وا پێمان نایە ساڵی ٢٠١٣ ەوە. دوازدەمانگی تر، لە ساڵی ٢٠١٤ دا، ڕووبەڕووی واقیعێکی زەق دەبینەوە: ٥٠٠ ساڵ بەسەر شەڕی چاڵدران و یەکەم دابەشبوونی خاکی کورد لە ساڵی ١٥١٤ دا تتێپەڕ بووە –
ڕووداوێک کە لە مێژووی گەلاندا کەم وێنەیە. دابەش بوونی خاکی ووڵاتان، لەڕابردووشدا ڕووی داوە، بەڵام کەمتر وابووە ماوەیەکی وا دوورودرێژ بە بێ چارەسەر بمێنێتەوە.
ئێمە کە میراتگری ئەو مێژووە پڕ ئازارەین، چۆن بەرەوپیری ساڵی ٢٠١٤ دەچین و بیرەوەریی تاڵی ئەو ڕووداوە چۆن بەڕێ دەکەین؟ چۆن کەڵک لەو ساڵوەگەڕە وەردەگرین بۆ گەڕانەوەی یەکیەتی و یەکپارچەیی گەل و نیشتمان و قەرەبووی ڕابردوو؟ ئایا دەبێ دەست لەسەر دەست دابنێین و لێبگەڕێین ڕووداوەکە بەلاماندا تێپەڕ بێت؟ ئایا ئەو برینە پڕئازارە ٥٠٠ ساڵی دیکەش بە کراوەیی دەهێڵینەوە و چارەسەرکردنی بە نەوەکانی دواڕۆژ دەسپێرین؟ یا بە پێچەوانە، یادەوەرییەکی وا گرنگ دەکەینە کەرەسەیەک بۆ قەرەبووی ڕابردووی لە کیس چوو و سەندنەوەی مافی زەوت کراو و چەسپاندنی حەققی دیاری کردنی چارەنووس؟
بە بۆچوونی من بێدەنگی لە بەرانبەر بیرەوەرییەکی وا تاڵ وپڕ مەینەت، دوورە لە بەرپرسیایەتی و نیشتمان پەروەری. ئێمە نەک هەر نابێ بێدەنگ بین، بەڵکوو پێویستە کەڵکی تەواو لەو دەرفەتە مێژووییە وەربگرین بۆئەوەی هاواری مەزڵوومییەتی گەلەکەمان و خواستی سەربەخۆیی وڵاتەکەمان بە گوێی هەموو خەڵکی جیهان، ڕێکخراوە نێو نەتەوەییەکان و حکوومەتەکاندا بدەین.
سەرەتا دەبێ زەمینەی ناوخۆیی بۆ کارەکە ڕێک بخەین. لە هەموو حزب و ڕێکخراوە سییاسییە کوردییەکان داوا بکەین بۆ پێشوازیکردنی ئەو ساڵە، هەڵوێستی هاوبەش و بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت. باکوور و باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هاوڕێ لەگەڵ پارچە دابڕاوەکان و خەڵکە دوورخراوەکانی خۆراسان و لوبنان و ئەرمەنستان و ئازەربایجان و قەزاقستان و…. دەبێ بتوانن بە ڕۆحێکی کوردانە و دوور لە بۆچوونی تاکڕەوانەی حزبایەتی، ئایینی، زاراوەیی وناوچەییەوە لە سەر هەندێک خاڵی هاوبەش پێک بێن. حزبە سیاسییەکان لەم بوارەدا دەوری سەرەکی دەبینن. ئەوان دەنگیان لە تاکی کورد زیاتر بڕ دەکات و بیسەری زیاتریان هەیە. ئەوان دەبێ سەرەڕای جیاوازیی سیاسەت و بەرنامە، لە سەر هەندێک خاڵی تایبەت هەڵوێستی هاوبەش بگرن و ببن بە دەنگی ڕاستەقینەی گەلێک، نەک لایەنێک و تاقمێک؛ ئینجا هەموو پێکەوە، هەوڵی ڕاگەیاندنی خواستی گەل بە خەڵکانی جیهان بدەن. بە بێ ڕێکخستنی ماڵی کورد، ناتوانین ژینگە و دەوروبەرمان ڕێک بخەین. ئەو دەرفەتە دەتوانێ ببێتە هۆکارێک بۆ نزیک بوونەوەی حزبە سیاسییەکانمان لە یەکتر.
