سەردانی بەڕێزو تێکۆشەر کاک مستەفای هیجری، سکرتێری گشتیی حیزب وەک سەرۆکی هەیئەتێکی پایە بەرزی ڕێبەرایەتی حیزب لە ناوەندی کارو تێکۆشانی هاوڕێیانی پێشوومان وەک وەڵامدانەوە بە ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پازدەهەمی حیزب، دیواری بەرلینی نێوان ریزەکانی دێموکڕاتەکانی کوردستانی ئێرانی تێک ڕووخاند.
ئێستا ئەرکی بەدەنەی حیزب و جەماوەری حیزب و تێکۆشەرانی حیزب و دۆستان و لایەنگرانی حیزبە کە خشت خشتی ئەو دیوارە بێننەخوار، لای بەرن، بیکەنە مەساڵح و کەرەسەی درووستکرنەوەی قەڵای یەکیەتی و برایەتی و وەحدەتی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب. ئەوەی مایەوەش بینێرنە موزەخانەی مێژووی حیزب و بزووتنەوە بۆ دەرس و پەند لێ فێربوون.
دیواری بەرلین سەمبوولی شەڕی ساردبوو. بە رووخانی ئەودیوارە لە نۆهەمی نوامبری ١٩٨٩دا شەڕی ساردیش کۆتای پێهات. میخائیل گۆڕباچۆف، رێبەری ئەوکاتی یەکیەتی سۆڤیەت، پازدەساڵ دوای ڕووخانی ئەو دیوارە، لە ساڵی ٢٠٠٤ دا وتی ئەوکات کە من و هلمۆت کهۆل، سەدری ئەعزەمی ئاڵمانی ڕۆژئاوا لە مانگی ژوئیەی ساڵی ١٩٨٩دا، وتووێژمان دەکرد، هەردوولا بەو ئاکامە گەیشتین کە جارێ وەختی یەکگرتنەوەی هەردوو بەشی ئاڵمان نەهاتوە.
هەر بۆیە مەسەلەی وەلانانی دیواری بەرلینمان حەواڵەی قەڕنی داهاتوو کرد. ئەو لە درێژەی قسەکانی دا وتی بەڵام خەڵکی ئاڵمان بڕیارێکی دیکەیاندا. ئەوان پێیان لەسەر لابردنی دیواری بەرلین داگرت و بۆخۆیان ڕێبەرایەتی مێژوویان بەدەستەوە گرت. گەلانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ناوەندیی ئورووپاش بە ئیلهام وەرگرتن لەخەڵکی ئاڵمان، کۆسپەکانی سەر رێگای ئازادی خۆیانیان وەلانان.
ئایا ئێمەش بەدەنەی حیزب، هەموو ئەوانەی خۆمان بە جەماوەری حیزب، تەشکیلاتی حیزب، بنەمالەی شەهیدانی حیزب، دۆست و ئەندام و لایەنگری حیزب دەزانین و خۆمان لە هالەی تەشکیلاتی حیزب دا دەبینین، ناتوانین رێبەرایەتی مێژوو بەدەستەوە بگرین وئەو ڕەوتە بگەیەنینە ئاکام. ئەو دەم دەتوانین ببینە سەرمەشق و ئیدۆل بۆ کۆمەڵەکان، خەباتەکان، پارتی ئازادی و یەکیەتی شۆڕش گێڕان و هتد. ئاخر دوکتۆر قاسملوو لە نامیلکەی پرۆسەی ئاشتی و دێموکڕاتیزسیۆندا دەڵێ ئاشتی موسریە. واتە سەرایەت دەکات. مەبەستم ئەوەنیە ئانارشیزمی تەشکیلاتی و حیزبی و کائۆس بخوڵقێنین. مەبەستم ئەوەیە لە نێوخۆماندا و لە گەڵ خۆمان بکەوینە دیالۆگ و مۆنۆلۆگ.لەباری ڕووحی و سایکۆلۆژیەوە، لەباری فکری وسیاسیەوە، بەخۆمان دا بچینەوە و یەک یەک ئەو خشتانە وەلانێین کە چینەکانی ئەو دیوارەمان پێ بەرزکردبوونەوە. من دڵنیام دەتوانین ئەوکارەبکەین.
