"an independent online kurdish website

ماوەی یەک دوو دەهەیە هەم لە نێوخۆمان و هەم لە لایەن دوژمنانی میللەتەکەمانەوە لێکدانەوە و چاو پێداخشاندنەوە و هەڵگراندنەوە و گێرانەوەی مێژووی موبارەزەی نەتەوەکەمان و پشکنینی کەلێن و قووژبەنە نادیارەکانی ئەو مێژوویە لە کوردستانی بن دەستی ئێران دەستی پێکردووە.nusin-010

دیارە ئەوە تا ئەو جێگایە کە دگڕێتەوە سەرخۆمان پەدیدەیەکی یەکجار تەبیعیە، چوونکە لەو سەردەمە دا بە هۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک بەڵگە و مەدرکی شاراوە و لە چاوان بەدوور و هەبوونی ئیتلاعاتێکی زۆرتر و سەرهەڵدانی دەرەتانێکی زیاتر بۆ نووسین و بڵاوکردنەوە و بوونی خوێندەواریەکی زۆرتر لە جاران ڕێگای زیاتر خۆش کردوە کە سەریەک بەو ڕابردوویە دابکێەشین، لێکی بەدەینەوە و بژاری کەین و چاکتر لە جاران بینووسینەوە، تا بۆمان بەبێتە چرای ڕووناکیدەریی ڕێمان. ئەو هەوڵ و تەقەلا خۆماڵایانە خۆیان لە دوو شێواز دا دەبینەوە. یەکەمیان گەلێک لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی دووبارەن لەو مێژووەیە کە هێندێکیان ئەو مێژوویە بەوجۆرە دەخوێنەوە کە بۆ هەموو لایەک ناسراوە وخەبات و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی کورد و بزووتنەوەی میللی لە کوردستان دا بەرز دەنەخشێنن و ڕێزیی لێدەگرن و و هێندەکیش  لەو نوسراوە و لێکدانەوەانە وانیشان دەدەن کە بە کەشفیاتی تازە گەێشتوون و خوێندنەوەیەکیتر دەدەنە دەست.  دووهەمیان سەرجەم بیرەوەری ئەو کەسایەتیانە دەگرێتە بەرخۆیەوە کە لەو موبارەزیەدا بەشدار بوون. هەرچەند سەرجەمی ئەو کارانە زۆر ڕاستیمان بۆ روو دەکەن و زۆر شتمان بۆ ڕوون دەکەنەوە و لە زۆر شتیش دا بە یەقینمان دەگەیەنن بەڵام هەر لەو کاتەدا بەشێکی بەرچاویی ئەو نوسراوانە تاڕادیەکی زۆر پڕن لە کەم و کوڕی و لە زۆر نووسراواندا رەق و قین، بەرچاوتەنگی، ئیحساسی و ئاشقانە بەرخوردکردن لە گەڵ ئەومێژوویە و خۆ هەڵکێشان و داکێشان و ڕەشکردنی دەژبەرەکان پانتای ئەو نوسراوانەی پڕکردۆتەوە. سەرەنجڕاکێشترین لایەنی ئەو باس و دەمقاڵانە دەگڕێتەوە بۆ ئەو نوسراوە و لایەنانە کە لە سەر بنەمای خوێندنەوەیەکی بەرۆاڵەت کوردستانی و نەتەوەیی دابەشکردنێک لەو مێژوویە دا پێک دەهێنن و بەشێک لەو مێژوویە و ڕێبەرە سیاسیەکانی کە ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگر و بێ وێنەیان لە مووبارەزی نەتەواویەتی کورد دا گێڕاوە دەدەنە بەر هێرش و بە ئێرانچییەتی تاوانبار دەکەن و بەشەکەیتر لەو مێژوویە و بزووتنەوە بە دیاردیەکی نەتەوەیی پاقژ  و بێ گرێوگۆڵ نیشان دەدەن و لە هەمبەر بەرەی ایرانچییەکاندا قوتی دەکەنەوە. ئاکامی ئەو تێڕۆانین و لێکدانەوە تازەێە نە تەنیا گرفت و گرێوگۆلێکی لە سەر ڕێگا لانەبردووە بگرە جاریەکیتر مێژوو، مووبارەزە و رووخساری میللەتەکەمانی بە تەواوی شێواندووە و ئینسانی کوردی تووشی دەڕدۆنگی لە هەمبەر ئەو جوڵانەوە ومێژوویەکەی دەکا و لە کردەوەدا هەم هویەتەی ئەو بزووتنەوەیەی خەوشدار و تەم و مژئاویی دەکا و هەمیش دووبەرەکێکی مەسنوعی دەژبەیەک و لە ئاشتی نەهاتوو لە نێوان ئەو دوو بەرەی  بەڕۆاڵت نەتەوەخۆازی پاقژ و  ایرانچییەکان دا درووست دەکا، کە لە ماڵوێرانی و پرشوبڵاوبوونی زیاتر هیچیتریی بەدواوە نییە. سەرجەمی ئەو کارانە کە بەتایبەتی مێژووی بزوتنەوەی نەتەوەیمان لە کوردستانی بندەستی ایران بە رۆاڵت لە دوو بەرەی چاک (نەتەوەیی) و خراپ (بە ڕۆاڵت ایرانچییەتی) پێناسە دەکەن ، خاوەنی ئەو پەیمانەی خواروەن:

یەکەم) حیزبی دێموکراتی سەردەمی کۆمار، کۆماری کوردستان و بزوتنەوەیەک کە پێشەوای نەمر قازی موحەممەد  ڕێبەرایەتی دەکرد فەڕیان بە حیزبی دێموکراتی دوای کۆماروە نییە.

دووهەم) پێشەوا و حێزبی سەردەمی کۆمار نەتەوەیی و کوردستانی بوون و مسموون بوون لە ئیدیولۆژی مارکسیستی، کەچی دوای وان حیزب لە کوردایەتی دوور بوتەوە و کەوتۆتە داوی ئیدیولۆژیی مارکسیستی و خەباتی اێرانچییەتی کردوە و دەکا.

سێهەم) ئەو بەندوباویی ایرانچیتیە (خودموختاری و دموکراسی) بە فیتی حیزبی توودە لە حیزبی دێموکرات و مووبارەزەی میللەتی کورد دا جێگای خۆی کردۆتەوە و بەو شێوەیە خەباتی کوردایەتی ماڵوێران کردوە و بە لا ڕێیدا بردەوە.

چوارم) دەرئەنجام موبارەزەی پاش کۆمار لە ڕاستیدا بە فیڕۆدانی هێز و توانای کورد بووە و ئەو مێژوویە و خەبات و تێکۆشانی کوردان لە خزمەت ایرانچییەتی دابووە و بە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئامانجەکانی بەلاڕێدابردوە و دەبێت بە ئاوێکی پاکی کوردایەتی بشوردرێتەوە و لەو خەڵت و خاڵە پاککرێتەوە!

ئەو نەتیجەگیریە لە بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ایراندا سەرنجڕاکێشە چوونکە ئەو لێکدانەوە تازەیە لە ژێر تیشکی سیاسەتێک و تێڕۆارنینیکی پۆپۆلیستی کە لەو سەردەمە دا بە هۆی ئاڵوگۆڕیک کە بزوتنەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دا تووشی هاتووە، سەرچاوە دەگرێت و زۆرتر بە چاو و چاویلکەی ئەو سەردەمە دەڕوانێتە مێژوویی ڕابردوویی ئەو جووڵانەوەیە و ڕەوای خۆی وەردگرێت. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەو تێڕۆانینە، سادە کردنەوەی گێروکێشەهایەکی پیچیدە و قووڵی سیاسین، لە ژێر درووشمی بریقەدار و هەست بزوێن دا لە گەڵ واقیعیەتی ژیانی و خەباتی نەتەوەیمان نایەتەوە. ڕەنگە یەکەم سیاسەتەکانی پۆپۆلیستی بگرێتەوە بۆ سیاسەتی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێبەرایەتی بەڕیز ئوجەڵان کە لە سەرەتای ساڵەکانی نەودەی سەدەی بیستمدا لە ژێر دروشمی کوردستانی گەوەرەدا سەرجەمی جوڵانەوەکانی نەتەوەخوازی کوردی پێش خۆی دەخستە بازنەی خەیانەت بە نەتەوەێی کورد و بە لاڕێدابردنی بزاوی نەتەوەیی. کەچی ئیستا کاری حەزرتی فیلە کە بزانێت ئەو پارتە و ڕێبەرەکەی چییان بۆکوردان دەوێت.

هەر لە سەر بنەمای ئەم عوامپەساندیی هەلپەرستانددایە ئەو لێکدانەوە تازەیەش بۆ ئەوە کە مشروعییەتی خۆی لە دەست نەدا و لە لای خوێنەر بێ بایەخی خۆێ دەرنەخا خۆێ لە زۆر مەدرەک و واقعییاتی میژووی ئەو بزووتنەوەیە لە سەرجەمی ژیانی خۆی دا دەدزێتەوە و بە چەواشەکاریەکی پر لە شیعار و دەستەواژەی سەیر و سەمەرەی بە ڕۆاڵەت نەتەوەیی لە هەوڵی ئەوە دایە شەرعییەتێکی واقعی بدا بەو دابەشکردنە (نەتەوەیی و ایرانچییەتی) لە مێژوویی بزووتنەوەی میللی لە کوردستانی بن دەستی ئێران. هەر بۆیە بە ئێرانچییەتی لە قەڵمدانی ئەو بەشە لە بزووتنەوەی کوردستان کە لە پاش کۆماردا هاتۆتە ئاراوە و کاوێژکردنەوەی ئەو ئیدعایە لە هەوڵی ئەوە دایە کە ژیانێکی مەسنووعی بە لەشی ئەو فرزییە تازەیە دا بکا. لەو هەڵکووتان و داکوتانە دا هەوڵێکی یەکجار زۆر دەدرێت کە ڕێگاچارەکانی خودموختاری و دێموکراسی و  خۆ خزاندنی ئیدیولۆژی مارکسیسیزم لنینیزم وەک مڵۆزمەیەک بۆ بیری نەتەوەی و لەمپەریەک لە سەر ڕیگای ناسیونالیزمی کوردی دا قووت کەنەوە و وا نیشان بدەن کە ئەو چەمک، درووشم و ڕێبازانە، ئیلاو بیلا بە فیت و پیلانی حیزبی توودە خۆیان خزاندۆتە ناو مێشک و دەروونی کورد و هۆکاری یەکبوون بۆ بە لاڕیداچوونی بیری نەتەوەیی و پەرەپێدان بە شتێک بە ناوی ‘ئێرانچییەتی’. دیارە ئەو ئیدعا و فرزیانە خۆی لە خۆی دا گرینگی ئەتۆی نییە، بەڵام چوونکە بە خشکە و زۆر نەزۆکانە خەریکە بەشێک لە مێژوویی نەتەوەکەمان تەواو ڕەد بکاتەوە و دەیخاتە خانەی بەلاڕیدابردن و رووخساریەکی ڕەشی بۆ دەکێشێتەوە، ئەویش لە سەر هیچ و خۆڕایی. ناچارە ئینسان چاویەک بەو ئیدعاینە دا بەخشێنت و ڕاستی و درووستی ئەو ئیدعایانە ڕوو بکا.