قۆناغی دووهەم، ڕاگەیاندنی دەنگی گەلەکەمانە بە گەلانی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان، پەڕلەمانی ئەوروپا، دەوڵەت و حکوومەتەکان، ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، مێدیای جیهانی و هەموو ئەو شوێنانەی وا کاریگەرییان لەسەر زەین و بیری کۆمەڵانی خەڵک هەیە، بۆئەوەی زەمینەیەکی گونجاو بۆ یەکگرتنەوەی خاکی مێژوویی کوردستان پێک بهێنین. دەبێ داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی تر بکەین بارودۆخی کوردستانی دابەشکراو بگرنە بەرچاو، خواستی زیاد لە ٤٠ ملیۆن کەس بۆ یەکگرتنەوە و سەربەخۆیی پشت گوێ نەخەن و وەک هەنگاوی یەکەم لە پێناو بە فەرمی ناسینی واقیعێک بە ناوی کوردستان، ئیجازە بدەن نوێنەرانی دوفاکتۆی گەلەکەمان لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکانیاندا بەشداربن. ئێمە بەختەوەرانە پسپۆڕی بواری ماف و پێوەندییە ناودەوڵەتییەکانمان کەم نین. ئەوان دەتوانن پڕۆژەی پێویست بۆ ئەم داخوازییە گرنگە لەسەر بنەمای قانوونە نێونەتەوەییەکان دابڕێژن و لە حکوومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان بخوازن شوێنی بگرن.
حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان ئەگەر راستەوخۆ و بە شێوەی فەرمی نەتوانن ببن بە دەنگی هەموو پارچەکانی کوردستان، لای کەم دەتوانن کەرەسەی پێویست بۆ بنیات نانی دامەزراوێکی ناحکوومی پێک بهێنن کە ئەو دەورە بگێڕێت. ئەوە ئەرکێکی مێژوویی سەرشانیانە و ئەگەر لێی غافڵ بن لەسەریان دەکەوێت. حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان نابێ خۆیان قەرزداری مێژوو بکەن.
هەروەها، ئەرکی حزبە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان، دام و دەزگا ئیداری وکۆمەڵەیەتییەکان و ڕووناکبیران و هەموو تاکێکی کوردە بەرەوپیری ئەو ڕووداوە مێژووییە بچن. مێدیای کوردی بە تایبەت تەلەفیزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، دەبێ بەخێرایی خۆ ڕێک بخەن و بەرنامەی پێویست بۆ ئیستیقباڵی ساڵی ٢٠١٤ دابڕێژن.
کۆکردنەوەی ئیمزای کۆمەڵانی خەڵک لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دۆستانی گەلی کورد لە عیراق، تورکیا و ئێران، سووریا، ئەوروپا و ئەمریکا وپاشماوەی جیهان؛ وتووێژ لەگەڵ کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوداری وەک نوام چۆمسکی و ئیسماعیل بێشکچی؛ ڕاکێشانی سەرنج و پشتگیری ڕووناکبیرانی جیهان؛ نووسینی بابەت بە زمانانی عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی و زمان زیندووەکانی دیکەی ئەوروپا و بڵاوکردنەوەیان لە ڕۆژنامە گرنگەکانی جیهاندا تەنیا بەشێکن لەو ئەرکانەی وا دەبێ لەم ماوە کورتەدا بەڕێوەی ببەین.
کورد نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو دەرفەتە مێژووییە لە دەست بدات.
ئەنوەر سوڵتانی
١/١/٢٠١٣
{jcomments off}