بەو شناختە کە لەسەر رێبەرایەتی حیزب هەمبوو، ساڵێک بەر لە ئێستا، لە کاتێکدا کە تروسکایەک نەبوو، وتم من قەت لەخۆمان و رێبەرایەتی حیزب نا ئومێدنیم و نائومید نابم.
ئەو ئۆپیتیمیزمەی من لەو خۆشبینی شناختەوە دەهات کە بە ئەزموونی تەمەنی حیزبایەتی خۆم لەسەر خۆشبینی ئیرادەی حیزبی دێموکڕات بۆئەنجامدانی عەمەلی سیاسی هەمبوو. ئەو ئامادەییەی حیزب بۆ ئەنجامدانی عەمەلی سیاسیی بەجێ پێش کۆنگرەش خۆی نیشاندا. بەڵام لە کۆنگرەدا، کە تابڵۆی قیژەی ئێدڤارک مونکی گەرووی ئازاو دلێری بزووتنەوەی کوردستان بوو، بە باشترین شێوە شکڵی گرت و بوو بە سیاسەت . ئەو سەردانەی سکرتێری گشتی حیزب و هەیئەتی هاوڕێی وەڵام دانەوە بەو سیاسەتە درووستە بوو.
لە کولتوری مەسیحی دا، چوارهەفتەکانی پێش کریسمس، بە ئەدڤەنت ناودێرکراون.
خەڵک لەو ماوەیەدا بۆ بەپیر کریسمەوە چوون، هەر هەفتەی مۆمێک دادەگیرسێنن. مۆمێک بۆ ئاشتی و تەبایی، مۆمێک بۆ بڕوا و عەقیدە، مۆمێک بۆ عیشق و خۆشەویستی و سەرەنجام مۆمێکیش بۆ ئومێد و هیوا.
لە رێزەکانی ئێمە و بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتدا چەند ساڵ بوو مۆمی ئاشتی و تەبایی نەک هەر نەدەسوتا، بەڵکو کوژابووەوە. لەوەش زیاتر مۆمی بڕوا و ئیمان بە خەبات و بەربەرەکانیش کزبووبوو. مۆمی عیشق خۆشەویستش لە سوتان کەوتبوو. ئاخر ئێمە کەوتبوینە ژێر مێردەزمەی ڕق و تووڕەیی و دەمارگرژیی سیاسی و حیزبی و مەحفەلی و فیرقەیی. لە حاڵەتی ئاواشدا فرشتەی عیشق لە نێوماندا ڕادەکات.
ئێستا فەزیلەتی سیاسی زاڵ بەسەر حیزبی دێموکڕاتدا، کە سەردانی کاک مستەفا هیجری و هەیئەتی پایەبەرزیی هاوڕێی لە ناوەندی کاروتێکۆشانی هاوڕیێانی پێشوومان، نیشانەیەکی بەرزی ئەو پوختەگی سیاسییە و ئەو فەزیلەتە سیاسیە یە، مۆمی ئومید و هیوای لە دڵی هەموومان و میللەتەکەماندا داگیرساندۆتەوە. کورد دەڵی دونیا بە ئەومێدەوە دەخورێ.
ئەگەرمۆمی ئومێد بسوتێ، ئەگەر مۆمی ئومێد بئایسێ، مۆمەکانی خۆشەویستی و بڕواو ئاشتیش دادەگیرسێنەوە. ئاخر بۆ خەبات ئومێد لە هەموو شتێک پێویسترە. ئەرکی هەرە گەورەی کۆنگرەی ١٥ی حیزب ئەوە بوو کە ئومێد بە خەبات زیندووکاتەوە و ئیعتیبار بۆ کاری سیاسی و حیزبایەتی بگێڕێتەوە. کۆنگرە لە کارو ئەرکەکانی خۆیدا سەرکەوتووبووە.{jcomments off}
٢٠،١٢.٢٠١٢