من لەو نوسراوەدا هەوڵ دەدەم، (وەک وڵامێکی سەرپێیی بەو جۆرە بۆچوونە و ئیدعایانە) سەرێک لە بیرۆکەی خودموختاریی و دێموکراسی و ئاشنا بوونی ئینسانی کورد بە ڕێبازی مارکسیسزم لنینیزم لە کوردستان بدەم کە لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی لەشکری سوور بۆ ئێران زەق و بەرچاوتر بوونەوە و ئەو سەردانەشم هەر لەو سەردەمە ڕا دەست پێدەکا(چوونکە پیدەچێت کە ئینسانی کوردی پێش ئەو کاتەش لە گەڵ ڕێبازی مارکسیستی ئاشنا بوو بێت) تا بزانین ئەو چەمک، دەستەواژە و بیر و ڕێبازانە لە سەردەمەدا دا چۆن خۆیان دەرخستووە و بە چە شێوازیەک ڕێبەرایەتی کوردیی و جیلی ڕۆشنبیر و سیاسی کوردی لەوان سەردەماندا مامەڵە و هەڵسووکەوتی لە سەر کردوون.بۆ ئاگاداریی خوێنەران من نە ڕێگاچارەی خودموختاری و دێموکراسی و نە رێبازی مارکسیست لنینیزمم بە تەواویی پێ هەڵە نییە و وەک بیر و ڕێگاو شیوازگەلێکیان دەبینم بۆ حەلی کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ئینسانی. من نەتەنیا ئەو چەمک و ڕێبازانە بە مەڵۆزم نازانم بەڵکوو ئەوە هەڵبژاردنێکی سیاسی چاویان لێدەکەم و درووستی و نادرووستی ئەو هەڵبژاردنە سیاسیە لە کۆنتیکستی خۆیدا لێکدەدەمەوە. پەس ئەمن ئەو دیاردە، ڕێباز و ڕێگاچارانە نەتەنیا وەک شتێکی مەنفی نابینم بەڵام ئەوە کە شتی باشتر لەوانەش هەیە هیچ قسەی تێدا نییە. 

  خودموختاریی  و دێموکراسی و حیزبی دێموکرات 

درووشمی خوموختاری و دێموکراسی یەکێک لەو لایەنانەیە کە هێندەک کەس لایان وایە کە لە ڕێگای حیزبی توودەوە و لە ژێر نفوز و ئوتوریتەی سیاسی حیزبی توودە دا خۆیان خزاندۆتە ناو بەرنامە و کاری بزوتنەوەی میللی لە کوردستاندا و بەو شێوەیە بزووتنەوەی نەتەوەیی و کوردایەتی پاقژ و بێگرد لە مەیدان بەدەرکراوە و ایرانچییەتی دەستی پێکردووە. بۆ ئەوە کە ئێمە لەو ڕاستیە باشتر تێبگەین و ڕاست و درووستبوونی ئەو ئیدعایەمان بۆ ڕوون بێتەوە من پەنا دەبەم بۆ هێندەک سەرچاوەی خۆماڵی و دەرەکی کە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دروستی و نادروستی ئەو ئیدعایەدا.

 یەکەم) زانای زمان وئەدبی کوردی، نەمر مامۆستا هەژار کە یەکێک بوو لە ئەندامانی کۆمەڵەی ژکاڤ و هەر وەها یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی ژکاڤ بوو کە لە کۆبوونەوەی سێ سنووردا بەشدار بوو، لە پێوەندیی لە گەڵ حیزبی دێموکرات و خودموختاری دا لە چێشتی مجێورەکەی دا دەنووسێت: ” قازیی و هەواڵانی کە لە دوهەم سەفەریی باکۆ گەڕانەوە، رایان گەیاند، روس بە ناوی ، ژ-ک’ رازی نین چونکە حیزبێکە بۆ ئازادیی کوردستان تێدەکۆشێ و ئینگلیس و تورکان توڕە دەکا؛ دەبێ ناوی خۆمان بنێین ‘حیزبی دێموکراتی کوردستان’ و داوای خودموختاریی بکەین. زۆرمان ئەو خەبەرە لەبەر گران هات، بەڵام چار چیە، قبوڵ کرا”. لاپەری ٧٣

دووهەم) ڕەحەمەتی غەنی بلووریان لە کتێبەکێدا بە ناوەی ئاڵەکۆک کە بەسەرهاتی ژیانی سیاسی ئەو کەسایەتێیە بەم جۆرە ئەو وتەیەی مامۆستا هەژار پشت ڕاستدەکاتەوە: “من بە نوێنەرایەتی ڕیکخراویی لاوانی کۆمەڵە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانک کرام. تا ئەو جێیە لە بیرمە قازی سەری قسەکانی کردەوەو گوتی: دروشمی کۆمەڵەی ژ.ک بۆ هەموومان جێگەی ڕێزە و دەزانین بە تەواوی بەرگری لە مافی گەلەکەمان، بەڵام ڕۆژگار جۆرێکە کە هیچ لایەنێکی جیهان داکۆکی لە داخۆازەکانی ئەمڕۆی ژ.کاڤ ناکات. گەیشتن بەو ئامانجە ڕێگەیەکی پڕ هەوراز و نشێوەو ئەمڕۆکە ئاسۆیەکی روون بۆ ئەو ئاواتە بەدی ناکرێ. کەواتە پێویستە ئێمە چاوێک بە داخۆازیەکانماندا بخشێنین و لە گەڵ  هەل و مەرج ڕێکیان بخەین و لایەنگریان بۆ بدۆزینەوە. بەڕای من داوای ئەمڕۆمان دەبێ لە چۆارچێوەی خاکی ئێراندا هەڵسەنگێندرێ و شتێک لە پرۆگرامی خۆماندا بگونجێنین کە دەگەڵ دەقی یاسا و دەستوری ئەمڕۆی دەوڵەتی ئێراندا بگونجێ. بە پێی ئەو بۆچوونە پێویستە ناوی کۆمەڵەش بگوڕدرێ و قاڵبێکی نوێی دانێن کە لە گەڵ دروشمە تازەکانمان بێتەوە.”  لاپەڕەی ٥٧.

دیارە کۆکەرەوەی بەسەرهاتی ژیانی مامەغەنی قسەکانی زۆر تیفتیفە داوە و بە جۆرێک لە جۆران ( ڕەنگە بە ئەنقست) خۆی لە وەشەگەلی خودموختاریی و حیزبی دێموکرات دەزیوتەوە. دەنا کاکڵ و ناوەرۆکی قسەکانی، هەر ئەو شتەیە کە مامۆستا هەژاریی نەمر درکاندویەتی.

سێیەهەم) ڕەحمەتی کاک کەریمی حیسامی کە ئەندامی کۆمەڵەی ژکاف  و پاشان ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە لە بەرگی یەکەمی بیرەوەریەکانی دا باس لە ئاگاداریەک بە ئیمزای ٧١ کەس  دەکا کە دامەزراندەنی حیزبی دێموکراتیان ڕاگەیاندوە. لەو ئاگاداریەدا کە لە هەشت خاڵ پێکهاتووە لە خاڵی یەکەمدا داوای حیزبی دێموکرات بریتیە لە، ” نەتەوەی کورد لە داخیلی ئێراندا بۆ هەڵسوراندنی کار و باری مەحللی خۆی سەربەخۆ و ئازاد دەبێت وە لە سنوری دەولەتی ئێراندا نەتەوەی کورد خۆدموختاری خۆی بخاتە دەست خۆێ”. لاپەڕەی ١٠٧ و ١٠٨

 کاک کەریم لەو پێوەندیە دا بەوەندەش رازی نابی و باس لە مەرامنامەی حیزبیش دەکا کە لە ٢٤ی خەزەڵوری ساڵی ١٣٢٤ دا بڵاوکراوەتەوە. ئەگەر ئینسان ئەو مەرامنامە و بەرنامەی خودموختاریی حیزبی دێموکراتی٢٠ ساڵ لەمەوبەر پێک بگرێت بۆی دەردەکەوێت کە مەحتوای ویست و داخوازیەکانی حیزب لە سەرەتای ژیانی خۆیدا لە ڕاستیدا نەتەنیا هیچ دەژایەتێکی لە گەڵ سەردەمی ئیرانیچیەتییەکەی نییە بەڵکو بە هێندەک کەم و زۆرەوە کاکڵ و ناوەرۆکی هەرهەمان بەرنامەیە کە حیزب لە سەرەتای دامەزرانی دا گەڵاڵەی کردووە. بەهەرحال لە خاڵی شەشەمی ئەو مەرامنامەیەدا هاتووە: ” ئامانجی حیزب بریتییە لە پەرەپێدانیی دێموکراسی، لە سەر ئەو بنچینەیە تێ ئەکۆشێ بۆ خۆشیی مرۆڤایەتی” لاپەڕەی ١١٠ -١١١ هەر هەمان سەرچاوە. 

هەر لەو پێوەندیەدا لەگەڵ ئەو ئاماژەی کاک کەریم دا، شاعیر و نووسەر و ئەدیبی نەتەوەکەمان مامۆستا هێمن کە یەکێک بوو لە ئەندامانی کۆمەڵەی ژکاف و پاشان لە کۆماری کوردستان وەک لاوترین ئەندامی دەوڵەتی کوردی لە لە حکومەتی کوردستان کاربەدەست بوو لە پێشەکی تاریک و ڕوون دا لە سەر بەسەرهاتی ژیانی خۆی دا دەنووسێت: ” دەستەیەک لە روناکبیران و ئەندامانی کۆمەڵەی “ژک” هاتنە سەر ئەو بڕوایە، کە جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆمەڵە لە هەلومەرجی ئێستای جیهان و کوردستان ئیمکانی کەمە. بۆیە بەرنامەیەکی کورت و نوێیان کە لە گەڵ هەلومەرجی ئەو سەردەمیدا دەگونجا گەڵاڵە کرد و لە ڕۆژی سێی خەزەڵوەری ١٣٢٤-١٣٤٥ یەکەم کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد گیرا و ئەو بەرنامە پەسندا کرا و ڕێکخراوی حیزبی  دێموکراتی کوردستان لەسەر بناخەی ڕێکخراوی کۆمەڵەی “ژک” دامەزرا …” . دیوانی هێمن موکریانی لە ئامادەکردنی س.ج. هێرش لاپەرەی ٦٣..

چوارەم) ئارچی ڕووزویلتی ئەمریکایی کە لە کاتی کۆمار دا لە کوردستان دەبێت و لە گەڵ نەمر پێشەواش چاوپێکەوتنی دەبێت، لە ساڵی ١٩٤٧  لە نووسراوەیەکدا بە ناویی ‘ کۆماری کورد لە مەهاباد’ لە میدل ئیست ژوورنالدا باس لەوە دەکا کە کوردەکان داوای خودموختاریان دەکرد لە ئێراندا و بەوردیی باسی ئەو سەردەمەمان بۆ دەگێریتەوە و ویست و داخۆازیەکانی کوردانمان بۆ باس دەکا.

پێنجەم) بەڕێز لێکۆڵەرەەوە و زانای بنەماڵەی پێشەوای نەمر کاک حەسەنی قازیی، کە ماوەیەکی دوور و درێژی ژیانی خۆی تەرخانکردووە بۆ تەحقیق لە سەر کۆمار و سەردەمی کۆمار، کە بەرێزیان چ ڕاستەوخۆ و چ لە هاوکاری لەگەڵ نووسەران و مێژوونووسانی خاریجی لە سەرکۆماری کوردستان کردویەتی، لە دوا وتووێژێکی چاوڕاکێشدا لە گەڵ بەشی فارسی رادیو بی بی سی، چەند مانگ لەمەوبەر کردویەتی، ئاماژە بەوە دەکا هەر چەند کورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، بەڵام حیزبی دێموکرات و پێشەوا خودموختاریان لە دەستوریی کار دابووە.

شەشەم) دیوید مک داول لای وایە کە “کوردەکان لە ژێر ئاڵای حیزبی دێموکراتی کوردستان خوازیاری سەربەخۆی نەتەوەیی خۆیانن لە سنوورەکانی ئێراندا و مەبەستیان لەو سەربەخۆییە بریتی بووە لە خودمومختاریی بۆ کوردەکانی ایران لە چۆارچێوەی دەوڵەتی ایراندا”. بڕۆانە لاپەری ٢٤١ میژووی سەردەمی نوێ کورد بە زمانی ئینگلیسی.

حەوتەم: یەکێک لە وتووێژەکانی پێشەوای ناوداری کورد قازی موحەممەد لە گەڵ ‘فرانس پرس’ کە لە ١ی ژانویەی ١٩٤٦ لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنگاری ئەو ئاژانسە خەبەریەدا دەڵێت: ” ئەگەر حکومەتی ایران، قانونی دموکراتیک بۆ هەموو ایران بەرسمییەت بناسێ و خودموختاری کوردستان و خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی قەبووڵ بکات، کوردیش ڕازی دەبێت”. هەر لەو وتووێژەدا پێشەوای نەمر دەپرژێتە سەر جیاوازی هەل ومەرجی کوردستان و ئازربایجان و دەڵێت: ” مەوزوعی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئازربایجان فەرق دەکا. وڵاتی ئێمە قەت لە لایەن یەکێتی سۆڤییەتەوە داگیر نەکراوە. لە زمانی روخانی رزاخانەوە، هیچ هێزێک داخیلی کوردستان نەبووە. ئێمە بۆخۆمان ئەمنییەتی ناوچەکەمان راگرتووە. ئێمە هیچ بێگانەیەک بە رەسمی ناناسین. مەسەلەی کوردستان بەتەواویی مەوزوعیکی داخیلیە و دەبێت لە نێوان کورد و حکومەتی مەرکزی دا حەل و فەسل بکرێت”.

سەرجەمی ئەو بەڵگە خۆماڵی و دەرەکیانە لە باس لە سەر مەسەلەی خودموختاری و دێموکراسی وەک ئامانجی حیزبی دێموکرات بە ڕێبەریی پێشەوا قازی موحەممەد بە شێوەیەکی چاوەڕواننکراو لە گەڵ یەکتر کۆکن، کە هەر کام لە سەردەم و مەکانیکی جیاواز دا هاتوونە گۆ و پێمان دەڵێن کە بیریی بە ئیستلاح دەزێوی خودموختاریی کە هێندەک پێیان واێە کە هەمان ایرانچیتیە پێش ئەوە کە ڕۆڵە بەوەجەکانی حیزبی توودە خۆ بگەیەنە کوردستان لە لایەن ڕێبەرانی حیزب موتالعەکراوە و باسی لە سەرکراوە و لە بەرنامە و مەرامنامەی حیزبدا فۆرمۆلە کراوە و لەسەر جێ بە جێکردنی ئەو بەرنامەیە چ پێش دامەزرانی کۆمار و چ لە سەردەمی ژیانی کۆماردا پێشەوای نەمر  لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی ئێران و لایەنەکانی دیکەی ئێرانی موزاکرەی لەسەر کردوە و هەوڵی لەبۆ دراوە. لە ڕۆژنامەکانی کوردستانی سەردەمی کۆمار دا هەم وتووێژەی پێشەوای نەمر و هەم هەواڵ و وتارە هەیە لەسەر ئەوە کە ڕێبەرانی کۆمار و لەسەرەوەی هەمووان پێشەوای هەمیشە زیندوو قازی موحەممەد قسەی لە سەر خودموختاری کردووە و لە گەڵ تاران بۆ دەستەبەرکردنی شەکڵێک لە خودمومختاری لە کوردستاندا دانووستاندن و وتووێژیی کردوە. 

دیارە هەر لەو سەردەمیشدا زۆر بە خەستوخۆڵی لە سەر دێموکراسی باسکراوە و لە مەرامنامەی حیزبی دێموکرات و هێندەک وتاری ڕۆژنامەی کوردستانیشدا باسی لێوەکراوە و حەتتا لە هێندەک وتاری کوردستاندا بە زەقی باس لەوە دەکرێت کە بزاڤی کورد حازرە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوە لە هەموو ئێراندا ئازادی و دێموکراسی دابمەزرێت و ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک پێک بێت و هەر لەو پێوەندیەشدا حەتتا حیزبی دێموکرات (وابزانم لە دوای چونەدەری سووپای سوور لە ئێران) ئیتلافێک لە گەڵ حیزبی توودە و حیزبی دێموکراتی ایران و فیرقەی دێموکراتی ئازربایجان بۆ وەدەست هێنانی دێموکراسی لە ئێران دا پێک هێنابوو.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ بەزمی خودموختاری و دێموکراسیدا جێگای سەرنجە کە ئاماژە بە گۆوارێک بکرێت کە نزیک بە دووساڵ پاش ڕووخانی کۆمار لە مەهاباد بڵاو دەکرێتەوە. لە زستانی ١٣٢٧دا گۆواری “ڕێگا” بە ناوی (ئورگانی کۆمەڵەی ژیانی کورد) لە مەهاباد بڵاو دەکرێتەوە کە لە لایەن نەمران کاک حەسەنی قزلجی و کاک غەنی بلووریانەوە ئامادە کراوە. مەرحومی کاک حەسەنی قزڵجی هەم ئەندامی حیزب و هەم یەکێک لە نووسەرە بەوەجەکانی ڕۆژنامەی کوردستان بوو. مامە غەنیش یەکێک لەو خوێندکارانە بوو کە بۆ ڕاهێنان و بارهێنانی نیزامی و سیاسی لە لایەن کۆمارەوە ڕەوانەی باکو کرابوو. لەو گۆوارە دا سیاسەت و بیر  و ئامانجی کۆمەڵەی ژیانی کورد بەم شێوەێە فۆرمۆلە دەکرێت (… حزب ما مخصوص احوال کرد و کردستان واقع در حدود فعلی ایران بودە و سعی برای آزادی و دموکراسی نمودن تمام کشور ایران خواهد بود و نقتە آتکا ما تنها نیروی خلل ناپذیر آزادی خواهان ملتهای ایران با استناد بە قانوون اساسی ایران است… ما بنام پشتیبانی از وجدان و حقیقت و ازادی در این مبارزە خطیر دست تقاضا تشریک مساعی و تائید بە سوی احزاب مترقی و آزادیخوا در ایران و همچنین جمعیات مترقی و آزادیخواە کرد در هر جا باشند دراز کردە و انتطار تقویت از آ‌نها داریم.” ئاڵەکۆک لاپەرەی ٨٦.

هەر لەو وەتارەدا نووسەر دەپرژێتە سەر ڕووداوی تێکچوونی کۆمار و لە ژێر تیتری ‘ آمال مشترک’ دا باس لە ئاوات و ئامانجی کوردان دەکا و بە ئاوردانەوە بە سەر ئامانجی کورد لە سەردەمی کۆمار ئەوجۆرە دێتە نووسین: “کوردها تنها یک آرزو دارند آنهم آزادی بر اساس دمکراسی حقیقی است. ای جهان بشریت اینست ملت ما و اینست پایەهای استوار قومییت ما. ما موردهای ایران بموجب این دلایل و مدارک تاریخی و بموجب اعتراف صریح آقای مظفر فیروز معاون نخست وزیر وقت و نمایندە اختیاردار حکومت مرکزی کە در پیمان تهران و آزربایجان موجودیت و حقوق مارا تصدیق کردە حقوق طبیعی خودرا کە عبارت است از یک حکومت خودمختاری دمکراسی ضمن نطاق یک حکومت دمکراسی مرکزی موافق اساس قانون اساسی ایران میخواهیم و تا آخرین نفس در راە مطالبە حقوق خود مبارزە خواهیم کرد و اطمینان داریم پیروزی نهائی با مااست زیرا حق بطرف مااست”. ئاڵەکۆک لاپەری٩٠ .

ئەو مقالەیە لە کاتێکدا نووسراوە کە حزبی توودە مامە غەنی و کاک حەسەنی ئێستا نەخستۆتە داویی خۆیەوە و لەهەمووشی سەیرتر ئەو گۆوارە لە باشووری کوردستان و بە یارمەتی پارتی دموکراتی کوردستان نووسراوە. لەوەش گرینگتر هەم مامە غەنی و هەمیش کاک حەسەن لە هەرەتی گەنجی خۆێاندابوون و لە ناو کوورانی ڕووداوەکانی کوماری کوردستان دا بوون و لە ڕاستی دا فەرچکیان بە سیاسەتی کوردایەتی حزب و کۆمار و پێشەوا گرتبوو و تاکیدیی وان لە سەر خودموختاری و دموکراسی و ئازادی ایران ناکرێت لە تێگەیشتنیکی توودیەوە سەرچاوەی گرتبێت.

 ئیدیولۆژیی مارکسیستی و بزوتنەوەی میللی لە کوردستاندا

هێندەک لەو کەسانە کە بەردی کوردایەتی لە سینگی خۆیان دەدەن و هەموو بزووتنەوەی کوردی لە پاش ڕووخانی کۆماردا دوو دەستی تەقدیمی حزبی توودە و بەزمی توودئیزم و اێرانچییەتی دەکەن و وای نیشان دەدەن کە مقوولەی خودموختاری، دموکراسی و خەباتی دەژی ئیمپریالیستی لە ژێر دەمامەکی ئیدیولۆژی مارکسیستیدا دیاریەک بووە کە لە لاێان حزبی توودەوە بە حزبی دموکرات و بزوتنەوەی میللی کوردستان بەخشراوە، زۆر لێبڕاوەن کە  نیشان بەدەن کە حزبی دموکرات و کۆماری کوردستان تەئسیریی لە سۆڤییەت وەر نەگرتووە، و پێشەوا دەو بەزمەی نەگلاوە. بەڵکوو ئەو هەڵبژاردنە کە لەوان سەردەماندا کراوە سرفآ هەڵبژاردنێکی سیاسی بووە. بە داخ و پەژارەیەکی مەزنەوە پێشەوا ئەوەند نەژیا کە بزانین کە لە پێوەندێە نێودەوڵەتیەکاندا(جیا لەو هەڵبژاردەنە کە لە سەردەمی کۆماردا کردی) کام هەڵبژاردنی ئیدیولۆژیەک و ستراتیژیەک دەکا. هەرچەند مامۆستا هێمن لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی خۆیدا زۆر بە یەقینی لای واێە کە لە دەستدانی پێشەوا زەرەدیەکی قەربوو نکراوە بوو بۆ خەباتی دەژی ئیمپریالیستی و بم جۆرە باسی دەکا: “من پێشەوام لە دڵەوە خۆش دەویست. بە ڕابەرێکی ژیر و دڵسۆزم دەزانی، بە کوردێکی پاک و چاکم دەناسی و بە موسلیحێکی یەکجار گەورە و مەزنم دەزانی، دەمزانی نەتەوەکەی خۆی چەند خۆش دەوێ و چەندی پێخۆشە خزمەتی بکا. چەند بە ئاواتەوە بوو کورد بگاتە ڕیزی نەتەوە بەختەوەرەکان. زۆرم هیوا پێی بوو گەلەکەمان بە پەلە بەرێتە پێش و وڵاتەکەمان زوو ئاوەدان بکاتەوە. لەو ماوە کورتەشدا دەزانین چەندی خزمەتی بەکەڵک کردن. بەڕاستی مەرگی پێشەوا نەک هەر بۆ نەتەوەی کورد بەڵکە بۆ جووڵانەوەی ڕزگاریخۆازنەی و دژی ئیمپریالیستی سەرانسەری ئێران زیانێکی گەورە بوو. دەریایەک زانست و ئەدەب، دەریایەک فیکر و بیر بە دەستی زۆرداریکی سەرەڕۆ و نەزان وشک کرا و لە ناوچوو”. دیوانی هێمن موکریانی لە ئامادەکردنی س.ج. هێرش لاپەری ٧٣. دیارە مامۆستا هێمن  هەر وەک بۆخۆی ئاماژەی پێدەکا پێشەوا قازی زۆر لە مێژ بووە ناسیوە و لە نزیکەوە کاری لەگەڵ کردووە و لە بیر و باوڕ و هەڵسووکەوتی ئەو بە باشی تێگەیشتەوە و ئەو بۆچوونەی لە سەر پێشەوا ناتوانێت هەر وا لە گۆترە و لە بەر دڵی ڕێبەرانی حزبی تودە دەربڕیبێت.

جیا لەوەش بەشی هەرە زۆری کاربەڕێوبەرانی کۆمار و حزب پاش ڕووخانی کۆمار گۆشەنشینیان بۆ خۆێان ئیختایار کرد و لە سیاسەت و مووبارەزە دا نەمان، تا ئینسان بزانێت کە ئەوانیش هیچ ئالودەی مارکسیستە سوورەکە بوون و یا خۆ لە ڕیزیی ناسیونالیستە بێگردەکەدا دەمانەوە. بەڵان ئەوەی ڕاستی بێت، بەشێکی بەرچاویی ئەندامانی ک. ژ. و حزبی دموکرات( مەنزوورم حزبی دموکراتی بە ڕۆاڵەت سەردەمی کۆمار) پێش ئەوە تووشی حزبی توودە بن بە بیری چەپگەرای گیرۆدە بەبوون. کەسانی بەرچاویی ئەو ڕەوتە بریتی بوون لە نەمران غەنی بلوریان، حەسەنی قزلجی، مامۆستا هێمن، سەدیقی ئەنجیریی ئازر و کەریمی حیسامی و زۆر کەسیتر کە من ناێان ناسم و ڕەنگە خوێنەری بەڕێز باشتریان بناسن.

سەرەڕای ئەوەش حوزوریی ئەرتشی سوور، بریتانیا و ئەمریکا لە ایران و کوردستاندا جیا لەوە کە بە مەبەستی تەنگ پێهەڵچنینی بەرەی ئاڵمانی نازی بوو، بەڵان هەر زوو بوو بە مەێدانی ململانێکی سیاسی و ئیدیولۆژیەک بۆ پەرەپێدانی نفووزی سیاسی و ئیدیولۆژیەکی ئەو زلهێزانە لە ناوەچەکەدا بۆ داڕشتنی ئارایشتیکی تازە لە نەزمێکی نوێ کە بە کۆتای ژیانی هیتلیر خریک بوو لە دایک دەبوو. جا بۆێە ئەگەر ڕێبەرانی کۆمار و شەهێدی نەمر پێشەوا قازی موحمەد هەرچەند خاوەنی ئیدیولۆژی مارکسیستی نەبوون و هەڵبژاردنێکی سیاسیان کردبوو لێ ڕووسەکان لە سەر تەما و خۆزگەکانی وان ڕانەستاوەن و بێ دەستەوەستان لێ دا نەنیشتوون. هەربۆێە روسەکان زۆر زیرەکانەوە و بە شێواز و تاکتیکی تاێبەت بەخۆێان خەریکی پەرەپێدان بە باوەڕی مارکسیزم-لنینزم و نفووزی سیاسی خۆێان بوون لەنێو کوردان و ایراندا و لەو ڕێگایەشدا تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوون.

مامۆستا هەژار لە چێشتی مجێور دا بەم جۆرە لە شێوازی کاری روسەکان دەدوێت.: “لە ئاخری دا کە دیتیان هێز و پێزێکمان (مەنزوریی کۆمەڵەی ژ کافە) پێکەوە ناوە، ئەوانیش لەشکری زۆریان لە وڵاتەکەدا بو، نەیان دەویست وڵاتەکە ئەمین نەبێ و نەوەکا ئینگلیس بەهرەمان لێ وەرگری، گوتیان حیزبەکەتان رەوایە و ئێمە مانعتان نابین و ئێوەش لە نوسراوەی خۆتان دا هەواڵەتی ئێمە بکەن.” چیشتی مجێور لاپەرەی ٦٥. بەواتەیەکیتر روسەکان زۆر زیرەکانە بە دانی ئیمتیازیی قەبووڵکردنی موجودیەتی کۆمەڵەی ژکاف، لەکردەوەدا هەوڵیانداوە کە لە کۆمەڵە وەک منبەریەکی تەبلیغاتی ئیستفادە بکەن بۆ ڕێباز و نیازە سیاسی و ئیدیولۆژیەکانی خۆێان.

جیا لەوەش هەڵسوکەوتی شێوا و مرۆڤدۆستانەی ئەرتشی سوور( کە شێوازیەکیتر بوو بۆ شوێندانان لە سەرخەڵک) و سازانی لە گەڵ بزوتنەوەی کوردی ئەو هێزەی لە نێو خەڵکی کوردستان دا خۆشەویست کرد بوو. مامۆستا هەژار لە نفوزەی یەکێتی سۆڤییەت بەو جۆرە باس دەکا: ” لەبەر ئەوە کە لە شەڕی یەکەمدا کوردی موکوریان یاریدەی  دەوڵەتی تورکی موسوڵمانیان کردبو. رووس زۆری کوشتبون و زۆری بە یخسیر بردبوو… بەڵام کە ئەم جار لە حوکمی کمونیستی دا هاتبونە ئێران، بیری خەڵکیان گۆڕی. بەر لە هەر شت، چونە هەر شارێک دەرکی زیندانیان کردەوە و زیندانی سیاسی و ئاسایی یان هەموو بەڕەڵا کردن. مەلایەکی شکاک دەێگوت: “ئەز حەفسیدا بوم. م دی رۆژەک مەلائیکەتەکە سوری چاڤشین دەری ڤەکر و گۆت: ئیدی سودا. ئەم هەمی قوتار بون”.

چەکداری روس زوڵمیان لە کەس نەدەکرد، هەمو کەس خۆشی دەویستن. خۆ نەخۆازا ئێمەی نیشتمان پەرست کە روسمان بە فریشتەی ئازادی کوردستان دەزانی. بەقەد گەلێنەی چاوی خۆمان ڕیزمان لێدەگرتن. لە خوامان دەویست ئێمەش بکەوینە بەر قانونی ئەوانەو… ئاواتخۆاز بوین و لامان وابو هەر ئەوان ئازادمان دەکەن و دەمان کەنە دەوڵەت. جا ئەوەندی لە توانا دابو، بە پەخشان و شیعر بە روس و باڵشەویکیمان هەڵدەگوت. بەزم بەزمی من و هێمن بو کە سەر و بنی قسەمان سڵاوەت لە دیداری ستالین و دوعای بەخێر بۆ سەرکەوتنی روسان بو”. لاپەری ٦٥-٦٦.

مەرحوم مامە غەنی بلوریانیش بەش بەحالی خۆی لایەکیتریی هەوڵ و تەقەلاکانی روسەکان بۆ پەرەپێدانی بیر و رێبازی خۆێان لە کوردستان دەخاتە روو و دەنووسێت کە: روسەکان ئەفسەریکی روسی بنەچە ئازەرییان بە ناوی ‘ماژۆر عەبدوڵلائۆف’ کردبوو بە بەرپرسی سیاسی و ئاسایشی مەهاباد و چەند سەربازی روسی شیان خستبووە ژێر فەرمانی. جیا لە ‘ماژور عەبدللئوف’ ئەفسەریکی روسیش هەبوو بە ناوی ؛ جەعفەر ئۆف’ کە کوردی ئەرمەنستان بوو… ئەو جارجارە لەگەڵ چەند یاریکەری روسی لە ورمی وە دەهات بۆ مەهاباد و لە گەڵ ئێمە قوتابی یەکانی قوتابخانەی ئامادەگی بە ناوی ‘ دبیرستانی پەهلەوی’ یاری والیباڵیان دەکرد. ناوبراو هەموو جاری چەند ڕۆژنامەی کوردی ‘ڕییا تازە’شی بۆ دهێناین. کە لە لایەن کوردەکانی ئەرمەنستانی سۆڤییەتەوە لە ئێرەوان دەردەچوو.” ئاڵەکۆک لاپەرەی ٢١. مامە ‌غەنی وەک بۆخۆی دەگێرێتەوە بە ئیلهام وەرگرتن لەو گۆوارە بە لاسا کردنەوە لە سازمانی جەوانانی کومونیستی سۆڤییەت ‘ سازمانی جەوانانی کورد’ی دامەزرراندوە. (ئەو ڕووداوە پێش دامەزرانی کۆمار قەوماوە)لاپەرەی ٢١. ئاڵەکۆک.

بەواتەیەکیتر یەکیتی سۆڤێیەت بە دانی پۆئەنی سیاسی داوکاری ئەوە بوو کە ڕۆڵەکانی کوردیش خێریەکێان بۆ ئەوان هەبێت و لە بڵاوکراوە و دانیشتنەکانی خۆێاندا بە بەژن و باڵا و ڕێبازی یەکێتی سۆڤییەت هەڵبەڵێن. دیارە ئاسەوارەی تائسیر و نفوزی سیاسەت و ئیدیولۆژی سوڤییەت لە سەر مووبارەزەی نەتەوەی لە کوردستان دا هەر بەوەندە ناوستێت و لە محتوا و قەوارەش دا خۆی دەردەخا. هەروەک چۆن مامۆستا هەژار کە دەڵێت، سوڤییەت چاری بە کۆمەڵەی ژکاڤ و ئاوات و ئامانجەکانی نەدهات و لە جێگای کۆمەڵە خۆازیاری حزب و بەرنامەیەکیتر بوون. پێویست بە دلیل و بوورهانی زیاتر ناکا، کە سابیتی کەێن کە هەر ئەو کارەش کرا و ئەندامان و ریبەرانی کۆمەڵەی ژکاڤیش بە بێ هیچ چەشنە دمەقاڵە و مەقاوەمەتێک ئەو داوایەی یەکێتی سۆڤییەتیان قەبووڵکرد و بەدردی مامۆستا هەژار ” چار نەبوو، قەبوڵ کرا”. بەواتەیەکیتر یەکەمین تائسیر گرینگی سیاسی و ئیدلۆژیک دەگرێتەوە بۆ هەڵبژاردەنی ڕێگاچارەی خودموختاری. ئەو ڕێگاچارە لە لاێەن لنینەوە تئوریزەکرابوو (نەک لە لاێەن حزبی توودوە). لنین بۆ ئەوە وڵامیک بەدۆزرێتەوە بۆ کێشە نەتەوەیەکانی میللەتانی ناو سنوورەکانی یەکێتی سۆڤییەت و هەروەها  بۆ پاراستنی خەباتی چینایەتی لە ڕیزی گەلانی ڕووسییە دا بۆ خزمەت بە دامەزراندنی سوسیالیزم و خەباتی ئینترناسیونالیستی چەمکی خودموختاری فۆرمۆلەکرد و پاشان ستالین ئەو چەمکەی لەو وڵاتە دا کەم تا زۆر جی بە جێکرد. دیارە بۆ یەکەم جار سوسیال دموکراتەکانی ئوتریش لە سەر بنەمای ئیدیولۆژی مارکسیستی چەمکی خودموختاریان گەڵاڵە کردووە و پاشان لینین ئەو نوسخەیەی داڕشتەوە. دووهەمین تائسیر دەگرێتەوە بۆ شێوازی سازماندی و ڕێبەریکردنی جووڵانەوەیەک. هەم فرقەی دموکراتی ئازربایجان و هەم حزبی دموکراتیش هەڵقوڵاوی شێوازیی سازماندەی بیری مارکسیستین، دیارە لە شەکڵ و قەوارە ناتەواوەکەیدا. مارکس و ئینگلس و بیری مارکسیستی گەوەرەترین سەرچاوەی شەکڵدان بە تەشکل و سازماندەی سیاسی بوون. تیۆریی کۆمەڵایەتی مارکس و ئینگلس بنج و بەناوانی ئەو چەشنە لە ئورگانیزەکردنە بوون کە پاشان ئەو شێوازە لە ڕێبەریکردن و سازماندەی خۆی کێشا ناو لاێەنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا مودێرن و کاپیتالیستیەکان و سەرمایەداریش نێتوانی خۆی لەو شێوازە لە بەرێوەبەری بەدزێتەوە. یەکێک لە لایەنە مودێرنەکان و خاڵی جیاکرەوەی جووڵانەوەی کۆماری کوردستان بوونی ڕێبەریەکی ڕۆشنبیر و حزبێکی سیاسی بە بەرنامە و مەرامنامە بوو کە ئەو جووڵانەوەی لە جووڵانەوە خێڵەکی و مەزهەبی میللیەکانی کوردیی (کلاسیک) جیاکردوە.

جیا لەو دوو تائسیرە زەق و بەرچاوە روسەکان لە ڕێگای ڕۆژنامەی کوردستانەوەش مینبەریەکیتریان کەوتە دەست بۆ تەبلیغی ڕێگا و ڕێبازی مارکسیستی. ڕەنگە لە ژومارەکانی کوردستانی ئەو سەردەم دا بەدەگمەن ژومارە دەستکەوێت کە باس لە سوڤییەت، سوسیالیزم، مارکس، لنین و استالین و شتی لەو بابەتە نەکرابێت، چە بە شێعر و جە بە وەتاری جوراوجۆر سیاسی و ڕۆشنبیریی. سەرەڕای ئەو کەرەستەێە لە هیچ بۆنەو مەراسمێکدانبووە کە سەلاوات لە دیداریی ستالین و لەشکری سوور و یەکێتی سوڤییەتی سوسیالیستی لێنەدرێت. سەرڕای ئەو لاێەنانە کۆمەڵێک خوێندەکاری کورد ناردرانە باکۆ تاکوو بەبن بە داری بەریی بۆ کۆمار و کوردستان. مامە غەنی کە یەکێک بوو لەو خوێندکارانە بەجۆرە باس لە دەورە دەرسییەکانی دەکا: ” هەر سی (٣٠) کەسەی لە یەکانێکدا بووین و سێ ئەفسەریشیان بۆ دیاریکردبووین، کە ‘مەشقی سەربازی و چەک ناسی’، ‘تاکتیکی شەڕ’ و ‘ تئوری و سیاسەت’مان فێر کەن. ئەفسەرە سیاسیەکان تێکڕا ئەندامی حیزبی کومونیستی سۆڤیەت بوون. ئەوان بەزمانی سادە باسی سیاسەتیان بۆ دەکردین و لەمەڕ رژیمەکانی سەرمایەداری و سیستمی کلۆنالیستی و ئیمپریالیستی دەدوان و چۆنێەتی سیستمی سیوسیالیستی یان بۆ شی دەکردینەوە. منی گەنج بەهەموو وجودمەوە ئەو گوتنانەمان دەخستە نێو مێشکم و هەرچەند زۆر شارەزای سیستیمانە نەبووم، بەڵام خۆم بە لایەنگری ئینترناسیونالی سیوسیالیستی دەزانی.” لاپەرەی ٦٦-٦٧ ئاڵەکۆک.

سەرەڕای ئەو کارانە کە باسێان لێکرا جووڵانەوەی کوردی بە هەڵبژاردەنی سیاسی خۆی بۆ بەرەی یەکێتی سوڤییەت چە ویستبای و چە نەیویستبا لە عەمل دا وەک هاوبەندی یەکێتی سۆڤییەت چاویی لێدەکرا و ڕەنگە یەکەم قووربانییەکانی شەڕی ساردیش (یانی شەڕی ئیدئولۆژی مارکسیستی و جیهانی کاپیتالیستی) کۆمارەکانی کوردستان و ئازربایجان بوبن.

لەسەریەک ئەو هەڵبژاردنانە کە کراوە دیارە هەڵبژاردنێکی ئیدیولۆژیەک نەبوون، بەڵکوو هەڵبژاردنێکی سیاسی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیدا بوو، بەڵان ئەو ئیدعایە زۆر ساویلکانەیە کە ئینسان وا بیر بکاتەوە کە سەرجەمی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی کوردەوەاری لەو سەردەمەدا نەکەوتۆتە ژێر نفووزیی ئیدیولۆژی مارکسیست-لینینستی و ئەو بیر و بۆچوونە  بیر و زێنی ئینسانی کوردی نەئەنگاوتووە و تائسیریی لە سەر سیاسەت و بەرنامە و شێوی خۆڕیکخستنی جوڵانەوە نەبوو و ئەوە ئیلاوبیلا لە ڕێگای حزبی توودەوە هاتۆتە کوردستان. مەرحومیی کاک کەریمی حیسامی بە گێرانەوەی بیرەوریەکی خۆی بۆمان دەردەخا کە ئەو ئیدیولۆژی مارکسیست لنینیستیە چۆنی خۆ خزاندوتە ناو بیرو زەێنی ئینسانی کوردی. ئەو زاتە لە هاوینی ١٩٤٨ یانی زیاتر لە ساڵ و نیویەک پاش تێکرووخانی کۆمار لە سەرفەریکدا بۆ شامات تووشی بە تووشی کاک سوڵتانی شیخ ئاقایی دێت. لەو چاوپێکەوتنە دا کاک سوڵتان پێدەڵێت کە ” پێویستە بە شێوەیەکی تازە خەبات بکەێن، پيم خۆشە تو لە سابلاخ بچی رەحیمی سوڵتانیان ببینی” لاپەری ١٥٥. کاک کەریم دەچێتە مەهاباد چاویی بە کاک ڕەحیم دەکەوێت و لە ماڵەوان باس لە زیندوکردنەوەی خەبات دەکەن و بۆی دەردکەوێت کە ئەو جموجۆڵە تازەیەی خەبات دەژی دەرەبەگایەتییە. کاک کەریم لە گەڵ کاک ڕحیم قەرار دادنێت کە حەوتوویەک دواتر لە مەهاباد یەکتر دەبینەوە و دەنووسێت لە مەهابادی: ” کاک رەحیم نوسراوەیەکی بو هینام کە بە مۆریکی سوور “ک.ک.ک. (کومەڵەی کمونیستی کوردستان) مۆرکرابوو”. لاپەری١٥٥. کاک کەریم دەکەوێتە هاوکاری کۆمەڵەی کمونیستی کوردستان و خەڵکێکی زۆر لە خۆی کۆدەکاتەوە و دەگێریتەوە کە: ” هەرکەس مۆری سوورم نیشان دەدا دەگریا و ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری و یارمەی ماڵی ڕادەگەیاند… خەباتەکە لە واقیع دا خەباتی چینایەتی و دژی دەرەبەگ و سەرمایەداران بوو. لاپەری ١٥٥-١٥٦.

هەر لەو پێوەندیەدا مامۆستا هێمن ئاوا باسی کاک کەریم پشت ڕاست دەکاتەوە و لەوەش سەیرتر باس لەوە دەکا کە حزبی تودە پێشگریی لەوەکردوە کە ناوەی حزبی دموکرات نەگۆڕدرێت بە کۆمەڵەی کۆمونیستی کوردستان. مامۆستا هێمن دەنووسێت: “حیزبی توودەی ئێران بە ئاشکرایی خەباتی دەکرد و ڕۆژبەڕۆژ کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی زیاتر لێ کۆ دەبوونەوە. لە ڕۆژنامەکانی خۆێدا ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستی بە توندی دەکوتا و تئوری زانستی بڵاودەکردەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانیش کەم کەم بووژاوە و کادرە لاوەکانی دەستیان کردەوە بە خەبات. پێاو هەق بڵێ حیزبی تودە لەو سەردەمەدا لە بووژاندنەوەی حیزب دا ڕۆڵێکی باشی یاری کرد. تەنانەت لە پاراستنی ناوی حیزبدا. چونکە هێندێک لە لاوە ئازادیخۆاز و کەم ئەزموونەکان خەریک بوون ناوی حیزب بگۆڕن و بیکەنە کۆمەڵەی کومونیستی کوردستان و وەک بیستوومە بەڕێوەبەرانی حیزبی تودە مانیع بوون. لاپەری ٧٥-٧٦.

سەرجەمی ئەو بەڵگانە دەرێدەخن کە ڕاکێشکردنی جووڵانەوەی نەتەوەیی لە کوردستانی ایران بەرەو ئامانجی خودموختاریی و دموکراسی و ئیدیولۆژی مارکسیستی زۆر لەوە ئاڵۆزتر و کێشە ئامیزترن کە سەرچەمی ئەو ڕەوتە بە شێویەکی ساویلکانە، عوامفریبانە و دمارگرژانە لە ژێر دەمامۆکی کوردایەتی و نەتەوەیی بوون دا بخرێتە کەوانەی فرتوفێڵی حزبی تودەوە، تەنیا و تەنیا لەبەر ئەوە کە ئێمە چارمان بە ئامانج و ڕێباز و یا خۆ ڕەوت و ڕێبەرایەتیەک نایا. ڕاستیەکە ئەوەێە کە نە حزب و نە ئەندامانی ئەو حزبە نەیانتوانیوە خۆێان لە ئیدیولۆژی مارکسیستی بەدەزنەوە و مەودای ژیانی کۆماریش زۆر لەوە کەمتر بوو تاکوو بزانین داخۆا لە بەرەی دەژی ئیمپریالیستی دا دەمانەوە یا خۆ لە بەرەی سوسیالیستی هەڵدەگەرانەوە. بەڵان لە کردەوە دا کۆمار و پێشەوا و حزبی دموکرات چووبوون دەبەرەی کۆمونیستیەوە و ڕۆژئاواش هیچ خۆشی لە کۆمار و ڕێبەرانی کۆمار نەهاتوو و بەچاوەیەکی پڕ لە دردۆنگی هەم فرقە و هەم حزبیان وەک لایەنێکی سەربە یەکیتی سۆڤییەت نەرخاندوون و لە سێدارەدانی پێشەواش بە هاندانی ئەمریکایەکان هۆکارەکەی لە دەژایەتێکی ئیدیولۆژیکەوە دەبێت چاویی لێبکرێت.

 بە باوەڕی من هەر ئەو ئاشنا بوونە لە گەڵ یەکیتی سوڤییەت و ئیدیولۆژی مارکسیستی  و هەر ئەو هەڵبژاردنە سیاسیە زمینەیەکی لەبارو زۆر بەهێزیان پێک هێناوە بۆ خوێندەواران و خەباتکارانی کوردی پاش تێکچوونی کۆمار کە خۆیان چە ئاگاهانە و جە نائاگاهان لە بەری مارکسیسزم لنینزمدا بەبینەوە و لە ایرانیشدا بەشوێن ئەو لاێەن و هێزانە دا بەگەڕێن کە خاوەنی ئەو تاێبەتمندیانە بوون.

خوێندنەوەی مێژووی حزبیش و ڕاکیشانی بۆ لای حزبی توودە و بەرەی دەژی ئیمپریالیستی بە بێ دەرککردنی ئەو ڕاستیە نەتەنیا سەقەتوو ڕێ وەنکەەر، بەڵکوو هەڵاتەن و خۆ گێلکردنێکی ساویلکانەشە لە راستەێک کە کوردستان و ئینسانی کورد لەو سەردەمدا تێدا گیری کردبوو. هیچ ئینسانێکی زان و تێگەیشتوو ناتوانێت و لە باری علمیشەوە نەگوونجاوە کە پەدیدەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی لە سەرجەمی ئەو دیاردە و ئاڵوگۆڕانە جودا بکاتەوە کە لە دنیا دەوروبەری جا چە لە نزیک و چە لە دوور ڕوویانداوە و سەرێان هەڵداوە و سەقامگیربوون و بە کێفە و لە گۆترە لێکی بداتەوە و قەزاوتی لە سەر بکا. 

حزبی دموکرات و کۆماری کوردستانیش بەرهەمی سەردەمی خۆێانن. سەردەمێک کە دوو بلۆکی سیاسی، نیزامی و ئابووری بە دوو ڕێبازی لێک جیاواز لە ژێر تەپوو وتۆزی وێرانکاریەکانی شەڕی دووهەمی جیهانیدا خریکبوون ڕیزبندیەکی نوێیان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دا پێک دەهێنا. هەرکەسێک پێوابێت کە کوردستان و کۆماری کوردستان بەدوور بووە لە ئاڵوگۆڕە مەزنانە و ئینسانی کوردی و کۆمەلگا و بزوتنەوەی سیاسییەکەی هیچ تائسیریەکی لەو پەدیدەو ئاڵوگۆڕانە وەرنگرتەوە و خاوەنی ژیانێکی سەربەخۆ بووە لەو دیاردە و ئاڵوگۆرانە، نەتەنیا لە خەون و خەیاڵات دا دەژیت، بەڵکوو خاوەنی دەرک و شناختێکی یەکجار لاواز و سەتحییە.

کاتێک ئینسانێک کە توانای ئەوەی هەبێت کە بەدوور لە قاوقیژیی منداڵانەو عەوامفریبانە مێژووی کۆمار، حزب و بزووتنەوەی کورد لە سەرجەم ژیانی خۆێدا نەتەنیا لە کوردستانی بن دەستی ایران بەڵکوو لە بەشەکانیتریش شەن بکات و هەڵیبگێڕێتەوە زوو بۆێ دەردەکەوێت کە ئەو دیاردانە زۆر بە چڕیی و پڕیی بەستراونەوە بە ڕووداو ئاڵووگۆرەکانی دنیایی دەوەر بەرێان و لەو قاعیدە مەجەزا نەبوون. حزب و بزوتنەوەی کوردیش پاش کۆمار زۆری خاێاند تا وەک بزووتنەوەیەکی بەهێز و حزبێکی سیاسی جیدیی بە چۆارچێوە و قەوارە و بەرنامە و سیاسەتی دیارکراوەی بێتەوە مەێدان. تاپێش کۆنگری سێ ئەو حزبە بریتی بوو لە کۆمەڵێک ئینسانی نیشتمان پەروەر و روناکبیری شۆڕشگێر و ئازادیخۆازی پرش و بڵاو کە بۆ ئەوە بەتوانن حزب ساز بکەنەوە و ژیانێک بە جوڵانەوەی کوردیی لە لای خۆمان بەبەخشن هەردەم لە دەرکەی حزب و لاێەنێکێان دەدا. لە حاڵ و هەوایەکی ئاوادا زۆر ئاسایی دەنوێنێت کە ئینسانی کورد بە پێ ئەو پێشینەێە کە لە پێوەندی کۆمار و سوڤییەت ڕا بۆی بەجی مابوو  روو لە حزبی توودە کە باسکی بەهێز یەکێتی سۆڤییەت بوو لە ایران، بکا و لە سەردەمی شەڕی ساردیش دا وەک سەرجەمی مووبارزاتی ئازادیخۆازانەی دنیا چارەنووسی بە جووڵانەوەی دەژی ئیمپریالیستیەوە گری بەدا، چوونکە دنیایی سەرمایەداریی نەتەنیا لاگری ویست و داخۆازیەکانی کوردیی نەبوو، بەڵکوو قەستەسەریشی بوو و بەشێکی زۆری ماڵوێرانی و دابەشبوون و تێکشکانی کورد لە سایە سەری ئیمپریالیزمی رۆژئاوا دابوو. لانی کەم لە هاتوهاوەری سیاسی و ئیدیولۆژیی ئەو دوو لاێەنەدا لایەنی مارکسیستی بەڕۆاڵتیش بێت لایەنگری بێ بەشان و چەوساوەکان بوو، هەر لە قارەی ئەفریقا ڕا هەتا دە دەگاتە ئەمریکای لاتین و لەوێشەوە هەتا جووڵانەوەی خوێندکاران و ژنان و کرێکاران لە ئوروپا هەتا جووڵانەوەکانی ئاسیا بەشی هەرەزۆری ئازادیخۆازەان و جووڵانەوە ئازادیخۆازەکان خۆێان لە بەرەی دژی ئیمپریالیستیدا دەدیتەوە و بە پێ گرینگی و وەزنی خۆێان لە لاێەن یەکێتی سوڤێیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات یارمەتیدەدران و هێندەکیش لە سایە سەری ئەو یارمەتیەوە بە ڕزگاری نەتەوەیی خۆیان گەێشتن. کوردیش کە بە سەر چوار وڵاتدا دابەشکربوو و لەوپەڕی لاوازی و بێدەرەتانی دا بوو لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە هەرچەندیش کەم بێت لەو ڕێگایەوە دەنگێکی هەبێت لە دنیای پڕ لە مەترسی لەبێن چوون و قەرکردندا.

شۆڕشگێرانی کورد لە کوردستانی بن دەستی ایران بە پێ خوێندنەوەی ئەو سەردەمی خۆێان لە هەل و شانسەکان دەگران، هەروەک چۆن لە کاتی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین باشووردا بە خروپتوونی ڕوویان لەو بەشە لە کوردستان کرد و هەوڵێاندا کە بەختی خۆێان لە کن جووڵانەوەی نەتەوەیی کوردیش بەتاقی بکەنەوە و هێز و گوور و تینێک بەخۆیان بەبەخشن. لەوێش لە ژێر تائسیریی ڕێبەرایەتی جوڵانەوەی کلاسیکی کورد!‌ لەت و پار بوون. هێندەیەکێان لەگەڵ کاک سمایل شریفزادە کومییەتی ئینقلابی حزبیان پێک هێنا و ڕێگای بەرخۆدان و خەباتیان لە کوردستان دەست پێکردەوە و شەهید بوون، هێندەک بە سەرکردایەتی نەمر عبداللە ئیسحاقی ناسراو بە ئەحمەد تۆفیق پاڵیان وە پاڵ مووبارەزەی ئەودیودا و چوونە ژێر ڕێبەری نەمر مەلا مستەفا بارزانی( دیارە لە قسان لە کۆنگری دووی حزبدا کە لە ژێر باڵی نەمر ئەحمەد توفیق دا سەری گرتبوو و ئەو لاێەنە وەک لایەن ناسیونالیستی و نەتەوەیی حیزب چاویی لێدەکرێت، پێشەوا بە خاین لە قەڵمدرا بوو)، باشوور هێندیەکی ڕادەستی ئێران کردنەوە (بە زیندوویی و بە مردوویی)، هێندک حیزبی ئازادیان پێک هێنا و هێندەک کومیتەی ساخکەرەوەی حیزبیان دروستکرد کە هیچیان ئەوەندەێان عومر نەکرد و هێندەک سەرگەردان لە نێوان شارەکان و دەیەکانی کوردستان و عێراق دا لە هەڵات هەڵات دابوون ولە ڕاستیدا بێ ئاسۆ و بێ بەرنامە و فکریەکی سیاسی و یەکدەست بوون. لە کۆنگری سێدا، کار و تێکۆشانی پێشەوا بەرز نەرخێندرا و ڕێزیی لێگیرا و پرنسیپی سەربەخۆی سیاسی حزب لە بەرامبەر هەموو هێز و لایەن و دەوڵەتەکان بە تەواویی بوو بە ناوەرۆکی ئەو حزبە. هەر لە کۆنگری سێ ئەو حزبەشە گەرای خۆ دوورکردنەوە لە خەباتی دژی ئیمریالیستی دەستی پێکرد. بەکوردی حزب ڕێچکەی سیاسی خۆی دیتەوە و بەرەبەرە بووژایەوە و حزب بۆوە بە حزبێکی سیاسی جێگای ڕێز و خاوەن وەزنەیەکی سیاسی.

پێوەندی حزبی توودە و دموکرات لە سەردەمی دوای کۆمار دا دەچێتە قۆناخێکیترەوە و پێوەندیەکی ئیجگار ناموتەوازنەوە، کە حتا داڕێژەرانی ئەو پێوەندیەش بە دوور لە هەر دەمارگرژیی و قین لە زەگەیەک دانێان پێدا هێناوە و دەرێانخستەوە کە چەند کڵۆڵ و ماڵوێڕان بوون لە تەشکل و سیاسەتدا و چلۆن ئاتاج و موحتاجی حزبی توودە بوون کە ڕێگایەکێان بۆ دەست نیشان کا، بەڵان سەرئەنجام ئینسانی کوردی لە توانای دا بوو کە ڕێگای خۆی لە حزبی توودە جودا بکاتەوە. دیارە لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕ کە: ئایا قەزاوتێک کە ئێستا ئێمە مانان لەسەر ئیدیولۆژی مارکسیسزم لنینیزم و حزبی توودە هەمانە هەر لە ڕۆژی لە دایکبونەوە هەمان بووە، یاخۆ شتێکە کە تازە پێگەیشتووین؟ ئاێا باوەڕ بە مارکسیزم لنینیزم لە دنیایی ئازادیخۆازندا تاوان بوو و کەم و کوڕیەکانی بۆ هەموو لایەکمان دیار بوو؟ داخۆا لاێەنی ناسیونالیستی حزب لە باشووری کوردستان چی بەسەرهات و بۆچی؟ ئەگەر حزبی توودە لە پێناو ایرانچییەتی دا خەریکی داگیرکردنی حزب و جووڵانەوەی نەتەوەیی بوو، دەی باشە جوڵانەوەی نەتەوەیی لە باشوور لە پێناو چیدا خریکی تێکدانی ڕیزەکانی جووڵانەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتبوو؟

بەهەرحال ئاکامی باسەکە ئەوەێە: بیر و ڕێبازی خودموختاری و دموکراسی و خەبات لە پێناویی ایرانێکی ئازاد و دموکراتیکدا بە هاوخەباتی ئازری و فارسەکان و نەتەوەکانیتریی ایران بەشێک بوون لە مەژاری سەردەمی دامەزرانی حزب و  کۆمار. کورد لەو سەردەمیشدا لە گەڵ ئێرانیەکان بۆ ئازادیی و دموکراسی کەوتنە ئیتلاف و دانووستاندەن. لە سەردەمی کۆماریشدا ئۆگری و تێوگەلانی ئینسانی کوردی و بزووتنەوەکەی لە بەرەی سوسیالیستیدا دەستی پێکرد و کەوەتە ژێر تەئسیریی ئەوە ڕیبازەوە و بەستنەوەی ئەو بیر و فکرە بە دەورانی دوای ڕووخانی کۆمار بە توودەوە چەواشەکاریەکی ترسەنۆکانە و نەزۆکانەێە کە لە ژێر دەممامەی نەتەوەخۆازیی و کوردستانی بوون دا بە ئێمەی خوێنەری بەستەزمانی دەفرۆشن(دیارە شەهیدی نەمر سەدریی قازیی ئامۆزای پێشەوای نەمر لە پێش دامەزرانی حزب هەتا ڕووخانی کۆمار لە تاران و نوێنەری مەهاباد لە پارلمانی ئێراندا بووە و لە پێوەندیەکی بەردەوام دابوو لە نێوان هێز و لاێەنەکانی ایرانی (یانی برادەرانی فارسمان!) جا ڕەنگە ئەگەر بە دڕدۆنگێەوە تەماشای ڕۆڵی مەزنی حزبی توودە لە سیاسەتی حزبی دموکرات دا بکەێن ڕەنگە بەو ئاکامە بگەێن کە خۆای نەخۆاستە حزبی توودە لە ڕێگای ئەو زاتە مەزنەوە بەرنامەی خودموختاریی بۆ حزبی دموکرات بە دیاریی ناردبێت). ئەوە کە زۆر سەیرە ئەوەێە کە لە هیچ نوسراوە، مەکتوبە و قسە و چاوپێکەوتنی توودەیەکاندا نەبیندراوە و نەبیسراوە حتا بۆ شەکاندنەوە و دابەزاندنی کەسایەتی و سەربەخۆی سیاسی حزبتش بێت، ئاماژە بەوە بکەن کە ئەوە بەرنامەی ئەوانە کە حزب و ڕۆڵەکانی کوردیی بۆ دەبێتە قووربانی. بەڵان حاشا لەوەش ناکرێت کە دوای ڕووخانی کۆماریش بە پێ هەلومەرجی سیاسی ناوخۆ، ایران، ناوەچە و جیهان هەر وەک لە سەرەوە باسمکرد ئینسانی کوردی خۆی لە حزبی توودە نزیکتر دەبینی و حزب توودەش ڕۆڵی خۆی گێڕاوە، بەڵان ئەوە کە خودموختاری و دموکراسی و ئیدیولۆژی مارکسیستی تەنیا و تەنیا بە فیتی توودە هاتوونە کوردستان و لە ڕێباز و خەباتی حزبدا جی خۆی کردۆتەوە، هەروەک باسکرا نەتەنیا دروست نییە، بەڵکوو ئیدعایەکی درۆێنەێە کە مێژووی ئەو بزووتنەوەی زیاتر لە هەمیشە خەوشدار دەکا.

لە کورتی بی برمەوە ئەوە کە ئینسان تەنیا کەمتر لە ساڵێک مێژووی پەدیدەیەکی سیاسی، حزبێک و ڕێبەریەک لە هەلومەرجێکی نائاسایی ناوچەی و جیهانیدا، لە گەڵ مێژووی مووبارەزیەک بە درێژایی زیاتر لە ٦٠ ساڵ کە لە هەلومەرجێکی بەتەواوی جیاوازی ناوخۆی، ناوەچەی و جیهانیدا کەوتۆتە ململانی و خەبات، موقایەسە بکا دەبێت خاونی ئەقڵ و تێگەیشتنێکی سەرسووڕ هێنەر بێت کە بەتوانی بە نەتیجەیەکی دروست بگا. بەڵان هیچ شتێک لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ڕۆڵەکانی ئەو میللەتە بە پێ توانا و زانستی خۆێان چە لە سەردەمی کۆماردا و چە لە سەردەمی دوای کۆماردا هەوڵێانداوە کە ڕێگا چارەیەک بەدۆزنەوە بۆ بەش مەێەنەتی و ماڵوێرانی کورد. ئەوە کە چەندە لەوە ڕێگاێەدا سەرکەوتوو بوون یا ئەو ڕێگا چارەێە چەند دروست و بەکەڵک بووە بە باوەڕی من هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕی کە ئەو ئینسانە شەرافەت و شەهامەت و کەرامەت و بەویریی ئەوەێان هەبوو کە بەدوور لە هەرچەشنە قاو قیژ و هەڵا و بەزمی بێ واتە گیانی خۆیان بکەنە قووربانی ڕیگای ڕزگاری میللەتەکەێان. حزبی دموکرات و بزووتنەوەی میللی دموکراتیکی خەڵکی کورد لە گەڵ هەموو کەم و کوڕیەک لە هەورازو نەشێوی مووبارزەکەێان هێچکات پشتیان لە ئاوات و ئامانجەکانی نەتەوەیی خۆێان نەکرد. پیداگریی و سوور بوونی وان لە بەدهێنانی ئەو ویست و داخۆازێانە ڕەنگە لە دەوران و سەردەمانی جوراوجۆردا خاوەنی فۆرمی جیاواز بوو بێت (سەربەخۆی، فیدرالیزم و یا خۆ ئوتۆنومی)، بەڵام هەر هەمووی ئەو هەوڵانە بۆ پاراستنی هوویەتی نەتەوەیی کورد بووە لە قڕکردن و قەڵاچۆکردنی.

بە بێ شک لەو ڕێگایەدا هەڵەش کراوە، کەم و کوریش هەبووە و هەل و شانسی باشیش لە دەستدراوە، بەڵان دابەزاندەن و شکاندنەوەی ئەو موبارزە و تێکۆشانانە تا سەرحەدی لادان لە سەر ڕێگای ڕزگاری کورد و پەرەپیدان بە ایرانچیەتی( کە سووکردن و بێ بایەخکردنی گێانبازی ئەو هەموو ئینسانە شەریفانەیە کە بە سرودیی ئەی رقیب ماوە قەومی کورد زوبان لە بەرانبەر دوژمنانی نەتەەوەکێاندا چوون دەسنگەروە و لە هیچ تەنگ و جەڵەمەیەک سڵیان نەکرد و گیان خۆێان لە پێناوی دا بەخشی) خۆی لە خۆی دا لە بیریەکی نەزۆک و لە تێنگەیشتنێکی سەرسام هێنەرەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە هیچ شێوازیەک ناچێت لە بازنەی چاو پێداخشاندنەوەی نەتەوەیی و کوردانە. ئەگەر ئەو ئینسانانەی کە بە قەناعەت و تێگەشتنەوەش خریکی ڕووخاندن و دابەشکردنی ئەو مێژوویەن یان زۆر ….  یان … و …. ڕووخێنەر هاندریانە و وەک …….  خەریکی ئاورتێبردانی خەلە و خەرمانی خەباتی نەتەوەی کوردن.  

پێم خۆشە کە لە کۆتایی دا ئەوەش بڵێم کە  بزووتنەوەی نەتەوەکەمان کە بوو بە هۆی دامەزرانی حیزب و کۆماری کوردستان و پاش کۆمار دەسکەوتێکی لە ڕادەبەدەر گەوەرە و جێگای شانازییە لە مێژوویی میللەتەکەماندا. کۆمار و پێشەوا بە بڕوای من لە مێژووی پر لە شانازیی میللەتی مەدا هەروا تاقانە دەمێنەوە. پێشەوای نەمر قازی ئینسانێکی زانا و هەڵکەوتوو بوو و لە کوردستان و مێژووی میللەتی کورد دا ناو و یادیان هەرشکاوە دەمێنیت. هەر بۆێەش پێشەوای کۆماری کورد و ڕێبەری ناوداری کورد پێویستی بەوە نییە کە مێژوویەکی  ….   بۆ دابەتاشرێت و لە ژێر دەممامەی بیری نەتەوەییدا بە شێوەیەکی هەلپرستانە و عەوامپەسندانە وەک کەرستێەک کەڵکی لێوەربگیرێت بۆ لێدان و ڕەشکردنی بزوتنەوە و ڕێبەران و تێکۆشەرانێک کە بەوێرانە و ئازایانە بوون بە کۆچی قووربانی نەتەوەکاێان و بە فیداکردنی گیانی خۆێان بوون بە پەرژینک بۆ پێشگرتن لە لەناوچوون و توانەوەی نەتەوەکەمان. ئێمە ئێستا لە سەردەمێک دا دەژین کە ئاسۆی خەباتی نەتەوەکەمان زیاتر لە هەمێشە رووناکترە. ئەوانە کە بەتەمان کورد و کوردستان بە لوتکەی بەختەوەریی بگەێنن، هیچ پێویست ناکا ڕابردوویەک دابەتاشن کە بوونی نەبووە و نییە تا بە ئەو ئامانجە بگەن. باب و باپیرانی ئێمە ئەوەندەیان لە دەست هاتووە، ماڤی خۆمانە بە چاوەیەکی ڕەخنەگرانە ڕابردوویان بەخوێنینەوە بەڵان داشکاندەن و گووماناویی کردنی مێژوویەکەێان تا ڕادەی ئێرانچییەتی و دژ بە خەباتی نەتەوەیی، نە تەنیا لە بیر و بۆچوونییەکی نەتەوەیی و مەزن ڕا سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو ئەو تەنێا کاری ئەو ئینسان و تاقەمانەیە کە خاوەنی …… ، ….  و …. .

سەرچاوەکان:

1.  A MODERN HISTORY OF THE KURDS, DAVID Mcdowall.

2.  چێشتی مجێور، مامۆستا هەژار

3.   ئاڵەکۆک، بەسەرهاتەکانی سیاسی ژیانم، غەنی بلوریان

4.  لە بیرەوەریەکانم، بەرگی –یەکەم. کەریمی حیسامی

5.  وتوووێژیی بەرێزهێزا حەسەنی قازی لە گەڵ ڕادێو بی بی سی بەرنامەی گەفتگۆ با شما

6.  ڕۆژنامەی کوردستان، سەردەمی کۆمار. بەداخەوە بەهۆی ئەوە کە من ڕۆژنامەکانم لە بەردەستدا نەبوون، نەمتوانی کە زۆر دقیقتر ئاماژە بەوشتانە بکەم کە ئیشارم پێکردووە کە لە کوردستان دا هاتوون.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی