئوجەلان، دەڵێ: “چند کبوتر داشتم کە با کبوترهای همسایە خیلی راحت با هم حرکت میکردند. اما یکی از کبوترهای من همیشە میرفت با کبوترهای همسایە پرواز میکرد، من هم تحت نظر قرار میدادم. این کبوتر از گروە خودش جدا میشد، بە نظر من این نوعی خیانت بود. آن کبوتر را گرفتم، پرهایش را کندە و لخت کردم، بعد آنرا روی بام گذاشتم. گفتم: حالا برو! من آنرا بدین شکل تنبیە کردم، واقعا شیوە عجیبی بود، اما نمیدانم چە بە سرش آمد. گناهش این بود کە از گروە خود جدا شدە و مدام با کبوترهای همسایە حرکت میکرد. من نمیتوانستم این خیانت را تحمل کنم. بالاخرە آن را بە شدت تنبیە کردم”(زبان و عمل انقلاب/ل ١٤)

مەترسیدارترین هەڵسوکەوتی ئۆجەلان کە پەڕ و پۆ کردنی کۆترەکەی خۆی بە تاوانی جیا بوونەوە و هەڵفڕین لە گەڵ کۆترەکانی دراوسێدایە، ئەمڕۆ سیاسەتی ئیستراتێژیکی پەکەکەیە. هەر کەس رەخنە لە پەکەکە بگرێ هەڕەشەی مەرگی لێ دەکرێ، هەر کەس ببێتە گەریلا ناتوانێ چەک دابنێ دەنا دەکوژرێ، هەر ئەندامێکی پەکەکە بیەوێ جیا بێتەوە تێرۆر دەکرێ…

دیارە لە مێژووی پەکەکەشدا زۆر دێهات بووە بە ژن و منداڵ و پیاوەوە کوژراون تەنیا بە تاوانی ئەوە کە لە گەڵ گرووپی ئۆجەلان نەبوون. هەر ئەم سیاسەتانەی پەکەکە کە لە پەروەردەی هەڵەی بنەماڵەیی ئۆجەلانەوە سەرچاوە دەگرن ( بۆ نموونە پەڕ و پۆ کردنی کۆترێک با تاوانی هەڵفڕین لە گەڵ کۆترەکانی درواسێ) بووە هۆی بە تێرۆریست ناساندنی لە دنیادا. کە دیارە تا پەکەکەش هەبێ هەر ئەو سیاسەتانە درێژەیان هەیە، چونکە پەکەکە بەو سیاسەتانەوە کە لە راستیدا رەنگدانەوەیەکن لە هەڵسوکەوتەکانی ئۆجەلان و جلی ئیدئۆلۆژیکیان بە بەردا کراوە، زیندوویە.

کاتێک ئۆجەلان بەو هەموو گرێ دەروونییەوە دێت پارتێک دادەنێ، بە پێی ئەو ئیدئۆلۆژییەی کە سەرچاوەی لە گرێ دەروونییەکانی خۆیدایە، دەیەوێ مرۆڤی کورد بخۆلقێنێتەوە، ئەویش ئەو جۆرەی وا خۆی دەیهەوێ، شتێکی لێی شین نابێ، مەگەر پارتێکی مافیایی. ئەو دەڵێ: “میبایست این خلق را میساختم… میبایست از دختران جوان پیرامونم شخصیتی میساختم کە خواستار آن بودم.” (هفت روز با رهبر، وتووێژی نبیل الملحم لە گەڵ ئۆجەلان/ل ٢٥)

کردەوەی مرۆڤی نەخۆش، کردەوەیەکی نەخۆشانەیە بە تایبەتی ئەو نەخۆشییەش دەروونی بێت. ئەگەر چاوێک بە سەر هەڵوێستەکانی پەکەکەدا بخشێنین، بە داخەوە هەڵوێستگەلێکی تەواو نین. چونکە گرێیە دەروونییەکانی ئۆجەلانی کردوونەتە سیاسەتی نەگۆڕی خۆی، شوان پەروەر بە خائین ناو دەبا، دۆکتور قاسملو بە تێرۆریست ناو دەبا (کاتێک ویستیان رۆژ تی.ڤی دا بخەن دەیانگۆت بە بۆنی پیشان دانی وێنەی دوکتور قاسملو کە تێروریست بووە، رۆژ تی.ڤی دادەخەن!)، هەڕەشە لە ئەحمەد تورک دەکەن، هەڕەشە لە عوسمان بایدمیر دەکەن…

بەم پێیە و بە پێی ئەم باکگرواندە ئەوە شتێکی سرۆشتییە کە لقی رۆژهەڵاتی پەکەکە رۆژنامە نووس و رەخنەگران و چالاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە خائین ناو ببات، کاتێک سەرۆکی ئەم لقە لە پەکەکە لە سەر شاشەی تەلەفزیونەکەی دەڵێ سکرتێری فڵان حیزب مووچە خورە، ئیدی دەبێ بزانین کە ئەو حیزبە چ روانگەیەکی بەرانبەر بەو کەسانەی دەرەوەی حیزبەکەی هەیە؟ کاتێک دامەزرێنەری پارتەکە دەڵێ کورد لە ئاستی مرۆڤ نەماوە و دەبێ “من بیخۆڵقێنمەوە” هیچ چاوە روانییەکی ئەوتۆمان نابێ لەو پارتە هەبێ.

پارتێک کە مێژووەکەی پڕ بێت لە تێرۆری ئەو کەسانەی وا لێی جیا بوونەتەوە، پارتێک کە بۆتە زیندانی ئەو کەسانەوی وا چەکی بۆ هەڵدەگرن و مافی چەک دانانیان نیە، پارتێک کە مرۆڤەکان بارمتە دەگرێ، پارتێک کە هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتیانی ئاسایی، پارتێک کە دەستووری کوشتنی جودا بیران دەدا، پارت نیە، بەڵکو باندێکی مافیایی تەواوە. بۆ باندی مافیاییش کردەوەی دژە ئەخلاقی و دوور لە مافی مرۆڤ ئاساییە.

باندێکی مافیایی کە بێ ئەوەی کەس داوای یارمەتی لێ کردبێت خۆی بە رزگاری دەری هەموو پارچەکانی کوردستان و تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوەراست ناودەبات و سەرۆکەکەی بە پێغەمبەرو فیلەسوف و داهێنەر دەزانێ، داهێنەرو پێغەمبەرێک کە رەوتێکی بە تەواوی جیاوازی بۆ مرۆڤ بە دیاری هێناوە، دیارە ئەو رەوتە تەواو جیاوازە لە پەکەکەدا دەردەکەوێت، رەوتێک کە خەیاڵی جیهانی کردنی ئەویان هەیە رەوتی گۆڕانی جێگەی بایەخ و دژە بایەخ و ئەخلاقی و نائەخلاقییە. رەوتێک کە دزی بە بایەخ دەزانێت، بەرتیل سەندن بە بایەخ دەزانێت، تێرۆر بە بایەخ دەزانێت، هەڕەشەو کوشتنی ژن و منداڵی ئاسایی بە بایەخ دەزانێت و لە پێناو گەیاندنی تاکێک بە دەسەڵات بە هەزاران خەڵکی بە کوشت داوەو دیسانیش دەدات.

پێویست بە گوتن ناکات کە بینایەک کە لە سەر وەها بیرۆکەیەک دانرا بێت هەرچەندەش پەیکەری نارێک و لاری ببرێتە سەرەوە لە کۆتاییدا هەرەس دێنێت و هیچی لێ نامێنێت جگە لە عیبرەتێک بۆ خەڵکی کورد، بۆ ئەوەی کە لە سەردەمی گشتگیر بوونی خوێندەواریدا، بێ خوێندنەوە و لێکدانەوە بیرو بنەماکان وەدوای هیچ تاک و گرووپێک نەکەون و هەرگیز نە لە رەخنەگرتن واز بێنن و نە لە بردنە ژێر پرسیاری هێز و تاکی خاوەن دەسەڵات.

لە نووسینی: جەمیل کولاهی

……………………………………………….

دەقی هێرشی پژاک لقی رۆژهەڵاتی کوردستانی پ ک ک بۆ سەر حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە، وەرگیراو لە روداو

PJAK بۆ کۆمەڵە و دیموکراتەکان: پێویستە وەڵامدەرەوە بن

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK، هۆشداری دەداتە کۆمەڵە و دیموکراتەکان و داوای روونکردنەوەی هەڵوێستیان دەکات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، بڕیارگه‌ی ناوه‌ندی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان(HRK) کە باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAKە، لە به‌یاننامه‌یه‌کدا، هەندێک لە ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و هەردوو حیزبی دیموکرات بە ئاشکراکردنی شوێنی ئەندامانی PJAK لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات و داوا لەو حیزبانە دەکات “هەڵوێستی خۆیان لەو بارەوە ئاشکرا بکەن و وەڵامدەر بن”.

لە بەیاننامەکەی HRKدا هاتووە ”لەگەڵ دەستپێکردنی گۆڕانکاریەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی رۆحی ئازادی‌خوازی گەلان، ماوەیەکە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستاندا رژیمی کۆماری ئیسلامی بە دامه‌زراندن و پەرە پێدانی کونتراگەریلا (دژە گەریلا) لە هەرێمەکانی موکریان و ورمێ لە هەوڵدان دایە، تاکوو پارتەکەمان رەش بکات”.

HRK لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا، کۆمەڵە و دیموکراتەکان بە ئەنجامدانی شەڕی تایبەت لە دژی PJAK تۆمەتبار دەکات و دەڵێت “هێندێک بیرۆکەی تەسکی بەناو سیاسی کە هێشتا چاوەڕوانی دەستێکن لە دەرەوە وەک ناجی یا رزگارکەرێک بێت و ئەوان رزگار بکات، لە ناو ئەم گەمە قڕێژەدا جێگایان گرتووە. هەر چەن بە جاران دەر کەوتووە کە وەک ئامرازێک بە کاریان دێنن و ئەوەش لە رۆژئاوای کوردستاندا لە کەسایەتێکی وەکوو سەیدا خۆی نیشاندا. ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ئەوەی بۆ خۆیان لە نێو گەلدا نین، دەیانەوێت بە شێوازی شەڕی تایبەت کە هەمان تاکتیکی رژیمی ئێرانە، پارتیمان لە هەمان چوارچێوەدا کە داگیرکەر دەیەوێت رەش کەن. ئەندامان و هێندێک بە ناو لایەنگرانی پارتەکانی رۆژهەڵات وەک کۆمەڵەی عەبدوڵڵا موهتەدی و دیموکراتەکان دەستیان کردووە بە پەیڕەو کردنی ئەم سیاسەتە”. 

بڕیارگه‌ی ناوه‌ندی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئەندامان و لایەنگرانی ئەو 3 حیزبەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاشکرا کردنی شوێنی ئەندامانی PJAK تۆمەتبار دەکات “چه‌په‌ڵتر لە هەموو بەشی ئەو شەڕە تایبەتە، ئەوەیە کە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی کەسانێک کە توانا و هێزی تێکۆشانیان بۆ گەلەکەیان نیە و نەماوە و نیشتەجێی وڵاتە رۆژئاوایەکان یا باشووری کوردستانن، جێگای هەڤاڵانمان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوکاری هێندێ کەس لە ناوخۆ ئاشکرا دەکەن، کە بێ گومان کەسانی وەها، نە تەنیا خۆیان هێزی تێکۆشانیان نیە بەڵکوو دەبێژن کە کەسی دیکەش نابێت لە پێناو گەل دا خەبات بکات و پێویستە وەک ئێمە بێت. ئەم شیوازە جێگا دیار کردنە کە لە سەر تۆڕە کۆمەلایەتیەکانی وەکوو فەیسبووک بەرێوە دەچێت، ئێمە وەکوو شێوازێکی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی سیخۆڕی بۆ دوژمنانمان دەزانین. لێرەشدا پێویستە هەر کەس باش بزانێت ئەو کەسانە دەیانەوێت گەل کە بەساڵانە قوربانی ئەو سیاسەتە بووە سەر لە نوێ فێری سیخۆڕیان بکەنەوە. پارتیمان بەو ئەزموونەی کە بە تێکۆشانی چەندین ساڵە لە خەباتی نێو گەلدا دەستی خستووە، باش دەزانێت کە چۆن هەم خۆی و هەم گەلەکی بپارێزێت و دەیپارێزێت. گرنگ ئەوەیە ئێمە بزانین کە هەڵویستی ئەو پارتە کوردیانە کە لایەنگران یا ئەندامانیان وەها دەکەن چیە و پێویستە وڵامدەرەوە بن”.

HRK لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا، ئەو دەنگۆیە رەت دەکاتەوە کە گوایە دەستی هەبووە لە کوشتنی کاسبکاران و کۆڵبەرانی سنوری و رایدەگەیەنێت “لێرەدا وەک هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (HRK) بانگه‌شه‌ی کوشتنی کاسبکارانی کورد رەتدەکەینەوە و ڕایدەگەینین ئەوکردەوانە کاری گروپەکانی کونترا گریلای سەر بە سپای پاسدارانن. هاوکات رادەگەینین بەو بڕیار و پەیمانەی کە بە گەلەکەمان و شەهیدانمان داوە لە سەر خەبات و تێکۆشانی خۆمان سوورین و کەس ناتوانێت بەم چەشنە سیاسەتە ببێتە کۆسپ و ئاستەنگ بەرامبەر بە بیری ئازادی‌خوازیمان. لە کۆتاییدا گەلەکەمان و ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە بەرامبەر ئەو چەشنە سیاسەتە خۆیان بپارێزن و باش بزانن کە پارتیمان لە بەرامبەر هیچ‌کام لەو سیاسەتانەی کە خزمەتی داگیرکاری دەکات بێ‌وڵام نامێنێتەوە”.

تا ئێستا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و دیموکراتەکان هیچ کاردانەوەیەکی فەرمییان لە بەرامبەر ئەو راگەیەندراوەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK نەبووە.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی